بیست و چوار كاتژمێر لەژیانی ژنێكدا.. ئاكۆ عەبدوڵڵا
له‌ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه شه‌یدای كورته رۆمانه وه‌رگێڕدراوه‌كانی شتێفان تسڤایگی شاعیر و نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و شانۆنووسی نه‌مساییم كه ئه‌وسا له‌چه‌ندان خانه بۆ زمانی عه‌ره‌بی وه‌رده‌گێڕدران. هه‌ر كات ده‌ستم پێیان ده‌گه‌یشت به‌هه‌ڵپه‌وه ده‌مخوێندنه‌وه، له‌وانه (نامەیەك لەژنێكی نه‌ناسراو)، (ئامۆك) ، (بازنەیەك لەسه‌ر دەریاچەی جنێف)، (شەترەنج)، (شلەژانی هەستەكان) و (بیست و چوار كاتژمێر لەژیانی ژنێكدا)… ئه‌وه جگه له‌كتێبه‌كانی دیكه‌ی له‌وانه (به‌لزاك) و (بونتیاتنەرانی جیهان). به‌هزاد حه‌وێزی ئه‌و كورته رۆمانه‌ی دوایی له‌زمانی عه‌ره‌بی بۆ زمانی كوردی وه‌رگێڕا و ساڵی 2023 به‌تیراژی 500 دانه له‌چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بڵاویكرده‌وه. پێشتر تسڤایگ ساڵی 1927 به‌زمانی ئه‌ڵمانی بڵاویكردبۆوه. هاوشێوه‌ی زۆر رۆمانی دیكه‌شی تێیدا ڕاشكاوانە رەخنەی لەنەریتی بۆرجوازی ئه‌وسای كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی (چینه‌كه‌ی خۆی) گرتووه. هه‌روه‌ها وه‌ك هه‌موو رۆمانه‌كانی دیكه‌ی تێیدا زۆر به‌پوختی چۆته ناخی كاره‌كته‌ره‌كانی و بارودۆخی ئه‌و ساته‌ی تێیدان، شیكردۆته‌وه.
سه‌ره‌تا له‌و رۆمانه ده‌بینین چیرۆكخوێن پیاوێكه وه‌ك زۆر پاڵه‌وانی دیكه‌ی رۆمانه‌كانی نووسه‌ر، به‌مه‌به‌ستی كات به‌سه‌ربردن گه‌شتی كردووه و له‌كه‌ناراوه‌كانی (ریڤیێرا) لایداوه. له‌وێدا له‌گه‌ڵ كه‌سانی هاوچینی (بۆرجوازی) كه دوو هاوسه‌ری ئه‌ڵمانی و دوو هاوسه‌ری ئیتاڵی و كه‌سێكی دانیماركی و ژنێكی ئینگلیزین، له‌هوتێلێكی رازاوه نیشته‌جێن. له‌سه‌ر مێزی نانخواردنیش به‌یه‌كتری ده‌گه‌ن و قسه ده‌كه‌ن. دواتر گه‌نجێكی فه‌ره‌نسی كێشنده له‌وێ لاده‌دات. هه‌ر ئه‌و رۆژه له‌گه‌ڵ دوو كچی پیاوێكی قه‌ڵه‌وی ده‌وڵه‌مه‌ند یاری تێنس ده‌كات كه ته‌مه‌نیان 12 ساڵ و 16 ساڵه. دواتر له‌گه‌ڵ خاتوو (هنرییت) ی دایكییان، قسه ده‌كات. رۆژی دواتریش به‌یه‌كه‌وه رادەكه‌ن. ئه‌و هه‌واڵه ئارامی شوێنه‌كه ده‌هه‌ژێنێ. ئامادەبووان له‌سه‌ر مێزی خوان لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن و به‌ناپاك له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت گومانی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن خاتوو هنرییت پێشتر پلانی ئه‌و راكردنه‌ی دانابێت، به‌ڵام له‌ناویاندا چیرۆكخوێن بۆچوونی پێچه‌وانه ده‌خاته‌ڕوو. داكۆكیش له‌و كاره‌ی ئه‌و ده‌كات. به‌وه‌ش گفتوگۆكه به‌ره‌و توندی ده‌چێت. وه‌ك چیرۆكخوێن له‌لاپه‌ڕه 21 ئه‌و چاپه كوردییه به‌و جۆره باسی ده‌كات (جا له‌بێبه‌ختیانا بۆ دژایه‌تی و به‌گژاچوونه‌وه‌ی من له‌وه زیاتر چیدیكه‌یان چاكتر چنگ نه‌كه‌وت گوایه كه‌سی ره‌به‌ن ئه‌و به‌ته‌نیا تاكه كه‌سێكه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی من وه‌رگرێ و له‌میانه‌ی سه‌ركێشییه سێكسییه ئاسان و به‌سه‌رچووه‌كانی پیاوێكی بێ ژن، حوكم به‌سه‌ر ویژدانی مێینه بدات) . هاوكات ژنه ئینگلیزه‌كه كە خاتوو (س)ی ناوە به‌هانای چیرۆكخوێن دێت و لێناگه‌ڕێت ئه‌نجامی گفتوگۆكه به‌شه‌ڕ بگات. ئه‌و كه زیاتر گوێی ده‌گرت و كه‌متر ده‌دوا به‌سه‌نگینی خۆی جله‌وه‌كه ده‌گرێت و داوا ده‌كات له‌سه‌رخۆبن.
دواتر وه‌ك له له‌لاپه‌ڕه 25 ده‌بینین به‌و جۆره له‌چیرۆكخوێن ده‌پرسێ (هه‌روه‌ك تێگه‌یشتبم، تۆ پێت وایه خاتوو (هنرییت) یا هه‌ر ئافره‌تێكی دیكه ده‌توانێ به‌بێ پلان و مشوری پێشوه‌خته، خۆ بخاته ناو سه‌ره‌ڕۆییه‌كی ئاوا چاوه‌ڕوان نه‌كراو، پێشت وایه ناكرێ ئافره‌تێكی ئاوها جۆرێ له‌و ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وته بنوێنێ، كه به‌ر له سعاتێك لای مه‌حاڵ بووه). ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێ (به‌ڵێ). ئینجا له‌لاپه‌ڕه 28 به‌و جۆره چیرۆكخوێن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وان شیكاری كاره‌كه‌ی هنرییت ده‌كات (ئه‌و ته‌نیا ئاشقێكی مه‌زنه، من پێش ئه‌وه‌ی به‌و شته بزانم، ئه‌و له‌لای من ته‌نیا ئافره‌تێكی زه‌عیفه‌ی ئاسایی بوو، رێزم هه‌یه بۆی، چونكه به‌دوای خواست و ویسته ئازاكه‌ی خۆی كه‌وت).
دواتر ئه‌و روانینه جیاوازه‌ی چیرۆكخوێن وه‌ها له‌خاتوو (س) ده‌كات داوای لێبكات گوێی بۆ رادێرێ تاكو راستگۆیانه چیرۆكی خۆی بۆ بگێڕێته‌وه كه 24 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر روویداوه. چیرۆكی بیست و چوار كاتژمێری ته‌واو جیاواز له‌ژیاندا. كه ئه‌وسا ته‌مه‌نی 42 ساڵ بوو. دوو ساڵ بوو هاوسه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی مرد بوو. دوو كوڕه‌كه‌شی خه‌ریكی ژیانی خۆیان بوون. ئیتر لێره‌وه كێشه‌ی هنرییت له‌ڕۆمانه‌كه نامێنێ و ده‌بێته به‌سه‌رهاتی خاتوو (س) له‌و بیست و چوار كاتژمێره‌یدا، به‌وه‌ش لایه‌نه هونه‌رییه‌كه‌ی رۆمانه‌كه‌ی یه‌كجار نایاب بووه.
پوخته‌ی گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كه‌ی خاتوو (س) به‌و جۆره‌یه: دوای مردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆ خه‌مڕه‌وێنی به‌رده‌وام له‌و شار بۆ ئه‌و شار ده‌چوو و له‌هۆتێله‌كان ده‌ماوه، تا شه‌وێك له‌قومارخانه‌یه‌كی مۆنتی كارلۆ گه‌نجێكی كێشندهی 24 ساڵان ده‌بینێ كه له‌ئارستۆكراتییه پۆلۆنییه‌كان بوو بۆ كاری دپلۆماسی خه‌ریك بوو، به‌ڵام ئالوده‌ی قوماركردن بوو. دوای ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی زۆر ده‌دۆڕێنێ و دڵته‌نگانه ده‌رده‌چێت و له‌ژێر بارانی به‌لێزمه له‌سه‌ر كورسییه‌كی پاركێك داده‌نیشێ و بیرده‌كاته‌وه. خاتوو (س) وه‌های به‌خه‌یاڵی دادێت ئه‌گه‌ر فریای نه‌كه‌وێت ئه‌و كوڕه خۆی ده‌كوژێت، بۆیه لێی نزیك ده‌كه‌وێته‌وه و هه‌وڵی له‌گه‌ڵ ده‌دات. هه‌ر ئه‌و شه‌وه به‌ره‌و هوتێلێكی هه‌رزان به‌های ده‌بات و پاره‌شی پێده‌دات، له‌به‌رامبه‌ردا كوڕه بێهیواكه وه‌ها ده‌زانێت ئه‌و ژنه بۆ پاره دوای كه‌وتووه كه‌چی خاتوو (س) دڵنیای ده‌كاته‌وه ته‌نیا مه‌به‌ستی رزگاركردنی ئه‌وه. كاتێكیش ده‌یه‌وێت زۆر له‌كوڕه‌كه بكات بچێته ناو هوتێله‌كه، كوڕه ده‌ستی ده‌گرێت و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یباته سه‌ره‌وه. ئینجا به‌یه‌كه‌وه ده‌خه‌ون. رۆژی دواتر كه به‌لای خاتوو (س) زۆر نامۆ ده‌بێت و هه‌ستیش به‌شه‌رمه‌زاری ده‌كات. له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه ده‌رده‌چن و ناچاریشی ده‌كات په‌یمان بدات جارێكی دیكه قومار نه‌كات. ئه‌ویش له‌كڵێسه به‌ڵێن ده‌دات. ئه‌وسا خاتوو (س) پاره‌ی گه‌ڕانه‌وه و پاره‌ی زێڕه دزراوه‌كه‌شی پێده‌دات كه وه‌ك بارمته داینابوون. دوای له‌یه‌كتر جیابوونه‌وه كوڕه‌كه بڕیاربوو به‌ره‌و وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر بڕوات. خاتوو (س) یش دووچاری بارێكی خراپی ده‌روونی ده‌بێت كه خۆشی له‌خۆی ناگات، هه‌رچه‌نده به‌گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌كانی ده‌یه‌وێت چیڕۆكخوێن دڵنیا بكاته‌وه هه‌رگیز مه‌به‌ستی داڕێژتنی پێوه‌ندی نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و كوڕه نامۆیه، به‌ڵام دڵی پێوه‌ی په‌یوه‌ست ببوو. وه‌ك له‌په‌لاپه‌ڕه 130 به‌و جۆره ده‌بینین (هه‌وڵم دا به‌روونی بیر له هۆیه‌كانی راكردن له هه‌وه‌سی شێتیی ئازاربه‌خش و كوشنده بكه‌مه‌وه، هه‌وه‌سی تووڕه‌یی، په‌شیمانی، نائومێدیی). دواتر له‌ناو ئه‌و په‌ستییه‌ی تێیكه‌وتبوو كاتێك كه شه‌وی دواتر ده‌چێته‌وه قومارخانه‌كه، ده‌بێت كوڕه‌كه په‌یمانی شكاندووه و له‌ناو ئاپۆڕه‌ی خه‌ڵكی خه‌ریكی رۆلێته.
ئه‌وه به‌سه‌رهاتی بیست و چوار كاتژمێری جیاوازی ژیانی بوو.. بۆیه خاتوون له‌شوێنی ئه‌ودا هه‌ر ئه‌و شه‌وه وێستگه به‌وێستگه، شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌بڕێ تا ده‌گاته شاری له‌نده‌ن و له‌ماڵی كوڕێكی لاده‌دات. له‌لاپه‌ڕه 147 به‌و جۆره دۆخی دوای ئه‌و رووداوه‌ی ده‌ربڕیوه (خانه‌واده‌كه‌م بۆ من نیگه‌ران بوون، هه‌روه‌ك چۆن بۆ نه‌خۆش نیگه‌رانن، وه‌لێ سۆز و خۆشه‌ویستییان ئازاریان سه‌ختتر، به‌سۆزتر ده‌كردم، من شه‌رم دایده‌گرتم، شه‌رمم له‌رێزگرتنیان ده‌كرد، له سۆز و لوتفیان، ده‌بوایه‌ش به‌رده‌وام چاودێری خۆمم كردبا له‌هێكڕا له‌به‌رده‌میانا هاوارم كردبا، كه من ناپاكیم له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌موویان كردووه، له‌بیرم كردوون و به‌هۆی هه‌وه‌سێكی شێتانه و نه‌فامانه ماوه‌یه‌ك به‌جێم هێشتوون).
له‌لاپه‌ڕه 149 هۆكاری گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی ئه‌و بیست و چوار كاتژمێره‌ی بۆ چیرۆكخوێن به‌و جۆره باس ده‌كات (ئێستاكه‌ش تێده‌گه‌ی، له‌به‌رچی له‌هێكڕا بڕیارم دا ئه‌و چیرۆكه‌ت بۆ بگێڕمه‌وه، له‌كاتێكدا تۆ داكۆكی و به‌رگریت له‌خاتوو (هنرییت) ده‌كرد و به‌هه‌موو دڵ و ده‌روونته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و بیرۆكه‌یه بووی كه بیست و چوار سعات ده‌توانن سه‌رتاپای ژیانی ژنێك بگۆڕن، هه‌ستم كرد ئه‌و وشانه من ده‌گرنه‌وه، منیش سوپاسگوزاری تۆ بووم، چونكه من – بۆ یه‌كه‌مجار- هه‌ستم به‌بوونی كه‌سێك كرد هاوڕامه).
دوای كۆتایی گێڕانه‌وه‌كه خاتوو (س) ماڵئاوایی لێده‌كات و هیوای گه‌شتێكی خۆشیشی بۆ ده‌خوازێ، چیرۆكخوێنیش له‌لاپه‌ڕه‌ی كۆتایی، (لاپه‌ڕه151) به‌و جۆره به‌باسه‌كه ته‌واوده‌كات (ئایا ئه‌وه ره‌نگدانه‌وه‌ی تاسه و خولیایه‌كی دامركاو و كوژاوه بوو؟ ئایا ئه‌وه ئه‌و نیگه‌رانی و په‌شێویه بوو، كه له‌ناكاو روومه‌ته‌كانی به سوورێكی بێئۆقره ره‌نگ ڕێژكرد و تا پرچه سپیه‌كه‌ی هه‌ڵده‌كشا؟ ئه‌و لێره‌كانه چه‌شنی كچێكه، به‌ئابڕوو و حه‌یاوه نیگه‌رانه له بیره‌وه‌ریه‌ك و شه‌رمباره له‌دانپیانانی. من، به‌ده‌ست خۆم نه‌بوو، ئه‌و سه‌ربرده‌یه كاری تێ‌كردم و هه‌ستم به حه‌ز و ئاره‌زوویه‌كی به‌جۆش و خرۆش كرد بۆ ئه‌وه‌ی به وشه‌یه‌ك رێز و سوپاسگوزاری خۆمی بۆ ده‌رببڕم، وه‌لێ ده‌نگ له گه‌رووما خنكا، به‌تاو و تینه‌وه‌ش چه‌میمه‌وه و به‌حورمه‌ته‌وه ده‌سته سیس و بنێسه‌كه‌یم ماچ كرد، ئه‌و ده‌سته‌ی هه‌روه‌ك گه‌ڵای پاییزه تۆزێك هه‌ڵده‌له‌رزی).
ئاكۆ عەبدوڵڵا
