پاشماوه‌ …. ستار ئه‌حمه‌د


بڕوانه‌ سیمای خه‌زانیم
چۆن ترێی چاوانم وشك بووه‌
حه‌سره‌تم وه‌ك گه‌ڵا زه‌رد بووه‌
هه‌ناسه‌م دووكه‌ڵه
فرمێسكی لێده‌تكێ
رامێنه‌ له‌دڵم
شووشه‌ی سه‌ر مێزی ناكه‌سه‌
له‌گۆشه‌ی نه‌ناسا كپ ده‌شكێ
دڵم زارۆكی ئه‌نفاله‌
به‌ده‌می سه‌گه‌وه‌ له‌ت ده‌كرێ
مه‌راق له‌هزرم ده‌چۆڕێ
بۆ توێشووی راوكه‌رو
چه‌ته‌ی ئه‌و دیوی
سنووری غه‌در ده‌برێ
ئاونگی به‌یانیان
هه‌نسكی دایكمه‌
له‌قه‌دو باڵای
ئاڵاو خاك ده‌چۆڕێ
سه‌رم لوتكه‌ی ئه‌زمڕه‌
ناخم وجاخی شه‌هیدان
په‌لێكم له‌خۆرئاوایه‌
ئه‌وی دیم كوردستان
پۆشاكم كۆچباری باكووره‌
له‌باشور پاشماوه‌ی پشكۆیه‌
هه‌نگاوم كیژانی عه‌فرینه‌
هه‌ڵوێستم ته‌لبه‌ندی گڵكۆیه‌
ده‌ستێكم كه‌ناری و
ده‌سته‌كه‌ی تریشم هه‌ڵۆیه‌
چاوی راستم
كوانووی سووتانی خۆمه‌
چه‌پیشم
زیندانی ئه‌شكه‌نجه‌ی تۆیه‌
جه‌سته‌م خاكێكه‌ كه‌رت كراو
هه‌ناوم كانییه‌كه‌
تژییه‌ له‌خوێناو
من وێردی گیانه‌ڵای ویژدانم
خۆزگه‌م ” ئاواتم ”
تاسه‌م ” زمانم
نه‌خشه‌ی دورگه‌یه‌ك برینم
تابلۆی ژه‌هراوی
نێو شانه ی هه‌نگوینم