سۆسیالیستەکان و فەلسەفەی زمانی سیاسی -.. ئەکرەم سەعید
بەشی یەکەم
” ڕەخنەی بێبەزەییانە لە هەموو ئەوەی کە هەیە ” – مارکس (١).
پێشەکی تیۆری:
ڕەنگە هەندێک لە مارکسیستەکان پێیان وابێت کە نووسینی ڕەخنە کە ئاراستەی چەپ بکرێت لەم کاتەی ئێستاماندا کارێکی گونجاو نییە، و بەڵگەشیان بۆ ئەوە ئەوەیە کە لە جیهانی ئەمڕۆدا، کە تێیدا هزر و سیاسەتی بۆرژوازیی ڕاستڕەو باڵادەستە و بەهێزتر دەبێت، باشتر وایە هەموومان هەوڵ بدەین بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی چەپ و دووربکەوینەوە لە ڕەخنەگرتن لە یەکتری. وەڵامدانەوەی ئەم هاوڕێ بەڕێزانەش ئەوەیە کە بزووتنەوەی سۆسیالیستی تەنها بە بێلایەنی و ڕەخنەی بنەڕەتی و مەبدەئی بەهێز دەبێت؛ چونکە مارکسیزم لە جەوهەردا بریتییە لە ڕەخنە. کتێبە بەناوبانگەکانی هەریەک لە (مارکس، ئەنگڵس، ڕۆزا، کاوتسکی، پلێخانۆڤ، لینین، هتد)، زۆربەیان بریتین لە ڕەخنەگرتن لە چەپەکانی سەردەمی خۆیان، بۆ نموونە: (کتێبی ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی ڕەخنەیە لە چەپی هیگڵی – کتێبی دژە دوهرینگ ڕەخنەیە لە بیرمەندێکی چەپی ئەڵمانی – ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا ڕەخنەیە لە فیکری لاساڵ – هەژاریی فەلسەفە ڕەخنەیە لە پرۆدۆن،، هتد).
سۆسیالیستەکان پێیان وایە کە ڕەخنە چەکێکی فیکرییە لە جەنگی چینایەتیدا، و هەرکەسێک دەستبەرداری ڕەخنە ببێت، ئەوا دەستبەرداری سۆسیالیزم و بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار بووە. هیچ حیزبێک مافێکی قۆرخکراوی (تایبەتی) نییە بەسەر فیکری سۆسیالیستی و بزووتنەوەی چینی کرێکارەوە، تا ڕێگری لە ئەوانی تر بکات لەوەی ڕەخنەی مەبدەئی و بنەڕەتی ئاراستەی دروشم و تاکتیکەکانی بکەن. ڕەخنە ئازادە؛ بە مەرجی پابەندبوون بە ڕێزگرتن لە کەسایەتیی ئەوی تر و دوورکەوتنەوە لە ناوزڕاندنی هیچ حیزبێک. قەدەغەکردنی ڕەخنە لە سۆسیالیزم دەیگۆڕێت بۆ ئایین، واتە دەگۆڕێت بۆ زۆرداری و سەرکوتکردنی هۆشیاریی کرێکاران، و ڕەگ و ڕیشەی ئەم ڕێبازە سەرکوتکەرەش لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ستالینیزم.
ئەم وتارە تیشک دەخاتە سەر گرفتە بنیادی و چەمکسازییەکان لە گوتاری چەپی هاوچەرخدا، لە ڕێگەی خستنەڕووی نموونەیەک لە ئەدەبیات و بڕیارە سیاسییەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە. شیکردنەوەی زمانەوانیی بەڵگەنامەکانی ئەو دوو حیزبە ئاشکرای دەکات زاراوە و چەمکەکانییان ڕەگ و ڕیشەیان لە هەردوو فەلسەفەی لیبراڵی و کۆنەپارێزیدا داکوتیوە؛ بە جۆرێک چەمکە سەرەکییەکانی وەک دیموکراسی، دەسەڵاتی گەل، ئازادی، دادپەروەری، و یەکسانی دەخرێنە ڕوو، بەبێ هیچ جیاکارییەکی واتایی یان چینایەتی کە لە تێزەکانی ڕاستڕەو جیایان بکاتەوە. ئەم دیمەنەش وەها دەردەکەوێت کە وەک ئەوەی چەپ سیستەمی زمانەوانی و چەمکسازیی باوی ناو هەردوو فیکری لیبراڵی و ڕاستڕەوی خواستووە و گرتۆتەبەر، و دەستەواژەکانی خۆی لە بارگاوییە سۆسیالیستی و شۆڕشگێڕییەکەی بەتاڵ کردبێتەوە. لێرەدا ئەو خاڵەی پێویستە بۆ هەمووان ڕۆشن بێ ئەوەیە؛ کە مەبەست لە ئاراستەکردنی ئەم ڕەخنانە بۆ (حککک – پەکەکە) دەرخستنی جیاوازیی فیکری و سیاسییە و هیچ پاڵنەرێکی کەسیی لەپشت نییە.
سۆسیالیستەکان و فەلسەفەی زمان:
لە دیدگای سۆسیالیستیدا، زمان وەک سیستمێکی ئەبستراکت (مجرد) لە ڕێساکان سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک پراکتیکێکی کۆمەڵایەتیی ماددی سەیر دەکرێت کە تێیدا هاوسەنگیی هێزەکان و ململانێی چینایەتی ڕەنگ دەداتەوە. زمان لە ڕوانگەی سۆسیالیستییەوە ئەو مەیدانەیە کە ئایدیۆلۆژیای تێدا دروست دەکرێت، هەژموونی تێدا دەچەسپێنرێت، یان ڕزگاریی فیکریی لە ڕێگەوە ڕێبەرایەتی دەکرێت. هزری سۆسیالستی میراتێکی تیۆریی دەوڵەمەندی هەیە لە لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان سیاسەت و زماندا؛ بەو پێیەی مارکسیزم لە زمان (بە چەمک و دەربڕینەکانییەوە) وەک ئامرازێکی گەیاندنی بێلایەن ناڕوانێت، بەڵکو وەک گۆڕەپانێکی زیندووی ململانێی چینایەتی، و ئامرازێکی کاریگەر بۆ هەژموونی سیاسی و ئاراستەکردنی ویژدانی گشتیی جەماوەر لێی دەڕوانێت. لە کاتێکدا مارکسیزمی کلاسیک زمانی لە چوارچێوەی «سەرخان»دا پۆلێن کردبوو کە لە لایەن ژێرخانی ئابوورییەوە حوکم دەکرێت، مارکسیزمی ڕەخنەیی و ئاراستە زمانەوانییەکانی دواتر ئەم دیدگایەیان پەرەپێدا؛ بۆ ئەوەی جەخت بکەنەوە کە زمان ئامرازێکی داینامیکی و چالاکە کە ڕاستەوخۆ بەشدارە لە پێکهێنانی هۆشیاری و داڕشتنی کردەی سیاسیدا.
ڤالێنتین ڤۆلۆشینۆڤ سەبارەت بە زمان ئەمەی خوارەوەی نووسیوە: (زمان بە دیارترین بوار دادەنرێت کە تێیدا چۆنیەتیی هێما و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی بەردەوام و گشتگیر ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن. وشە تەنها دیاردەیەکی ئایدیۆلۆژییە کە بە تەواوی لە ناو ئەرکەکەیدا وەک دەلالەت جێی دەبێتەوە. وشە لەم دۆخەدا لە ئەرکەکەی وەک دەلالەت جیا نابێتەوە و ناکرێت هیچ شتێکی لێ هەڵبهێنجرێت بە دوور لەم ئەرکە، ئەمەش وا دەکات وشە پاکترین و هەستیارترین ئامرازی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی بێت).- مارکسیزم و فەلسەفەی زمان / ڤالێنتین ڤۆلۆشینۆڤ – بەشی یەکەم – وەرگێڕانی بۆ عەرەبی: عیماد خالید ئەلحوتبە / الحوار المتمدن.
ڤالێنتین ڤۆلۆشینۆڤ پێی وایە کە وشە تەنها ئامرازێکی گەیاندنی بێلایەن نییە، بەڵکو پێوەرێکی هەستیارە کە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەردەخات؛ واتە وشە وەک نیشانەیەکی ئایدیۆلۆژییە. یەک وشە (وەک: ئازادی، دادپەروەری، گەل) ماناکەی بە تەواوی دەگۆڕێت بەپێی ئەو چینە یان ئەو حیزبە سیاسییەی کە دەریدەبڕێت. حیزبی دەسەڵاتدار هەوڵ دەدات «یەک تۆن» (ئاواز)ی جێگیر بسەپێنێت بۆ خزمەتکردنی ئامانجەکانی، لە کاتێکدا حیزبە شۆڕشگێڕ یان ئۆپۆزسیۆنەکان هەوڵ دەدەن تۆنێک بدەنە وشەکان کە گوزارشت لە خواستەکانی جەماوەر بکات.
هێربێرت مارکوزە لە کتێبەکەیدا (مرۆڤی تاکڕەهەند – بەشی چوارەم: «جیهانی داڕشتنی داخراو» ل ١٢١) زمانی سیاسی شیدەکاتەوە؛ لەم بەشەدا ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن زمان لە لایەن دەسەڵاتەوە کورت دەکرێتەوە بۆ تەنها دروشمگەلێک کە ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی هۆشیاریی جەماوەرە. بەشێکی تەواوی کتێبەکەشی تەرخان کردووە بۆ شیکردنەوەی زمان لە ژێر ناوی زمانی دەسەڵات یان زمانی تاکڕەهەند. مەبەستەکەشی لەم چەمکە، و کەوتنی حیزبە چەپەکان بۆ ناو ئەم تەڵەیە لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا کورت دەبێتەوە:
زمانی کارپێکردن (کردەیی) ـ سڕینەوەی مێژوو و قووڵایی:
مارکوزە پێی وایە زمانی سیاسیی مۆدێرن گۆڕاوە بۆ زمانێکی «تەکنیکی و کارپێکردن کە لە دەوری کردار دەخولێتەوە». ئەم زمانە کێشەکان ناخاتە ڕوو مەگەر وەک مەسەلەی تەکنیکی کە پێویستیان بە چاکسازییە، نەک وەک قەیرانی بنیادی و جەوهەری لە بنەڕەتی سیستەمەکەدا. بۆ نموونە، کاتێک دەسەڵات یان دەزگاکانی ڕاگەیاندن باس لە پرسەکانی وەک قەیرانی بێکاری یان کەمیی مووچە دەکەن، زمانەکە بە شێوەیەک دادەڕێژرێت کە کێشەکە تەنها وەک کەموکوڕییەکی تەکنیکیی کارگێڕی یان دارایی نیشان بدات کە پێویستی بە دانیشتنی چەند وەزیرێک یان شارەزایەکی ئابووری هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. ئەم زمانە ڕێگری لە مرۆڤ دەکات لەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە بێکاری بەشێکی جەوهەری و بنیادییە لە خودی سیستەمی سەرمایەداری؛ واتە زمانەکە ڕەهەندی مێژوویی و فەلسەفیی کێشەکە دەسڕێتەوە، و تەنها ڕەهەندە تەکنیکی و کارگێڕییەکەی دەهێڵێتەوە.
زمان گومان قبوڵ ناکات ـ تۆتالیتاریزمی زمانەوانی:
مارکوزە ڕوونی دەکاتەوە چۆن زمانی سیاسی لەگەڵ زمانی بازرگانی (ڕیکلامکردن) تێکەڵ بووە. ئەم زمانە پشت بە دروشمی کورت، کاریگەر، پۆپۆلیستی، و ئامادەکراو دەبەستێت، کە ئەمەش توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دادەپۆشێت. لە بری ئەوەی وشەکان چەمکگەلێک بن هانی بیرکردنەوە بدەن، دەگۆڕێن بۆ فەرمانی جێبەجێکردن. نموونەی ئەمەش دروشمەکانی وەک: «ئازادی، دیموکراسی، پێشکەوتن، ئیرادەی گەل»ن. ئەم وشانە بە شێوازێکی زۆر لاستیکی و تەمومژاوی دەخرێنە ڕوو، بە جۆرێک کە چیتر ناتوانیت پرسیاریان لەسەر بکەیت یان گومانیان لێ بکەیت؛ چونکە خودی زمانەکە ڕێگرە لە دروستبوونی پرسیار. کاتێکیش دەسەڵات یان حیزبێکی سیاسی دەڵێت: ”ئێمە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا کار دەکەین”، ئەوا زاراوەی (بەرژەوەندیی گشتی) پیرۆزی و قاڵبێکی ئامادە وەردەگرێت کە ڕێگری لە جەماوەر دەکات بپرسن: بەرژەوەندیی کام چین بە دیاریکراوی؟.
مارکوزە نووسیویەتی:(قسەکردن لە جیهانی داڕشتنی گشتیدا تەنها گواستنەوەی هاوواتاکان و وشە دووبارەبووەکانە، و لە واقیعدا هەرگیز بە دوای جیاوازیی جۆریدا ناگەڕێت. بونیادی شیکاری وشە سەرەکییەکە دادەبڕێت لەو ناوەرۆکانەی کە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی دەکەن یان لانیکەم کۆسپ دەخەنە بەردەم ئەو مانایەی کە لە لێدوانە سیاسییەکان و ڕای گشتیدا پێی بەکاردەهێنرێت. ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە ئەو چەمکەی دەخرێتە پلەی سرووتی پیرۆزەوە (پلەی سرووتی پیرۆز ـ نهێنی کاهینیەتی؛ یەکێکە لە حەوت نهێنییە پیرۆزەکەی کەنیسە لە ئایینی مەسیحیدا)، پارێزبەندی دژی هەڵوەشاندنەوە بەدەست دەهێنێت). ـ (مرۆڤی تاکڕەهەند ـ بەشی چوارەم: «جیهانی داڕشتنی داخراو»).
چۆن حیزبە چەپەکان دەکەونە ناو ئەم تەڵەیەوە؟:
لەم بەشەدا مارکوزە پێی وایە گەورەترین فۆڕمی سەرکوتکردن لە کۆمەڵگای مۆدێرندا لە توانای ئەو کۆمەڵگایەدایە بۆ لەخۆگرتنی زمانی ئۆپۆزسیۆن و تێکەڵکردنی تا ببێتە بەشێک لە زمانە باڵادەستەکەی خۆی. کاتێک حیزبێکی چەپ دێتە ناو مەیدانی سیاسییەوە، بە مەبەستی دۆزینەوەی پێگەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا و بۆ ئەوەی جەماوەر لێی تێبگات، خۆی ناچار دەبینێت فەرهەنگی زاراوە ڕادیکاڵ و ڕەخنەییەکانی (کە سیستەمەکە لە بنەڕەتەوە ڕەتدەکەنەوە) بگۆڕێت و ئەو زمانە تەکنیکی و پۆپۆلیستییەی لە جێگە دابنێت کە بازاڕی سیاسیی مۆدێرن قبوڵی دەکات.
کاتێ حیزبە چەپەکە دەست دەکات بە بەکارهێنانی وشە لاستیکییەکانی وەک:« دەسەڵاتی بنەماڵە، ئیرادەی گەل، خۆشگوزەرانی، چاکسازی، و دادپەروەریی گشتی»، لێرەدا مارکوزە ڕوونی دەکاتەوە کە لەو چرکەساتەی چەپ دەستبەرداری زمانە ڕەخنەییە تایبەتەکەی خۆی دەبێت و زمانە باڵادەستەکە وەردەگرێت، ئەوا بە تەواوی ناسنامەی خۆی لەدەست دەدات؛ چونکە ئەو وشانەی بەکاریان دەهێنێت پێشوەختە مانا ڕەسەنەکانیان لە لایەن سیستەمی سەرمایەداری و حیزبە لیبراڵ پۆپۆلیستەکانەوە دزراون، و گۆڕاون بۆ ئامرازی کۆنترۆڵکردن. بەمەش چەپ دەگۆڕێت بۆ تەنها ئۆپۆزسیۆنێکی ناوخۆیی کە دروشمەکانی سنووری سیستەمە باوەکە تێناپەڕێنن.
مەبەستی مارکوزە ئەوە بوو کە کۆمەڵگای مۆدێرن، لە ڕێگەی تێکەڵکردنی زمانی سیاسی لەگەڵ زمانی بازرگانی (ڕیکلامکردن)، شێوازێکی زمانەوانیی بەرهەم هێناوە کە هەموو جیاکاری و جیاوازییەکان دەسڕێتەوە. کاتێک حیزبێکی ڕادیکاڵی چەپ بەیاننامەیەک دەردەکات و تێیدا بە هەمان ئەو وشە و دەستەواژانە قسە دەکات کە سیاسەتمەدارە لیبراڵەکان یان ئۆپۆزسیۆنە پۆپۆلیستەکان، یان تەنانەت بەرپرسانی خودی دەسەڵات لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بەکاری دەهێنن (وەک: دەسەڵاتی گەل، خۆشبەختی بۆ خەڵک، داهاتووی گەش، ماف و ئازادییەکان)، ئەوا ئێمە لێرەدا ڕووبەڕووی دەرکەوتنێکی زەقی «زمانی تاکڕەهەند» دەبینەوە. لەم چوارچێوەیەدا، زمان چیتر ئامرازی ڕزگاری و ڕەخنە نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ یارییەکی تەکنیکی و بەبازاڕکردن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی جەماوەر بە شێوەیەکی کاتی، کە لە چوارچێوەیدا هەموو هێزە سیاسییەکان لە ناو یەک گوتاری قاڵبگرتوودا دەتوێنەوە.
جیاکردنەوەی زمان لە فیکر:
” زمان ڕەنگدانەوەی فیکرە نەک ئامرازێک بۆ فێڵکردن”- مارکس.
بەڵام، تا چ ڕادەیەک مارکس و سۆسیالیستەکان (جیاکردنەوەی زمانی سیاسی لە دەقی ئایدیۆلۆژی) قبوڵ دەکەن، واتە جیاکردنەوەی زمان لە فیکر، یان گوتار لە هۆشیاری؟ ئایا ئەم جیاکارییەی نێوان زمان / پڕوپاگەندە و نێوان بیروباوەڕی ڕاستەقینە نابێتە هۆی جۆرێک لە ساختەکاری و چەواشەکردن؟ ئایا ئەمە بە پێشێلکردنی بنەماکان و شەرعییەتی فیکری دانانرێت لە پێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتی جەماوەری و حیزبیی کورتخایەندا؟ ئەمە پرسیارێکی جەوهەریدایە؛ چونکە ئەمە زمانی سیاسی سۆسیالیستی زانستی لە پۆپۆلیزمی چەپ جیادەکاتەوە. ئەگەر بمانەوێت وەڵامی ڕاستەوخۆی پرسیارەکە بدەینەوە: بەڵێ، خودی مارکس هەرگیز ئەم جیاکردنەوە زۆرەملێیەی نێوان فیکر و زمانی قبوڵ نەدەکرد، و زۆربەی سۆسیالیستە بە پەرۆش و ڕژدەکان پێیان وایە ئەم شێوازە بە ناچاری دەبێتە هۆی ساختەکردنی هۆشیاریی جەماوەر، و دروستکردنی دۆخێک لە فێڵی هزری، و قوربانیدان بە بنەما تیۆرییەکان لە پێناو دەستکەوتی پراگماتیی کاتیدا.
لە کتێبە بەناوبانگەکەیاندا «ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی – ١٨٤٥» مارکس و ئەنگڵس دەستەواژەیەکی مێژووییان داڕشتووە کە دەڵێت: «زمان واقیعی ڕاستەوخۆی فیکرە»؛ بە مانای پێکەوە بەسترانی هزر و زمان.
مارکس پێی وایە لە ڕووی بنیادییەوە مەحاڵە مرۆڤ فیکرێکی شۆڕشگێڕانەی هەبێت لە کاتێکدا پەنا بباتە بەر زمانێکی کۆن یان بۆرژوازی بۆ گوزارشتکردن لێی. مارکس لە کتێبی «هەژدەی برۆمێری لویس بۆناپارت»دا ڕەخنەیەکی توندی ئاراستەی ئەو حیزبانە کرد کە دروشم و زمانی لاستیکی بەکاردەهێنن بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان. ئەو پێی وایە شۆڕشی سۆسیالیستی پێویستی بە خۆشاردنەوە نییە لە پشت دەمامکی «گەل» یان پەناگرتن بە دەستەواژە تەمومژاوییەکان، بەڵکو دەبێت خۆی بە زمانێکی ڕوون و ڕاستگۆیانە پێناسە بکات، بەم شێوەیە مارکس سازشکردنی زاراوەیی ڕەتکردەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، مارکس هەرگیز قبوڵی نەدەکرد حیزب سازش بکات لە ڕێگەی شاردنەوەی چەمکە جەوهەرییەکانی (وەک: ململانێی چینایەتی و هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتیی تایبەتی) و گۆڕینیان بە قسەکردن لەسەر «دەسەڵاتی گەل و خۆشگوزەرانی» تەنها لەپێناو لەدەستنەدانی جەماوەرەکەی.
ئایا جیاکردنەوەی زمان لە فیکر «فێڵ و ساختەکاری» دروست ناکات؟ بەڵێ، بێگومان بە تەواوی دروستی دەکات، بەڵام پاساوی حیزب بۆ ئەم زمانە پۆپۆلیستییە کە بەتاڵکراوەتەوە لە بنەماکانی سۆسیالیستی، پێویستی (پڕوپاگاندەکردن و ئاژیتاسیۆن – وروژاندن)ی جووڵاندنی هەست و سۆزی جەماوەرە بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی خێرا و کردەیی وەربگرن. لە ڕاستیدا، پڕوپاگاندە و ئاژیتاسیۆنی سۆسیالیستی لە پێناو ڕاکێشانی جەماوەردا، بە هیچ شێوەیەک بە مانای هاوتابوونی زمان و گوتار نایەت لەگەڵ پارتە بۆرژوازییەکانی تردا، و نابێت ببێتە هۆی لەدەستدانی هزر و بنەما جەوهەرییەکانی خۆی.
کاتێک حیزبێک لە ناوخۆیدا بەرنامەیەکی ڕادیکاڵ پەیڕەو دەکات (وەک: دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا و هەڵوەشاندنەوەی خاوەنداریەتی تایبەتی سەرمایەداری و بازاڕ)، بەڵام لە دەرەوە بە زمانێکی جیاواز ڕوو لە جەماوەر دەکات و پێیان دەڵێت: (ئێمە دەسەڵاتی ئیرادەی گەل و ئازادیمان دەوێت)، ئەوا ئێمە لێرەدا ڕووبەڕووی دوو تەنگژەی مۆڕاڵی و سیاسیی گەورە دەبینەوە.
لە پلەی یەکەمدا حیزبەکە جەماوەری چەواشە کردووە، چونکە لێرەدا حیزب بە ڕووخساری فێڵبازێکی زیرەک دەردەکەوێت کە بە عەقڵییەت و لووتبەرزییەکی بژاردە «لە سەرەوە بۆ خوارەوە» سەیری جەماوەر دەکات؛ وەک ئەوەی حاڵی زمانەکەی بڵێت: خەڵکی گشتی هۆشیاریی تەواویان نییە بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفەکەمان، کەواتە با بە دروشمی سادەکراوە بیانخەڵەتێنین. دووەم، حیزب ژینگەیەک دروست دەکات بۆ دووفاقیی کادیران و لێکترازانی کەسایەتیی حیزبی. لەم ژینگەیەدا کادیرانی حیزب تووشی جۆرێک لە پارچەپارچەبوونی ناسنامە دەبن؛ بە جۆرێک لە ناو هۆڵەکانی حیزبدا بە زمانێکی ڕادیکاڵی توند قسە دەکەن، لە کاتێکدا لە فەزای گشتی یان دەزگاکانی ڕاگەیاندندا دەگۆڕێن بۆ سۆسیال دیموکراتێکی نەرم. ئەم ڕەفتارەش وا دەکات جەماوەر بە تەواوی متمانەی بەم جۆرە حیزبانە نەمێنێت.
پێشێلکردنی بنەماکان لە پێناو جەماوەریبوونی کاتیدا:
ئەمە هەمان ئەو تەڵەیەیە کە حیزبە کۆمۆنیستەکان و زۆرێک لە هێزە چەپەکانی تری ناوچەکە تێیکەوتوون. ئەوان پێیان وابوو ئەم جیاکارییە زمانەوانییە دەتوانێت حیزب بگۆڕێت بۆ هێزێکی جەماوەریی گەورە، بەڵام ئەنجامە مێژووییەکە بە تەواوی پێچەوانە بووەوە. کاتێک بۆ چەندین ساڵی درێژ زمانی «ئۆپۆزسیۆنی نەریتی باو» وەک تاکە بژاردە بەکاردەهێنیت، وردە وردە مێشکی کادیران و لایەنگرانی حیزب لە فیکری ڕادیکاڵ دادەماڵرێت، تا دواجار وەک شوێنکەوتوو و هەڵگری ڕاستەقینەی خودی ئەو زمانە تەمومژاوییە دەمێننەوە، لە پێناو کۆکردنەوەی چەند کەسێکی زیادە لە خۆپیشاندانێکدا یان کۆکردنەوەی هەندێک دەنگی هەڵبژاردن، سەرئەنجام بنەما جەوهەرییەکانی حیزب دەکرێنە قوربانی (قوربانیدان بە ستراتیژ لە بەرژەوەندیی تاکتیکدا)، ئەمەش ڕێکخراوەکە بەرەو مایەپووچبوونی فیکری دەبات؛ و کاتێک قەیرانەکە دادەمرکێتەوە و جەماوەر بڵاوەی لێدەکات، حیزب خۆی دەبینێتەوە کە ناسنامە فیکرییەکەی پێشووی لەدەست داوە بەبێ ئەوەی سەرکەوتوو بووبێت لە بەدەستهێنانی پێگەیەکی جەماوەریی ڕاستەقینە. ئەو حیزبە شیوعی و چەپانەی زمان لە فیکر، یان گوتار لە ئایدیۆلۆژیا جیادەکەنەوە، قەیرانی چەمکیان هەیە لە گوتارەکانیاندا، و پەیڕەوی تاکتیکێکی ماکیاڤیلی دەکەن کە پێی وایە «ئامانج پاساو بۆ ئامراز دەهێنێتەوە». بەڵام مارکسیزمی ڕەسەن جەخت دەکاتەوە کە ڕاستگۆیی فیکری و ڕوونیی زمان دوو مەرجی بنەڕەتین بۆ بنیاتنانی هۆشیاریی ڕاستەقینەی چینی کرێکار.
زمانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان:
لەم بەشەی یەکەمدا، نموونەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دەهێنینەوە، ئەوەش لە ڕێگەی ئەو زمانەوە (وشە و چەمکەکان) کە لە بڕیارەکانیدا بەکاری دەهێنێت، سەرەڕای وتار و گوتارەکانی ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبەکە.
(هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، بەهێزی میلیشیا بەشێوەیەکی ڕەها و نایاسایی دەستیان بەسەر دەسەڵات و تەواوی سامان و داهاتی ئەم کۆمەڵگەیەدا گرتووە. کوردستانیان بە زۆر و زۆرداریی میلیشیاکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە. .. ئەم فۆڕم و مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتی و وردوخاشکردنی ئیرادەی خەڵک، تا سەر مۆخ کۆنەپەرستانە و ناکۆکە بە هیوا و ئاوات و ئارەزوەکانی خەڵکی شارستانیی کوردستان و پێوانە سەردەمیەکان و هەرگیز شایانی ژیان و شکۆی خەڵکی کوردستان نییە و دەبێ کۆتایی بێت.) – سەرچاوە: بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری سەبارەت بە: پێویستی خەبات بۆ کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵە! – تشرینی یەکەم 1, 2026.
بەیاننامەکە دەڵێت: (دوو دەسەڵاتی میلیشیایی ستەمکار و سەرکوتکەر و نایاسایی و ناشاریستانی و نابەرپرس بەرامبەر ژیان و پێداویستی و ئازادییەکانی خەڵک) – دەسەڵاتی نایاسایی و ناشاریستانی مانای چییە؟ مەبەستی ئەم کۆمۆنیستانە لە (یاسا و شارستانیبوون) چییە؟. ئایا ئەگەر دەسەڵات یاسایی و شارستانی بووایە، هیچ کێشەیەک نەدەبوو؟ ئایا ئەمە دیدگایەکی مارکسییە بۆ دەسەڵاتی؟.
زمانی دەقی سیاسیی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، لە واقیعدا تێکەڵەیەکە لە ڕەخنەی مارکسیی کلاسیک لە دەوڵەت و دروشمی سیاسیی پۆپۆلیستی (جەماوەری) بۆ جووڵاندنی شەقام.
بۆ تێگەیشتن لەوەی مەبەستیان چییە لەم چەمکانە، و ئایا ئەمە دیدگایەکی مارکسییە یان نا، پێویستە بابەتەکە لەسەر ئاستی فەلسەفی و سیاسی شیبکرێتەوە:
مانای «دەسەڵاتی نایاسایی و ناشاریستانی» لە ڕوانگەی حیزبی شیوعییەوە:
ئەگەر وەک حککک دەڵێ:(دەسەڵاتی ئەم دوو بنەماڵەیە، وەکو فۆڕمی بەرجەستەبووی دەسەڵاتی چینی بورژوازی کوردە)، ئایا دەبوو بەڕای حیزب ئەم «دوو حیزبە بنەماڵەییەکە»؛ بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی – پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەکام یاسا و شارستانییەت دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا بگرتایە؟.
لێرەدا مەبەستیان لە « دەسەڵاتی نایاسایی – یاسا» لە ڕوانگەی فەلسەفەی مارکسییەوە نییە، چونکە لەو ڕوانگەیەوە ئەو دەسەڵاتەی بەرژەوەندیی زۆرینە (کرێکاران) ناپارێزێت لە بنەڕەتدا بە نایاسایی و ناشەرعی دادەنرێت. بەڵکو مەبەستیان «یاسای سروشتیی بۆرژوازی» یان یاساکانی پەرلەمانی ئێستای هەرێمە، واتە مەبەستیان ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە تەنانەت پابەند نابێت بەو بەڵێن و بنەما یاسایی و دەستوورییانەشەوە کە خودی خۆی دایڕشتوون (وەک ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاک، یان دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات، یان یاسای کار).
مەبەستیان لە چەمکی دەسەڵاتی ناشاریستانی شێوازی حوکمڕانییە؛ کاتێک هێزە چەکدارەکان و میلیشیاکان بڕیار دەدەن لە بری دامەزراوە مەدەنی و یاساییەکان، و کاتێک تیرۆری سیاسی و سەرکوتکردن هەیە، ئەمە لە فەرهەنگی سیاسیی ئەواندا پێناسە دەکرێت بە گەڕانەوە بۆ «سەردەمی پێش دەوڵەت» یان «قۆناغی خێڵەکی و دەرەبەگایەتی»، نەک کۆمەڵگایەکی مەدەنی و شارستانی (Civil Society).
یاسایی و شارستانیی کام چینی کۆمەڵ؟ ئایا ئەمە دیدگایەکی مارکسییە بۆ دەسەڵات؟. ئەم زمانەی بەیاننامەکە مارکسیی کلاسیکی پوخت نییە، بەڵکو زیاتر دەچێتە خانەی «پۆپۆلیزمی سۆسیالیستی»یەوە لەبەر ئەم هۆکارانە:
١. دابەشبوونی چینایەتی بەرامبەر دابەشبوونی سیاسی: مارکس دەسەڵاتی سیاسی لەسەر بنەمای «کێ خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانە؟» (سەرمایەدار بەرامبەر کرێکار) شیدەکاتەوە. بەڵام ئەم بەیاننامەیە کێشەکە کورت دەکاتەوە لە «دەسەڵاتی بنەماڵە و میلیشیا»دا (واتە کێشەیەکی سیاسی و کێشەی حوکمڕانی)، نەک کێشەیەکی ئابووری و چینایەتیی جەوهەری. زمانی سیاسی حیزب لێرەدا لە هاوکێشەی( دەسەڵاتی نەریەتی بەرامبەر دەسەڵاتی مۆدێرنی بۆرژوازی) داڕێژراوە.
٢. چەمکی «شارستانیبوون»: لە فەلسەفەی مارکسیدا، خودی «شارستانییەتی بۆرژوازی» جێگەی ڕەخنەیە. مارکس پێی وایە شارستانییەتی سەرمایەداری لەسەر خوێن و چەوساندنەوەی کرێکاران بنیات نراوە. بۆیە، بەکارهێنانی چەمکی «ناشاریستانی» وەک تۆمەتێک بۆ دەسەڵات ڕەنگدانەوەی تێڕوانینێکی لیبراڵییە زیاتر لەوەی مارکسی بێت؛ چونکە وەها دەردەکەوێت کە تۆ دەڵێیت: «ئێمە دەسەڵاتێکی سەرمایەداریی شارستانیمان دەوێت».
ئایا لە دیدگای مارکسیستەکانەوە دەسەڵاتی (بایدن، پۆتین، ماکرۆن، ترەمپ و نەتەنیاهۆ) بە دەسەڵاتێکی شارستانی دادەنرێن؟ ئەی چی سەبارەت بە دەسەڵاتی (سیسی، ئەردۆغان و خامنەیی)؟ جیاوازیی نێوانیان لە چیدایە؟ لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە، سەرجەم ئەم دەسەڵاتانە لە جەوهەردا دەسەڵاتی «یاسایی و شارستانیی بۆرژوازین»، لەبەر ئەوەی هەموویان پارێزەری خاوەندارێتیی تایبەتی سەرمایە، سیستەمی کاری کرێگرتە، پووڵ و بازاڕن؛ هەرچەندە لە ڕووی فۆڕمی حوکمڕانی و ئایدیۆلۆژیاوە جیاوازن. لە کاتێکدا لای سۆسیالیستەکان ئەم جیاوازییە ڕووکەشانەی نێوان فۆڕم و ئایدیۆلۆژیای بۆرژوا دەسەڵاتدارەکان هیچ بایەخێکی نییە، بەڵام لای لیبراڵەکان و چەپی پۆپۆلیست وەک پێوەری سەرەکی و جێگەی بایەخ سەیر دەکرێن.
مێژوو نیشانی داوە کە نازییەکان و هیتلەر لە ڕێگەی یاسا و هەڵبژاردنی دیموکراسییەوە گەیشتنە دەسەڵات. لە سەردەمی ئێستاشدا، زۆرینەی حکومەتە بۆرژوازییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی سیستەمێکی بەربەرییانە بەڕێوەدەبەن؛ لە لایەکەوە کرێکاران برسی دەکەن، جەنگ بەرپا دەکەن و بودجەی زەبەلاح بۆ بەسەربازیکردن خەرج دەکەن، لە لایەکی دیکەشەوە کۆچبەران دەردەکەن و گوتاری ڕاسیستی بەرهەم دەهێنن. سەرەڕای ئەوەش، داڕمانی بانک و بۆرسەکانیان دەبێتە هۆی فەوتانی سامانی هاووڵاتیان و بڵاوبوونەوەی نائارامی و شێواوی لە کۆمەڵگەدا، لە کاتێکدا بەساڵاچووان و منداڵانی چینی کرێکار لە سەرەتاییترین مافەکانی تەندروستی و خوێندن بێبەش دەکرێن. سەرجەم ئەم دیاردە دڕندانەیە دەرەنجامی دەسەڵاتی یاسایی و «بەناو شارستانی»ی بۆرژوازییەتن؛ ئەو چینەی کە ڕوخساری نوێنەرەکانی (چ پیاوێکی ئایینی بێت، بنەماڵەیەک، ئەفسەرێکی سەربازی یان حیزبێکی مۆدێرنی تەکنۆکراتی کۆستیملەبەر) جەوهەرە بەربەرییەکەی ناگۆڕێت.
٣. تیۆری دەوڵەت لای لینین: ئەگەر لە گۆشەنیگای ڤلادیمێر لینینەوە (لە کتێبی دەوڵەت و شۆڕشدا) سەیر بکەین، ئەوا میلیشیا و سوپا بەشێکی جەوهەرین لە هەر دەوڵەتێکی چینایەتی. تاکە جیاوازی ئەوەیە کە ئەم میلیشیایانە لە کوردستان حیزبی و بنەماڵەیین نەک دامەزراوەیی. بۆیە، ڕەخنەگرتن لە «سیمای میلیشیایی» بە تەنها بەبێ ڕەخنەگرتن لە خودی چەمکی دەوڵەتی بۆرژوازی، بە لادان لە مارکسیزم دادەنرێت.
ئایا ئەگەر دەسەڵات یاسایی و شارستانی بووایە، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵیدا نەدەبوو؟.
نەخێر، بە دڵنیاییەوە هەر کێشەیان لەگەڵیدا دەبوو. لێرەدا ناکۆکیی نێوان زمانی سیاسی و تیۆری فەلسەفی دەردەکەوێت. لە ڕووی تاکتیکی و دروشمبازییەوە، حیزب ئەم چەمکانەی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ڕەخنەکەی لای هەموو چینەکانی کۆمەڵگا (تەنانەت چینە ناوەندەکان و ڕۆشنبیرانیش) قبوڵکراو و گونجاو بێت، چونکە هەمووان لە نایاساییبوونی دەسەڵات ناڕازین. بەڵام لە ڕووی ستراتیژی و فیکرییەوە، تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتێکی «یاسایی و شارستانی و دیموکراتی مۆدێرنی بۆرژوازی »ی تەواویش لە کوردستاندا بوونی هەبوایە (لەسەر شێوازی دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان)، ئەوا لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە هەر بە «دیکتاتۆرییەتی بۆرژوازی» دادەنرا. مارکسیستەکان پێیان وایە یاسا و دەوڵەت لە سیستەمی سەرمایەداریدا تەنها دوو ئامرازن بە دەست چینی باڵاوە بۆ چەوساندنەوەی چینی کرێکار، تەنانەت ئەگەر لەوپەڕی شارستانیبوون و دیموکراتی مۆدێرنی بۆرژوازیشدا بن.
ئەم ڕەخنەیەی حککک ئاراستەی دەسەڵاتی دەکات بە زمانێکی هاوشێوەی ڕەخنەی سەرجەم حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی تری کوردستان (یەکگرتووی ئیسلامی، و حیزبە لیبراڵ و کۆنەپارێزەکان – وەک بزووتنەوەی گۆڕان، و نەوەی نوێ) نووسراوە؛ واتە زمانی پڕوپاگەندەی پۆپۆلیستیی بۆرژوازییە، زمانێکە هەمووان لەسەری کۆکن، زمانێکە خۆی بەرز دەکاتەوە بەسەر چینایەتیدا و سنوورەکانی فیکری سیاسی تێدەپەڕێنێت و هەمووان تێیدا لەیەک دەچن. ئەمە هەمان ئەو زمانە سیاسییەیە کە مارکوزە باسی لێوە کردووە (زمانی پڕوپاگەندە – زمانی بەبازاڕکردن – ڕیکلام).
ئەم بەیاننامەیە، لە ڕووی شیکاریی فەلسەفییەوە، کەوتووەتە ناو پارادۆکسێکەوە (ناکۆکیی زاتی)؛ چونکە لە لایەک دەیەوێت سۆسیالیست و شۆڕشگێڕ بێت، و لە لایەکی ترەوە چەمکگەلێکی وەک (یاساییبوون و شارستانیبوون) بەکاردەهێنێت کە چەمکی فیکریی لیبراڵیزم و دیموکراسیی بۆرژوازین. ئەمەش پێمان دەڵێت کە حیزب لەم بەیاننامەیەدا زمانی «پڕوپاگەندەی سیاسیی ڕۆژانە»ی پێش بیروباوەڕی «شیکردنەوەی فەلسەفیی قووڵ»ی مارکسی خستووە، بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ ناڕەزایەتییە گشتییەکانی شەقامی کوردیدا بگونجێت و هاوئاهەنگ بێت.
پێکدادانی نێوان گوتاری سیاسی و بیروباوەڕی فیکری:
( خەباتی یەکگرتوانە و ڕێکخراوی کرێکاران و مامۆستایان و کارمەندان و ژنان و لاوان و کاسبکاران، دەتوانێ ئەم دەسەڵاتە وەلابنێ و دەسەڵاتیک بەرپا بکات کە پشتی بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک بەستبێت، دەسەڵاتێک کە بەرنامە و ئیرادەی بۆ دەستەبەرکردنی خۆشبەختی بێت بۆ خەڵک. ئەمە خەباتێکی هەمەگیر و ڕێکخراوی دەوێ، پێویستی بەوەیە یەکگرین و بە دامەزراندنی ڕێکخراوەکانمان ڕیزەکانمان یەکگرتوو بکەین. ڕابەران و هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دەتوانن لەم خەباتە و لە یەکگرتوکردنی جەماوەریدا ڕۆڵی پێشڕەوانە بگێڕن. هەر حزبێکی سیاسی کە تۆزقاڵێکیش خۆی بە لایەنگری ئازادی و مافەکانی خەڵک بزانێ، ئەمڕۆ ئیتر دەبێ سەنگەری خۆی هەڵبژێرێت، لە پاڵ ئەم خەباتە یان لە پاڵ دەسەڵاتی ستەمکاردا ڕادەوەستێت؟)- هەمان سەرچاوە.
دامەزراندنی دەسەڵاتێک کە پشت بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی «گەل» یان «جەماوەر» ببەستێت؟. دەسەڵاتی گەل واتە دیموکراسی، بەڵام لە بەیاننامەکەدا ناوی نەهاتووە، و باس لە جۆری ئەو دیموکراسییە ناکات (دیموکراسیی لیبراڵی، دیموکراسیی شۆڕشگێڕانەی لینین، دیموکراسیی جەماوەریی ماو، یان دیموکراسیی گەلانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK). ئایا دەسەڵاتی گەل جێگرەوەیە بۆ چ سیاسەتێک لە کوردستان؟ بزووتنەوەی نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گۆڕانیش باس لە دەسەڵاتی گەل دەکەن!. ئایا ئەم بەشەی بەیاننامەکە نوێنەرایەتیی دیدگایەکی مارکسی بۆ دەسەڵات دەکات؟. و شیکاریی فەلسەفیی سیاسی سەبارەت بە دەسەڵاتی (گەل) چییە؟.
ئەم بەشەی بەیاننامەکە دەست دەخاتە سەر قووڵترین پارادۆکس (ناکۆکی) لە فیکری حکککدا. کاتێک دەڵێن «دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی گەل»، ئەمە کام دیموکراسییەیە، و جیاوازیی چییە لەگەڵ حیزبە پۆپۆلیست و لیبراڵەکانی وەک نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گۆڕان؟.
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەبێت پەردە لەسەر جۆری ئەو دیموکراسییە لابدەین کە کۆمۆنیزمی کرێکاری باسی دەکات، و شیکاری بکەین کە ئایا ئەمە مارکسییە یان نا.
١. ئەم دەسەڵاتە کام جۆری دیموکراسییە؟. هۆکاری بەکارنەهێنانی وشەی دیموکراسی لە بەیاننامەکەدا ئەوەیە کە وشەی دیموکراسی لە فەرهەنگی مارکسیدا پیس بووە بە چەمکی «دیموکراسیی بۆرژوازی یان پەرلەمانی» (کە بە فێڵ و چەواشەکاریی دادەنرێ). لای حککک، جێگرەوەی دەسەڵاتی ئێستا بریتییە لە دیموکراسیی شوراکان (Soviet Democracy).
لە دیموکراسیی لیبراڵیدا (کە نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گۆڕان باوەڕیان پێیەتی)، خەڵک چوار ساڵ جارێک دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەسەڵات ڕادەستی پەرلەمانتاران دەکەن، پاشان خەڵک دەگەڕێنەوە و دەبنە تەنها چاودێر بەبێ هیچ دەسەڵاتێکی ڕاستەوخۆ. حککک باوەڕی وایە کە دەبێت خەڵک «شورا» (ئەنجومەن) لە شوێنەکانی کار، کارگەکان، گەڕەکەکان، و زانکۆکاندا پێکبهێنن. بڕیارەکانیش لە بنکەوە بۆ لوتکە دەدرێن. خەڵک خۆیان ڕاستەوخۆ حوکمڕانیی خۆیان دەکەن، و هەر کاتێک نوێنەرەکەیان خیانەتی لێ کردن، دەتوانن دەستبەجێ لە پۆستەکەی لایبدەن (ئەمە مۆدێلی کۆمۆنەی پاریسی ساڵی ١٨٧١).
ئایا مەبەستیان لە دەسەڵاتی گەل دامەزراندنی (دیموکراسیی شۆڕشگێڕانە)یە، وەک قۆناغی یەکەمی شۆڕش؟ بەیاننامەی حیزبەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە تێدا نییە. حککک لە بەیاننامەکەیدا بە مەبەست هێڵێکی ناڕوون و تەمومژاویی لە نێوان چەمکی دیموکراسیی و چەمکی دەسەڵاتی سۆسیالیستیدا هێشتووەتەوە.
لە ڕووی فەلسەفەی سیاسی و ئەدەبیاتی خودی حیزبەکەشەوە (کە پشت بە تێزەکانی مەنسوور حیکمەت دەبەستن)، دەتوانین ئەم ناڕوونییە لە سێ خاڵدا شیبکەینەوە:
١. جیاوازیی نێوان «دیموکراسیی شۆڕشگێڕانە» (تێزی لینین) و تێزی مەنسوور حیکمەت:
تێزی لینین (قۆناغی یەکەمی شۆڕش): لینین لە ساڵی ١٩٠٥دا باسی لە «دیکتاتۆرییەتی دیموکراتیی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا و جووتیاران» کرد وەک قۆناغێکی گواستنەوە کە پێش شۆڕشی سۆسیالیستی دەکەوێت. دواتر لە (تێزەکانی ئەپریل)دا، کە زنجیرەیەک ڕێنمایی و بەرنامەی سیاسییە لە نیسانی ساڵی ١٩١٧ بڵاوکرایەوە، لینین لەم نووسراوەیەدا نەخشەڕێگای سەرەکی دادەڕێژێ بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دەستی بەلشەفییەکان، «دیموکراسیی شۆڕشگێڕانە» تێ دەپەڕێنێ. لە فیکری کککدا، شۆڕش دابەش نابێت بەسەر دوو قۆناغدا (سەرەتا دیموکراسی و دووەم سۆسیالیزم). ئەوان باوەڕیان وایە کە لە کۆمەڵگایەکی وەک کوردستان و عێراقدا، هەر گۆڕانکارییەک ئەگەر ڕاستەوخۆ نەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی شورایی و سۆسیالیستی، ئەوا جارێکی تر دەگەڕێتەوە و دەبێتەوە بە دەسەڵاتێکی بۆرژوازی. بەڵام لەم بەیاننامەیەدا، لە بری وتنی دەسەڵاتی شورایی و سۆسیالیستی، چەمکە لاستیکییەکەی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی گەلیان بەکارهێناوە.
٢. بۆچی بەیاننامەکە ڕوونکردنەوەی تێدا نییە؟
نەبوونی ڕوونکردنەوە لە بەیاننامەکەدا پەیوەندیی بە جیاوازیی نێوان بەرنامەی حیزب و بەیاننامەی تاکتیکییەوە هەیە. ئامانجی ڕاستەوخۆ لێرەدا پێکهێنانی بەرەیەکی گشتییە (تاکتیک)؛ کاتێک حیزب بەیاننامەیەک دەردەکات کە ئاراستەی شەقام و ناڕەزایەتییە گشتییەکان کراوە، خۆی بەدوور دەگرێت لە بەکارهێنانی زاراوە قورسەکانی وەک دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا یان دیموکراسیی شۆڕشگێڕانە، چونکە دەترسێت توێژەکانی وەک مامۆستایان و فەرمانبەران و کاسبکاران لێی بترسن و لێی دووربکەونەوە. لە بری ئەوە حیزب پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی زمانێکی کراوە (واتە هەستاوە بە جیاکردنەوەی زمانی سیاسی لە دەقی ئایدیۆلۆژی). لێرەدا چەمکی «دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی گەل» لە قاپێکی بەتاڵ دەچێت؛ بە جۆرێک لایەنگرانی حیزب وا دەزانن شورا کرێکارییەکانی تێدایە، لە کاتێکدا خەڵکی ئاسایی و ناڕازییەکان «حکومەتێکی دادپەروەر و دوور لە گەندەڵی» تێدا دەبینن.
٣. ناڕوونیی زمان و ونبوونی ناسنامە:
لە ڕووی فەلسەفەی زمانی سیاسییەوە، ئەم بێدەنگی و ڕووننەکردنەوەیە لە ناو بەیاننامەکەدا دەبێتە هۆی بێتوانایی دەقەکە لە سەلماندنی جیاوازییە جەوهەرییەکەی. کاتێک حیزبێکی مارکسی باس لە قۆناغی دوای ڕووخاندنی دەسەڵات دەکات، بەبێ ئەوەی ماهییەتی چینایەتیی ئەو دەسەڵاتە نوێیە پێناسە بکات، ئەوا لە ڕووی تیۆرییەوە دەکەوێتە ناو هەمان ئەو تەڵەیەوە کە هێزە ئۆپۆزسیۆنە پۆپۆلیستەکانی تێکەوتوون؛ واتە تەنها باس لە چۆنیەتی حوکمڕانی (ئیرادەی گەل) دەکات، نەک ماهییەتی ئابووری و چینایەتیی دەسەڵاتەکە.
لێرەدا حیزبەکە فەلسەفە و ناسنامە ئایدیۆلۆژییەکەی خۆی کردووەتە قوربانیی مەیدانی سیاسەتی ڕۆژانە و ڕاکێشانی سەرنجی جەماوەر، بە جۆرێک کە جیاوازییەکانی نێوان گوتاری ئەو و گوتاری حیزبە لیبراڵ و چاکسازیخوازەکانی تر لەسەر پرسی دەسەڵات بە تەواوی تەمومژاوی بووە. کاتێکیش حیزبێک فەلسەفە شۆڕشگێڕییەکەی لە دروشمە گشتییەکاندا کورت دەکاتەوە، ئەوا ڕێک دەکەوێتە ناو یاریی خۆگونجاندن و هاوشێوەبوون لەگەڵ جەماوەر یان پۆپۆلیزم؛ چونکە لە بری ئەوەی جەماوەر بەرز بکاتەوە بۆ ئاستی هۆشیاریی فیکریی خۆی، خۆی دادەبەزێنێتە ئاستی خواستە ڕۆژانەکانی سەر شەقام.
فەلسەفەی کرێکاران:
چینی بۆرژوازی، لەپێناو پاراستنی سامان، دەسەڵات و سیستەمی سەرمایەداریدا، پەنا دەباتە بەر زمانێکی فەلسەفی و سیاسیی چەواشەکار و ناڕۆشن. لە بەرامبەردا، چینی کرێکار ڕزگاربوون لە چەوساندنەوەی سەرمایەداری، پێویستی بە زمانێکی فەلسەفی و سیاسیی ڕاستگۆ، ڕۆشن و زانستییە. لەم نێوەندەدا، زمانی فەلسەفی و سیاسیی سۆسیالیستی دەبێتە ئەو پردە هزرییەی کە کۆمۆنیستەکان بە کرێکارانەوە دەبەستێتەوە و وا دەکات کرێکاران ببنە خاوەنی ڕاستەقینەی فەلسەفەکەی خۆیان. جۆرج پۆلیتزەر پەیوەندی چینی کرێکاران و فەلسەفەی سۆسیالیستی بەم شێوە نایابە ڕۆشن دەکاتەوە:( پێویستە لە سەرەتاوە ئەوە ڕوون بکەینەوە، ئەگەر کرێکاران پەیوەست بووبن بە فەلسەفەی مارکسیزمەوە، و ئەگەر ئەم فەلسەفەیان بە ڕۆشنی پێی گەیشتبێ، ئەوە تەنها لەبەر ئەوە بووە کە خەباتیان لەپێناوی گۆڕینی ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا چەوساوەن، ناچاری کردوون کە لەم کۆمەڵگایە تێبگەن و لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی بۆ بکەن. بۆرژوازییەتیش، بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆی وەک چینێکی سەردەست، هەوڵ دەدات ئەوە لە بیری خەڵک بباتەوە کە باڵادەستییەکەی لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی هێزی کار ڕاوەستاوە. ئەوان نکۆڵی لە ڕاستیی چەوساندنەوەی سەرمایەداری دەکەن، چونکە داننان بەم ڕاستییەدا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان وەک چینێکی چەوسێنەر ناگونجێت. هەر بۆیە دەبینین بۆرژوازییەت چاوپۆشی لەم ڕاستییە دەکات.
پێگەی کرێکاران لەمە جیاوازە. چونکە بەرژەوەندیی ئەوان، وەک چینێکی چەوساوە کە دەیەوێت کۆتوبەندی چەوساندنەوە تێکبشکێنێت، لەوەدایە کە ڕووبەڕوو سەیری جیهان بکەن. چینی چەوسێنەر پێویستی بە درۆ هەیە بۆ بەردەوامبوونی چەوساندنەوە، لە کاتێکدا چینی شۆڕشگێڕ پێویستی بە ڕاستی هەیە بۆ لەناوبردنی چەوساندنەوە. ئەم چینە پێویستی بە تێڕوانینێکی ڕاستگۆیانە هەیە بۆ جیهان کە یارمەتی بدات ئەرکە شۆڕشگێڕییەکەی بە باشترین شێوە جێبەجێ بکات. ئەم تێڕوانینە ڕووبەڕووە بۆ جیهان بریتییە لە «ماتریالیزم»، بەو هۆیەوە بووەتە فەلسەفەی چینی شۆڕشگێڕ؛ فەلسەفەی ئەو چینەی کە بەرژەوەندییەکەی لە تێگەیشتن لە کۆمەڵگادایە بۆ ڕزگاربوون لە چەوساندنەوە، و بەم شێوەیە مارکسیزم دەبێتە فەلسەفە زانستییەکەی کرێکاران.
ئەندرێ ژدانۆڤ دەڵێت:
«دەرکەوتنی مارکسیزم وەک فەلسەفەیەکی زانستیی چینی کرێکاران، بووە هۆی کۆتاییهاتنی سەردەمی فەلسەفەی کۆن، کاتێک فەلسەفە کاری گۆشەگیرەکان بوو لەناو قوتابخانەگەلێکدا کە لە ژمارەیەکی کەم لە فەیلەسووف و هاوەڵەکانیان پێکهاتبوون، کە دوور لە جیهانی دەرەوە دەژیان، لە ژیانی گەل دابڕابوون و وەک نامۆیەک بوون بەرامبەری. مارکسیزم قوتابخانەیەکی فەلسەفی نییە لەم جۆرە. بەڵکو بە پێچەوانەوە، وەک تێپەڕاندنێکی فەلسەفەی کۆن دەردەکەوێت دوای ئەوەی کە فەلسەفە تەنها لە چەند کەسێکی هەڵبژاردەدا لەناو ئەرستۆکراتییەتێکی هزریدا قەتیس کرابوو؛ هەروەها سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا فەلسەفە دەبێتە چەکێکی زانستی لە دەستی چینی کرێکاران کە لەپێناو ڕزگاربوونیاندا خەبات دەکەن».) سەرچاوە:- بنەما سەرەتاییەکانی فەلسەفە -/ فەلسەفەی شۆڕشگێڕ: فەلسەفەی کرێکاران- جۆرج پۆلیتزەر.
پەراوێزەکان:
(١) ئەو دێڕە لەم بڕگەیەدا هاتووە:” بەڵام ئەگەر بنیاتنانی داهاتوو و یەکلاکردنەوەی هەموو شتێک بۆ هەموو سەردەمەکان کاری ئێمە نەبێت، ئەوا ئەوەی کە دەبێت لە ئێستادا ئەنجامی بدەین زۆر ڕوونترە: مەبەستم ڕەخنەی بێبەزەییانەیە لە هەموو ئەوەی کە هەیە؛ بێبەزەییانە بەو مانایەی کە ڕەخنەکە نە لە دەرەنجامەکانی خۆی بترسێت و نە لە پێکدادان لەگەڵ دەسەڵاتە باڵادەستەکانی ئێستا.” – کارل مارکس (نامە بۆ ئارنۆڵد ڕوگە، ئەیلوولی ١٨٤٣). هەروەها مارکس وتووبووی:«بێدەنگبوون لە ئاست هەڵەدا بەبێ بەرپەرچدانەوەی، بە هاندان بۆ بەدڕەوشتیی فیکری دادەنرێت»؛ مارکس پێی وایە بێدەنگبوون لە ئاست بیرۆکە هەڵەکاندا یان پاساوهێنانەوە بۆیان، ڕەفتارێکی نائەخلاقییە لە ڕووی فیکرییەوە؛ چونکە برەودان بە هەڵە ناتوانێت خزمەت بە جەماوەر بکات، بەڵکو بەشدار دەبێت لە شێواندنی هۆشیارییان و هێشتنەوەیان لە دۆخێکی سەرلێشێواویی فیکریدا، لە بری گەیشتن بە حەقیقەتی زانستیی شۆڕشگێڕانە.

