Skip to Content

گوتاری شیعری و واتای واتا، لە وەسیەتەکەی سەباح ڕەنجدەردا.. غازی حەسەن

گوتاری شیعری و واتای واتا، لە وەسیەتەکەی سەباح ڕەنجدەردا.. غازی حەسەن

Closed
by ئایار 3, 2021 General, Literature


“شیعر تاوێکە، هەمیشە دەدرەوشێتەوە”

غازی حەسەن
ئەمەریکا/ مەنیسۆتا ٢٧ی ئازاری ٢٠٢١


کردەی گوتن
زاناکانی زمانەوانی لەدۆزینەوە لایەنە نەگوتراو و ئاماژەپێ نەکراوەکانی بواری زمانەوانی و شیکردنەوەی دەق بەردەوامن، کردە قسە، یەکێکە لەزانستە کردەییە نوێکانی زمانەوانی، لەنیو زمانی کوردیشدا تازەیە، کە وەکو بەشێک لەپراگماتیک و بەشێکیش لەکردەی بەکارهێنان زمان لەنێو دەق لەدەوروبەرێکی دیاریکراودا تیۆریزەکراوە. کردە قسە لەتەک شیکردنەوەی بەکارهێنانی زمان، بایەخ بەلایەنە یاساش وەکو دادوەریی و حوکم دەدات.
پراگماتیک لایەنە شاراوە و ئاڵۆزەکانی زمانمان بۆ شی دەکاتەوە، کە زانستەکانی پێشەخۆی نەیانتوانی بەم قووڵی و وردەکارییە پێی بگەن. لەکردەوەدا لایەنە کارەکییەکان بەکارهێنانی زمان دەگرێتەوە.
کردە قسە پشت بەئەرکی ڕاپەڕاندنی لەبوارەکانی حوکم، هەواڵ، هوشداری، وریاکردنەوە، پرسیار، بڕیار، سەرسوڕمان و نمایش و پاساو … تاد دەبەستێت. ئەم کردەیەش بەشێوەی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ ئەرکی پەیوەندیکردن و گەیاندن و کارتێکردن ڕادەپەڕێنێت.
کردەی گوتن پتر پەیوەستە بەگوتارەوە، چونکە گوتاریش وەکو کردەیەکی وابەستە بەگوتن و گەیاندن و کارتێکردن و بەرهەمهێنانەوە خودی دەقەکە هەڵسوکەوت دەکات. کردەی گوتن لەنێو گوتاری هەر جۆرە دەقێکدا دەتوانێت ئەو ئەرکە فکری و دەروونی و هونەریی و شیعری و وێناکردن و ڕەوانبێژی و قوڵبوونەوە و واتا و لێکدانەوە بەدی بهێنێت، کە نێرەر وەکو مەبەست ئاراستەی وەرگرەکانی دەکات. جۆرج یۆڵ دەڵێت: پرگماتیک بەواتای تاوتوێکردنی پێوەندی فۆرمە زمانییەکان و بەکارهێنانەکانیانە. قازانجی پراگماتیکی زمان لەوەدایە، کە شیکار دەتوانێت لەبارەی ئەو واتایەی قسەکەر مەبەستیەتی، ئامانج مەبەستەکان و بیرۆکەکانیان و هەروەها ئەو کردانەی بۆ نموونە داواکردنەکان لەکاتی ئاخاوتندا دەیکەن، بدوێت. (جۆرج یۆڵ،٢٠١٦، ١٩).

شیعر، گەمەیەکی هزری و دەروونی و واتایی و ڕەوانبێژیی و وێناکردنە لەنێو زماندا، بەلای منەوە شیعر کە وەکو دەقێکی پیرۆز و بەرز و بەواتا سواقدراو سەیر دەکرێت، پێش هەر شتێک پشت ئەستورە بەبنەماکانی کردە قسەیی وەکو (داواکردن، ئاگاداری، حوکم، وریاکردنەوە، نمایش، بانگەشە.. ). شیعر لەتەک ئەوەی پەیامێکی دەروونی خودییە، چڕکردنەوەی جیهانێکی بێ سنوورە، لەنێو دەسەڵاتی تەنیا وشەیەکدا، لەنێو سنووری تەنیا وێنە و وێناکردنێکی هونەریی و فکری و دەروونیدا دەتوانێت بێ سنوور شتەکان بخەیاڵاندرێت، شیعر تەنیا بە وشە، هێزێکی واتایی وروژێنەر و نمایش و هاندەر لەنێو بەکارهێنانی وخودی دەقدا وەکو هێز و دەسەڵات و وزەی کارتێکردن و هەست و نەست جووڵاندن دروست دەکات.
پراگماتیک لەشیکردنەوەی گوتارداپتر جەخت دەکاتە سەر لایەنی نەگوتراو و نەنووسراو (تەنانەت نەگەیشتووش) لەنێو ئەو ئاخاوتنەی خەریکە شێ دەکاتەوە. ٠جۆرج یۆڵ، ٢٠١٦، ١٣٦). واتە پراگماتیک هاوکاریمان دەکات ئەو شتە نەبینراوانە بدۆزینەوە، کە هێشتا پێمان نەگەیشتووە. لەگوتاری شیعردا هەمیشە هێزی دەق لەو کاتە دەردەکەوێت، کە شتە گوتراوەکانمان هێشا نەگەیشتۆتە وەرگرەکانی دەق. نێرەر لەگوتاری شیعردا شتێک دەڵێت، وەرگر بۆ تێگەیشتن و وەرگرتنی پەیامەکەی پێویستی بە لێکدانەوە ئەو کردە و دیاردانە هەیە، کە لەدەرەوەی زماندا هەن.

واتا
زمان لەنێوان واتادا هەر زمانە، واتا دەسەڵات بەوشە دەدات، واتا پێگەی دەقنووس و نێرەر و خاوەن گوتارەکان دیاریی دەکات، هەر خودی واتاشە واتا بەرهەم دەهێنێتەوە. هیچ گوتنێک، دەربڕین و جووڵە و تەنیا دەنگێک و وێنە و وێناکردن و هێمایەکیش ناتوانێت لەدەروەی مانادا هەبێت، وکو چۆن واتا ناتوانێت لەدەرەوەی نیشتیمانی زماندا بژیت. (مەرج نییە هیچ هۆکارێکی سروشتی بۆ ناولێنانی پشیلە بە پشیلە هەبێت). (ک. آوریکیونی، ٢٠٠٧، ٢٠).
لەهەمان کاتدا دەتوانین بڵێین واتاناسی پێوەندیی نێوان فۆرمە زمانییەکان و دیاردەکان لەجیهانی واقیعدا تاوتوێ دەکات، هەوڵ دەدات ڕاستی و ناڕاستی پێوەندیی نێوان وەسفکردنی شتەکان لەڕووی زمانەوە و دۆخی کاروباری جیهانی دەرەوە بەبێ ڕەچاوگرتنی ئەوەی کێ ئەو وەسفانەی بەهەمهێناوە (قسەکەر کێیە) بدۆزیتەوە. (جۆرج یۆڵ، ٢٠١٦، ١٩). ئەمە ئەوەمان بۆ شی دەکاتەوە، کە زمان لەنێو دەقی شیعردا دەتوانێت لەسنووری فۆرمە زمانییەکان دەرچێت و پێکهاتە دەرەکییەکانی نێو ژیان و جیهانی دەروەی خودی زمانەکەمان بۆ لێکبداتەوە. دەکرێت بڵێین واتای واتاش، یان گەڕان بەدوای واتا لەنێو واتای شتێکدا، واتای تەواو دەرکەوتنی قسەکردن ناگەیەنێت، بەڵکو فێربوونی ئەو شتەیە، کە قسەکەر مەبەستیەتی. ( آدغون و ریتشارد، بدون سنة، ٢٥).

وەسیەت
بریتییە لەشیعرێکی نوێی سەباح ڕەنجدەر، لەسەردەمی کۆرۆنا نووسیویەتی. وەسیەت هێمایەکی دەروونییە بۆ بەرەو مردن چوون، یان بیرکردنەوەیە لە بەخاوەن کردنی پاشماوە و دەستکەوت و میراتی کەسێک، یان شتێکی تەواو نەکراوی دەرەوەی ئیرادەی خودی ئاخێوەرەکەیە، گریمانەی ئەوەش دەکرێت شتێکمان بیر بهێنێتەوە، کە لای ئەو واتادار و گرنگە.
ئەرکەکانی زمان لەدوو گروپ کورت دەکرێتە (هێماکان و هەڵچوونەکان)، بەکارهێنانی خودی وشەیەک دەتوانێت ڕستەیەکی هەواڵی بێت و هەڵوێستەکان بوروژێنێت، ئەمەش دەمانباتە نیو دۆخێک کە دەکرێت جیاوازیش بن لەوێنەی بزوێنەر و ئامێرئاسا، مادیەت و میسالیەت، دین و زانست. (ادغون و رتیشارد، بدون سنة، ٣٤). یەک وشە دەکرێت هێما بێت بۆ تەنیا شتێک و پتریش لەشتێک، لەهەمان کاتدا دەکرێت واتەکەی پێچەوانەش بێت. وەسیەت هێمایەکی دەروونی و کۆمەڵایەتییە، نەریتێکی کەلتوریی ئیمان و متمانە و ئاینیشە، لەهەمان کاتدا دەکرێت (بڕیار بێت لەبارەی شتەکان، ئامۆژگاریی و ڕێنوێنیش بێت، دەکرێت داواکاریی بێت، یان فەرمان) واتە لەڕووی هێما و هەڵچوونە دەکرێت واتای جیاواز و ئەرکی فرەجۆر لەخۆی بگرێت.
وەسیەت، یەکسانە بەمردن، لەکاتێکدا مەرج نییە مەبەست لەمردن خودی ئەو مردنە جەستەکوژە بێت، کە مرۆڤ بەشێوەیەکی ئاسایی بیری لێ دەکاتەوە، ڕەنگە وەسیەت جۆرێک لەگەڕانەوە بۆ نێو بیرەوەرییەکانی ژیان بێت. وەسیەت واتا زمانییەکەی بەتوندی بەستراوەتەوە بەپرۆسەکانی پێش مردن لای مرۆڤ، یان هێمایە بۆ ژمارەیەک ئاوات و خواست و ڕێنوێنی و داواکاریی، یان خودی مردن پێناسە دەکات، بەواتای ئەوەی وەسیەتکەر بیری لە مردن کردۆتەوە. شیعر واتایەکی دیکە بە وەسیەت دەبەخشێت، واتایەک، کە لەواقیعی جیهانی دەرەوەی زماندا هەیە. وەسیەت ڕەنگە ئامۆژگاریی بێت، ئاگادارکردنەوە و داواکاریی و نمایش بێت. تەنیا بیرهێنانەوەی وێنەی ئەو دۆخەشە، کە مرۆڤ لەئەنجامی (کۆیلەبوون، پاشکۆیی نەبوونی، ڕەوشتێکی شلەژاوی خراپ) دروستی دەکات.
دەقی شیعری “وه‌سیه‌ت”
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
١٦ ئازاری ٢٠٢١

كوڕه‌ نۆبه‌ره‌كه‌م شیعر
ئه‌گه‌ر شێر بمخوات
گه‌رمایی خوێنم به‌لالێویه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌
ناسینه‌وه‌ی مه‌رد ئاسانه‌
ئه‌گه‌ریش چه‌قه‌ڵی قوونگیراو بمخوات
خوێنم به‌لالێویه‌وه‌ نامێنێته‌وه‌
چاو مه‌سووڕێنه‌
هه‌زار و یه‌ك ڕێی ڕۆشن ده‌كرێنه‌وه‌
چاوی دیوان له‌خۆت بڕسكێنه‌ و جریوه‌ و جووكه‌ی و دێڕ هه‌ڵمژه‌
گه‌ڕه‌كه‌ جوانه‌كان داوات لێ ده‌كه‌ن بچیته‌ ناویان و چه‌تریان هه‌ڵده‌ی
نالی و
گۆران و
ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د بكوژه‌
لۆكه‌ت نه‌خستووه‌ته‌ گه‌رووی هیچ گۆرانیبێژێكه‌وه‌
شاعیری پاشخاپه‌رۆك و قۆپیه‌چی و نانی نانیش
له‌ كاتی كڕنووشدا مرد (سەباح ڕەنجدەر، وەسیەت، https://dengekan.info/archives/19313).

شیکردنەوەی پراگماتیکی گوتاری شیعری “وەسیەت”

نۆبەرە هەواڵی بوون، بوونی یەکەمی ڕۆحی نوێی منداڵێک دەگەیەنێت، شاعیر لەم هەواڵەدا ئاماژە نە بەشوێن و نە بەکات ناکات، بەڵام ئێمە لەئەنجامی شۆڕبوونەوە بۆ نێو خودی دەقەکە، لەو دۆخە دەگەین لەنێو هەر کاتێکی ئاشکرادا کاتێکی ئاماژە پێ نەکراوی شاراوە هەیە، تەنیا لەنێو ئەو دەقانەی ئاماژەی ئاشکراش نین، کات و شوێن بوونیان هەیە و لەنێو هەر شوێنێکی ئاشکرادا، شوێنێکی شاراوە هەیە، واتە لەنێو هەر گوتارێکی ڕاستەوخۆی دەقدا، گوتارێکی ناڕاستەوخۆی نادیار و نابەرجەستەی نەبینراویش هەیە. بە واتایەکی دیکە لەنێو (واتادا واتایەکی) دیکە، لەنێو واتادا دەکرێت واتای واتای واتاش بدۆزینەوە، چونکە ئەمانە پەیوەندیان بە ئەرک و بەکارهێنانی خودی زمانەوە هەیە.
دەقنووسی وەسیەت زمانی بەکارهێناوە، هیچ وشە و نیشانە و هێمایەکی زمانی لەنێو ڕستەکاندا بێ ئەرک و پەیام نین، ئەم ئەرکانەش وایان کردووە لەهەر وشەیەکدا پتر لەکردە قسەیەک بدۆزینەوە، ئەم لێکۆڵینەوەیەش هاوکارمان دەبێت بۆ تێگەیشتن لەواتای واتا شاراوەکان. کاتێک دەڵێت (لەکاتی کڕنۆش مرد) وەسفی کاتی مردنەکەمان بۆ دەکات، کە لەکڕۆنش بردندا بووە، مرد واتە پێش کاتی قسەکردنە مرد، بەڵام دەقنووس بەشێوەیەک چۆتە ناو کات، کە هەموو شتێک لەکاتی ئاخاوتن و ڕووداوەکانی نێو گوتارەکەدا قەوماون. (چاو مەسووڕێنە) داوکاریی و نیمچە فەرمانێکە کاتەکەی ڕێک کاتی قسەکردن و بەکارهێنانی زمانەکەیە. واتا هەنووکە، بەڵام ڕێی ڕۆشن دواتر، لەکاتی دوای ئاخاوتنەکە دەکرێتەوە. لەنێو وێنە و دێڕێکی بەیەکەوە بەستراودا (ئێستا و ئایندە) دا شتەکان بەرجەستە کراون، بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی تایبەت بەکات لەنێو گوتارەکەدا هەبێت، بەڵام کات هەیە.
ئابوورەنووسین، یان گوتن لەنێو دەقدا، هێزێکی دیکە، کە مەیلی بەرەو چڕکردنەوەی واتا، واتا لۆجیکی و واتا گشتیی و واتا دەروونیی و فکرییەکانەوە هەیە، دەبات. فکر لایەنێکی کۆمەڵایەتی هەیە و لەهەمان کاتیشدا لایەنێکی کەسی و خودی هەیە.(ادغون و تشارد، بدون سنة، ٦٢). بیر لەنێو دەقدا لەتەک ئەرکی کۆمەڵایەتی، ئەرکی خودیشی لەخۆگرتووە. وەسیەت جەندە دیاردە و نەریت و خوێکی کۆمەڵایەتییە، لەهەمان گاڤدا لایەنێکی کەسی و خودیشی لەخۆگرتووە. ڕەنگە دەقنووس لەهەندێک شوێندا وەکو خوێنەر، کە بەرهەمهێنەوەی خودی دەقەکەیە بیری لەهەمەلایەنی واتا و مەبەست و ئەرکی وشەکان نەکردبێتەوە، یان خوێنەر بەهۆی شیکردنەوە لە مەبەستی دەقنووس دوور بکەوێتەوە. لەبەر ئەوەی وشە ئەرک و هێما و نیشانە جیاوازی لەخۆگرتووە، ئاسایە نێرەر و وەرگریش بەپێی دەوروبەر کۆمەڵایەتیی و باکگراوندی ڕۆشنبیری و ئاستی چینایەتی و تەمەن و دۆخی دەروونی واتای نوێ بۆ ئەو شتانە دروست بکەن، کە خاوەنی هێما و نیشانەی جیاوازن. بەواتایەکی دیکە (وەسیەت) دەکرێت لای نێرەر و وەگر واتا و مەبەستی جیاواز دروست بکات.
لەهەمان کاتدا دەتوانین بڵێین لەنێو هەر واتایەکی ئاشکرا و ڕاستەوخۆدا، واتایەکی ناڕاستەوخۆی شاراوەی نەبینراویش هەیە، لەنێو هەر هێزێکی واتایی بەرجەستەی واقیعی و فەرهەنگی، واتایەکی نابەرجەستە هەیە، کە پەیوەستە بەڕەهەندە کۆمەڵایەتیی و دەروونی و فکرییەکانی دەرەوەی زمان، کۆمەڵگا واتای نوێیان پێ دەبەخشێت.
بۆ نموونە کە دەقنووس دەڵێت: (کوڕە نۆبەرەکەم شیعر) واتای ئەم دەربڕینە ئاشکرا و بەرجەستەیە فۆرمی زمانەکە دیارە، خوێنەر پێویستی بەلێکدانەوە و دۆزینەوەی واتای شاراوە و کردەی دیکە ناکات.

کوڕ= مرۆڤ، منداڵ و گەنج، نێر، هێز لەنێو عەقڵیەتی ڕۆژهەڵاتیدا.
نۆبەرە= منداڵی یەکەم، خۆشەویست، خاوەن پێگەی تایبەتی و ڕێزدار و لەسەرزاران.
-ەکەم= نیشانەی زمانەوانی (ڕاناوی لکاوی (م) دەگەڕێتەوە بۆ کەسی یەکەمی تاک، واتە قسەکەر، خاوەن گوتار، باوکی کوڕە نۆبەرەکە. (ەکە) نیشانە و کەرەستەی ناسیاوییە لەزمانی کوردیدا. وەکو د. وریا عومەر ئەمین ئاماژەی پێکردووە (جۆر و کاتی فەرمان دەور دەگێڕێت لەهەڵبژاردنی ڕاناوی لکاو مەبەست لەجۆری فەرمان تێپەڕ و تێنەپەڕە، مەبەستیش لەکاتی فەرمان ڕابردوو و داهاتووە). (د. وریا عومەر ئەمین،٢٠٠٤، ٩٢). بۆ نموونە کە دەڵێین (نارد) کە رەگی فەرمانە لەڕوووی جۆرەوە تێپەڕە و لەڕووی کاتەوە ڕابردووە. (د. وریا عومەر ئەمین، ٢٠٠٤، ٩٣). واتە دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین ڕاناوی لکاو لە ڕستە و ئاخاوتندا کاریگەریی زۆری لەسەر دیاریکردنی کات و شوێنی وشە دەبێت.
شیعر= دەقێکی نووسراوی هونەرییە. بەڵام لێرەدا شیعر بۆتە مرۆڤ، کوڕ، خاوەن پێگەی بەهێزی دەروونی و کۆمەڵایەتی و خۆشەویست.
شیعر جەستەیەکی بێ خوێن و ڕۆحە، لێرەدا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ خوێن و ڕۆحی کوڕێکی پێ دەدرێت. لەبیری نەکەین گوتاری دەق واتە بەرهەمهێنانەوەی دەق لە دۆخێکی نوێدا. گوتار و قسەکردن تەواوکاری یەکترن. (هەموو قسەیەک ئامانجی ڕاپەڕاندنی ئەرکی پەیوەندیکردنی نێوان فکرەکانە. (اوغدن و رتشارد، بدون سنە،٦٥ ).
واتە، دەقنووس لەهەر قسەیەک و دەستەواژە و دەربڕینێکدا دەیەوێت فکرەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە و کردەی پەیوەندیکردن دروست بکات.
بەگشتی واتای پراگماتیکی ئەم دێڕە بریتییە لە:
(من/ م) قسەکەر و خاوەنی گوتارەکەم. واتە دەقنووس لەڕێگەی (م)ەوە دەیەوێت فکرەی نێو بابەتەکە بە خودی خۆی بەستێتەوە، لەنیو هەر وشەیەکدا نیشانە و هێمای جیاواز هەن، کە دەکرێت ئەرکی پەیوەندیکردن ئەنجام بدەن. بۆ نمونە (مرد) کردەی هەواڵ و گەیاندنی زانیاریی و کاتی مردنەکە و شێوەی مردنەکەش نیشان دەدات، فکرەی ئەم پەیوەنیکردنە ئاماژە بۆ کەسێک کە کۆتایی دێت، مردوو لەدەرەوەی بیرەوەریی و داهێنانە.
(کوڕ) و (شیعر) ئاماژەپێکراوی مەبەستدارە، (کوڕ) پاساوە بۆ ئاماژەکردن بەڕۆڵ و گرنگی و هێز و دەسەڵات و واتای (شیعر)، لەهەمان کاتدا شیعر لەگوتارێکی نابەرجەستەی ڕۆحی دەگۆڕێت بۆ واقیعێکی بەرجەستەی هەقیقی هەستپێکراوی بینراو لەشێوەی (کوڕ)دا. قسەکەر ئینتمایەکی ڕۆحی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ شیعر لادروست دەبێت. لەم دۆخەدا پراگماتیک هاوکارمان دەبێت بۆ دۆزینەوە واتا نادیارەکان، یان ئەو شتانەی لەدەرەوەی جیهانی زماندا هەیە. لەم دەقەدا (کوڕ بەهیچ شێوەیەک مرۆڤ نییە) و (شیعریش شتێکی فیزیکی بێ گیان دەرناکەوێت).
واتا ناڕاستەوخۆکەی گوتاری ئەم دێڕە وەسفییە، دەیەوێت شیعر وەکو بوونێکی زیندوو، وەکو بەشێک لەپێکهاتەی (ڕۆحی- پەیوەندی کوڕ و باوک-، کۆمەڵایەتی ڕیشەی کۆمەڵایەتی-، پلە و پایەی نۆبەرە وەکو– یەکەمین و خۆشەویست و بەهێز- نیشان بدرێت، نمایشێکی واتاییە، کە کوڕ وەکو پاساو بۆ دەرخستنی پێگە و دەسەڵات و هێزی شیعر بەکاری دەهێنێت).
دەقنووس دەڵێت :

“ئەگەر شێر بمخوات
گەرمایی خوێنم بەلالێویەوە دەمێنێتەوە
ناسینەوەی مەرد ئاسانە”
لەم دێڕانەدا ئەرک و بەکارهێنانی زمان لەنێو گوتاری دەقەکەدا دەردەکەوێت، کە بریتییە لە:
ئەگەر= پێشگریمانە کردنە، دەقنووس دڵنیا نییە لەوەی شێرێک بیخوات، بەڵام ئەگەر ئەمە روویدا، چ دەقەومێت؟. کاتی قسەکردن و گریمانەکە ئێستایە، بەڵام بیردەکاتەوە ئەگەر لەداهاتوودا شێر بیخوات، شێرەکەش دیارنییە چۆنە و لەچ دۆخێک دایە، بەڵام ئێمە دەزانین ئەمە دەبێت لە (شوێنێک و کاتێک و بەهۆکارێک و لەڕێگەی بەکارهێنانی شتێکەوە ڕووبدات).
شێر = گیانەوەرێکی بەهێزی ترسناکە.
ئەگەر= گریمانەیە، ئەگەر ئەم ڕووداوە ڕوویدا، شێر مرۆڤێکی خوارد، شێر شاعیرێکی خوارد، چ ڕوودەدات.
بمخوات= کارێکە کە لە(ب +م+ خو+ات) پێکهاتووە. (ب) وەکو نیشانەیەکی زمان دەبەستینەوە بە دوو کردەی جیاوازی وەکو (داواکردن) و (فەرمان پێکردن) بۆ نموونە (بمخۆ/ بمرە/ بگرە/ بخوێنەوە.. تاد) بۆمان دەردەکەوێت لەم دەربڕینەدا ئەم (ب)ە نیشانە و هەست و جووڵەیەکی نیگەرانکەری لای دەقنووس لەخۆگرتووە، ئەمەشی بەستاوەتەوە بە (ئەگەر)ەکە.
هەروەها (ب)ەکە بەستراوەتەوە بەفەرمانێک لەدەرەوەی خودی دەقەکە دایە. واتە (شێر) لەلایەن کەسانێکی نادیاری ئاماژە پێنەکراو فەرمانی پێکراوە خاوەنی ئەم گوتارە بخوات، یان خودی دەقنووس پێشگریمانەی ئەوە دەکات، شێر بەهاندان و فریودان و خاپەرۆکەکانەوە بیخوات، ئەو کاتە چ دەقەومێت. بێگومان لەڕووی واتایی و مەبەست شتێکی دیکەی شاراوە هەست پێ دەکرێت، ئەویش ئەوەیە شاعیری گەورە و کاریگەر دەبێت گیانەوەری گەورە و کاریگەر بیخوات.
دەق گەڕانە بەدوای گونجان و هاوسەنگی لەنێوان جیهانی ناوەوە و دەرەوەی خۆیدا، ئاساییە شێرێک لەدارستانێک کەسێک بخوات، بەڵام دەقنووس لەم دەقەدا مەبەستی پیشاندانی گەورەیی و لێهاتوویی و پلەی بەرزی خۆیەتی، واتە کەسێکی مەزن دەبێت لەلایەن گیانەوەرێکی بەهێزی مەزن بخورێت، ئەمە نێوبانگ و بەها و هێزی ئەو بەرەو سەرەوە دەبات، بەڵام کاتێک چەقەڵی قونگیراو دەیخوات، هیچ شوێنەوارێکی بەلێوی ئەم گیانەوەرە نامێنێت. ئەو دەیەوێت هاوسەنگی لەنێوان خۆی (ناوەوەی دەق) و شێر (جیهانی دەرەوەی دەق) دروست بکات.
(دی سوسێر) یەکێکە لەزمانەوانە بەنێوبانگەکانی جیهان لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا تیۆری بونیاتگەرایی دامەزراند، ئەو لەتوێژینەوەکانی پشتی بە زمان دەبەستا، نەک قسەکردن، زمانیشی بەژمارەیەک سیستەمی نیشانەدار داناوە. ( محمد الشاوش، ٢٠٠١، ٤١). ئەمەش وامان لێ دەکات بیر لەوە بکەینەوە کە شیکردنەوەی گوتاری زمانی دەق پەیوەستە بە (واتا و کردەی پەیوەندکردن و چۆنیەتی گەیاندنی پەیام و مەبەست).
گوتاری ناڕاستەوخۆ لەنێو ئەم دەقەدا هەندێک ئاماژەمان بۆ دەردەخات، (هاریس) پێی وایە لەشیکردنەوەی گوتاردا پێویستە بچینە دەرەوەی ڕستە. (ڤان دایک) پێی وایە دەتوانرێت خووڕەوشتمان لەچوارچێوەی پلانی بنەڕەتی دەق دیاری بکرێت. (زنتسیسلاف وارزنیاک، ٢٠٣٣، ٥٦). لەوانە:
کردەی گیرمانەکە لەنێو دۆخێکی دەروونی ڕەخنەگرانەی تەژی لەپرسیار و لێکدانەوە نووسراوە، واتای (خواردن و شێر و ئەگەر) هەمان ئەو واتا ڕاستەوخۆیە ناگەینن، کە ئێمە دەیبینین، واتای نادیاری نێو واتای هەر یەکێک لەم کردە و ناو و لێکدانەوە و تێڕوانینەی هەیە، هەمان شت نین. (گوتاری، زمان سیستەمەکەیەتی و قسەکردن واتا و دەوروبەرەکەیەتی). (ابراهیم بشار،٢٠١٦، ١٩). دەقنووس لەنێو (ئەگەر)دا لێکدانەوە و تێڕوانین و کاردانەوە و بەدواداچوون و گریمانە و وێناکردنێکی دەروونی پڕ لەواتا و ورژێنەر و پرسیار بەرجەستە دەکات. لەنێو (شێردا) هێز و دڕندەیی و وەحشیگەرایی و خوێن و ترس و نیگەرانی و ڕاپەڕاندنی فەرمانی ئەوانی دیکە و نەزانین و کوێرەوەریی و نادادیی وێناکراوە. لەبیری نەکەین وەکو (رۆلان بارت) ئاماژەی پێ دەکات (دەقی کراوە دەرفەت بەخوێنەر دەدات بەشداری لە بەرهەمهێنانی دەق بکات). (صلاح فضل، ٢٠٠٤، ٢٧١-٢٧٢). گوتار هەمیشە وەکو دەقێکی کراوە لەبەردەم وەرگر و خوێنەر و بینەرەکانی دەردەکەوێت. وەرگرەکان گوتارەکە وەردەگرن و شی دەکەنەوە و دواتر بیروڕا و کاردانەوەی خۆیان لەبارەیەوە دەردەبڕن. لەنێو (بمخوات) (من و ئەو و خواردن) وەکو کارەکتەر و کردار و پرسیار و وێناکردن نمایشکراوە. لەزماندا وشە یەک واتای هەیە، یان بەلای کەمەوە واتایەکی چەسپوی هەیە و لەنێوان خەڵکدا بەکاردێت. (ک. آوریکیونی،٢٠٠٧، ٢٠). مەبەستمان وایە ئەگەر شێر یەک واتای فەرهەنگی هەبێت لەنێو زماندا، بەڵام لەبەکارهێناندا بەپێی تایبەتمەندی دەوربەرەکە واتای دیکە وەردەگرێت.
لەنێو واتای (بمخوات)دا ، چەندین واتای دیکەی نادیار و ناڕاستەوخۆ هەیە. گوتاری ئەم وێنە شیعرییە، ئەو گوتارە ڕاستەوخۆیە نییە، کە ئێمە دەیبینین، واتای هەقیقی نێو دەقەکە نادیارە، منی خوێنەر دەبێت بەدوایدا بگەڕێت، چونکە من باش دەزانم مەرج نییە هەموو (من)ێک، واتای (من/ خۆم) بگەیەنێت، گریمانەی ئەوە دەکرێت (من) وێناکردنی (تۆ/ ئەو) بێت، دەکرێت من کەسێکی دڕندە، بەخشندە، دادپەروەر، زالم، کۆیلە، ئازاد، پاشکۆ، سەربەخۆ، خاوەن بەرهەم، گەندەڵ، ساخ و سەرڕاست، قۆپیەچی، ڕاستگۆ، درۆزن… تاد) بێت. شێر دەکرێت مرۆڤێکی دڕندەی کۆیلەی جێبەجێکاری فەرمانی ئەوانی دیکە بێت، یان دڕندەیەکی ترسناک بێت. لەم چەند نموونەیەدا واتای نێو دەقەکە، کەدەکرێت هەڵگەڕاوەبن، لەواتا ڕاستەوخۆ و بینراوەکان جیا دەکەینەوە:
یەکەم:”مانەوەی گەرمایی و ناسینەوەی مەرد بەئاسانی” دوو واتای ئەرێنینە.
دووەم: “هەزار و یەک ڕێی ڕۆشن دەکرێنەوە” واتایەکی ئەرێنییە.
سێیەم: “چاوی دیوان لەخۆت بڕسکێنە” داوایەکی ئەرێنییە.
چوارەم: “گەڕەکە جوانەکان داوات لێ دەکەن بچیتە ناویان” داوایەکی ئەرێنییە.
پێنجەم: (ناڵی و گۆران و ئەنوەر قادر محەمەد بکوژە) فەرمان و داوایەکی نەرێنییە.

لەیەکەمدا گەرمایی خوێن لەکردەوەدا کارەساتێکی ناخۆشی نادروستە، بەڵام بەوێناکردنی مانەوەی خوێن بەلالێوییەوە، واتا نەرێنییەکە گۆڕاوە بۆ واتایەکی بەهێزی ئەرێنی. مانەوەی دەقنووس و مانەوەی لەنێو بیرەوەری و گێڕانەوەدا، پەیوەست کراوە بەشونی مانەوەی خوێنەکە.
مەرد واتایەکی ئەرێنییە، ناسینەوەی بەئاسانی وزەیەکی زۆری ناوێت، بەڵام ئەو مەبەستی خودی مەرد نییە، گوتارەکەی ئەو ئاماژەیە بەواتایەکی پێچەوانەی نەگوتار، ئەویش (کردەی قورسی دۆزینەوەی نامەردە). دەسەڵاتی کورتگوتن و بەهێز دەربڕین لای دەقنووس، واقیعێکی بەرهەهێناوە، نەتوانێت و نەیەوێت هەموو شت و بەسەرهات و کارەکتەرەکان ئاشکرا بکات. کارتێکردن و تێکەڵبوون لەگەڵ دەق لەژێر کاریگەریی کردەی پەیوەنیکردنی زمان دایە، ئەمە ڕەنگە دەوروبەرێکی هەقیقی بێت، یان خەیاڵی و دروستکراو. ( ابراهیم بشار، ٢٠١٦،٢٠).هەر وشەیەک ئەو گاڤەی دەگوترێت، تا ئەو کاتەی دەگاتە وەرگرەکەی ئاساییە گۆڕان بەسەر واتا و توانا و هێز و لێکدانەوەشیدا بێت. واتا گوتنی هەر وشەیەک واتا و مەبەستەکەی تاکو گەیشتنە گوێی وەرگرەکەی، ئاساییە واتاکەی بگۆڕێت، چونکە توانستە مەعریفییەکانی وەرگرەکان و ئەو دەوروبەرە کۆمەڵایەتییەی تێیدا دەژیت کاریگەریی لەسەر شیکردنەوەی گوتاری دەقەکە و تەنیا سەر لەنوێ بەرهەمهێنانەوەی دەقەکە دەبێت.
من وەکو خوێنەر هەست بەهەستی قووڵی دەقنووس دەکەم، کە لە (وەسیەت)ەکەیدا باسی ترس و نیگەرانی و فشاری دەروونی لەشاعیرێکی پاشخاپەرۆکمان بۆ وێنا دەکات. ئەو وەسیەتەکەی هەر تەنیا وشەیەکی ڕێزمانی نییە، هەواڵ و زانیاریمان لەبارەی خودی هەقیقی (وەسیەت) پێ بدات، بەڵکو ئەو دەچێتە جیهانی دەرەوەی (وسیەت) و ئامۆژگاری وەرگر (شاعیر بەکڕنۆش مردوو) دەکات، واز لە (قۆپیەچیەتی و کوشتنی دەروونی ئەوانی دیکە بهێنێت). منی خوێنەر لێرەدا بەشداری لە بەرهەمهێنانەوەی گوتاری دەقەکە دەکەم. من دەستکاری بنەمای ڕێزمانی دەقەکە ناکەم، بەڵام دەتوانم واتای نوێ، جیاواز بەپێی دەوروبەری خوێندەوەکەی خۆم بەرهەم بهێنمەوە.
(دەق بەرهەمهێنە) (جولیا کریستیفا، بدون سنة، ٢١ ). مەبەستمان ئەوەیە گوتاری دەق ژمارەیەک دۆخی دروونی و کۆمەڵایەتی و واتایی و فکری لەگەڵ خۆیدا دروست دەکات، کە خوێنەری ئاسایی پێش خوێندەوەی دەقەکە هەستی پێ نەکردووە. هەندێک جار ئەو شتانەی دەقنووس دەیڵێت خاوەنی شتەکان کە تێیدا دەژین، بەم وردیی و قووڵی و جووڵە و کارتێکردنە کاریگەرە هەستی پێ ناکەن، بۆیە دەڵێین دەق بەرهەمهێنە، گوتاریش ڕێساکانی پەیوەندیکردن لەنێوان نێرەر و وەرگر دروست دەکات. سەباح ڕەنجدەر نایەوێت لەپەراوێز بیربکاتەوە، ناشیەوێت پەراوێزەکان بەپەراوێزخراویی پشتگوێ بخات. ئەو لەنێو دەرووندا واتا دروست دەکات، لەنێو وشەدا هێز بەهێز دەکات و لە وێناکردندا بیرۆکەیەک بەرهەم دەهێنێت، کە بیرۆکەی کەسانی دیکە نەچێت، لەنێو گوتندا ڕێگاکانی پەیوەندیکردن دروست دەکات.
گوتاری دەق بابەت و کەس و ڕووداو و شتێکی مردوو، زیندوو دەکاتەوە، یان ڕووداوێکی لەبیرکراوی پەراوێز بیردەهێنێتەوە. لەخاڵی دووەمدا ڕۆشنکردنەوە لەکردەوەدا وێناکردنێکی هەڵگەڕاوەی تارکیی و چاوبەستەکییە. (چاو مەسووڕێنە)، ڕێک پێمان دەڵێت نامەرد، مەرد بە، سەیری نێوچاوم بکە و مەرد بە، ئێرە کۆتایی ژیان و ڕووداو و ناکۆکی و کێشەکان نییە، من لەم دێرەدا هەست دەکەم دوو کەس (بریندارێکی بەردەم شێرێک وستاوە و کەسێکی دیکەی نامەردی قۆپیەچیش بەکزی وەستاوە و ناتوانێت ڕووبەروو بیرۆکە و قسەکانی بە کەسی بەرانبەری بڵێت).
دەقنووس وەسفی ئەو کەسەمان بۆ ناکات، کە پێی دەڵێت (چاو مەسووڕێنە)، بەڵام گوتاری دەقەکە و لەکاتیدەخوێنمەوەی دەقەکەدا، گوتارێکم لا بەرجەستە دەبێت، گوتارێک بای دوو کتێب لەڕۆمانێک وەسف و واتا و ئەرک و پێناسە و باری دەروونی و شێوەی کارەکتەرێکی نادیاری بەرجەستەنەکراو وەسفی بەسەرهات و کارەکتەر و کاردانەوە و کێشە هەمەلایەنەکانی کارەکتەرانم بۆ بکات، چۆن؟ (چاو مەسووڕێنە) قسەکەر داو لەگوێگرەکەی دەکات، چاوی نەسووڕێنێت، واتا خۆی نەدزێتەوە، مەرد بێت، گەمژەیی نەنوێنێت. خاوەن گوتارەکە/ کە دەکرێت بڵێین خودی شاعیرە وەسفی کەسێکمان بەناڕاستەوخۆیی بۆ دەکات، پڕە لەواتا و مەبەست و وەسف و ئەرک.
تۆش وەکو خوێنەری ئەم دەقەی من، چاوت دابخە و بیر لەوێنەی کەسێکی لەم جۆرە بکەوە، کە لەژیانی ئاسایی خۆت تووشی دەبیت و کەسێکی نامەردە. ئەم نامەردە وەکو شێرێکی دڕندە تۆ بخوات، یان وەکو چەقەڵێکی قونگیراو بتخوات، بەڵام نەتوانێت لەکاتی ئاخاوتندا سەیری چاوەکانی تۆ بکات. چ وێناکردنێکی دەروونیی و پڕ جووڵەیە.
واتا پڕە لەواتای دیکە، وەکو چۆن زمان پڕە لەزمانی دیکە، کار و ئەرکانی هەمەجۆرن، شێوازی قسەکردنیش هەمەچەشنە، دەربڕین و واتاش دەکرێت فرە بن. لەبیر نەکەین ژمارەیەک پێوانەی زمانەوانی بۆ بەرهەمهێنانی دەقی سەرکەوتوو هەیە لەوانە (گونجان، مەبەستدار، پێشوازی لێکراو، پێگەدار بێت، دۆنای دۆن). (رۆبرت دو بکراند و لفغانغ دریسلر، ١٩٩٢، ٧٧). گوتاری (وەسیەت) گونجان و مەبەستداریی و پێسوازی تێدایە، لەهەمان کاتدا پشت بەستووە بەبیرۆکەی مرۆیی گشتگیر، کە دەکرێت ئەم شتانە خەڵکی دیکەش لەشوێن و کاتی جیاواز ئاماژەیان پێ کردبێت، بەڵام دەقنووس بە مەبەست و پێگەیەکی نوێی جیاوازی لەوانی دیکە دەقەکەی بەرهەمهێناوە، خودی دەقەکەش دونیایەکی دیکەی بەرهەمهێناوەتەوە.

ئێمە لەنێو زماندا دەژین، وەکو چۆن واتا لەنێو وشەدا دەژیت. ئێمە لەڕێگەی گوتنەوە دەمانەوێت پەیوەندی بەوەرگرەکانمانەوە بکەین، هەر گوتنێک واتا و تێگەیشتن و لێکدانەوەکەشی پەیوەندی بەدۆخی گوتن و دۆخ و شێواز و هۆکار و چۆنیەتی وەرگرتن و ئینجا مەبەستەکانی لێکدانەوەی واتای وشە بێژار و نووسراوەکانەوە هەیە.
لەنووسیندا ئەم گۆڕانە زۆر بەهێواشی ڕوو دەدات، هەروەها کاتی گەیشتن لەنێوان نووسین و خوێندەوەکەیدا کاتێکی درێژخایەنە، بەڵام لەگوتندا مەسەلەکە بەستراوەتەوە بەچەند هۆکارێکە، لەوانە: گوتن و وەرگرتنەکە کاتەکانیان لێکنزیکە. دەنگ و دەربڕین و جووڵە و ئاوازەی گوتنەکە و کەشوهەوای گوتن و وەرگرتن و شێوازی دەربڕینەکانیش کاریگەرییان لەسەر وەرگرتن و لێکدانەوەی گوتارە دەبێت. وشە بەهێزە، هێزی وشەش لەئەرکەکانی پتر بەدیار دەکەوێت. بۆ نموونە ئەگەر بڵێین (شێر بمخوات) زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوەی بڵێین (ئەگەر شێر بمخوات). ئێمەی خوێنەر لەهەردوو گوتن دەگەین، بەڵام لێکدانەوە و تێگەیشتنمان بۆیان جیاوازە، چونکە ئەرک و مەبەست و واتای گوتاری هەردوو گوتن جیاوازە.
شێر لە سەد ساڵ پێش ئێستا ڕەنگە واتایەک یان دوو واتای هەبووبێت، ئەمڕۆ بەکارهێنانی شێر بۆ گەیاندنی چەند مەبەستێک و دروستکردنی ئەرکی واتایی جیاواز بەکاردێت. (کڕنۆش) وەکو ئاوەڵکارێک ئەرک و واتای جیاوازی بەپێی بەکارهێنان و دەوروبەری گوتنەکەی دەبێت، هەروەها بەپێی دۆخی کۆمەڵایەتی و تەمەن و چین و ئاستی ڕۆشنبیری و ئاینی و بەپێی کەلتوری کۆمەڵگاکانیش واتای بەکارهێنانەکەی دەگۆڕێت. بۆ نموونە کاتێک دەڵێین:

  • کڕنۆشت بۆ دەبەم. واتە لێت دەپاڕێمەوە، تکات لێ دەکەم، داوات لێ دەکەم.
  • کڕۆنشبەر. واتا کەسێکی هەڵپەرستی دوور لەئیدارەی خودی خۆیەتی.
  • کڕنۆش ناوی کارێک و سیفەت و شتێکە.
  • كرنۆشی بۆ خودا برد. ئەمە دۆخێکی ئاینییە، پیرۆزە.
  • کڕنۆش بردن لە ژاپۆن. بەواتای ڕێز و سەڵاوە.
  • كڕنۆش لەکۆمەڵگای کوردی. هەژارێک بۆ دەوڵەمەندێک، بچووکێک بۆ پیاوێکی بەتەمەن، دەست لەسەر سینگ گرتن لەگەڵ چەمانەوە بۆ ڕێزگرتن لەکەسانی خاوەن پێگەی چینایەتی بەرز بۆ ڕێزگرتن بەکاردێت، لەهەمان کاتدا کەسانی خاوەن فکری ئازادیخوازی ئەمە بەدیاردەیەکی نەشیاوی خراپ لێکدەدەنەوە.
  • كڕنۆش بەواتای کۆیلەبوون وەکو ڕەوانبێژی بەکاردێت.
  • کڕنۆش دەکرێت دیاردەیەکی نزم، خراپ، سوکایەتی، پاشکۆبوون و لاوازیی بێت، یان بەرز، باش، ڕێزگرتن، توانا و هێز بێت.

سێیەم: چاوی دیوان لەخۆت بڕسکێنە. داوایەکی ئاشکرای ئەرێنییە، کردە قسەی ڕێنوێنیشی تێدایە، وەکو چۆن جۆرێک لەفەرمان و بڕیاریشی لەخۆی گرتووە. ئەم واتا ئەرێنییە، پێمان دەڵێت لەپشت ئەم وێناکردنەدا واتایەکی دیکەی نەرێنی هەیە، پێـمان دەڵێت “تۆ چاوت نابینێت، عەقڵت داخراوی سنوردارە، بیربکەوە، هەست و جووڵە و بوون بەخۆت ببەخشە. واتا، لەتەک ئامۆژگاریی و ڕێنوێنییەکی ئەرێنی، ڕەخنەیەکی ناڕاستەوخۆش لەنێو گوتارەکەدا بەرجەستە دەکات. لەنێوان هەقیقەت و خەیاڵدا وێنەیەکی هەڵگەڕاوەی کەسێکمان بۆ وێنا دەکات، کە دەبێت کراوە و بەتوانا بێت. ئەم وەسفی کەسێک دەکات (چاوی دیوانی نییە تاکو جریوە و جووکەی) تێدا بێت، کەسێکی بێ بزاوت و گیان و جووڵە و مردووە.
کاتێک دەقنووس دەڵێت (چاوی دیوان لەخۆت بڕسکێنە) لێرەدا واتای (چاو) واتا فەرهەنگییەکە فیزیکییەکە نییە، بەڵکو مەبەستی (تێروانین و بینین و هەستکردنە). لە دیوانی شیعر بەداری ڕووبەی مشت و مشت پێوراوە بە (بزاڤێکی پڕ لەژیان). مەبەستمان ئەوەیە بڵێین لەشیکردنەوەی پراگماتیکدا چاو دەکرێت چاوی سروشتی بێت، هەروەها دەکرێت کەرەستەیەکی واتایی خوازراو بێت، یان فرە واتا و فرە ئەرک و مەبەست بێت، ئەم فرەییە نێرەری گوتار دەتوانێت دروستی بکات و وەرگریش بەپێی دەوروبەرە دەروونی و ڕۆشنبیرییەکەی لێکی بداتەوە.

لەزمانی کوردیدا کە دەڵێین کەسێکی “ویژدان مردووە”، واتە هەست و نەستەکانی مردوون. کەسی بێویژدان، جەللاد و ترسنۆک و دڕندە و ڕاپۆرتنووس و دووزمان و دۆرزن و قۆپیەچی و پیس و بەکرۆکەن. ڤان دایک لەشیکردنەوەی دەقدا لەڕوانگەیەکی دیکە هەنگاو دەنێت و پێی وایە پراگماتیک، یان کردە قسەیی و کردەی کۆمەڵایەتی دەچنە ژێر نەریتێکی باو، ئەو کاتە قسەکەر یان دەبێت درۆزن بێت، یان فریودەر. (ڤان دایک، ٢٠٠٠ ، ١٧). کەسێک کە داوای چاو نەسووڕانی لێ دەکرێت لەڕووی پراگماتیکی و کردەی کۆمەڵایەتییەوە نەریتێکی باوی (درۆزنی و فریودانمان) بۆ وێنا دەکات. بێگومان ئەم نەریتە لەکۆتایدا کە دەرەنجامی دیماهی گوتارەکەیە، بەستراوەتەوە بە (مردنێکی شەرمنانەی دوور لەئیرادە).
چوارەم : گەڕەکە جوانەکان، داوات دەکەن بچیە ناویان. کردەیەکی ئەرێنییە، بەڵام مەرج نییە لەدەقی شیعریدا، یان لەگوتاری ئەدەبیدا واتاکان هەمان ئەو واتا و بزوتنەوە و گریمانە و دەربڕینانە بگرنەوە، کە ڕاستەوخۆ لەنێو دەقەکەدا بەرجەستە کراون. ئاساییە لەبەکارهێنانی گەڕەکی جوان بەپێی دەوروبەریەکەی مەبەست شوێنی (کۆیلەکراوەکان، کۆیلەدارەکان بێت)، شوێنی جوان مەبەست لێی (بێوژیدانی و پیسی دەروونەکان) بێت، (چەتریان بۆ هەڵدای) واتە گوێگرەکەی کەسێکی وابەستەی پاشکۆی جێبەجێکارە، نەک بڕیار دەر.

چەتریان بۆ هەڵدەی = مەبەست = واتا ((کۆیلە جێبەجێکار، پاشکۆ)) یان (( بێ ئیرادە، ناسەربەخۆ)).
هەر کەسێک ئەمە لەنێو بیرکردنەوەی خۆیدا وێنا بکاتەوە، دەتوانێت هەست بە ژمارەیەک واتای دیکەی نەبینراوی نەگوتار بکات، بایەخی گوتاری شیعری لەوە دایە، دەقنووس چەندە دەتوانێت واتا ئاشکراکان بۆ واتای شاراوە بگۆڕێت، واتە گێڕانەوە لەپێناو وەسفکردنێکی بینراوی لەقالبدراو نییە، بەڵکو ئازادکردنی واتا نادیارەکانە لەنێو دەقێکی بێ سنووردا. شتەکان نیشانە و هێمایە، بۆیە کردەی لێکدانەوە وەکو کلیلی تێگەیشتن وایە بۆ حالەتی نیشانەییەکان. ( اوغدن و رتشاردز، بدون سنة، ٢١). مەبەستمان ئەوەیە، وشە بریتییە لە ناو و ئاماژە بۆ شتێک، کە پشت بە نیشانە و هێما دەبەستێت بۆ ئەوەی واتا ببەخشێتە شتەکان، لێکدانەوە و ڕامان پەیوەستە بە نیشانەکان، یان کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لەو نیشانە و هێماکان. سەباح ڕەنجدەر هەر تەنیا وێنەی هەقیقی شتەکان (ناو و ئاماژە و هێماکانمان) نیشان نادات، بەڵکو دەچێتە دیوی پشتەوەی شتەکان، لەڕێگەی لێکدانەوە و ڕامان دەمانباتە سەر واتای ئەو نیشانە زمانیانەی، واتایەک و پتر لەواتایەک بەخوێنەر دەبەخشن.
واتا هیچ کاتێک وێنەی هەقیقی ئەو واتایە نابەخشێتەوە کە مرۆڤ لەیەکەم بینیدا وەکو کەرەستەیەکی بێ گیان ڕووبەڕووی دەبێتەوە. لەنێو هەر دەقێکدا پتر لەدەقێکدا بەناراستەوخۆیی هەیە، ئەرک و پەیام و گوتاری خۆیان ڕادەپەڕێنن.
پێنجەم: دەقنووس دەڵێت نالی و گۆران و ئەنوەر قادر موحەمەد بکوژە) فەرمان و داوایەکی نەرێنییە. گوتاری ئەم گوتنە مەبەستی کوشتن نییە، بەڵکو مەبەستی پێدانی ژیانە، دەقنووس دەڵێت ئەگەر من/ ئێمە ئەوانەی دیکە تێنەپەڕێنم، لەوان باڵادەستتر و دەقنووستر نەبم، (مردووم) واتە ئەو مەبەستی (کوشتن) وەکو سڕینەوەی ژیانی ئەوانی دیکە نییە، بەڵکو گەیشتن و تێپەڕاندنی گەورەیی ئەوانی دیکەیە، ئەو بەدوای نەمریدا دەگەڕێت، واتای (بکوژە) لەم دەقەدا (کوشتنی هەقیقی) نییە، بەڵکو نیشاندانی گەورەیی و ڕێزگرتنی ئەوانە.
دەقنووس/ نێرەر چ بەخوێنەر و وەرگرەکانی دەڵێت:

” لۆكه‌ت نه‌خستووه‌ته‌ گه‌رووی هیچ گۆرانیبێژێكه‌وه‌”
کێ ئەم کارەی نەکردووە، گوێگرەکەیە، کە کارێکی خراپی وەها نەکردووە، لۆکە بخاتە گەرووی گۆرانیبێژێکەوە. ئەمەی ئێمە خوێنەر و وەرگری دەرەوەی دەقەکە دەیبین، (بەرهەمی بینین) (David Allem, 2003, 61 ) زۆر گرنگە. خوێنەر چۆن وشەکان دەبینێت و چۆن واتاکان دەبینێت، واتە بینینی فیزیکی وشەی (چاو/ کڕنۆش/ لۆکە/ گەردوو) جیاوازە لەوەی چۆن واتاکانیان دەبینرێت، بۆیە بینینی ئەم وێنە شیعرییەی سەرەوە هەمان ئەو وێنە کاریکاتێرییە تەژی لەپرسیارە نییە، کە بریتییە لە (ت) ڕاناوی لکاوی کەسی دووەمی تاک و لۆکە وەکو کەرەستە و شتێک، گەرووش وکو بەشێک لەلەشی مرۆڤ و کەرەستەیەکی جەستەیە، شتێکە کاریگەریی لەسەر جۆری دەنگ و دەربڕین و ئاواز و وزەی گوتنەوە و گەیاندن دەبێت، گۆرانیبێژ، بکەرێکی ئاماژە بۆکراوە، لەڕاستیدا بکەر یەکەم خاوەنی گوتار نێرەرەکەیە، بەڵام بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەردەکەوێت، هیچ شوێنێکی لەنێو ڕستە ڕێزمانییە فیزیکییە بەرجەستەکە نییە، بەڵام بوونێکی بەهێز و کاریگەر و پڕ جووڵەی واتایی لەنێو ڕستە لۆجیکی و واتایی و دەربڕین و نافیزیکییە واتاییەکەدا هەیە. ئەو ناڕاستەوخۆ لەگەڵ وەرگرەکەی دەدوێت و دەڵێت (تۆ لۆکەت نەخستووەتە گەرووی گۆرانیبێژێکەوە)، لەهەمان کاتدا دەتوانرێت گریمانەی ئەوەش بکرێت، کە کەسێک بە خاوەنی گوتارەکە بڵێت، تۆ هیچ کارێکی لەم جۆرەت نەکردوو. باشە ئەگەر پرسیارێکی سەرەکی بکەین چ ڕوودەدات ئەگەر حوکم لەبارەی شتێکەوە بدەین، یان پێمان وابێت ئەم شتە وەهایە، یان بیری لێبکەینەوە. (ادغون و تشارد، بدون سنة، ١٢٧). با هەندێک بیر لەم وێنە خەیاڵییە بکەینەوە، بزانین بیروباوەڕ و حوکمەکانمان لەبارەیەوە چی دەبێت، ئەو کاتە بەئاسانی دەتوانین واتای واتاش بدۆزینەوە. باشە با پێگە و ئەرک و شوێنی قسەکەر بکەینەوە، کە دەگۆڕێت:
یەکەم: دەقنووس قسە دەکات و پەیامەکەی ئاراستەی وەرگرەکەی (ت/ تۆ) دەکات. دووەم: ئەو کەسی سێیەمی تاک، کە کارەکتەرێکی نادیارە قسە دەکات و قسەکەی ئاراستەی خودی دەقنووسە و پێی دەڵێت تۆ کارێکی وەهات نەکردووە، تۆ بکوژ و سەرکوتکار و دژی ئازادی قسەکردن نیت. واتە لێرەدا خاوەنی گوتارەکە لەڕێگەی کەسێکی نادیارەوە، کە هیچ ناسنامە و بوونێکی فیزیکی نییە و لەدەروەی دەقەکە دایە وەسفی خۆی لەڕێگەی وشەکانی ئەم کارەکتەرە دەکات.
نیشانەی (ێک) نەناسراو و (ەوە)ی نیشانەی بەردەوامییە. گۆرانیبێژەکە کەسێکی نەناسراوە، واتە هەواڵەکە لەڕابردوو دەستی پێکردووە و تاکو ساتی قسەکردنەکەش بەردەوامە و کردەی لۆکە خستنە گەرووەکەش ئەنجام نەدراوە. لێردەدا واتای ئەنجامدان دەگۆڕێت بۆ ئەنجام نەدراو.
ئەمە سنوورێکی کێشراوە لەنێوان (کەسێک ناوە گەورەکان تێ دەپەڕێنێت و داهێنان دەکات)، لەگەڵ کەسێک (پاشخاپەرۆکە و قۆپیەچییە و نانی نانیشە).

لەگەڕان بەدوای ئەو واتایانەی ناڕاستەوخۆن پێویستە بیربکەینەوە، باشە ئەگەر بیرمان کردەوە چ دەقەومێت؟ کاتێک کردەی بیرکردنەوە ڕوودەدات، واتە ئێمە بیرمان کردۆتەوە، کە ئێمە بیر دەکەینەوە دەق بیر دەکاتەوە، بیرکردنەوەش گەڕانە بەدوای واتا و مەبەست.
گوتاری شیعر پشت بەشتە گوتراوە هێمادار و نیشانەدارەکان دەبەستێت، هێزی بەهێزی وشە و شێواز و مەبەستی بەکارهێنانییەوە بەستراوەتە. سەباح ڕەنجدەر دەمێکە لەنێو وشەدا دەژیت، ئەو نیشتمانێکی هەیە ناوی شیعرە، بەتاو لەنێو هەتاوی شیعردا بیر دەکاتەوە و شتەکان لێک دەداتەوە و نیشانە و هێمای نوێ بە وشەکانی دەبەخشێت.
گوتاری شیعرەکە

دەقنووس وەکو ئەندازیارێک لەنێوان کات و شوێندا وێناکردنێکی زمانی و واتایی ڕۆشنتر لەڕۆژی ڕووناکی دروستکردووە، کە شاعیر لەنێو فشارێکی دەروونی، لەنێو دیوانێکی پڕ لەجووڵە و فشار و داکێشان و کارتێکردن و کاردانەوە و بەرهەمدار دەژیت، ئەو لەچاوێک پتر و لەهەزار دیدو فکر و ڕێگا پتری لەنێو هەناوی تەنیا دەقێکدا تێر وزە و بیرکردنەوە کردووە.
ئەو خۆی قسەکەرە، خۆی گوێگرە، هەر خۆشی بڕیار دەرێکی ناڕاستەوخۆی نێو دەقەکەیە. ئەو نمایشێکی پراگماتیکانەی کارەکتەر و ڕووداو و گێڕانەوە و پێشهاتەکانی کردووە. ئەو بەزمان هێز دروست دەکات، نەک بەهێز زمان دروست بکات. ئەرکی پەیوەندیکردنە بەوەرگرەکانی، کە لەبنەڕەتدا کارکردنە بۆ گەیاندنی شتێک، یان کارێک کە پەیوەندی پێیەوە هەیە. (ج.ب.براون، ج. یول، ١٩٩٧، ٢).
گوتمان گوتار بریتییە لەڕاپەڕاندنی مەبەستێک و بەدیهێنانی واتایەکی قووڵتر و ڕیشەدارتر لەواتا سروشتییە هەقیقییە هەستپێکراوەکان، ڕاپەراندنی کردەی پەیوەندیکردنە لەنێوان نێرەر و وەرگر، ئامانجی گەیاندنی پەیامێک و کارتێکردن و جووڵاندنی وەرگرەکانیەتی. هەندێک دەق خوێنەر بەدوایدا دەگەڕێت، هەندێک دەقیش هەیە بەدوای خوێنەردا دەگەڕێت، هەشیانە وەکو کەپکەشاخێکی تەپیو بایەخ بەخوێنەر نادات، دەڵێت من دەقم، دەق نابێت خوێنەرەکانی دەقی بشکێنن.

دەقنووس دەڵێت:
شاعیری پاشخاپه‌رۆك و قۆپیه‌چی و نانی نانیش
له‌ كاتی كڕنووشدا مرد
ئەو کەسانەی گوتار پێشکەش دەکەن، بۆ ڕاکێشان و هێشتنەوەی گوێرەکانیان لەبەردەم ئاگردانی گوێگرتنەوە لەسەرەتا و ناوەڕاستی قسەکانیاندا (مەبەستە گەورەکە، واتایە ڕاستەقینەکە، گوتنە یەکلاکەرە و مەبەستە سەرەکییە زلەکان نادرکێن) بۆ ئەوەی وزەی درککردن و درکاندن لای وەرگر زوو بەتاڵ نەبێتەوە..
دەقنووسی دەقی (وەسیەت) پەیام و مەبەستە سەرەکییەکە دەردەبڕێت لەپێناسە و وەسف و ئاکاری شاعیرێک، کە بۆتە مایەی ڕەخنەلێگرتن، یان جۆرێکە لەنامەردەکان، کەسێکی بێ بینین و تاکڕە و ملکەچی فەرمانە ڕاسپێردراوە خراپەکانە. ئەو گوتارەکەی ئەوەیە بڵێت وەسیەتە ئەگەر دەتوانیت شاعیرێکی باشبە، نالی و گۆران و ئەنوەر قادر محەمەد) تێپەڕێنە، لەوان باڵادەستر لەدەق و جوانووستر لەوان و زمانزانتر لەشیعر دەرکەوە، نەک ببیتە شاعیرێکی (پاشخاپەرۆک) و (قۆپیەچی) و (نانی نانی/ دەرۆزەکەر)، چونکە ئەگەر شاعیرێک هەزار ڕێگای هەمەجۆری دەربڕین و ئاوساندنی دەقی بەواتا و فکر نەبێت، ئەگەر شاعیرێک فرە بینین و فرە فکر نەبێت، ناتوانێت لەهەر وشە و گوتن و دەربڕین و وێناکردنێکدا فرە دەسەڵات و توانا و وزە بێت.

دەقنووس گوتارەکەی لەوە چڕ کردۆتەوە کە شاعیری (قۆپیەچی و پاشخاپەرۆک و دەرۆزکەر) لە کاتی کڕنۆش بردندا دەمرێت. ئەوە مەبەستی مردنی هەقیقی نییە، بەڵکو چونە دەرەوەی شاعیرە لەنیو دەسەڵات و پێگە و ڕۆح و خوێنی دەقدا، چونکە گوتاری دەقنووس (بکوژە و مرد) نییە، بەڵکو (بیربکەوە و پاشخاپەرۆک) نەبوونی مەبەستە.
بەپێی شیکردنەوەی پراگماتیکی و بەپشت بەستن بەکردە قسەیی لەنێو گوتاری ئەم دەقەدا بۆمان دەردەکەوێت، نێرەر زانیارییەکی ناڕاستەوخۆمان پێ دەدات، کە شاعیرێکی فاشل، کە لەسایەی قۆپیە دەژیت، هیچی پێ نەماوە و دوای بەتەمەن کەوتن شیعر دەنووسێت، ناتوانێت شاعیریەتی شاعیرە پایەدارەکان تێپەڕێنێت، بۆیە وەکو نەخۆشێک، لەسایەی کڕنۆش بردن دەیەوێت نێوبانگ و دەسەڵات و دەق پەیدا بکات، کڕنۆش بۆ شاعیر هاوتای مردنە. ئێمە لەڕێگەی کردەکانی نێو ئەم ڕستە کورتانە، دۆخی دەروونی و شێوازی بیرکردنەوە و جۆری کات و کارەکان و شوێنەکان دەدۆزینەوە.
واتا فکرییەکان، لە وتای کردەکانی نێو زمان و لە پەیوەندییە خەیاڵی و هەقیقییەکان، لە کردەی ڕیزمانی و کردەی هەڵچوونە دەروونی و فکرییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

کارەکتەرەکانی دەق
قسەکەر/ نێرەر ڕاناوی لکاوی (م) کەسی یەکەمی تاکە، ئەم جۆرە دەقە تاک لەدۆزی کەسی یەکەمدا کارەکتەری سەرەکییەتی، ناڕاستەوخۆ بێت، یان ڕاستەوخۆ (من) قسەکەر و نێرەر و کارەکتەری سەرەکییەکەیەتی، بۆمان دەردەکەوێت قسەکەر ڕاستەوخۆ لەنیو دەقدا وەکو سەرکردە و بیرکەرەو ئەندازیاری وشەکان هەڵسوکەوت دەکات. لەم دەقەدا (من) واتە خودی شاعیر/ سەباح ڕەنجدەر خاوەن و ڕاپەڕێنی گوتارەکەیە.
وەرگرەکان ئەمانەن (ات/ کەسی دووەمی تاک واتە تۆ)، ئەمەیان وەرگری راستەوخۆی نێو دەقەکەیە، لەنێو دەقەکەدا شاعیر قسە لەگەڵ تۆدا دەکات، لەدەرەوەی دەقەکەدا من و تۆی خوێنەر وەرگرێکی دیکە دەقەکەین.
کات و شوێن دیار نییە، بەڵام دەزانین دەقنووس کوڕ/ شیعری وەکو نۆبەرە هەیە، واتە دیارە نییە باسی چ وەرزێک دەکات و ڕووداوەکان لەشەو، یان ڕۆژدا ئەنجام دراون. دیار نییە بزانین دەوروبەری گوتنەکان و کەشی سروشتی چۆنە، هەروەها رووداوەکان لەچ شوێنێکدا ڕوویان داوە. بۆیە دەکرێت گریمانەی ئەوە بکەین، کە کردەی خراپ، خۆ بچووکردنەوەی شاعیر بە (قۆپییە و نانی نانی و کڕنۆش) هیچ کات و شوێنێکی نییە، ئاساییە لەدەرەوەی تێڕوانین و لێکدانەوەکاندا ڕووبدات.
لەهەمان کاتدا کارەکتەری لاوەکیش هەیە، وەکو: شێر، مەرد، چەقەڵ، ئەوان، نالی و گۆران و ئەنوەر قادر محەمەد و گۆرانیبێژ، شاعیر، پاشخاپەرۆک، قۆپیەچی.

ئەنجام
گوتاری شیعر، لەنێو واتای هەزار ڕەنگدا هێز و وزە پەیدا دەکات، هیچ واتایەکی هەقیقی و بەرجەستە بێ دوو واتا یان پتر لەدوو واتا وێنا ناکاتەوە، هێز و وزەی شیعر لەفکر و واتا و فرە دەسەڵاتیی وشە و هێز و ئاوازەی وشەکان و کاریگەریی دەروونی دەربڕین و گوتنەکانی دایە.
سەباح رەنجدەر لەنێو وشەدا دەژیت، ئەو ناچێتە دەرەوەی دەق، هەموو وزە و دەسەڵاتێکی خۆی لەنێو دەقدا چڕ دەکاتەوە، بۆیە نایەوێت وەکو قۆپیەچییەکی ملکەچ بمرێت، ئەو بۆ شیعر دەژیت.. تەنیا شیعر!.
هەست دەکرێت، وەسیەت بۆ مردن ناکات، بەڵکو وەسیەت بۆ ژیان دەکات و بە شاعیرە پاشخاپەرۆکەکان دەکات و ئامۆژگاریان دەکات و پێیان دەڵێت بۆ ئەوەی لەکاتی کڕنۆشدا نەمردن و شێر بتانخوات، واتە گەورەیی و وشەی گەرم و شیعری بێ ئازار، نابێتە دەقێکی زیندوو، ئەو وەسیتە دەکات و بەهەندێک دەڵێت ئەگەر دەتانەوێت وەکو من شاعیر و خاوەن دەق بن، واز لە قۆپیەچیەتی و دەرۆزەکەری و کڕۆنش بهێنن، بیر لە گەیشتنە ئاستی شاعیرە گەورەکان بکەنەوە.
گوتاری ئەم دەقە (رەخنەگرانەیە، هەڵسەنگاندنە، دەربڕینی دۆخی فکرییە، وێناکردنی دوو کارەکتەرە، کە یەکێکیان شێر، یان چەقەڵ دەیخوات و دەمرێت، هەشیانە لەکاتی کڕۆنش برندا دەمرێت).
گوتاری ئەم دەقە ئامۆژگارییە و بەهەندێک بۆ ئەوەی خوێنی گەرمتان بەلێوی شێرەوە بمێنێت، پێوسیتە لەدەنووسیدا، لە واتاسازیی و دروستکردنی وڵاتی زماندا، لە نالی و گۆران و ئەنوەر ساعیرتر و بەدەسەڵاتر و خاوەنی وشەی بەهێز تر بن.
گوتاری ئەم دەقە لەشێوەدا ڕاستەوخۆیە و لە نێوەڕۆک و مەبەست و واتادا ناڕاستەوخۆیە. گوتاری ئەم دەقە، کەندووی پڕواپرە لەواتای فرە رەنگ و دەنگ، ئەو دونیای خۆی لەنێو واتادا وێنا دەکات.
سەباح ڕەنجدەر شاعیرێکە لەنێو ئەزموونی جیاوازی شیعردا دەژیت، نایەوێت دەقی ئێستای هەمان دەقی دوێنێ و سبەینێ بێت. ئەو لەشیعر پتر شتێکی دیکە ناناسێت. دەتوانرێت بڵێین گوتاری شیعری سەباح ڕەنجدەر، وزە لەمردن وەرناگرێت، بەڵکو بوژانەوەیەکی بەردەوامی تێدایە. گوتاری ئەم دەقە شکۆدانە بەمردن و کوشتن و خوران نییە، بەڵکو دەسەڵات و وزە تێپەڕاندنی پێگە و توانای شیعری شاعیرانی دیکە.
من کارم لەسەر پێکهاتە وئەرکی زمان لە بەرهەمهێنانی گوتاری دەقی شیعری کردووە، بەئاسانی لە وشەکان دەگەم، بەڵام هەر بمەوێت (واتا و وێنە شیعرییەکانی) نیو دەقەکە ڕاو بکەم، هەست دەکەم وەکو دەشتێکی لێککشاوە واتاکان زۆرتر و وێنەکان پتر و مەبەستەکان فرەتر دەردەکەون.
————————————

سەرچاوەکان:

ابراهیم بشار، الابعاد النصیة والتداولیة فی التراث البلاغی العربی، رسالة دکتورا، جامعة محمد خضیر، بسکرة، ٢٠١٦.
اوغدن و رتشاردز، معنی المعنی دراسة لاثر اللغة فی الفکر ولعلم والرمزیة، ترجمة د. کیان احمد حازم یحیی، دار الکتاب الجدید المتحدة،بدون سنة.
ج.ب.براون، ج. یول، تحلیل الخطاب، ترجمةد. محمد لطفی الز لیطنی، د. منیر التریکی، النشر العلمی والمطابع جامعة الملک سعود،١٩٩٧.
جولیا کریستیفا، علم النص، ترجمة فرید الزاهی، مراجعة عبد الجلیل ناظم، دار توبقال، المغرب، بدون سنة.
جۆرج یۆڵ، مەبەستناسی پراگماتیک، وەرگێڕانی رەحیم سورخی، ناوەندی توێژینەوەی عەبدوڵرەحمان زەبیحی، سلێمانی، ٢٠١٦.
د. وریا عومەر ئەمین، ئاسۆیەکی تری زمانەوانی، دەزگای ئاراس، هەولێر، چاپی یەکەم، .٢٠٠٤
رۆبرت دو بکراند و لفغانغ دریسلر، مدخل الی علم لغة النص، ترجمة الهام ابی غزالة و علی خلیل حمد، مطبعة دار الکتاب، بیروت، ط١، ١٩٩٢.
زنتسیسلاف وارزنیاک، مدخل الی علم النص- مشکلات بناء النص، ترجمة سعید حسن بحیری، موءسسة المختار للنشر والتوزیع، القاهیرة، مصر، ط١، ٢٠٣٣.
https://dengekan.info/archives/19313سەباح ڕەنجدەر، وەسیەت،
صلاح فضل، بلاغة الخطاب وعلم النص، دار الکتاب المصری، القاهرة، دار الکتاب اللبنانی، بیروت، ط١، ٢٠٠٤.
ڤان دایک، النص و السیاق، اتقصاء البحث فی الخطاب الدلالی و التداولی،ترجمة عبدالقادر قنینی، افریقیا الشرق،المغرب،.٢٠٠٠
ک. آوریکیونی، فعل القول من الذاتیة فی اللغة، ترجمة محمد نظیف،افریقی الشرق، دار لابیضاء، .٢٠٠٧
محمد الشاوش، اصول تحلیل الخطاب فی النظریة النحویة العربیة- تاسیس نحو النص، جامعة منوبة الموءسسة العربیة للتوزیع، تونس ، ط١، ٢٠٠١.

David Allem, Getting Things Done the art of stress- free productivity, published by the Penguin Group Penguin Group )USA) LLC 375 Hudson s. Ne York, 2003, 61.

Previous
Next
Kurdish