Skip to Content

75 Views

وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منـداڵان … رەزا شوان

وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منـداڵان … رەزا شوان

Be First!
image_print

لەم ساڵانەی دواییدا، مۆدەی هونەری وێنەکێشان لەسەر دەموچاودا (فـەیس پنتـین) بە تایبەتیش لەسەر دەموچـاوی منـداڵاندا، بە شێوەیـەکی بەربـڵاو لە هەمـوو جیهاندا تەشنەی کردووە. لە شوێنە گشتییەکان و لە مۆڵەکان و لە ناوەنـدە بازرگانییەکان و لە باخچە گشتییەکاندا، تەنانەت لە ماگدۆناسەکانیشدا، لە بۆنەکانی جـەژنی لەدایکبوونی منـداڵان و لە بۆنە کۆمەڵایەتی و نیشتمانی و وەرزشییەکان و لە ئاهەنگەکانی باخچەکـانی منداڵان و قوتابخـانە بنەڕەتییەکاندا، یا لە (رۆژی جیـهانی منـداڵان) دا، وێنەکێشان بە بۆیەی رەنگاوڕەنگی ئاویی تایبەت، لەسەر رومەتەکان و دەموچاوی منداڵاندا بووە بە باو، بە مەبەستی خۆشی و شادی و گەشی و زەردەخەنە خستنە سەر لێوەکانی منداڵان.
منداڵان، کە وێنە لەسەر دەموچاویاندا دەکێشرێت، هەست بە خۆشی و شادییەکی زۆر دەکەن.. وەکو وێنەی: گوڵ، پەپولە، هەنگ، چۆلەکە، هەڵۆ، دەموچاوی پشیلە و شێر و پڵنگ، یا کاراکتەرە ناسراوەکانی فیلمە کارتۆنییەکان، پیتەکـان و نووسین،…هتد.

لە ئێستادا مێژوونووسان و زانایانی دەروونناسی، وێنەکێشان لەسەر دەموچاودا، وا لێکدەدەنەوە، کە بۆ سەرنج راکێشان و لاکردنەوە و خۆدەرخستنی کەسایەتییە.
(فـرۆید) پێی وایە:” وێنەکێشان لەسەر دەموچـاو یا لەسەر جەسـتەدا، بۆ هەستکردن و خۆنازینی خـودە”
لە ئەمڕۆدا وێنەکێشان لەسەر دەموچاو، لە نێوان مێردمنداڵان و گەنجاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبۆتەوە، بە تایبەتیش لە کاتی یارییە وەرزشـییەکاندا، لە نێوان بینەران و هەواداران و هاندەران و هیواخوازانی سەرکەوتن و بردنەوەی تیپە وەرزشییەکانی یانە ناسراوەکان یان یارییە نێودەوڵەتییەکانی فوتبۆڵ و یارییەکانی تری، کە بە زۆری وێنەی ئاڵاکـانی وڵاتەکانیان، بە بۆیەی ئاویی رەنگاوڕەنگ لەسەر رومەتەکانیان دەنەخشێنن، بەم شێوەیە گوزارشت لە هـاندان و لە پاڵپشتی تیپەکانی وڵاتەکـانیان دەکەن.

بێگومان دایک ناتوانێت لە بەردەم حەز و داواکردن و وڕکگرتن و گریانی منداڵەکەیدا بوەستێتەوە، کە دەبینێت منداڵە هاوتەمەنەکانی، وێنەی رەنگاوڕەنگ لەسەر رومەت و دەموچاویاندا کێشراون، منداڵەکەی ئەمیش وەکو ئەوان حەزی لێیە کە وێنەیەک لەسەر دەموچاویدا هەبێت. ناچار ئەو دایکە ملکەچی داوا و وڕکی کچـەکەی یا کـوڕەکەی دەبێت.. لە لای وێنەکێشێکی هونەری دەموچاو نەخشاندن، خواستی جگەرگۆشەکەی دێنێتە دی و دڵی خۆشدەکات.. گەرچی لەوانەیە کە زیانەکانیشی بزانێت کە چین.
لە زۆر لە وڵاتانی جیهاندا، هەندێک لە هونەرمەندانی سەرقـاڵبووی ئەم هونەرە، وێنەکێشان لەسەر دەموچـاوی منداڵان، بۆتە پیشەیان و مایەی پارە دەسکەوتنیان.. (رەفـۆ)ی هونەرمەندی وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منداڵان دەڵێت:” من ماوەی دە ساڵە وێنە لەسەر دەموچاوی منداڵان دەکێشم.. چەندین کلیشەی جیاوازم هەیە، وەکو وێنەی: ئاژەڵان، گوڵ، ئەستێرەکان، کاراکتەرە کارتۆنییەکان، پیتە ئینگلیزییەکان، لەسەر دەموچاوی منداڵان دەکێشم.. لە هەر بۆنەیەکدا نزیکەی (پەنجا وێنەی جیاواز) دەکێشم.. تێکڕا لە هەر (دە خولـەک)دا وێنەیەک دەکێشم.. (سی) رەنگی بۆیەی ئاوی بەکاردەهێنم.. بێجگە لە وێنەی تر، کە بە پێی بۆنەکان دایان دەهێنم و دەیان کێشم”
دەربارەی مێژووی سەرهەڵدانی هونەری وێنەکێشان لەسەر دەموچاو و (تاتـۆ) یاخود هێڵکاری و داکوتینی رەنگ لەسەر لەش، بە پێی ئەو بەڵگانەی کە بە لاشەی مـرۆڤە مۆمیاکراوەکانەوە دۆزراونەتەوە، مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە، بۆ چـاخی بەردین دەگەڕێتەوە، واتا چەندین هەزار ساڵ بەر لە مێژووی زاینییەوە هەبووە.. مرۆڤی کۆن لەسەر دەموچاو و قۆڵ و مەچەک و جەستەیاندا، وێنەی خۆر و مانگ و ئەستێرەکان و گوڵ و دڵ و باڵندە و ئاژەڵیان نەخشاندووە.. ئەوان باوەڕیـان بەوە هـەبوو، کە ئەم وێنانەی سەر لەشیان بەختیان بۆ دێنن و لە رووحـە پيس و شەڕانییەکـان دووریان دەخەنەوە.. هەر بە پێی بەڵگەی مێژوویی، ئەم هونـەرە لە نێو سۆمەرییەکان (کە بە رەچەڵـەک دەچنەوە سەر کورد و لە چیاکانی کوردستانەوە شۆڕبوونەوە)، چینییەکان، یابانییەکان، فەرعونییە میسرییەکان، بوونی هەبووە.
هونەری وێنەکێشان لەسەر دەموچاودا، لە شانۆی ئەوروپیشدا، بڵاوببۆوە، بۆ گوزارشتکردن، لە خۆشی و شادی یا لە ناخۆشی یا لە گرژی و مۆنی و تووڕەیی. لەسەر دەموچاوی ئەکتەرەکانیاندا، بە پێی مەبەست، وێنەی رەنگاوڕەنگیان دەکێشا.

دواتریش ئەم هونەرە، بوو بە دیاردەیەکی باو لەسەر دەموچاوی (قۆشمەچییەکان)ی نمایشەکانی سێرکەکـان.
لە چارەگی کۆتایی سەدەی رابردوودا، بەشێک لە هونەرمەندە وێنەکێشەکان، هۆگری وێنەکێشان لەسەر رومـەت و دەموچـاوی منـداڵان بوون، لە میانەی وێنەکێشانی کەسایەتییە کارتۆنیەکان و وێنەی داهێنانی تـازەی وەکو: فرۆکە و رۆکێت و ئۆتۆبیل، هەندێ داهێنانی تازەشیان خستە سەر شێوازەکان و بەکارهێنانی رەنگە ئاوییەکان و وێنەکێشانی سەر دەموچاوی منداڵان، تا لە هونەرێکی تازە بچێت.

بێسو دایکان و باوکان لەگەڵ ئەوەدا، کە بە هەموو هۆ و شێوە و شێوازێک خۆشی و شادی بخەنە دڵی منداڵەکانیانەوە.. بەڵام ناشێت ملکەچی زیدەنازیان ببن و هەموو خواست و داواکرییەکیان بۆ بهێنەدی.. پێویستە لە هەر هۆکـارێکی زیانبەخش بیان پارێزن، کە زیان بە تەندروستی ئەمڕۆ و داهاتوویان دەگەیەنێت.. لەوانەیە منداڵانی دڵپاک هەست بە زیانبەخشین و کارتێکردنی، گەلێ شتی جوان و بریقەدار لە رواڵەت و زیانبەخش لە ناوەڕۆکدا نەکەن.. دەشێ وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی ناسکیان، جوانی و خۆشییەکی زۆریان پێببەخشێت بەڵام لە هامان کاتیشدا زیانێکی زۆریان پێبگەیەنێت.

لە ساڵی (٢٠٠٩) دا دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی، لە بارەی وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منداڵان کە لە زۆربوونێکی فراوان دایە، ئاگادارکردنەوەیەکیان راگەیاند، لە بارەی زیان و کاریگەرییە خراپەکانی ئەو بۆیانە و فرشانەی کە لە وێنەکێشانی سەر دەموچاوی منداڵاندا بەکاردەهێنرێن، چ زیانی دەرەکییان لەسەر پێستی منداڵاندا هەیە کە هێشتا بە تەواوی گەشەیان نەکردووە، وەکو: سووربوونەوە، خوران، بیرۆ (ئەکـزیما)، هەستیاری پێست (حەساسییە) سەرئێشە، برین بوون، دومەڵ دەرکردن، کەمبوونەوەی تاوانا زانیارییەکان بە شێوەیەکی کاتی یا هەمیشەیی، لاوازبوونی بەرگـریی لەش، هەوکردنەوە، ئاوسان، گوڵە نەخۆشی (لەسەر رومەتەکان و دەوروبەری لووتـدا سووربوونەوەیەکی زۆر دروست دەبێت)، جەندین نەخۆشی تری پێست، تەنگە نەفەسی (رەبـۆ)، کەم خوێنی، کارتێکردن لە کۆئـەندامی دەمـاری.
بە کورتی دێینە سەر زیانەکانی بۆیەکان و فرشە بەکارهێنراوەکان بۆ وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منـداڵان.. کە لەم سێ خاڵەدا چڕمان کردوونەتەوە:
١ـ زیانەکانی ئەو ماددە کانزاییانەی کە لە پێکهاتەی بۆیەکـان دان:
لە ئەمڕۆدا بۆیەیەکی زۆری ئاوی و بۆیەی ئاسایی دار و دیوار، لەژێر چاودێریدا نین و وەکو پێوست پشکنینیان بۆ ناکـرێن، بە شێوەیەکی بازرگـانی دروست دەکـرێن و مەرجە پێویستییە تەندروستییەکانیان تێدا نین، ئاگـاداری و مێژووی بەرهەمهێـنان و مێژووی ئێکسپایەربوونیان لەسەر نییە، پسوولەی (ڤنگر بێت ) ی مارکەی جیهانیشیان لەسەر نییە، بە پێی ستاندارد نین، زانیاری چۆن بەکارهێنانیشیان لەگەڵدا نییە.. بۆیە گومـان لە ساغی و لە نەبـوونی مەرجە تەندروستییەکان لە ئەو بۆیە رەنگاوڕەنگانە دەکرێن.

زۆربەی ئەو بۆیانەی کە بۆ وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منداڵان بەکاردەهێنرێن، ناتەندروستین، ماددەی کیمیاوییان تێدایە، توخمی کانزای قورسیان تێدایە، لەوانەش توخمی (قوڕقـۆشم)، قوڕقۆشم لە سروشتدا هەیە، تا ئەمڕۆش پێکهاتەیەکی گرنگە، لە دروستکردنی گەلێ ماددە و پیشەسازیدا، وەکو: بۆیەکـان، بەنـزین، پێچانی وایـرەی کارەبـا، پاتری، گەلی شتی تریش.
ئەو بڕە قورقۆشمەش کە لەو بۆیانەدا هەن، سی هێندە زیاترە لە رێـژەی دیاریکراوی ئاسایی و دڵنیایی.. پشکنینەکان ئەوەیان سەلماند، کە لە هەر کیلۆگرامێکی ئەم بۆیانەی دەموچاوی مندالاندا (٢٦٠٠) ملیگرام قوڕقۆشم هەیە، کە بە رادەیـەکی زۆر رێـژەی دڵنیایی بێ زیانی رەتداوە، وەکو زانراوە کە رادەی ئاسایی (٩٠ملیگرم/ گیلۆگرام)ـە.
قوڕقۆشم ژەهـراوییە، لەوانەیە لە میانەی وێنەکێشان لسەر دەمووچاودا، منداڵانان تووشی خورانـدن و سووربوونەوە و هەوکـردن و نەخۆشییە هەستیارییەکـانی پێست ببن، دەشیش قوڕقۆشمی ناو ئەو بۆیانە، لە رێی خانەکانی پێستەوە بچێتە ژێر پێستەوە، منداڵان تووشی ژەهـراوی بوون بە قوڕقـۆشم ببن. قورقـۆشم هۆکـارێکیشە بۆ کارتێکردن خراپ لەسەر کۆئەنـدامی دەماری، مێشک، گورچـیلە، هـۆش، کەم خوێنی، لاوازی بیستن، دواکەوتنی گەشەکـردنی منداڵان.
بۆیە پزیشکە پسپۆرەکانی پیست، داودەکـەن کە ئەو بویانەی بۆ وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منداڵان بەکاریان دەهێنن، قەدەغەبکرێن و ئەوانەی لە ئێستاشدا لە بازاڕ و فرۆشگاکاندان، دەست بە سەریاندا بگرن و بیانکێشنەوە.

دەسەڵاتدارانی (هونگ کۆنگ) بە ئاگادارییەک، بە فـەرمی فـرۆشتنی هەموو ئەو بۆیە ئاوییە رەنگاوڕەنگانەیان قەدەغەکردن، کە بۆ وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منداڵان بەکاردەهێنرێن، دوای ئەوەی کە ئاشکرابوو، کە بڕێکی زۆری قوڕقـۆشمیان تێـدایە.
ئەگەرچی هەندێ لە وێنەکێشانی ئەم هونەرە، خۆیـان بۆیە رەنگاوڕەنگەکانی وێنەکێشانی سەر دەموچاوی منداڵان، لە بەروبوومی رووەکی و رۆنی سوک و بۆیەی خۆراکی دروست دەکەن، بەڵام ئەم رەنگانەش لە ژێر چاودێری و پشکنینی پسپۆراندا نین، هەموو مەرجێکی پێویستی تەندروستی و دڵنیاییان تێدا نییە.. بۆیە نابێت باوەڕ بەم بۆیانەش بکرێن.
وەکو وتمان لە بۆیەی دار و دیوارشدا، رادەیەکی زۆر قوڕقۆشم هەیە، پێویستە منداڵان لە دار و لە دیواری تازە بۆیەکراو دوور بخرێنەوە، لە وڵاتـانی رۆژئـاوادا، کە دیوار و چەپەر و شوورە و دەرگـای حەوش تـازە بۆێە بکەن، لە ئەمسەر و ئەوسەری دیوار یا شوورەکەدا، لەسەر دوو کارتۆن دەنووسن (تـازە بۆیـە کـراوە).. بە زۆری مەبەستیان ئەوەیە کە دەستی پێوەنەدەن، نەباکـا ئەو قوڕقـۆشم و ماددە زیانبەخشانەی کە لە پێکهاتەی بۆیەکەدان، زیـان بە پێستی ئەو کەسانە بگەیەنێت، کە دەستیان بەر بۆیەکە بکەوێت و بنووسێتە دەستییانەوە..

هەندێ باری تایبەتیش هەیە، کە لە رێی ئەو بۆیانەوە، منداڵ توشی و زیبکە و دومەڵ و دەموچاو سووربوونەوە و خوران دەبێت، لە دۆخێکی وادا، پێویستە ئەو منداڵە ببرێت بۆ لای پزیشک، تا دەرمـان و مەرهـەم و چارەسەری پێویستی بۆ بنووسێت.
٢ـ فرشەکان هۆکارێکن بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەکان لە نەخۆشەوە بۆ ساغ:
ئەو فرشانەی کە لە وێنەکێشانی سەر دەموچاوی منداڵاندا بەکاردەهێنرێن، بە زۆری مەرجی تەندروستییان تێدا نییە، هۆکارێکی گرنگن بۆ گواستنەوەی میکرۆبەکان و ڤایرۆسەکان و بیرۆ و تەنگەنەفەسی و لاوازی بەرگـری و نەخۆشییەکانی پێست، لە منداڵانی تووشبوو بەم نەخۆشییانە، بۆ منداڵانی تەندروست، بە تایبەتیش لە منداڵانی تووشبوو بە نەخـۆشییە درمییەکـان و درێـژخایەنەکـان.. چونکە زۆریەی وێنەکێشەکان، هەر هەمان فرشە بەکاردەهێنن و نایان گـۆڕن، بە باشی و بە جوانیش نایان شۆرن.
٣ـ پێویستە هەر منداڵێک بۆیە و فرشەی تایبەتی بە خۆی هەبێت: تا نەخۆشییەکان لە رێی فرشەی بەکارهێنراوەوە لە وێنەکێشان لەسەر دەموچاو لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر نەگۆازرێتەوە.. چونکە وێنەکێشەکان چەنـد جارێک هەمـان فـرشە بەکاردەهێنن و فرشەکانیان لە هەمان رەنگەکان هەڵدەکێشن و لە هەمان دەڤـری ئاودا، هەڵدەکێشن کە بۆ پاکردنەوەی فرشەکانیان دایان ناوە.
پزیشکە پسپۆرەکانی نەخۆشییەکانی پێست، چەند مەرجێکیان بۆ هـونەری وێنەکێشان لەسەر دەموچاوی منداڵان داناون، بۆ ئەوەی کە بۆیەکان و فرشەکان زیان بە منداڵان نەگەیەنن و تووشی نەخۆشییان نەکەن، لەو مەرجانەش:

١ـ بەکارهێنانی بۆیەی زۆر باش و کواڵێتی بەرز، ماددە هەستیارییەکانیان و کیمیاوییە زیانبەخشەکانیان تێدا نەبێت.. لە لایەن لەیەنە پسپۆرەکانیشەوە پشکنینی باشیان بۆ کرابن، مێژووی دروستکردن و کۆتایی بەکارهێنانیان بەسەرەوە بێت.
٢ـ جەختکردن و دڵنیابوون لە پاکی ئەو فرشانەی کە تایبەتن بە هەر منداڵێک.. فرشەی بەکارهێنراوی منداڵێک بۆ منداڵێکی تر بەکارنەهێنن لە وێنەکێشانی سەر دەموچاودا.
پێویستیشە فـرشەکـان نـەرم بن، رەق و دڕ نەبن، بۆ ئەوەی ئـازاری دەموچـاو و رومەتەکانی منـداڵان نەدەن.
٣ـ ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت، کە نابێت رەنگە تاریک و تۆخەکان بەکاربهێنرێن، وەکو رەنگی:(رەش و خـومی و قـاوەیی تۆخ) ئەم رەنگانە تیشکی خـۆر هەڵـدەمـژن.
٤ـ باشتر وایە دایکان لە دوای دوو کاتـژمێر، لە وێنە رەنگاوڕەنگە کێشراوەکانی سەر دەموچاوی منداڵەکانیان، لایبەرن و بە ئاوی پاک، پاک بیان شۆرن، هیێچ بۆیەیەک بە دەموچاویانەوە نەمێنێت.. نەباکا رەنگەکان شیببنەوە، لە خانەکانی دەموچاویانەوە بچنە ژێر پێستیانەوە و ببنە هۆکـاری ژەهـراوی بوونی پێـست.

لە کۆتاییدا، هیوای خۆشی و شادی و گەشی و زەردەخەنە بۆ منداڵە خۆشەویستەکانمان دەخوازین، رێگرییان لێناکەین، کە وێنە لەسەر دەموچاو و رومەتە ناسک و خڕەکانیان بکێشن، کە دەبینین منداڵێکی کوردمان بە بۆیەی رەنگاوڕەنگ ئاڵای رەنگین و پیرۆزی کوردستانیان لەسەر رۆمەتەکانی کێشـاوە، زۆر دەگەشێینەوە و دڵخـۆش دەبین.. بەڵام زۆر پێویستە لە وێنەکێشانی سەر دەموچاو و رومەتەکانی منداڵە جوانکیلەکـانمان لە بۆنەکاندا، بە پێی رێنمایی و مەرجە تەندروستییە باشەکان بن.. تا جگەرگۆشەکـانم لە تەندروستییەکی باشدابن و بە خۆشی بـژین.. چونکە گەلەکەمان چاوی بڕیوەتە منداڵانی نەوەی ئەمڕۆمان.. کە هیوای داهـاتووی کوردسـتانن.. تا بتوانن برین و ناسۆرییەکانی ئەمڕۆمان ساڕێـژ بکەن.. داهـاتوویەکی شیاوتـر بۆ کورد و کوردستان دابینبکەن.
(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە چەند سایتێکی عەرەبی و ئینگلیزی وەرگرتووە.

رەزا شوان
نەرویـج: ٤ی/ ئاپریل/ ٢٠١٨

Previous
Next

Leave a Reply