وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه … عه‌باس جه‌میل جێماو
جه‌نگێك له‌گه‌ڵ رۆشنبیری ساخته‌كار
هه‌موو شتێك سنووری خۆی هه‌یه، سیاسه‌ت، په‌یوه‌ندیی، ئارامگری، زێده‌ڕۆیی، منجڕی كردن له به‌هه‌ڵه‌دا بردنی خوێنه‌ر به‌بیانووی خزمه‌تكردنی ئه‌ده‌بیاتی كوردی و گرنگیدان به زمان و كولتووره‌كه‌ی، جه‌نگێكه كه یه‌خه‌ی خوێنه‌ری كوردی گرتووه، هه‌موو ئه‌مانه له‌و گرێیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گری كه بۆمان ناكێتهوه، ئه‌ویش گرێی خۆ به‌كه‌مزانینه، به‌تایبه‌تی له‌نێو ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری كوردی كه ناتوانن ده‌قی خۆماڵی بكه نبه زمانه زیندووهكان.
لێره به‌دواوه كه ده‌بینین ئه‌و به‌ناو خزمه‌ته زیانی زیاتره له سوود، كه‌واته ئیتر ده‌بێ به‌و ئاراسته‌یه و به‌و رێكه‌وتنه‌ی نێوان به‌ناو وه‌رگێڕو به‌ناو خزمه‌تكارانه‌ی ئه‌ده‌ب و زمانی كوردی بلێین ستۆپ، ئیتر به‌سه ژه‌هر ده‌رخواردی خوێنه‌ری كورد ده‌ده‌ن به‌ناوی خزمه‌ت، ئیتر به‌سه ئه‌م پاشاگه‌ردانیه‌ی، كه به‌ناو ده‌زگا چاپه‌مه‌نی و ده‌زگا رۆشنبیرییه‌كانه‌وه ده‌یكه‌ن، كه به‌ئاقاری خزمه‌تكردنی گروپچێتی و شارچێتی و حیزبچێتی په‌لیهاویشتووه.
له‌به‌رامبه‌ردا بڵێَین كاتێتی وه‌رگێڕانی ده‌قی بیانی بووه‌ستێت و وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌وه بكرێته هه‌ڵمه‌ت و خزمه‌ت به كتێبخانه‌ی كوردی، به‌واتای دهوڵهمهندكردی كتێبخانه‌ی بیانی و عه‌ره‌ب و فارس و توركی و هتد، به كتێبی كوردی به‌ڵام به زمانی ئه‌وان، ئه‌مه‌ش هه‌م بۆ ئه‌وان باشتره و ده‌مانناسن، هه‌م بۆ جالیه‌ی كوردی و هه‌م بۆ خزمه‌تی ئینسانی و هه‌م بۆ ئه‌و وزه و توانا كوردیانه‌ی، كه جگه له كورد كه‌س نایانناسێ.
هه‌ڵبه‌ت من به‌و رههاییهش قسه ناكه‌م، كه توانایی زۆرێك له وه‌رگێڕه‌كان سفر بكه‌مه‌وه، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مێك ئه‌وان نه‌بونایه ئاگامان له ئه‌ده‌بیات و رۆشنبیری گه‌لان نه‌ده‌بوو، به‌ڵام ئیتر به‌سه، له‌په‌نای ئه‌م توانایانه‌وه ژه‌هر له كتێبخانه‌ی كوردی بڕێژن.
هاوكات به‌ده‌ر له‌موجامه‌له یان هێرشكردنه‌سه‌ر لایه‌ك، ده‌مه‌وێت له‌كۆی قسه‌كان به‌ڵانسی ویژدان سه‌نگی مه‌حه‌ك بێ و بۆ هه‌ر ته‌وه‌رێك به‌پێی داتا و ئیتیكی نووسین، ئاماژه‌یان پێ بكه‌ین، سه‌ره‌تاییترین ته‌وه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌یش، ئاماژه‌دان به‌بیرۆكه‌ی (وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌یه)، كه دوای ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتم چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر سمكۆ محه‌مه‌دی نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس ئه‌م ته‌رحه‌ی كردبوو، كه له‌ئه‌زمونی سه‌فه‌ره‌كانی بۆ كتێبخانه‌كانی عه‌ره‌بی و فارسی و ئه‌وروپییه‌كان، وه‌كو خۆی ده‌یگێڕێته‌وه، كه خاڵین له كتێبی كوردی، هه‌روه‌ها پێشتر له‌چه‌ند وتارێكیدا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نووسیبووی له‌ساڵه‌كانی 2009 و 2014، پاشان لهئاكاونتی فه‌یسبووكی یوسف مه‌نتك، كه به‌ویژدانه‌وه باسی بابه‌تێك كردووه جارێكی تر بابه‌ته‌كه سه‌رنجی راكێشام بۆ نووسین، كه گروپێك چۆن به‌ناهه‌ق خه‌ونه‌كانی نووسه‌ر له‌چاڵ ده‌نێن، به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له بیرۆكه‌كه‌ی و له‌جیاتی بره‌ودان به‌و پرۆژه‌یه‌و به‌نیشتیمانی كردنی، خراپ كه‌ڵكیان لێوه‌رگرت و به‌شه‌خسه‌نه كرا، هه‌روه‌ك چۆن لهرابووردا چه‌ندین ده‌زگای زه‌به‌لاحی وه‌ك (ئاراس و سه‌رده‌م) و (ئینستیتۆی كه‌له‌پوری كورد له‌سلێمانی) له‌بری خزمه‌تكردنی گشتی، خرانه خزمه‌ت چه‌ند كه‌سێكه‌وه.
زۆر جار ده‌بینین له وه‌رگێڕانی ده‌قێكی بیانی‌دا، كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی وه‌رگێڕان، ده‌سته‌وه‌ستانی وه‌رگێڕه یان زاڵنهبوونێتی له‌گه‌یاندنی ماهیه‌ت و بونیاده جه‌وهه‌رییه‌كانی ده‌قه وهرگێڕدڕاوهكه، بۆ وشه و مه‌به‌سته‌كانی ده‌قه بنه‌ڕه‌تییه‌كه، له‌كاتێكدا هه‌ر زمانێكیش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رۆشنبیرییه‌كی تایبه‌ت و دیاریكراو، كه دواتر وه‌رگێڕ وشه‌كه ده‌گوازێته‌وه بۆ زمانێكی تر، هه‌روه‌ها نزیككردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆشنبیرییه و سوودوه‌رگرتن له كارشناسی یه‌كتر له‌زمانه‌كان، له‌چوارچێوه‌ی كرداری گواستنه‌وه‌ی بابه‌تی پشتبه‌ستوو به بنه‌ما زانستییه‌كانی زمانزانی و زمانه‌وانی و لكاندنی به زانیارییه‌كانه‌وه.
به‌ڵام ده‌بینین زیاتر له نیو سه‌ده‌یه وه‌رگێڕی ئێمه ناتوانێت ئه‌و وشه‌یه بگوازێته‌وه به‌شێوه كاریگه‌ره‌كه‌ی، كه بتوانێت هه‌ستی خاوه‌ن وشه‌كه وه‌ك خۆی بگوازێته‌وه بۆ زمانه دیاریكراوه‌كه‌ی كه مه‌به‌ستێتی، یان ناتوانێ كورد بناسێنێ، چه‌ند ره‌هه‌ندێك وه‌رده‌گرێت، ئه‌ویش یان ئه‌وه‌تا نایانه‌وێ ده‌قی كوردی بناسرێ، یان نایانه‌وێ بیسه‌لمێنن زمان نازانن، یان نایانه‌وێ توانا و به‌هره‌ی نووسه‌ره‌كان بناسرێ به‌ئه‌وانی تر، وه‌ڵامه‌كه هه‌ر كام له‌و ره‌هه‌ندانه بێ، وڵامێكی لاوازه و قانیع پێكه‌ر نییه.
هاوكات ئێمه شاهیدی ئه‌وه‌ین، كه له‌دوای سالی 1991 تا ئاستێكی باش ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری و نووسینی كوردی ئازادییه‌كی به خۆیه‌وه بینی، كه‌چی له‌په‌نا ئه‌م ئازادییه‌وه دونیایه‌ك هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی و ئیدیۆمی بێ مانا له وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قانه بینران و دواتر شاردرانه‌وه.
له‌م روانگه‌وه بۆ زیاتر قسه‌كردن له‌سه‌ر جۆره‌كانی كه‌تنی ئه‌ده‌بی و به‌ربه‌ست و رێگرییه‌كانی به‌رده‌م كاری جدی و كوشتنی سه‌لیقه و توانا كه‌سیه‌كان و گاڵتهجارییهكانی گروپچێتی و شارچێتی و حیزبچێتی و چه‌ند ته‌وه‌رێكی تر ده‌خه‌ینه روو له میانی چه‌ند چاپته‌رێكدا.
له‌خشته‌بردنی خوێنه‌ر
ئه‌وه‌ی له زۆرێك له وهرگێری كوردی ده‌بینین، ئه‌وه‌یه ته‌نها زمانه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی زمانزانی شاره‌زایه ئه‌ویش به‌كه‌می، بۆ نموونه ئه‌وان هیچیان گرنگی بهئیدیۆمی زمانه‌كانی تر ناده‌ن یان شاره‌زا نیین، هه‌روه‌ها ئه‌فسانه و شێوه‌زارو بن زمانه‌كانی تر نازانن، له‌كاتێكدا هه‌مووان ئه‌وه ده‌زانیین هه‌ر ده‌قێكی ره‌سه‌ن پڕیه‌تی له ئه‌فسانه و شێوه‌زارو ئیدیۆمی ئه‌و زمانانه، كه‌چی خوێنه‌ری كورد شاره‌زاییه‌كی له‌و كۆده زمانه‌وانیانه وه‌رنه‌گرتووه، كه وهرگێری كوردی پێی به‌خشیوه، به‌م هۆیه‌وه زۆرێك له وه‌رگێڕه‌كان له زۆر بۆنه‌ی ئه‌ده‌بیدا رووبه‌ڕووی شه‌رم و ره‌خنه‌ی توند ده‌كاته‌وه، بۆ نموونه.
• له وه‌رگێڕانی به‌شێك له كتێبی (تاجر و البندقیه)ی شكسپیر له‌یه‌كه‌م وشه‌وه، وه‌رگێڕ وه‌ك گه‌مژه‌یه‌ك پێناسه‌ی ئاستی وشیاری و رۆشنفیكری خۆی ده‌كات، رووی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌ناونیشانی كتێبه‌كه‌وه ده‌خاته‌ڕوو و به‌سه‌قه‌تی ته‌رجه‌مه‌ی ده‌كات، له‌ژێر ناوی (بازرگان و تفه‌نگ(، كه ئه‌مه ده‌یان جار له كۆنفرانس و ڤیستیڤاڵه‌كان و نوسین به‌كۆمیدیا باسكراوه.
• له وه‌رگێڕانی كتێبی (الرجال یحلقون فی السما‌و) ده‌كرێته كوردی به‌شێوه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕی (پیاوه‌كان له ئاسمان ته‌راش ئه‌كه‌ن.
• كتێبی (ئانا كارنینا)ی لیۆن تۆلستۆی ده‌كرێته (من و كارنینا(.
• كتێبی (جانتا)ی بزورگی عه‌له‌وی، كه له‌كۆمه‌ڵه چیرۆكێك پێك دێت، كه له‌خانه‌ی اربیل بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه دوای وه‌رگێڕانی چاپ ده‌كرێت، پاش خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی ئه‌توانی هه‌زار و یه‌ك سوێند بخۆیت، كه ئه‌مه نه‌ئیشی عه‌له‌وییه و نه‌كاری ئه‌و بێت، هه‌روه‌ها له‌كوردیش ناچێت هێند به‌سه‌قه‌تی ته‌رجه‌مه كراوه، به‌تایبه‌ت له‌رووی زمانه‌وه.
یان به‌ده‌یان جار بینیومانه وه‌رگێڕه‌كان داماون به‌ده‌ست وشه‌یه‌كی كه‌له‌پوری كوردییه‌وه كه بنه‌مای زمانه، ئه‌ویش له‌بری به‌كارهێنانی وشه‌ی پوش، نووسیویانه گیای وشك.
هه‌روه‌ها چه‌ندین نموونه‌ی تر هه‌یه له‌و هه‌ڵمه‌تی وه‌رگێڕانه‌ی زمانه‌كانی دیكه بۆ كوردی به‌بێ هیچ فلته‌رێك چاپ كراون.
به‌ده‌ر له‌مانه كه نامه‌وێ زۆری له‌سه‌ر بڕۆم، نموونه‌ی ریزبه‌ندی ناوی شاعیره‌كانی ئێستا و ئه‌وانه‌ی پێش ئێمه، ده‌بینیت له كتێبی (ئه‌نتۆلۆژیای شیعری كوردی) ناوی كه‌سانێكی ئاست نزم له نووسینی شیعردا پێش ناوی مه‌حوی دێت، ئه‌بێ ئه‌م هه‌وڵه نه‌زۆكه چی ناوێكی لێ بنرێت..!؟
هه‌روه‌ها له (ئه‌نتۆلۆژیای چیرۆكی كوردی) هه‌مان شت، كه له‌نووسینی د. هیمداد حۆسێنی. هه‌ڵه‌ی لۆژیكی هه‌یه.
باشه ئه‌بێ منی خوێنه‌ر چ گوناهێكم كردبێ وا به‌م ده‌رده‌مان ببه‌ن و له‌بری چێژی زیهنی و ئاشنابوون به ده‌ورووبه‌ر، ئه‌م هه‌موو ژههرهمان ده‌رخوارد بده‌ن.
له‌هه‌مووشی ناشیرینتر پڕۆسه‌ی به‌چاپگه‌یاندنی سه‌دان كتێبی كرچ و كاڵ و درووستكردنی سه‌دان كۆلكه نووسه‌ر، له ئه‌نجامی ئه‌و ململانێ حیزبی و شارچێتییهی، كه له‌ناو یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد ده‌كرا، له‌په‌نا په‌رده‌ی زیاد كردنی ئه‌ندام و فراوانكردنی پانتاییه‌كه، سه‌ره‌تاییترین مه‌رجی وه‌رگرتنی ئه‌ندام له ریزی یه‌كێتی نووسه‌ران و ناساندنیان وه‌ك نووسه‌ر، چاپكردنی كتێبه و ده‌بێ دوو كتێب كه‌متری نه‌بێ، كه ئه‌مه‌ش بۆ خۆی حه‌شاماتێكی كۆلكه نووسه‌ری له ناو كایه‌كه قیت كرده‌وه‌و وه‌ك نووسه‌ر ناساندنی و پێناسی ئه‌ندامێتیشی بۆ درووست كردن، ئه‌مه له هه‌ردوو سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان و هونه‌رمه‌ندانیش په‌یڕه‌وكرا، كه زیاتر بۆ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگبوو، كه له‌كاتی كۆنفرانس و كۆنگره‌كاندا ده‌نگی پێویست مسۆگه‌ر بكه‌ن.
ده‌زگا چاپه‌مه‌نییه‌كان و دوكانی كتێب
سه‌رباری ئه‌و شه‌ڕ فرۆشانه، كه یه‌خه به ره‌وته‌كه به‌رناده‌ن، سه‌رده‌مێكی ناجۆر هاتۆته ئاراوه له سلێمانی و هه‌ولێر، بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ هیچ پڕه‌نسیپێكی زانستی یان بێ گوێدانه ئیتیكی رۆشنگه‌ری، كۆمه‌ڵێك گه‌نجی نه‌خوێنه‌واریان هێناوه‌ته كایه‌وه‌و ده‌زگای چاپه‌مه‌نیان بۆ كراوه‌ته‌وه و به‌بێ شاره‌زایی و ئه‌زموون كتێب چاپ ئه‌كه‌ن بێ هیچ پێشینه‌یه‌كی رۆشنبیری، له‌كاتێكدا كاری له‌م جۆره پیویستی به توانای رۆشنبیری و خوێنه‌ری به‌توانا و ئه‌كادیمی هه‌یه، كه ببنه بۆردی رۆشنبیری و له پشتی ئه‌و دامه‌زراوانه‌وه بن، هه‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك بینیمان ته‌نها بۆ بازار گه‌رمكردن و كتێب فرۆشتن به خوێنه‌ری داماوی كورد، ئه‌ویش كتێبه‌كانی مه‌ولانای رۆمی و كافكا و عه‌زیز نه‌سین و.. هتد، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هیچ كامێك له‌و كتێبانه‌ی چاپ كراون فلته‌ری زمانه‌وانیان نه‌بینیوه و هیچ زانیاریهكیشیان له‌سه‌ر كتێبه‌كه نییه، ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه هاتوون ده‌زگایان بۆ كراوه‌ته‌وه، بنه‌چه‌یه‌ك و بونیادێكی رۆشنبیری كۆنی سه‌رده‌می هه‌شتاكان و حهفتاكانیان نییه.
پێداگیری له‌سه‌ر به ته‌رجه‌مه كردنی ده‌قی كوردی
پێ ده‌چێت كێشه كه‌ڵه‌كه بووه‌كانی ره‌وتی رۆشنگه‌ری له ئێستادا چه‌ندایه‌تی نه‌بێت، به‌ڵكو چۆنایه‌تی و جۆری بێت، به‌وپێیه‌ی كه كه‌یسه‌كان به‌گشتی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه، یان بێده‌نگ كراون یان رێگری له ئاشكرابوونی كراوه بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان، كه تێیدا ده‌خولێته‌وه، ئه‌گه‌رچی پێشتر ده‌بینین هه‌نگاو نه‌نراوه بۆ به‌ناساندنی رۆشنبیری كوردی چ وه‌ك عه‌قڵ و فیكری و ئه‌ده‌بییه‌كان یان له‌رووی كه‌ڵچه‌ر و ئه‌و فره‌ییه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا بوونی هه‌یه.
بۆیه كاتێك ئێمه په‌نجه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته داده‌نێین، خه‌ڵكانێك بۆ داپۆشینی دزییه ئه‌ده‌بیه‌كانیان و شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كان، ئه‌م بیرۆكه‌یه وا ناو ده‌نێن، كه گوایه ئه‌م فهرزكردنه به‌سه‌ر وه‌رگێڕدا بیرۆكه‌یه‌كی دیكتاتۆریانه‌یه، له‌كاتێكدا مه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی تر، ئه‌و لێشاوی وه‌رگێڕانه له‌زمانه‌كانی تره‌وه بۆ كوردی دكتاتۆریانه نییه، كه ژه‌هر ده‌رخواردی خوێنه‌ری كورد بده‌ن..!؟
تێرمان خوارد له‌م قسانه و ئه‌بێ كه‌ی بناسرێین، له‌و بڕوایه‌دام به‌شێك له‌و رێگریانه بۆ ئاشكرا نه‌بوونی گزی ئه‌ده‌بی كوردییه له ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی و عه‌ره‌بی و فارسی و هتد، هه‌روه‌ها له بواره‌كانی تر، به‌شه‌كه‌ی تریش مه‌ترسی توانایه له‌به‌رامبه‌ر توانا جددیه‌كان، له‌مباره‌وه به‌پێویستی ده‌زانم وه‌كو وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك، ئه‌م راستییانه بخه‌مه روو.
• گرنگیدان به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له رووی ناساندنی شارستانیه‌ت و شوناسی فیكری و مه‌عریفی و هه‌روه‌ها كه‌له‌پوور و كه‌ڵچه‌ر و شوناس و فره‌یی و ئاستی رۆشنبیری.
• به‌جیهانی كردنی توانای كه‌سی و ناساندنیان له ناوه‌نده فیكری و رۆشنبیرییه‌كانی جیهاندا.
• رزگاركردنی شاندی كوردی له‌و شه‌رمه‌زاریه‌ی، كه له‌بۆنه و هه‌ماهه‌نگیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتسازدهدرێت، به‌تایبه‌تی وڵاتانی عه‌ه‌ربی و فارس و تورك، كه زۆر نزیكن له كورده‌وه، كه زۆر جار نه‌یانتوانیوه وه‌كو پێویست وه‌ڵامیان هه‌بێ، به‌هۆی درێژه‌كێشانی ئه‌م ده‌رده‌وه، كه پێداگیری لێ ده‌كه‌ین.
• رزگاركردنی كو‌لتور و رۆشنبیریی كوردی وه‌ك زه‌مینه سازییه‌ك بۆ فه‌راهه‌مكردنی بونیاده مه‌عریفییه‌كان بۆ نه‌وه‌كانی ئاینده، كه به‌نیازن له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بخوێنن.
• ده‌رگا كردنه‌وه له‌سه‌ر خۆمان و ده‌ربازبوون له‌و گۆشه‌گیرییه‌ی، كه رۆشنبیری كوردی قه‌تیس كردووه له گۆشه‌یه‌كی جوگرافی.
• هه‌ڵماڵین و ئاشكرا كردنی ئه‌و هه‌موو ئیقتیباس و گزیانهی، كه له‌ئه‌نجامی نه‌ناسینی ده‌قه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه (خه‌ڵكی بیانی.. زمانه‌كانی تر)، چونكه ئه‌گه‌ر به‌زمانی خۆیان شته‌كانی ئێمه نه‌خوێننه‌وه، له‌هیچی ئێمه ناگه‌ن و نازانن چ كاره‌ساتێكی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری روویداوه.
وه‌رگێڕانی چه‌ند باره
لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسووڕمان بێ، وه‌رگێڕانی چه‌ند باره‌یه، كه وه‌ك خویه‌كی گاڵته‌جاڕی سه‌ریهه‌ڵداوه له‌نێو زۆرێك له وه‌رگێڕه‌كان، نموونه‌ی كتێبه‌كانی (جه‌نگیز ئهتیمانۆڤ، عه‌زیز نه‌سین، سینۆهه، كتێبی دایك، هه‌روه‌ها كێڵگه‌ی ئاژه‌ڵان پێم وابێت چوار جار كراوه به‌كوردی و هه‌ریه‌كه‌و به شێوه‌یه‌ك.. هه‌روه‌ها وێرانه خاكی (ت. سی. ئیلیود) كه یه‌كه‌م جار له‌لایه‌ن مه‌حمود زامداره‌وه ته‌رجه‌مه كرا و پاشان كه‌سێكی تر دوباره ته‌رجه‌مه‌ی كرده‌وه، هه‌وه‌رها به‌هه‌مان ده‌رد بردنی (واعیزهكانی سوڵتان)ی عه‌لی وه‌ردی، كه شه‌ش كه‌س ته‌رجه‌مه‌ی بۆ كردووه‌و كتێبی (وه‌های وت زه‌رده‌شت)ی نیچه‌ش، كه چوار جار وه‌رگێڕانی بۆ كراوه، هه‌روه‌ها (بنه‌ماكانی كۆمه‌ڵناسی)ی ئه‌نتۆنی گیدنز، كهچاپكردنی له ژماره نایات.
كێشه له‌وه‌دا نییه چه‌ند جار وه‌رگێڕانی بۆ كراوه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و كتێبانه هه‌ر یه‌كه‌یان به‌راورد بكه‌یت له‌گه‌ڵ ده‌قه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی هه‌ست ناكه‌ی نووسینی ئه‌وان بن، یان له‌لایه‌كی تره‌وه به‌راوردی یه‌كیان بكه‌ین (ده‌قه وه‌رگێڕدراوه‌كان) هیچیان له‌یه‌ك ناچن
هه‌روه‌ها رۆمانی (مسخ) ی كافكا، كه جه‌لیل كاكه وه‌یس كردوویه‌تی به‌كوردی به‌ناوی (به‌د گۆڕان) كه دوو سێ كه‌سی تر كردویانه‌ته‌وه، به‌ناونیشانه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی به‌ناوی (مسخ)، ئێمه ته‌نها ده‌قه عه‌ره‌بیه‌كه‌مان له‌به‌رده‌سته، كاتێ به‌راودیان ده‌كه‌ین هه‌زار و یه‌ك تێبینیت لا گه‌ڵاڵه ده‌بێت له‌سه‌ریان، چ جا ئه‌بێ له ده‌قه ئه‌سڵییه‌كه‌یدا چی باس بێ، كه له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌زمانی چیكی نووسراوه‌ته‌وه‌و ئێمه لێی تێناگه‌ین، هه‌روه‌ها چه‌ندان نموونه‌ی تر.
هاوكات وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ قه‌سیده‌ی (ده‌نگی پێی ئاو)ی سوهرابی سوپێهری، كه زیاتر له دوو جار كاری وه‌رگێڕانی بۆ كراوه، به‌پێویستم زانی ئاماژه به‌جوان وه‌رگێرانێ یه‌كه‌م جاری بكه‌م، كه له‌لایه‌ن ئازاد به‌رزنجی و رێبوار سیوه‌یلی وه‌رگێڕدرابوو، پاشان كه‌سانێكی دیكه دین به‌هه‌مان مه‌به‌ست (دووباره وه‌رگێڕان)ی بۆ ده‌كه‌ن و كاتێ ئه‌خوێنیته‌وه له شكاندنی سه‌روچاوی ده‌قه‌كه به‌لاوه هیچی دی هه‌ست پێ ناكه‌یت، گوایه كاری وه‌رگێڕانی جدی بۆ كراوه.
لهمڕوانگهوه و هه‌ر سه‌باره‌ت به دووباره و چه‌ند باره‌ی وه‌رگێڕان، ئه‌مه له‌ناو وڵاتانی دیكه‌شدا هه‌یه، به‌ڵام ئایا به‌مشێوه‌ی لای ئێمه، كه پێمان وایه جگه له چاولێكه‌ری و خۆ ده‌رخستن یان وه‌ك خویه‌كی ناجۆر بیانه‌وێ بڵێن ئێمه‌یش كتێبمان هه‌یه، هیچی تری لێ نادووریته‌وه.
ده‌كرا بیركردنه‌وه‌كان به‌چه‌شنێكی تر بوایا، بۆ نموونه كورد خاوه‌نی چه‌ندین شێوه‌زاری ده‌وڵه‌مه‌نده له رووی زمانه‌وانی و هه‌روه‌ها هونه‌ری ئاخاوتن، ده‌كرا ئه‌و چه‌ند باره وه‌رگێڕانه‌یه بۆ شێوه‌زاره جیاكان بكرایه، نه‌ك له‌یه‌ك ده‌ڤه‌ردا چه‌ق ببه‌ستێ.
قه‌یرانی كتێبی كوردی له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان
قه‌یرانی كتێبی ته‌رجه‌مه‌كراوی كوردی له باڵی ئه‌و كتێبخانانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌نێو كتێبخانه‌كانی وڵاتانی پێشكه‌وتووی وه‌ك ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا و سوید. و هتد، قه‌یرانێكه كه خودی به‌ڕێوه‌به‌رانی كتێبخانهكانیشی بێزار كردووه، چونكه هه‌م كتێبی كوردی كه‌می تێدایه، هه‌م خوێنه‌ری كوردی سه‌ردانی ناكه‌ن.
له‌كاتێكدا ساڵانه ته‌نها حكومه‌ت و ده‌زگا به‌ناو چاپه‌مه‌نییه‌كان ده‌چنه پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی فرانكفۆرتی ئاڵمان و پێشانگای كتێبی میسر و پێشانگای كتێبی تاران و سنه..تاد، به مه‌ئیوسی كتێبه‌كان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌هێننه‌وه.
یه‌كه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كتێبه‌كان نافرۆشرێن و ئه‌وان كتێبی كوردیان گه‌ره‌كه به زمانی خۆیان، كه ئه‌مه‌ش نییه.
دووهه‌م: ئه‌و كتێبانه به‌كه‌ڵكیان نایات وه‌كو داتای ئه‌ده‌بی نوێ، له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه ئه‌و كتێبانه ده‌گه‌رێننه‌وه بۆ كوردستان و عه‌قڵیان پێدا ناشكێ لانیكه‌م له‌وێ بیبه‌خشن به جالیه‌ی كوردی یان له كتێبخانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دایبنێن.
زۆر جار و به‌هۆكاری جیاواز، چ ئاگادار كردنه‌وه‌مان له‌لایه‌ن هه‌ندێ له ره‌وه‌ندی كوردی، یان براده‌رمان هه‌بووه چووه‌ته ئه‌وروپا ده‌سته‌و وه‌ستان به‌دیار كتێبه كوردیه‌كانه‌وه دۆش داماون و ترسی ئه‌وه‌یان لێنیشتووه، كه گوایه كار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی ئه‌و باڵانه دابخرێن، كه‌تایبه‌تن به كتێبی وه‌رگێڕدراوی كوردی له‌نێو كتێبخانه‌كانیان، كه ئه‌مه بۆ خۆی به‌ركه‌وته‌یه‌كی ناجۆر و سڕینه‌وه‌و په‌راوێزخستنی رۆشنبیرییه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی.. بۆ نموونه به پێی ئه‌و داتایانه‌ی من ده‌ستم كه‌وتووه.
• له كتێبخانه‌ی گه‌وره‌ترین زانكۆ، نموونه‌ی زانكۆی لوند و ئۆپساڵا له سوید، كۆی كتێبه كوردییه‌كانی له باڵی كوردی ده كه‌مترین كتێبی تێدایه .
• هه‌روه‌ها له كتێبخانه‌ی زانكۆی بوخم له ئه‌ڵمانیا، كه به گه‌وره‌ترین زانكۆی ئه‌ڵمانی داده‌نرێت، شتێك نییه به‌ناوی باڵی كتێبی كوردی، له‌كاتێكدا زۆرترین خوێندكاری كوردی تیایدا ده‌خوێنن.
• هه‌ر لهمڕوانهگهیهوه لهسهردانێكم بۆ كتێبخانه‌كانی ئه‌سكه‌نده‌ریه‌و كتێبخانه‌ی نیشتیمانی له‌میسر، كتێبێكی كوردیم به‌رچاو نه‌كه‌وت.
• هه‌روه‌ها خاڵیبوونی كتێبخانه‌ی وڵاته عه‌ره‌بیه‌كانی نموونه‌ی لوبنان و ئیمارات ..هتد، له‌كتێبی كوردی.
• له‌هه‌موو ئه‌وانه خراپتر ئه‌وه‌یه، كه له به‌غدای پایته‌ختی عێراقیش كتێبی كوردی نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌و پرده په‌یوه‌ندیه‌ش نه‌ماوه، كه له‌ساله‌كانی 1980 و حه‌فتاكان به‌دوا درووستكرابوو.
ئه‌وه‌شیی جێی سه‌رسوڕمان بێ له دوای (2003)وه بینیمان ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئه‌وه‌نده‌ی شه‌ڕی به‌ده‌ستهێنانی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كرد ئه‌وه‌نده باسی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری نه‌ده‌كرد، باكی به‌م بواره نه‌بوو.
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردن به‌ده‌ستكارییه‌وه
جیا له‌و لێشاوی شێواندنه‌ی، كه له‌چه‌ند نموونه‌یه‌كدا باسمان لێوه‌كردن، ده‌بینین هه‌ندێك ده‌قی وه‌رگێڕدراو هه‌یه دوای وردبوونه‌وه لێی وه‌ك قوربانییه‌ك دێته پێش چاو، كه بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی خاوه‌ن ده‌قه بنه‌ڕه‌تییه‌كه، ئیدی قوربانی ده‌ستبه‌سه‌راگرتن یان لاقه‌كردن یان له‌كه‌داركردن یان پهڕوپۆكردنی له‌شێوه‌ی مه‌له‌كه‌ی مه‌لا نه‌سره‌دین، كه له‌ئه‌نجامی رێگه به خودانی هه‌ندێك وه‌رگێڕ، وه‌ك ده‌ستدرێژیكارێك، به‌به‌رگێكی تره‌وه بیخاته بازاڕ (وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردن یان وه‌رگێڕان به‌ده‌ستكارییه‌وه) یان دانانی كتێبی فیكری و فه‌لسه‌فییه‌كانی پڕ زانیاری پشتبه‌ستوو به‌سه‌رچاوه، له‌كاتێكدا كه‌مترین سه‌رچاوه‌یان ئاماژه پێكردووه، نموونه‌ی.
• كتێبی ئه‌ده‌ب و ئه‌فسانه هه‌روه‌ها هزر و فه‌لسه‌فه و هتد كه به نووسین و ئاماده‌كردن پێناس كراوه، له‌كاتێكدا پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵه وتارێكی كۆكراوه‌یه، كه ده‌ستكارییه‌كه جێگه‌ی تێڕامانه بۆچی به ده‌ستكارییه‌وه.!؟
• كتێبێكی 300 په‌ڕی هه‌یه به‌ناونیشانی (سیستمی سیاسی) كه ناونیشان كتێبه‌كه‌یه له‌به‌رگی پێشه‌وه له‌كاتێدا ناونیشانێكی تر ئه‌بینین له به‌رگی دواوه‌ی هه‌مان كتێب، بۆیه نازانین ناونیشانی پێشه‌وه وه‌ربگرین یان دواوه‌ی كتێبه‌كه، كه نووسراوه (هزری فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی)، كه پشتی به 28 سه‌رچاوه به‌ستووه، و سێی و چوار له‌و سه‌رچاوانه‌شی هی نووسه‌ره، كه له‌نووسینه‌كانی تری‌دا باسی لێوه كردوون، كه له‌سه‌رده‌می پێش ئیسلامه‌وه پیایدا هاتووه، له‌كاتێكدا ئه‌مه قورسترین بابه‌تی رۆشنبیری و نووسینه.
ئایا به‌ڕه‌وای ئه‌بینن كتێبێكی له‌و ئاسته پشت به‌كه‌مترین سه‌رچاوه ببه‌ستێت، ئه‌مه بۆ خوێنه‌ر به‌جێ دێڵم.
ئیستیغلال كردنی نووسه‌رانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و لێسه‌ندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی به‌رهه‌مه‌كانیان
هه‌موو ئه‌مانه‌ی باسمان لێوه‌كردن هێشتا بواری گفتوگۆ و چاره‌سه‌ری بۆ هێشتوینه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر بڕیار بێ كاری بۆ بكرێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆرترین پانتایی و ئه‌وپه‌ڕی سنووری بێ ره‌وشتی تێپه‌ڕاندبێ له چه‌قی بواره‌كه‌دا، په‌یدابوونی گروپێكی هاوشێوه‌ی بازرگانه‌كانی كورد، كه خه‌ریكی كاری خراپتر له ماده‌ی هۆشبه‌ر و تههریبن، كه زۆر به‌ئاسته‌م هه‌ستی پێ ئه‌كرێت، ئه‌ویش ئه‌و دزی و فرت و چاوبهستنهیه به‌قایل كردنی به‌شێك له‌نووسه‌ران و وه‌رگێڕی رۆژهه‌ڵات و باكور، له‌به‌رامبه‌ر هه‌ندێ پاره، ده‌ست هه‌ڵبگرن له خاوه‌ندارێتی كاره‌كانیان و لێره به‌ناوی خۆیان بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌و پاداشته‌كه‌ش بۆ ئه‌و نووسه‌ره داماوانه ره‌وانه بكه‌ن، زۆر جاریش پاداشتهكانیشیان خوراوه.
یان خودی ئه‌و نووسه‌ر و وه‌رگێرانه‌ی شاره‌كانی مه‌هاباد و سنه و سهقزو مه‌ریوان.. و ئامه‌د و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستانی توركیا..تاد، كه به‌مه‌به‌ست نایانه‌وێت ناویان بهێنرێت وه‌ك خاوه‌نی ئه‌و ده‌ق و نووسینانه به‌هۆی ئه‌و ترسه‌ی، كه له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حوكمی ئاخونده‌كان و ده‌سه‌ڵاتی توركی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست و به‌هه‌مان شێوه مافیان ده‌خورێ له‌لایه‌ن به‌ناو رۆشنبیر و نووسه‌ر و وه‌رگێره كورده‌كانی باشور.
توانا كوژراوه‌كان
كاتێ نووسه‌رێكی جدی، خاوه‌ن ده‌قێكی فیكری بۆ نموونه، ده‌یه‌وێت روو له ناوه‌نده‌كانی په‌خش و بڵاكراوه‌كان بكات به‌مه‌ستی پێدانی ژماره‌ی بڵاوكردنه‌وه‌و تۆماركردنی له‌ناو تۆماری زنجیره بڵاوكراوه‌كان، هه‌زار و یه‌ك بڕوبیانووی بۆ دێننه‌وه و ده‌بێ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری پێ بكرێ، پاشان ئه‌گه‌ر ژماره‌ی پێ بده‌ن، له‌كاتێكدا كۆی ده‌قه كرچ و كاڵ و یان شته ساده‌كانی رۆژانه و یان شیعر و چیرۆك..هتد، له‌هه‌مان رۆژی داواكارییه‌كه‌ی ژماره‌ی پێده‌درێت، كه ئه‌مه بۆ خۆی قسه زۆر هه‌ڵده‌گرێت و مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌كردنه.
له‌لایه‌كی تر چاوچنۆكی زۆرێك له ده‌زگاكانی په‌خش و بڵاوكردنه‌وه به‌بیانووی نه‌فرۆشتنی كتێبه‌كان نه‌ك چاپی ناكه‌ن، به‌ڵكو سه‌ری كتێبه‌كانیش ده‌خۆن، كه پێیان سپێردراوه به‌مه‌به‌ستی چاپكردنی، نمونه‌ی ونكردنی به ئه‌نقه‌ستی دوو كتێبی نووسه‌ر و روناكبیری ره‌وانشاد (ئازاد سوبحی)، له‌لایه‌ن ناوه‌ندی رۆشنبیری ئه‌ندێشه له‌سلێمانی.
هه‌روه‌ها رێگری كردن له بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی عه‌بدولخالق به‌رزنجی له‌وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان، چونكه نه‌حكومه‌ت نه‌ده‌زگا چاپه‌مه‌نییه‌كان نه‌یانتوانیوه پردی په‌یوه‌ندیی دروست بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته عه‌ره‌بیان، كه دواتر له‌چاپته‌ری رێگریه‌كانی به‌رده‌م بڵاوبوونه‌وه وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه به‌تێروته‌سه‌ل باسی لێوه‌ده‌كه‌ین.
رێگری كردن له بڵاو بوونه‌وه‌ی وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه
كاتێ قسه له‌سه‌ر پێداگیری لهبڵاوكردهنهوهی وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه ده‌كه‌ین، مه‌به‌ست له‌وه نییه رێگڕی له توانا كه‌سییه‌كان بكرێ به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كانیان له‌وڵاتانی تر به‌ڵكو قسه‌كردنه له‌سه‌ر بێمنه‌تی و فه‌رامۆشكردنی ئه‌و پڕۆسه‌یه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه هه‌روه‌ها ده‌زگاكانی په‌خش و بڵاوكردنه‌وه، كه تائێستا نه‌یانتوانیوه پردێكی په‌یوه‌ندیی بۆ كرانه‌وه به‌رووی جیهاندا بكه‌نه‌وه، یان لانیكه‌م وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر، كه ده‌بوو ئه‌مه له ئه‌وله‌وییه‌تی كاره‌كانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و ده‌سته‌ی راوێژكاری سه‌رۆكه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی حكومه‌ته‌وه بووایا، به حكومه‌تی ئێستاشه‌وه.
بۆیه كاتێ باسه‌كه دێته سه‌ر وه‌رگێڕ، ئێمه چاك ئه‌زانین وه‌رگێڕی باشمان هه‌یه، به‌ڵام ناهێڵن ئه‌و ئه‌زمونه به‌رجه‌سته بێت به‌ئه‌نقه‌ست، هه‌زار و یه‌ك بیانوی بێ‌مانا دێننه‌وه بۆ كهمتهرخهمییهكهیان.
خه‌مساردی به‌شێك له زمانزانه‌كانی كورد له بره‌ودان به پڕۆسه‌ی وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه
به‌ده‌ر له ته‌وه‌ری نه‌خوێنده‌واری و ناحاڵیبوونی زۆرێك له پانتاییه رۆشبیرییهكه، كه له ئه‌نجامی به‌د ره‌فتاری و به‌هه‌ڵه‌دا چوونی زۆرێك له به‌ناو وه‌رگێڕ زۆر وترا و ئێمه‌یش به‌پێی به‌ڵگه و داتاكان ده‌مانه‌وێت پێیان بسه‌لمێنین، كه مامه‌ڵه كردن له‌ته‌ك كاری له‌م چه‌شنه (وه‌رگێڕان) گه‌مه نیه و به‌مه ناوترێت وه‌رگێڕان، ئه‌مه‌ی ئێوه ئه‌یكه‌ن ده‌لاله‌ته له‌وه‌ی زمان نازان.
له‌به‌رامبه‌ردا به‌پێویستی ده‌بینین، كه ئاماژه به زۆرێك له كاره‌كته‌ری كاریگه‌ر و به‌رچاوی ناو كایه رۆشنبیرییه‌كه بكه‌ین (فیكری، هونه‌ری، ئه‌ده‌بی، سیاسی، فه‌لسه‌فی.. هتد)، به‌تایبه‌ت له‌نێو بازنه‌ی سه‌لیقه‌ی زمانه‌وانی و ره‌گه‌زه‌كانی زمانزانی به‌شێوه زانستییه‌كه‌ی، هاوكات شۆڕبوونه‌وه‌ی هه‌ندێكیان به‌هه‌ردوو ئاڕاستهكهیدا، چی وردبوونه‌وه له قوڵایی شێوه‌زار و بن زاره‌كانی ناوخۆ یان به‌پێچه‌وانه‌وه (زمانه‌كانی وه‌ڵاتانی ده‌ورووبه‌ر و به‌شێك له‌نه‌ته‌وه‌كانی جیهان) چ لهرابووردوو یان ئێستا، كاری باشیان كرد، د‌رك به‌به‌رده‌وامی زۆرێكیشیان ده‌كری، كه ماون له‌ژیاندا و جێی ده‌ستخۆشین، نمونه‌ی (زوهدی داودی و فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی و محێدین زه‌نگنه و حه‌كیم نه‌دیم داودی و فازڵ جاف و عه‌بدولره‌زاق بیمار و د.ئاوات ئه‌سعه‌دی و عه‌بدوڵا عه‌باس و كاوه تاڵه‌بانی و چه‌ندینی تر).
به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی تێبینی و هه‌ڵوه‌سته‌یه ده‌بێ هۆی چیبێ ئه‌م هه‌مووه بۆ جارێكیش خۆیان نه‌دا له‌قه‌ره‌ی ده‌قه ره‌سه‌نه‌كانی تایبه‌ت به(شارستانیه‌ت و كلتوور و مه‌عریفه و هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و كه‌له‌پوور و..هتد) ی واقیعی كوردی به‌مه‌ستی به‌جیهانی كردنیی یان لانیكه‌م ناساندنیان به‌نه‌ته‌وه‌كانی ده‌ورووبه‌ر له‌چوارچێوه‌ی وه‌رگێڕانی زانستی.
ئه‌بێ بۆ ئه‌م ته‌وه‌ره چی خوێندنه‌وه‌یه‌كمان هه‌بێ و چۆن بڕوانینه هۆكاره‌كانی، كه‌مته‌رخه‌می بوو یان خه‌مساردی یان به‌مه‌به‌ست یان وه‌ك چاولێكه‌ری و ئاڕاسته‌ی ئه‌و زانا و بیرمه‌ند و شۆڕشگێڕ و نوسه‌ر و ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ند و رۆشنبیره كوردانه‌ی مێژووی كۆن نوێ، كه له‌خزمه‌تی رۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌كانی تر هه‌گبه‌ی فیكرییان خاڵی كرده‌وه، نموونه (ئه‌حمه‌د شه‌وقی و ئه‌یوبی و نیزامی گه‌نجه‌وی و ئیبن و ته‌یمیه و مه‌عروف ره‌سافی و مه‌حمود ملێجی و سوعاد حوسنی و یه‌لماز گۆنای و سه‌لیم به‌ره‌كات و عه‌بدولباست عه‌بدولسه‌مه‌د و عه‌لی به‌درخان و روشدی ئه‌بازه و ئیلهام مه‌دفه‌عی و ده‌یانی تر).
خۆ ئه‌مانیش وه‌كو كه‌سایه‌تی و ره‌گه‌ز له‌سه‌ر كورد هه‌ژمار ده‌كرێن، به‌ڵام وه‌كو په‌روه‌ردی عه‌قڵی و فیكری و ئینتیماوه نه‌خێر، چونكه له‌ناو شارستانیه‌تی عه‌ره‌ب و تورك و فارس‌دا بره‌ویان به تواناكانی خۆیاندا، له‌كاتێكدا ئه‌م رۆشنبیرانه‌ی نمونه‌ی (فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی و زوهدی داودی و ئه‌وانی تر) كه‌ناومان هێنان په‌روه‌رده‌ی واقیعی كلتووری كوردین.
بۆیه دووباره جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ئه‌كه‌ینه‌وه، ده‌بێ له‌م رووه‌وه قسه‌ی خۆیان هه‌بێ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی تا ئێستا به‌رده‌وامن چ له‌نووسین چ ئاڕاسته‌ی فیكری یان چی و چی.
ئه‌مه له‌ناو هونه‌رمه‌ندانیشدا به‌روونی هه‌ستی پێ ئه‌كرێت، كه هونه‌رمه‌ندی كورد نه‌توانیوه ره‌سه‌نایه‌تی خۆی بگه‌یه‌نێت به‌ده‌ره‌وه، نمونه‌ی مه‌قامه‌كانی (ئه‌ڵاوه‌یسی و قه‌تار و خاوكه‌ر و ئای ئای و حه‌یران و سه‌فه‌ر و لاوك و هیجرانی و خورشیدی و ده‌یان مه‌قامی تر)، هه‌روه‌ها گۆرانیه ره‌سه‌نه‌كان، كه نه‌یانتوانیوه به‌فه‌رمی خاوه‌نداری بكه‌ن و به‌جیهانیی بكه‌ن، چگه له‌و توانا لۆكاڵییهی، كه لێره‌و و له‌وێ باسی لێوه ده‌كه‌ن.
ئه‌كرێ بڵێین ئه‌و فه‌زڵه‌ش بۆ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه بهئیمكانیهتێكی زۆر موتهوازیعهوه كاریان بۆ كردوو له رابووردوودا، نمونه‌ی هونه‌رمه‌ندان ( عه‌لی مه‌ردان و محه‌مه‌د عارف جزیری و حه‌سه‌ن زیره‌ك و تاهیر تۆفیق و كه‌ریم كابان و مشكۆ و خاڵه سێوێ و ره‌سول گه‌ردی..هتد).
بۆیه له‌م سه‌رو به‌نده‌دا ئه‌وه‌مان بۆمان روونده‌بێته‌وه، كه كورد متمانه‌ی به‌خۆی نه‌بووه، یان روونتر بڵێم به‌لایه‌وه گرنگ نه‌بووه كێ بێت یان چییه و یان چی كردووه و چی ئه‌كات، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌میشه له‌هه‌وڵی ناسینی خه‌ڵكی تر بووه.
ئه‌مه له سیاسه‌تیشدا به‌هه‌مان رێچكه گوزه‌ری كردووه، كاتێك ئه‌ڕوانیته ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و پێكهاته‌ی ئه‌حزابی كوردی له‌م پارچه‌دا، ده‌بینیت له‌فۆڕمدا به‌زۆری له‌ژێر كاریگه‌ری فیكری رۆژئاوایی (ئه‌وروپا)، میتود و دیسپلینی كاری حیزبی داڕشتووه‌ته‌وه، له‌جه‌وهه‌ریشدا نه‌یتوانیوه وه‌ك خۆی بێ و به‌ئاڕاسته جهوههرییهكهیدا بڕوات، كه‌ویستویه‌تی به‌رده‌وام موجامه‌له‌ی كه‌نیسه و ئیسلامی سیاسی بكات و روونتر به‌مه‌به‌ستی رازیكردنی بیری ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی بووه.
ئه‌كرێ بڵێین ئه‌مه‌ش هۆكارێكی سه‌ره‌كیه بۆ دیاریكردنی ئاڕاستهكان به‌و شێوه‌یه، كه‌باسمان لێوه‌كردن، كه كورد به‌درێژایی مێژوو له خزمه‌تی زمان و فیكری ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بیدا بووه به‌به‌رده‌وامی، نه‌ك ناساندی خۆی، كاتێكیش ده‌ڵێن كورد به واتای كوردی دیندار و بێ‌دین، موسڵمان بێ یان یه‌زیدی یان كاكه‌یی و تاد.
ره‌هه‌نده جوانه‌كانی وه‌رگێڕان
بێ گومان بۆ هه‌ر گرنگیدانێك و بره‌ودان بهرهوتهكه (وه‌رگێڕان) و مامه‌ڵه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی له ته‌ك موفرهداتهكان به‌وشیاریه‌وه، بۆ خۆی سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیانه‌ن، كه ناكرێ له ئاستیاندا چاو دابخرێن و ئاماژه‌یان پێ نه‌كرێت، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌مه له‌ناو كایه هونه‌ری و رۆژنامهوانیهكانیشدا ناویان به‌ڕێزه‌وه دێ.
بۆیه به‌پێوستم بینی، ناوی به‌شێك له‌و وه‌رگێڕانه وه‌ك خۆی بێنم، كه توانیویانه تا ئاستێكی باش جێ په‌نجه‌ی خۆیان بۆ مێژوو له‌ناو پانتاییه‌كه به‌جێ بهێڵن،.. نمونه‌ی،
د. به‌ختیار سه‌جادی له‌كوردیه‌وه بۆ فارسی، عه‌زیز گه‌ردی له‌زمانی تره‌وه بۆ كوردی به‌ڵام به‌جوانی، د. به‌نده‌ر عه‌لی ئه‌كبه‌ر شاكه له‌كوردیه‌وه بۆ عه‌ره‌بی، شه‌ماڵ ئاكره‌یی له‌كوردیه‌وه بۆ عه‌ره‌بی، جومعه جه‌باری له‌كوردیه‌وه بۆ عه‌ره‌بی، نه‌وزاد ئه‌حمه‌د له‌كوردیه‌وه بۆ عه‌ره‌بی، رزگار شێخانی له‌كوردیه‌وه بۆ سویدی، ئازاد به‌رزنجی له كوردیه‌وه بۆ فارسی و عه‌ره‌بی، فه‌تاح خه‌تاب له‌كوردیه‌وه بۆ عه‌ره‌بی، نیهاد نه‌جار له كوردیه‌وه بۆ عهرهبیِ، محمد حسێن له‌كوردیه‌وه بۆ عه‌ره‌بی و ئینگلیزی، یوسف شوانی له‌كوردیه‌وه بۆ عه‌ره‌بی، عه‌بدولڵا قه‌ره‌داغی له‌كوردیه‌وه بۆ عه‌ره‌بی، موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی له‌كوردیه‌وه بۆ عه‌ره‌بی، عوبدولخالق به‌رزنجی له‌كوردیه‌وه بۆ عه‌ره‌بی و هه‌روه‌ها پێچه‌وانه، نه‌جات خۆشناو له‌كوردیه‌وه بۆ عه‌ره‌بی.
ئه‌مه له‌ناو رۆژنامه‌نووسانیدا كه‌سانی شاره‌زا جێ په‌نجه‌یان دیار بووه، نمونه‌ی فه‌رهاد عه‌ونی و عومه‌ر فه‌رهادی، هه‌روه‌ها له ناو هونه‌رمه‌ندانیش، دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید و كامگاره‌كان و شه‌هرامی نازری و عه‌بدوڵا جه‌مال سه‌گرمه.
كورد ناسی له‌نیوان دۆست و نه‌یاره بیانییه‌كان
كاتێ خوێندكارێكی قۆناغی باڵای زانستی له‌سه‌روبه‌ندی توێژینهوهیهكدایه و سه‌رقاڵی گه‌ڕانه به‌دوای داتا و بابه‌تی باوه‌ڕپێكراو به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی مێژووی نوێی هه‌رێم و ده‌ورووبه‌ری یان توێژه‌رێك یان رۆژنامه‌نووسێك، به‌زۆری ده‌بینین ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رچاوه پۆلێن كراوه‌كانی سه‌رده‌می داگیركاری ئینگڵیز، به‌تایبه‌ت ئه‌و نووسراو و داتایانه‌ی، كه له‌چوارچێوه‌ی مۆزه‌خانه‌كانی رۆژئاوادا پارێزراون، نمونه‌ی یاداشته‌كانی هاملتۆن و ریچ و مینۆریسكی و چه‌ندانی تر.
كاتێ ئه‌ڕوانیته یاداشته‌كانی گهریدهیهكی نموونه‌ی هاملۆن بۆت روونده‌بێته‌وه ئه‌وان ئێمه‌یان له‌خۆمان باشتر ناسیوه‌و له‌چه‌ندین شوێندا ئێمه‌یان به خۆمان ناساندووه كه چین و كێین، ئه‌مه شتێك نییه له خۆمه‌وه په‌نجه‌ی بۆ ببه‌م و قسه‌ی له‌باره‌وه بكه‌م، به‌ڵكو راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره، كه واقیعی ناوه‌نده زانستییه‌كان له‌ده‌یان شوێندا سه‌لماندوویانه، به‌پشتبه‌ستن به توێژینه‌وه‌كان و بابه‌ته زانستییه‌كانی مێژووی نوێی ناوخۆ و ناوچه‌كه.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ندێك به‌وردی بڕوانینه ئه‌و كه‌سانه‌ی، كه له‌وڵاتانی تر و نه‌ته‌وه‌كانی تره‌وه دێنه ئێره، به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت، وێڕای زمانه‌كه هه‌وڵیانداوه له ئاست كولتوورهكهشدا چاوكراوه‌بن و كاری بۆ بكه‌ن، بۆیه به‌پێی ئه‌زموون و چه‌ند ساڵه‌ی كاری رۆژنامه‌نووسیمان، ئاشنای زۆرێك له خوێندكار و رۆشنبیر و ئه‌ندازیار و هونه‌رمه‌ند و توێژه‌ری جیاواز له بواره‌كان بووینه‌وه، نمونه‌ی هه‌ردوو هاوڵاتی به‌ره‌گه‌ز ئه‌مریكی (ئارت ی ئه‌ندازیار و ئه‌ندرۆ ی توێژه‌ر)، هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د شه‌وكه‌ت به‌ره‌گه‌ز عه‌ره‌بی عێراقی، ده‌قی كوردی ئه‌كرد به‌عه‌ره‌بی.
پێم وابێت زۆرێك له رۆشنبیرانی هه‌ولێر و سڵیمانی له نزیكه‌وه ئه‌ندرۆ ده‌ناسن، كه له‌ماوه‌كانی رابووردوودا سه‌رقاڵی چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه بوو له‌سه‌ر كلتووری كوردی، تاراده‌یه‌كی زۆر باشیش زمانی كوردی ده‌زانی و له‌ده‌ربڕینی وشه‌كاندا لهزۆربهمان شاره‌زاتر بوو، جیا له‌مانه شاره‌زایه‌كی به‌سه‌لیقه‌ی هه‌ردوو رێباز و ته‌ریقه‌تی (قادری و نه‌قشه‌به‌ندی) بوو، ده‌توانم بڵێم له كورد باشتر ئه‌و دوو رێبازه‌ی ئه‌ناسی.
ئه‌م نموونانه‌ش به‌رچاو روونیهكه بۆ ئه‌وانه‌ی، كه تا ئێستا نه خۆیان ناسیوه به‌باشی نه كورد، هاتوون لاف و گه‌زاڤی مه‌ده‌نیه‌ت لێده‌ده‌ن و بێشه‌رمانه قسه له‌سه‌ر رۆشنگه‌رایی وئیدۆلۆژیا و چه‌مكی كوردناسی ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها وانه‌یه‌ك بێت بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌ست بۆ وه‌رگێڕان ده‌به‌ن بێ ئه‌وه‌ی بیرێك له‌ره‌هه‌نده‌كانی تایبه‌ت به شوناس و ئیدیۆم و كولتوور و كهلهبووری سه‌رچاوه‌ی ده‌قه بنه‌ڕه‌تییه‌كان بكه‌نه‌وه.
وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه
شتێك هه‌یه پێی ئه‌وترێت وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه، وه‌رگێڕمان هه‌یه نزیكه‌ی 70 كتێبی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی، بێ ئه‌وه‌ی جارێك بیری له‌وه كردبێته‌وه كتێبێكی كوردی وه‌ربگێڕێته سه‌ر زمانێكی تر، ئایا ئه‌مه بۆ خۆی ده‌لاله‌ت له‌وه ناكات كه كاكی وه‌رگێڕ زمان‌زان نیه و خه‌ڵكی به‌گه‌مژه ده‌زانێ..!؟
یان زۆرێك له‌نووسه‌ران نه‌یان ویستووه یان نایه‌نه‌وێ ده‌قه‌كانیان وهربگێردریت بۆ زمانه‌كانی تر به هه‌رهۆیه‌ك بێت، ئایا ئه‌بێ بۆ ئه‌م ره‌فتاره چ خوێندنه‌وه‌یه‌كمان هه‌بێ، كرچ و كاڵن یان دزی و ئیقتیباسی ئابڕوبه‌رانه‌یه..!؟ بۆ نموونه..
• هه‌تاوه‌كو (عه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشانی) مان نه‌خوێنده‌وه، نه‌مازانی چ كاریگهرییك و دزینێكی ئه‌ده‌بی هه‌یه له نێو كورد بۆ نموونه رۆمانی (كۆرده‌ره) له‌كاتی خۆیدا چی هه‌رایه‌كی نایه‌وه.
• هه‌تاوه‌كو (فروغی فروغزاد)مان وه‌ك خۆی نه‌خوێنده‌وه، نه‌مانزانی له دیوانی (ئیگزیل) چ ئیقتیباسێكی ئاشكرا هه‌یه.
• هه‌تا (شارامی قه‌وامی)مان نه‌ناسی، بێ ئاگا بووین له كێشه‌ی رۆمانی شاری مۆسیقاره سپییه‌كان.
• هه‌تا فیلمی (شۆڕشی سێكسی)مان نه‌بینی، نه‌مازانی چی ئیقتیباسێكی راسته‌وخۆیه چیرۆكی (كهڵهكوڕان و ئاسكهكچان) چۆن و چی بووه.
• هه‌تا (ئه‌زرا پاوه‌ن)مان نه‌خوێنده‌وه شیعری كوردیمان نه‌ناسی چ كه‌تنێ له ئه‌ده‌بی رویداوه و به ئاسانیش به‌سه‌رماندا گوزه‌ری ده‌كرد.
ده‌یان نمونه‌ی تر، كه له‌به‌رده‌ستن و كاتی خۆی بێت قسه‌یان له‌باره‌وه ئه‌كه‌ین.
هه‌موو ساڵی له پێشانگای هه‌ولێری نێوده‌وڵه‌تی، كه ده‌زگای مه‌دا بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه سازی ده‌كات، كه ده‌یان ده‌زگای فیكری و رۆشنبیری وڵاتانی دونیا به‌شدار ده‌بن به كتێبی فیكری و مه‌عریفی… تاد، تێیدا ئه‌م پرسیاره دووپات ئه‌كه‌نه‌وه، كه كورد وه‌ڵامی ناداته‌وه، ئه‌ویش ئایا كورد بۆچی فیكر ناخوێنێته‌وه..!؟
هۆكاره زانستیه‌كه‌ی چیه، ئه‌م پرسیاره چیمان دێنیته‌وه بیر..؟
له‌چاو پێكه‌وتنێكیدا د. مارف خه‌زنه‌دار هاتووه” له‌شه‌سته‌كان ده‌چێته روسیا (یه‌كێتی شوره‌وی) له‌وێ یه‌كێك له بیرمه‌نده ئه‌ده‌بیه‌كان پرسیارێكی ئاڕاسته ده‌كات و ئه‌ڵێ ئێوه فكرتان ناوێ.. سهنعهتتان ناوێ.. ناتانه‌وێ بخوێننه‌وه.. خێره هه‌مووتان شاعیرن، له‌كاتێكدا به‌زمانی خۆتان ئه‌خوێننه‌وه، بۆ چی ناتانه‌وێت به‌رووی جیهاندا بكرێنه‌وه..!؟
له‌ئه‌نجامی باسكردنی ئه‌و كفتۆگۆیهی خه‌زنه‌دار له چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا له هه‌فتاكان، حكومه‌تی ئه‌وسای عێراق توانی سود له‌و ئاڕاسته مه‌عریفیه وه‌ربگرێت و بیكاته پڕۆژه‌یه‌كی نیشتیمانی و زه‌ماله‌ی خوێندنی بۆ ده‌یان و سه‌دان خوێندكاری خۆی له‌زۆرێك له‌وڵاتانی ئه‌وروپا و روسیا و.. هتد، وه‌ربگرێ و بیانێرێته ده‌ره‌وه بۆ دوو مه‌به‌ست، كرانه‌وه‌ی به رووی جیهان و هه‌روه‌ها پێگه‌یاندنی كادری زانستی، له‌وانه‌ش گرنگتر فێربوونی زمان، پاشان به‌و هۆیه‌وه توانیان گه‌شه به‌فیكری ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی خۆیان بده‌ن له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، به‌ڵام كورد نه‌یتوانی ئه‌و ده‌رفه‌ته بقۆزێته‌وه و پێی وشیار بێ نه لهرابووردوو نه له ئێستا، له‌كاتێكدا پرسیاره‌كه ئاڕاسته‌كراو بوو بۆ كورد..!
بۆیه ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه، گرنگیدانه به وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه له بازنه‌یه‌كی نیشتیمانی دوور له شهخسهنهو كروپی پاوانخواز، نمونه‌ی ئه‌و پرۆژانه‌ی له‌زۆرێك له وڵاتانی دونیا كاری له‌سه‌ر ئه‌كرێ و ئاستێكی باشیان بڕیوه، نمونه‌ی ناوه‌ندی ئهنمائی نه‌ته‌وه‌یی، كه توانیویانه ته‌به‌نی پرۆژه‌یه‌ك بكه‌ن به‌ناوی (مشروع مطاع الصفدی للینابیع) به‌هاوكاری گروپێك له رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب (جۆرج ئه‌بی ساڵح و د. كه‌مال ئهستهفان و د. به‌دره‌دین عرودكی)، ته‌نانه‌ت لۆگۆی سه‌ر كتێبه‌كانیشیان له جیهاندا ناسراوه.