Skip to Content

ڕوانگەیەکی فیلۆ – سۆسیۆلۆژیانەی ڕۆمانی( شەوانى ئادەم ) … د. شەونم یەحیا

ڕوانگەیەکی فیلۆ – سۆسیۆلۆژیانەی ڕۆمانی( شەوانى ئادەم ) … د. شەونم یەحیا

Closed
by January 9, 2020 General, Literature

ئەمە ناونیشانى رۆمانى (بەیان سەلمان) ە ، لە چاپکراوەکانى ساڵى 2015ى دەزگاى ” ئەندێشە” یە، ( 572) لاپەڕە لەخۆ دەگرێت. نووسەر لەم ڕۆمانەدا تەواوى دیاردە کۆمەڵایەتى و سیاسىیەکانی کۆمەڵگەی کوردى لە ڕێگاى نوسینەوەوەى (شەوانى ئادەم) دەخاتە بەر دەستى خوێنەران. جگە لە دیاردەکان باس لە رووداوەکانى کۆمەڵگەى کوردى دەکات. بۆیە ئەو لێکدانەوە بۆ دیاردە کۆمەڵایەتیەکان دەکات، گێرانەوەى رووداوە مێژوویەکانیش بە پشتبەستن بە لۆژیک، بەڵام لێرەدا چەمکى کرۆنۆلۆژیا بە شێوەیەک ئیشیپێکراوە کە لە پێشودا واقیع تێکشکێندراوە و دووبارە لەسەر خەیاڵ بونیادنراوەتەوە.
لێرەدا کرۆنۆلۆژیا پابەندە بە خەیاڵ نەک بە واقیع.
ڕۆمان ئەو ئەدەبەیە مرۆڤ لەو ڕێگایەوە دەتوانێ تێکەڵى ئەو کۆمەڵگایانە بێت کە نامۆیە بۆى، رۆمان ئەو نامۆبوونەى مرۆڤ بە ئەوانى تر دەرەوێنێتەوە؛ وا دەکات تاک ببێت بە بەشێک لە گەروودن، هەروەها لەو کۆمەڵگایەنە تێبگات، بێ ئەوەى لە واقیعدا سەفەرى بۆیان کردبێت.

بۆیە خوێنەر کە “شەوانى ئادەم” دەخوێنێتەوە لە دەردەسەرى و ناخۆشى و خۆشى و کولتوور و فیکر و سایکۆلۆژیا و سروشتى کورد تێدەگات. کاتێک باس لە پیاو دەکات، بۆ نموونە پرسیار لەسەر وێنەی پیاوبوون لە کۆمەڵگەى کوردیدا دادەنێت، بەوەى ئەو زاتە نیە کە کۆمەڵگە بیرى لێ کردۆتەوە وەکو کائینیکى بەهێز و چاو نەترس، کە لە پرۆسەى بەکۆمەڵایەتیکردنی هەموو ئەو بەهاو داب و نەریت و وەسفانەیان بۆ داناوە؛ بە پێچەوانەوە (بەیان سلمان) لە رۆمانى “شەوانى ئادەم” ئەو جەربەزە و چاونەترسى و بەهێزییەی پیاو لەڕووى (سۆسیۆ – سایکۆلۆژییەوە) هێمایەکى ترى پێ دەبەخشێت و ڕوانینى کۆمەڵایەتى بۆ پیاو دەخاتە چاپێکى تر. هەر لەهەمان کاتدا دۆخى ترس و دڵەڕاوکێی تەنیایى تێکەڵ بە شیعریەت دەکات، ئەمەش لەپێناو شکاندنى دۆخى رووت و قوتى بێ دەنگى.
“پیتەکانى لەسەر لێوى دەکەوێتە خوارێ و عەردەکە قوتى دەدات.”. فانتازیاى ئەم ڕستەیە تێکەڵى فەلسەفە دەبێت، واقیع دەخاتە فەلسەفەى خەیاڵ پەیکەرێکى بۆ دەنەخشێنێ و سەما بە وشەکان دەکات. لێرەدا مرۆڤ لەتەنیایی دەردەخات و سروشت دەکاتە هاوەڵى.
من رۆماننووس نیم، بەڵام کاتێک بەرهەمێکى ئەدەبى دەخوێنمەوە بە تایبەتى رۆمان بە ڕوانگەیەکى سۆسیۆ- فیلوسوفیەوە سەیرى دەکەم، لە کوێ رەستەیەک، یاخود پەرگرافێکى ئەو بوارە هەبێت سەرنجم ڕادەکێشێت. بۆیە لەڕووى زانستیەوە ئەم رۆمانە دەچێتە ناو چوارچێوەى ( فیلۆ – سایکۆ – سۆسیۆلۆژى مێژوویەوە)، بەستەوەى ئەم بوارانە بەیەکدەوە لەڕووى زانستیەوە کارێکى ئەوەندە سانا نیە، بەڵکو ووردەکاریی و تەکنیکێکى هونەرى باڵاى پێویستە.
هەر لە لاپەڕەى یەکەمى ئەم رۆمانە وێناو وسفکردنى دیمەنى ناو باسەکە بە تەکنیکێکى هونەرەى جوان نووسراوە. هەروەها ئەوەى (بەیان سەلمان) لە رۆماننووسەکانى تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە لە وەسفکردنى دیمەنەکان وەکو کامیرا چۆن وێنەکان وەکو خۆى دەگرێت و بۆ ئێمەی دەگوازێتەوە، ئەویش بە شێوەیەک باسى دیمەنەکان دەکات وێنایەک لە خەیاڵى خوێنەر دروست دەبێ. هەربۆیە کاتێک باس لە دیمەنێک دەکات هەق بە رووداوەکان دەدات و ناهێلێت بچوکترین شت لە دەستى دەربچێ. ئەم نموونەیە لە لاپەڕەی 3 و 4 دا تێبینی دەکەین “جووتێ کڵاشى لە پێدابوو لەبەر خۆڵ بۆر ببون و رۆیشتنى زۆریش بڕێ شڕى کردبوو.

پیاوە قەدو باڵایەکى بەرزى هەبوو، کورتەکو شەڕواڵێکى ڕەش و کراسێکى شینى تۆخى لەبەردابوو…”. نووسەر بە ئەنقەست ئەو وەسفکردنە درێژە پێ دەدات، بۆ ئەوەى لە لایەک بەتەواوەتى خوێنەر، جا کورد یان هەر نەتەوەیەکى تر بێت، لە ئازارو ناوخۆشى و دەردەسەری و نۆرمى کورد تێ بگات. لەلایەکى تر، بەلاى بەیان سەلمان “رۆمان بۆ رۆژێک و دووان نییە، بۆ مانەوەیە نەک مردن. رۆمان دەبێ هێزى بەرگرى هەبێت.”.
لایەنێکى ترى ئەم درێژەدانەش بە وەسفکردنى کەسایەتی و دیمەنەکان، هەندێ جار خەیاڵى خوێنەر لە زنجیرەى رووداوەکان دادەبرێنێ، هەروەها زۆر جار خوێنەر پێویستى بەوەیە رووداوەکان وەکو “فاس فووت” بە خێراى بگاتە دەستى، لە کاتێکدا شەوانى ئادەم لە مۆدێلى فاس فووت زۆر دوورە. بۆیە خوێنەر هەندێ جار بەزەحمەت دەتوانێ سەرەداوى رووداوەى ناو رۆمانەکە بگرێ و لێی نەپچڕێ.

لایەنێکى ترى رۆمانى “شەوانى ئادەم” نیشاندانى دنیایەکى ترە لەرێگاى فانتازییاوە، بەو مرۆڤانەى کە تەنیا لایەنێکى ژیان دەبینن. بۆیە لێرەدا ئیش لەسەر خەیاڵى تاک کراوە بۆ بینینى هەردوو لایەنى ژیان. نیشاندانى ئەو لایەنانەش لەرێگا بەکارهێنانى وشە و زمانى هاودژ بەیەکەکانە؛ بۆنموونە لە نێوان (ئارامى و ژاوە ژاو، گەشبینى و ڕەشبینى، ماندووبوون و پشوودان… هتد).
ئەم فانتازییایە هەر لەسەرەتاى رۆمانەکەوە خوێنەر هەستى پێ دەکات، وێنایەکى فەلسەفیانە دەدات بە رووداوەکان، لە لاپەڕە (378) لە پەراگرافێکدا (وەستا) بە (سەکینە) دەلێ “من گورگێکى تەنیا نیم لە نەبوونى مێگەلێک هەر بلورێنم، و نە تۆپەڵە بەفرێکى جێماوم بەسەر لووتکەى شاخێکەوە لە سەرمادا هەر خۆمى پێوە بگرم، نە کەسێکیشم پەناى بۆ نوێژ بردبێت، تاوەکو یاساکانى ئەو دونیام پێ پڕ بکاتەوە…” لێردا لەڕووى فەلسەفەى کۆمەڵناسیەوە باس لە گەشبینى و ڕاستگۆى و شکۆى مرۆڤ لە کۆمەڵگە دەکات. بۆ ئەوەى بوون و بەهاکانى خود بە رێگایەکى ئەخلاقى مامڵەى لەگەڵدا بکرێت، بەتایبەتى ئەو کاتەى تاک لە حاڵەتێکى دژواردایە و پێویستى بە ئەوانى ترە، یاخود وەک کەسایەتی وەستا خۆی تەنیایی هەڵبژاردووە.

هەروەها ئامادەبوونى (ژن) لە ناو رۆمان “شەوانى ئادەم” بەشێوەیەکى شیکارى شوناسی راستەقینەى ژنى کورد نیشاندەدا، کە ژن ئەو زاتەیە هەمیشە قوربانى دەستى کۆمەڵگە و نەریتەکانیەتى، پێش ئەوەى بیر لە بەختەوەرییە تایبەتیەکانى خۆى بکات، بیر لە دەوروبەر دەکاتەوە. بەهۆى نەریتسالارى و کۆنترۆڵ و ئابلوقەى کۆمەڵایەتى لەسەر ژنى کورد، وایکردووە بەئاسانى نەتوانێ بیر لە خودى خۆى بکاتەوە، بەڵکو کارەسات و وێرانە سیاسیەکانیش دووئەوەندىتر بارى ژنى کوردیان قورسترکردووە. لێرەوە کارەکتەرى (سەکینە) لەنێو رۆمانەکەدا وێنەی راستەقینەى ژنى کورد نیشاندەدات کە چۆن قوربانى بە خۆشیەکانى ژیانى خۆى دەدات و لەنێو کێژاوى سیاسى و کۆمەڵایەتى خۆى وون دەکات. بەوەى کە دەڵێت “منیش ژنێکى تەنیام، تەنیایى من لەوەى تۆ ترسناکترە، بە کەسێکى زل و درێژ ئەچم، کە جێى لە هیچ شوێنێکا نابێتەوە، یان بە کەسێکى زۆر زۆر کورتە باڵا ئەچم، کە لەبەر بچووکى هەموو کەس ئەیشێلێ…”. بەیان سەلمان لەو رێگایەوە دەیەوێت پێمان بلێت جەنگ و سیاسەت و نەریتسالاریی شێوازى ژیانى ژنى کورد دەستنیشان دەکات و چوارچێوەیەک بۆ دونیابینیى ژن دادەنێت؛ دونیایەک وابەستەیە بە هەموو ئەو وێرانکارییانەى کە ڕوو بەڕووى کۆمەڵگەى کوردى بۆتەوە.

نوسەر لەرێگاى رۆمانى (شەوانى ئادەم) پرسى شوناسى مرۆڤ دەورژێنێت، لە دیالۆگێک لەنێوان (ژینۆ و مەردۆخ) تاک لە زەمەنێکى ساختە دەبینێتەوە، ئەم ساختەیە تەنیا لە کەلوپەلەکان نیە، بەڵکو لە مێژووى مرۆڤەکانیشە کە ناتوانن راستگۆیانە مامڵە لەگەڵ خودى خۆیان بکەن.
ئەوەى تێبینیم کرد لەڕووى زمانەوانیەوە (بەیان سەلمان) هەوڵىداوە زاراوەی ناوچەى گەرمیان بەکاربهێنێ، وەک نیشانەیەکە بۆ تایبەتمەندی ناوچەی گەرمیان کە ئەنفال بە ڕێژەیەکی گەورە تێیدا ڕوویدا. بۆ نموونە وشەى (زل) واتا گەورە ل9، (وسکت) بە (غەڵبەغەڵب) ، (عانێ) بە واتاى کاتێ ل12 ،( عاسێیانە) واتا سەخت یان دژوار ل18.
سەرئەنجام، ئەگەر چى ئەم رۆمانە بەشێوازێکى رەخنەگرانە تیشک دەخاتە سەر تەواوى کولتوورى ئەکتەرى کۆمەڵایەتى لەو دۆخە ناتەندروستەى لەڕووى کۆمەڵایەتیەوە تێدا دەژیت؛ لە کۆتاییدا پێمان دەڵێ جەنگ وێرانکارى و نەریت سالارى ناتوانى خەونى تاکەکان بکوژێ، بەڵکو هێزێکى پۆزەتیڤ هێشتا لەناخى تاکدا ماوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاریکى و تەنیاى و ناخۆشی، دووبارە بونیادنانى ژیانێکى نوێ.

Previous
Next