Skip to Content

145 Views

حەکیم کاکەوەیس، بۆ کوردبوون بووە قەقنەس …  هەڵۆ بەرزنجەیی

حەکیم کاکەوەیس، بۆ کوردبوون بووە قەقنەس … هەڵۆ بەرزنجەیی

Be First!
by December 20, 2018 General
image_print


١٩٤٩ـ٢٠١٨
١٢/١٢/٢٠١٨

بەسەرکردنەوەی وێستگەی ژیان و گەشتی من لە پانتاییەی برایەتی و هاوبیرێتیم لەتەک کاک حەکیم کاکەوەیس دا بەدڵنیاییەوە سەختە، هەرگیز بە چەند وتەیەک کۆتایی پێ نایەت. بە واتایەکی دیکە، لێرەدا ناتوانم هەستونەستی خۆم بگوشم و هەرچی لەهەگبەمدا هەیە و دەیزانم و پێویستە بۆ خوێنەر نەخشی بکەم پێشکەشتان بکەم. هەر لەم سۆنگەیەوەیە لە پێشڕا داوای لێبووردن لە گیانی بێگەردی هاوبیر حەکیم و خوێنەرانی ئازیزیش دەکەم.

برا و هاوبیرەکەم، کاک حەکیم، نوێنەری ژانی بندەستی و مەینەتییەکانی کوردە، من دەزانم مەرگی چەپەڵ ناتوانێ چرای ناو و خزمەتی تۆ بەسانایی بسڕێتەوە و بکوژێنێتەوە. ئاگادارم باھۆزی ئەم تۆفان و پاییزە ڕەشە نەکارێ، باوەڕی تۆ بلەقێنێ، مەرگیش چەند بەھێز بێت، لە عۆدەیدا نییە دڵسۆزی و تێکۆشانی تۆمان لێ بزر بکات.
تۆ گەر ئەستێرەی ئاسمانێکی فراوانیش نەبوو بیت، لێ پرشنگی جوانیت جیھانێکی بەرینی بۆ ڕووناک کردینەوە. تۆ خەمێکیت چەند بتلاوێنینەوە زریکەی ئازاری نوێت لێ بڵند دەبێتەوە.

ئای چەند نەرم و ورد و لەسەرخۆ و قووڵ بیرت دەکردەوە و دەئاخفیت و ھەڵسوکەوتت دەکرد!.
ئای چەند چەوساندنەوەی نەتەوایەتی ببووە خەمە گەورەکەی ژیانت! تۆ برینێکی تیرئاوێ بوویت دەست بۆ ھەر شوێنێکت دەبرا، زریکەی لێ ھەڵدەستا.
لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن و کێڵانی باسگەلی بیر و هزر، گێڕانەوەی مێژوو، قسە لەسەر ئەدەب و ئایین، پرس و چیرۆکی نەتەوە و حیکایەتی سەربەخۆیی و بوونە دەوڵەت و ئابڕووی کوردبوون، ئەم ھەموو بابەتگەلە، کرۆکی باسە ھەمیشەیی و بێ بڕانەوەکانت بوون. تۆش وەک بابەگوڕگوڕ ئاگر و دوکەڵت لێ بەرز دەبۆوە. هاوبیرەکەم، باش دەرکت پێ دەکرا،کە خەمت قووڵ و ئازارت فرە بوو، چونکە تەواو تەواو لە ژان و ستەمی بندەستی گەشتبوویت، هەربۆیەکا بێ پەردەی شەرم و کۆسپی زمانن گرتن نەعرەتەی سەربەخۆییت دەچڕاند و نەفرەتت لە داگیرکەر و داگیرکاریی و ناپاکان و گێرەشێوێنان دەکرد. حەز و خواست و باوەڕی بنجیت، لە ژیانێکی پڕ لە ئابڕووی سەربڵندانە، لە” کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان” دا خۆی دەدییەوە.

ژانی کەرکووکت، وەک بەشێک لە پرسە نەتەوەییەکە، کوانووی بیرکردنەوەت بوو. کوردایەتیکردن ئامانجی ژیانت بوو. بۆ کوردبوون سووتاو و برژاو و ھەڵقرچایت و بوویتە پێناسەی خەم و ئازاری یەک نەتەوەی ٦٠ ملیۆنی و ئەم پرسە خەمۆکییەت، وەک کەشکۆڵ دابوو بە کۆڵت دا و بە جیهان دا دەتگێڕا. ئازاری بندەستی نەتەوەیەکت لە پریاسکەیەک دا جێی کردبۆوە و دۆزی کوردیشت کردبووە بنێشتەخۆشەی بن ددان و وێردی زمانت. بەچوارپەل و تێکڕای ئۆرگانەکانی دڵ و مێشک و دەروون و ھەستی ناوەکی و دەرەکییەوە بۆ کوردبوون و کوردایەتیکردن تێدەکۆشایت، تاوەکو بیر و قەڵەم و هەڵوێستت، وەک نووسەری ستەمدیدەیی و بەشمەینەتی نەتەوەکەت سەپاندیتی و ناساندیتی و مەدالیای ئەم ڕووسوورییەت بەدەست هێنا.

ئازیزان… ژمارەی برین و گرێ ئاڵۆزەکانی سەر سینەی کوردبوون، زۆر بوون . هەر بۆیە هاوبیر حەکیم، بەزوویی ڕۆحی لەگەڵ بیر و جەستەیدا، بەم کڵپەی ئاگرە، دەبوو خۆڵەمێش. ئاخر کەسم نەدیوە هێندەی حازر بەدەست، گڕ بگڕێ و لە چرکەساتێکدا ببێتە “قەقنەس” .
هاوبیر حەکیم عەشقی توانەوەی لە کوردبوون دا، پەڕوباڵی ھەڵپرووکاند بوو، کوردبوون گرفتاری دەردەکوردی کردبوو ھەڵسان و دانیشتن و ڕازانی، لە جۆلانەی خەم و ئازاردا ڕادەژینی و مۆسیقای بۆ ئاواتەکانی ئەو دیو سنوور و دیوارە بەردینەکان لێ دەدا و گۆرانی بۆ ژیانی تژی لە ئابڕوو و سەرفرازی و خەون و هیوا نەهاتووە دی و بێبڕانەوەکانی دەچڕیی!! .

ھاوبیر حکیم! باش دەیزانی کوردبوون چەند سەختە، باجی بانگاشەکردنی قورس و گرانە، داکۆکردن لێی ئاسان نییە، بەڕێوەبردنی دژوارە، گەیاندنی بە ئامانج سات و وەخت و پشوودرێژیی خۆی گەرەکە. ئا لەم سۆنگەیەوە بوو، کاکەوەیس ھەرگیز لەژیان نائومێد نەدەبوو، زۆر ھێمنانە لێ بەردەوام، بورکانێکی ڕک و کینی خەستی بەسەر داگیرکەران و ستەمکارانی ناوخۆدا، لای خۆی مۆل گل دەدایەوە و لەدەرفەتدا پێداهەڵدەڕشتن. بیر و ویژدان و قەڵەمی بوێری ڕێگەی نەدەدا ڕاستییەکانی لێ بگۆڕدرێ و ناھەق بکاتە ھەق و یاخود بەپێچەوانەوە.

ئای لە کاک حەکیم، ئەو پیاوەی هەموو مێژووی کوردی، وەک بەروانکەی ناندینەکەی لەبەر کردبوو. ئەو چ مرۆڤێک بوو!؟، لەناو دڵێکی زامداری نەخۆشی دا، عەشقی نەتەوەیەکی داڵدە و حەشاردا بوو. ڕووبەری نیشتمانێکی ٥٠٠هەزار کیلۆمەتری خێرا لە ڕوخساریدا شەوقی دەدایەوە. هاوبیر حەکیم، نا هەر لەبەرئەوەی کوردیزانێکی کەمهاوتا بوو، بەڵکو دڵسۆزێکی کەوێنەش بوو، بەعەرەبکردن و ڕاگوێزان چززەی لە جەرگ و هەناوی هەڵساندبوو، هەربۆیەکا لای ئەم چیرۆکی ئازارەکانی هەرگیزاو و هەرگیز بە کۆتایی نەدەگەیشت. کاتێ دەکەوتە گێڕانەوەی، هەر حەزت دەکرد لە دیوەخانی نیشتمان دا،چەشنی حیکایەخوانەکان،فوو لە ژیلەمۆی جەرگ و هەناوی خۆی و کورد بکات و جارجارە دەست و پەنجەیەکی نەرم بە ڕیشی ماشی برنجیشیدا بهێنێ و لە سیرەوە هەتا پیاز هەموو شتێکت بۆ بگێڕێتەوە. کاکەوەیس نەک لە جەهەنەم بەڵکو دۆزەخی ڕاستەقینەی جەهەنەمیش بگیرسێتەوە، ئەوا لەوێش ئامادەم ببمە هاوبیر و هاوڕێ و هاوچارەنووسی، ئاخر لەم بوارانەدا و لەتەک ئەودا، چ زیانێکم پێ نەگەیشت. مرۆیەکی تەواو سادە و ڕاستگۆ، پاک، دڵسۆز، یەکڕوو، بێنیاز و دوور لەبەرژەوەندیخوازی بوو. چاوچنۆکی دنیایی نەبوو، بێگەرد بوو بە عەشقەوە وەک خواپەرستی کوردایەتی دەکرد و هەڵوێستەکانی ئەوپەڕی بوێرییان لەخۆگرتبوو.

هاوبیرەکەم! بۆیە جوان و ئیسسکسووک و خۆشەویستی هەمووان بوو، چونکە هیچ هیزێک نەبوو کوردبوونی لا ناشیرین کات و لێی داگیر کات و قەڵەمەکەی لێ بکڕێت و بەهیچ نرخێکی نەدەدا ، لەو هەموو نرخانەی کە بۆی دانرابوو. تۆ بوویت بەر لەهەر کەسێکی تر و چەند دەیەیەک لەمەوپێش، ڕۆمانی تەونی جاڵجاڵۆکەت بە باسەکانی، گەندەڵی و فایلداری ئەهریمەنەکان سیخناخ کرد. بە مرواری وشە جوانەکانت، قاوی نادادی و پۆخڵەواتی دەسەڵاتی خۆییتان کرد. هەر تۆش بوویت دەستبەرداری بیر و ئاواتەکان نەبوویت و وەک چیای پیرەمەگروون خۆڕاگریت کرد و وانە و پەندێکت نیشانداین و فێرکردین، هەرگیزاووهەرگیز لەبیر نەچێتەوە.
وەک ئاماژەم پێدا ڕەنگە فرە دژوار و سەخت بێت، لێرەدا بتوانم گەشتی تەمەنی هاوبیرێتیمان و مێژووی سەرلەبەری بیرەوەرییەکانی نێوانمان بکەمەوە. لێ چەندێ بتوانم هەندێ وێستگەی تەمەنی هاوبیرێتیمان بەسەر دەکەمەوە.

ساڵی ١٩٨٧ کۆنفراسێکی پاسۆک و کۆبوونەوە سۆکسە بوو لە سوید،من بەرماڵی کاک حەکیم کەوتم. چ خۆش بوو دوای پەڕاگەندەییم بۆ هەندەران، بۆ یەکەمجار لەماڵی ئەودا، یاپراخم خواردوو و دوای هاتنی کاک ئازاد دیسان بەشێکی کاتەکانم لەگەڵ هاوبیردا بەسەر دەبرد. یەکێ خۆشترین ڕۆژەکان سەردانێکی ڕەوانشاد شاعیری گەورەمان( شێرکۆ بێکەس) بوو بۆلای کاک ئازاد لە نەخۆشخانە. مامۆستا شێرکۆ، باسی گەیاندە سەر زمانی کوردی و وشەی(ژان) دەمەتەقێیەکی گەرمی خوڵقاند.
لە کۆنگرە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەکانی پاسۆک و سۆکسەدا پێک دەگەشتینەوە. من زۆر لێی نزیک بووم و بەسەرنجە ورد و قووڵەکانی سەرسام بووم. بێ خۆهەڵدانەوە ئەویش لەتەکم دا، ئەوپەڕی خۆشحاڵی نیشان دەدا.

سەردەمانێک لە دەرکردنی (گۆڤاری خوێندکاری کورد)دا، پێکەوە کارمان دەکرد و زیاتر لێک نزیکتر بووینەوە. من هەر بەم دیوە سیاسی و هاوبیرییەی قنیاتم نەکرد، بەڵکو خرۆشانم و خۆشم بە بەختیار دەزانم چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژم بەناوی ( پرسیارەکان هێشتا تینووی وەڵامن) لەتەک دا ئەنجام داو بڵاوکرایەوە. گفتمان وابوو، نەخۆشی وازی لێ بێنێت، درێژە بەکاروانی چاوپێکەوتنەکە بدەن،تا وەڵامی لۆژیکدار بۆ پرسیارەکان فۆرمەلە دەبن. دواتر لەگەڵ چەند برا و هاوبیرێکی تردا لە دەرکردنی (گۆڤاری قەقنەس)دا، دیسان دەستبەکاربووینەوە و ژمارەکی کەوتە بەردەست و بەرەنجی تاقانەی خۆی ژمارە دووشی ئامادە کرد،ئیدی فاکتە دەرەکییەکانی نەداریی و سەختی کار و تەنها باڵی ئەو پرۆژەیەشی ڕاگرت. کارێکی ترم لەتەک هاوبیر حەکیم دا، خوێندنەوە و ناساندنی کتێبەکەی بوو لەسەر عەلی باپیر.
هێژایان… ئەم فرە وێستگەیی و فرە لایەنییەیە، رێگرە لەبەردەم ئەوەی بەرجەستەکردنی کوردبوون و خزمەتەکانی هاوبیر حەکیم، نەک لە توانای وتارێک دا نەبێت، بەڵکو لە ڕۆمانێکیش دا جێی نەبێتەوە.

دەبوو بیناسی و تێکەڵی بوو بێتی و لێی حاڵی بووبیت و بەچاوی خۆت حەسرەت و ماندوونەکەی کوردبوون لە هەناو و بە سیمایەوە ببیننی، ئەوجا دەزانی ئێمە باس لە چ مرۆڤێک دەکەین!. هاوبیر حەکیم، یەکە و نابێتە دوو، کوردێک بوو،وەک نیشتمانە داگیرکراو و چەوساوەکەی، جەرگ و دڵ و هەناوی هەلاهەلا بوو. ڕۆشنبیرێکی سەراسویی بەپەرۆشی کوردبوون و قەڵەمیکی ڕەنگین بوو، بەنووسین و وەرگێڕانەکانی چەشنی ڕووبارێک، هەرگیز هاژەی لێ نابڕێ و تاڤگەیەکە بیر و بۆچوونەکانی لە قەڵبەزە ناکەون.
ح. کاکەوەیس، لەتاقیکردنەوەی کوردبوون دا، نمرەی یەکی هێنابوو، سەرکەوتووانە قۆناخەکەی بڕیو بوو، توانیبووی مەدالیای زێڕین بەدەست بهێنێ.
هاوبیرە ئازیزەکەم، هەرکاتێ قوڵینگەکەت لەمێژوو گیر دەکرد، لێشاوی خەفەت و ئازارت لێ دەهاتە دەری. هەر چرکەساتێکیش باست لەکوردبوون دەکرد، باوەڕ و مەردایەتی و دلسۆزی و پاکێتیت لێ هەڵدەوەری. سیمای هەڵقرچاوت تابلۆی برینێکی ئازاراوی قووڵ بوو، تێکڕای ژان و ئازارەکانی نەتەوەکەتی تێدا قەتیس مابوو. هەناسەت بۆکروزی قژی کچە گەرمیانی و بۆن دوکەڵی گازی کەرکووکی داگیرکراو و خاکی سوتماککراوی حەساری لێ بەرز دەبۆوە.

ئەرێ تۆ لە قەفەزی سنگتدا دڵت هەڵگرتبووە، یان تەنووری هەڵقرچانی ژانەکانی بندەستی و زەلیلی کوردبوون!؟. بۆکروزی خەمی نیشتمانی تۆ، مرۆی هەسارەکانی دیکەشی هەراسان دەکرد. ئەرێ ، برالە، تۆ تەنیا مرۆیەک بوویت لە گۆشت و ئێسک و خوێن یا پەیکەرێک بوویت لە پۆلا؟!. ئاخر نازانم چۆن بەرگەی ئەم هەموو خەمە قورس و ئازارە بەسوێ و ژانە گرانانەت دەگرت! دڵی زامدار و سستی هێندەی مشتەکۆڵەیەکت،چۆن توانی ببێتە عەمباری ئازار و ژانی ژیانی ٢٧١٨ ساڵی بندەستی؟!. دیارە ململانێی تۆ لەتەک مردان دا بۆ ئەوە نەبووە، چرکەساتەکانی تەمەنت درێژ بکەیتەوە، بەڵکو دەتویست هەرچی هەست و هۆش و گۆشت و خوێنی جەست هەیە بیگووشی و چی تریشت لەدەست دێ، وەک دوا تنۆکی رۆح و باوەڕ و هێزت بیتکێنیتە سەر خەرمانی خزمەتی دۆزە ڕەواکەت.

هۆ کاکەویس، ئەوەی نەتناسێ و بەرهەمەکانتی نەخوێندبێتەوە، وادەزانێ ئەم قسانە زیادڕەوییان لەخۆوە پێچاوە و بەناوی تۆوە فشە و درۆ کەڵەکە دەکەین! ئەوەی هەڵاوی هەناسەی تۆی نەچووبێ بەسەردا، پێی وایە ئێمە خەریکی داهۆڵ قووتکردنەوەین!. ئەوەی دەستی نەخستبێتە ناو دەستەوە، برینەکانی نیشتمانی نەژماردبێت و چیرۆکەکانی تەعریب و کاولکردنی گەرمیان و سووتانی کەرکووکتی گوێ لێ نەبووبێ و نەخوێندبێتەوە و بۆ باس نەکرا بێت، کوێرانە بەوە تۆمەتبارمان دەکات،کە گوایە ئێمە خەریکی داتاشینی فسفس پاڵەوانین. ئەوەی ژانی بندەستی تا سەر ئێسک پێیدا نەجزا بێت، وا بیردەکاتەوە ئێمە پروپاگەندە بۆ تاکپەرستی دەکەین و خەریکین بە خەیاڵی یۆتۆبیایی رۆژگار و ژینگەی حەسانەوەی تاراوگەی دوور لە ناسۆر و مەینەتییەکان، جەستەی دایکی کوردستان دەلاوێنینەوە. ئاخر نازانن تۆ تەمەنێک زیاترە خۆ دەسووتێنی و ئاگریش لە ئێمە بەردەدەیت و خۆت لە زەریای خەونەکانی نەتەوەیەک دا نقووم دەبیت و ئێمەش بەدیارتەوە دەستەپاچە دادەنیشێنی و خۆت زامداری و بە هەموو ئازارەکانی سەرتاپای کوردەوە گێنگڵ دەخوێیت و ئێمەش توانای تیمارکردنی برینی تۆمان نییە.
کاکەوەیس سیمبۆلی پرسە گەورە و ڕەواکەی ناسنامەی نەتەوە و خاکە، کاکەوەیس برینی خوێن لەبەرچووی نیشتمانە، کاکەوەیس قەڵغان و مەتەرێزی داکۆکیکاری کوردایەتی و شمشێری هەڵمەتی سەر داگیرکەر و زاڵمانە.

هاوبیرە شیرینەکەم کاکەوەیس، دوای ئۆغری یەکجارەکیت، چەند جارێ لە بری جارێ فرمێسکی خوێناویت پێ هەڵوەرانم. لەگەڵ هەر ناوهێنانێکت دا، ئەفسووسێکی قوڵی دوکەڵاویت پێ کێشاوم ! بۆ هەر نموونەیەک ناچارم دەکەیت، مشتێ لە خەرواری باسگەلی تۆ بهێنمەوە و بێئاگایانە یاخود بەوپەڕیی هۆشیارییەوە، مستێکی توند ئاخ هەڵکێشان لە ڕانی خۆم بدەم، یان شەقەیەک لە مێزەکەی بەردەمم هەڵسینم، یاخود کتێبەکەی دەستم داخەم و وەلاوەی نێم و نەفرەتێکی خەست لە مردن بکەم، ئەو مردنەی نامەردانە هات و تۆی لە بن باڵە ڕەشەکانی خۆیدا شاردەوە و کارێکی کرد، ئێمە نەتوانین بۆ هەرگیزاو و هەرگیز جارێکی تر لە تاڵە مووە سپییەکانی دڵتەنگی نیشتمانت بڕوانین.
هاوبیرەکەم، کاک حەکیم کاکەوەیس، مەرگی تۆ کارێکی کرد، تا نەشتەر لە برینی کوردبوونم گیر بکەم، تاڵاو و خوێناو و ئازاراو و خەفەتتاوم بۆ کۆچی ناوادەی تۆ لێ دێت. پێوەندی نێوان من و تۆ جگە لەسەدان و هەزاران جار نامەگۆڕینەوە و پێکەوە تلفون کردن و سۆڕاخکردنی جۆراوجۆرەوە، بە توندی پێکەوە بەسترا بوو. لەئێستا مخابن هیچی ترم نییە بیخەمە سەر سینی زێڕینی ناوهێنانی تۆ و ڕازاندنەوەی خوانی پێشوازی بابەتی تۆ و مەدالیای شانازی هاوبیرێتییەوە. ئێمە لە پاسۆک و سۆکسە دا پێکەوە، دوو باڵ بووین و دوو پێچکە بۆ یەک ئامانج کەوتبووینە ڕێ. گۆڤاری خوێندکاری کوردمان بە ئارەق و خوێن ئاودا،گۆڤاری قەقنەس بە ڕەنجدانێکی زۆر و ماندووبونێکی بێ سنووری تۆوە،هاتە بوونەوە. لەو ساتەوەختانەش دا،کە سیاسەت نەدەماو و بەرەو قێزلێوەهاتن و وەڕسبوونی دەبردین، ژینگەی باسوخواستی مامۆستا مەسعوودمحەمەد،وەک فریادڕەس خێرا و هەمیشە دەبۆوە هەوێنی زۆرینەی پەیوەندی و گفتوگۆکانمان. تۆ وەک عاشق و وەرگێڕێکی گەورەی مامۆستا و منیش وەک قوتابی و دەروێشێکی جەزبەگرتووی هەمیشە تینوو. بەپانتایی و درێژایی بابەتەکان دا تێهەڵدەچووین. جا گەلۆ، ئیدی چ ئامڕاز و ئامێرێکی پەیوەستکردنی لەمە بەهێزتر و خۆشتر و بەنرختر هەیە،دوو هاوبیر پێکەوە شەتەک بدات!؟.

یادەورییەکانت چنگیان لە هەناوم گیرکردووە و ڕۆحم داخ دەکەن. فرمێسکم جۆگەلەی بەستووە و ئازاری بێ بڕانەوە تلاوتلی ناخۆشم پێ دەکات. لە هەنووکەدا خوێن دەخۆمەوە حەزم دەکرد بوومایەتە بزمارێکی تابووتەکەت و چنگێ لە خۆڵی سەر گڵکۆکەت و تەڵیزمەبەردێک لە کێلەکەت. کاکەوەیس نەمزانی خەتای تۆیە یاخود من تاوانبارم! تۆ زوو ڕۆیشتی و من درەنگ بەر چەخماخەی مردنەکەت کەوتم! ئاخر من لێرەدا چی تۆمار بکەم چۆن بتوانم، چیرۆکی ٣١ ساڵت بە وشە و ڕستەی شاش و شەش پەڕ بۆ بگێڕمەوە!. تۆ سیمای ڕەش داگەڕاویت، هەموو حیکایەت و خەمەکانی کوردبوونی تێدا تۆمار کراوە. تۆ مەرگی خۆتت باش هەست پێ کرد بوو، لێی نەدەترسای و باکت لێی نەبوو. ئەوەی مەراقت بوو تەواونەکردنی پرۆژەکان و نەهاتنەدی ئاواتەکانت بوو.
کاک حەکیم بەنووسین و وەرگێڕان، خاوەنی ٢٨ بەرهەمە لە شاکاریدا کەم وێنەن. هاوسات بەسەدان وتاری لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان و بلۆگێک و واڵەکەی خۆیدا بڵاو کردۆتەوە. چەندینی بابەتیشی بەناوی خوازراوەوە بڵاوکردۆتەوە. ئەوەی بۆمن لە مردنە ناوادەکەی ئازاراویترە، ئەوەیە ئەو زۆری پێمابوو، پێشکەشمان بکات، لێ مەرگ قەڵەمەکەی لەدەست خستەخوارێ. ماڵئاوایی کاکەوەیس بەزیانێکی گەورە بۆ ڕۆشنبیریی کوردیی دادەنرێ. بۆ هاوبیرانی نەتەوەیش، دوای مەرگی کاک ئازاد مستەفا، هاوبیر حەکیم لە دیاترین ئەو هاوبیرانە بوو، کە ڕێچکەی کاک ئازادی بەرنەدا و خۆی کردە پێش قەڕەوڵی داکۆکی لەبیر و هزری نەتەوایەتی و درێژەدان بە کوردایەتی کردن.
بەرلەوەی مەرگ بیپێچێتەوە، لەیەکی لە گفتوگۆکانمان دا، وتی: ” سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانێکم ، باس لە چۆنێتی هاتنی ئیسلام دەکات، بۆ کوردستان. زۆر دڵم پێی خۆشە و بوارێکی باش و فراوانم لەبەردەمدا، زۆر شت بڵێم و بنووسم”.

هاوبیرەکەم، تۆ ئەو مامۆستا شکۆدارەی، سێبەری قورست بەسەر سەری هەمووانەوەیە. تۆ ئەو تروسکەی هیوایەی، بەردەوام وزە و ورە و باوەڕ و جوامێری بە ئێمە دەبەخشیت، تۆ نووسەرە خاوەن باوەڕەیت سات لەدوای سات هزر و بیرت گەشتر دەبنەوە و نەمرتر دەبن. بۆ هەرکوێ بچین چراکەی تۆ دادەگیرسێنین و لەگەڵ خۆمان دەیبەین، باسی هەرشتێ بکەین، مۆڵەت لە گەورەیی تۆ دەخوازین، بمانەوێ هەرشتێ بکەین، تەماشای پانتایی و درێژایی باڵای تۆ دەکەین،دەست بەرین بۆ هەر کارێک،لە خەرمانی تۆوە گورزە و مەڵۆی باوەڕ و ئیمان دەبەین و هەگبە و تێشووی ڕێی تێکۆشانی لێ پڕ دەکەین.
هاوبیر حەکیم نزیکەی هەموو بەرهەمە عەرەبییەکانی مامۆستا مەسعوود محەمەدی کە بەزمانێکی پلەنایابی سەخت و دژوار نووسراون، کردووە بە کوردی بە شێوەیەکی زۆر لێوەشاوانە، کە نزیکەی ١٠ بەرهەم دەبن،بەرهەمی شاکار و دانسقە. لە ئەدەبی جیهانیشەوە، ١١ ڕۆمانی وەرگێڕاوە و خۆیشی چەند بابەتێکی ڕەخنەیی و چەند ڕۆمانێکی نووسیوە.چەندین چیرۆک و وتاری جۆڕاوجۆری ئەدەبی و زمانەوانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دا بڵاوکردۆتەوە.
بەر لە سڕینەوەی دوا تنۆکی فرمێسکی خەمباریی ئەم ماڵئاوایەکەی هاوبیر حەکیم، ئاواتەخوازم تەواوی نووسینەکانی لە بەرهەمێک دا کۆکرێنەوە و کتێبخانەی کوردی لەم نووسینە گەوهەرییانەیشی بێبەش نەبێت.

لێرەدا بۆ ئاشنایی خوێنەری کورد، لیستی ناوی کتێبەکانی،ئەوەی لەبەردەستدان بڵاو دەکەمەوە
لیستی ناوی بەرهەمەکانی:

*************************

١ـ خێرت دەگاتێ عەزیز نەسین و. لەفارسییەوە ١٩٨٧
٢ـ کێڵگەی ئاژەڵ، هیچ نەنووسراوە
٣ـ نامەکانی مەسعوود محەمەد ٢٠٠٦
٤ـ دەموودووی هزر لە عەرەبییەوە ٢٠١٣
٥ـ زمانی کورد،لە عەرەبییەوە ٢٠١٠
٦ـ هاوسەنگکردنەوەی تەرازووی سەنگەلا لە عەرەبییەوە ٢٠١٠
٧ـ بۆ گۆرباشۆڤ ، لەعەرەبییەوە ٢٠١٤
٨ـ بۆچوونێک لەسەر لێکدانەوەی مرۆیی مێژوو،لە عەرەبییەوە ٢٠٠٩
٩ـ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی،بۆچی بە شێتخانە دەچێ؟،لە عەرەبییەوە ٢٠٠٩
١٠ ـ رۆمانی ١٩٨٤ ، جۆرج ئۆروێل لە سویدییەوە ٢٠٠٥
١١ـ گورگی رووتەلان لە سویدییەوە ٢٠٠٧ هێرمان هێسە
١٢ـ پرسیارەکان هێشتا تینووی وەرامن، چاوپێکەوتن لەتەک هەلۆ بەرزنجەیی دا ٢٠١٠
١٣ـ کۆلارەفڕێن، لە سویدییەوە خالید حوسەینی
١٤ـ تارپا… ئەسپە کێویلە لە سویدییەوە ٢٠١١ستیڤن ڤێرنستوێم
١٥ـ دۆن کیشۆت ١٩٩٩ لە سویدییەوە سێرڤانتێس
١٦ـ ئەوەی نابێ بگوترێ دەبێ بگوترێ دیداری کاکەوەیس لەگەڵ ئەمجەد شاکەلی ٢٠٠٤
١٧ـ شاخەکانیش دەنگیان دایەوە خالید حوسێنی ٢٠١٤
١٨ـ تەونی جاڵجاڵۆکە،حەکیم کاکەوەیس رۆمان ٢٠٠٨
١٩ـ کۆچ هەڵیبژاردم اسماعیل عتمان و ماتیاس شیلین لە سویدییەوە ٢٠١٢
٢٠ـ گەلەلورانی دەشتوودەر جاک لندن ٢٠٠٤ لە سویدییەوە
٢١ـ بازنەی ترس حوسێن سومێدە و کاڕوڵ جیڕۆم ٢٠٠١ بەناوی خوازراوی کاوێس عەبدوڵا لە ئینگلیزییەوە
٢٢ـ مەملەکەتی سەگەکان حەکیم کاکەوەیس ٢٠١٧
٢٣ـ تاوان و سزا، فیۆدۆر دۆستیۆڤسکی ٢٠١٥ لە سویدییەوە
٢٤ـ حەجێکی تر بۆ بەردەرگای (خەتێ)ی زانا لە عەرەبییەوە
٢٥ـ نەتەوایەتی کورد و ئیسلامەتییەکەی،حەکیم کاوەیس
٢٦ـ تیرۆژێ بە شەوەزەنگەکەی (حەمە سەعید حەسەن)دا
٢٧ـ سەگەکەشیان چوارەمیان بوو، رۆمان حەکیم کاکەوەیس
٢٨ـ بەردیش بەدەنگ دێ منداڵیی لە کەمبۆجیا مۆلیدا ژیموسیاک لە سویدییەوە ٢٠٠٦

Previous
Next

Leave a Reply