Skip to Content

ماڵئاوا لە چەک (وداعا للسلاح).. شەماڵ بارەوانی

ماڵئاوا لە چەک (وداعا للسلاح).. شەماڵ بارەوانی

Closed
by ئاب 18, 2024 General, Literature

ماڵئاوا لەچەک، شاکارێکی مەزنی ئەدەبی و ڕۆمانێکی تری ناوازەی ڕۆماننووس و گەورەنووسەری ناوداری جیهانی بە ڕەگەز ئەمریکی(ئێرنست هەمنگوای)ـە.
ماڵئاوا لە چەک، تەوەری سەرەکی و ناوەڕۆک و باسوخواسەکانی بە دەوری ڕووداوەکانی یەکەم جەنگی جیهانیدا دەخوڵێتەوە. ماڵئاوا لە چەک، هاوارێکە لە دژی جەنگ و ڕەتکردنەوەی جەنگە.
پاڵەوانەکەی هەمنگوای لەو بەرهەمەدا(فریدریک هێنری) گەنجێکی ئەمریکییە و ئـەفسەره لە ڕیزی سوپا بە پلەی میلازمی یەکەم.
ئەو لە بواری فریاگوزاری و گواستنەوەی بریندارەکانی جەنگ بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەو بوارە کار دەکات.
ئەو گەنجە لە کاتی ئەرکەکەیدا زامدار دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، لەوێ دەکەوێتە داوی خۆشەویستی کچەپەرستارێک بە ناوی(کاترینا بارکلی).
فریدریک، لە نەخۆشخانە زامداربوونەکەی وەکو دەرفەتێک لەپێناو ئیشقەکەی دەقۆزێتەوە بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لەو خانمەپەرستارە. ئەو، لە لایەک ڕۆدەچێت لە دنیای ئیشق و ڕۆمانسییەت و غەرقی جیهانی ئیشق دەبێت، لە لایەکەیتریش دوای ئەوەی بە چاوەکانی خۆی مەرگی هاوڕێکانی دەبینێت، کە چۆن دەڕاسەی ئەو جەنگە نەگریسەیە بێبەزەییانە گیانی یەک بە یەکیان دەدوورێتەوە و چەندە دڵڕەقانە دەکەوێتە وێزەیان و پەڕەی گوڵی تەمەنیان هەڵدەوەرێنێ. فریدریک، دەکەوێتە بیرکردنەوە و تێڕامان و پرس و مەنەلۆگ لەگەڵ خۆیدا و دەڵێت: باشە کوا مرۆڤایەتی؟ تا کەی جەنگ؟ تا کەی کوشتن و لەناوبردن؟ تاکەی یەکتری سڕینەوە و کاوڵکردن و وێرانکردن؟
هەر بە ڕاستی مرۆڤ بۆ ئەوە لە دایک بووە تا جەنگی جیهانی بەرپا بکات و سەتان ملیۆن کەس بکات بە سووتەمەنی ئاگری جەنگ؟ مرۆڤ بۆ ئەوە لێرەیە تا داهێنان لەپێناو مرۆڤایەتی و خۆشترکردنی ژیان بکات و بوون ئاوەدان بکاتەوە، یان داهێنانی زانستی و چەکی پێشکەوتوو بۆ دژایەتی یەکتری و هۆکارێک بۆ چەوسانەوەی گەلان و داگیرکردنی خاکی نەتەوەکانی تر و دەستبەسەرداگرتنی ئازادی ئەوانی تر و وێرانکردنی ژیان و خاپوورکردنی بوون و پیسکردنی گەردوون بەکار بێنێت و کۆمەڵکوژی و تراژیدیای لە شێوەی هیرۆشیما و ناکازاکی لە دژی گەلی ژاپۆن و حەڵەبجە لە دژی نەتەوەی کورد بەکاربێنێت؟ وەکو ئەوەی ئەمریکا و ڕژێمی بەعسی فاشیست، لەگەڵ ئەو دوو نەتەوەیە کردیان؟
لە دەرەنجامی پرسیارکردن و بیرکردنەوەی قووڵی فریدریک هینری لە ناسۆری و کارەساتەکانی جەنگ و ماڵوێرانییەکانی، کەڵکەڵەی ئەوە دەکەوێتە مێشکییەوە کە خۆی هەڵداتە نێو ڕووبار و کۆتایی بە ژیانی بێنێت و له دەست دڵڕەقی جەنگ و تراژیدیاکانی ژیان قورتاری بێت. بەڵام سەرەنجام ئەو لەوە پەشیمان دەبێتەوە، چونکە فریدریک هێشتا دڵی زۆر بەهێز بۆ ژیان لێدەدات و تۆوی خۆشەویستی ژیان لە ناخیدا سەوزە و بە ئاواتەوە هەنگاو دەنێت و جەنگ سەرەڕای ئەو ڕەشبینی، نائومێدی، ئازار، فرمێسک، ماڵوێرانی و تراژیدیایانەی کە لەگەڵ خۆیدا دەیانهێنێت، نەیتوانیوە بە یەکجاری داری ئومێدی فریدریک کرمێ بکات و دەنگی هەناسەکانی بخنکێنێت و باوەڕبوون بە درێژەدان بە ژیان و مانەوە لە بووندا لێ بسەنێت.
فریدریک دواجار بڕیار دەدات چەک فڕێ بدات و لە ژیانی سەربازی و ڕیزی سوپا ڕابکات و بگەڕێتەوە بۆ ژیانی مەدەنی و دووبارە تێکەڵ بە دنیای ئارامی دوور لە جەنگ و بارووت و خوێن و کوشتن و کارەسات بێت و لە ئامێزی خۆشەویستەکەیدا درێژە بە ژیان بداتەوە. ئەو دەشزانێت ڕاکردن لە ڕیزی سوپا و لە کاتی جەنگدا، واتای چییە و چ تاوانێکی گەورە و ناپاکییەکی نیشتیمانییە و لێخۆشبوونی بۆ نییە و سزاکەی مەرگ و سێدارەیە. بۆیە لەگەڵ کاترینای خۆشەویستی پلانی ئەوە دادەڕێژن، ئیتاڵیا جێ بێڵن و لە سویسرا بگیرسێنەوە. ئەوان دوای گەیشتنیان بە سویسرای وڵاتی ئارامی و جوانیی، وڵاتی مۆسیقا و ئیشق، وڵاتی مرۆڤبوون و ژیان، وڵاتی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان، وڵاتی پلورالییەتی کۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسی و فرەکولتووری، وڵاتی هەموو پێکهاتەکان و قبووڵکردنی هەموو جیاوازییەکان، کاترینا دووگیان دەبێت و هەردووکیان زۆر بە تامەزرۆییەوە ڕۆژەکان و کاتژمێر و چرکەکان لە چاوەڕوانی هاتنەدنیای کۆرپەکەیان دەژمێرن. وەلێ ئەفسووس! قەدەر پێچەوانەی چاوەڕوانییە پڕ لە بەرائەت و خۆزگە و تامەزرۆیی و تاسەکانی ئەوان، بڕیارێکی تری زۆر دڵڕەقانەی دا و کۆرپەی ئاواتەکانی گەلێ بێبەزەییانە، لێ خستنە نێو گۆڕی ماڵئاوایی. کاترینا ژانی منداڵبوون گرتی و لە نەخۆشخانەدا و لە دەرەنجامی نەشتەرگەری شەقکردنی سک و دەرهێنانی منداڵە مردووەکە، خوێنبەربوونی ناوەوە(نزیف داخلی)ی بۆ دروست بوو و گیانی سپارد!
فریدریک دوای ئەو ڕووداوە بە ئازار و کارەساتە ناخهەژێنە، بڕیاری دا چۆک دانەدات و دژی دڵڕەقییەکانی چارەنووس بجەنگێت و هەرگیز ڕادەستی شکست نەبێت و بەیداخی دۆڕان لە بەرانبەر ژیان بەرزنەکاتەوە و درێژە بە مانەوەی بدات. ئەو بڕیاری دا سەرەڕای گەورەیی قەبارەی ئەو تراژیدیایە و ئازارەکانی، وەلێ بەراورد بە کارەساتەکانی جەنگ و ماڵوێرانییەکانی، بە ئاساییتر و بچووکتر وەربگرێت. ئەو جەنگەی دەوڵەتان و وڵاتانی زلهێز و سەرکردەکانیان لەپێناو کۆمەلێک بەرژەوەندی جاڕی دەدەن. ئەو جەنگە ماڵوێرانکەرەی دواجار هەر مرۆڤایەتی دەبێتە سووتەمەنی و قوربانی ئاگرە بێئامان و سووتێنەرەکەی.
ماوەتەوە بڵێم:

پەیامی ڕۆمانی(ماڵئاوا لە چەک)، هاوارێکە بۆ وڵاتە زلهێزەکان و جیهان، کە چیتر جەنگ بووەستێنن و بە یەکجاری ماڵئاوایی لە چەک بکەن و بارووتەکان بکەن بە مرەکەبی خامەی خۆشەویستی و ئیدی لە بری کوشتن و خوێنڕشتن و وێرانکردنی ژیان و دروێنەی جەستەی مرۆڤ و ناشیرینکردنی بوون، مرۆڤایەتی بنووسنەوە و گوڵی عیشق و جوانی بڕوێنن و ژیان ئاوەدان کەنەوە. ماڵئاوا لە چەک، پێمان دەڵێت مرۆڤ سامانێکی مەزن و بوونەوەرێکی پیرۆزە و بە هیچ پاساوێک ناکرێت بکرێتە ئامرازێکی بچووک و بێبەها بکرێت و بکرێت بە سووتەمەنی جەنگ و لەپێناو هەر سەرکەوتنێک، دواجار باجەکەی هەر دۆڕانە بە خوێنی مرۆڤ.
لە کۆتاییدا نووسەر لە ڕێگەی(فریدریک)ی پاڵەوانی ڕۆمانەکەیەوە پێمان دەڵێت هەڵاتن لە جەنگ، ڕەتدانەوەی توندوتیژی و ڕەتکردنەوەی جەنگە. مرۆڤ یەکەم بزوێنەر و هەڵایسێنەری پشکۆی ئاگری جەنگە و دواجار هەر خۆیشی دەبێ کۆتایی بە جەنگ بێنێت و ڕێگری لە سەرهەڵدانی جەنگ بکات، ئەگەر هەر نەیتوانی کۆتایی بە جەنگ بێنیت، با لە جەنگ ڕابکات.

شەماڵ بارەوانی

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress