Skip to Content

لە ناوێک دەگەڕێم .. سروشت نەوزاد

لە ناوێک دەگەڕێم .. سروشت نەوزاد

Closed
by تشرینی دووه‌م 30, 2020 General, Poems

من لەساڵە ڕۆیشتووەکاندا کێ بووم؟
بەبێ پەردە دەمبینیت
دەمبینیت بەسەر لمی کەنار دەریاکان ڕات دەکرد
کڵاویان فریودەر بوون
ئەو ژوورانەی دەتبینین و نادیارییان نا ئاشنات بوون
ساڵەکانیش ئاوێنەی شکاوی دەریان
لە ڕوخساریان ڕادەمێنن، چاوی ڕونیان نادۆزنەوە
زیندوان بەنێو تەمی داگیرساوی شاران
کات بە نەمری جێدەهڵێن
نهێنیش پەردەی ئەستووری ڕوانینە و
ئەو ژورانەش نا ئاشنایە
کڵاویان بەبەر خۆرەوەیە و کڵپەیان لەژێر سێبەردایە…

.
پیاسەی دێرینم بە ڕووی بایە/ ئاگر مارشی دەستەکانمە و جەنگ کراسى بۆماوەیمە/ چەشنی بەندەری وەجاخ کوێر، نهێنی کەشتی ئاویمە. ژیانیش خەونێکی چۆڵە دەیبینم/ چەشنی شارێک لەبەر ئاوێنە کە
ڕاماوە و شەقامەکانی خۆی دەناسێتەوە…

لە ڕێگاکان بەجێماوم
هەنووکە پیاوێک لەسەر لمی کەنار دەریا وەستاوە
نیگای بەسەر ترپەی شینی ئەو شیناییە دێرینەدا ڕاخستووەو
لە یادەوەری دەڕوانێت…
من لە ساڵە ڕۆیشتووەکاندا کێ بووم؟
بەبێ پەردە دەیانبینیم
دەیانبینیم بەسەر لمی کەنار دەریاکان ڕام دەکرد
کڵاویشیان فریودەر بوون
ئەو ژوورانەی دەمبینین و نادیاریان دۆستانم بوون
ساڵەکانیش ئاوێنەی کراوەی دەریان
لە ڕوخساریان دەڕوانین و چاوی ڕوونیان دۆزینەوە…
بە نێو تەمی داگیرساوی شاران
کات بە نەمری جێدەهێڵم
ئەی شەوی شێداری ماتەمینم!
لێرە منیش نامێنمەوە
بەسەر لقی درەختەکان
باڵندەکان دەمێننەوە و
ئاوازی شێدار دەخوێنن
ئاسمانی شین دەمێننەوە
ئەستێرەکان ئێوارانیش، سەمای دڵخوازیان دەژەنن
ئەوانەی منیان خۆشدەویست، دۆستەکانم لێرە دەڕۆن
کێڵگەکانم دەمێننەوە
هاوکات ئەو دارە بەڕوانەش
باران خەونیان بۆ ڕادەخات
بێ نهێنی و بێ بەندەران
دوور لە کێڵگە و بە بێ ئاسمان
بەبێ دۆست و بێ سەماکان
دواجار منیش لێرە دەڕۆم
بەبێ کڵپە دەمبینن و
باڵندەکانیش بەڵام
بەسەر لقی درەختەکان، باڵندەکان دەمێننەوە و
ئاوازی شێدار دەخوێنن.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish