Skip to Content

ئامانجی خۆپێشاندەران بۆ بوو بە سیاسی … پارێزەر/ لوقمان مصطفی صالح

ئامانجی خۆپێشاندەران بۆ بوو بە سیاسی … پارێزەر/ لوقمان مصطفی صالح

Closed
by شوبات 16, 2020 General, Opinion


ماوەیەکە خۆپێشاندان بەغدادی پایتەخت و زۆربەی شارنشینە شیعەکانی باشووری عێراقی گرتۆتەوە، دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق بە ئاقارێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت. گوشاری شەقام و خواستی خۆپیشاندەران لەسەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،بە جۆرێکە نوێنەرانی خەڵكیان لەو ئەنجومەنەدا ناچار كردووە یاسای هەڵبژاردنی عێراق هەموار بكەنەوە.ئێستا پەرلەمان لە ژێر گوشاری ئەواندا دەجوڵێتەوە.!

لەئێستادا کێشەو ئاڵۆزیەکان بە جۆرێکە دەست تێوەردانی دەرەکی کردووە بە دیفاکتۆ.رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكای هیناوەتە سەرخەت و پێشنیاری خۆیان بۆ گۆڕانكارییەكانی داهاتووی عێراق هەیە، وڵاتانی ناوچەكەش (بەتایبەتی ئێران) كاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەخۆیان لەسەر گۆڕانكارییەكانی عێراق هەیە.
ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتی عێراقییان بەدەستە پاشکۆی ئەو ووڵاتانەن کە بێ مۆڵەتی یاسایی دەستێوەردان دەکەن، هەرچیەکیان بوێ کەس بۆی نیە دەست بێنێتە ڕێیان،بۆیە ناتوانن داخوازیەکانی خۆپێشاندەرانی عێراق جێبەجێبکەن و ببێتە مایەی دامرکاندنەوەی شەقام، بەداخەوە ئەو چینە جڵەوو دەسەڵات بەدەستە ھیچ شتێکیان پێ نییە کە پێشکەش بە عێراقی بکەن،لە میوانێکی رەزاقورس دەچن کە بوونەتە بار بەسەر عێراقیەکانەوە.

هەر بۆیە ئەوەی ئەو خۆپیشاندانانە لە خۆپیشاندانەکانی پێشووتر جیادەکاتەوە ئەوەیە کە خۆپیشاندەران ھیچ سەرکردەیەکیان نییە و گوێ بۆ ھیچ کەسێک راناگرن، تەنھا داواکارییەکانی خۆیان نەبێت. ئەم نەوەیەی کە ھاتووەتە سەرشەقام ئیعتیبار بۆ ھیچ شتێک دانانێت، نە بۆ مەرجەعییەت نە بۆ سەرۆکایەتی دەوڵەت، بەڵکو ئامانجی ئەوەیە کە ئەم چینە گەندەڵە لە دەسەڵات لابدات، ئەمەش خاسیەتی جیاکەرەوەیە لە نێوان خۆپێشاندانەکانی ئێستا و رابردوودا.

بەڵام بە هۆی بێ بەرنامەیی و پەرتەوازەیییانەوە تا دێت داواکاریەکانیان گۆڕانی بەسەردادێت،خەریکە ئامانجە راستەقینەکەی خۆی کە چاکسازیە لەدەست دەدات،ماوەیەک دەنگۆی ئەوە هەبوو یەکێک لە داواکارییەکانیان هەموار کردنەوە و گۆڕینی دەستوور بێت، یان داوای گرینی هەرسێ سەرۆکایەتیکەو هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پەرلەمانیان دەکرد،جار جارەش هەر لە ناو خۆپێشاندانەکانەوە چەند دەنگیکی نەشاز هەبوون کە هەر لە دەنگ و ڕەنگی بەعسیەکان دەچوو هەرەشەو گورەشەیان لە هەرێمی کوردستان دەکرد.ئەم بەدگومانیە وایکرد کە ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەری خۆپێشاندانەکان لە ناو چین و توێژە جیاوازەکانی عێراقدا کەمتربێتەوە.ئەمەش بە پێی بۆچوون و لێکدانەوەی شارەزایانی سیاسی داخوازییەکی مەدەنی نییە و خزمەت بە داخوازییەکانی خۆپێساندەران ناکات و ئامانجی سیاسی لە پشتە و ئەمەش گومانی لە لای چاودێران و شارەزایانی سیاسی دروستکرد، کە خۆپێشاندانەکان مەدەنی نەبن و کەسایەتی سیاسی و لایەنی سیاسی و دەستی دەرەکی لە پشت بێت.

هەندێ لەو دەنگە نەشازوو کەسە گوماناویانەی ناو خۆپێشاندانەکان وایکرد کە ئامانجەکە بگۆڕدرێت بە ئامانجی سیاسی و نانەوەی ئاژەوەو بەلاڕیدا بردنی داواکاریە رەواکانی خەڵکی بەشمەینەتی عێراق،بەهانەی دابەدەسەڵاتی جێبەجێکار بۆ گرتنەبەری توندوتییژی بەرانبەریان، هەروەک بینیمان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەو زنجیرە خۆپێشاندانانەدا کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دۆخی نالەباری راژەکارییە گشتییەکان ، نەبوونی هەل و دەرفەتی کارکردن و گەندەڵیی ئیداری دەسپێکرا و ئەو ناڕەزایەتییانە ئامانجەکانی گۆردران بۆ ڕوخانی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی لەووڵات، هەر بۆیە توندوتیژیی وگرژییان لێکەوتەوە و دەیان کوژراو و برینداری بەدوای خۆیدا هێنا،پاشان عێراقی لە بازنەیەکی داخراوی خوێناویدا تائێستاشی لەگەڵدابێ بێ چارەسەر هێشۆتەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish