Skip to Content

پرسیار بە دەم ڕێوە … نەوزاد بەندی

پرسیار بە دەم ڕێوە … نەوزاد بەندی

Closed
by كانونی دووه‌م 29, 2020 General, Poems

کوا
چیت لێکرد
ئەو دڵانەی
ھێشتا نەکەتوونەتە کار
تا ڕۆژگار بیانشکێنێ ؟
کوا
چیت لێکرد
ئەو گوڵانەی
کە ھێشتا نەمانڕواندوون
تا ڕۆژگار ھەڵیانوەرێنێ ؟

چیت لێکرد
ئەو سەفەرانەی
کەوا ھێشتا نەمانکردوون ؟
چیت لێکرد
ئەو ئوتێلانەی
لەسەر دەریان
ھێشتا
شەوێ
چاومان تیایانا نەخەوتوون ؟

کوان ئەو باخ و
شەقامانەی
مۆری پێڵاوی ھیچمانی
ھەڵنەگرتووە تا ئێستا ؟
ئەمەوێ
نەمێنینەوە
لە یەک پێستا ..

کوان ئەو ئێوارانەی
کە تیایانا
ناڕۆینەوە
بۆ ماڵەوە ؟
لەگەڵ خۆرا
ئەڕۆینە
ناو
خەیاڵەوە ..؟

لە کوێدان
ئەو بەیانیانەی
بالکۆنەیەکی تەماویی
سفرەیەکی
پڕ لە ڕەنگی
بۆ ڕاخستووین ؟
کوا پاپۆڕەکەی
ناو بسفۆڕ ،
پەنجەرەی نەورەسەکانی
کردۆتەوە و..
دەرگای قەیرانەکانیشی
لێ داخستووین ؟

کوا شەوێکی
درەنگ درەنگ
بە دیار دێڕێ جوانییەوە
سەرقاڵی
حونجە کردن بین ؟
ھەتاکەی
لە گەرمەی ژیانا
خەریکی
ئاخ ھەڵکێشان و
پێشەکی و
قیستی
مردن بین ؟

— نەوزاد بەندی —

Previous
Next
Kurdish