وەرگێڕانی فەلسەفی و فەلسەفەی وەرگێڕان – ڕێبازێکی ستراتیژی.. و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف
نووسینی: د . زهیر خویلدي
پێشەکی
”وەرگێڕان بریتییە لە ڕوداوگەلێک کە کارێگەری هاوشێوەی هەیە بە ئامرازی جیاواز” (پۆڵ فالێری )
وەرگێڕانی فەلسەفی بوارێکی ئاڵۆزە لەوە تێدەپەڕێت کە تەنها گواستنەوەی دەقی فەلسەفی بێت لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر ، هاوکات پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ هەیە لە کۆنتێکستی ڕۆشنبیری و زمانەوانی چەمکەکان کە بیرۆکە فەلسەفییەکان دروست دەکەن . بەڵام فەلسەفەی وەرگێڕان بریتییەلەڕەنگدانەوەی تیۆری لەسەر سروشتی وەرگێڕان و ئامانجەکانی و ئاڵنگاریەکانی، لەگەڵ گرنگیدان بە چۆنیەتی کاریگەری زمان لەسەر بەرهەمهێنان و گواستنەوەی زانین. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە شیکارییەکی قووڵی وەرگێڕانی فەلسەفی و فەلسەفەی وەرگێڕان پێشکەش دەکات لە ڕێگەی ڕێبازێکی ستراتیژییەوە کە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە لە ئاڵانگاری زانستی و زمانەوانی و ڕۆشنبیری ، لە هەمان کاتدا پێشنیاری ستراتیژییەکان دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ئاڵانگاریانە.بابەتەکە لە ڕێگەی چوار تەوەری سەرەکییەوە باس دەکرێت : (١) پێناسەی وەرگێڕانی فەلسەفی و فەلسەفەی وەرگێڕان، (٢) ئاڵانگاری زانستی و زمانەوانی، (٣) کۆنتێکستی ڕۆشنبیری و مێژوویی، و (٤) ستراتیژییەکانی وەرگێڕانی فەلسەفی ،چۆن وەرگێڕانی فەلسەفی سود لە فەلسەفەی وەرگێڕان وەر دەگرێت ؟ .
(پێناسەی وەرگێڕانی فەلسەفی و فەلسەفەی وەرگێڕان)
وەرگێڕی فەلسەفی دەبێت ڕووبەڕووی ئەو سەختی و دژواریانە بێتەوە کە بە بێ شێواندن چەمکی دەقی ڕەسەن بگەیەنێت ، لە هەمان کاتدا هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ بۆ پاراستنی دەوڵەمەندی چەمک و جێوازیە وردەکان .”
(وەرگێڕانی فەلسەفی)
وەرگێڕانی فەلسەفی بریتییە لە پرۆسەی گواستنەوەی دەقە فەلسەفیەکان لە زمانێکی سەرچاوەوە بۆ زمانێکی ئامانج، لە هەمان کاتدا پاراستنی وردبینی چەمک و بەستێنی فیکری دەقی ڕەسەن. وەرگێڕانی فەلسەفی جیاوازە لە وەرگێڕانی ئەدەبی یان تەکنیکی بەهۆی سروشتی ئەبستراکتی دەقە فەلسەفیەکان کە هەندێک جار بە مەبەست ناڕوون و تەمومژاوین و پشت بە چەمکە ڕۆشنبیری و زمانەوانیە تایبەتەکان دەبەستن. بۆ نموونە وەرگێڕانی زاراوەی وەک دازاین “ Dazein” لە هایدگەردا یان (emeepist ) لە ئەرستۆدا پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ هەیە لە چوارچێوەی فەلسەفی و زمانەوانیدا .
(فەلسەفەی وەرگێڕان)
فەلسەفەی وەرگێڕان بریتییەلە ڕەنگدانەوەی ڕەخنەگرانە لەسەر سروشت و ئامانج و سنوورداربوونی وەرگێڕان. ئەم فەلسەفەیە پرسیارگەلێک لەخۆدەگرێت سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی ماناکان لە سەرانسەری زمانەکاندا،هەروها کاریگەریی زمان لەسەر بیرکردنەوە و پەیوەندی وەرگێڕان بە ناسنامەی ڕۆشنبیریەوە. فەیلەسوفانی وەک واڵتەر بنیامین،لە وتارەکەیدا بەتایتڵی“ئەرکی وەرگێڕ” (١٩٢٣) و جاک دێریدا، لەبەرهەمەکانیدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەگەری، تێڕوانینێکی قووڵیان پێشکەش کردووە سەبارەت بە وەرگێڕان وەک پرۆسەیەکی داهێنەرانە و کێشەدار . بنیامین پێی وایە وەرگێڕان ئامانجی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەقی ڕەسەن نییە بە شێوەیەکی یەکسان، بەڵکو زیاتر دروستکردنی “ژیانێکی نوێ” یە بۆ دەقەکە بە زمانێکی دیکە. لە کاتێکدا ژاک دریدا سەرنج دەخاتە سەر مەحاڵبوونی وەرگێڕانی تەواو بەهۆی فرەیی سروشتیی ماناکان لە زماندا.
(ئاڵنگاری زانست و زمانەوانی لە وەرگێڕانی فەلسەفیدا)
(ئاڵانگاری زانستی)
ئاڵنگاری ئیپیستمۆلۆژی پەیوەستە بە سروشتی زانستی فەلسەفی و چۆنیەتی گواستنەوەی لە سەرانسەری زمانەکاندا. زۆرجار دەقە فەلسەفییەکان لەو چەمکانە تێر دەبن کە پشت بە چوارچێوەیەکی تایبەتی زانستی دیاریکراو دەبەستن بۆ نموونە: فرە مانا: زاراوەی وەک “Being” لە فەلسەفەی ڕۆژئاوادا یان “ Tao ” لە فەلسەفەی چینیدا چەندین مانای هەڵدەگرن کە ناتوانرێت لە زمانێکی تردا بۆ یەک وشە کورت بکرێتەوە.
کۆنتێکستی ئیپیستمۆلۆژی: دەقی فەلسەفی لە چوارچێوەی زانستی تایبەتدا دەنووسرێت. (وەک ئایدیالیزمی ئەڵمانی یان بوونگەرایی.) وەرگێڕ پێویستی بە تێگەیشتن هەیە لەم کۆنتێکستە بۆ ئەوەی بە وردی ماناكەی بگەیەنێت.
(ئاڵنگاریەکانی زمانەوانی)
زمان ئامرازێکی فەلسەفەیە، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە زماندا کاریگەری لەسەر مانا دەبێت. لە نێو تەحەدای زمانەوانیدا: “نایەکسانی زمانیی”هەمیشە وشەی هاوتای ورد لە نێوان زمانەکاندا نییە. بۆ نموونە وەرگێڕانی زاراوەی “ Geist ” (ڕۆح/عەقڵ) لە فەلسەفەی هیگڵدا بۆ زمانی عەرەبی پێویستی بە هەڵبژاردن هەیە لە نێوان “ڕۆح” یان “عەقڵ”دا، کە ڕەنگە هەردووکیان واتایەکی جیاوازیان هەبێت . ( بۆ زمانی کوردیش هەروایە ، و. ک) .
پێکهاتەی ڕێزمانی: جیاوازی لە ڕێزمانی زمان لە نێوان زمانی سەرچاوە و زمانی ئامانج ، ڕەنگە کاریگەری لەسەر دەربڕینی بیرۆکەکان هەبێت. بۆ نموونە زمانی عەرەبی مەیلی بەرەو پێکهاتەی مێتافۆریک هەیە، لە کاتێکدا ڕەنگە ئینگلیزی ڕاستەوخۆتر بێت.
مێژووگەرایی زمانەوانی: زۆرجار زاراوە فەلسەفییەکان مانای خۆیان لە مێژووی زمانەوە وەردەگرن. بۆ نموونە وەرگێڕانی دەقەکانی ئەفلاتون پێویستی بە تێگەیشتن لە زمانی یۆنانی کۆن وکۆنتێکستی ڕۆشنبیریەکەی هەیە.
(زەمینەی ڕۆشنبیری و مێژووییەکان لە وەرگێڕانی فەلسەفیدا)
(پانتای ڕۆشنبیری)
وەرگێڕانی فەلسەفی تەنیا گواستنەوەی وشەکان نییە، بەڵکو گواستنەوەی ئەو ڕۆشنبیرەشە کە دەقەکەی بەرهەمهێناوە. بۆ نموونە: وەرگێڕانی دەقەکانی ئیبن ڕوشد لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بۆ زمانی لاتینی تەنها گواستنەوەی زمانەوانی نەبووە، بەڵکو پرۆسەی کارلێکی ڕۆشنبیری بووە لە نێوان فەلسەفەی ئیسلامی ومەسیحیدا. وەرگێڕانی فەلسەفەی چینی (وەک کۆنفۆشیزم) بۆ زمانە ڕۆژئاواییەکان زۆرجار ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە بەهۆی جیاوازی بەها کولتوورییەکانەوە، وەک جەختکردنەوە لەسەر بەکۆمەڵگەرایی بەرامبەربە تاکگەرایی.
(چوارچێوەی مێژوویی)
زۆرجار دەقە فەلسەفییەکان پەیوەستن بە قۆناغی مێژووی دیاریکراوەەوە. بۆ نموونە: وەرگێڕانی دەقەکانی کانت لە سەدەی بیست و یەکەمدا پێویستی بە تێگەیشتن هەیە لە چوارچێوەی مێژوویی ئایدیالیزمی ئەڵمانیا لە سەدەی هەژدەهەمدا . گۆڕانکاری لە مانادا ، بە تێپەڕبوونی کات وەرگێڕانی وشەیی دەکرێت چەواشەکارانە بێت. بۆ نموونە وشەی “عیلم” لە زمانی عەرەبی کۆندا بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بۆ زانین ، لە کاتێکدا ئەمڕۆ هەڵگری واتاگەلێکە پەیوەستە بە زانستی مۆدێرنەوە .
(كاریگەری ئاڵوگۆڕ)
وەرگێڕانی فەلسەفی پرۆسەیەکی یەکلایەنە نییە، بەڵکو کاریگەری دەنوێنێت لەسەر هەردوو زمانی سەرچاوە و ئامانج . بۆ نموونە وەرگێڕانی فەلسەفەی یۆنانی بۆ زمانی عەرەبی لە سەردەمی عەباسیدا کاریگەری لەسەر پەرەسەندنی زمانی عەرەبی هەبوو، بەو پێیەی زاراوەی نوێی وەک “جەوهەر” و “ پانتایی” دەرکەوتن بۆ گەیاندنی چەمکەکانی ئەرستۆ .
(ستراتیژیەکانی وەرگێڕانی فەلسەفی)
بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاڵنگاریانەی سەرەوە، وەرگێڕەکان دەتوانن ستراتیژی تایبەت بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لە وەرگێڕانی ورد و کاریگەرانەی دەقە فەلسەفیەکان. ئەم ستراتیژیانە بریتین لە:-
(ستراتیژی کۆنتێکست)
تێگەیشتن لە چوارچێوەی فەلسەفی: وەرگێڕ دەبێت چوارچێوەی فەلسەفی دەقەکە بخوێنێتەوە. بۆ نموونە وەرگێڕانی دەقەکانی نیتچە پێویستی بە تێگەیشتن لە چوارچێوەی بوونگەرایی و ڕەخنەیی مۆدێرنیتە هەیە.
تێبینی: زیادکردنی تێبینی ژێرەوە یان پێشەکی بۆ ئەوەی چەمک و چوارچێوەی ڕۆشنبیری دەقی ڕەسەن ڕوون بکاتەوە .
(ستراتیژی زمانەوانی)
هێشتنەوەی زاراوە ڕەسەنەکان: لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە باشتر بێت کە زاراوە ڕەسەنەکان لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ماناکانیاندا بهێڵرێتەوە. (وەک وەرگێڕانی ” logos” وەک خۆی لەگەڵ کۆمێنتێکی ڕوونکردنەوە.)
گونجاندنی زمان: گونجاندنی دەق لەگەڵ زمانی ئامانج و لە هەمان کاتدا پاراستنی مانا.
(ستراتیژی ڕۆشنبیری)
نێوەندگیری ڕۆشنبیری: وەرگێڕ وەک نێوەندگیریەکی ڕۆشنبیری کاردەکات، هەوڵدەدات بۆ گواستنەوەی بەها و گریمانە ڕۆشنبیریەکان کە پەیوەستن بە دەقەکەوە . بۆ نموونە وەرگێڕانی دەقەکانی بودا بۆ زمانی عەرەبی پێویستی بە ڕەچاوکردنی جیاوازیی نێوان بەهاکانی ڕۆژهەڵات و ئیسلامی هەیە. دیالۆک لەگەڵ خوێنەران: خستنەڕووی دەق بە شێوەیەک کە خوێنەری بە ئامانج گیراو هەست بەوە بکات بەشێکە لە دیالۆکی فەلسەفی،لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانی ئاشنا یان ئەو نموونانەی کە پەیوەندیدارن .
(ستراتیژی داهێنەرانە)
دووبارە دروستکردنەوە: وەک بنیامین پێشنیاری کردووە، وەرگێڕان دەتوانێت پرۆسەیەکی داهێنەرانە بێت کە ئامانجی هێنانەدی دەقێکە لە چوارچێوەیەکی نوێدا، نەک هەوڵدان بۆ یەکسانیی وشەیی. هەڵوەشادنەوە و لێکدانەوە: وەرگێڕ بە ئیلهام موەرگردن لە جاک دریدا، دەتوانێت ڕێبازێکی هەڵوەشاندنەوە بگرێتەبەر کە تیشک دەخاتە سەر فرەیی ماناکان و ڕێگە بە دەقەکە دەدات کە ناڕوونیی و تەمومژاوی فەلسەفی خۆی بپارێزێت .
(ستراتیژی تەکنەلۆژیا)
بەکارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەکان ، سود وەرگردن لە پێگەی داتاکانی زمانەوانی و فەلسەفیەکان بۆ تێگەیشتن لە زاراوەکان و مێژووەکانیان . هاوکاری نێوان پسپۆرەکان : یانی کارکردن لەگەڵ فەیلەسوف و زمانزان و مێژوونووسان بۆ دڵنیابوون لە وردی وەرگێڕانەکان .
(ڕەخنە)
ڕێژەیی زمانەوانی: هەندێک دەڵێن وەرگێڕانی فەلسەفی ڕەنگە ببێتە هۆی ڕێژەگەرایی ئیپیستمۆلۆژی، کە ماناکان بە شێوەیەکی ڕیشەیی لە نێوان زمانەکاندا دەگۆڕدرێن.
لەدەستدانی ڕەسەنایەتی: هەندێک ڕەخنە لە وەرگێڕانی فەلسەفی دەگرن، دەڵێن ڕەنگە بەشێک لە قووڵایی دەقی ڕەسەن یان تایبەتمەندی ڕۆشنبیری لەدەست بدات. ئاڵنگاری ئەخلاقی: وەرگێڕ لەوانەیە ڕووبەڕووی تۆمەتی لایەنگری ببێتەوە ئەگەر هەندێک لێکدانەوە بەسەر ئەوانی تردا هەڵبژێرێت .
(کاریگەری)
وەرگێڕانی فەلسەفی بەشداری کرد لە دروستکردنی پردی نێوان ڕۆشنبیریەکان، وەک گواستنەوەی فەلسەفەی یۆنانی بۆ جیهانی عەرەبی- ئیسلامی، کە دواتر کاریگەری لەسەر بیری ئەوروپای ڕۆژئاوا هەبوو. فەلسەفەی وەرگێڕان ئیلهامبەخش بووە بۆ وەرگێڕانی ڕەوتی نوێ و توێژینەوەی ڕۆشنبیری دوای کۆلۆنیالیزم ، هەروەها وەرگێڕان بووەتە ئامرازێک بۆ تێگەیشتن لە شوناس و جیاوازی .
(ئەنجام)
«وەرگێڕانەکان ئاسۆی مرۆڤ وجیهانی فرەوان کرد ، لە هەمان کاتدا یارمەتیدەر بوو بۆ تێگەیشتن لە گەلانی دوور .»
وەرگێڕانی فەلسەفی و فەلسەفەی وەرگێڕان نوێنەرایەتی دوو بواری سەریەککەوتوو دەکەن کە پێویستیان بە ڕێبازێکی ستراتیژی هەیە کە ئاستەنگە زانستی و زمانەوانی و ڕۆشنبیریەکان لەبەرچاو بگرێت. بە گرتنەبەری ستراتیژییەکانی کۆنتێکست و زمانەوانی و ڕۆشنبیری، هاوکات پشتبەستن بە ستراتیژییەکانی کۆنتێکست، زمانەوانی، ڕۆشنبیرری و داهێنان، وەرگێڕەکان دەتوانن بەسەر ئەم ئاڵنگاریانەدا زاڵ بن و وەرگێڕانێک دروست بکەن کە ڕۆحی دەقی ڕەسەن بپارێزێت ، لە گەڵ بە دەستڕاگەیشتن و مانادار لە چوارچێوەی نوێدا . وەرگێڕانی فەلسەفی لە هەمان کاتدا وەک پرۆسەیەکی داهێنەرانە و ڕەخنەگرانە دەمێنێتەوە، هاوکات بەشداری دەکات لە دەوڵەمەندکردنی گفتوگۆی فەلسەفی لە سەرانسەری زمانەکان و ڕۆشنبیریدا . ئەم توێژینەوەیە جەخت لەسەر گرنگی هۆشیاری لە ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە وەرگێڕانی فەلسەفی و پێویستی پەرەپێدانی ستراتیژی داهێنەرانە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاڵۆزیانە دەکاتەوە. ئایا بەکارهێنانی فەلسەفە وایکردووە وەرگێڕان بتوانێت بەسەر دژواری و سەختییەکانیدا زاڵ بێت؟
(د . زهیر خویلدي)
سەرچاوە – انفاس نت – بەروار ١٩ ئوکتۆبەر ۲۰۲٥
a
