Skip to Content

کتێبخانەی ماڵ؛ چ لەم میراتە گرانبەهایە بکەین؟.. فازیل شــەوڕۆ

کتێبخانەی ماڵ؛ چ لەم میراتە گرانبەهایە بکەین؟.. فازیل شــەوڕۆ

Closed
by حوزه‌یران 12, 2021 General

لەگەڵ چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێب بە زمانی کوردی، ئەدیب و ڕۆشنبیر و خوێنەرانی کوردیش، بە حەز و تامەزرۆییەکی بێ سنوور، کڕین و خوێندنەوە و هەڵگرتنی کتێب لە دڵ و دەروونیاندا بوو بە خوولیا و ئارەزوو. بەداخەوە، نەوەی ئیمڕۆ، بێ خەبەرن لەوەی کە کتێب، جاران، چ پایە و مەقامێکی لە نێو ماڵی کوردیدا هەبووە؛ لەسەر پەڕە کتێبێک، چەندان ساڵ زیندانی دەکرایت، وەک زێر و زیوو، لە ڕۆژانی ڕەشدا، لە نێو تەنەکە و کیسەی نایلۆن لە ژێر زەویی حەوشەی ماڵدا، دەشاردرایەوە، جار هەبوو دوای شەش حەوت ساڵان، ترووسکە ڕوناکییەک بەدیار دەکەت و لە گۆڕەکانیاندا، دەریان دەهێنانەوە. کتێب خواستنەوە، شەڕی لەسەر دەکرا، خۆ هەموو خوێنەرێک پارەی کڕینی کتێبی نەبوو، دەبوویا، بە مانگ چاوەڕێ بکەی تا نۆبەت دێ، لە هاوڕێیەکتەوە کتێبێکت بگاتە دەست.
تەنانەت، بەندکراو و زیندانییەکانیش، کە زۆربەیان، بە تۆمەتی خەبات و کوردایەتی بەندکرابوون، بە دزییەوە، کتێبیان بۆ دەچوو. ئەگەر زانیاریت لەسەر کتێبێکی تازە چاپکراو نەبووبایە، پێت شەرم بوو، کە نەتخوێندۆتەوە. لە ساڵی (١٩٥٢) کە عەلامەی کورد مامۆستا عەلایەدینی سەجادی کتێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی) چاپکرد، تیڕاژەکەی (٢٠٠٠) بوو، لە کاتێکدا حەشیمەتی عیراق لە ساڵی (١٩٤٧) هەر (٤) ملیۆن (٨١٦) هەزار کەس بووە، ژمارەی کورد بە (٩٠٠) هەزارێک خەمڵێندرا بوو.
ئیمڕۆ، چەندان ئەدیب و مامۆستا و ڕۆشنبیری کورد، کە لەوەتەی پەنجایەکانی سەدەی ڕابردوەوە خەرێکی کڕین و کۆکردنەوە و هەڵگرتنی کتێبن، خۆشبەختانە لە ژیاندا ماون. ئەوان ئێستا خاوەن کتێبخانەی زۆر دەوڵەمەندن لە ماڵەکانی خۆیاندا، هەیانە بە چەندان هەزار کتێب و فەرهەنگ و گۆڤار و ڕۆژنامە و دەستنووسی گرانبەهای پاراستووە و لە دۆڵاب و ئیغدان و کتێبخانەی ڕەفتەدار هەڵیگرتوون. بەداخەوە، دەبێ بە نیگەرانییەوە، ئەو ڕاستییە بدرکێنم، کە زۆر لە نەوەکانی ئیمڕۆ، هەمان حەز و ئارەزووی خوێندنەوە و پاراستنی کتێب و کتێبخانەی ماڵەوەیان نییە، نەچوونەتەوە سەر باوانیان. جا دوای کۆچکردنی ئەو زاتانە، کتێبخانە گەورەکانیان، دەبێتە میراتێکی ڕەزاقورس.
بە گشتی، لە لای زۆربەی نەوەکانی ئیمڕۆ، داگیرکردنی ژوورێک یان هۆڵێکی گەورە، بە ڕەفتە و کتێب، کە هیچ کەسێک، ڕۆژێ سەریان پێدا ناگرێ، وەک ئەوە وایە، ئەو شوێنە قوفڵی لێدرابێ و بە عەمەڵ هیچ نەیەت. بۆیە زوو بیر لەوە دەکەنەوە چ لەو کتێبخانە گەورانە بکەن!
زۆر لەو ئەدیب و مامۆستا و ڕۆشنبیرانەی، کتێبخانەی گەورەیان لە ماڵەوە هەیە، درکیان بەوە کردووە، کە دوای خۆیان، کەس شک نابەن، وەک خۆیان قەدرزانی میراتەکەیان بێ، بۆیە، زۆریان دەیانەوەێ (شوێنێکی شیاو و گونجاو) لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆیان بۆ کتێبەکانیان بدۆزنەوە… بێگومان، زۆریان فرمێسک لە چاویان دەبارێ، کە بەدەستی خۆیان کتێبەکان دەپچنەوە و دەیان خەنە نێو کارتۆن و سندووقان.
پێش نزیکەی (٣٠) ساڵ، هاوڕێیەکم، گوتی، کە وەسیەتنامەی نووسیوە، دوای مردنی کتێبخانەکەی بکەنە دیاری بۆ کتێبخانەی گشتی هەولێرــ خۆشبەختانە ئێستا هەر لە ژیاندا ماوە. ئەو بە خەونی شەوانیش. نەیدەزانێ، کە ڕۆژێک دێ کتێبخانە گشتییەکانی میریش کتیب وەرناگرن.
کتێبخانەی گشتی نییە، لە کوردستانی باشوور، کە ساڵانە چەندان داوای لێنەکرێت کە کتێبێ، کتێبخانەی ماڵە ئەدیبێک، شاعیرێک، ڕۆشنبیرێک، وەک دیاری وەرگرێت و لە لای خۆی بیپارێزێت.
ئەوەندەوی من بزانم، کتێبخانە حکومییەکان، ناتوانن ئەو کتێبخانە گەورانە وەرگرن ــ ئەگەر حەزیش بکەن، چونکە، لە لایەک ژوور و هۆڵیان نەماوە، هەمووی گیراون، لە لایەکی دیکە، ئەوە، ڕەفتە و دۆڵاب و پۆلینکردن و سەرپەرشتی و گواستەوەیان دەوێ، لەمانەش گرنگتر، بۆ خۆیان( دەتوانم بڵێم) هەموو ئەو کتێب و فەرهەنگ و سەرچاوانەیان هەیە، کە بۆیان دەکەنە دیاری. کەواتە دیارییەکان دەبنە جێگری بێ کەلک.
وەک ئاشقێکی کتێب،، وا ئەم پێشنیارانە دەخمە بەرچاوی، ئەوانەی (کتیبخانە میراتەکان) بە هەند وەردەگرن و قەدریان دەزانن، بۆ پاراستن و ڕێگرتن لە لەناوچوون و فەوتانیان:
یەک: بە پەیوەندی گرتن لەگەڵ وەزاڕەتی ڕۆشنبیری و لاوان، هەر کاتێک کتێبخانەیەکی نوێ لە شارەدێیەک، ناحیەیەک، قەزایەک، پارێزگارێک کرایەوە، ئەوا یەکێک لەو کتێبخانە دیاریانەی پێشکێش بکەن. کەواتە دەبێ هەماهەنگی لە نیوان خاوەن کتێبخانەی ماڵ و وەزاڕەت هەبێ. جوانترە ناوی خاون دیارەکەش بنووسرێت.
دوو: بە هەما هەنگی لەگەڵ وەزاڕەتی پەروەردە، ئەو خوێندگایە گەورانەی وەکو ئامادەیی و دواناوەندی و ئامۆژگایەکان، کە کتێبخانەیان هەیەوە کتێبیان کەمە، یان تازە کراونەتەوە، ئەم کتێبخانانەیان پێشکێش بکەن. لەوێش ناوی خاوەمەکانیان ئاماژەی پێبکرێت.
سێ: بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزاڕەتی خوێندنی باڵا:
ا) ئەگەر بەشێک لە کۆلێژێک پێویستی بە کتێبی ڕشتەیەکی تایبەتی بێ، دەکرێ، ئەو کتێبخانەی ماڵانیان پێشکێش بکات، بۆ نموونە بەشەکانی زمانی کوردی و عەرەبێ و فارسی و ئینگلیزی. هەروەها بەشی زانستی، بۆ نموونە لە کۆلێژی پزیشکی، من دکتۆر دەناسم، کە کتێبخانەی پزیشکی گەورەی لە ماڵەوە هەیە. هەروەها بۆ بەشی یاسا ، بۆ بەشی داد…تاد.
ب) وەکو زانکۆ کانی ئەوروپا، ساڵی دووجار پێشەنگای کتێبی دەستی دوو، لە کۆلێژ و بەشەکاندا بکرێنەوە، لەو پێشەنگایانە، کتێبی ئەو ماڵانە نمایش بکرێ، بە نرخێکی ڕەمزی، بۆ کۆمەک کردنی خوێندکارانی زانکۆ و بۆ مامۆستاکانیشیان، دواتر ئەو پارەیە، لە کارێکی خێرخوازی سەرف بکرێت، ئەگەر خاوەن کتێبەکان ڕازی بوون، دەنا پارەکە بدەنە خۆیان. لەم جۆرە پێشەنگایە، دەبێ کتێبی (٢٥) هەزاری بە (٧) هەزار بفرۆشێ، بۆ نموونە. چونکە لێرە دەمانەوێ هەم کتێبەکە سوودی لێوەرگیرێ، هەم یارمەتی خوێندکار بدەین.
چوار: لە پێشەنگای کتێب، کە ساڵانە لە شارەکان دەکرێتەوە، هۆبەیەک تەرخان بکرێ بە ناوی: (کتێبخانەی ماڵ) دەستی دوو، ئەمەش بە نرخێکی هەرزان و کاری خیرخوازی دەبێ. دەکرێ، لاوەکان، بۆ خۆیان ڕێکخراوێک، یان یانەیەک، پێک بێنن و خۆبەخشانە بەم کارە هەڵسن. خاوەن کتێبخانەی ماڵ پەیوەندیان پێوە بکات، تا کتێبەکانیان بۆ ساغ بکەنەوە.
پینج: خۆزیا، وەکو ئەوروپا، کتێبخانەی خیرخوازان دەکرایەوە، خاوەن کتێب و کتێبخانەکان، بە خۆرا ئەوەیا هەیانە بۆیان دەکردنە دیاری و، ئەوانیش بە نرخێکی ڕەمزی دەیان فرۆشتنەوە، هەر بۆ ئەوەیە کتێبەکان نەفەوتێن و خوێنەران بەردەوام سوودیان لێوەرگرن. لە دەستکەوتی فرۆشتنی کتێبەکان، دەکرێ کرێی ئەو دوکانە بدەن. یان دەکرێ کتێبفرۆشێک، هۆبەیەکی کتێبخانەکەی، بۆ ئەم جۆرە کتێبە تەرخان بکات.
شەش: ئەگەر نەوەی میراتگر، دڵی نەهات، کتێبخانەکەیان دەست لێبداو حەز بکات هەر لە ماڵەوە بیانپارێزێ، ئەوا دەتوانێت، دەفتەری خواستنەوە دانێ و خوێندکار و مامۆستا بچن لێی بخوازنەوە و دواتر بۆی ببەنەوە، هەم خێرە و هەم کارێکی شارستانییە. دکتۆر مارف خەزنەدار ــ ڕۆحی شاد، وای دەکرد، کە کتێبێکت لێ وەردەگرت، ناوی تۆماردەکردی و دەبوویا لە کاتی دیاری کراو بۆی بگەڕێنیتەوە…
باشترە، خاوەن کتێبخانەکەی ماڵ، مۆریک بە ناوی خۆی دروست بکات و پەڕەی یەکەمی کتێبەکەی پێ ختم بکات، تا خاون دیارییەکە ناوی بزر نەبێ.
خوێنەری ئازیز… ئەگەر تۆیش پێشنیار و بیرۆکەت دیکەی هەیە، خۆشحاڵ دەبم، بابەتەکە دەوڵەمەندتر بکەی… .
خۆزیا، کتێب، قەدروقیمەتی جارانی بۆ دەگەڕایەوە و نەوی ئیمڕۆ، وەکو میراتێکی ڕەزاقورس، سەیریان نەدەکرد.

Previous
Next
Kurdish