Skip to Content

مانیفێستی عەشق.. بەشی هەشتەم…تێکست: ستیڤان شەمزینی

مانیفێستی عەشق.. بەشی هەشتەم…تێکست: ستیڤان شەمزینی

Closed
by حوزه‌یران 22, 2020 General, Poems

چی لەوە خۆشترە شەرابی ئەوینت
تک تک بڕژێتە گەرووی تینووی منەوە؟


هەر کاتێک بڕیار ئەدەیت بڕۆی و نەیەیتەوە
چاوەڕوانم لە هەموو کات زووتر بێیتەوە


پێم بڵی چ جادوویەک لە دەنگی تۆدایە؟
بە یەک وشە لەگەڵ خۆم ئاشتم ئەکەیتەوە


لە کەنارێکی پڕ لە ئاگری دۆزەخدا بووم
ئەو کاتەی تاڤگەی ئەوینت بەسەرمدا رژا


لە واقیع و خەیاڵەکانمدا هەر تۆ هەیت
پێم بڵێ کوێ هەیە خاڵی بێت لە تۆ؟


هەر هەموو پێکەنینەکانی من
بەستراوەتە بە یەک تاکە بزەی تۆوە


پرشنگی روونی خۆت دەربخە
شەبەقێک بخەرە ناو تەمومژی رۆحمەوە


ئیشی من هەڵمژینی بۆنی عەترەکەت و
رامووسانی پەیکەری بەژن و باڵاتە


هەموو رۆژێک چاوەڕوانی نامەیەکی تۆم
تێیدا نوسرابێت چاوەڕێم مەکە، دەمێکە هاتووم


بە دوای ئەوەدا وێڵم
شوێنی تۆ، بۆ هەمیشە، دڵی من بێت


لە هەموو وێستگەکان چاو دەگێڕم
بەڵکو بریسکەی جوانیت رووناکم بکاتەوە


نەرم نەرم بۆنی هەناسەکانت بکە
بزانە بۆنی شیعری منیان لێ نایێ؟


لە خەونێکی زێدە خۆش دەچیت
کە هەموو شەوێک لە چاوەڕوانیتام


بڕیارتداوە بە بۆیاخی ئەوین رەنگم بکەی
بۆیە خۆم ئامادە کردووە ببمە پەلکەزێڕینە


بە یەک وشەی تۆ، زریان و گێژەڵووکەی رۆح و
بارانی بەلێزمە و خوڕی چاوەکانم دەوەستن


ستۆکهۆڵم – سۆلنا

Previous
Next
Kurdish