Skip to Content

جەمال خەزنەدارو خەرمانێکی تر … ئیسماعیل تەنیا

جەمال خەزنەدارو خەرمانێکی تر … ئیسماعیل تەنیا

Closed
by تشرینی دووه‌م 9, 2016 General, Literature

جەمال خەزنەدار، یەکێکە لەم کەسانەی کە بە عەشقەوە، خەریکی کاری ڕۆژنامەگەریی کوردییە. جاران، لە بەشێک لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی بەغدا، وەک سکرتێری نووسین یان نووسەر، دەست بەکار بووە.ئەوەی کە بەلای منەوە گرنگ بێت و سەرنجی ڕاکێشابم؛ کاری ( کۆکردنەوە،دووبارە چاپکردنەوە، لێکۆڵینەوەو لەسەر نووسین،ساغکردنەوەو بەدواداچوون )ە لای ناوهاتی… لە هەمووشیان گرنگ و بەرچاوتر؛ کۆکردنەوەو پۆلین و ئەرشیف کردنی ئەو هەموو گۆڤارو ڕۆژنامەو بڵاوکراوە کوردییانەن کە ناوبراو زێتر لە نیوەی تەمەنی خۆی پێی بەخشیون.لەسایەی ئەم هەوڵانەشیدا، بۆتە خاوەنی ئەرشیفێکی دەوڵەمەندو دەگمەن، کە لەڕۆژی ئەمڕۆماندا، بەسامانێکی نەتەوەیی گران بەها، حسێبی بۆ دەکرێت. ئەوەندەی من لە نزیکەوە ناوبراو بناسم، لەپای ئەم تەمەنەیشییەوە، هێشتان بەگوڕترو عاشقانە تر، نموونەی گەنجێکی (٢٠-٢٥) ساڵی لە تێکۆشان و نەسرەوتندایە. خۆشەویستی بۆ ئەم کارەی، وایکردووە کە لەسەرف کردنی پارە نەسڵەمێتەوە…هەر لەبەر ئەم خۆشەویستییەشی، زۆر جاران کۆنە گۆڤارو ڕۆژنامان دووبارە کۆپی دەکاتەوە لەکاتێکدا لە ئەرشیفەکەی خۆیدا ژمارەی ئۆرگینالی هەیە. خانوویەکی گەورەی خۆی لەشاری هەولێر، لە قەبەر ئەرشیفخانەکەی کردووە، کە تاکە ژوورێکی بەتاڵی تێدا نابینیتەوە. ئەو لەبری بەکرێدان و خەمی گیرفان پڕکردن؛ لەخەمی دابینکردنی شوێنێکی شیاوو گونجاودا بووە بۆ پاراستنی دیکۆمێنتە کۆکراوەکانی. سەرەڕای خەریک بوون بە پرۆژە گەورەکەی؛(ئینیسکلۆپیدیای ڕۆژنامەگەریی کوردی)، کە تاوەکو ئێستاکە تەنها بەرگی یەکەم (پیتی ئەلف)ی لێ بڵاوکردۆتەوەو بەرگی دووەمیشی لەژێر چاپدایە، لەپاڵ ئەم کارە تاقەت پروکێنەشدا، ناوە ناوەش لە مەڵبەندە کوردییەکانی ئەوروپا کۆڕ دەبەستێت، یان وتارو لێکۆڵینەوە لەسەر ڕۆژنامەگەریی کوردی،بڵاودەکاتەوە.
تازەترین کاری چاپکراوی ئەو،کتێبێکە بەناوی؛( لەبابەت مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە)یە. ئەم کتێبە؛ بریتییە لە سێزدە بابەت و لێکۆڵینەوەو ساغکردنەوە، کە پێشتر بەشێکیانی لەگۆڤارو ڕۆژنامەکاندا یان کۆڕو سیمینار،بڵاوکردۆتەوە،یان پێشکەشی کردوون. (٢٥٥) لاپەڕەی قەوارە گەورەیە. لەسەر حسێبی خۆی چاپی کردووە. لەم ڕۆژگارە کەسادو بێ هەڕمێنییەی بازاڕی (کتێب،گۆڤار،ڕۆژنامە)ی کوردیدا، ئەو هاتووە چەندین گۆڤارو ڕۆژنامە و تێمای ساغکردۆتەوە- هەڵبەت بێبەریش نین لە کەم و کورتی- و بە نەوەی تازە هەڵچووی دوای ڕاپەڕینی ئاشنا کردوون. ئەو پاش سەرئێشەو ماندوو بوون وهەڵگێرو وەرگێڕ کردنی ئەم کۆنە بڵاوکراوانە، مێژووی بەکارهێنانی وشەی گۆڤار(کۆوار)و ڕۆژنامەمان لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، بۆ ساغ دەکاتەوە. بەهەناسەیەکی ساردەوە، دووبارە خەمەکانی ( حوسێن حوزنی موکریانی و ئیبراهیم ئەحمەد)مان بۆ دەگێڕێتەوە. لە خوێندنەوەو ورد بوونەوەی خەمەکانی ئەواندا دەگەینە ئەو قەناعەتە؛ کە تا ئێستاکەش بزووتنەوەی ڕۆژنامەگەریی کوردی کەسادەو ( کاڵا بەقەد باڵا)،نییە.
حوزنی، هەشتاو یەک ساڵ لەمەوبەر، لەسەروبەندی دەرکردنی یەکەم ژمارەی گۆڤاری (ڕووناکی) لە (٢٤/١٠/١٩٣٥)دا، باسی ئەو گیروگرفتانە دەکات کە ویستوویانە وەک ئاستەنگ بیخەنە پێش کاروانەکەی. هەر کەسێک ئەو چیرۆکە واقیعییەی حوزنی بخوێنیتەوە، لەوە تێدەگات کە جیلی یەکەمی کاروانی ڕۆژنامەگەریی کوردی بە چ مشەقەتییەک کاروانەکەیان بەسەلامەتی بەڕێکردووە.
( ئیبراهیم ئەحمەد)یش لەسەربردەی دەرکردنی گۆڤاری (گەلاوێژ) لە کانوونی یەکەمی (١٩٣٩)دا، لە حوزنی باشتری نەهاتۆتە ڕێگا.ئەو دڕکانەی لەپێی حوزنی ڕاچوونە، بەپێی (ئیبراهیم ئەحمەد)یش چەقیون. هەقە نەوەی تازە، بەتایبەتیش ڕۆژنامەنووسان و خوێندکارانی بەشی ڕاگەیاندن، ئەم دوو سەربردە پڕ لە ناسۆرە بخوێننەوە، ئەوجا بە هزرێکی ساردەوە، لە چوارچێوەی زەمەنی خۆیاندا، لە باڵای بەرزی ئەم کۆڵەگانە ڕابمێنن و بە ویژدانەوە، هەڵیانسەنگێنن.
جەمال خەزنەدار، عەشق و خەمخۆری ڕۆژنامەگەریی کوردی و بەهەند هەڵگرتنیانی،لەم کۆڵەگانەوە خواستووە.بۆیە؛ سەرەڕای گرفتەکانی ژیانی ڕۆژانەو ئەندامەکانی جەستە، بەردەوامە لە هەوڵەکانی.
بابەتێکی تری نێو کتێبەکەی ناوبراو؛(ڕۆژنامەی ئازادی١٩٤٥-١٩٦٠ و گۆڤاری شەفەق ١٩٥٨-١٩٦٣ )یە. هەرچەندە تا ئێستاکەشی لەگەڵدا بێت، زۆر پسپۆڕی بواری لێکۆڵینەوە لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، وای بۆ دەچن کە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی ئازادی ( زوبانی حزبی شیوعی عێراق-لقی کورد)، لەساڵی (١٩٤٥)دا،دەرچووە. تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، حزبی شیوعی کوردستان، لەژێر تایتڵی ڕۆژنامەکەیان(ڕێگای کوردستان)دا دەنووسن؛ یەکەمین ژمارەی بە نێوی (ئازادی)یەوە لە نیسانی (١٩٤٤)دا، دەرچووە.
جەمال خەزنەدار،لەبەر بەردەست نەبوونی ئەو ژمارانەی کە ( گوایا لەساڵی ١٩٤٤)دا دەرچووینەو تا ئێستاکەش هەر گومانن، هاتووە بە دوو بەڵگەوە ئەوە دەسەلمێنێت کە ژمارە(١)ی ئازادی بەنهێنی لەساڵی (١٩٤٥)دا، دەرچووە نەک لە ساڵی (١٩٤٤)دا.
لەم ڕانانە سەرپێیەدا، هەندێک سەرنج و پرسیارم لا دروست بوون، حەز دەکەم لێرەدا بیانخەمەڕوو؛-
(١) لەلاپەڕە (١٢٦)دا، باسی گۆڤاری (ڕووناکی) ساڵی (١٩٣٥)ی حوزنی موکریانی دەکات.دڵنیام نووسەر هەر یازدە ژمارەکەی- ئەگەر نەشی بێت – ئەوا،بینیویەتی.مادام بابەتەکەی ناوبراو لێکۆڵینەوەیە دەکرا زۆر فراوانتر لەسەر گۆڤارەکە بینووسیبایە.ناوەرۆکی بابەتەکانی دەستنیشان بکردایە،وەک؛ ڕووناکی زیاتر بایەخی بە بڵاوکردنەوەی چ بابەتێک داوە( شیعر، چیرۆک، بابەتی مێژوویی،هەواڵ، لێکۆڵینەوە،….)؟.لێکۆڵینەوەکە (٢٩) لاپەڕەی گرتۆتەوە،لەم (٢٩) لاپەڕەیە تەنها بە پێنج لاپەڕەو نیو تەواوی لایەنەکانی ڕووناکی خراوەتەڕوو، بیستو دوو لاپەڕەو نیوەکەی تر تەنها بۆ دووبارە بڵاوکردنەوەی سەربردەکەی ( حوزنی موکریانی)یە، کە باسی لەم گرفتانە کردووە،کە هاتوونەتە ڕێگای مۆڵەت وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی ڕووناکی. ئەم کورتە نووسینەی نووسەر کە بە باڵای (ڕووناکی)دا بڕیوە،دەکرا لە شوێنێکی وەک ڕابەر یان بیبلۆگرافیا،ئاماژەیان پێ بدات نەک لە لێکۆڵینەوەدا.
(٢) لە لاپەڕە (١٥٣)و بابەتی؛ گۆڤاری گەلاوێژ (١٩٣٩-١٩٤٩) ئاوێنەی پێشەنگی ڕۆژنامەگەریی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی وسیاسی کوردستانی باشوورە!!. نووسەر دیسان بەهەمان شێوەی (ڕووناکی)، زۆر بەکورتی باسی (گەلاوێژ)ی کردووە.هەموومان دەزانین کە گەلاوێژ لەسەردەمی خۆیدا،چ ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە تازەکردنەوەی زمانی کوردی و ڕێنووس و گرنگیدان بە چمکەکانی ئەدەب.دەکرا ناوبراو، زێترو گرانتر هەروەستەی لەسەر ئەم گۆڤارە بکردابووایە،هەر بەم کورتە زانیارییە بیبلۆگرافیا ئامێزە دڵی ئاوی نەخواردابووایەوە.دەکرا؛ ناوی ئەم نووسەرانەمان بۆ دەست نیشان بکات کە لە (گەلاوێژ)دا نووسیویانە،هەر هیچ نەبێت نووسەرە بەردەوامەکانی.دەکرا وەڵامێکی بۆ ئەم تەوەرانە پێبووایە؛-
– ڕۆڵی گەلاوێژ لەتازەکردنەوەی زمان و فەرهەنگی کوردی و بژارکردنی لە وشەی بێگانە.
– گەلاوێژو بەیەخدان بە چیرۆکی بێگانە.
– گەلاوێژو ڕەخنەی کوردی.
– ئەدەبی منداڵان لە گۆڤاری گەلاوێژدا……تاد.
مادام بابەتەکەی نووسەر لێکۆڵینەوەیە،دەکرا سیماکانی لێکۆڵینەوەی تێدا بەدی بکرایە.ئەم بابەتەش (٢٨) لاپەڕەی کتێبەکەی دەقەبەر کراوە.گەر (٢٥) لاپەڕەی سەربردەی دەرکردنی گەلاوێژ لەلایەن (ئیبراهیم ئەحمەد)ەوە لێدەربکەین،ئەوا تەنها سێ لاپەڕە دەمێنێتەوە،کە ناوبراو نووسیویەتی. زانیارییەکانی ئەم سێ لاپەڕەش زانیاری بیبلۆگرافیا ئامێزن نەک لێکۆڵینەوە.
(٣) لەبابەتی گۆڤاری (نیشتیمان)ی ساڵی (١٩٤٣-١٩٤٤)ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەردەمی کۆمار،لەدوا دێری لاپەڕە (١٨٨)دا، جەمال دەنووسێت؛(هەر لەم بارەیەوە غەنی بلووریان، بە پێچەوانەوە لە نامەیێک لە بەرواری ئاپریلی ساڵی ١٩٩٥دا بۆ عەلی عەسکەری دەنووسێ….). نازانین نووسەر زانیارییەکانی بەهەڵە گواستۆتەوە، یان (غەنی بلووریان)،هەڵەی کردووە؟! چونکە ئاشکراو ڕوونە کە لە ئاپریلی ساڵی (١٩٩٥)دا،عەلی عەسکەری لە ژیاندا نەماوە،بگرە (١٧) ساڵیش بەسەر شەهید بوونیدا تێپەڕیوە.
(٤) لە لاپەڕە (٢٥٠)و بابەتی؛ ( گۆڤاری ڕۆژ،مەهاباد،١٩٦٦،گۆڤارێکی بێدەنگ لەمێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا). جەمال تەنها بە سێ لاپەڕە باسی ئەم گۆڤارە بێدەنگەی کردووە.لەم سێ لاپەڕەشدا،شتێکی ئەوتۆی لەسەر (ڕۆژ) نەنووسیوە.مادام ئەم گۆڤارە بێدەنگەو کەس لەسەری نەنووسیوە،ئەمیش ژمارە دووی ئۆرگیناڵی لەبەردەستدا بووە،دەکرا هەر هیچ نەبوایە،باسی بابەتەکان، ئاڕاستەی سیاسی گۆڤارەکەی، ڕوون بکرادابوایە.
لەم ڕانان و نمایشکردن و خستنەڕووی ئەم سەرنجانەوە،لە دوا جاردا- کە هیوادارم دواجار نەبێت-، دەستخۆشی لە خاوەنی پرۆژەی ( ئینسکلۆپیدیای ڕۆژنامەگەریی کوردی) دەکەم،لەگەڵ هیوا خواستن بۆ تەندروستییەکی بەردەوام وتەمەن درێژی. روی ئەوەشی لێدەنێم کە پەلەش بکات لە نووسینەوەی یاداشتەکانی،چونکە بە گوێرەی ئەم یادەوەریانەی کە من ڕۆژانە لێی دەبیستم،دڵنیام خرار(خەروار)ێکی مشت لە ڕووداو و بیرەوەری گران بەهای لە زەین تۆمارکراوی لایە، کە پێم وایە حەیف و مخابنە هەر لای خۆی بیانهێڵێتەوەو نەیانخاتەڕوو.

هانۆڤەر

Previous
Next
Kurdish