
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵه چیڕۆكی دنیا سێ پیته … سه‌دیق سه‌عید رواندزی
چیڕۆكی نوێ،به كۆمه‌ڵێك خاسییه‌تی هونه‌ری و ته‌كنیكی نوێ ده‌ناسرێته‌وه،كه جیای ده‌كاته‌وه له چیڕۆكی كۆن.كۆن به مانا مۆپاسانییه‌كه‌ی كه تیایدا بونیادی هونه‌ری چیڕۆك، له‌گرێچن و ناوهڕۆك و كۆتایی ڕووداوه‌كان پێكدێت و ڕه‌نگه خوێنه‌ر به ئاسانی له ناوه‌ڕۆكی چیڕۆكه‌كه بگات.به‌ڵام چیڕۆكی نوێ،جۆرێك له ئاڵۆزی مانا‌و گه‌مه‌ی زمانه‌وانی و مانایی تێدایه،كه خوێنه‌ر ناچار به بیركردنه‌وه و ڕامان ده‌كات. ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ كاتدا، كه له خوێنه‌وه‌ی چیڕۆكه‌كان ده‌بێته‌وه، چه‌ندین لێكدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ چیڕۆكه‌كان لادروست بێت.چونكه ڕووداوه‌كان، كارهكتهرو گێڕانه‌وه و ده‌ربڕینه‌كان، هاوشێوه‌ی بینای هونه‌ری چیڕۆكی كۆن نییه. بۆیه ئێستا خوێنه‌ر له به‌رده‌م جۆرێكی دیكه‌ی چیڕۆكدایه، كه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و فۆڕمه باوه‌ی چیڕۆكه كه پێشتر بونیادی هونه‌ری چیڕۆكه‌كانی پێكده‌هێنا. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه كۆمه‌ڵه چیڕۆكی(دنیا سێ پیته) یه‌كێكه له‌و كۆمه‌ڵه چیڕۆكانه‌ی، كه به دنیابینییه‌كی جیاواز‌و ته‌كنیكێكی جیاواز نووسراوه. چیڕۆكه‌كان، چ له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه بێت، چ له ڕووی كارهكتهرو ڕووداوه‌كانه‌وه بێت، ئاڵۆز‌و ته‌مومژاوین، كه به ئاسانی هه‌موو خوێنه‌رێك له ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یان ناگات. ئه‌مه‌ش ماهییه‌تی چیڕۆكی نوێیه كه چیتر وه‌ك چیڕۆكی كۆن، به خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئاسایی، ماناكان به ده‌سته‌وه نادات. لێره‌دا، له چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌و كۆمه‌ڵه چیڕۆكه ده‌دوێین:_
یه‌كه‌م:فه‌نتازیا و خه‌یاڵسازیی ڕه‌گه‌زی فه‌نتازیا، پانتایه‌كی گه‌وره‌ی له‌و ده‌قانه گرتووه، به ڕاده‌یه‌ك هیچ كام له‌و چیڕۆكانه نییه بێ فه‌نتازیا بن. گه‌رچی خوێنه‌ر سه‌ره‌تا كه چیڕۆكه‌كان ده‌خوێنێته‌وه، وا هه‌ست ده‌كات له به‌رده‌م گێڕانه‌وه‌یه‌كی واقیعی ڕووداوێك، یان وه‌سفی كارهكتهرو شوێنێك دایه، كه‌چی له پڕ هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنه واقیعییه ده‌گۆڕێت بۆ خهیاڵسازییهك ئه‌وسه‌ری دیار نه‌بێت. چیڕۆكنووس ده‌مانباته نێو گێڕانه‌وه‌یه‌كی هێنده سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و فه‌نتازی، كه هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی له سه‌ره‌تای چیڕۆكه‌كانه‌وه بۆ ڕووداوه‌كان هه‌مان بوودهگۆڕێت. ئه‌و گه‌مه زمانه‌وانی و خه‌یاڵییه‌ی چیڕۆكنووس زیره‌كانه له‌گه‌ڵ خوێنه‌ری ده‌كات، خوێنه‌ر ناچار ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌سازیی چیڕۆكنووس بكه‌وێته ڕامان و بیركردنه‌وه. بێگومان ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ته هونه‌رییه‌كانی چیڕۆكی تازه و سه‌ركه‌وتوو. چونكه چیڕۆكی ئێستا، چیتر له‌و فۆڕمه جێگیره نامێنێته‌وه كه تیایدا خوێنه‌ر به خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئاسایی، له ناوه‌ڕۆكی ڕووداوه‌كان بگات. به‌ڵكو ده‌بێ بیر بكاته‌وه، گومان و پرسیاری لادروست بكات. بۆ خوێنه‌رێكی ئاسایی چیڕۆكی كۆن، ئه‌م ته‌كنیكه ڕه‌نگه ته‌كنیكێكی ئاڵۆز بێت، وه‌لێ بۆ خوێنه‌رێك كه مه‌به‌ستییه‌تی بچێته قووڵایی چیڕۆكه‌كانه‌وه،ئه‌م شێوازه له نووسینی چیڕۆك، جێگه‌ی پرسیاركردن و مایه‌ی چێژ وه‌رگرتنه. بۆیه كاتێ وه‌ك خوێنه‌رێك ئه‌و چیڕۆكانهم خوێنده‌وه، نایشارمه‌وه چێژم له بینینی ئه‌و هه‌موو وێنه فه‌نتازیی و خهیاڵسازییهی چیڕۆكنووس بینی.دروست كردنی ڕووداوێكی خه‌یاڵی، له نێو واقیعێكی ئاڵۆز‌و ناشرین و پڕ له ڕووداوی دڵته‌زێندا، بۆ ماوه‌یه‌ك خوێنه‌ر ده‌باته نێو دنیایێكی دیكه و چێژ له‌و جیهانه خه‌یاڵییه وه‌رده‌گرێت.له چیڕۆكی ماكوانی خه‌راماندا، سه‌ره‌تا ئێمه وێنه‌ی كاره‌كته‌رێك ده‌بینین كه ترسنۆك و بوده‌ڵه‌یه، گه‌رچی له جه‌سته و شان و شكۆدا، ماكوان له كه‌سێكی ئاسایی ناكات. به‌رده‌وام ده‌خوات و به هیچ تێر نابێت.
ئه‌و مرۆڤه، له شێوه و ڕواڵه‌تدا، وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی دیكه‌ی ئاساییه، وه‌لێ له هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتارو ژیانكردندا، چیڕۆكنووس وێنه‌یه‌كی داوته ماكوان، به‌ده‌ر له هه‌ر وێنه‌یه‌كی واقیعی. ماكوان به هۆی بێ كاریی و زۆر خۆرییه‌وه، باوكی له ماڵ ده‌ریده‌كات. په‌رته‌وازه‌ی سه‌رشه‌قام و كوچه و كۆڵانه‌كان ده‌بێت، ناچاره له پاشماوه‌ی سه‌تڵی خاشاكی ماڵان، خواردن بدۆزێته‌وه و بیخوات. دایكی به خه‌فه‌تی ئه‌و كوڕه‌وه سه‌ر ده‌نێته‌وه. ماكوان سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێت و ده‌ڕوات و ڕوو له گوندێك ده‌كات، له‌وێ ده‌كه‌وێته به‌رمه‌ترسی گورگه‌كانه‌وه، به‌ڵام دواجار گورگه‌كه ده‌كوژێت.ئه‌و ماكوانهی له منداڵێك ده‌ترسا و خه‌ڵك گاڵته‌ی پێ ده‌كرد، دواجار ده‌بێته ئه‌و مرۆڤه‌ی بتوانێت گیاندارێكی به هێزو دڕنده‌ی وه‌ك گورگ بكوژێت.له (چیڕۆكی كه‌لله زراودا) دوای ئه‌وه‌ی شوفێری ته‌كسییه‌كه ژن و مێردێك ده‌باته‌وه ماڵه‌وه‌یان له ژاڵه، هه‌ر كه پێ ده‌نێنه ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌یان، له پڕخانووهكه ون ده‌بێت و نامێنێت. شوفێری ته‌كسی كه ده‌گه‌ڕێته‌وه نێو شار، له ڕێگه‌دا ڕێكه‌وتی دووبوونهوهری سه‌یرو سه‌مه‌ره ده‌كات كه ته‌واو جیاوازن له خه‌ڵكی شار. له (چیڕۆكی منداڵه‌كه‌ی زامبییادا) زامبییا منداڵێكی ده‌بێت سه‌ری نییه، به‌ڵام قسه ده‌كات،له (چیڕۆكی دڵم ده‌له‌رزی)پاڵه‌وانی چیڕۆكه‌كه له ناو هه‌ور وێنه‌ی دێوو درنج ده‌بینێت، كه ده‌میان ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه فیلی تێ ده‌چێت. به‌گشتی له هه‌موو چیڕۆكه‌كاندا ڕه‌گه‌زی فه‌نتازییا زاڵه و وێنه‌كان هاوشێوه‌ی وێنه‌یه‌كی سوریالییان لێ دێت كه له‌ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتن و ڕوانینی ئێمه‌ن.بڕواناكه‌م هیچ چیڕۆكنووسێك له‌و نه‌وه‌یه‌دا، هێنده‌ی ئه‌م چیڕۆكنووسه، بایه‌خی به فه‌نتازییا دابێت، كه بێگومان ئه‌مه‌ش ستایلێكی نوێیه و دابڕانێك له نێوان، خۆی و ئه‌وانی تر دروست ده‌كات. دووه‌م:وه‌سف
یه‌كێك له جوانترین ڕه‌گه‌زه هونه‌رییه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه چیڕۆكه، وه‌سفه. بێگومان وه‌سف، هۆكارێكه بۆ ناسینه‌وه و پیشاندانی وێنه و ڕووداو و كاره‌كته‌ره‌كان به خوێنه‌ر. وه‌لێ له به‌شێكی زۆری چیڕۆك و ڕۆمانی كوردیدا، گه‌لێك جار وه‌سف هاوتای ڕووداوه‌كان و كاره‌كته‌ره‌كان نابێت و بگره هاودژو پێچه‌وانه‌ی یه‌كتریشن. یاخود نووسه‌ر ناتوانێت وه‌سفێكی هونه‌رییانه‌ی وا بكات، كه ببێته جێگه‌ی سه‌رنجی خوێنه‌ر. له‌و ماوانه‌دا چیڕۆكی كه‌سێكم خوێنده‌وه، ته‌نها له‌دوو دێڕدا ئه‌مه‌ی نووسیوه:( خوشكه‌كه‌م له به‌ر تاریكی كه‌وته خه‌وه‌وه، كه‌چی هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌و وه‌سفه‌دا ده‌ڵێت: مانگه شه‌وێكی وابوو، هه‌موو شتێكمان ده‌دیت).ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌و گوزارشتكردنه بكه‌ین، ده‌بینین كه بنووسی چیڕۆكه‌كه چۆن كه‌وتۆته هه‌ڵه‌وه.به‌ڵام له كۆمه‌ڵه چیڕۆكی دنیا سێ پیته،وه‌سف هاوته‌ریبی ڕه‌گه‌زه‌كانی تره.
بۆنموونه: ماكوان كه‌سێكی زۆر خۆره، به‌رده‌وام ده‌خوات و گه‌ده‌ی تێر نابێت،.چیڕۆكنووس له وه‌سفی ماكوانی خه‌راماندا ده‌نووسێت:(ئێسقان پان، مه‌چه‌ك ئه‌ستوور و كه‌لله زل،پارچه ئێسكێكی گه‌وره بوو،ده‌سته زله‌كه‌ی هه‌ڵمه‌تی ده بۆ دوانزه كه‌وچكی هه‌بوو،ڕۆنی بنی مه‌نجه‌ڵی وه‌كو ئاو ده‌خوارده‌وه،له‌فه‌ی گه‌سی به كاغه‌زه‌وه ده‌خوارد). لێره‌دا، ئێمه له به‌رده‌م وه‌سفی كاره‌كته‌رێك داین، كه هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتاره‌كانی، هاوگونجاون له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌سفه‌ی چیڕۆكنووس بۆی كردووه كه ماكوان چ كه‌سێكی زۆر خۆر بووه.له چیڕۆكی منداڵه‌كه‌ی زامبییادا، چیڕۆكنووس زۆر به وردی وه‌سفی مرۆڤێك ده‌كات كه بێ كاره و له ماڵ دانیشتووه. ئه‌و ڕه‌چاوی ئه‌و بارودۆخه ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كردووه،كه كه‌سانی بێ كار تێیدا ئه‌ژین له ڕووی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی.له‌چیرۆكی (به‌ڵای سه‌رشین)دا،كاتێ ئاریۆس پاڵه‌وانی چیڕۆكه‌كه ڕاده‌كات بۆ شاری كه‌ركوك، چیڕۆكنووس به شێوه‌یه‌ك وه‌سفی شه‌قام و كوچه و كۆَلان و گازینۆ و چێشتخانه و شوێنه تایبه‌تی و گشتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات،وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر خۆی ئاریۆس بێت.
ئه‌م هه‌موو ورده‌كارییه له وه‌سف، جۆرێك له ئستاتیكای به گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان داوه. وێرای ئه‌مه‌ش، گه‌لێك جار له‌و وه‌سفه‌دا، هه‌ست به شیعرییه‌تی گێڕانه‌وه‌و ده‌ربڕین ده‌كه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ی شیعرێك بخوێنینه‌وه. بۆنموونه:(خه‌م و جه‌فا له بیر بكه‌م كه‌یف و سه‌ف بكه‌م لا145) یاخود(ورچه‌كه ده‌بۆ بوو، له فیل زل و قه‌به‌تر بوو،حهوترینگه خۆی بوو،پیاو چ پیاو گای بنهبوو لا153). هاوكات به درێژایی لاپه‌ڕه 141ی كتێبه‌كه، له وه‌سفكردنی سیدرادا،له به‌رده‌م گێڕانه‌وه‌یه‌كی هونه‌رییانه‌ی جوانداین، وه‌ك ئه‌وه‌ی په‌خشانێك، یاخود شیعرێكی ئازاد بخوێنینه‌وه وایه.
سێیه‌م:زمان یه‌كێكی دیكه له‌لایه‌نه جوانه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵه چیڕۆكه، زمانه.زمانی نووسینی چیڕۆكه‌كان، زمانێكی چڕ، ئاڵۆز ماناداره، هاوكات له فۆڕمدا ساده‌یه. من كاتێ ئه‌و چیڕۆكانهم خوێنده‌وه، دركم به‌وه كرد كه محمود نه‌جمه‌ددین، یه‌كێكه له‌و چیڕۆكنووسانهی كه توانایه‌كی باشی له ڕووی زمان و ده‌ربڕینه‌وه هه‌یه، به بێ ئه‌وه‌ی جۆرێك له درێژدادڕیی و دووباره‌كردنه‌وه‌ی وێنه‌كان ببینین.له چیڕۆكی ماكواندا، چیڕۆكنووس به جۆره‌ها شێوه وه‌سفی ئه‌و كاره‌كته‌ره ده‌كات، وه‌لێ دواجار هه‌موو ئه‌و سیفه‌ته جیاوازانه له ڕووی زمان و ده‌ربڕینه‌وه، گوزارشت له كه‌سیه‌تی ماكوان ده‌كه‌ن.چیڕۆكنووس له كۆی ئه‌و چیڕۆكانه‌دا، به زمانێكی چڕ ڕووداوه‌كان باس ده‌كات. زمانێكه، كه له ڕووی پێكهاته‌ی زمانه‌وانی و وشه‌سازییه‌وه، چه‌ندین وشه‌و ده‌ربڕین و گوزارشتكردن له خۆ ده‌گرێت. وێرای ئه‌مه‌ش، هه‌مان ئهوزمانه، جۆرێك له شیعرییه‌ت و گێڕانه‌وه‌ی تێدایه، كه چێژێكی دیكه‌یان به دهقهكهداوه. چواره‌م:ناوونیشان و ناوی كاره‌كته‌ره‌كان:
به گشتی ناونانی كارهكتهرهكانلای ئه‌م چیڕۆكنووسه، جێگه‌ی له سه‌ر وه‌ستانه. ناوی كاره‌كته‌ره‌كان ناوی باو نین، به‌ڵكو ناوێكن كه زۆر جار نامۆشن به زمانی ئێمه. چ ناونیشانی ئه‌م كۆمه‌ڵه چیڕۆكه، چ ناونیشانی چیڕۆكه‌كانی ناوی، ناونیشانی كورت، سه‌رنج ڕاكێش و نامۆن. واتا چیڕۆكنووس تاڕاده‌یه‌كی زۆر له بازنه‌ی ئه‌و ناوه سواوانه ده‌رچووه كه ڕه‌نگه له‌چیڕۆك و ڕۆمانی كوردی به‌رده‌وام بیانبینین.كورتكردنه‌وه‌ی دنیا، به‌و هه‌موو بوونه‌وه‌رو پێكهاته زیندوو نازیندووانه،به‌و هه‌موو پێكهاته سرووشتی و جوگرافی و مرۆییانه، له سێ پیتدا، به‌لای منه‌وه وه‌ك خوێنه‌رێك، ناونیشانێكی جوان و سه‌رنج ڕاكێشه. هه‌میشه بۆ من وه‌ك خوێنه‌رێك، ناونیشان ئه‌و ئه‌لقه‌یه كه به ده‌قه‌كانمه‌وه گرێده‌دات. بۆیه ناونیشانی ئه‌و كۆمه‌ڵه چیڕۆكه‌ش لای من جێگه‌ی سه‌رنج و پرسیاربوو، كه دنیا چۆن سێ پیته؟ چیڕۆكنووس له‌و ناونیشانه ده‌بێ مه‌به‌ستی ئاماژه‌دان به په‌روه‌ردیگار نه‌بێت كه(خوا)یه‌و ته‌نها له سێ پیت وه‌ك نووسین پێكهاتووه و دنیای دروست كردووه؟بۆیه هه‌ڵبژاردنی ناونیشانی جیاواز، كورت و پوخت و مۆزیكی، سیمایه‌كی هونه‌رییانه‌ی جوانی ده‌قه. ناونیشانی باو، هیچ داهێنان و جوانییه‌كی تێدا نییه.هاوكات ناونیشانی كاره‌كته‌ره‌كانیش ناونیشانی جوان، كورت و مۆزیكین كه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوه باوانه‌ن كه ڕه‌نگه به‌رده‌وام له چیڕۆك و ڕۆمانی كوردی دووباره ببنه‌وه. بۆ نموونه ناوی كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌و چیڕۆكانه، ناوی سه‌رنج ڕاكێشن وه‌ك:(ماكوان/ئاڤار/به‌مۆ/سیدرا/ئاریۆس/زامبییا/جیبۆ/ڕێناس). ئه‌م ناوانه، ناوی سنووردار‌و ده‌گمه‌نن له كۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌دا، ئه‌م ناوانه له‌و جۆره ناوانه‌ن كه گۆكردنیان، ئاسان و مۆزیكییه له ڕووی زمان و ده‌ربڕینه‌وه. به‌ڵام لێره‌دا به ته‌نها كاره‌كته‌ره‌كان گرنگ نین، به‌ڵكو گونجاندن و پێدانی ڕۆلیش پێیان گرنگه، كه به‌رده‌وام به‌شێكی زۆر له ڕۆماننووس و چیڕۆكنووسانی ئێمه له‌م ڕووه‌وه ده‌كه‌ونه هه‌ڵه‌وه. كاتێ ناتوانن كاره‌كته‌ره‌كان له‌گه‌ڵ ڕۆڵه‌كان بگونجێنن. له چیڕۆكی (به‌لاقی موفهرهح ڕاده‌كات) چیڕۆكنووس باسی كه‌سانێك ده‌كات، كه هیچ له زمانییان نازانێت.ئه‌وان به زمانێك ده‌دوێن، جیاوازه له زمانی مرۆڤ، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت:(ئه‌و خه‌ڵكه به زمانێكی نامۆ قسه ده‌كه‌ن،قیقالمقیقژقیلژقلا). ئه‌مه زمانی ئه‌و كه‌سه نامۆیانه‌یه، كه كه‌س نازانێت مانای چییه. بێگومان چونكه چیڕۆكنووس باسی كه‌سانێكی نامۆ ده‌كات، ده‌بێ زمان و بیركردنه‌وه و تێڕوانینیشیان له‌گه‌ڵ ناسنامه‌ی كه‌سییان یه‌كبگرێته‌وه. من كاتێ ئه‌و چیڕۆكه‌م خوێنده‌وه، وام هه‌ست كرد له نێوه هۆزه سه‌ره‌تاییه‌كانی ئهمهزۆندام. ئه‌وه‌نده كارهكتهرو گێڕانه‌وه‌كان سه‌یرو سه‌مه‌ره بوون.(كه‌سه‌كان چوار ده‌ست و سێ قاچیان هه‌یه،زمانییان به قه‌د گه‌زێك درێژه،سه‌رزه‌مین نییه،پیاوه‌كان چوار چاو و دووگلێنهیان هه‌بوو،هه‌ر گلێنه‌ی ڕه‌نگێك بوو، قه‌زه‌مێك له نێویان بوو، له پڕ ئه‌وه‌نده كشا، باڵای به‌قه‌د دار چنارێك لێهات).بێگومان كه مرۆڤه‌كانی ئه‌م شوێنه به‌و شێوه‌یه سه‌یرو سه‌مه‌ره بن، ده‌بێ زمانهكهشییان زمانێكی غه‌ریب و نا ئاشنا بێت كه كه‌س تێی نه‌گات.
پێنحه‌م:_ته‌كنیكی چیڕۆك له نێو چیڕۆك.
وه‌كو خوێنه‌رێك،ئه‌وه‌نده‌ی چیڕۆكه‌كانی محمود نه‌جمه‌دینم خوێندبێته‌وه و سه‌رنجم دابن، بڕواناكه‌م هیچ چیڕۆكێكی ئه‌و چیڕۆكنووسه هه‌بێت كه له دووتوێیدا چیڕۆكێكی دیكه دروست نه‌كات. زۆرجار خوێنه‌ر كهچیڕۆكێكی ده‌خوێنێته‌وه، له‌گه‌ڵ ڕووداو وگێڕانهوهكان ئاوێته ده‌بێت و له چاوه‌ڕوانی كۆتایی هاتنی ڕووداوه‌كان دایه، كه‌چی له پڕ چیڕۆكێكی دیكه له دووتوێی ئه‌و چیڕۆكه‌وه ده‌گێڕێته‌وه و هزری خوێنه‌ر سه‌رقاڵ و په‌ڕش و بڵاو ده‌كات. ئه‌م ته‌كنیكه، جۆرێكه له گه‌مه‌ی چیڕۆكنووس له ڕووی گێڕانه‌وه و خوڵقاندنی ڕووداو له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا. وه‌ك ئه‌و وایه، له یه‌ك كاتدا،چه‌ند تۆپێك بۆ چه‌ند ئاراسته‌یه‌كی جیاواز فڕێ بده‌ین، كه‌چی نه‌زانین به شوێن كامه تۆپ بكه‌وین.چیڕۆكه‌كانی ئه‌م چیڕۆكنووسهش به‌م شێوه‌یه‌ن. بۆ نموونه:له‌چیڕۆكی (كهلهزراودا) وه‌ك هه‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌كی دیكه، باسی شوفێرێكی ته‌كسی ده‌كات كاتێك ژن وپیاوێك داوای لێ ده‌كه‌ن، بیانگه‌یێنێته شوێنێكی دیاریكراو، تا ئێره ئێمه له به‌رده‌م چیڕۆكێك داین، كه‌چی دوای ئه‌وه‌ی ژن و پیاوه‌كه داده‌به‌زن، دووبوونهوهری سه‌یر، له شێوه‌ی مرۆڤی بچووك، وه‌ك تیمه‌یه‌كی دیكه دێنه نێو چیڕۆكه‌كه و خه‌یاڵی خوێنه‌ر ده‌گوازنه‌وه سه‌ر خۆیان.ئه‌م شێوازه له تێكه‌ڵكردنی ڕووداوه‌كان، جۆرێك له هاوبه‌شی له نێوان چیڕۆكنووس و خوێنه‌ر دروست ده‌كات، كه ئه‌ویش به‌شداری ڕووداوه‌كان بكات و لێكدانه‌وه‌یان بۆ بكات.وێرای ئه‌مه‌ش، كۆتاییه‌كی كراوه‌یه، كه ده‌شێ چیڕۆكه‌كه به فۆڕمێكی دیكه و گێڕانه‌وه‌یه‌كی جیاواز به‌رده‌وامی هه‌بێت.
ئه‌م گه‌مه‌ی ته‌كنیكییه، ڕه‌نگه بۆ خوێنه‌رێكی ئاسایی قورس و ئاڵۆزبێت، ڕه‌نگه بپرسێت ئه‌و چیڕۆكه چ مانایه‌كی هه‌یه؟ وه‌لێ بۆ خوێنه‌رانێك كه سه‌ودا و خوێنه‌وه‌ی چیڕۆكییان هه‌یه، مایه‌ی چێژ لێ وه‌رگرتنه. چونكه وه‌ك باسمان كرد، خوڵقاندنی جیهانێكی فه‌نتازی، له نێو واقیعێكی باودا، جوانییه‌ك به گێڕانه‌وه ده‌دات.ئه‌مه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌گه‌ر چیڕۆكنووسێك مه‌به‌ستی بێت جیاواز بكه‌وێته‌وه له ئه‌وانیتر، ئه‌وا بێگومان ده‌بێ جیاوازیش بنووسێت. ئه‌و سه‌رده‌مه به سه‌ر چوو، چیڕۆك وه‌ك ژانرێك ته‌نها به خوێنه‌وه‌یه‌كی ئاسایی، هه‌موو ماناكان به‌ده‌سته‌وه بدات.به‌ڵكو بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر، گه‌مه‌ی چیڕۆكنووس و په‌یوه‌ندی به هزری خوێنه‌ره‌وه، ڕۆڵ ده‌بینن له خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن له مه‌غزاكانی چیڕۆكێك.چونكه ده‌بێ بزانین چیڕۆك حیكایه‌ت نییه تاكو له میانه‌ی گێڕانه‌وه‌یدا، بگێڕه‌وه هه‌موو شتێكمان بۆ باس بكات و هیچ نهێنییه‌ك نه‌هێڵێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بیری لێ بكه‌ینه‌وه و پرسیار بكه‌ین. هه‌ر ئه‌مه‌شه چیڕۆك وه‌ك هونه‌رێكی نوێ، له حیكایه‌ت و ئه‌فسانه جیا ده‌كاته‌وه كه هونه‌رێكی كۆنن.له نێو چیڕۆكیشدا ده‌بێ چیڕۆكنووس به ستایلێك بنووسێت، له ئه‌وانیتر نه‌چێت. بڕوام وایه وه‌ك خوێنه‌رێك، دنیا سێ پیته له ئه‌زموونی هیچ چیڕۆكنووسێك ناچێت، خودی نووسه‌ر خۆی نه‌بێت.من چێژم له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵه چیڕۆكه بینی، كه خوێنه‌ر له نێو ئه‌و هه‌موو فهنتازییاو ته‌كنیكی گێڕانه‌وه و ڕووداوه سهیروئاڵۆزانه، ون ده‌كات وده‌چێته نێو دنیایێكی دیكه، كه دنیای تایبه‌تی چیڕۆكه.
——————————————————
*په‌راوێز: دنیا سێ پیته،كۆمه‌ڵه چیڕۆك،نووسینی: محمود نه‌جمه‌ددین، بڵاوكراوه‌ی:چاپه‌مه‌نی خانی_2019.
*ئه‌م بابه‌ته، له ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ، ژماره‌ی ڕۆژی پێنچ شه‌ممه ڕێكه‌وتی 10/9/2020 بڵاوكراوه‌ته‌وه…

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکانی تری نووسەر کلیکی ئێرەبکەن