Skip to Content

ڕۆمانی میدیا وەک یەکەم ڕۆمانی عیرفانی خۆماڵی خۆی دەنووسێتەوە … دڵشاد کاوانی

ڕۆمانی میدیا وەک یەکەم ڕۆمانی عیرفانی خۆماڵی خۆی دەنووسێتەوە … دڵشاد کاوانی

Closed
by November 13, 2020 General, Literature


ڕۆمانی میدیای یەکێکە لە ڕۆمانە نایابەکانی ساڵی دووهەزار و بیست، وەک ڕۆمانێکی عیرفانی بۆ یەکەم جار خۆی دەخزێنێتە نێو کتێبخانە و ئەدەبیاتی ڕۆمانی کوردی، کە نووسەری ئەو ڕۆمانە ڕۆمانووس هۆشەنگ شێخ محەمەدە دوای دوو ڕۆمانی تری نووسەر، میدیا دێتە نێو جیهانی نووسینی ڕۆمانووس و بە خوێنەرانی کوردی ئاشنا دەبێت.
ئەوەی ئەو ڕۆمانە لەوانەی پێشووتری و تەواوی ڕۆمانەکانی تر جیا دەکاتەوە، زمان، تەکنیک، ناوەڕۆکی فەلسەفی عیرفانی ڕۆژهەڵاتیانەی هەیە، کە پێشووتر لە ئەدەبیاتی کوردیدا عیرفان تەنیا لە ژانرەکانی شعر و پەخشان و لێکۆڵینەوە دەبینرا. وەلێ هۆشەنگی شێخ محەمەد پایەیێکی تری ئەدەبی عیرفانی بۆ نووسینی ڕۆمانی کوردی دامەزراند.
زۆر جار بە هۆی هەندێ خوێنەری قیچکەتەنگ لە تێگەیشتنی هزری ڕەخنەیی ناچار دەبین ئەوە ڕوون بکەینەوە، کاتێ هەر دەقێکی ئەدەبی دەکەوێتە بەرچاوی ڕەخنەیی لێکۆڵەر و ڕەخنەگران، ئەمە باشی و جوانی دەقەکە دەگەیێنێ کە خۆی دەرگای ڕەخنە بەسەر خۆیدا واڵا دەکاتەوە، هەرگیز مانای لاوازی و کورتهێنانی دەق نییە، لەم سۆنگەیەوە من بە چاوێکی ڕەخنەیی لە میدیا دەڕوانم و سەرنجەکانم دەخەمە ڕوو.

بۆ ئەوەی لە فەلسەفەی نووسینی ڕۆمانی میدیا تێبگەین دەبێ سەرەتا خوێنەر هەرسێ کتێبی چاپکراوی نووسەر، (١. کتێبی حیکمەتی ئیشراق. ٢. خوێندنەوەی کتێبی حیکمەتی ئیشراق. ٣.فریشتەی سوور) بخوێنیتەوە، ئینجا لە کۆد و رەمزەکانی ناو ڕۆمانەکە حاڵی دەبێت، هەروەک نووسەر خۆشی لە لا (٥٤) و (٥٨) و (٥٩) و ڕاستەخۆ باسی کتێبەکان دەکات و لە لا (٦٠) بەتەواوی دەچێتە سەر تیۆرییەکانی سەهرەوردی و دەگەڕێتەوە بۆ دەقی ئیشراق. چونکە ئاسان نییە بتوانین بێ گەڕانەوە بۆ ژێدەر و چاڤکانی پێشوو، بە ڕوونی لە پاشخانی فەلسەفی عیرفانی سوهرەوەدی کە چەندین سەدەیە بۆوەتە جێگای مشتومڕ و لێکدانەوەی جیاواز، سەرەدەری بکەین. هەرچەندە لە زۆربەی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە نووسەر ترسی ئەوەی لێ نیشتووە، بۆیە تارادەیەکی باش ئاسانکاری و راڤەی بۆ کردووە، بۆ ئەوەی خوێنەر تووشی هێدمەی تێنەگەیشتن نەبێ و چێژی ڕۆمانەکەی لە کیس نەچێ. بەڵام بە دیدگای من ئەمەشیان هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، چونکە بەڕچاوڕوونی گەلێ جار تەمبەڵی بۆ گەڕان بە دوای دۆزینەوەی مەبەستەکان لای خوێنەر دروست دەکات.

ناوی میدیا
هەڵبژاردنی ناونیشانی میدیا بۆ ڕۆمانەکە، مەبەستی نووسەر گەڕانەوەی عیرفانە بۆ جوگرافیایی میسۆپۆتامیا و جارێکی تر بە کوردیکردنەوەی تەسەوف و عیرفانە. لە پاڵ ئەوەشدا ناوی کارەکتەری دڵخوازەکەی مانی پاڵەوانی سەرەکی ناو ڕۆمانەکەیە، بەڵام بەلای منەوە بۆ ئەو ڕۆمانە فەلسەفی و عیرفانییە، ناوێکی لاوازە و دەبوایە ناوێکی عیرفانی و ئەدەبی لێ بنابوایە زیاتر لە خزمەتی ڕۆمانەکە دا دەبوو.

زمان لە میدیا
سەرباری ئەوەی ڕۆمانەکە پڕە لە وشە و تێکستی فکری و فەلسەفی کە بەزمانێکی ئەدەبی بەرز نووسراوەتەوە، ڕۆمانووس زمانی کوردی پاراوە و شارازەییەکی زۆری لە زماندا هەیە، بەڵام ڕۆمانەکەی پڕە لە وشە و زاراوەی عەرەبی ڕووت، هەرچەندە ڕۆمانەکە عیرفانییە و زمانی عیرفانیش زمانێکی ئیسلامییە و عەرەبی بەسەریەوە زاڵە، بۆیە نووسەری ناچار کردووە پەنا بۆ چەمک و زاراوەی عەرەبی بەرێت، لە گەڵ ئەوەشدا زێدەتر لە پێویستی پەنای بۆ بەکار بردنی وشەی عەرەبی بردووە کە بە بینینی من ناپێوست بوون هەر بۆ زانین، لا (٢٠) دەنووسێ “پیرۆز و موقەدەس” لێرە موقەدەس هەر پیرۆزییە و جگە لە درێژکردنەوە، هیچ جوانییەکی بەدەق نەداوە. یاخود لە لا (٢١) “ئیقلیمی هەشتەم” دەکرا و ڕێکتر دەبوو بنووسێ هەرێمی هەشتەم، دەیان و بگرە سەدان وشەی تری هاوشێوەی ئەوانە. لێرە من ئەوەی گەرەکمە بە وردی لەسەری بوەستم کاریگەری زمانی فارسی و بەکارهێنانی وشەی فارسی وەک خۆی لە ڕۆمانی کوردی بە ڕەوا نابینم، وەک هەردوو وشەی گوڵە محمدی بەکارهێناوە کە گوڵ محمدی فارسییە و بە کوردی دەبێتە گوڵە هێرۆ، هەرچەندە نووسەر بە ئەنقەست بۆ ئاماژەکردن بۆ ناوی پێغەمبەری ئیسلامی بەکارهێناوە و ئەمەیان جوانە، بەڵام لە شوێنی تریش چەند بارە دەبێتەوە. هەروەها لە لا (٣٦) لە هەموو ڕۆمانەکەدا نووسەر وشەی بەرابەری فارسی بۆ بەرامبەری کوردی بەکار بردووە. خۆمان دەزانین کورد و فارس پلکزان لە زمان، بۆیە گرنگە (م)ی کوردی نەپەڕێ.

هەرچەند ڕۆمانەکە خاڵی نییە لە وشەی ڕەسەن و جوان. زۆر وشە و زاراوەی شیرین و نەزانراوە لای خوێنەر لە نێویان هەردوو وشەی چێواژوو لا (١٢٩) بۆ زیادکردن و باڵاگرتنی گەنم و لا (١٣١) دەمەزەردە بۆ کوتانەوەی ئاسنی سوورکراوەی نێو کورە بەکاری هێناوە. بۆیە نووسەر توانیویەتی گەمەیەکی زۆر جوان بە وشە و زاراوە و واتاکان بکات، بەڵام لە هەندێ شوێن کورت دێنی وەک لە لا (١٢٣) دەنووسێ “بانی خانووەکە هەمووی داررێژ کرابوو، سەرەوەشی خۆڵڕێژ بوو” ئەم ڕستەیە دوور درێژە بەیەک وشەی کوردی تەواو دەبوو کە بنووسێ “خۆرەبان بوو” یان لە هەندێ شوێن وشە دەسوێنێ وک ئۆتۆمبێل دەکات بە “تۆمبێل” هەرچەندە ئەمەش بیانییە و خوازراوە، وەلێ لە کوردیدا وەک خۆی بەکاردێ یان دەگوترێ ترومبێل، بەمەش ئەم داتاشینە لە هەردوو زمان دووری دەخاتەوە. (ئۆتۆمۆبێل) هەرچەندە ئەسڵی ناوەکە بیانییە و بۆیە بە زۆر شێوە گۆ دەکرێت، دەکرێ بڵێین هەموو شێوەکان راستن، چونکە کۆدەنگی لەسەر نییە، بەڵام من لە نووسین دا لادانی بە باش نازانم.

گێڕانەوە لە میدیا
تەکنیک و گێڕانەوە لە ڕۆمانی میدیادا دەتوانین بڵێین ڕێچکەیەکی تایبەتی و زۆر دەگمەنی گێڕانەوە لای نووسەر پەیڕەو کراوە، ئەمەش رۆڵێکی باڵای هەیە لە جوانکردنی میدیادا، کە لە سێ بەشی سەرەکی و هەشتاو سێ بەشی لاوەکی پێکهاتووە. سەرەتا نووسەر لە ڕێگای عەبدولعەزیز دەبێتە گێڕەوەی هەمووشتزان و بە باسی تەکیە و خانەقا و کۆڕی زکری تەسوفی دەکەوێتە گێڕانەوە. لە بەشی ژمارە (٢) یەکڕاست مێشکی خوێنەر بە کوتکەکی سەرپان دەکوتێتەوە و دەنووسێ” دەیزانی هیچ دادی نادات، بۆیە بە چەقۆکە هێلکە گوونی ڕاستەی خۆی بڕیەوە! لە تاو ئازاری جەستەی هاواری کرد و بە خۆی وت: (ئەی خەسیوی ناپاک هەقەمست بێت!) بەم تێکست و بەشە کورتە گێڕانەوەی دەگاتە ترۆپکی تەسەوفی و توانەوەی خود لە عیرفان و نووسەر گەرەکییەتی باسی چیڕۆکی رابیعەی عەدەویی و حەسەنی بەسڕی و لە نموونەی نەی و مانی دووبارە بکاتەوە، لە تەکنیکیشدا پرسیارێک بۆ خوێنەر دروست دەکات، کە وەڵامەکەی لە لا (٦٠) و بەشی (٥٩) زۆر بە جوانی گرێچنی ئەم ڕووداوە دەکاتەوە کە کێ هێلکەی گونی بڕی و بۆچی بڕیویەتی.

کۆی گێڕانەوەکانی لەیەک ئاست یەک زمان و شوێن و کات و گێڕەوە ناوەستێ، بەڵکو لە گەڵ بەشەکان گێڕەوە و بۆگێڕەوەکان دەگۆڕێن. نمونە لە بەشی (١) تا بەشی (٣) و لە یەک لاپەڕە گێڕەوە لە ئازیز دەبێتە مانی و لە زۆربەی بەشەکان تەنانەت بە یەک ڕستە گێڕەوەرەکان لە یەکێک بۆ یەکێکی تر دەستاودەست دەکرێ، ئەمەش تەکنیکێکی تا ڕادەیەک بە هێزە. وەلێ لە بەشی (٣) گێڕانەوەی وردەکاری شەوی بووک و پەیوەندی زاوایەتی و ژن و مێردایەتی دایکی مانی و مەلا عبداللە ی باوکی کە بۆ ئازیزی هاوڕێ گێڕاوەتەوە، دوو کەماسی دەبینرێ یەکەم وەک خۆی لە سەر زاری ئازیز دەڵێ کە دایکی مانی کەسێکی شەرمنە و دەنووسێ ” من دەمزانی دایکی مانی، حورمەت و حەیای هەموو مەلاژنانی هەڵگرتووە، لە ڕووی نایێت قسە لەم بابەتە بکات…) پرسیارەکە ئەوەیە مانی ئەم زانیارییانەی لە کێ وەرگرتووە؟ خۆ ناشێ باوکی خۆی بۆی گێڕابێتەوە کە لە شەوی زاوایەتی چۆن لەگەڵ دایکی دا گوزەراندوویەتی، هەر بۆیەشە سەرچاوەی زانیارییەکانی مانی بە نادیاری ماوەتەوە، خاڵی دووەم لە خوارەوە دەخەمەڕوو.

ناوەڕۆک و فۆڕمی میدیا
ڕۆمانی میدیا ناوەڕۆکێکی هزری بە هێز و لێوانلێو لە مەعریفە و وروژاندنی تێزە فەلسەفی و عیرفانی و باڵا بوونی مرۆڤدۆستی و هیومانزمییە، تاکە مانەوە لەو ڕۆمانە عیشقە کە عاشقبوون بە مرۆڤ و خودا و هونەر و حەز و خۆشەویستی ژیان، دەبێتە ناوەڕۆکێک زاڵ دەبێ بەسەر دابڕان و ڕق، دووری و جیاوازی کارەکتەرەکان. هەروەک لە بەشی (١٠) ڕۆمانووس زۆر فەلسەفییانە دەچێتە نێو فۆرم کە لە لا (١٠) ئێژێ ” لە ڕاستیدا دڵانی کوێر، وەک ئەو فتیلانەن، کە لە جیاتی رۆن بە ئاو تەڕکراون. هەرچەند هەوڵ بدەیت ئەم فتیلانە داگیرسێنی هەرگیز داناگیرسێن” چەندین تێکست و دەقی جیاوازی لەم جۆرە دەکەونە پێش چاو. یان لە لا (١٤٩) سەبارەت بە ڕەنگی چاوی مانی کە چاوێکی شینە و چاوێکی زەردە زۆر جوان دەنووسێ “خوا بەو دوو چاوەوە بۆ تۆی ئەفراندووە؟ بۆ ئەوەی نیوەی جیهان بسووتێنیت و نیوەکەی تریشی بکوژێنیتەوە! سەرئەنجام نە ئاگرەکە دەتوانێت هەموو جیهان بسووتێنیت و نە ئاوەکەش دەتوانێت هەموو جیهان بکوژێنیتەوە” لێرەدا نووسەر گەرەکییەتی پێمان بیژێ ئەوە هەر مرۆڤە دەتوانێ ژیان بکات بە بەهەشت و بشیکات بە دۆزەخ، واتە بەختەوەری ئایندەش هەر لەدەست و چاو و بینینی ئێمەدایە، کە هەردوو دونیا و دوارۆژ هاوتا دەکات بە بینینی خودی مرۆڤ.

لە پاڵ ئەوەش لە ناوەڕۆکیشدا لە هەندێ شوێن و هەندێ وشە و ڕستە سرک دەبێ و بە لووسی لەدەستی نووسەر دەردەچن و بەسەریدا تێپەر دەبێ، وەک لە لا (١٠) دەنووسێ ” لەوێ وەک تۆمەتبارێک و تاوانبارێک بپاڕێتەوە، تا مەعشوقەکەی ئاوڕێکی لێبداتەوە و میهرێکی لە گەڵدا بنوێنێت” لێرە و لەم گفتوگۆیەی سۆفییەک لەگەڵ دەردەدڵی بۆ خودای خۆی دەردەخات خۆ بەتاوانبار زانین زۆر ئاسایی و ئەو پەڕی گەیشتنە بە تەسەوف و خۆنەویستی. بەڵام بە وشەی تۆمەتبار لای خوا نووسەر دەکەوێتە هەڵەیەکی هزری عیرفانی چونکە، تۆمەت گۆتەیە، بەسەر دابڕینە، هەروەک پێوەرە یاساییە باوەکەی کە هەیە دەڵێ: تۆمەتبار تاوانبار نییە، تا تاوانەکەی بەسەردا ساغ نەبێتەوە. بەمەش هەموو خودێک بەوە دەزانێ کە چ گوناهێک دەکات و هیچ شاراوەییەک لای دادگای خودای نییە، کە بەندەکەی پێی وابێ تۆمەتبار کراوە بە کارێک کە خودا پێی نەزانێ. بەم جۆرە بە هەردوو ڕووی دوو پێوەری گشتی هەیە لە ڕاستی خوادا پاک و ناپاک، باش و خراپ، زانا و نەزان، ئاگایی و بێ ئاگایی، ڕۆناکایی و تاریکی، بۆیە چەمکی سێهەم لە عیرفاندا نییە.

هەروەها لە لا (٢٠) “… تۆفانی گەواڵە هەورێکی بەهاری دادەبارێتە سەر درەختێکی سەوزی تەڕی تێنو” لێرە درەختێکی سەوز نیشانەی تێر ئاوییە نەوەک بێ ئاوی، چجای ئەوەی کە دەڵێ تەڕی تێنو ئەمە هەرگیز یەک ناگرێتەوە، گەر تەڕ بێ واتە ئاوی لە بن کراوە ئەی چۆن تێنوە! باشتر دەبوو لێرە نازاوی بۆ درەختەکە بەکارهێنابووایە کە بە تەواوی مەبەستی نووسەر بەدەستەوە دەدات، یان ئەوەتە تەنیا تێنوەکەی لابدا بوایە گرفتەکەی چارە دەبوو.

لەلایەکی دیکە لە لا (٣٨) دەنووسێ “سەرزەمینی خواوەندەکان” پەرستێوەکان سەرزەمینیان نییە، ئاسمانیان هەیە، بەڵکو پەرەستشکارانی خواوەندەکان لەسەر زەمین دان، لە هەموو ئایینەکان و تەنانەت بتپەرستەکانی قورەیش کە بتیان دروست دەکرد، بۆ ئەوەی لە خوای ئاسمان نزیکیان بکاتەوە، نەوەک ئەوان خودای سەر زەوی بن، نۆ خواکانی هونەری یۆنانیش لە ئەفسانەی یۆنانی لە ئاسمانی ئۆلۆپیک بوون نەوەک زەوی.
کەچی لە لا (٤٢) کاتێ لەسەر زاری ئازیز باسی خەون گێڕانەوەی خەونێکی مەلا عبداللەی باوکی کە بە مانی کوڕەکەی خۆیەوە بینیویەتی بۆ شێخ محمدی باوکی ئازیزی گێڕاوەتەوە، هەر لەسەر زاری شێخ محمد کە بۆ ئازیزی دەگێڕێتەوە دەڵێ ” مەلا محمد تائێرە قسەی کرد، و چاوی پڕی ئاو بوو. جارێکی دی باسی ئەو خەونەی نەکردەوە” ئەمە شێخ محمدە و باسی خەونی مەلا عبداللە دەکات، کەچی ناوی مەلا عبداللە دەبێ بە مەلا محمد واتە هەمان شێخ محمد بۆوەتە مەلا محمد لە بڕی ئەوەی بنووسرێ مەلا عبداڵلە.

لە لایەکی ترەوە لە لا (٧٥) دا ئەمە خراوەتە ڕوو ” نوور بۆ ئەوانە دادەبەزێت، کە دەمرن ناچنە گۆڕەوە” ئەمە دیدگایەکی گشتییە، کە هەموو مردووێک دەچێتە گۆڕەوە وە جا گەر ئەو کەسە ئەولیا بێت، یان دووڕوو و گاور، چونکە جەستە بۆ گۆڕە و ڕۆح بۆ فڕین، ئاسایی بوو کە بڵێ نوور بۆ ئەو کەسانە دادەبەزێ، کە بەجەستە دەمرن و ڕۆحیان ناچێتە گۆڕەوە. هەرچەندە ئەمە لە تێگەیشتنی دەقێکی سورەوەردی هاتووە، هەروەها تێگەیشتنی هایدێگەر بۆ مردن و دوای مردن و پەڕینەوە و بۆ دوای مردن، کە چەمکێکی زۆر قووڵی فەلسەفی و سۆفیگەرییە. لێرەدا خودی مرۆڤ، ئەو رەوانەیە کە لەجەستەدا غەریبە و بە مردنی ئازاد دەبێت و ئەم دونیایە، وەک ئاسۆیەکی ئەخلاقی، بەجێدێڵێت و لە گۆڕدا، جیهانی ماددی ئاسێ نابێت، بەڵکو دەرباز دەبێتە جیهانی بەرزەک. هەروەها پێوەندی بە فکرەی دۆنادۆنیی بوودیش هەیە، کە دوای مردنی جەستە، رەوان دەچێتە لەشی گیانەوەرێک یان شتێکی دیکەوە و ناچێتە گۆڕەوە، بەڵام بە گشتی گۆڕ ماڵی جەستەی مردووە.

هەم دیسان لە لا (٩٦) لەسەر زاری مامۆستا یونس بە مانی دەڵێ “بۆیە منیش وەک دایکت دەڵێم، پێویستە تۆ لەگەڵ میدیا شوو بکەیت!” شووکردن بۆ ئافرەتە نەوەک پیاو، لە کوردیدا بە هیچ پیاوێک ناڵێن بڕۆ شوو بکە، بەڵکو پێی دەڵێن ژن بێنە و بە ژنیش ئێژن شووبکە، کە ئەم شووەی زیاتر لە چوار جار بۆ مانی بەکاری هێناوە کە پیاوە. لێرەش نووسەر بە ئەنقەست شێوەزارێکی کرمانجی باکووری هەڵبژاردووە، کە شوو بۆ پیاویش بەکاردێنن، کە مەبەستییەتی کە شووکردن وشەیەکی کوردییەکی کۆنە و زیندوو بکرێتەوە، بەڵام نابێ نووسەر ئەمەی لە بیر بچێ کە نووسەر بۆ خوێنەری کوردی سۆرانی دەنووسێ.
لە کۆتاییدا نیازمەندم ئەمە بڵێم وەک ئەلبێر کامۆ لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا دەڵێ “گەر بتەوێ ببیتە فەیلەسوف ئەوە بڕۆ ڕۆمانێک بنووسە” هەر بۆیە منیش دەڵێم نووسینی ڕۆمان ژانرێکی هێندە سەخت و قورسە، زۆر جار نووسەر تائاستی شێتبوون لەگەڵ جیهانی خەیاڵی خۆیدا دەبات.
سەرباری ئەوەی دەستبردن بۆ نووسینی ڕۆمانێکی فەلسەفی، فکری، عیرفانی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام دان بەوە دادەنێم لەگەڵ بوونی هەندێ تێبینی و سەرنج، بەڵام هۆشەنگ شێخ محەمەد لە نووسینەوەی میدیا دا زۆر سەرکەوتوو بووە.

دڵشاد کاوانی

Previous
Next