ساراڵ، ساڵاڵ یان ساڕاڵ؟ تێبینییه‌کی زمانه‌وانی …لێکۆڵینه‌وه: زانکۆ یاری
🔸پێشه‌کی
زمان له‌دوای پێشکه‌وتنێکی دوور و درێژ و دڕۆنگانه پێکهاتووه و هەر نەتەوەیەک زمان و ئه‌دەبی نەتەوایەتیی خۆی بپارێزێ، بە نەتەوەیەکی زیندوو ده‌ژمێردرێ.(۳) وادیاره که ئاخاوتن واتا تواناییی مرۆڤ بۆ قسەکردن که ڕووداوێکی لە نه‌کاو و کتوپڕی نییه، سروشتیه و له‌گه‌ڵ ئه‌ودا پێگه‌یشتووه.
سەبارەت به هۆی پەیدابوونی زار و سەرهه‌ڵدانی زمان، زۆر شت ڕوون کراوه‌ته‌وه. هه‌ندێ که‌سێش ده‌ڵێن که له سەرەتاوە به جیاوازی دەربڕین و کۆکردنی دەنگەکان و وشەکان دهستپێدەکات و لەگه‌ڵ بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی سنووری بەکارهێنانی زمانەکه گەشه ده‌ستێنێ.(۱) کۆڵینەوە لەسەر مێژوو و ڕه‌وتی پێکهاتنی وشه‌کان (کە لێرەدا زمانی کوردی مەبەستە) زۆر شتمان بۆ ده‌رده‌خات.
🔸تێبینی
لێرەدا بۆ نموونە بەکورتی باسێک لەسەر وشەیه‌کی ڕه‌سه‌ن و سه‌رنجڕاکێش ده‌خه‌ینه ڕوو که له بنه‌ڕه‌تدا بۆ کوێستانێکی ناوچه‌یه‌کی کوردستان (باشووری ڕۆژئاوای شاری دیوانده‌ره) گوتراوە؛ به‌ڵام سه‌رده‌مانێکه به سێ شێوه‌ی جیاوازی ساراڵ، ساڵاڵ یان ساڕاڵ ده‌نووسرێت. له‌و ناوچه‌یه له وه‌رزی به‌هاردا کوێستانەکانی سه‌رسه‌وز و پڕگوڵ و کانیاو لەوێدا، دیمه‌نێکی جوان پێکدێنێ و هەروها له‌و ناوچه‌دا ئاسه‌واره زۆر کۆن و مێژووییه‌کان وه‌ک: ته‌پۆڵکه کۆنه و شێوه‌کارییه به‌ردینه‌کان دۆزراوه‌ته‌وه.
ئێستا ده‌مانه‌وێ درووستیی پێکهاتنی ناوی ئه‌و ناوچه‌یه (واتا “ساڕاڵ/Saral”) پشتڕاست بکه‌ینه‌وه.
1-ساراڵ: سار-Sar (ن/پ)، لێره‌دا وشه‌یه‌کی فارسییه و له فه‌رهه‌نگه‌کاندا به واتای باڵنده‌ی ڕه‌شیڵه-گاوانی هاتووه(۲) که پێکه‌وه ده‌بن به “گاوانیی [ڕه‌نگ] سووری گه‌ش”. که هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌وه‌و نییه.
2-ساڵاڵ: ساڵ-Sal (پ)، که لێره‌دا به‌رانبه‌ری “سال”ی فارسییه که پێکه‌وه ده‌بن به “ساڵی سووری گه‌ش!”. که دیسان ئه‌مه‌ش بێواتایه و په‌یوه‌ندییه‌کی به هیچ شتێک نییه.
3- ساڕاڵ: تێکه‌ڵ-لە دو وشەی ساڕ و ئاڵ [ساڕ+ئاڵ] پێکهاتووه(٤).
(3-1): ساڕ-Sar’ (ئاوه‌ڵناو)، ئه‌م وشه‌یه له زاراوه‌کانی کورمانجیی ژووردا واتا “سارد” (٥) و بۆ شوێن یان مەڵبەندێکی فێنک و سارد که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرن. له فه‌رهه‌نگه‌کانی: “کانی، فه‌رهه‌نگا کورمانجیی پاک‌سرشت-عومه‌رزاده و هه‌نبانه‌بۆرینه”شدا به واتای سارد هێنراوه. هه‌روه‌ها له فه‌رهه‌نگی شێخانی(٦)، دوو وشه‌ی “سارد” و “شوێن” له‌به‌رانبه‌ریدا بۆ نووسراوه.
(3-2): ئاڵ-al: ئاوه‌ڵناوه و واتا ڕه‌نگی سووری گه‌ش یان کاڵ. “ئاڵ” له پاشگره نەناسراوه‌کانی زمانی کوردییه که له زۆربه‌ێ وشهکانیشدا به ناوه‌وه ده‌لکێت و واتای وێک‌چوونی و ڕێژه‌یی لێ زیاد ده‌کات و ده‌یکاته ناوێکی نوێ. وه‌کوو: هه‌رزاڵ-قرژاڵ-چه‌نگاڵ و هتد.
نموونه واتاکانی: “ده‌نکی هه‌نار ئاڵه..”
یان:
له ئه‌شکی خوێن به‌یادی لێوی ئاڵت
که‌نارم بوو به کانی له‌عل و یاقووت.. (دیوانی سالم)
به‌س ده‌بێ به‌وه‌ش ئاماژه بده‌م که وشه‌ی “ئاڵ”، له زمانی کوردی‌دا به چه‌ند جۆری تریش تێکه‌ڵ ده‌کرێ و زۆرجاریش ڕه‌نگه هه‌مان واتای هه‌بێ؛
میناک:
1-ئاڵایی/al’ayî: [ئاڵ+ئایی]، شتی ڕه‌نگاوه‌ڕه‌نگ.
2-ئاڵبوونه‌وه/albûnewe، (ئاڵ+بوون+ه‌وه).(۷)
مه‌ته‌ڵی کوردی: “هه‌موو که‌س ددانی به تورشی ئاڵ ده‌بێته‌وه، قازی نه‌بێ به شرینی..”
🔸ده‌ره‌نجام
هه‌روا که ده‌زانن زمانی کوردی پڕه له پێشگر-پاشگری ڕەسەن یان نەناسراو که ده‌بێ بدۆزرێتەوه و لێکۆڵینەویان لەسەر بکرێ؛ له‌م باسه‌دا وشه‌کانی ساراڵ و ساڵاڵ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی مێژوویی-زمانی ـیان به‌و ناوچه و کوێستانه‌وه نییه و درووستی وشه‌که ده‌بێته “ساڕاڵ”. واتا: “دەشت و کوێستانی فێنک و [پڕ لە گوڵ و کانیاوی] سووری گه‌ش”. مەولەوی کورد (1882-1806) له شێعرێکی دیوانهکهیدا ئاماژه به‌م جوانییه دەدا و ده‌فه‌رموون:
هه‌ر ساڕاڵ وه خوسووس وه‌ته‌ن بۆ
ئه‌رچی سه‌فای ڕۆح، ڕاحه‌تیی ته‌ن بۆ
به‌ڵام دووری تۆ یه‌ند زۆر ئاوه‌رده‌ن
ده‌ردێ وه ده‌روون هامده‌ردان به‌رده‌ن
وه هه‌رجا ته‌شریف تۆ ئه‌رزانییه‌ن
هه‌ر دیده په‌ی تۆ هه‌زار کانییه‌ن..
——————————————————
🔸سه‌رچاوه‌کان
۱- د. شوانی، چەند بابەتێکی زمان و ڕێزمانی کوردی، ۲۰۰۱.
۲- فەرهەنگی فارسی-کوردی کاوە.
۳- د. کاکل تۆفێق، ئاسایشی نەتەوەیی و پلانی زمان، ۲۰۰۷.
٤- ح، کاکەوەیس، لسان الکرد، ۱۹۸۷.
٥- هەژار، هەنبانە بۆرینە.
٦- فەرهەنگی فارسی-کوردی زانستگای کوردستان.
۷ـ فەرهەنگی کوردی-کوردی درنج-Dirinc.
┄┄┄❅✾❅┄┄┄
ئه‌م نووسراوه، له ڕێکه‌وتی 1ی گوڵانی 2719دا ئاماده کراوه.
zanko.yari@yahoo.co.uk