Skip to Content

گێڕانەوە لەنێوان هەقایەت و ڕۆماندا  … حەمە مەنتك

گێڕانەوە لەنێوان هەقایەت و ڕۆماندا … حەمە مەنتك

Closed
by شوبات 4, 2017 General, Literature, Slider

گێڕانەوەناسی (Narratology) وەکووو زانستێك لەگەڵ فۆرمالیستەڕووسەکان هاتە ناو بواری لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی، بەتایبەتی لەگەڵ توێژینەوە بەناوبانگەکەی ڕەخنەگر “ڤلادیمێر پڕۆپ” بەناوی (مۆرفۆلۆجیای هەقایەت)، لەوێدا ئەرك و کردەوەی کارەکتەری بۆ سیویەك ئەرك دیاری کرد. بەڵام وەکوو زاراوە یەکەم کەس ڕەخنەگر “تۆدۆرۆف” لە کتێبی (ڕێساکانی دیکامیرۆن)دا ئەم زاراوەیەی بە کار هێنا. لە تیۆری ئەدەبییدا گێڕانەوەناسی بە واتای پێكهاتەی گێڕانەوە دێت. لەسەر ئەم بنەمایە ئەم زانستە وەكوو پێكهاتەخوازەكان لەو زمانە ئەدەبییەی سەرشارە بە ڕەمز و هێما، كە لە ناوەوەی دەقدا هەن، دەكۆڵێتەوە. لێرەدا لێكۆڵینەوەكانی گێڕانەوەناسی لەسەر بنەمای سیمیۆلۆژیانە دەبێت. واتە هەوڵێكە بۆ دۆزینەوەی پێكهاتە، یان ڕێسای زمانی گێڕانەوە و دەرهێنانی واتا. ڕەخنەگرێكی وەكو “مەككاریك” دەڵێت: ((گێڕانەوەناسی كۆمەڵێ ڕێسایە لەبارەی ژانرەكانی گێڕانەوە، پێكهاتە و سێستەمی ڕێساكانە بەرانبەر گێڕانەوە/چیرۆك و پێكهاتەی پلۆت.))١ لەم بۆچوونەیشدا پێداگرییە لەسەر هەمان ناوەڕۆك و شێوازی گێڕانەوەی دەق دەکرێ. نابێ ئەوەیشمان بیر بچێ گێڕانەوەناسی ڕیشەی بۆ بۆچوونەكانی هەریەك لە “ئەفلاتوون” و “ئەرەستۆ” دەگەڕێتەوە. هەرچەندە ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بەرباسی بدەین، جیاوازی گێڕانەوەناسییە وەكوو زانستێكی نوێ، کە لەگەڵ پەیدابوونی بۆچوونی بونیادگەرەكان لە ڕەخنەی ئەدەبییدا دەردەكەوێ، لەگەڵ گێڕانەوە وەكوو شێوازە كۆنەكەی لە ئەفسانە و هەقایەتی فۆلكلۆرییدا هەیە. بۆ ئەم مەبەستەیش ڕۆمانی (کوڕەزاکەی زیتۆ)ی “محەمەد فەریق حەسەن” وەکوو کەرەسەی پراکتیکی وەردەگرین، کە ئایا تا چەند ڕۆماننووس ئەم دەقەی وەکوو ڕۆمان گێڕاوەتەوە؟ ئایا ئەم دەقە گێڕانەوەکەی تا چەند لەگەڵ ڕۆمان وەکوو ژانرێکی نوێی گێڕانەوە دێتەوە؟ وەرامی ئەم پرسیارانە و چەند پرسیارێکی دیکە هەوڵدەدەین بدۆزینەوە.

ئاشکرایە گێڕانەوە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، لەوەتەی مرۆڤ هەیە، گێڕانەوەیش هەیە. بەڵام پرۆسێسەی گێڕانەوە بەپێی سەردەمەکان و ڕووداوەکان گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە. تاکوو بەم سەردەمەی ئێستا لە قالبی ژانری ڕۆماندا خۆی بینیوەتەوە. مرۆڤ بۆ شتەکان، ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە؟ بە بڕوای من بەهۆی دوو هۆکار ئەم کارە دەکات. یەکیان هەمیشە مرۆڤ شتێکی بۆ گوتن پێیە، دەیەوێ بیگەیەنێ. لێرەشدا لە کاتی گەیاندندا بیرکردنەوە و خەیاڵی خۆی تێکەڵ دەکات. ئەویدیکەیان هەمیشە دەیەوێ شتێك کەشف بکات، چونکە نووسین جۆرێکە لە کەشفکردن.

گێڕانەوە لە سەرەتادا لە قالبی ئەفسانە و دواتە هەقایەت و سەرهاتی فۆلکلۆری خۆی پرۆسێسە دەکرد. گێڕانەوە بە گشتی بە هۆكارێكی گرینگ بۆ مرۆڤ دادەنرێ، ئەویش بۆ ئەوەی بیركردنەوە و یادەوەرییەكانی خۆی تێدا بپارێزێ. لە كۆنیشەوە ئەمە بەردەوامی هەیە. مرۆڤ كاتێك لە ڕاو و شكار گەڕاوەتەوە، چیرۆك و بەسەرهاتەكانی خۆی بۆ منداڵەكانی گێڕاوەتەوە. خۆ بیرمانە تا ئەم دواییانەیش داپیرە و باپیرەكانمان لە شەوانی زستاندا چیرۆكیان بۆ دەگێڕاینەوە. گێڕانەوەی ئەم چیرۆكانە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر بیركردنەوە و خەیاڵی منداڵدا هەبووە. بۆ نموونە لە هەقایەتی فۆلکلۆرییدا زۆرجار بە ڕستەی (هەبوو…نەبوو) دەکەوین، ئەمە یەکێکە لەو ڕستە جادوویانەی مرۆڤ ناچار بە گوێگرتن دەکات. واتە وەگێڕ پێمان دەلێت: دانیشە و گوێبگرە تا چیرۆکێکت بۆ بگێڕمەوە. بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی ڕۆمان بۆ نموونە (دۆن کیشۆت)ی “سێرڤانتس” شێوازێکی دیکە لە گێڕانەوە پەیدابوو، کە ڕۆمانە. ئەم ژانرە تازەیە لە گێڕانەوە لەگەڵ ڕۆمانەکانی “ئالان ڕۆب گرێ، ناتالی سارووت، سیمۆن دۆبوڤوار” شێوازی دیکەی وەرگرت، کە بە ڕۆمانی نوێ ناسراوە. کەواتە هەر دەقێك، مادام لەسەر بەرگەکەی نووسرا (ڕۆمان) دەبێ وەکوو دەقی ڕۆمان شتەکانمان بۆ بگێڕێتەوە. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە ڕۆمانی نوێ کۆمەڵێ یاسا و قالبی هەبێت، نەخێر بەڵام کۆمەڵێ پیوەر و بنەمای هەیە، کە جیای دەکاتەوە لە گێڕانەوەی هەقایەت و ئەفسانە. دەقی (کوڕەزاکەی زیتۆ) لەسەر بەرگەکەی نووسراوە ڕۆمان، بەڵام لە دەمی خوێندنەوەدا دەدەکەوێ گێڕانەوەیەکی سادەی هەقایەتئامێزە. ئەم دەقە باس لە کوڕێك بەناوی (ئالان) دەکا، دوای خاپوورکردنی گوندەکەیان و بردنی خەڵکی گوندەکەیان لەلایەن سووپای “ساندای خان/سەدام” و ئەنفالکردنیان، بە تەنیا لە چیای (کاردۆخ) دەمێنێتەوە و دەژی بۆ هێنانەدی خەونی باپیری، ئەویش بەرپاکردنی شۆڕشە لە دژی سووپای “ساندای خان”. لە کاتی خوێندنەوەی دەقەکەدا ڕێك دەقی (ڕۆبن هوود)م بیردەکەوتەوە، هەمان شێواز و پاڵەوان و جووڵە و تیروکەوان و ئەسپ. لەلایەکی دیکە ئەم دەقە ڕووداوەکانی هێندێ جار بە شێوەیەك بە ئەفسانە کراون، فەزای دەقەکەی وەکوو ڕۆمان کوشتوە و بەرەو دەقێکی هەقایەتئامیزی بردووە. ڕاستە ڕۆمان دەتوانی فەنتازیا و ئەفسانەی لەگەڵ تێکەڵ بکرێ، وەکوو ڕۆماننووسای ئەمریکای لاتین، کە بە ڕەوتی (ڕیالیزمی جادوویی) ناسراوە، ئەنجامیان داوە، بەڵام ئەمەیش پێوەری خۆی هەیە، دەبێ قەناعەت بە خوێنەر بکەیت.

دەسپێكی دەقەکە هێندە لاوازە خوێنەر نازانێ بۆچی ئەم دەسپێکە هەیە! تەنانەت بە بروای من پەرەگرافی یەکەم لە دەسپێکەکە زیادەیە و بە لابردنی هیچ لە دەقەکە ناگۆڕێ. ((لە تەنگی بانگی شێواندا، سابرینێکی سپیی سڵی لە تاڵان دەربازبوو، کە هێشتا گەلە گورگ سووسەیان نەکردووە. بە پارێزەوە، لە نەدیوی پشت گرد و کێوانەوە سەرهەڵدێنێ. لە بستووی پشت ئاوایییەوە، بۆ وێرانە دێ دەڕوانێت. سابرێنێکی سپیی سڵ، بە دوو قۆچی ڕەشی لوولەوە، چەند دەگەڕێت و چاو دەگێڕێت، ناچێتەوە سەر دەرگانەی خۆی. نە دەنگی نرۆڤێک دەبیستێ، نە بۆڕە و باعەی ئاژەڵێك، گوێی تەنیا لە شەققەی سمەکانی خۆیەتی، لە فەزایەکی چۆڵ و سامناکدا دەنگدەداتەوە. دەپرینگێتەوە، لە حەشمەتا، یەك بە خۆی لە باڕژن دەدات و وێڵی دۆڵ و کێوان دەبێت.))٢ دەسپێک وەکوو کلیلێکی دەق، بە یەکێك لە شیوازە زمانییەکان بۆ تێگەیشتنی دەق دادەنرێت. لەم دەقەدا ئەم دەسپێکە جوودا لەوەی هیچ درامییەکی تێدانییە، هیچ پرسیارێک، وەستانێكی تێدا نییەم تاکوو خوێنەر لەگەڵ خۆی ببات. من لە پەرەگرافی دووەمەوە چەندین جار دەستم بە خوێندنەوە کرد، هەستم نەکرد، ئەم پەرەگرافەی سەرەوە نووقسان بێت، بەڵکو زۆر ئاسایی بوو. دەسپێک لە ڕۆماندا هێندە بایەخی هەیە، سەرەتایەکە بۆ بردنی خوێنەر لەگەڵ خۆی. ((دەسپێکی هەر ڕۆمانێك بوارێکە بۆ گرێبەست لەگەڵ خوێنەر، دەسپێک سێ ئامانج لەخۆ دەگرێت: هەواڵدان، گرینگیدان و ئاماژە لەبارەی ناسنامەی دەق.))٣ کەواتە لە دەسپێکدا زەمینەسازی بۆ خوێنەر دەکرێت، لەوێدا هەوڵێک، ئاماژەیەك بۆ ناوەڕۆکی دەقەکە دەکرێت. بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەر دەسپێکی چەند ڕۆمانێك دەنووسم بۆ ئەوەی جیاوازییەکەی بۆ ڕوون بێتەوە. ((
ڕاپۆرتی نهێنی ١٢٥/٦٥
بۆ: بەڕێوەبەری پۆلیس)) [ڕۆمانی: پڵنگەکانی کافکای مواسیر سکلیر] لەم ڕۆمانەدا خوێنەر یەکسەر دەپرسێ: ئەم ڕاپۆرتە چییە؟ لەبارەی کێیە؟ ((شازادە ئحتجاب لە کورسییە نەرمەکەیدا پاڵی دابۆوە، ناوچەوانی گەرمی خستبووە سەر دوو ستوونی دەستی و دەکۆکی. جارێک کارەکەرەکەی و جارێک ژنەکەی هاتنە سەر.)) [ڕۆمانی شازادە ئحتجابی هۆشەنگ گوڵشیری] ((خوایە تۆ لەوێی؟ منم، مارگرێت. ئەمڕۆ ئێمە بار دەکەین. خوایە من زۆر دەترسم. من هەرگیز لە هیچ شوێنێکی تر نەژیاوم ئێرە نەبێ.)) [ڕۆمانی خوایە تۆ لەوێی؟ منم مارگرێتی جودی بلووم] ئەم دەسپێکانە جوودا لەوەی هێڵی درامی هونەری بەرزیان تێدایە، هاوکات هەوڵێك، ئاماژەیەك دەدەنە خوێنەر. خوێنەر ڕاستەوخۆ بە دەقەکە دەبەستنەوە، بۆ ئەوەی بەردەوامی بە خوێندنەوە بدات. بەڵام لە (کوڕەزاکەی زیتۆ)دا جوودا لەوەی دەسپێکێکە زیادە، هاوکات زەمینەسازی بۆ خوێنەر تێدا نییە. دەسپێکێکە خاسیەتێکی وتاربێژی تێدایە. وتاربێژییەکی زۆر لەم دەقەدا هەیە، بە ڕادەیەك کاریگەری لەسەر لایەنی هونەری دەقەکە کردووە.

ئەم وتاربێژییە هەوڵێکە بۆ ئەوەی تەنیا بەردەوامی بە گێڕانەوە بدات. بە بڕوای من یەکێک لە خاسیەتە هەرە دیارەکانی هەقایەت گێڕانەوەیە، بەڵام ڕۆمان دەبێ شتەکان پیشان بدات، نەك بیانگێڕێتەوە. ئەمەیش وا دەکات دەق نەبێتە هۆکار و وەسیلە بۆ گواستنەوەی پەیام، هەرچەندە دەقی هەقایەت دەقێکە هۆکارە بۆ گواستنەوەی شتەکان. “ئالان ڕۆب گرێ” لەم بارەیەوە دەڵێت: ((چیرۆك و ڕۆمان وەسیلەی گواستنەوە نین، تەنانەت وەسیلەی گوتنیش نییە “واتە وەسیلەی بەر لە ڕاستی یان ئەو پرسیارانەی، کە دەیەوێ بیانڵێت”. ڕۆمان بە بڕوای ئێمە تەنیا توێژینەوەیە و بەس، بەڵام توێژینەوەیەك کە نازانین لەبارەی چییە و چۆنە.))٤ لێرەدا هەموو خەمی نووسەر دەبێتە ئەوەی چۆن ئەو پەیامەی بگەیەنێت. بۆ ئەمەیش پەنا بۆ شتگەلی وەها دەبات، کاریگەریان لەسەر لایەنی فۆرم و چۆنیەتی پیشاندانی شتەکان دەبێت. لەم دەقەدا وتاربێژییەکی لە سنوور بەدەر هەیە، ئەمەیش وایکردوە زۆرترین پەنا وەبەر هونەری وەسف ببات. کاتێك باسی چیا، یان بەفر، یان ئەسپەکەی دەکای هێندە وەسفەکان درێژن خوێنەر هەستدەکات تەنیا بۆ درێژکردنەوەی پرۆسێسەی گێڕانەوە ئەم وەسفە درێژانە کراون، چونکە زۆربەی وشەکان هاوواتان، ئەمەیش خوێنەر بێزار دەکات. ۆ نموونە کاتێک باسی وێرانبوونی گوندەکەیان دەکات. ((ئێستا، کە دوا ماڵی گوند ڕووخاون، کۆڵانەکانی شێواون، من هێشتا کۆتەڵی دێم لەپێش چاوە. ئا ئەوەیان کەلاوەی قوتابخانەکەیە، کە ئەوسا بە جۆش و خرۆشی ژیان جمەی دەهات. ئەوان یادیان بەخێر، ئەگەر لێیان زیندوو مابێت، مەگەر لە خەوندا شێوەی کۆنە هەوارەکەی خۆیان بکەن. مەگەر لە خەوندا وێنەی کەلەگی و پشت هەیوان، کادێن، پشتیر، باڵەخانە و ژێرخانی ماڵی خۆیان ببینن.))٥ دەبینین نووسەر ڕووخانی ماڵەکانمان نیشان نادات، شێوەی کەلاوەیی قوتابخانەمان نیشان نادات، بەڵکو هێندە وەسفێکی کردوە و تەواو، ئەمەیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی تەنیا مەبەستی گێڕانەوە بووە، نەك پیشاندان بە ڕۆمان.

نیشانمان نادات جۆش و خرۆشی ژیان ئەوسا چۆن بووە! خوێنەر ئەوکاتە بەشدار دەبێت و وێنەی ڕووخانی ماڵەکانی دێتە بەرچاو، کە شتەکانی پیشان بدرێت. ئەگەر تەنیا پەنا وەبەر گێڕانەوە ببەین، ئەوا دەقەکە بێ پێکهاتە و بناغە دەبێت. مەبەستمان لەم قسەیە ئەوەیە دەتوانی چەندین شوێن لەم دەقەکە لاببەیت بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر پێکهاتە و پەیکەرسازی دەقەکە دروست بکات. لە زۆر جێدا پێوەندییەکی تەواو لەنێوان پەرەگرافەکانیشدا نامێنی. ئەم بێ پەیکەرییە وا دەکات، نووسەر گرینگی بە هێندێ وشە و ڕستە بدات، لێرەدا خوێنەر زەینی تەنێ لەسەر ئەو وشە و ڕستانە دەبێت، وشە و ڕستەکانی دیکە وەلا دەنێت. بۆ نموونە لەم دەقەدا وشەی چیا، بەفر، ئەسپ، ئاگر، دارستان، ناوی کوردی وەکوو: ئالان، لهۆن، هێلان زۆر گرینگیان پێدراوە و وەسفی زۆریان کراوە. ئەم وشانە لەناو دەقەکەدا زۆر زەق کراونەتەوە، خوێنەر زەینی تەنێ بەو وشانە پێوەست کراوە. بەڵام لە ڕۆمانی نوێدا هەموو شتەکان، کارەکتەرەکان، کردەوەکانیان خوێنەر هەست دەکات بە کۆی ئەوانە کاریگەریان لەسەر خوێنەر هەبووە. “گولشیری” لەم بارەیەوە دەڵێت: ((کاتێک ڕۆمانێکی باش دەخوێنمەوە، هەستەکەم، تەنێ ڕستەیەك، یان ڕووداوێك نییە کە بۆ خۆیم دەبات، بەڵکو هەموو ڕۆمانەکەیە سەرنجم دەبات.))٦ هەموو ئامانجی نووسەر ئەوەیە پەیامێک بگەیەنێ، کە گوندەکانی کوردستان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە وێران کراون و خەڵکەکەی لە بیابان ئەنفال کراون. وەسفکردنی تاکی کوردە وەکوو پاڵەوان، وەسفکردنی ناوچەکانی کوردستانە وەکوو بەهەشت، وەکوو ئەوەی میللەتی کورد بەشێوەیەکی زۆر تایبەت دروستکرابن. دەمەوێ بڵێم هەستێکی ناسیونالیستی هێندە بەهێز باڵی بەسەر هەست و بیرکردنەوەی نووسەردا کێشاوە، نووسەر بێ ئاگا دەبێ لەوەی ئەم هەستە کاریگەری لەسەر فۆرم و شێوازی نووسینی دەقەکە دەبێت. هەمان ئەو شێوازەی ڕۆماننووسان و نووسەرانی سەردەمی ڕزگاریخوازی کورد، ئەوانیش ئایدیۆلۆژیا و هەستی کەسییان بەسەر دەقدا زاڵ دەبوو، بۆیەیش دەقەکانیان لە ڕووی هونەرییەوە لاواز دەبوو. لێرەدا، مەبەستمان ئەوە نییە، کە ڕۆمان دەبێ خاڵی بێت لە ئایدیۆلۆژیا و هەستی ناسیونالیستی، نەخێر دەمەوێ بڵێم نابێ دەق بخرێتە خزمەتی ئایدیۆلۆژیا و ئەو جۆرە هەستانە، چونکە کاریگەری لەسەر لایەنی هونەری دەقەکە دەبێت.

ئەم دەقە بەشێوەیەک فانتازیا و ئەفسانەی تێدا مەزرێندراوە، دەقەکە پتر لە هەقایەت، نەك ڕۆمان دەچێت. لە ناوەڕاستی سەتەی بیستدا، کۆمەڵێ لە نووسەرانی ئەمریکای لاتین لە نموونەی: گابریێل گارسیا مارکیز، خوان ڕۆڵفۆ، سامۆدیۆ، کۆرتاسار، کارلۆس فۆینتس و خۆرخی بۆرخیس…تاد، سوودیان لە ئەفسانە و هەقایەت و ئەدەبیاتی فۆلکلۆری میللەتەکانیان بۆ نووسینی ڕۆمان وەرگرت. بەمەیش ڕەوتێك بە ناوی ڕیالیزمی جادوویییان هێنا ناوەوە. ئەمەیش واتای ئەوە نییە هەمان شێوازی ئەفسانەیان بۆ ڕووداوەکان بە کار هێنابێت، بەڵکو ئەوان واقیعیان بەشێوەیەکی جوان و سیحراوی گێڕاوەتەوە.
لە ژیانی ڕۆژانەشدا زۆر جار بەر ڕووداو و شتی وەها دەکەوین هێندە سەیرە هەر لە سیحر دەچێت. واتە ((ڕیالیزمی سیحری ئەو شتە نییە، کە لە ڕێگەی سیحرەوە بگۆڕدرێت، بەڵکو ئەو شتەی کە هەیە و جێی سەرسوڕمانە.))٧ بەڵام لەم دەقەدا (کوڕەزاکەی زیتۆ)، هێندێ جار ڕووداوەکان وەها بە ئەفسانە کراون، هەموو پێوەندییەکی لەگەڵ واقیع پچڕێندراوە. کەچی لە ڕۆمانی نوێدا هەرچەندە ڕووداوەکان جار جار بە ئەفسانە دەکرێن، بەڵام ڕۆماننووس نابێ بهێڵێ سەرەداوی ئەو ڕووداوە لەگەڵ واقیع بپچڕێت. بۆ نموونە لە ڕۆمانی (پیدرۆ پارامۆ)ی “خوان ڕۆڵفۆ” مردوو قسە دەکات، بەلام بە شیوەیەك مەزرێندراوە تا کۆتایی ڕۆمانەکە، خوێنەر نازانێ ئەو کەسە مردووە، بەڵام لەم دەقەدا هەر لەسەرەتای ڕووداوەکەوە دەردەکەوێ ئەو ڕووداوە بە تەواوی بە ئەفسانە کراوە، چونکە هیچ زەمینەسازییەکی بۆ نەکراوە. بۆ نموونە کاتێك (لالەوەیسی) یەکسەر دەڵێ من کەمێکی تر دەمرم. ((ئەها، تۆ هەروا سەرنج بدە. خۆ ئەو داڵاشە شوومانە دەبینی؟ ئەوانە بۆنی مەرگی منیان کردووە! بە تەمان ئەمڕۆ بە لاشەکەم شادبن و چاوانم هەڵکۆڵن! ئەم زنجیرە چیایەی تۆ دەبینی، وەك چۆن نیشتمانی هەڵۆیە، داڵاشیشی زۆرە. خۆم دەزانم من ئیتر دواییمە. بۆیە بەم سەرمایە لە چەم خۆم پاك پاك شۆری.))٨ خوێنەر مافی خۆیەتی بپرسێ: چۆن ئەم کارەکتەرە زانی ئەو ڕۆژە دەمرێت؟ ئایا تەنیا بینینی داڵاش وەکوو هێمایەك بۆ ئەم مەبەستە بەسە؟ ئێمە دەزانین لە واقیعدا کەس ڕۆژی مردنی نازانێ، ئەوەیشمان لەبیرە ئەمە ڕۆمانە، نەك ژیانی واقیع، بەڵام نووسەر بۆ ئەوەی وا لە خوێنەر بکا بە ئاسایی ئەمە وەرگرێت و سەرنجی ببات، دەبێ ڕایەڵەیەك لەنێوان واقیعبوونی ئەو ڕووداوە لەگەڵ ڕازاندنەوەی بە شێوەی جادوویی دروست بکات، چونکە پەنابردنە بەر فانتازیا واتای فڕێدان و دوورکەوتنەوە لە واقیع نییە، بەڵکو ڕووداوەکە، یان ئەو واقیعیە ڕۆماننووس لەناو ڕۆماندا دروستی دەکات، بەشێوەیەکی سیحراوی نیشانی دەدات. ڕووداوی ڕزگاربوونی (ئالان) کارەکتەری دەقەکە لە قەڵا.
ڕووداوێکی تەواو پاڵەوانبازانەیە، بەشێوەیەك ئەم ڕزگاربوونانە تەنێ لە ئەفسانە هەقایەتەکاندا هەیە. تەنیا بە کەسێکی وەکوو: هێرقل، سوپەرمان دەکرێت. سەرەتا با بزانین چۆن وەسفی قەڵا کراوە. ((گۆڕەپانێکی شوورە بۆ کراو، قەڵایەك لە ناوەڕاستیدا بەرز هەڵچووە. لەوێوە قەڵاداران ئەو دەورووبەرەیان خستۆتە بن چاودێری خۆیان. دەروازەیەکی دوودەری. کە بواری هەیە دوو سوار بە شانی یەکەوە پێیدا ڕەتبن.)) پاشان با بزانین (ئالان) بە چ شێوەیەک لەم قەڵا سەختە ڕزگاری دەبێت. ((ئالان بە سواری ئەسپەوە، گورزە لە پاشکۆیەوە، گەیشتنە بەر دەروازەی قەڵا.

لەوێوە ئەسپ بازێکی بەرز و بەرینی بەسەر دەروازەی قەڵادا داو ئەودیوبوو، لە دەرێی قەڵا چوارپەلی نیشتنەوە سەر زەوی.))٩ ئەوە پێشتر سەگەکەی (ئالان) چەند کارێکی پاڵەوانبازی کردووە، وەکوو خۆی هەڵداوەتە سەر سەربازێك و تیروکەوانەکەی خاوەنەکەی لێ سەندۆتەوە و بە دەم خەنجەری پاڵەوانی لەسەر مێزی بەردەم سەرلەشکر هەڵگرتووە.
ڕۆماننووس بۆ ئەوەی قەناعەت بە خوێنەر بکات، دەبێ ڕووداوەکە سیحراوی نەك ئەفسانەیی نیشان بدات. ڕۆماننووس بۆ دروستکردنی ڕۆمانەکەی سەرچاوەی یەکەمی واقیعە، ژیانی کۆمەڵەکەیەتی، بەڵام دەکرێ لەناو ڕۆمانەکەدا بەهۆی تێکەڵکردنی خەیاڵەوە ئاڵۆزییەك بئافرێنێت، سیحرێک بە رووداوەکان ببەخشێت. سنووری نێوان خەیاڵ و واقیع وەها تێکەڵ ببن، نەتوانی بە ئاسانی لە یەکیان جوودا بکەیتەوە. بەڵام لەم دەقەدا بە ئاسانی دەزانین ئەم کردەوەیەی (ئالان) بۆ دەرچوون لە قەڵاکە دەیکات، تەواو ئەفسانەیی و پاڵەوانبازانەیە. کەواتە ئێمە تەنێ سنووری فەنتازیامان لێ دیارە. نووسەر نەیتوانیوە بەشێوەیەك ئەم فانتازیایە پیشان بدات، کە کاریگەری لەسەر زەینی خوێنەر هەبێت. دەبینین ئەم شێوازە ئەفسانەییە تەواو تێکەڵی ڕەهەندی دەقەکە نەبووە، ئەمەیش وایکردوە دەقەکە پتر لە هەقایەت نەك ڕۆمان بچێت.

زەقکردنەوەی ڕووداوەکان بەو شێوە ئەفسانەیییە، وایکردوە کارەکتەری ڕۆمان وەکوو پاڵەوانێك، نەك کارەکتەر دەرکەوێت. بە بڕوای من ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هەستی ناسیونالیستی و کاریگەری هەقایەتی فۆلکلۆری کوردی هێندە بەسەر زەین و بیرکردنەوەی نووسەردا زاڵبووە، لە هێندێک شوێن نووسەر ئەوەی بیرچۆتەوە ڕۆمان دەنووسێ. جوایەزی نێوان کارەکتەر و پاڵەوان ئاشکرایە. پاڵەوان شتگەل و کردەوەیەك ئەنجام دەدات لەسەرووی توانای مرۆڤەوەیە. لە ئەفسانەکانی سۆمەری و بابلی و یۆنانییەکان پاڵەوانەکان بەرهەمی جووتبوونی نێوان خواوەند و مرۆڤە. واتە نیوەیان خواوەندە، بەمەیش توانایەکی بەدەریان هەیە.
لە هەقایەتیشدا هەمان شێوە، بەڵام پاڵەوانەکان ڕەگەزی مرۆڤن و کردەوەی لە توانابەدەر ئەنجام دەدەن. بەڵام لە ڕۆماندا کارەکتەرمان هەیە، کارەکتەرێک لە گۆشت و خوێن. کردەوەکانی بەپێی باری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و ڕۆشنبیریی ئەنجام دەدات. واتە کردەوەیەك ناکا لە سەروو توانای مرۆڤەوە بێت. هیچ یەك لە کارەکتەرەکانی ڕۆمانی (سەت ساڵ تەنیایی)ی “مارکیز” ئاوا پاڵەوانبازی ناکەن، بەڵکو لە دەمی خوێندنەوەدا خوێنەر هەست دەکات، مامەڵە لەگەڵ مرۆڤگەلێكی واقیعی دەکات. لە ڕۆمانی (پیدرۆ پارامۆ)ی “ڕۆڵفۆ” زۆربەی کارەکتەرەکانی مردوون و قسە دەکەن، بەڵام وەها هونەریانە کاریان لەبارەوە کراوە، یەکسەر نازانێ ئەوانە مردوون. ئەمەیە پیشاندان، نەك گێڕانەوە. ڕووداوەکانی ناو دەقی (کوڕەزاکەی زیتۆ) گێڕانەوە، یان هەقایەتە لەبارەی کوڕیژگەیەکی کورد. ئەم دەقە ئاوڕی لە زۆر لایەنی کلتووریی و نەتەوەیی مێژوویی داوەتەوە، بەڵام ڕۆنەچۆتە ناو ئەو بوارانە، بەڵکو هەوڵیداوە وانەمان فێر بکات، لێرەوەیە ئەم دەقە دەچێتە قالبی گێڕانەوەی هەقایەت، نەك ڕۆمان. نایەڵێ لەگەڵ کارەکتەرەکان بژین. مەزراندنی ئەفسانە، مێژوو، کولتوور لەناو ڕۆماندا کارێکی ئێستاتیکیانەیە، بەڵام نابێ ببێ بە کتێبێکی فێرکاری. بەهۆی ئەم پاڵەوانبازییەوە خوێنەر زۆر جار وێنەکانی بۆ لێک نادرێت. ئاخر چۆن دەبێ پاسەوانانی قەڵا تفەنگیان بە دەستەوە بێت، کەچی پاڵەوانی دەقەکە بە ئەسپێکەوە و تیروکەوانێکەوە بتوانێ لەسەر شوورای قەڵا بازبدات و دەرچێت. هیچ ڕایەڵێکی لۆژیکی و قەناعەتپێکەر بە خوێنەر نادات. دەمەوێ بڵێم ئەم ڕووداوەی بە ئەفسانە کردووە، نەك بە شێوەیەکی سیحری نیشانمان بدات.

لێرەوە دەگەمە ئەو باوەڕەی ئەم دەقە، پتر دەقێکی گێڕانەوەیی هەقایەتئامێزە، نەك ڕۆمان، چونکە وێنەکانمان نیشان نادات، بەڵکو دەگێڕێتەوە. بەڵام ئەوەی جێی سرنجی من بوو، کوردییەکی ڕەوان، زمانێکی بێ گرێوگۆڵ لەناو دەقەکەدا هەبوو، ئەمە یەکێک لە هۆکارەکان بوو، کە دەتەوی بەردەوامی بە خوێندنەوەی دەقەکە بدەیت. چەندین وشەی کوردی تێدا بە کاربردووە، بەتایبەت ئەو وشانەی تایبەتن بە ژیانی گوند و چیا و دەشتوکێو، ئەمە هەوڵێکی باشە بۆ پاراستنی ئەو وشانە لە مردن.

———————————————-

پەراوێز و سەرچاوەکان:

١. ایرنا ریما مکاریك، دانشنامە نظریەهای ادبی معاصر، ترجمە:مهران مهاجر و محمد نبوی، نشر آگە،تهران، ١٣٨٤،ص١٤٩.
٢. محەمەد فەریق حەسەن، کوڕەزاکەی زیتۆ، ڕۆمان، چاپخانەی مەحوی، سلێمانی، ٢٠١٦،ل٥.
٣. فانسون جوف، شعریە الروایە، ترجمە: لحسن احمامە، دار التکوین للتالیف والترجمە والنشر، دمشق،٢٠١٢، ص١٩.
٤. آلن روب گرییە، من می نویسم تا بدانم چرا می نویسم: (وظیفە ادبیات، مجموعە مقالات، ترجمە: ابوالحسن النجفی، انتشارات نیلوفر، چاپ سوم،١٣٨٩، تهران،ص٩٤).
٥. محەمەد فەریق حەسەن، کوڕەزاکەی زیتۆ، ل٦.
٦. هوشنگ گلشیری، باغ در باغ، جلد اول، انتشارات نیلوفر، چاپ سوم،تهران، ١٣٨٨، ص٢٦٩.
٧. حسێن سابیر عەلی، ڕەنگدانەوەی ڕیالیزمی سیحری لە ڕۆمانەکانی کاکەمەم بۆتانی دا، بەڕێوەبەرێتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، سلێمانی، ٢٠١٢، ل٥٩.
٨. محەمەد فەریق حەسەن، کوڕەزاکەی زیتۆ، ل١١١.
٩. محەمەد فەریق حەسەن، کوڕەزاکەی زیتۆ، ل١٩٦.

Previous
Next
Kurdish