Skip to Content

با (کۆبونەوەی مامۆستایان)، (کۆبونەوەی مامۆستایان)بێ!.. فازیل شــەوڕۆ

با (کۆبونەوەی مامۆستایان)، (کۆبونەوەی مامۆستایان)بێ!.. فازیل شــەوڕۆ

Closed
by شوبات 20, 2021 General


“داینەمۆی کۆبونەوەی مامۆستایان، بەڕێوەبەرەکەیەتی.” ف. ش.

پاییزی گەڵازەرد و ژاکاو هاتەوە، جارێکی دێ دەرگای قوتابخانە و خوێندنگاکان کرانەوە، ڕۆژانە دەستە دەستە ئەو فێرخوازە چاوگەش و پەنجە ناسکۆڵە وکۆڵمە سووتاوانە، پۆشتەوپەرداغانە، بە جانتا و بە باوەشە کتێب و دەفتەری بن هەنگڵیان، ڕێی دوور و نزیک دەبرن و بە خەندە و ئومێد و شەوقەوە دەچنە پۆلەکانیان.  مامۆستاکان  چست و چالاکانە،  بە قاتی نوێ و ئوتوکراو و بۆیانباغی جوان و مەچەک بە بەندی سەعاتی ئۆمیگا و ستیزن و دەست بە کتێب، هەنگ ئاسا، بەرەو پۆلەکانیان گورج گورج هەنگاو هەڵدەگرن. سەرەتایی ساڵی خوێندن، یەکجار خۆشە، وەک یەکەم بارانی سەرەپاییزە، بۆن و بەرامەیەکی خۆشی هەیە، هەمووان بەیەکەوە ئاشنا دەکاتەوە و هاوڕێیەتی و خۆشەویستییەکان، وەکو چەرخی چەقو تیژکردنەوە، تیژ تیژ دەکاتەوە.
بیست و پێنج ڕۆژێک بەسەرکردنەوەی قوتابخانەکان تێپەڕی بوو، مامۆستا و قوتابی و خوێندکارەکان، دەهات وردە وردە لەیەکتری شارەزابن و جۆرە موحیبەتێک و پەیوەندییەکی ڕۆحی لەنێویاندا چەکەرە بکات. تەرۆزی ئاویژە و دنکە هەناری مێخۆشی بەر دەرگای مەکتەب، دەهات تام و چێژی جارانیان لەدەست بدەن! تازە زەنگی پشووی دەرسی سێیەمی لێیدابوو، هێشتا هەموو مامۆستای پۆلەکان نەگەیشبوونەوە ژوورەکەی خۆیان، کە یاریدەدەرەکەمان هاتە نێو دەرگای ژووری مامۆستایان و قاچێکی لە ژوورە و ئەوی دیکەی لە دەرەوە، سەری بەسەر ژوورەکە داگرت و بە هێمنی، گوتی:"مامۆستایان، دەرسی پێنجەم، کۆبونەوەی مامۆستایانمان هەیە."
وەک، ئاگر و پووش، خەبەرەکە نەک هەر بە نێو مامۆستایاندا بڵاوبۆوە، هەموو قوتابی و بەردەست و کارگوزارو ئیشپێکەری مووەلیدەکەش پێیانزانی!
لە خۆشی ئەوەی دەرسی پێنجەم، دەچنەوە، قوتابییەکان دەرسی چوارەمیشیان کردە ڕۆژی عارفە. مامۆستا هەبوو پێش ئەوەی کۆتازەنگی دەرسی چوارەم لێدا، قوتابی و خوێندکارەکانی ڕەوانەی ماڵەوە کردبوو. بە گوێرەی جرپ و جۆپی بەردەست و کارگوزارەکان، دیاربوو کۆبونەوەکە لە ژووری مامۆستا ژنەکان بەرێوەدەچێ، چونکە نەختێ فراونتر بوو و کورسیشی پتر تێدابوو.
 مامۆستاکان، دوای ئەوەی کە یاریدەدەرەکە بانگهێشتی کردن، یەک لە دوای یەک ڕێچکەیان بەست و چوونە ژوورە. مامۆستا پیاوەکان کورسییەکانی لای ڕاست و چەپیان گرت و ڕیزی ناوەندیش بۆ مامۆستا ژنەکان مایەوە، بەرامبەریشیان (٥)  کورسی و مێز بۆ بەڕێوەبەرو یاریدەدەر و توێژەری کۆمەڵایەتی و دوو سێ مامۆستای بەتەمەن داندرابوون.
 ژوور، پڕ بوو، کورسییەکان قەپات بوون، لەناو دەرگا، پێنج شەش مامۆستا گیریان خواردبوو، نە شوێن مابوو نە کورسی. مامۆستا ژنەکان بانگی دوو لە دەستە خوشکەکانیان کردو گوتیان، "وەرن، جێمان دەبێتەوە، لەسەر کۆشمان دانیشن!" کە بەڕێوەبەر وستافەکەی هاتن، بووە فرمان دەرکردن، بەسەر بەردەست و کارگوزارەکان، کە زوو بچن کورسی پەیداکەن. هەر بەردەست بوو، چوار قاچی کورسی بۆ ئاسمان هەڵبڕی بوو، هێواش هیواش بەسەر سەری مامۆستاکان دەیان هێنایە ژوورەوە. ئاخیری، هەر سێ مامۆستا لەسەر دوو کورسی جێگەی خۆیان کردەوە.
دەمێک بوو، بەڕێوەبەرەکەمان، دەفتەرەکەی دەستی لەسەر مێزەکە کردبۆوە و تەماشای مامۆستاکانی دەکرد، دەیەویست دەست بە کۆبونەوەکە بکات، تا یاریدەرەکەی بە دەنگێکی بیستراو، نەیگوت، "مامۆستا....، فەرموو دەست پێبکە!" هەر دەنگ دەنگ بوو.
 جۆرە هێمنییەک باڵی بەسەر ژوورەکەدا کێشاو، بەڕێوەبەر، بە دەنگێکی پڕ لە حەماسەتەوە گوتی:
"مامۆستایانی بەرێز، ئەم کاتەتان باش، خۆشحاڵم، کە لەیەکەمین کۆبونەوەی ساڵی نوێ خوێنددا، لەگەڵ ئێوەی ئازیز دادەنیشم و ئەو بەند و بابەتانەتان بۆ ڕوون دەکەمەوە، وەک لە پڕۆگرامی خوێنددا نەخشەم بۆ داناوە. لەڕاستیدا، دەبوویا زوو زووتر ئەم کۆبونەوەمان ئەنجام دابووایە، بەڵام خۆتان دەزانن، کە چەندە سەرقاڵم....جا یەکسەر، مامۆستایەک، هاتە دەنگ و گوتی:"مامۆستا، ئێمە هەموومان تەقدیری زروفی تۆ دەکەین، بەڕاستی ئەتو هیچ تەقسیرت نەکردووە، ئێمەش هاوکارو پشتیوانی تۆین، ان شاللە بە دڵێ تۆ دەبێ "

بەڕێوەبەر، تەماشای دەفتەرەکەی بەردەمی کردو گوتی:”جا، با ئێستا یەک یەک خاڵەکانتان بۆ بخوێنمەوە، بەڕاستی، ئەمساڵ من بریاریم داوە لە جددی جددیتربم، هیچ شتێکی نەشیاوی ساڵی پاڕ دووبارە نەبێتەوە. خۆتان دەزانم، ڕیزگرتن لە کات چەند بایەخدارە، بە تایبەتی بۆ دەرسی یەکەم، جا تکاتان لێدەکەم، کە پابەند بن، بە خشتە و کات و دەم و سەعاتی دەوام کردنتان”
مامۆستایەکی ژن، یەکسەر، قسەی بە بەڕێەربەرەکە بڕی و هەڵیدایە:”جا، مامۆستا، کێ هەیە مولتەزیم نەبێ، ئەگەر مەبەستت ئەمنە، ئەوە هەموو دەزانن، هەموو پارەکە ئەمن (٣) ڕۆژان دوانەکەتووم، هەمووشتان دەزانن کە دایکم چەند نەخۆش بوو زرووفی من چۆن بوو!”
بەڕێوەبەرەکە، دیسان تەماشای دەفتەرەکەی بەردەمی خۆی کردەوەو بەردەوام بوو:”سوپاس بۆ خودا، ئەمساڵ میلاکی مامۆستایان زۆر باشە، هەر مامۆستای کیمیامان بۆ پۆلی (١١) پێدەوێ، ئەویش سەرپەرشتیار قەولی پێداوم کە هەوڵمان بۆ بدا…”
یەکێک لەو سێ مامۆستایەی کە لەسەر دوو کورسییەکە دانیشتبوو، بە دەنگێکی پڕ لە ئومێدەوە گوتی:” مامۆستا، من قسەم لەگەڵ مامۆستا فلان کردووە، کە هەرچونێک بێ بێت و وەک وانەبێژ هاوکاریمان بکات”
ئەو قسەی تەواو نەکرد، یاریدەدەرەکە گوتی:”جا، خۆ مامۆستا زۆرە، ئەوەتا کچی پورم، باشترین مامۆستایە، من دەتوانم ئیقناعی بکەم، بێ وەک وانەبێژ دەرسەکەمان بۆ پڕکاتەوە…”
بەڕێوەبەرەکەی ویستی چاوێک لە دەفتەرەکەی بەردەمی بکات، ئەو مامۆستایەی کە لە دەستپێکی کۆبونەوەکە دڵسۆزی و هاوکاریی خۆی بۆ بەڕێوەبەرەکە نیشاندا، دەستی هەڵبڕی و گوتی:” مامۆستا، بەیارمەتیت، ئەوا وەستای سپلیت هاتووە، کەسیشمان لە ماڵ نییە، دەبێ ڕێم بدەی بچم دەرگایان بۆ بکەمەوە، من بۆخۆم دەرسی پێنجەمم نەبوو”
بەبێ ئەوەی، بەڕێوەبەر بڵێ لەل، ئەو هەستا و دەستی دایە جانتایەکەی و گوتی:…. ئێوە بریارتان لەسەر چیدا، من ڕازیم، سبەینێش، دەفتەرەکە واژوو دەکەم، جارێ، خوا حافیز”
ئەوجارەی، بەڕێوەبەری دەست عاسی بوو لە هیزە، گوتی،”با بێنە سەر لێژنەکانی ئەمساڵ. لە خودا بەزیاد بێ، هەمووتان مامۆستاکانی ساڵی پارن، جا من وای بە باش دەزانم، هەر یەکێکتان، ببێتەوە ئەندام و سەرۆک لێژنەی ساڵی پار، کت و مت وەک خۆی…..”جەنابی بەڕێوەبەر دەیەویست، درێژە بە خاڵەکەی بدا، مامۆستایەکی ژن، لە جێگەی خۆیەوە، بەبێ وەرگرتنی ئیزن و مۆڵەت، گوتی:”نا…نا…نا… تکایە مامۆستا، لەبیرتە، پارەکە کە چووینە سەفەرەکە، لەسەر ئەو دوو قوتابییەی لەگەڵ یەکدی بەشەڕهاتن، چتان لەمن کرد؟ نا، دەخیلتم، ناوی من لە لێژنەی گەشت و سەیران بسڕەوە…..”
ئێستا، کاروباری دابەشکردنی لێژنە و لێژنەکاری تەواو نەبوو بوو، دەرگا کرایەوە و مام سابیری بەردەست هاتە ژوورە و بە دەنگێکی دەشتەکییانە گوتی:”ئەری مامۆستاینە، دەستە چایەکتان بۆ بێنم؟”
ژوور بووە، چایخانەی مەچکۆ، یەک دەیگوت، با بێ، یەک دەیگوت، مام سابیر، کوا وەختی چایە؟ یەک دەیگوت: بابە، ئەمن دوو منداڵم، ئێستا لەبەر دەرگا دانیشتتون، تکایە، زوو تەواوی کەین و بچینەوە، کوا کاتی چاخواردنەوە ماوە؟!”
دیاربوو، مامۆستایەکیش، چووە بن گوێێ بەڕێوەبەرو فسکە فسکەکی لە گەڵ کردو ئەویش دەستی دایە جانتایەکە و کۆبونەوەکەی جێهێشت. بەڕێوەبەریش بە دەنگێکی لەرزۆکەوە گوتی:’خوشک و برایان، بۆ خۆتان زرووفی مامۆستا فلان دەزانن چۆنە، دوعابکەن بڵێن، خوایە، کەس منداڵێ ئۆتیزمی نەبێ….!”
بەهەر شێوەیەک بوو، کۆبونەوەکە، خێرا خێرا تەواوکرا، هەر مامۆستا بوو، تەماشای سەعاتەکەی دەستی دەکرد. ئەو (٤٠) دەقیقەیە ببووە (٤٠٠) دەقیقە و کۆتایی نەدەهات. دیار بوو یاریدەدەر و توێژەری کۆمەڵایەتیش قسەیان هەبوو، بەڵام دەرفەتیان نەدانێ، پێیان گوتن،” چیتان هەیە، سبەینی دەتوانن پێمان بڵێن، خۆ ئێمە هەر لێرەین”.
ئەوجا، دەفتەری بەردەمی بەڕێوەبەری، وەک چۆلەکەی نێو مستی منداڵان، کەوتە بەر دەستی مامۆستایەکان و خێرا خێرا، بە بێ ئەوەی کەس وشەیەکی نێو ئەو دەفتەرە بخوێنێتەوە، ناوی خۆی دەنووسی و واژووی لەسەر دەکرد. ئێستا بەڕێوەبەرەکە لەسەر کورسییەکەی خۆی هەڵنەستابوو، نیوەی مامۆستاکان نێو دەرگایان گرتبوو، وابزانم، لە کۆتایی هەر بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکەی مانەوە، تا دەفتەرەکە وەرگرنەوەو ئەوانیش کۆتایی بە یەکەمین کۆبونەوەی ساڵی نوێ خوێندن بێنن. لەم کۆبونەوەیە، منیش قسەیەکی دوو دەقیقەیم هەبوو، هەر دوو سێ ڕستەم لەزار دەرنەچوو بوو، مامۆستایەک قسەکانی پێبڕێم، دوای فرمانی پیدام کە بەردەوام بم، کە دەستم کردەوە بە قسەکردن، دیسان مامۆستایەکی دیکەی قسەکەی پێبڕێم، کە لە قسەکانی خۆی بۆوە، پێگوتم، فەرموو مامۆستا قسەکانت تەواو بکە… بەڵام من هەرچەندی کردیان زارام نەقڵيشاو نووقەم لێوە نەهات… دیار بوو، هێندێکیان لەم ڕەفتاتەم لالووت بوون.
لە تەمەنی مامۆستایەتی خۆمدا، لە خوێندنگەی ناوەندی و دواناوندی و ئامادەیی و پەیمانگا و زانکۆدا، دەتوانم بڵێم، شانۆگەری(کۆبونەوەی مامۆستایان) بە شێوەیەک لە شێوەکان، هەر لەم شانۆگەرییە دەچوون کە لەسەرەو نمایشمکرد. جیاوازییەکان یەکجار بچووک بوون، نەخشە و پەیام و بەڕێوەبردنەکانیان لێکدەچوو. ئەمە شانۆگەری نەبوو، وێنە و گرتەی چەند کۆبونەوەیەکی مامۆستایان بوو، کە تێیدا خۆم بەشداربووم، ڕۆژێ لە ڕۆژان… .
قوتابخانە و خوێندنگە و مەڵبەندەکانی فێرکردن، هەر ناو و نازناو و پلەبەندییەکیان هەبێ، لەیەک دەچن، بە قەد سەر دەرزییەک جیاوازیان نییە لەوەی کە، هەر یەکێک لەوان، بۆ خۆی هەرێمێکی سەربەخۆیە: سەرۆک هەرێم و سەرۆک وەزیران و چەند وەزیر و وەزاڕەت و پەرلەمان و دام ودەزگا و جەماوەری خۆ هەیە بۆ بەڕێوەبردن و ڕایی کردنی ئەرک و ئیش و کارەکانی و گەیشتن بەو مەرامەی کە ئەو هەرێمە نەخشەی بۆ کێشاوە.
پەرلەمانی ئەم هەرێمە و کۆبونەوەی ژووری سەرۆک وەزیرانی، کۆبونەوەی مامۆستایانە.
کۆبونەوەی مامۆستایان، بۆ؟
قوتابخانە و خوێندنگە، وەک مەکۆی فێرکردن و پەروەردە، کۆمەڵگەیەکی سەربەخۆ و تایبەتە. جا بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستن و چاودێری و ڕابەرایەتی و ئەنجامدانی ئەرکەکانی بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو نەخشە و خشتە و پرۆگرامەی لە پێناویدا ئەو دەزگایە دامەزراوە، پێویستە ناوە ناوە کۆبونەوە ئەنجامبدرێ لە نێوان ستافی بەڕێوەبەر و دەستەی مامۆستایان و کۆمەڵی قوتابی و خوێندکاران و باوان و بەخێوکەرەکانیان… .
مێژووی کۆبونەوەی مامۆستایان هاوتەریبە لەگەڵ مێژووی کردنەوەی دەرگای یەکەمین قوتابخانە. کەواتە لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی کە بەسەر خوێندن و پەروەردە داهاتووە، کۆبونەوەی مامۆستایانیش، شێواز و پەیام و پرۆگرامەکانی خۆی گۆڕیەوە و لە یەک جێگەو لە یەک خاڵدا چەقی نەبەستووە.
دەکرێ بایەخ و ڕۆڵی کۆبونەوەی مامۆستایان، لە (١٠) خاڵی بنەڕەتیدا چڕکەینەوە:
١) ڕەشنووسی نەخشەیەکی دیاریکراو بۆ ئەرک و کارەکانی ئایندە ئامادەدەکات، کە تاڕادەیەکی زۆر پێشبینی و بەرچاو ڕوونی ئەگەرەکان دیاری دەکات، ئەمەش بارئاسانی و شیاواندن ئاسانتر دەکات بۆ تەواوی ئەندامانی ئەم دەزگایە.
٢) دەرفەتی دوبارەبوونەوەی هەڵە و ساتمە و هەڵخلیسکانی ساڵەکانی ڕابردوو، لە جێبەجێکردنی بەرنامە و پڕۆگرامەکان کەمتر دەکاتەوە، یان هەر بن بڕیان دەکات.
٣) ئامانجەکانی تێدا دیاری دەکرێ و ڕبە و تەروازوو بۆ هەڵسەنگاندنی بڕگەکان و چاودێری کردنیان دەست نیشان دەکرێ.
٤) کێشە و گرفت و کۆسپ و تەگەرەکان، بە شەفافی و بێ ترس و بێ شەرم دەست نیشان دەکرێن و پێش وەخت دەخرێنە بەرچاو، تا هەر ئەندامێک بە گوێرەی کارانەیی و شارەزای و ئەزموونی خۆی بیر لە چارەسەکردنیان بکاتەوە. ئەمەش وا دەکات سەرهەڵدانێ کێشەیەک نەبێتە موفاجەئەو هەموویان قەڵەمیان نەشکێت و بتوانن ڕووبەڕووی ببنەوە.
٥) پڕۆژەی کارو ڕێنمای پێویست بۆ مامۆستایان ئامادە دەکات و دەستی ئەوانە دەگرێ کە کەم ئەزموونن و تازە دامەزراون و ئامانجەکانیان نیشان دەدا.
٦) ئاست و توانا و سەنگی حەقیقی خۆیان هەڵدەسەنگێن و دەتوانن بزانن چییان پێدەکرێ و چیان پێناکرێ، تا قەرەی خۆیان لەو شتانە نەدەن کە بۆیان مەیسەر نابێ. ئەمەش ڕەنج و کات و مەسرەفیان بۆ دەگەڕێنتەوە و تووشی نائومێدیان ناکات.
٧) گفتوگۆ و ئاڵۆگۆڕی بیروڕا ئەنجامدەدەرێ لەسەر ئەو بریار و ڕێنمای و فرمانە نوێیانەی کە لە لایەن وەزاڕەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان دەرچوون.
٨) دەست بە (کات) ەوە دەگیریت. هەموو ئەزموون و چالاکی و کاروبارەکانی ئەم دەزگایە، سەعات و ڕۆژ و مانگی خۆیان بۆ دەستنیشان دەکرێ و کارەکان بە هەڕەمەکی و گۆترە ئەنجام نادەرێن. نەخشەی ئایندەیان لەبەردەست دەبێ.
٩) ئەم کۆبونەوانە، دەرفەتێکە کە بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستا، هەر یەکێک، بە گوێرەی پێگەو سەنگی خۆی، کەسێتیی و کارامەیی و ئەزموون و توانا و بەهرەی خۆی تێدا نیشان بدا.
١٠) دەکرێ، ئەم دانیشتنانە، ناڕاستەوخۆیانە، ببنە سەکۆی ئازادی ڕادەربڕین و فیربوون لە ڕیزگرتنی ڕاوبۆچوونی هاوپیشەکانیان و تۆکمەکردنی خۆشەویستیی نێونیان و جۆشدانی ڕۆحی حەماسی بەیەکەوە کارکردن. ببێتە خوولی فێرکردنیش بۆ بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکانی ئایندە.
جۆرەکانی کۆبونەوەی مامۆستایان:
١) کۆبونەوەی وەرزی:
مەبەست لەو دانیشتنانەیە کە پێش وەخت کاتی بەستنی دەستنیشان کراوە، ساڵانە لە مانگ و وەرزی خۆیدا ئەنجامدەدرێن، بە گشتی ساڵانە دەبێ بەلانی کەم، (٣) لەم جۆرە دانیشتنە بکرێ: سەرەتایی ساڵی نوێی خوێندن، ناوندی ساڵ، پێش کۆتایی سەر ساڵ.
٢) کۆبونەوەی ڕێنماییکردن:
بۆ ئەوەیە بەرچاوروونی و ڕاڤەکردن و شیکردنەوە، بۆ ئەو ڕینمایانە بکرێ کە لایەنی بەرپرس بریاریان لەسەرداوە و پێویستیان بە ڕوونکردنەوە هەیە. وەک کۆبونەوە بۆ ڕاڤەکردنی ڕێنمایەکانی خوێندن لە بارودۆخی بڵاوبوونەوەی پەتایەک.
٣) کۆبونەوە بۆ بریاردان:
هەر چالاکی و بەرنامە و ئەرک و پڕۆژەیەک، پێویستی بە بریاردان یان بریاروەرگرتنی کۆی دەستەی بەڕێوەبەر و مامۆستایان هەبێ، پێویستە لە کۆبونەوەدا بریاری لەسەر بدرێت. بۆ نموونە گۆڕینی (شتفت) و کاتی دەوام کردن و ئەزموونەکان و پێشەنگا کردنەوە نواندنی چالاکی و کێبڕكێ و یاری… .
٤) کۆبونەوەی لێژنەی تایبەت:
وەک لێژنەی سزادان، بۆ بریاردان لەسەر کەیسێکی دیاریکراو، لە ئاکامی ڕوودانی کارێکی نەخوازراوەدا.
٥)کۆبونەوەی ناوخت:
ئەمەش، تایبەتە بە هێندێ بارو دۆخ و کێشە و قەیرانی چاوەڕوان نەکراو، کە دەخوازێ کۆبونەوەی لەسەر بکرێ و پێشتر پێشبینی ڕووداوی نەکراوە، وەک ڕوودانی لافا و ڕوخانی خانوبەری قوتابخانە و ڕێگیران …. تاد.
ناوەڕۆکی کۆبونەوەی مامۆستایان:
(٣) لە بنەماکانی کۆبونەوەکان بە گوێرەی (جۆر)ی کۆبونەوەکە دەستنیشان دەکرێن: )ناوەڕۆک و پرۆگرام، کاتی ئەنجامدان، ماوەی پێویست بۆ ئەنجام دانەکە(. لێ، کۆبونەوەکە هەر جۆرێکیان بێ، پێوەیستە پێشوەخت، کۆبەنەوەگێڕەکە، دەستنیشانی بڕگەکانی بکات، ئامانجەکان دەست نیشان بکات. بڕگەکان لە چوارچیوەی ئەو ئامانجە بن کە کۆبونەوەکەی بۆ دەبەسترێ. کاتە تەرخان کراوەکە پڕ بە پستی پێشکێشکردن و گفتوگۆیەکان بێ. پێشوەختیش، بڕگەکان بە نووسراو بەرسەر کۆی بەشداربووانی کۆبونەوەکە دابەش بکرێ بەو مەرجەی دەرفەتی ئەوەیان بدرێتی جوان پێداجوونەوەی بۆ بکەن. دەکرێ داوا لە بەشدابووانیش بکرێ، ئیزافەی هەر بڕگەیە و خاڵێک بکەن کە بە باش و بایەخدارەی دەزانن.

بنەما بنەڕەتییەکانی کۆبونەوەی مامۆستایان:
بەڕێوەبەر، سەرۆک وەزیرانی قوتابخانە و خوێندنگەکەیەتی، باری قورس و بریاری یەکلاکەرەوە لە ئەستۆی ئەو دایە. بە بەرنامەی جوان و پڕۆگرامی وردبینیبۆکرا، بە هاوکاری ستافەکەی، دەتوانێ نەخشە و پلانی تۆکمەی کۆبونەوەکانی دابڕێژێ. بۆ نموونە بۆ یەکەم کۆبونەوەی سەری ساڵی نوێ خوێندندا، کە دەبێ لە حەفتەی یەکەمیدا ئەنجام بدرێ، بڕگەکانی کۆبونەوەکەی دادەڕێژێ، واقیعبینانە هەل و مەرجەکان لەبەرچاو دەگرێ، ئەوجا بە نووسراو، بەسەر کۆی مامۆستایاندا دابەشی دەکات و ئەگەر ئەوانیش بڕگە و تەوەرەیان هەبوو دەکرێ ئیزافە بکرێ. بەلانی کەم (٣) ڕۆژ پێێ کۆبونەوەکە، بە نووسراوێکی نیشاندار لەسەر تابڵۆی ئاگادارییەکان، مامۆستاکان لە کات و شوێنی کۆبونەوەکە ئاگادار دەکرێنەوە ـ بۆ ئەوەی ئەزموون و ئەرک و چالاکییەکانی خۆیان پێش وەخت ڕێکبخەن و بەرنامەکانی ڕۆژانەیان لێ تێکنەچێ. کۆی مامۆستایان بتوانن بەشداربن.
ماوەی دیاری کراوی کۆبونەوەکە، بەگوێرەی کەم و زۆری و کورت و درێژی بڕگەکان دەستنیشان دەکرێ، کاتی گفتوگۆ و تاوتوێکردنیان لەبەر چاو دەگیرێ. واتا هەر بڕگەیەک چەند دەقیقەیەکی بۆ تەرخان دەکرێ ـ نەکو نیوە کۆبونەوەکە لەسەر یەک خاڵ بێ و بڕگەکانی دیکە بسووتێنێ.
ژوور و هۆڵی کۆبونەوەکە پێشوەخت بە هەموو داپێویستییەکان ئامادەکاری بۆ دەکرێ، لە کورسی و مێز و کاغەز و قەڵەم و نەخشە و تابلۆ و کتێب و نووسراو و کلینیکس و(ئامێری داداشۆ و سکرین و کۆمپیوتەر و لاپتۆپ ئەگەر هەبوون). هۆیەکانی گەرمی و فێنککردنەوە و ئاو و خواردنەوە و پاک و خاوێنی. ئەگەر بکرێ ئارایشت و دیکۆڕی سەرپۆشی مێز و پەردە و دارودیوارو ڕۆناکی جوانتر بکرێ، ئەوا شوێنەکە پتر ئارامبەخش و دەروون هیورکەرەوە خوێ دەنوێنێ. دەبێ لەسەر دەرگاکە، لە دیوی دەرەوە، تابڵۆیەک هەڵواسرێ، کە کۆبونەوە لەم ژووردەدا هەیە، پێویستە هێمنی و بێدەنگی شوێنکە بپارێزن.
کاتی بەڕێوەچوونی کۆبونەوەی مامۆستایان:
یاریدەدەر، یان دەکرێ مامۆستایەکی بە ئەزموون و چست و چالاک، لە بەردەم ژوورەکەدا، پێشوازی لە مامۆستایان بکات و شتە پیویستییەکانیان لە کاغەز و نووسراوو نامیلکە… بخاتە بەردەست، جا کە هەمووان لە شوێنی خۆیان دانیشتن وئەجا بەڕێوەبەر ـ یان کەسی کۆبونەوەگێڕەکە، بە ویقار و هێمنی دیتە ژوورەوە و بە گەرمی سڵاوی خۆی لە ئامادەبووان دەکات.
لە کەش و هەوایەکی هێمن و ئارامدا، بڕگەکانی کۆبونەوەکە دەست پێدەکات. لە پێشدا، یاریدەدەر، بە دوو دەقیقەیەک بەخێرهانتیان دەکات و خوێندنەوەیەکی سەر پێێ بۆ سەرەقەڵەمی بڕگەکانی کۆبونەوەکە دەکات.
ئەوجا جەنابی بەڕێوەبەر، یەک یەک، بە گوێرەی نەخشە و پلانی پێشوەختی خۆی بڕگە و بەرنامەکانی دەخاتە ڕوو. مامۆستاکان، هەر تێبینی و خاڵێکیان هەبێ لە لای خۆیان تۆماری دەکەن. کە بەڕێوەبەر، بە گوێرەی کاتی دیاریکراوی خۆی، لە قسەکانی بۆوە، هەر مامۆستایەک، ڕابووچون و پێشنیارو پێشنازی خۆی بە چڕوپڕی، بەبێ درێژدادڕی، بەیان دەکات. بەڕێوەبەر دەتوانێ راستەوخۆ وەڵامداتەوە یان، چاوەڕوان بکات، دوای تەواو بوونی قسەی هەموو مامۆستاکان شتەکان تاوتوێ بکات. نابێ لە کۆبونەوەدا بڕگە و تەوەرە دووبارەبکرێنەوە و دەبێ ڕاستەوخۆ شتەکان بخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ بەبێ تەمومژی و لێلێ و گلەیی و گازندە و توانج.
پێش ئەوەی مامۆستایان، بریارەکانی ئەو کۆبونەوە واژوو بکەن، باشتر یاریدەدەر بۆیان بخوێنێتەوە ،ئەگەر دواتریش هەر مامۆستایەی کۆپییەکی بدرێتێ باشترە تا بتوانێ لە کاتی پێویست پێداچوونەوەی بۆ بکات.
باشتر، ماوەی کۆبونەوەکە درێژ نەکرێتەوە بە گوێرەی کاتی دیاری خۆی کۆتایی پێ بێت.
ئیستراتیژیەتی بەڕێوەبردنی کۆبونەوەی مامۆستایان:
ئیمڕۆ، لە کایەیی پەروەردە و فێرکردندا، هەرگیز بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگە هەر وەک مامۆستا سەیرناکرێت، بەڵکو مامۆستایەکی سەرهەنگە، نەک هەر چارەنووس و ئایندەی دەیان و سەدان قوتابی و خوێندکار لە ئەستۆی ئەو دایە، بەڵکو ئایندەی وڵات و نەتەوەش لەملی ئەوە. ئەو سەرهەنگە بەرپرسی یەکەمە لە سەرکەوتون بەسەر نەزانین و نەخۆشی و دواکەوتن. هەمیشە ئەو (٣) نیشانەی بایەخداری لەبەردەمە کە دەبێ بەجوانی بیان پێکێ: پێشەنگیی و پێشکەوتن و سەرکەوتن.
جا ئەو کایانەی کە تێیاندا بەڕێوەبەر دەتوانی، کاریزمایی و لێهاتوویی و کارامەیی خۆی نیشاندا، تا ڕادەیەک سنووردارن، یەکێک لەو کایە گرنگانە کۆبونەوەی مامۆستایانە. کەواتە ئیستراتیژیەتی بەڕێوەبردنی کۆبونەوەکان مەحەک و سەنگی سەرکەوتن و بنکەوتنی ئەو سەرهەنگە دیارەی گۆڕەپانەکەیە.
یەکەم نیشانەی کۆبونەوەی سەرکەوتوو ئەوەیە، کە بەڕێوەبەر و ستافەکەی باوەڕیان بە بایەخ و قیمەت و کاریگەری کۆبونەوەکەیان هەبێ. واتا دەبێ بەلانی کەم، (١٥) ڕۆژێک پێشتر ئامادەکاری بۆبکرێت، بە گەڕان بەدوای زانیاری و توێژینەوەی نوێ بۆ هەر بڕگەیەک کە دەبێتە پاژێک لە دانیشتنەکەیاندا، داتای ورد و سەرچاوی باوەڕپێکراو و زانیاریی دروست کۆکەنەوە و لەبەر دەستیان بێ.
هەوڵ بدرێت بە پێی توانا، داهێنان لە شێوازی پێشکێشکردن و وەڵامدانەوە و هەڵسەنگاندنەکاندا بکرێت. ئەمەش دەبێتە جەڵەوی ڕاکێشانی سەرنج و هۆش و هزری ئامادەبووەکانیان.
لێرەدا (٣) خاڵی زۆر درەوشاوە هەیە:
١) دەبێ بەڕێوەبەر شارەزایی و ئاشنایەتییەکی باشی لەگەڵ زانست و تیۆر و بنەماکانی سایکۆی پەروەردە و فێرکردنی سەردەمیانە هەبێ.
٢) دەبێ ئەو زانیاری و مەعریفەی دەربارەی هەر یەک لە ڕشتەکانی مامۆستاکان هەبێ. بۆ نموونە، دەبێ بزانێ مامۆستای ئینگلیزی (٣) کتێبی هەیە و ئەوەندە (Unit) بۆ ساڵێکی خوێندن دەستنیشان کراوە. بە شێوازەکانی وانەگوتنەوە ئاشنا بێ. لە تاقیگە و یاریگە و هۆڵی مۆزیک و شێوەکاری و داپێویستییەکانیان بزانێ.
٣)خوێندنەوەیەکی واقیعبینانەی بۆ ئاست و توانست و ئەزموون و باری دەروونی هەر یەک لە مامۆستاکانی کردبێ، ئەمەش وادەکات هاسانتر لەیەکتری حاڵی بن، یان بەدوور بن لە بەریەککەوتن و گوریس ڕاکێشان.
زمانی ئاخاوتن و هونەری گفتوگۆکردن و شێوازی گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوونەکان، یەکجار بایخدارە. کە ئاخاوتن، کەرەستە سەرەکییەکەی کۆبونەوە بێ، لێرەدا، زمانشیرینی و ڕۆحسووکی و قەردزانی بەڕێوەبەر بەدیار دەکەوێ. واتا، تێکەڵ بوونی ئەو لەگەڵ ڕۆحی کەلتوورو داب و نەریت و ئاستی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی کۆمەڵەکەی خۆی نابێ فەرامۆش بکرێ.
لەنێوان هەموو مامۆستا و ئەندامانی ستافەکەی خۆی، دەبێ بەڕێوەبدەر یەک مەودا و مەسافە وەرگرێ، مل لارکردنەوە بۆ لایەک لەسەر حیسابی لایەکی تر، داڕوخانی کەسێتیی خۆی بەدواوەیە. بەڕێوەبەر دەبێ هەمیشە هەقبێژبێت و بێلایەن بێ لە تەرەفگیرییدا.
ئەگەر، ساردییەک یان خاڵێکی ناکۆکی دیاریکراو هەبێ، بەڕێوەبەر پێشوەخت بزانی، ئەو خاڵە ڕەنگە ،لە کۆبونەوەکە بتەقێتەوەو شتی نەخوازراوی بەدوادابێ، ئەوا پێش کۆبونەوە، دەبێ بە ئەزموون و فەلسەفەی خۆی، بەهەر ڕێگایەک بێ، ئەو ساردی و خاڵەی یەک لایکردبێتەوە. بەواتایەکی دیکە، هەموو ئەوانەی ئامادەی کۆبونەوەکە دەبن، لە بارێکی دەروونی و هزری و دەماریی ئاسایی دابن.
ئەگەر، قوتابی هەبێ، ناوی بێتە سەرمێزی ئەو کۆبونەوەیە، دەبێ بەڕێوەبەر، پێشوەخت زانیاری وردی لەسەر ئەو فێرخوازە کۆکردبێتەوە، تا بتوانی هاوسەنگانە، شتەکان هەڵسەنگێنی ــ ناکرێ بڵێ، ئەو قوتابییە کێێە، من زانیاریم لەسەری نییە ــ بۆ نموونە.
توانا و ژیریی لەدەست نەدانی جەڵەوی کۆبونەوە، لەەدایە کە بەڕێوەبەر بتوانی بڕگە بە بڕگە لەگەڵ پڕۆگرامەنی بڕوات و ئەگەر، یەکێک، ویستی بەلاڕیی داببدا، یان لە بازنەی بابەت دەرچێ، زوو جەڵەوەکە ڕآکێشێتەوە و ئەسپیەکەی بهێنێتەوە سەر ڕێ و ڕێرەوەی خۆی.
کە ئەو هەموو بنچ و بنەوانی کۆبونەوەکەی تاووتوێ کردبێ، پێشوەخت وەڵامی بۆ ئەو پرسیارە قورسانە ئامادەکردوە، کە دەزانێ ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
قوتابخانە، دەزگایەکە، بەزۆر دامودەزگای ترەوە پەیوەستە، وەک بەڕێوەبەراتیی پەروەردە و نەخۆشخانە و ئاگرکوژاندنە و شارەوانی و پۆلیس و ڕێکخراوەکانی وەرزش و شێوەکاری و ڕاگەیاندن و بۆنەکان…تاد، کەواتە دەبێ بەڕێوەبەر ئاشنایەتی و زانیاریی پێویستی دەربارەی ئەوانە هەبێ، بۆ کاتی پێویست.
کەسێتیی بەڕێوەبەری کارامە لەوەدایە، کە وەلامی بۆ هەموو پرسیارێک لە ناو مستە و شت دواناخات بۆ کاتی نادیار و قسەی هەمووان بە هەند وەردەگرێ و هەمیشە ئەوەی لە بێرە کە ئەو (سەرهەنگە دیارەکەیە) لەو کۆبونەوەدا. ڕاگرتنی ئارامی و هێمنی دانیشتنەکە لە ئەستۆی ئەو دایە. ئەو وەعد و بەڵێنانەی دەیدات، ئەوەندەی بۆی دەکرێت جێبەجێیان دەکات و ئەگەر بۆی نەکرا خۆی لێیان نادزێتەوە ڕاشكاوانەی دەیان درکێنێ.
ئەو ساڵانەی مامۆستا بووم، لەدیدی مندا، ئەو کۆبونەوانە سەرکەوتوو بوون، کە لەوێدا بەڕێوەبەر بووەتە مامۆستاو، هەموو مامۆستاکان بوون بە فێرخواز، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێکیان پێبزانێ. لە کۆبونەوەی مامۆستایان، جەوهەری تواناو ژیریی و بلیمەتی بەڕێوەبەر بەدیار دەکەوێ و بۆنەیەکی باشە بۆ بانگخوازی و خۆنمایشکردن و بەهرە بەدیارخستن.
ئەگەر هەستکرا، بابەت و داواکاریی ئەوتۆ دەخرێتە بەردەم، کە پێشتر چاوەڕوان نەکراوە و ئامادەکاری بۆ نەکراوە، ئاساییە، کە بەڕێوەبەر، لەکاتی خۆیدا، پەیوەندی بە سەرپەرشتیار و لایەنی بەرپرس بکات و دواتر، بێرو بۆچوون و سەرنجی خۆی دەرببڕێ.
دوایین، خاڵ کە دەمەوی لێرەدا، ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە، کە چەندە بەڕێوەبەر خاکی و سادە و شەفاف و دڵپاکی خۆی بنوێنێ، ئەوا کۆبونەوەکەی سەرکەوتووتر دەبێ. پێچەوانەکەشی ڕاستە.
هەر کۆبونەوەیەکی مامۆستایان، ئامانجدار نەبێ، یان نەبێتە مایەیی گۆڕانکاری، ئەوا کۆبونەوەیەکی نەزۆکە.
بەڕێوەبەر، داینەمۆی داگیرساندنی مێشک و دڵ و دەروونی بەشداربووانی کۆبونەوەی مامۆستایانە، هەر گرفتێک لەو داینەمۆیە هەبێ یان ڕووبدا، کاردانەوەی نەڕێیی بەدوادادێ.

بۆچی کۆبونەوەی مامۆستایان تا ئێستا کەم بایەخە لە هەرێم و ئیراقدا؟
هۆیەکان زۆرن، زۆر بە چڕیی، ئەم خاڵانە تۆمار دەکەین:
لەوەتەی یەکەمین قوتابخانەی فەرمی لەم وڵاتە کراوەتەوە، لە ساڵی (١٩٢١)وە، کۆبونەوەی مامۆستایان، ئەکادیمییانە نەخراوەتە بەردەستی پەروەردەکاران. ئەوەی هەیە ئەزموونی کەسی مامۆستاکان خۆیانن.
بەڕێوەبەری کۆبونەوەکان، نەیانتوانیوە، مەقام و پایە و سەنگێکی قورس بەو کۆبونەوەکانیان بدەن، ئەوەی لە نووسینگەی بەڕێوەبەرو لە ژووری مامۆستایان دەگوترێ، لەوێ دووبارە دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەرەکان نەیانتوانیوە، یان نەیانویستووە، بەهرە و توانا و جددیەتی خۆیان لەوی نیشان بدەن و وابکەن ئامادەبووان متمانە بە وتە و بریارو بەندەکانی بکەن.
زۆر بەدگمەن، هەڵسەنگاندن بۆ بریارو بەند و خاڵەکانی کۆبونەوی پێشتر دەدرێ. ئەو جێبەجێکراو نەکرا دەچنە یەک تای تەرازوو.
دووبارەکردنەوەی قەوانە سوواوەکانی کۆبونەوەکانی پێشتر، وایکردووە، ئامادەبووان، بەکەم بایەخی سەیری ماجەڕای ئەو دانیشتنانە بکەن.
تاکو ئێستا، بە کتێب و نامیلکە و سیمینار و کۆڕ ومێزگەرد، نەک لە لایەن بەرپرسانی پەروەردە، لە لایەنی میدیاکارانیش ئەم بابەتە بەجددی بەسەرنەکراوەتەوە و بەقەد بایەخیەخە کاریگەرەکانی گرنگی پێنەداراوە.
ڕەنگ بێ ـ لەم ڕۆژگارەدا، هەموو بەڕێوەبەرەکان، ئارەزوومەندانە و بە توانست و لێهاتووی خۆیان پۆستی بەڕێوەبەرایەتیان وەرنەگرتبێ. بەڕێوەبەرهەبوو، لەبەر لاوازی کەسێتی، هەرگیز کۆبونەوەی مامۆستایانی نەکردووە، هەر لە نووسینگەکەی خۆی دوو دوو، سێ سێ لەگەڵ مامۆستایەکانی کۆبۆتەوە.
کە بڕیار و بەندەکانی کۆبونەوەکان، نەبنە بەردی بناغە و چەخماخەی گۆڕانکاری و داهێنان و پێشکەوتنی و چارەسەرکردنی کێشەکان، بەستن و نەبەستی لە لای مامۆستا هەر وەکو یەکە، بۆیە ئاسایە (بڵێ، من سبەینێ دێمەوە و دەفتەرەکە واژووی دەکەم و چیتان بریاردا من ڕازیم و بە دە پەنجە بۆتان مۆردەکەم.)
باش گوێگرتن لە مامۆستاو ڕیزگرتن لە ڕاوبۆچوونیان و جێبەجێ کردنی داخوازییە ڕەواکانیان، نێوەی سەرکەوتنی کۆبونەوەکانە، کە بەداخەوە، کەمیان وانە.
خوێنەری بەڕێز، خودا یاربێ، لێرە، لە ژمارەیەکدا، زانستییانە قسە لەسەر (کۆبونەوەی باوانی قوتابی و خوێندکاران)یش دەکەین.

فازیل شــەوڕۆ ــ دوبلن

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish