زمان و ناكامڵی سیاسیی … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن
پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كتێبی هه‌ولێر سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ژوانگه‌یه‌كی به‌یه‌كگه‌یشتنی خوێنه‌ر و كتێب و خوێنه‌ر و نووسه‌ران و نووسه‌ران و كتێب و نووسه‌رانه له نێوان خۆیاندا، بازاڕێكی ڕۆشنبیری و كولتووره جوداكانه، پێشانگه‌ی هه‌ولێر خه‌ریكه وه‌ك دابێكی ڕۆشنبیری و نه‌ریتێكی كولتووری له نێوماندا ده‌چه‌سپێ. من ناچمه سه‌ر لایه‌نه ئابووری و هه‌ڵسه‌نگاندنه بازاڕیه بزنسییه‌كه‌ی به‌قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌رچۆنێك و هه‌رچییه‌ك بێ ئه‌م دیارده ڕۆشنبیرییه ئه‌رێنییه وه‌ك جه‌ژنێك بۆ كتێب و نووسه‌ران و خوێنه‌ران ده‌ركه‌وتووه و ده‌رده‌كه‌وێ.
ڕۆژانه له‌وێ بووم، نزیكه‌ی (20) كتێبم كڕی، له بابه‌تی سایكۆلۆژی و ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فی و زمان، دوو كتێبی زۆر گرنگم له بواری زمان و سیاسه‌تی زمان و بایه‌خی زمان وه‌ك توخمێكی بنچینه‌یی له پێكهێنانی نه‌ته‌وه و گه‌ل و ده‌وڵه‌ت و هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی دیكه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دۆزینه‌وه.
زمان هه‌ر به‌ته‌نها بوار یا بابه‌تێكی لینگویستیك و فیلۆلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تی نییه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی به بابه‌تێكی زۆر سایكۆلۆژی و دواتر سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانرێ، هیچ ڕێچكه و ڕێبازێكی ده‌روونی خۆی له بایه‌خی زمان نه لای تاك و نه لای خێزان و نه لای كۆمه‌ڵگه و نه لای نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت نه‌دزیوه‌ته‌وه، زمان بابه‌تێكی هه‌ره له پێشی ده‌روونزانییه، هه‌ر له ده‌روونشیكارییه‌وه تاوه‌كو دوا میتۆد كه سایكۆلۆژیای گه‌شه‌سه‌ندنه(داریونیزمی ده‌روونی) و له گه‌ڵیشیدا پۆزێتیف سایكۆلۆژیی. سایكۆلۆژیا به‌ر له هایدگه‌ر زمانی به (ماڵی وجوود) زانیوه، سیگمۆند فڕۆید به میتۆدی به‌دوایه‌كداچوونی وشه‌كانWord association ده‌چووه نێو قوڵایی نه‌ستی تاك و مێژووی ژیانی ده‌روونی ئه‌و، ئه‌م میتۆده له ڕێگه‌ی زمانه‌وه كاری خۆی ده‌كات و شۆڕبوونه‌وه‌شی بۆ تاریكایی نه‌ست كه ئه‌مبارێكی پڕاوپڕی زانیارییه شاردراوه و چه‌پاوه‌كانه هه‌ر چوونه نێو زمان و دۆزینه‌وه‌ی نه‌زانراوه‌كانی هۆشه.
ژان پیاژێ بۆ گه‌شه‌ی مه‌عریفی لای منداڵ و قۆناغه‌كانی سه‌رووتردا زمانی وه‌ك بونیادێكی هه‌ره چالاكی نه‌خشه مه‌عریفییه‌كانی مرۆڤ ده‌زانی، لای ئه‌و زمان به‌ستراوه‌ی ناسین و زانینه، له ئێبیستیمۆلۆژیاكه‌ی خۆیدا كه ناوی “پێكهاته‌یی” لێناوه پیت و وشه‌كانی زمانن ورده ورده ده‌بن به بونیاده مه‌عریفیه‌كان و زه‌خیره‌ی زانینی مرۆڤ به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌به‌ن.
دواتر لای جاك لاكان زمان جێگه‌ی نه‌ست ده‌گرێته‌وه و به‌ته‌واوی مرۆڤ له نێو زماندا هه‌ڵده‌سووڕێت و هه‌ر له نێو ئه‌ویشدا گه‌شه ده‌كات و ده‌ناسرێت، زمان سیستمێكی ئاڵۆزی سیمبولیكیه و به وریاییه‌كی زۆره‌وه له‌وێدا وێنه جوداكانی له هه‌ڵوێست و زه‌مه‌ن و قۆناغه جوداكان پارێزراون و له هه‌لی جیاجیاشدا ده‌رده‌كه‌ونه‌وه.
زمان ئه‌گه‌ر كه‌ره‌سته‌ی بونیاتنانی مرۆڤ یا تاك بێ و ده‌ركه‌وتی به‌رخوردی به‌رده‌وامی تاك و كۆمه‌ڵ بێ له‌گه‌ڵ شوێن له زه‌مه‌نی جیاجیادا و هه‌م زه‌مه‌نه‌كان و هه‌میش شوێنه‌كان له ڕووی تایبه‌تمه‌ندییه جوداكانی نێوانیاندا له‌یه‌كتر نه‌چن، چۆن چۆنی زمان له هاوكێشه‌ی درووستكردنی مرۆڤ و پێگه‌یاندنیدا وه‌لاوه ده‌نرێت؟، بایه‌خی زمان هه‌ر به‌ته‌نها له مافه كولتوورییه سه‌ره‌تاییه‌كان كورت ناكرێته‌وه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی وه‌ك ئاماژه‌م بۆ كرد له بونیادی سایكۆلۆژیی و سۆسیۆلۆژیی تاك و گروپ و كۆمه‌ڵگه‌كاندا ده‌بێته بنه‌ما یا بنچینه‌ی یه‌كه‌م له نێوان دوو بنه‌مای تر كه مێژووی هاوبه‌ش و خاكی هاوبه‌شن.
مێژوو له بابه‌تی نه‌ته‌وه یا گه‌ل یا كۆمه‌ڵگه‌دا ڕه‌هه‌ندی زه‌مه‌نمان بۆ ده‌رده‌خا كه لای خۆیه‌وه نوێنه‌رایه‌تی جوله و چالاكییه‌كانی تاكه‌كان ده‌كات و كولتوور به‌رهه‌مدێنێ، خاكیش ڕه‌هه‌ندی شوێن ده‌ستنیشان ده‌كات و ده‌بێته ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كولتوور له‌وێدا ده‌چێنرێت و پێبه‌پێ به خزمه‌تكردن و ئاودانی نه‌شونما ده‌كات.
كولتوور وه‌ك ڕه‌هه‌ندی زه‌مه‌ن و خاكیش وه‌ك ڕه‌هه‌ندی شوێن له‌كارلێكی نێوانیاندا زمانێكی تایبه‌ت به خۆیان دێننه ئارا له‌هه‌ر نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا زمانی دایك یا زمانی ڕه‌سه‌نی پێده‌ڵێن، به‌بێ زمان ئه‌م كارلێكه له نێوان زه‌مه‌ن و شوێن ڕوونادات، چون نه زه‌مه‌ن بێ زمان مێژوو ده‌نووسێته‌وه و نه شوێنیش بێ زمان ده‌بێ به وێنه‌ی جودا جودا و له زه‌ین و هۆشی تاكه‌كاندا ده‌چه‌سپێن.
زمانی هه‌ر نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كولتووره‌كه‌یه‌تی، به‌خێو نه‌كردنی زمان به‌ڕه‌ڵاكردنی كولتووره بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به نێچیرێكی سانا بۆ كولتووره به‌هێزه‌كانی ده‌وروبه‌ری، زمان سه‌رمایه‌یه‌كی سیمبولیكی كولتوورییه و نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵه ئیتنیكییه‌كان له ڕێگه‌ی هه‌ر سیمبولێكه‌وه وێنه‌یه‌كی خستۆته سه‌ر ئه‌م كولتووره، هێما و ئاماژه‌كانی كولتوور له ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیای خۆیانه‌وه نه‌هاتوون، ئه‌گه‌ر هاتبیشن سانا ده‌ناسرێنه‌وه، به‌یه‌كگه‌یشتنی كولتووره‌كان ده‌بێ به سیاسه‌تێكی زمانناسانه و زمانزانانه به‌ڕێوه بچێ و هاوسه‌نگی له‌په‌یوه‌ندییه دیپلۆماتیكییه‌كانی نێوان نێوه‌نده سیاسییه‌كان بپارێزێ، نه‌پاراستنی هاوسه‌نگیی شكست و پاشه‌كشه‌یه‌كی كولتوورییه كولتوورێكی بێهێز به‌رانبه‌ر به‌هێزێك ده‌یگرێته به‌ر.
نه‌نرخاندنی زمانی كوردی و به‌كه‌مناسینی له‌به‌رانبه‌ر هه‌ر زمانێكی دیكه‌ی دنیا به‌تایبه‌ت زمانی ئینگلیزی كه له دامه‌زراوه‌كانی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵای ئه‌م هه‌رێمه به‌دبه‌خت و به‌سته زمانه‌ی خۆمان زه‌ق بۆته‌وه، كه‌وتنه ته‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه و كاره‌كته‌ره به‌رپرسه‌كانی نێو ئه‌م دوو ئۆرگانه وه‌ك دوو ئۆرگانی دژ به‌رانبه‌ر زمانی كوردیی كه‌وتوونه‌ته كار و به بڕیار و ڕێنمایی كه‌ڵه‌گایی زمانی ئینگلیزی ڕاده‌گه‌یه‌نن و زمانی خۆمان كه نزیكه‌ی 30 ملیۆن كه‌س پێی ده‌دوێن به شایانی به‌كارهێنانی ئه‌كادیمی نازانن.
ڕاسته زمانی كوردی ستانداریزه نه‌كراوه و هیچ هه‌وڵێكی سیاسیش له‌و سیاسییه ناكامڵانه نابینرێ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك توخمێكی بنه‌ما له پێكهاتنی ستاتوویه‌كی باوه‌ڕپێكراوی نێوده‌وڵه‌تیی ده‌ربخرێ، به‌ڵام كوردیی زمانێكی به‌رگریكار بووه له مانه‌وه‌ی خۆیی و تاوه‌كو ئێستا به بێ بوونی قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌ر له‌نێو قه‌واره و جوگرافیای ئه‌تنیكی خۆماندا ماوه‌ته‌وه و نه‌كه‌وتووه.
زمانی زیندوو و به‌رقه‌راری وه‌ها نه‌ك توانای ئه‌وه‌ی نییه هاوڕێ بێ له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌مڕۆ، به‌ڵكو توانای هه‌رچی ورده‌كاریی ئه‌كادیمی و توێژینه‌وه‌ی له بواره هه‌ره هه‌ستیار و زانستییه‌كان هه‌یه، من ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆمدا ڕوویدابێت و له هه‌رچی دنیا هه‌یه شتی وا ده‌رنه‌كه‌وتبێ چ پێویستیم به چوارچێوه‌یه‌كی تیۆرییه دێڕێكی له‌م كێشه‌یه تیا نییه بیخه‌مه ڕوو؟ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌گه‌ر ته‌نها لای خۆمان ده‌ركه‌وتبێ چ پێویستم به پێوه‌ره خۆرئاواییه‌كانه بۆ ئه‌وه‌ی دیارده‌یه‌كی كوردیم بۆ بپێون؟…….تاد.
زمانه‌كان هه‌موویان پڕیانه له وشه و هه‌ر وشه‌ش نوێنه‌ری شتێكه له جوگرافیای بوونی ئه‌و شتانه‌دا، ئه‌گه‌ر له ڕووی زانستی و ته‌كنۆلۆژیشه‌وه نه‌یتوانیبێ هیچی بخاته سه‌ر مانای ئه‌وه نییه بیمرێنیت و بیخه‌یته ڕیزی زمانه مردووه‌كانه‌وه، مردنی زمان له ئه‌نجامی دۆڕانه كولتوورییه‌كانه‌وه دێته ئارا و كولتووری كوردیی ئه‌گه‌ر چی نوێنه‌رایه‌تی سایكۆلۆژییه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌سته‌پاچه ده‌كات و نه‌یتوانیوه بچێته نێو هزرینی زانستی و گه‌شه‌ی ته‌كنیكی و عه‌قلانییه‌وه و تاوه‌كو ئێستا ڕه‌فتاره هه‌ڵچوونی و سۆزدارییه‌كانمان بۆ ده‌نووسێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و دۆخه ئیجازه به هیچ كه‌س و گرووپێك نادا وه‌ك چۆن له ڕووی سیاسیه‌وه سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له‌ده‌ست دا، كولتووریش بكه‌ن به قوربانی شكسته سیاسیی و دیبلۆماتیكییه‌كانیان.
زمانی كوردی په‌رته‌وازه‌یه و به باش به‌ڕێوه‌نه‌بردنی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ململانێی گرووپگه‌ل و ناوچه‌گه‌رییه‌وه نیشانه‌كانی شكست و چۆكدادان و شۆڕبوونه‌وه‌ی به‌ره‌و هه‌ڵدێر به ئاشكرا لێوه‌ده‌ركه‌وتووه، كلكایه‌تی سیاسیی بۆ نێوه‌نده سیاسییه زلهێزه‌كان كلكایه‌تی كولتووریشی بۆ ئه‌وان لێكه‌وتۆته‌وه و به خێرایی وا زلزمانه‌كان زمانمان ده‌به‌نه‌وه نێو ده‌ممان و ورده‌ورده ده‌یبڕن.
ئه‌وه‌ی سه‌یره ئه‌وه‌یه زمانی كوردی له ده‌ستووری عیراقی‌دا كه باشترینی خراپه‌كانی ناوچه‌كه‌مانه وه‌ك ڕه‌سمیی چه‌سپیوه و مۆركێكی ده‌ستووری و سیاسیانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی دنیا پێوه لكاوه، كه‌چی كاراكته‌ره حزبیه كوردییه‌كان به گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر سایكۆلۆژیای هۆزگه‌ری و ماڵباتیی خۆیان ئه‌و زمانه ته‌نها له ئاستی جل و به‌رگ و نمایشی خۆبادان و نه‌ریتیانه دا ده‌بینن و ئه‌و مانایه‌یان نه‌داوه‌تێ توانای جوڵه و پشكنینی له هه‌رچی بواری ژیاندا هه‌بێ.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
• ئه‌م بابه‌ته له زنجیره‌ی بابه‌ته‌كانی سه‌ر زمان و بایه‌خی زمانه له ده‌ركه‌وتنی كولتووریدا.