Skip to Content

هەستانەوە…کۆمار هەولێر

هەستانەوە…کۆمار هەولێر

Closed
by حوزه‌یران 20, 2020 General

هەناسەکەم جێم مەهێڵە
لە تاریکیی تاراوگەی زێدی خۆیی
لۆچ لە ئاوی کانیاوی شێعرت دەدەم
کڕنۆش بۆ رووگەی رووخسارت دەبەم
دەلاقەی دڵ دامەخە
من کە کەویی ئامێز و دەستەمۆی دڵتم
لە تەنیایی وتەریکیی بێ ئەتۆیی
باوەش بە سینگی خەیاڵت دا دەکەم
بەڵام گیانە…
ئەوەی بۆ من خەم و داخە ،
لەم وڵاتە،لە هەر گوڵزارێکی،
گوڵی رازاوە ونەخشین وجوانە
پێچەوانە
دڕک و داڵی پۆشتەو پەرداخە
خەم وخەفەت نیشتەجێی ناخە
هەستی پاراو،گوڵ ئەستێرە سەرگەردانە
باش دەزانم ،
بۆ مە کە هەڵپڕووزاوی هەتاوین
لێرە پاشای ،خەمی خودێ وخانە
لە دوا کڕنۆش
گەرمەگۆنای هەتاودیتەت رادەمووسم
لێگەڕێ با دڵت لێدا
دەزانم تۆش خاراوی خۆر و سەخڵەتی دوندی
هەستەوە هەناسەکەم
سرووتی راسان وهەرمانت بۆ دەنووسم

کۆمار هەولێر

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish