Skip to Content

پەنجا و سێ خولەک کارەبا.. ستیڤان شەمزینی

پەنجا و سێ خولەک کارەبا.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئایار 18, 2021 General, Literature


شانۆگەرییەکى یەک پەردەیى ژیان لە کوردستان

باوکم بە قووڵى نەفەسى لە جگەرەکەى دەدا و باسى رابردووى پڕ ئازار و مەینەتى خۆى دەکرد لە رۆژانى خەباتى پێشمەرگایەتییدا، نازانم چ پاڵنەرێکە جار جار دەیباتەوە سەر گێڕانەوەى بایۆگرافیا و هەموو جارێکیش پێ لە زۆرشت دەنێت و زۆر دانپیانانى سەیر بەیان دەکات، لە پڕ هاتە سەر باسى گەدایى و نەداریى کاک (….) ئا…. ئەو، ئەو سوپەرمانەى وامدەزانى لە ساتى لە دایکبوونیدا پێنج ملیۆن دۆلارى لە سکى دایکییەوە هێناوە بۆ سەر ژیان. وتم: ئەرێ باوکە کاک هین ئەو شتە زلە دەناسیت، باوکم بە خێرایى وەڵامى دایەوە: تەنانەت ساڵانێکى زۆر بەرپرسى بووم. ئەوسا کابرایەکی گەدای لاواز بوو. وتم: ئى چۆن وا دەوڵەمەند بوو؟ لە کاتێکدا کاتى خۆى وا هەژار و نەدار بووە؟. باوکم وتى: نازانم، فەرهود، ئا.. ئا.. فەرهود.. دزى.. دزی.. چوزانم.
وتم: وەک تۆ بزانى زۆر هەژار بوو؟ باشە تا چ راددەیەک زەلیل ببوو بە دەست هەژارییەوە؟ باوکم سەیرى کاتژمێرەکەى دەستى کرد وەک ئەوەى چاوەڕێى هاتنى هاوڕێیەکى بکات وتى: ها.. ها.. کوڕە چوزانم، بە خوا پارەى خانوویەک بەس جگەرەم بۆ کڕیوە هەر لە پاکەتى بەغداد و سۆمەرەوە بیگرە تا دەگاتە سپێشل و ریم. منیش تۆزێک بێدەنگ بووم، هەندێک رامام لە جریوە و دەنگى پڕ سۆزى مۆلیدەى کارەباى دراوسێکەمان، هەر دەتگوت سەمفۆنى بیتهۆڤن یان شۆپانە. کاکى مەسئول هاتەوە یادم و پرسیم: ئەرێ باوکە نەتووت ئەم کابرایە تا چەند بە رەوشت و بە وەفایە؟.

  • وەفاى چى و رەوشتى چى؟ ئەو کابرایە لە شاخیش هەروا بوو کە پێشمەرگە داستانى تۆمار دەکرد، ئەمیش مێبازیى دەکرد!!.
    +بە راست مێبازیى، ئێ.. ئێ.. چۆن مێبازییەک؟ توخوا بۆم باسبکە!. لە پڕ کارەبا هاتەوە، باوکم جگەرەکەى کوژاندەوە و وتى: نازانم مێبازیى چى؟ ئێستا کەى کاتى ئەوەیە؟ نابینى کارەبا هاتەوە، هەڵیگرە بۆ دواى کارەبا بڕان، چیرۆکەکە ئەو دەمە تەواو دەکەین، ئێستا بە پەلە بڕۆ خەریکى کارەکانت ببە تا کارەبا هەیە. دایکم لەم کاتەدا لە ژوورى میوان بوو، لە پڕ و لە خۆشیدا بەرەو ژوورى چێشتخانە (مطبخ) دەرپەڕى و لەبەر خۆیەوە وتى: کوڕم.. دەى خێرا بڕۆ قاتە رەساسییەکەت ئوتوو بکە، بێ ئوتووکردن لەبەرى مەکە، نازانم بۆ ئەوەندە شل و شێواوى؟ نابێ کەمێک جلەکانت جوان بن، ئا.. عەتریشى لێبە چوونکە بەردەوام لە بیرت دەچێت، سبەینێ کە چووى بۆ ئاهەنگەکە لە بیرت نییە بۆیە ئێستا عەتر پرژێنى بکە!.
    +دایکە گیان عەترى چى و قاتى چى و تەڕەماشى چى؟ من نووسین و راپۆرتێکم هەیە دەبێت خێرا کۆمپیوتەرەکەم پێ بکەم و دەست بکەم بە تایپکردن، زۆر گرنگە زوو تەواویان بکەم.
    -ئەرێ ئەم نووسینە نەبڕایەوە؟ خۆى چەند کارەبا هەیە وا بە هێواشیى دەجوڵێیتەوە؟ نووسین هەڵگرە بۆ کاتێکى تر، بەقەڵەم بینووسەرەوە دوایى تایپى بکە، خێراکە بڕۆ بۆ ژوورەکەى خۆت خەریکى ئوتووکردن بە. بەڵام من وردە وردە بەرەو ژوورى دانیشتن رۆیشتم و تەلەفزیۆنەکەم پێ کرد؟ یەکسەر چۆیە سەر کۆنسێرتێکى میوزیکى (یانى) لە وڵاتى چین، لەوکاتەدا دەنگە کۆراڵییەکان بەرز دەبوونەوە، تیپى ئۆرکێسترا لە حەماسى تەواودا بوون، یانى گەرم ببوو هەڵدەبەزییەوە، لەو کاتەدا وتم، ئەڵڵا خۆ ئەوە (یانى)یە، من خەریکى گوێگرتن دەبم لە میوزیک رۆحم زۆر پێویستێتى. باوکم بەرەو لاى من هات و کەمێک سەرى بادا و بە دەنگێکى بەرز وتى:
    -یانى و مانى چى؟ واز لەم جوقە جوقە بهێنە، خێرا بڕۆ ئیشەکانت بکە. کارەبا ئەوەندە زۆرە وا تۆ هیچ ناکەیت و گوێ بۆ ئەم قژ درێژە دەگریت؟. بە خوا هەر لە تەلەفزیۆنەکەوە بێتە دەرێ و لەبەردەممدا میوزیک بژەنێ لەم کاتەدا گوێى لێناگرم.
    +تۆ هەقى منت نەبێت، وا بزانم تۆ بە تەماى ریش بتاشیت، ئەرێ بۆ ناچیت بە لاى کارى خۆتەوە؟.
    باوکم هیچ قسەى نەکرد، بەرەو دەستشۆرەکە بە رێکەوت، ئاگام لێبوو مۆبایلەکەى خۆى کوژاندەوە و هاوارى لێکردین: مۆبایلەکانتان بکوژێننەوە، نەک خوا نە خواستە یەکێک لە ناکاودا تەلەفۆن بکا و کاتەکە بەهەدەر بڕوات، کاتێک بزانى کارەبا باى باى بکات.
    هاوارم کرد: باشە ئەوە مۆبایلەکەم داخست، بەڵام ئەگەر میوانێک هات دەڵێى چى؟.
    +دەمت بشکێت، کوفر مەکە، کوفرى وا بۆ دەکەى؟ بە ئیزنى خوا دواى کارەبا بڕان میوان دێت.
    دایکم لەولاوە غەسالەکەى پێکرد و دەستیکرد بە جل شۆرین (فەردەیەک جلى پۆخەڵمان هەبوو).
    باوکم شیڕاندى: خێرا بڕۆن، بۆیلەرەکە هەڵبکەن با تۆزێک ئاوەکە گەرم بێت، ئەوەبوو من چووم بۆیلەرەکەم هەڵکرد و دواتریش دەستمکرد بە ئوتزوکردن.
    لە پڕ لە زەنگی ماڵەوە درا لەگەڵیدا گرم گرم لە دەرگا دەدرا، دەستم لە کارەکەم هەڵگرت و چووم دەرگام کردەوە. پیاوێکى باڵابەرز بوو وتى: بەڕێز گیان ئەرێ ئەمە ماڵى موختارى گەڕەک نییە؟.
    وتم: نەوەڵڵا، موختارى چى؟ موختار هەر لەم گەڕەکەدا نییە.
    گەڕامەوە بۆ ژوورەوە و بە باوکم وت: شوکر سەلامەت دەرچووین! میوان نەبوو.
    دایکم هەر لەبەردەم خۆیەوە پرتە و بۆڵەى بوو، بە دەنگى بەرز هاوارى کرد و وتى: ئەرێ بزانە کەس ئاگاى لە سەلاجەکەیە دایگیرسێنێ، بە خوا چى تێدایە هەمووى بۆگەنى کردووە.
    باوکم وەڵامى دایەوە: چش.. تو خوا با بۆگەن بکات هەروەک چۆن سەرکردەکانمان کردوویانە.
    دایکم دووبارە وتى: ئەرێ ئەمە کوا پەیوەندیى بەوەوە هەیە؟ تۆ هەر خەریکى فەلسەفەلێدانى.
    لە ناکاو زەنگى تەلەفۆنە نۆرماڵەکە لێیدا، باوکم هاوارى کرد: کەس تەلەفۆنەکە هەڵنەگرێ، ئێستا بزانە کێیە بێ تاقەتە و کارەبایان نییە و حەزى لە دەمەتەقێیە؟ ئەوەبوو زەنگى دووەم لێیدا و هەر هەڵمان نەگرت، دایکم ناڵەى لێ بەرزبۆوە و وتى: بە راست بۆ هەڵیناگرن نەوەک خوا نە خواستە تەعزییەک شتێک بێت.؟!.
    باوکم وتى: تەعزێ نییە و هیچ نییە، بەم کارەبا هاتنەوەیە کوا شەرعییە بچیت بۆ تەعزێ؟ زەنگى سێهەم لێیدا و هەر هیچ، چوارەم زەنگ لێیدا، دایکم بە دەستى کەفاویی و سابوناوییەوە هات و هەڵیگرت، کەمێک لەسەرخۆ و دیپلۆماسییانە وتى: بەڵێ فەرموو.
    لە پڕ هاوارى کرد: (نادیە)ى خوشکمە لە سوێدەوە تەلەفۆن دەکات.
    باوکم بە ساردییەوە وتى: چى لێبکەم، سەلامى لێبکە.
    دایکم وتى: نادیە گیان چۆنى؟ منداڵەکان چۆنن؟ ئەوە بۆ ماوەیەکە دەنگت نییە؟
    نادیە: زۆر باشم، ئایا ئێوە باشن؟ من عەیبم نییە ئەگەر ئێوە خراپ نەبن.
    دە دەقیقە زیاتر قسەیان بەیەکەوە کرد، ئەوەبوو داواى باوکمى کرد و هەندێک قسە و باسیان بە یەکەوە کرد ئەوجا نۆبەى من هات:
    -پورە نادیە گیان توخوا ئێستا ئێوە لە سوێد کارەباتان هەیە؟.
    +کوڕە ئەوە تۆ دەڵێى چى؟ بە سانییە چییە لێرە کارەبا ناکوژێتەوە.
    -ئەرێ سووتەمەنى و ئاو و بەنزین و غاز و شتى وا چۆنە، دەست دەکەون؟.
    +لێرە ئەو کێشانە نییە، کێشەى ئێمە ئەوەیە کەمێک هەست بە نامۆیى دەکەین.
    -ئەى لێرە بێکاریى و گەندەڵیى و بێ خانوویى و سواڵکردن و شەو لەسەر جادە خەوتن هەیە؟.
    +نەخێر، شتێکى وەها نییە شیاوى باسکردن بێت.
    -ئەى پورێ گیان بۆچى نامۆیت؟ خۆ لەکوردستان بیت دە هەزار ئەوەندە نامۆترت دەکەن.
    +نا وانییە، کوردستان گۆڕاوە، لە کەناڵى کوردسات و زاگرۆسەوە دەیبینم خۆش بووە.
    -کوڕە کوا؟ تڕحێو لەم خۆشییە، ئەگەر خۆشیى وابێت توونى بابا بچێت.
    +ئەى ئەوە نییە شارى خەونەکان و نازسیتى و ئەو شتانە دروست دەکرێن؟.
    -بۆ مادام گیان هەموو بنەماڵەکەت تا دەگاتەوە ئادەم دەتوانێ چوار چین لەو خانووانە هەڵستێنێ؟.
    +بۆ ، بۆ؟ ئەرێ جگە لەوە ئەو هەموو هۆتێلە جوان جوانانە نابینى دروستى دەکەن؟.
    -با دەیانبینم، ئەوانە بۆ هارونە ڕەشید و شاگردەکانێتى، خۆ بۆ من و تۆ نییە، لەوێ قڕقێنەیەک سەد دۆلارى تێدەچێت، ئەوە باسى بۆفیەیەک هەر مەکە.
    +بەخوا تۆ زۆر رەشبینیت، ئەى لەگەڵ کارى نووسین و شتى وادا چۆنیت؟.
    -باش نیم، لەبەر چرا و رۆشنایى مۆمدا دەنووسم، فەزاکەم ئەوەندە عیرفانییە هەر دەڵێى (نالی)م، بەخوا لە مەودوا بەپەڕ و مرەکەب لەسەر چەرم و پێستە دەنووسم، دنیاکەى ئێمە گەڕاوەتەوە بۆ دواوە، جارى وا هەیە لەبەر نوورى شەمعێکدا هەست بەوە دەکەم شەش خولەکى تر نیگا (وحى)م بۆ دێت.
    +لە قسە زلەکانت نەکەوتوویت، قەت ئەم رابواردنە تەرک ناکەیت.
    -ئەرێ تو ویژدانت ناهەقمە؟ کارەبا هەردەڵێى ترافیک لایتە، کەس نازانێ کەى و چۆن هەیە.
    باوکم لەولاوە هەڵیدایە: کوڕە کەر مەبە، سەد خۆزگە ترافیک لایت بوایە، بەس نەبوو دەقیقەیەک دەهات و دەقیقەیەک دەبڕا، کەواتە لە 24 کاتژمێردا دوانزە کاتژمێرمان دەبوو خۆ کارەباکەى ئێمە بە ناشکوریى نەبێت لە سەعاتێک زیاتر نییە.
    +ئەوە چییە و کێیە قسە دەکات؟ ئایا میوانتان هەیە؟.
    -نا.. نا.. ئەوە باوکمە.. ها بتدەمێ قسەت لەگەڵ بکات، من جارێ خواحافیز و بە نیازى دیدار، باوکم گوێى بە تەلەفۆنەکەوە ناو گوتى:
    -ها.. نەچن خۆتان بێ عەقڵ بکەن و بێنەوە بۆ کوردستان، شتى وا نەکەن ها..
    +نا.. نا.. منداڵەکان هەر نایەنەوە، تازە ئێرەمان باشترە.. ئا.. ئا.. ئێرە بۆ ئێمە باشترە.
    کەمێکى تر باوک و دایکم قسەیان لەگەڵدا کرد و دوایى خواحافیزەیان لە یەکترى کرد، هەریەکە چووینەوە سەر کارەکانمان، ئەوەندەم زانى دواى 53 خولەک لە هاتنەوەى کارەباکە، تەزووەکە و رووناکى گڵۆپەکان بە کارەساتێکى دڵتەزێن ماڵئاواییان لێکردین.
    دیمەنى دواى کارەبا بڕانەکە بەم جۆرە بوو: (پانتۆڵەکەم ئووتو کراوە، بەڵام چاکەتەکەى نا، دایکم نیوەى جلەکانى شۆردووە و نیوەکەى تر نا.. بەڵام قەباعەتەکە لاى باوکم بوو لایەک لە سمێڵ و ردێنى تراشى بوو لایەکى ترى مابوو..). دایکم دەسى بەرز کردەوە بۆ باوکە میهرەبانەکەى ئاسمان و بە دەم نزاوە وتى: خودایە تەمەنى حکومەتەکەمان بە قەد تەمەنى ئەم کارەبا هاتنەوەیە کەمبکەرەوە.
    باوکم بە هێمنى و بە زمانێکى نەرم وتى: لە لاى خوا و لە ئاسمانیش کارەبا هەبێت باشە، ئەگینا ئەویش تاقەتى نابێت گوێ لە نزا و شەکواکانت بگرێت.
    دایکم بەرەو لاى من هات و وتى: بەخوا ئەمە ژیان نییە، لە چلەى هاویندا بەرمیلێک نەوت بە 100 دۆلار بێت ئەى ئەگەر بەفر دابکات؟ لەولاشەوە دەست دەبەیت بۆ هەر شتێ بیکڕیت وەک دووپشک پێوەت دەدات، جگە لەمەش لە زستان و پایزدا بە شەوەکە کارەبا هەبێت قەینا بە رۆژ، بەڵام ئەمساڵ هاوینەکەشى هەر نەهات بوو.
    باوکم لەولاوە هەڵیدایەوە و وتى: ئەرێ ژنەکە بۆ ئەوەندە بێ عەقڵى، کارەبا بۆ هەموو کاتێکە خۆ وەستا ئەدیسۆن کاتێ دروستیکرد نەیووت تەنیا بۆ هاوین وتى بۆ زستانیشە. بەڵام وەستا ئەدیسۆن مۆلیدەى دروست نەکرد، ئەوە وەستا مەسئولەکانن بەدەستمایەکەى ئەدیسۆنەوە کاسبى دەکەن و سوو دەخۆن. ئیدى باوکم لەبەر چرا ریش تاشینەکەى تەواو کرد، بەڵام کە سەیرم کرد دەتووت ئیمامى عەلى شمشێرى لێداوە لە چواردە پانزە لاوە دەموچاوى خۆى بڕى بوو..
    باوکم بە چرایەکەوە بەرەو ژوورى دانیشتن هات و رووى دەمى کردە دایکم و وتى:
    ئەرێ بیستوتانە پیرەژنێک وتوویەتى رەحمەت لە گۆڕت ئەدیسۆن ئەگەر تۆ نەبوویتایە دەبوایە لەبەر شەوقی چرا سەیرى تەلەفزیۆنمان بکردبایە..
    دایکم لێوێکى لێ هەڵقرچاند و وتى: توخوا ئەمە نوکتە بوو؟ زۆر کۆنە و زۆریش ناخۆشە. بەڵام من بیستوومە دەڵێن پیرەمێردێک بووە (دیار بوو دایکم پێى ناخۆش بوو سیفەتى خراپ بخرێتە پاڵ ژن).
    باوکم وتى: نازانم بەڵام بێ کارەبایى زۆر شت لە یاد دەباتەوە پیرەمێرد و پیرەژنیشت لێ تێکەڵاو دەکات، توخوا وا نییە؟.
    ئیتر هەر دواى فجوقى کارەباکە ئێمەش وەک دەرئەنجامەکەى فیلمى (هالەو ئەمریکا)ى عادل ئیمام دەست بەتاڵ دەرچووین و هیچمان بۆ نەکرا. ئەوەبوو باوکم گەڕایەوە بۆ لاى شەوچەرەى شەو و هەقایەتى مێبازیى مەسئولەکە.
    تا کاتى خەوتن و تا ئەو کاتەى ژنە لادێیەک بە نەعل لە دەم و چاوى کاک مەسئول دەدات و تەبعى نەعلە ژمارە (چل و چوارەکە) لەسەر دەم و لووتى دەردەچێت باس هەر باسى ئەو برادەرە کۆڵنەدەرە بوو، ئیدى دوایى ئەمە خەوتین بەڵام من شەو خەونم بینى 24 کاتژمێرى خشت لە خەونمدا تێپەڕى و کارەباش نەبڕا، سەیرە و پەرچوویەکى سەردەمە. وەلێ ئەگەر حکومەتى هەرێم پێى بزانیبا لە خەونەکەشدا تۆزێکی لێ دەکوژاندینەوە.

تێبینی: ئەم تەنزە دیالۆگێکی وەهمییە کە گوزارشت لە واقیعێکی تاڵی ئەوێ رۆژی و ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان دەکات.
پایزی 2006

ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم

Previous
Next
Kurdish