بەرۆحم گەرم داتدەپۆشم ………..ستار ئەحمەد


بەیانییە
باسكم لەتەم هەڵدەكێشم
هەور دەكەم بەكراسێك
لەئاورێشم
پەلی نەرمە بایەك دەگرم
پێم خۆشە لەكۆشی نەرمی
ژیلە ژنی چیا بمرم
هەنگاوەكانم دەشكێنم
ریچكەیەك لەنوور وەردەدەم
ماچێك لەنێرگز دەسێنم
لەگەڵ شەكرە شیعرو بەفرا
بەتاریكی دەیپێچمەوە
شەوێك درەنگ بۆتی دێنم
رووناكی مانگ دەچنمەوە
لەتیلەی وردە ئەسرينما
بۆتەنیایی و بێداربوونت
لەژوور سەرت دەیسووتێنم
ترست نەبێت لەزرزیان و
دەستی سەرما
بەرۆحم گەرم داتدەپۆشم
چ مەشخەڵێكی گوڵڕه‌نگه‌
گڕكانی سەراپای لەشم