شیعر… یان کیمیاگه‌ریی وشه … سۆران محه‌مه‌د
ئەگەر بڵێین شیعر سیحرە بە وشە، ئەوا هەموو دەقێکی شیعریی ئەمڕۆی کوردی کە لەسەرڕووپەڕی ڕۆژنامەو گۆڤار‌و پەڕتووکەکاندا… چاو هەڵدێنن، جۆرێك له خاڵی به‌هێزیی و ئیستاتیکای داهێنه‌رانه‌یان تێدا ده‌بینرێته‌وه، به‌ڵام هه‌مووشیان ناتوانن کەمەندکێشی گیانمان بکەن بەرەو جیهانە تایبەتەکەی خۆیان و لە ئاکامیشدا رامان و لەیادنەکردنمان لا دروست بکەن و سەدایەكی درێژخایه‌ن لە ناخماندا جێبهێڵن، یان وه‌ك پێویست چه‌شه‌ی گیانییمان پێبده‌ن.
شیعر وێڕای ئەوەی وەك پێناسە کلاسیکیەکەی بەهرەیەکی نابه‌رجه‌سته‌و ئایدیالیستییە، لەهەمان کاتیش‌دا بە پێی لێکدانەوە مۆدێرنەکان بریتییە لە ته‌کنیك و کار لەسەرکردن و به‌کارهێنانی زمانێکی تایبه‌ت له‌ناو زمانی گشتیدا.
بە پێی هەنگاوە خێراکانی کەلتووری مرۆڤایەتی کار لەوە دەرچووە نووسینی شیعری باش تەنیا دەربڕینی کەف و کوڵی ناخ بێت و ئیلهامی ساتەوەختێك بێت و بەپەلە و بێ پێداچوونەوەو دیراسەکردن و تێڕامان و دووبارە ذاڕشتنەوەو پێکەوە بەستنی زنجیرەی بیرۆکە فرەڕەهەندەکانی ناوی، ته‌نیا وەك ئارەزوویەك بنووسرێت و بڵاوبکرێتەوە، ڕاستە شتەکان و کەسەکان لە ژێر سێبەری ناوەکانیاندا دەژین، کە ئەمەش ڕەنگە ببێتە پێدانی پەساپۆرتی بڵاوکردنەوەی زۆر لەو بەرهەمانە گەر وەك پێویستیش پێنەگەشتبن! بەڵام لە ئاکامدا بێ سەلیقەیی و بێزارییمان لا جێدڵن و رەنگە هۆی ئەمەش بێت وەك پێویست کاردانەوە لای خوێنەرو ڕەخنەگران دروست نەکات و وه‌ك پێویست نه‌مانجوڵێنن.
بۆ نموونە کاتێك لە ماوەی مانگێکدا چه‌ندان هۆنراوەی شاعیرێک دێته پێشچاومان، یه‌کسه‌ر ئه‌و پرسیاره له خۆمان ده‌که‌ین که دەبێت چ جیاوازییەك لە نێوانیاندا هەبێت و چ داهێنانێکی جیاوازیان لە خۆ گرتبێت؟ بۆیە له ئه‌نجامی لێكچوونه‌کاندا وا دەزانرێت تەنیا هەریەك شیعر دەخوێنرێتەوە. ئەمە وێڕای ئەوەی لە ئاستی هونه‌ریی دەقەکان کەم دەکاتەوە، دەشبێتە پێوەرێکی نەرێنی بۆ پاشەڕۆژی هەڵسەنگاندنی کۆی بەرهەمەکان و دنیای ئافراندن و بەرهەمەکانی ئەو شاعیرە.
له هه‌مانکاتیشدا بۆ نموونه که دەقی شاعیرێکی جیهانی وه‌ك ئۆکتاڤیۆ پاز یان بۆدلێر یاخود مالارمێ و ڕامبۆ و تی ئێس ئیلیۆت و ئێدگار ئه‌لان پۆ و….تاد دەخوێنیەوە وا دەزانیت لەبەردەم تابلۆیەکی نوێ و سه‌رنجڕاکێشی نیگارکێشێکی کارامەدا وەستاویت (به وشه) و تا لێی وردتربیتەوە زیاتر چه‌شه‌و لێکدانه‌وه‌و تامەزرۆییت لا دروست دەکات، هەست دەکەیت مامەڵە لەگەڵ داهێنانێکی سەنگین و بەویقاردا دەکەیت کە دەیەوێت به زمانێکی هونه‌ریی ناڕاسته‌وخۆ زۆرشتی فەرامۆشکراوت پێ بڵێت و له‌گه‌ڵ گیانتا بدوێت، هەر بۆ نموونە کاتێك به‌راوردی دەقێکی لۆرکام کرد کە لەیەکەم ساڵی بە شاعیر بوونیدا نووسیبووی و بەراوردم کرد بە دەقێکی تری کە دوای پانزە ساڵ نووسیبووی جیاوازییەکی زۆرم لە نێوان ئاستیاندا بەدی کرد، بەڵام ئێستا لۆرکا لۆرکایە بە هەموو دەقەکانیەوە، دەقەکانی سەرەتا و ئەوانی دواتریش، بۆیە ئێستا باشتر وایە (که له دنیای نوێی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا ده‌ژین) خۆمان لەم کێشەیە دەرباز بکەین بە پەلە نەکردن لە بڵاوکردنەوە و زیاتر قوڵبوونەوە بە رەگ و ڕیشەکانی داهێنانی دەقی شیعریدا و ئەنجا بیخەینە بەر دیدەی خوێنەران، پێوەری گونجاویش بۆ ئەم هەڵسەنگاندنە ئەوەیە لە خۆمان بپرسین ئایا شتێکی تازەمان کردووه؟.
لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە شاعیری واشمان هەیە لەساڵێکدا ڕەنگە دوو دەقی شیعریی بنووسێت و ببینین بڵاویان بکاتەوە.
گەر چاو بخشێنین بە دەوروبەرماندا تەنانەت لەیاساکانی سروشتیشدا ئەمە دەبینینەوە؛ بۆ نموونە ئاژەڵێکی بە بەهای وەك پاندا لە ساڵێکدا تەنیا ره‌نگه یەك بەچکەی ببێت، ئەویش (گەر بیبێت) بەڵام بۆ نموونە بۆق بە جارێك سه‌دان گه‌را داده‌نێت. یان گەر تەماشای کانزا‌کان بکەین دەبینین زێڕ بە هۆی ئەو سیفەتە دەگمەنانەی هەیەتی زۆر ئەستەم دەبینرێتەوەو به‌هایه‌کی زۆری هه‌یه، لە کاتێکدا ئاسن زۆر‌و زەبەندەیەو هه‌رزانه‌و بە ئاسانی چنگ دەکەوێت.
یه‌کێك له‌و خاڵه گرنگانه‌ی سه‌رنجمداوه له لای هه‌ندێك شاعیر که به هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه و وایکردووه ده‌قه‌کانی سه‌رساممان نه‌کات و نه‌مانجوڵێنت بریتییه له کێشه‌ی (سواویی که‌ره‌سه‌ی سه‌ره‌کی و به‌کارهاتووی ناو شیعره‌که‌دا)،که ره‌نگه خۆی هه‌ستی پێنه‌کردبێت، چونکه نوێبوونه‌وه خاڵێکی زۆر کاریگه‌ره، جا ئه‌گه‌ر لای منی خوێنه‌ر که‌ره‌سه‌که (که زاراوه سه‌ره‌کییه‌کانی ناو ده‌قه‌که‌یه) لای شاعیرانی تر زۆر به‌کارهاتبێت ئه‌وا بمانه‌وێت یان نا له پۆینتی به‌های ئه‌و شیعره که‌مده‌کاته‌وه، به تایبه‌تی که ئه‌مڕۆ زۆر بوار‌و چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌و کێشه‌ی نوێ هاتوونه‌ته ناو ژیان و فه‌رهه‌نگی مرۆڤی مۆدێرنه‌وه.
ئەوە ماوە بڵێم خۆڕۆشنبیرکردن و ئەزموونە جیاوازەکانی ژیان سەنگێکی بە بەهان بۆ دروستبوونی هه‌وێنی شیعر‌و دەوڵەمەندکردنی بەرهەمی شیعریی باش و دڵنیاشم وەك چۆن جێ پەنجەی هیچمان بەیەك ناکات، ئاوهاش دنیابینی و لێکدانەوەو چەشە جوداکانمان بەیەك ناکات و بەم هەمەڕەنگیەشەوە ژیان جوانتر ده‌بێت.
بۆ نموونه شاعیر هه‌یه زیاتر کار له‌سه‌ر نوێبوونه‌وه‌ی ره‌گه‌زی خه‌یاڵ ده‌کات، هه‌شه نه‌گوتراوه گه‌رمه‌کانی ڕیالیزم، هه‌یه سۆز جوڵێنه‌ری سه‌ره‌کی ده‌قه‌که‌یه‌تی، لای هه‌ندێکیش یه‌که‌کانی زمان، بۆ هه‌ندێك زیاتر باری هزر گرنگه له شیعرداو بۆ هه‌ندێکی تریش بابه‌ت، لای هه‌ندێکی تر فۆرم و جوانکاریی زمانه‌وانی.
لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستییه‌ی بڵێین هه‌موو پێکهاته سه‌ره‌کییه‌کانی شیعر تێکه‌ڵ ده‌بن و به‌ره‌نجام ره‌گه‌زێکی نوێمان پێده‌به‌خشن و ته‌واوکاریش له هه‌ر لایه‌نێکیاندا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئاستی کۆی ئه‌و شیعره به‌رز بکاته‌وه‌و له یاده‌وه‌ریماندا نه‌سڕدرێته‌وه. به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌ته‌کاندا پێشکه‌وتنی شیعر خوازیاری بوونی جه‌ماوه‌ری راسته‌قینه‌ی شیعره، مه‌به‌ستم له‌و جه‌ماوه‌ره‌یه که له‌کاتی ئاماده‌بوونی کۆڕه شیعریه‌کاندا ته‌نیا گوێت له ده‌نگی هه‌ناسه‌کانیان ده‌بێت.