Skip to Content

خێرایی لە ڕۆمانی خەیاڵی زانستیدا- 3- …د. گۆران سەباح

خێرایی لە ڕۆمانی خەیاڵی زانستیدا- 3- …د. گۆران سەباح

Closed
by حوزه‌یران 12, 2020 General, Literature

گەلێ تەکنیک هەن ڕۆمانی خەیاڵی زانستی (خەز) لە ژانرەکانی تری ڕۆمان جیا دەکەنەوە. یەک لەوانە خێراییە. خێرایی واتە پێوەری ڕیتمی گێڕانەوە. مەبەست خێرایی چیڕۆکەکە نییە، خێرایی گێڕانەوەیە (شێلهاردت، ٢٠٠٨). بە کورتی، چەند خێرا چیڕۆکەکە دێتە گێڕانەوە.
خێرایی خەز خوێنەر دەرباز دەکات لە بێزاربوون. وا لە خوێنەر دەکات پەڕ دوای پەڕ ڕۆمانەکە هەڵداتەوە، تا تەواوی نەکات داینەنێت. لە خەزی (ئە مێمۆری کۆلد ئیمپایەر)ی ئارکادی مارتن (٢٠١٩)دا، (ژمار) وەک نوێنەرێکی نوێ دەچێتە هەسارەی تێککالانلی. لەوێ نوێنەری پێشوو کوژراوە. هی نوێ دەبێ خۆی بپارێزێت لە دوژمنانی ئەوێ و سەر زەوی. ئەم خەزە بگری بەدەستەوە ناتوانی وازی لێ بێنی. بۆ؟ لەبەر کۆمەڵێک توخم و تەکنیک، لە خوارەوە باسیان دەکەم.
خێرایی لە ژانرێکەوە بۆ ژانرێکی تر دەگۆڕێت. کۆمیدی لە دراما خێراترە، ئاکشن خێراترە لە سەسپێنس. ڕیتمی گێڕانەوەی ڕۆمان لە سەردەمی مێتامۆدێرندا دەبێ خێرا بێت، ئەگینا خوێنەر و چاپخانەکانیش ڕەتی دەکەنەوە (ستێین، ٢٠١٥). ئەی بۆچی چاپخانەکانی کوردستان ڕۆمانی خێرا ڕەت دەکەنەوە؟ چونکە خنکاون لە دنیای کلاسیکی ڕۆمانی ڕووسی و عەرەبی. بۆچی خوێنەری ڕۆمانمان کەمە؟ چونکە خوێنەر بێزار بووە لە ڕۆمانەیلی هێواش و کلاسیکی ڕۆماننووسە پیرەکانی کورد. گەنجەکان، بۆ نموونە، ڕۆماننووس ئارام محمد، بە گژ ڕیتمی خێرادا چووە، بە تایبەتی لە دواهەمین ڕۆمانیدا بە ناوی (ڕۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم). هەرچەندە ڕۆمانەکە خەز نییە، بەڵام گێڕانەوەکە توخمی خێرایی تێدایە و جیای دەکاتەوە لە ڕۆمانەکانی تر. بەتامترە.
ڕێگە زۆرن بۆ خێرایی گێڕانەوە. توێژەران چەند توخمێکی خێرایی باس دەکەن، لەوانەش توخمەیلی ئاکشن، هەڵواسین، دیالۆگ، زمان، هەڵبژاردنی وشە، کورتبڕی، گۆڕانی کارەکتەر، دیمەنی خێرا و وردە گرێ. خەزی (ئێمپرێس فۆ ئێڤە)ی ماکس گلادستۆن (٢٠١٩)، باس لە ڤیڤیان دەکات، پێشەنگ و داهێنەری تەکنەلۆژیایە و ڕووبەڕووی ئیمپڕاتۆری گەردوونێکی دوور دەبێتەوە. لە ڕێگەی زۆرینەی ئەم توخمانەوە خەزێکی خێرای بەرهەم هێناوە.
خەزنووس لە ڕێگەی ئاکشنەوە دەتوانێت چیڕۆکەکە خێرا بکات (کێمپتن، ٢٠٠٤). ناکرێ لە دیمەنێکی ئاکشندا خەزنووس خووی بە وەسفی شتێکەوە بگرێت و درێژەی بداتێ. ئەم شێوازە خوێنەر لە چیڕۆکەکە دادەبڕێنێت و دەیباتەوە لایەکی دیکە.
خەزنووس دەتوانێت کۆتایی هەر بەشێک بە هەڵواسراوی بهێڵێتەوە، ئەمەش ریتمی گێڕانەوە خێرا دەکات. ئەمە چۆن دەکرێت؟ لە ڕێگەی وردە گرێوە. بێ لە گرێی سەرەکی، خەزنووس دەبێ وردە گرێی هەبێت تا خوێنەر بەردەوام بێت و تامەزرۆی زانیاری بێت. هەرچەندە (پڕاید ئاند پریجودیس) خەز نییە، بەڵام بۆ وردە گرێ نموونەیەکی باشە. جەین ئۆستن وردە گرێی بەکار هێناوە بۆ خێرایی. ئەڤینی بەینی بینگلی و جەین، هاوسەرگیریی کۆلینس و چارلۆت، پرسی نێوان لیدیا و ویکمان، پاشانیش ململانە گەورەکەی نێوان ویکمان و دارسی.
دیالۆگی کورت و پڕ زانیاری گێڕانەوە خێرا دەکەن، بەڵام وەستایی دەوێت. سڵاوکردن و سوالفەی بێ مانا خوێنەر بێزار دەکات و لە گرانایی خەز کەم دەکەنەوە (ساڤیل، ٢٠١٣). ئەرکی دیالۆگ بۆ پێدانی زانیارییە لەبارەی گرێ، ڕووداوەکان، کارەکتەر، کات و شوێن. بۆ نموونە، خەزی (ئەیجنسی)ی ویلیەم گیبسن (٢٠٢٠)، بە بەکارهێننانی تەکنەلۆژیا کات دەگێڕدرێتەوە و لە ٢٠١٦ هیلاری کلینتن لە هەڵبژاردنەکاندا دەیباتەوە، دیالۆگی کورت و پڕ زانیاری خێرایی دەدەن بە گێڕانەوەکە.
زمان بۆ خۆی توخمێکە بۆ گێڕانەوەی خێرا، ئەوەشیان لێزانینی دەوێت. خەزنووس نابێت وشە لەخۆڕا فڕێ بدات. دەبێ هەر وشە و شوێنی خۆی بگرێت. خەزنووس دەتوانێت بە بەکار‌هێنانی بکەر دیار و کاری ڕاستەوخۆ گێڕانەوەکەی بەتامتر بکات. داخ ئەوەیە، ڕۆماننووسە پیرەکان خەوشی زمانیان لە ڕێگەی ڕستەی درێژ و بکەر نادیار و دەنگی ناڕاستەوخۆ دەشارنەوە. دێیە دەنگیش لێیان، تووڕە دەبن. ڕاستە سی ساڵ زیاترە دەنووسی، بەس زمانەکەت هەو نییە بابی من، سەتا هەشتای خوێنەر تێت ناگات دەڵێی چی.
ڕستە، پەرەگراف و بەشی کورت کورت خێرایی دەدەن بە چیڕۆک (لام، ٢٠٠٨). وشە و دەستەواژەی بێ کەڵک، ئاوەڵناو و ئاوەڵفرمانی بێ کەڵک دەبنە هۆی درێژدادڕی (هاکە، ١٩٩١).
کارەکتەری داینامیک گرنگە بۆ گێڕانەوەی خێرا. بێو کارەکتەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی ستێتیک واتە وەک خۆی بێت و هیچ گۆڕانی بەسەردا نێت، خوێنەر بێزار دەبێت. بۆ؟ لەبەرئەوەی زانیاری نوێی پێ ناگات، ئەمەش گێڕانەوەکە هێواش دەکات.
توخمی کەرتکردن (فراگمێنتەیشن) ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە خێرایی خەزدا. کەرتکردن واتە بەکارهێنانی نیو ڕستە لە ڕستەیەکدا، یان تەنێ پاڕستە بەکاربێنی. ئەمە لە ڕووی ڕێزمانییەوە ناتەواوە، بەڵام خزمەتێکی چاک بە گێڕانەوە دەکات. ئەگەر ئازای ڕۆمانێکت هەندێ پاڕستەی ڕووتی تێدا بێت، چاپخانە و ڕەخنەگران لێت دەکەنە هەڵلا. بۆ؟ چونکە ئاگایان لە دنیا نییە، هەر سواری ملی کلاسیک بوونە.
ئەمە مانای ئەوە نییە هەموو ڕۆمانەکە دەبێ خێرا بێت. نا. دیمەنگەلی پەژارە، ئەڤین، خۆشی، یان شوێنی ڕووداوەکان، هەندێ جار، پێویستیان بە وەسف و وردەکارییە. نابێ هەمان قورسایی بدرێت بە هەموو دیمەنێک. بۆ هێواشکردنەوە وەسف و وردەکاری دێنە بەکارهێنان. خەزی (گیدیەن ناینس)ی تامسین موور (٢٠١٩)، تێکەڵەیەکی خەز و فەنتازیا و لوغزە. لە هەندێ شوێن خەزنووس وەسفی ژوورە داخراوەکان یان قەڵا کۆنەکە دەکات، لە هەندێ شوێن هێواشی دەکاتەوە و وردەکاری ناو قەڵاکە دەخاتە ڕوو.
خێرایی هەر لە ڕۆمانی خەز بەکار نایەت، بگرە ژانرەکانی تری ڕۆمانیش ئەم تەکنیکە بەکار دەبەن. بە کورتی، ڕۆمانی سەردەمی مێتامۆدێرن بە ڕیتمی خێرا دێتە نووسین. مێتامۆدێرن واتە سەردەمی دوای پۆستمۆدێرنیزم، ئێمەش هێشتا نەک لە مۆدێرن، بگرە لە زەلکاوی کلاسیکی سەردەمی پێش ڕۆشنگەری مەلە دەکەین. ئەمە داخێکە خەمدانت پڕ دەکات.

گۆران سەباح دکتۆرای لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسیندا هەیە لە زانکۆی کانزەس لە ئەمریکا. سێ ڕۆمانی (شاخوێنبەری سەرکردە، ترس و ڕق، دووی سوور) بە ئینگلیزی و کوردی چاپ کراوە. سکۆلەری فوڵبڕایتەرە، هەڵگری خەڵاتی باب سیگمان و کاڵدەر پیکێتی ئەمریکییە لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسیندا.

———————————————————————-

سەرچاوەکان

Bradshaw, Claire (2018). Seven quick tips for mastering pacing in your story. Retrieved on June 10, 2020 from Writersedit.com.
Hacker, Diana (1991), The Bedford Handbook for Writers (3rd ed.), Boston: Bedford Books.
Kempton, Gloria (2004), Write Great Fiction: Dialogue, Cincinnati: Writer’s Digest Books.
Lamb, Nancy (2008), The Art and Craft of Storytelling: A Comprehensive Guide to Classic Writing Techniques, Cincinnati: Writer’s Digest Books,
Saville, Guy (2013). “Thrillers that sell”. In Spring, Michelle; King, Laurie R. (eds.). Crime and Thriller Writing: A Writers’ & Artists’ Companion. London: Bloomsbury Publishing. pp. 153–155.
Schellhardt, Laura (2008), Screenwriting for Dummies (2nd ed.), Hoboken: Wiley.
Stein, Sol (2015), Stein on Writing, New York: St. Martin’s Press.

Previous
Next
Kurdish