Skip to Content

کۆمەڵگای بە بەرد بووەکان … نەوزاد بەندی

کۆمەڵگای بە بەرد بووەکان … نەوزاد بەندی

Closed
by كانونی دووه‌م 29, 2020 General

میللەتێکین ئەوەندەی موویەک لە ھەست و بۆچووندا پێش نەکەوتووین .. ئەو گۆڕانکارییانەی کە ڕوویان داوە ، تەنھا لە ڕووکەش و ڕوخسارماندایە ئەویش لە ژێر کاریگەری و لاساییکردنەوەی ڕووکەش و ڕوخساری گەلانی تردا ڕوویانداوە نەک داھێنانی خۆمان بوو بێ ..
ئەو کوڕە گەنجە ئەو پیاوە پیرەی کەدەیانبینی بە پانتۆڵی جینز و چاکەت و پانتۆڵەوە .. بە قژ و مۆدێلی ڕیشی وەک فڵان یاریزانی جیھانی یان فڵان ئەکتەری ھۆلیودەوە ، ھەر ھەڵگری عەقڵیەتی ھەمان جوتیاری نەخوێبدەوار و ڕەنجەڕۆن کە ئاغا و بەگەکان ساڵ چوار وەرزە ئیش و بێگارییان پێ دەکردن و لە ژێر داردا دایاندەڕزاندن و بەری ڕەنجیان دەبردن و چەندین باجی وەک سەرانە و پوشانەیان لەسەر دەکردن بە ماڵ و .. نقەیشیان لێوە نەدەھات و ..شەرعیەتیان بەو زوڵم و زۆرە دەدا و دەیانووت تێڵا لە بەھەشتەوە ھاتووە و .. ئەم ئاغا و بەگانە خەلیفە و سێبەری خوان لەسەر زەوی و ..ڕەچەڵەک و ئەسڵ و فەسڵیان تایبەتە و خوا گیان سەر و ماڵ و ڕەنج و ڕزق و ڕۆزی ئێمەی پێ حەڵاڵ کردوون ..ئەم کوڕ و پیاو و پیرەمێردەی ئەمڕۆ کە بە جوڵە و پۆشاک و عەتر و ھەڵس و کەوت ڕێک مرۆڤێکی ھاوچەرخی ئەوروپیت بۆ بەرجەستە دەکەن بە موو لەو پاڵە و ئەڵقە لەگوێیەی ھەزار ساڵ پێش ئێستا لایان نەداوە و ھەرچی جۆری زوڵم و زۆر و بێگاری وبێ مافی وبرسێتی و بێکارییە قبوڵیانە و ..زۆر جاریش شانازییان پێوە دەکەن و جۆرەھا بڕ و بیانوو دێننەوە بۆ جوانکردنی دەستەمۆیی و ڕەنجەڕۆیی و زەلیل بوون و برسێتی و وێرانبوونەکەیان..ھەتا داماو و برسیتر بکرێن ، ژیانیان زیاتر لا شیرین دەبێ و زیاتر زاوزێ دەکەن و کۆیلەی زیاتر ئەخەنەوە ، ڕێک وەک جوتیارەکەی پێش ھەزار ساڵ کە تاکە چالاکی لە ژیانیدا کۆیلە خستنەوە و برسی خستنەوە و خزمەتکار و کارەکەر خستنەوە بوو، بە جۆرێک کە لە ڕەگەزی وەچەکەی دەپرسیت ، ئەگەر کوڕ بێ ئەڵێ خزمەتکارێکی تۆمان بووە و ئەگور کچیشی بووبێ ئەڵێ کارەکەرێکی تۆمان بووە ، ئەمە ھەر فەلسەفەی پوچی جوتیارەکەی پێش ھەزار ساڵە کە لەگەڵ لەدایکبوونی کۆیلەیەکیدا یەکسەر بەرگی کارەکەری و خزمەتکاری بە بەردا دەبڕی ..
بە ھەمان شێوە ئەو کچ و ژنەی کە ئەمڕۆ بە جل و بەرگ و بۆتۆکس وەک ئەکتەرەکانی ھۆلیود وایە، ھەر ھەمان عەقڵی نەخۆشی ژنە جوتیارەکەی ھەزار ساڵ پێش ئێستا بەڕێوەی دەبات و خەون بە کوڕە ئاغایەک یان بەگلەرێکەوە دەبینێ داوای دەستی بکات و لە زێڕی ھەڵکێشێ ..ھەر ھەمان ڕۆحیەتی ژنە جوتیارە مەکر و حیلە بازەکەی ھەزار ساڵ پێش ئێستای تێدایە کە زەبری کاریگەری لە ڕێی دۆعا و نوشتەوە دەوەشاند ، بڕۆ دوکانی فاڵچی و ساحیرەکان سیخناخن لەو کچ و ژنانەی کە بە مۆرفۆلۆجی ئەوروپین و بە سایکۆلۆجیش ھەرژنە فێڵبازە درۆزنە نوشتەبازەکەی ھەزار ساڵ پێش ئێستان..

لە وەھا بارودۆخێکدا ئاغاکانی ھەزار ساڵ پێش ئێستا بە بەرگ و ناو وپۆستی تازەوە دێنەوە و ..تەڕ و وشکی کۆمەڵگا دواکەوتووەکە بۆ خۆیان دەبەن و ..ڕێک وەک ڕانە مەڕ و مێگەل لێیان دەخوڕن ..

کەواتە ھەتا گۆڕانکاری لە کەسایەتیماندا نەکەین و ..واز لە کولتوری جوتیارەکەی ھەزار ساڵ پێش ئێستا نەھێنین ، سبەینێ لە ئەمڕۆ خراپتر ئەبێ..

— نەوزاد بەندی—

Previous
Next
Kurdish