Skip to Content

گرنگییەکانی چالاکییەکانی قوتابخانە بۆ منداڵان.. رەزا شوان

گرنگییەکانی چالاکییەکانی قوتابخانە بۆ منداڵان.. رەزا شوان

Closed
by ته‌مموز 1, 2017 General, Kids Literature

لە ئەمـڕۆدا قوتابخـانەی بنەڕەتی، شوێنێک نییە تەنها بۆ فێرکردن و بۆ فێربوون و بۆ وەرگرتنی زانستی و جۆرەکانی زانیاری، بەڵکو شوێنی پێگەیاندنی نـەوە لە دوای نەوەیە.. کاری قوتابخانە پەروەردەکردن و فێرکردن و ئامادەکردنی منداڵانە لە هەموو قۆناغەکانی تەمەن و خوێندندا، بە زانیاری گشتی هەمەچەشنە و بە پێویستییەکانی ژیانێکی دروست ئاشنایان دەکا، تابتوانن لە ئەمڕۆ و لە داهاتووشدا دەربەرن و بە شێوەیەکی دروست گەشەبکەن و پێبگەن، رۆڵیکی سوودبەخش و ئەرێنیش لە نێو کۆمەڵدا بگێڕن، بڕواشیان بە تواناکانی خۆیان ببێ و، بە گەشبینییەوە لە ژیان و لە داهاتوو بڕوانن، خۆڕاگربن و بتوانن بە ئازایی و بێباکییەوە رووبەڕووی هەموو ئەو گرفت و تەگەرە و بەرهەڵستییانە ببنەوە کە دێنە رێی ژیانیان.
پێویستە ئەوە بزانین کە ئاستی رۆشنبیری و زۆرزانی و چاوکـراوەیی منداڵانی ئەم سەردەمە، لە سایەی شۆڕشی تەکنۆلۆژیا و گڵوبالـیزم و بە سەدان داهێنانی سەیر و سەمەرە، جیاوازن لەگەڵ ئاستی منـداڵانی سەدەی بیستەمین دا.. هیـوا و ئاوات و خـەون و پێویستییەکانیشیان هەمان هیـوا و خەونی منداڵانی نەوەی پێش خۆیان نین.

ئامانجی قوتابخانەی کلاسیکی ئەوەبوو کە زۆرترین زانیاری بئاخنێتە هۆشی قوتابیان، بەڵام قوتابخانەی نوێ، ئامانجی گەشەکردن و بنیاتنانی کەسایەتی دروستی قوتابیانە، لە هەموو بوار و روویەکەوە، بۆ ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوو ئامادەیان دەکا. (مەکسیم گۆرگی) دەڵێ:” پێویستە زانیاری لە خزمەتی ئەندێشەی منداڵان دا بێت، واش منداڵان رابهێنێ کە بیر لە داهاتوو بکەنەوە” لە پەروەردەی کلاسیکیدا، پرۆگرامی فێرکردن و خوێندن دیاریکراو و سنوورداربوو. دەبوایە قوتابیان لەگەڵ پرۆگرام و بەرنامەکانی خوێندندا خۆیان بگونجاندایە. بێ ئەوەی گوێ بە توانا و خواست و بە بەهـرە و ئارەزووەکانیان بدرێ، گوێشیان بە جیاوازی نێوان منداڵان نادا، بە درێـژایی وانەکانیش، مامۆستایانی وانەبێژ تەوەری سەرەکی وانەوتنەوە بوون، بواریان بۆ قوتابییەکانیان نەدەهێشتنەوە، تا را و بۆچوون و سەرنج و تێبینییەکانیان دەربڕن، یا رەخنـەبگرن و پێشنیاربکەن. بەڵام لە ئەمڕۆ و لە پەروەردەی نوێدا، منداڵان بە هەنـد دەزانن و، پرۆگرامی خوێندن بە پێی پێویستی و خواست و ئارەزوو و قۆناغەکانی تەمەن و گەشەکردن و ئاستی تێگەیشتنی قوتابیان دادەڕێژن.. قوتابیانیش تەوەری سەرەکی وانەکانن، بە ئازادی و بە راشکاوی گوزارشت لە هەست و سۆز و لە هـزر و لە ناخی خۆیان دەکەن، رێز لە را و بۆچوون و سەرنج و رەخنە و لە هیواخۆشی و لە پێشنیارەکانیان دەگرن.. (جۆن دێوی) دەڵێ:”منداڵ ئەو خۆرەیە کە هەموو دەزگا پەروەردەییەکان بە دەوریدا دەسووڕێنەوە”
کەچی تا ئەمڕۆش هەندێ لە کادیرانی پەروەردە و مامۆستایانی وانەبێژ لە چوارچێوەی پەروەردەی کۆن و لە رێبازە کلاسیکییەکانی وانەوتنەوە دەرنەچوونە و، بە لایانەوە چەمکی وانەوتنەوە، دەبێ لە بازنەی پرۆگرامی بڕیاردراو دەرنەچێ.. بە پێوەرێکی سواویش فێرکـردن و فێربوون هەڵدەسەنگێنن.. ئەم بڕوا و فەلسەفەیەش، وانەوتنەوە بچووک و بەرتەسک دەکاتەوە.. ئەم وانەبێژانە نابەڵەدن و بێئاگان لەوەی کە ئەرکی پەروەردەی نوێ و پرۆگرامەکانی نوێی خوێندن، بنیاتنان و گەشەکردنی کەسایەتی قوتابیانە، لە رووی جەستەیی و دەروونی و هـۆش و کۆمەڵایەتی و سۆزداری و نیشتمان پەروەرییەوە، تا ببن بە هاوڵاتیانی دڵسۆز و باش و سوودبەخش.. بێگومان بۆ ئامانج گەلێکی هەستیار و گرنگی ئاوهاش، پێویستیمان بە گۆڕانکـاری ریشەیی هەیە، گۆڕانکاری لە رەفتارەکانی قوتابیان، پێویستیمان بە کادریرانی پەروەردەیی بەڵەد هەیە، پێویستیشمان بە ئامادەکردنی مامۆستایانی وانەبێژی نوێخـواز و فرەزان و شارەزای پەروەردەی نوێ و، شارەزای شێوازە تازەکانی فێرکـردن و وانەوتنەوە هەیە.. ئەگینا پەیام و ئامانجەکانی پەروەردەی نوێ بەرجەستەنابن.

چاڵاکییەکانی قوتابخانە چین؟

تا ئێستا چەند پێناسەیەک بۆ چالاکییەکانی قوتابخانە کراون، کە لەیەکەوە نزیکن، وەک:
چالاکییەکانی قوتابخانە، بریتین لە پراکتیزەکردنی فێربوون، کە قوتابیان لە میانەیاندا دەتوانن هەموو توانا و بەهـرە خەفەکردووەکانیان، بە شێوەیەکی دروست و ئاراستەیی، بە تاقیکردنەوە بە کاریان بهێنن، هەل بۆ قوتابیان دەرەخسێنن، کە ئەو جۆرە چالاکییانە هەڵبژێرن، کە لەگەڵ توانا و خواست و ئارەزووەکانیاندا دەگونجێن.
پێناسەیەکی تر، چالاکییەکانی قوتابخانەکان، ئەو بەرنامە تەسەلەیە کە قوتابیان لەگەڵ بەرنامە و پرۆگرامی خوێندندا، بەشداری لەداڕشتنیدا دەکەن،، قوتابیانیش بە ئارەزووی خۆیان روویان لێدەکەن، لە رێیانەوە ئامانجە دیاریکراوەکانی پەروەردە دێنەدی.
(فەرمانگەی زانیاری ئەمریکی) ش، بەم شێوەیە پێناسەی چالاکییەکانی قوتابخانە دەکا: “ئەو بەرنامانەن کە بەسەرپەرشتی و ئاراستەکردنی قوتابخانە جێبەجێ دەکرێن، ئەو بابەتانەیان لەخۆگرتوون کە پەیوەندییان بە ژیـان و بە چـالاکییە هەمەجۆرەکانی قوتابخانە و بە بابەتەکانی خوێندنەوە هەیە، یا بە لایەنی کۆمەڵایەتی و بە ژینگە و بە یانەکانی وەرش و موزیک و شانۆوە هەیە، یا پەیوەندییان بە بابەتە چاپکراوەکانی قوتابخانەوە هەیە”
لە ئەمڕۆدا، چالاکییەکانی قوتابخانە بوونە بە بەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن، بوونە بە گیانێک لە دوو جەستەدا، بوونە بە بەشێکی پێویست و گرنگ لە ژیانی قوتابیان دا.. پسپۆرانی بواری پەروەردەش پێیان وایە، کە ئەم چالاکییانە، کۆڵەکەیەکی گرنگن لە کۆڵەکەکانی فێرکردن و فێربوون و خوێندندا، لە بنیاتنانی کەسایەتی و بەهـرە و شارەزاییەکانی قوتابیان.. بە شێوەیەکی ئەرێنی و دروستیش ئامادەیان دەکەن، تا تێکەڵ بە کۆمەڵگا ببن.
بێجگە لە زاراوەی(چالاکییەکانی قوتابخانە) چەند زاراوەیەکی کەش، بۆ هەمان مەبەست بەکاردەهێنرێن، وەکو:( چالاکییە پرۆگرامییە زیادەکان) و (چالاکییەکانی دەرەوەی پـۆل)

ئامانجەکانی چالاکییەکانی قوتابخانە:

زۆرن ئەو ئامـانج و مەبەست و سوودانەی، کە لە سایەی چالاکییە هەمەجۆرەکانی قوتابخـانەدا دێنەدی، بە کورتی ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لەو ئامانجە گرنگانە:
١ـ چالاکییەکانی قوتابخانە، یارمەتی و ئاراستەی قوتابیان دەکەن بۆ گەڕان و دۆزینەوە، بۆ دەرخستنی توانا و بەهرە و ئارەزوو و بیرۆکەکانیان، بۆ گەشەکردن و کارکردن بۆ پێشکەوتن و باشتربوون.
٢ـ هەل بۆ راهێنانی پراکتیکی دەڕەخسێنن، بۆ بە دەستهێنانی توانای تازەگەری و داهێنان و لەبەرگرتنەوە.
٣ـ بوار بۆ قوتابیان دەڕەخسێنن، بۆ ئەوەی چێژ و خۆشی لە کاتەکانی پشوودان و پەرژانیان وەربگرن و بۆ ئەنجامدانی کاری باش بیان قۆزنەوە.
٤ـ راهێنانی قوتابیان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسێتی، بۆ بەرجەستەکردنی رووحی هاوکاری و راوێژکردن و یەکترقبووڵکرن و رێزگرتن لە را جیاوازەکانی هاوڕێکانیان.
٥ـ هێنانەدی هاوسەنگی لە نێوان پەروەردەی رووحی و جوانی دا، لە نێوان زانستی و رۆشنبیری دا.
٦ـ چالاکییەکانی قوتابخانە، هەندێ باری دەروونی نەرێنی چارەسەردەکەن کە دووچاری هەندێ لە قوتابیان دەبن، وەکو شەرمکردن، دوودڵی، گۆشەگیری، خەمناکی، ترس، بڕوالاوازی، خۆپەرستی، دڵتەنگی، کەمدوویی، …هتد.
٧ـ بە کۆمەڵایەتیکردنی قوتابیان و بەستنەوەیان بە ژیان و داب و نەریتی کۆمەڵەوە. پەیوەندی برایەتی و خوشکایەتی و هاوڕێتیش خۆشتر و بەهێزدەکەن.
٨ـ پەروەردەکردنی قوتابیان لەسەر بیرکردنەوە و داهێنان و نەخشەکێشان و پلان دانان و بەرنامەڕێژی و کارکردن و رێکخستن و دیاریکردنی ئەرکەکان و رۆڵ و بەرپرسێتی.
٩ـ راستکردنەوەی کۆمەڵێک هەڵە و هەڵسوکەوت و رەفتار و، ئاراستەی نەخوازراو.
١٠ـ بەدەستهێنای تەندروستییەکی باشی جەستەیی و دەروونی.
١١ـ مەستبوونی قوتابیان بە پێویستییەکانیان و، بە حەز و ئارەزووەکانیان.
١٢ـ چالاکییەکانی قوتابخانە بڕبڕەپشتی بنیاتنانی کەسایەتی قوتابیانن، رایاندەهێنن بۆ سەرکردایەتیکردن و رابەری هاوڕێکانیان لە میانەی گروپ و لە لیژنە پێکهاتووەکاندا.
١٤ـ قوتابیان فێری ئەوەدەبن، کە چاکە و پیاوەتیان لەدەستبێ، فێری ئەوەش دەبن کە بەرژەوەندە گشتییەکان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان، بڕواشیان بە هاوکاری و هەروەزی و بە ئەنجامدانی کاری بەکۆمەڵ دەبێت.
١٥ـ ئەو لێکوڵینەوە پراکتیکییانەی کە لەم بارەیەوە ئەنجامدراون، ئەوەیان سەلماندووە کە چالاکییەکانی قوتابخانە رۆڵێکی ئەرێنیان لەسەر فێرکردن و پەروەردەکردنی دروست و، لەسەر رەوشت و رەفتارەکانی منداڵان هەیە، ئاستی خوێندنیشیان باشتربووە.
١٦ـ قوتابیان لەسەر ئەوە رادێن کە خۆیان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن.
١٧ـ هەست بە جوانی دەکەن و جوانیخواز دەبن لە هەموو چالاکییەکانی قوتابخانەدا.
١٨ـ لە پێناوی وەرگرتن و زیادکردنی زانستی و زانیاری گشتییان.. دەبنە ئاشنایانی کتێبخانە و بە هـاوڕیانی کتێب و، خوێندنەوەیان لا شیرین دەبێ.
١٩ـ گەشبین و بڕوابەخۆ دەبن و متمانەیەکی زیاتریشیان بە تواناکانی خۆیان دەبێت.
٢٠ـ قوتابیان لە میانەی چالاکییەکانەوە، فێری بەخشین و وەرگرتن دەبن.
٢١ـ راهێنانی قوتابیان لەسەر بەرجەستەکردنی دیموکراتی و فرەڕایی لە ژیانیاندا.
٢٢ـ منداڵان لە رۆشنبیری یادکردنەوەوە، دەگۆڕێن بۆ رۆشنبیری داهێنان.
٢٣ـ لە میانەی چالاکییە هەمەچەشنەکانی قوتابخانەوە، گیانی ململانێ و پێشبڕکێ دروست و رەوشت و رووحی وەرزشی و قبوڵکرنی ئەنجامەکان لایان بەرجەستەدەبن.
٢٤ـ بە هۆی چالاکییەکانەوە، دیاردەی نەهاتن و دابڕان و وازهێنان لە خوێندن و لە
قوتابخانە کەمتر دەبنەوە.
٢٥ـ زۆر لە پیاوان و لە ئافرەتە هەڵکەوتووەکانی جیهان.. سەرەتای هەوڵ و تاقیکردنەوەکانیان، بۆ بەشداریکردنیان لە چالاکییەکانی قوتابخانە دەگەڕێننەوە.
جۆرەکانی چالاکییەکانی قوتابخانە:
جۆر و شێوەکانی چالاکییەکانی قوتابخانە چ بە کۆمەڵ و چ بە تاک زۆر زۆرن، جگە لە چالاکییە ناسراو و باوەکان، ساڵ لە دوای ساڵ چۆست و چالاکی نوێ دێنە ریزبەندیی چالاکییەکانەوە، ئەم زۆری و هەمەچەشنەییەش لە پەروەردەی نوێ دا، بۆ دابینکردن و مەستکردنی خواست و ئارەزوو و پێویستییەکانی قوتابیان و جیاوازی تاک، گرنگییەکی زۆریان هەیە.. هەر چالاکییەکیش گروپێک لە قوتابیان بە سەرپەرشتی مامۆستای پسپۆر و شارەزای ئەو بوارە چالاکییەکانیان ئەنجامدەدەن.. زۆر بە کورتی و بە چڕی بۆ نموونە هێنانەوە و، ئاماژە پێدان، گرنگترین چالاکییەکانی قوتابخانە ـ ئەگەرچی هەر هەموویان گرنگن ـ بەم شێوەیە پۆلین کراون:

١ـ چالاکییە رۆشنبیرییەکان:

ئەم چالاکییانە، رادەیەکی لەباری زانیاری رۆشنبیری بە قوتابیانی ئارەزوومەندی ئەم بوارە دەبەخشن، توانای زمانەوانی و دەربڕین و گوزارشتکردنیان گەشەدەکات.. هانیشیان دەدات کە بە ئازاییە رووبەڕووی جەماوەر ببنەوە.. گرنگترین گروپ و لیژنە و چالاکییەکانی بوارەکانی رۆشنبیریش لە قوتابخانەدا:
( گروبی کتێبخانەی قوتابخانە، گروپی وێنەگرتنی فۆتۆگرافی، گروپی کوڕ و سمینار، گروپی پێشبڕکێی رۆشنبیری و ئەدەبی و بۆ خوێندنەوەی هۆنـراوە و چـیرۆک و پەخشان، گروپی رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوی سەر دیوار، گروپی گەشت و گوزار، گروپی بەڕێوەبردنی ئیستگەی رادیۆی قوتابخانە ـ گەر ئیستگەی رادیۆیان هەبێ ـ سەردانی کتێبخانەی گشتی، سەردانی مۆزەخانەی شار، پێشکەشکردنی شانۆگەری پەروەردەیی و زانیاری و خۆشی و کۆمیدی، پێشکەشکردنی سروودی کوردی لەکاتی ریزبوونی پێش دەستپێکردنی خوێندن، پێشکەشکردنی هۆنراوە و پەخشان لە لایەن قوتابیانەوە لە کاتی ریزبووندا، …هتد)

٢ـ چالاکییە وەرزشییەکان:

قوتابخانە لانکەی وەرزشە، چەندین وەرزشوان و پاڵەوانی ناسراوی وەرزشی لە رێی قوتابخانەوە پێگەیشتوون.. پەروەردەی وەرزشی لایەنێکی زۆر گرنگە لە چالاکییەکانی قوتابخانە، ئامانجی گەشەکردنی تەواوی قوتابیانە، تا ئەو ئاستەی کە ببن بە مرۆڤی لەش تەندروست و، سوودبەخش و لێبووردە و بڕوایان بەخۆیان هەبێت و، خۆڕاگربن و، ئەرکەکانیان بەدیبهێنن.. چالاکییە وەرزشییەکان قوتابیانی وەرزشوان لە گرژی و لە هەڵچوون و لە دڵتەنگی و لە وزەی پەنگخواردوو رزگـاردەکەن، لە رووی جەستەیی و هۆش و دەروونەوە، بە شێوەیەکی تەواو و هاوسەنگ قوتابیان پێدەگەیەنن، دەیانخەنە سەر ئەو بڕوا و درووشمەی کە (هۆشی دروست.. لە لەشی دروست دایە) مامۆستای پەروەردەی وەرزشی سەرپەرشتی هەمو چالاکییە وەرزشییەکان دەکات. گرنگترین گروپەکانی چالاکییە وەرزشییەکان ئەمانەن:
(گروپی تیپە وەرزشییەکان بۆ یارییەکانی ـ تۆپی پێ، سەبەتە، باسکە، تۆپی دەست، تۆپی سەر مێز، گروپی بەشداریکردن لە یارییەکانی نمایشی ساڵانەی گۆڕەپـان و مەیدان، گروپی دیدەوانی و خێوەتگا، یاری و پێشبرکێی نێوان پۆلەکان و قوتابخانەکان، گروپی سڵاو و هەڵکرنی ئاڵای کوردستان، گروپی مەلەوانی، گروپی جیمناستیک،..هتد)

٣ـ چالاکییە زانیارییەکان:

چالاکییە زانیارییەکان، ئەو بوارەیە کە هەل بۆ قوتابیان دەڕەخسێنێ، تا بە کردار ئارەزووە و حەزەکانیان بەرچەستەبکەن، چەمکی بیرکردنەوەی زانیارییان لا قووڵتربێت.. بواری ئەوەشیان بۆ دەرەخسێنن، کە لە رێی بەرنامە تیۆرییەکان و پراکتیکییەکانەوە توانـا و بەهـرەکانیان دەربخـەن.. گرنگترین بوارەکانیشیان:
(چالاکیی کۆمپوتەر، تاقیکردنەوەی زانیاری، گەشی زانیاری، بە ڤیدیۆ، پێشاندانی ژیانامەی زانایان، یا بابەتی زانیاری،…هتد)

٤ـ چالاکییە هونەرییەکان:

بریتین لە کۆمەڵێک چالاکی و کاری کرداری هونەری لە نێو قوتابخانەدا، کە لە دیدی قوتابیانی بەهرەمەند خۆیانەوە ئەو جوانییانەیان هەڵهێنجاندوون و لە تابلۆ و پەیکەرە هونەرییەکانیاندا بەرجەستەیان کردوون.. سوودیش لەو کەرەستە خاوانە وەردەگرن کە لەژینگەکەیاندا هەن، چالاکییە هونەرییەکان گەشە بە هۆشیاری هونەری قوتابیان دەکەن و، ئاستی داهێنانیان بەرزدەکەنەوە و، بە شارەزایی نوێی هونەری دەوڵەمەندیان دەکەن. ئەو کەسە بەهرەمەندانەش دەردەکەون کە خاوەنی بەهرەی هونەریی جیاوازن. گرنگترین چالاکییە هونەرییەکانیش:
(کردنەوەی پێشانگای قوتابخانە، بەشداریکردن لە پێشانگای ساڵانەی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شار، کاری چنین، کاری دەستی، کردنەوەی پێشانگای تایبەتی، سازدانی پێشبڕکێی وێنەکێشانن، دیزاینسازی، رۆژی نمایشی کەل وپەلی فۆلکلۆری کوردی.. دانانی تیپی موزیک و سروود و گۆرانی کوردی، دانانی گروپی شانۆی قوتابخانە)

٥ـ چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان:

ئەو چالاکییانەن وا لە قوتابیان دەکەن، کە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی سەرشانیان لە کۆمەڵدا بزانن، پەیوەندیی هاوڕێتییان گەشە دەکات، خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ گەل و نیشتمانەکەیان شیرینتر دەبن، خۆشەویستی و رێزی کار و کرێکاران لە دڵیان دەڕوێن.. رەفتارە کۆمەڵایەتییەکان بە دروستی گەشەدەکەن، فێری راستگۆیی و دڵسۆزی دەبن، روحی خوشکایەتی و برایەتی و هاوڕێتی لە لایان شیرینتردەبن. چالاکییە کۆمەڵایەتییان لە کۆمەڵدا زۆرن، کرنگترینیان:
( سازدانی فێستیڤاڵی خۆشی، دانانی تیپی هەڵپەڕکێی قوتابخانە، بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان ماڵ و قوتابخانە، ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی رۆژی جەژنی نەورۆز، ئاهەنگێڕان و سازدانی چالاکی لە رۆژی جیهانی منداڵان، ئاهەنگێڕان لە رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بەرزڕاگرتنی رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، یادکردنەوەی رۆژی راپەڕین لە باشووری کوردستان، بەرزڕاگرتنی رۆژی شەهیدانی کوردستان، لەبەرکردنی جلی کوردی لە رۆژی جل و بەرگی کوردی دا، گرنگیدان بە رۆژی کتێبی منداڵان، یادکردنەوەی مەرگەساتی هەڵبەجە و، رۆژی کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدی کورد ـ ئەنفال، رێکخستنی ئاهەنگی ساڵانەی کۆتایی قوتابخانە،…هتد)
لە کۆتاییدا، ئەو چالاکییانە و چەندین چالاکی تر هەن، هەروەها مامۆستایان و قوتابیان دەتوانن چالاکی نوێ دابهێنن.. چالاکییەکانی قوتابخانەش، تێکهەڵکێشن و پەیوەندییان بە یەکترییەوە هەیە، هاوئامـانج و تەواکەری یەکترین.. ماوە ئەوەش بڵێین، پێویستە لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە گروپ و لیژنە چالاکییەکان دابنرێن، تا پێشوەخت بەرنامە بۆ کار و بۆ چالاکییەکانی قوتابخانەکەیان دابڕێژن.. ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی قوتابخانە، بە دڵسۆزی و هاوکارییەکی تەواوی نێوان مامۆستایان و قوتابیان دێنەدی.

رەزا شوان
نەرویـج: (٣٠ی/ یونی/٢٠١٧)

Previous
Next
Kurdish