Skip to Content

شانۆگەری (لە سێدارەدان) … جه‌لال قادر

شانۆگەری (لە سێدارەدان) … جه‌لال قادر

Closed
by تشرینی دووه‌م 30, 2018 General, Literature

ئەو سای گەنج بووم لە کۆتایی ساڵی هەشتاکان. بوون بە ئەکتەر و چوونە سەر تەختی شانۆ خەونی من و برادەرێکی شیرینم بوو.
دەرهێنەرێکم ناسی لەدەڤەری سلێمانی هەرچەندە زۆربەی کات سەرخۆش بوو، بەلام کەسێكی ناوداربوو. چەندین جار داوام لێکرد هەرچۆنێک بێت دەورێکم بداتێ و تاقیم بکاتەوە.
دەرهێنەرەکە بەمەرجێ رازیبوو دەورم بداتێ کە پارەی مەشروب خواردنەوە و گەعدەی بۆ سازکەم. پێمووت : برادەرکەم لە بنەماڵەیەکی زەنگینە… دەورێکش بدە بەو تا بتوانین داواکارییەکەت جێبەجێ بکەین.
دەقی شانۆگەرییەکی نووسیبوو بەناونیشانی لە (سێدارەدان).
من دەوری جەللادەکەم دەبینی، برادەرکەشم زیندانییەک بوو کە دەبوو لە کاتی لە سێدارەدان ڕازی دڵی خۆی بەیان کات. لە پاش چەندین پرۆڤە، ڕۆژی نمایش دیاریکرا. من و برادەرەکەم لە دەورەکەی خۆمان زۆر لە خۆبایی بووبووین و لە خۆشیا نەماندەزانی چیبکەین!.

کاتێ چووینە سەر تەختەی شانۆ…هەموو شت ئامادەکرابوو. جەماوەرێک زۆر هاتبوون و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی نواندنمان بوون. دەرهێنەرەکەشمان لە پشتی پەردەوە عارەقی دەخواردەوە هانیدەداین کە لە دەقەکە دەرنەچین و نمایشێکی جوان بکەین.
لەسەر تەختەی شانۆ: پەتی سێدارەم بەست بە مڵی برادەرەکەمەوە و پێمووت : دوا وەسیەتت چییە بۆ ژیان؟
_ من قسەیەکم نییە بۆ ژیان…
+ چۆن دەبێت قسەت نەبێت، جەماوەر چاوەڕێی تۆ دەکەن و دەیانەوێت بزانن دوا هەستی مرۆڤ چییە پێش مەرگ!.
_ دەمەوێت جگەرەیەک بکێشم. هەرکە دوا قومم لە جگەرەکەدا تۆ کورسییەکە لەژێر پێم لابەرە و کۆتایی بەژیانم بهێنە.
جگەریەکم بۆ زیندانییەکە داگیرساند و دامە دەستی. لەپاش ئەوەی چەند قوومێکی لە جگەرەکەدا.
وتی : ژیان وەک جگەرەیە کێشان وایە هەر قوومێک و دوانی خۆشە پاشان دەبێت فڕیی بدەی.
کورسییەکەم لەژێرپێی لابرد. برادەرەکەم پێی کەوتە لەرزین و چاوی سوورهەلگەڕا و خنکا.
کاتێ دەستم بۆ سەر دڵی برد، هەستمکرد بەڕاستی مردووە. خێرا چوومە پشتی پەردە و هاوارمکردە سەر دەرەهێنەرەکە و پێمووت ؛ ئەوە تۆ چییتکردووە ئەو ئەکتەرەمان بەڕاستی کوشت.

دەرهێنەرەکە دەستی گرتم و لەگەل خۆیدا هێنامییە سەر تەختەی شانۆ.
پێکەوە پەتەکەمان لە مڵی برادەرکەم کردەوە، تەرمەکەی کەوتە خوارەوە.
دەرهێنەرەکە کە هێشتا بۆنی عارەق لە دەمی دەهات و مەستی بەری نەدابوو، حەبلەکەی کردە مڵمەوە و پێووتم : سەرکەوە سەر ئەو کورسییە و خۆت تاقی بکەرەوە.
هەرچەندە من دەمزانی کە ئەم دیمەنە لە دەقەکە نەبوو. بەلام لەبەرئەوەی برادەکەم مردبوو، سەرملێشێوا بوو ئاگام لە ڕەفتارم نەمابوو.
کە چوومە سەر کورسییەکە. دەرهێنەرەکە لێیپرسیم : لە دواساتەکانی ژیانت دەتەوێت چی بلێت؟
کەمێک بیرمکردەوە و وتم : دەمەوێت بڵیم کە هەمیشە ڕاستییەکان شاراوەن!.

لەم کاتە جەماوەر کەوتنە چەپڵە لێدان. دەرهێنەرەکە کورسییەکەی ژێرپێیمی ڕاکێشا. مڵم بە پەتەکەوە گیربوو دەمویست هاوارکەم و بڵێم کورە خنکام. دەنگم دەرناچوو بەلام گوێم لەگەل چەپڵەی جەماوەر دەزرینگایەوە.
لە دوا پەڵقاژێی ژیانم : تێگەشتم کە لەسەرەتاوە نەدەبوو ئەو دەورە ببینم!.

Previous
Next
Kurdish