Skip to Content

لە مردن ناترسم، هەر ئەوەندەیە لە تەنهایی دەترسم… -7 – خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

لە مردن ناترسم، هەر ئەوەندەیە لە تەنهایی دەترسم… -7 – خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 25, 2020 General


بەشی حەوتەم…

خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

لیزا: تۆ لە دەربڕیندا زۆر بلیمەتیت، سەرسامم بەو رەوانبێژییەت لە قسەکردندا.
ستیڤان: بلیمەت ئەو کەسە نییە خەڵک سەرسام بکات بە خۆی، بلیمەت ئەو مرۆڤەیە لە خۆی تێبگات و سەرسامی کەسی تر نەبێت.
لیزا: هەمیشە لە هیچ شتێک رازی نیت، خۆزگە هۆکارێک هەبووایە بۆ رازیکردنی تۆ؟.
ستیڤان: دیکارت پێش سەدان ساڵ وتی “من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم”، بەڵام من ئەم کۆژێتۆیەم بەم شێوەیە هەڵگێڕاوەتەوە: من ناڕازیم کەواتە هەم.
لیزا: بێگوومان لەو کاتەی دوامان دەبێت بە ئاگر و پێشەوەشمان دەبێتە زیندان، باشترین کار ناڕازیبوونە لە زیندانەکانی کولتوور و دەسەڵات، ئەگەر ئاکامەکەشی سووتان بێت لە دەریای پڕ گڕی ناڕازیبووندا.
ستیڤان: هەمیشە ناڕازیم چوونکە تەوەقوعم بەرزە، هەردەم لەهەر کارێکدا چاوی رەخنەگرانەم خستۆتە کار نەک زمانی ستایش.! تەنانەت لە پێشکەشکردنی باشترین پڕۆژە و بینای هەر ئیشێکی جوانیشدا من نەمویستووە رازی بم و سەقفی داواکاریی و تموحی خۆم بڵندتر کردۆتەوە، چون چاوەڕوانی باشتر و زیاتر بووم. هەروەک ریوایەتێک هەیە دەدرێتە پاڵ خودا کە وتوویەتی ئەگەر دوو جۆگەی زێڕیش بدەمە بەندەکەم هێشتا داوای جۆگەی سێهەم دەکات!!. ئەمەش خەسڵەتێکی مرۆڤانەیە، هەرچی جۆگە زێڕەکانە بیدەن بە من هێشتاش داوای زیاتر دەکەم!، بەڵام جۆگە زێڕەکانی من شتی دیکەن، بریتین لە شیعر و عەشق و بەرخودی هیومانیستیانە و مرۆڤانە. هەربۆیە ناتوانم رازی ببم و تا ئەو دەمەی زیندووم بۆڵە بۆڵمە بۆ باشتربوون، رۆژێک منت بینی رازی بووم واتە ئیدی کۆتاییم هاتووە، مەرجیش نییە هەموو کۆتاییەک تەنها رەهەندی فیزیکی لە خۆ بگرێت.
لیزا: ئەو هەموو رەشبینییە خۆی لە خۆیدا بۆ هێنانە ئارای دنیایەکی سپییە، کە کینە و گریانی مرۆڤ رەشی نەکردبێ. تۆقین لە مرۆڤە ناڕازییە رەشبینەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان رازیبوونە بە بەردەوامی ئەم بێدادیانەی ژیان!. تۆ ئەگەر رازی بیت و رەشبین نەبیت واتە تووشی مەیین بوویت و هەنگاو نانێی بۆ پەڕینەوە بەرەو قۆناغێکی تر.
ستیڤان: کێشەی من لەگەڵ خودی ژیانە، ئەم ژیانە هەر لە بناغەوە پووچ و بێ هۆیە، پۆڵ شاوڵ جارێک وتی “ژیان زنجیرەیەک خۆکوژیی جێبەجێ نەکراوە”!. زۆرم بیر لەم وتەزایە کردەوە، دەرئەنجام گەیشتمە بەوەی ژیان هەر ئەوەیە پۆڵ شاوڵ باسی کردووە.
لیزا: بۆ بەشێکی بەرفرەی خەڵک ژیان تەنها ئازار و رەنجکێشانە، جاری وا هەیە لەبەر خۆمەوە گوومان ئەکەم، ئەوانەی بە خۆشبەختەکانیش ناسراون، گرفتاری دەیان دەرد و ناخۆشی پەنهانن. ژیان هیچ کات بە دڵی مرۆڤەکان نەبووە و نابێ، پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و باڵادەستی زانست نەیتوانی هیچ لە خەم و ئازارەکانی مرۆڤ کەم بکاتەوە. باشترە هیچ هیوایەک هەڵنەچنین لەسەر ژیان، چوونکە ژیان خۆی بێهیوا و نائومێدکەرە. کێ گەیشتۆتە نیوەی خۆزگەکانی تا من بتوانم چەند خۆزگەیەکم هەبێت لە ژیاندا؟. ئێمە هەموو فریودراوین بە ژەهری ژیان، بەڵام لە پاکەتی هەنگویندا. شاعیرى نێودار (مارکوت بیگ) لە کۆپلە شیعرێکیدا دەڵێ: ژیان لەگەڵ رەنجدا دێت.. هیوا رەنجى پێوەیە.. رەنج بە ژیانەوە دێت.
ستیڤان: هەمیشە وا دادەنێم چەند خولەکێکی تر ژیانم دەگاتە وێستگەی مەرگ. هەرچەند لەناو خەیاڵی ژیاندا ون بووم، کەچی ئەوە مەرگە لە سەوزترین وەرزی تەمەندا دەمدورێتەوە. هەرچەند پڕ بووم لە بۆنی عەتری ژیان مەرگ چڵ چڵ رۆحی عاشقمی هەڵوەراند. هێندەش ئازارم نۆشی، هێندە جەوری رۆژگارم بینی، هێندە غەدری نێو ژیان رایماڵیم، لە تاودا هانام برد بۆ ماڵی هاوڕێ خوێنە تاڵەکەم کە مەرگە. لەگەڵ ئەوەشدا تۆ من ببەخشە خیانەتت لێدەکەم، پێش تێربوون لە ئامێزی تۆ، بۆ ژوانێکی جاویدانی دەست دەخەمە نێو دەستی مەرگەوە.
لیزا: ئای لەو قوڵپی گریانەی لە دەریای غەمگینی دڵمدا شەپۆل دەدات!!. ئێستاکە لە ئاسمانی دڵی مندا تنۆک تنۆک غەم دەبارێت.
ستیڤان: لە مردن دەترسێی یان لە دابڕان؟.
لیزا: لە مردن ناترسم، هەر ئەوەندەیە لە تەنهایی دەترسم، هەمیشە رقم لە تەنهایی بووە، حەزدەکەم جیهانێکی تر هەبێت لە پاش مردن، بۆ ئەوەی جاریکی دیکەش بەویستی خۆمان بتوانین ئەو کەسە بدۆزینەوە کە خۆشمان دەوێ.
ستیڤان: دەزانی منیش هیچ کات لە مردن ناترسم، لەو سامناکیی و بێدەنگییە دەترسم لە مەرگدا خۆی حەشار داوە، باشتر لە خۆم دەزانی سەرباری رەشبینییەکەم چەندە ژیاندۆستم، بەڵام لە راستیدا مەرگ پشوویەکی جاویدانییە!. من بەم تەمەنە کەمەوە بەجۆرێک هەست بە ماندووبوون دەکەم، دەڵێی هەزار ساڵە لە دایکبووم و کێو بە دەرزی شی دەکەمەوە!، بۆیە جارێک نوسیبووم مەرگ رزگارکەرە. تەنیا لە یەک روانگەوە لە مەرگ دەسڵەمێمەوە چی وزە و چالاکیی هەیە دەیوەستێنێت. پێم خۆشە کاتێک بمرم حەوسەلەی نووسین و عەشقم نەمابێت، خۆم دەخوازم لە وەها کاتێکدا بمرم، چوونکە نووسین و عەشق بۆ من داینەمۆی بەردەوامین لە ژیاندا.
لیزا: دەزانیت شتە زەحمەتەکان زۆر شیرینن، بۆ نموونە ژیان.!
——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون

Previous
Next
Kurdish