Skip to Content

چەند کورتە شیعرێکی فەزای زانکۆیی …. مەولود ئیبراهیم حەسەن

چەند کورتە شیعرێکی فەزای زانکۆیی …. مەولود ئیبراهیم حەسەن

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 27, 2019 General, Poems

بە بۆنەی ساڵی تازەوە ، ئەم چەند کورتە شیعرەی کە فەزایەکی زانکۆییان هه یە ، پێشکەش بە کچ و کوڕە زانکۆییەکانی ئەمڕۆو دوێنی دەکەم ./براتان مەولود

تەختە ڕەشە بوو
بە باخچەیەک لە گوڵ
مامۆستا
ناوی تۆی خستە ڕستەوە.


کە تۆ لە کلاس بیت
کچەکان هه موویان
دەبن بە پەری
کوڕەکان.. ئیماندار
زانکۆ.. بەهه شت .


مامۆستا بەدەنگی بەرز
وانە دەڵێتەوە
من بە هێمنی
گوێم لە دوانی
بێ دەنگی دڵتە.


کە قاویەکت لە کافتریا خواردەوە
کوڕان
سێلڤیان
لەگەڵ کورسی و مێزەکەدەگرت.


کە دەڕؤی
گوڵ لە باڵات دەوەرێ
کە دەدوێی
ئاواز
کە دێیتە زانکۆ
زستان دەکەی بە بەهار.


دوێنێ نە هاتبووی
ئەمڕۆ وانەکانت
کۆپی دەکرد
پێویستە منیش
خۆم کۆپی بکەم
دەترسم
لەم ژیانە بەیەک نەگەین.


بەیانی تاقیکردنەوەمان هه یە
من
وەڵامەکەی خۆم
دەدەم بە تۆ
دڵم دەلەرزێ
دەڵێن
دەستت زۆر قوڕسە.


تازە بیستوومە
نابیناکەی پۆلمان
هه ر ڕۆژێک
تۆ
بەیانی باشی لەگەڵ بکەی
ئەوڕۆژە
پیویستی بە گۆجانی زیرەک نیە.


جوار ساڵە لە زانکۆم
شازدە ساڵە دەخوێنم
کۆشاوم زانستێک فێربم
دواجار کەتوم بینی
جگە لە خۆسەویستی
هه موو شتێکت لە بیربردمەوە.


ناوی قوتابیەکانی خوێندەوە
مامۆستا
هه موویان ئامادەبوون
تەنیا کورسیەکەی تۆ
چۆل بوو
مامۆستا هاواریکرد
ئەوە بۆچی کەس نەهاتووە؟


لە ئاوێنەی ژووری کچانا
سەیری خۆت کرد
لەو ڕۆژەوە
هه ر کچێک لەو ئاوێنە
سەیری خۆی بکات
بە تەنیا تۆ دەبیبێ.


مۆبایلەکەت بزرکرد
هه ر کوڕەو مۆبایلیکی
وەک ئەوەی تۆی
بەدەستەوەیەو
دەڵێ
ئەوەتە لای منە.


زەنگی مۆبایلەکەت
لێیدا
هه ر کوڕەو
مۆبایلەکەی خۆی
خستە بەرگوێی.


لە هه ر تاقیکردنەوەیەکدا
قوتابیەکان
لە کلاس تۆیان لە گەڵ بێت
هه موویان لەم وانەیە
نمرەی بەرز دەهێنن.


دوێنێ تۆ
بەبێ چەتر
لە ژێر باران
لە حەوشی کۆلیژ
پیاسەت دەکرد
هه رچی چەتر بەدەست بوون
چەترەکانیا فڕێدا.


لە ژێر درەختەکەی
حەوشی کۆلیژ
لەگەڵ دەستە خوشکەکەتا
یەکترتان ماچ کرد
لەو ڕؤژەوە
هه رچی چۆلەکە
دێنە سەر ئەو درەختە
دەنوک دەنێنە دەنوکی یەکتر
دڵداران
ناویان لەم درەختە ناوە
درەختی ماچ .


منداڵە خوازۆکەکەی
بەردەرگای کۆلیژ
کە تۆی لە بەردەمی خۆیا بینی
لە بیری کرد
چ کەسێکەو داوای چی دەکات.

* هه وڵیر -٢٥/١٢/٢٠١٩

Previous
Next
Kurdish