Skip to Content

گرنگییه‌كانی دیالۆگ لە چیرۆکی منداڵاندا.. رەزا شـوان

گرنگییه‌كانی دیالۆگ لە چیرۆکی منداڵاندا.. رەزا شـوان

Closed
by حوزه‌یران 12, 2021 General, Kids Literature

دیالـۆگ یا (گفـتوگـۆ) یەکـێکە لە کۆڵەکەکـانی بنیاتنـانی چـیرۆک بە گـشتی و چـیرۆکی منـداڵان بە تایبەتی. کە گرنگی لە گـرنگی و بایەخی کۆڵەکەکانی تری چـیرۆکی منداڵان کەمـتر نییە. دیالـۆگ لە پـاڵ وەسـف و گـێڕانەوەی چـیرۆک، کەرەستەیـەکی بەهـێزە و گـاڵـتەی پێناکـرێت. بـۆشـاییەکی فـروان لە بنیاتـنانی چـیرۆکی منـداڵان پـڕدەکـاتەوە و زیندووییەکی زیاتریش بە چیرۆک، چـێژ و خۆشییەکی زیاتریش بە منداڵان دەبەخشێ و لە بێـزاریی خوێندنـەوە دووریـان دەخـاتـەوە.
لە دیـدی منـداڵانەوە، دیالـۆگ زیـاتر چـیرۆکەکـان لە راستییەکـانەوە نـزیـک دەکـاتەوە، بیرۆکەی چیرۆکەکانیش زەقتر دەکاتەوە و رووداوەکانیش بەرجەستە دەکات. دیالـۆگ هەسـتەکـان و کاردانەوەکـانی نـاو دەروونی کەسایەتییەکـانی چـیرۆکەکـان دەردەخـات.
دیالۆگ هۆیەکە لەو هۆیانەی کە چیرۆکنووسانی منداڵان لە وێنەکێشانی کەسایەتییەکانی چـیرۆکەکانیاندا پشتی پێـدەبەستن. چونکە رۆڵی کەسایەتییەکـان لە میـانەی گفـتوگـۆ و ئاخـاوتن و دەمەتـەقـێـدا دەردەکـەون.
زارەوەی (دیالۆگ) بریتییە لە گفتوگۆ لە نێوان دوو کەسدا یا زیاتر لە دوو کەس. دەشێ کەسایەتییەکانی چـیرۆکەکانی منـداڵان هـێمایی بن، ئـاژەڵ و خـشۆک، باڵنـدە، پەپـوولە، گوڵ، هەنگ، دار و رووەک، کـێو و بەرد، با، خۆر، مانگ، ئەستێرە، رووبار،… بـن.
دیالـۆگ، شێوازی بیرکردنەوە و هـزری کەسایەتییە گڤتۆگۆکەرەکان و رۆڵ و شـێوازی ژیانـیان دەنـۆێنێت. دیالـۆگ شـیرینی و چـێژ و گەشیـیەکی زیـاتر بـە چـیرۆکی منـداڵان دەبەخـشێت. کە منداڵان دەبینن کەسایەتییەکانی ناو چـیرۆکەکان لە گفتوگۆ و مشتومڕن و بەرەنگاری یەکتری بوونەتەوە. وەک ئەوەی وێنەی رووداو و هەڵوێستێکی راستیبن لە ژیـانـدا. گـوێ دەگـرن تا بـزانـن رووداو و هەڵـوێستەکان بەچـی و بە کـوێ دەگەن.
دیالـۆگی سووک و ئاسان و جـوان و شـیرین و ورد داڕێـژراو لە چیرۆکەکانی منداڵان، سەرچـاوەیەکی گرنگە لە سەرچاوەکانی چـێژ و خۆشی و و سوودبەخشین بە منداڵان.
گـێڕانەوە: بریتییە لە گواستنەوەی رووداو و هەڵـوێستەکان، لە وێنەی راستییانەوە، بۆ وێنەی زمـانی. بە جۆرێکی ئەوتۆ کە خوێنەر وا خەیاڵ و بیردەکاتەوە کە دەیان بینێت.
شـێوازی گـێڕانەوە لە چیرۆکی منـداڵانـدا، ئەو شێوازە باوەیە، کە نووسەرانی چیرۆکی منـداڵان، لە داڕشـتن و گەیانـدنی بیـرۆکەکانیانـدا بە خوێنەرانی منـداڵانیان دەگەیەنن، کە لە پـاڵ دیـالـۆگ و وەسفکـردنـدا بەکـاری دەهـێنن.
گەر تـۆ چـیرۆکـنووسێکی منـداڵانی کوردمانی. ئەوە دەزانیـت کە داڕشـتنی دیالـۆگ بە وردی و جـوانی و دروسـتی، کـارێکی هەمیـشە ئاسان نییە. بۆ ئەوەی کە چـیرۆکێکی جـوان و پوخـت و بەسـوود بۆ منـداڵانی کوردمـان بنووسـیت، بتوانیت وەکو رووداو و بەسەرهاتێکی راستی وێنەی بکێشیت و دایبڕێژیت و پێشکەش بە منداڵانی بکەیـت، تا پەسەنـدی بـکەن و چـێژ و خـۆشی و سـوود لە چـیرۆکـەکەت وەربـگـرن. پێـویستە لە هەموو روویەکەوە، داڕشتن، زمانەوانی، هـونەری، بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی و مـەرج و بنەماکـانی چـیرۆکی منـداڵان، لێکـدانەوەی ورد بـۆ چـیرۆکەکانت بکەیـت. ئەگـینا زوو کاڵـدەبنەوە و لەبیـردەچنـەوە و بەبێ هـۆگـری و ئاشـنایی سەردەنێـنەوە.
بۆ ئەوەی چیرۆکێکی پوخت و شیرین بنووسن کە نزیک بێت لە راستییەوە، دایالۆگ و قسەکانت گونجـاوبن و لەگەڵ تەمەنی منـداڵانـدابن، بە راستیش گوزارشت لە بیر و لە فەرهـەنگی زمانی منـداڵان بکەن، دەتـوانن سـوود لەم چەنـد پێویستییانە وەربگـرن:
١ـ زۆر گوێگـرتن لە گفتوگـۆ و لە قسەکانی منـداڵان و بیرکـردنەوە وەکو ئـەوان. دەشێ هەوڵـدان بۆ نووسینی دیالۆگێکی سروشتی و دروست، کارێکی قـورس بێت لە چیرۆکی منداڵان. پێویستە ئەوە بزانن، کە کەسایەتییەکانی چیرۆکەکانتان، بیر لە چی دەکەنەوە و چی دەڵـێن و چـۆن گوزارشت دەکەن. پێش ئەم نووسینەم، کۆمەڵـێک چـیرۆکی کوردیـم خوێندەوە کە بۆ منداڵان نووسراون. لە نووسینی چیرۆکنووسانی ناسراوی کوردمان کە ئەو چـیرۆکانەیان بۆ منداڵان نووسیون. تێبینی ئەوەم کـرد کە بەشـێک لە دیالۆگەکانیان سروشتی نین و نەگونجاون و زیادە رۆییان تیاکردوون. لە قسەی راستی منداڵان ناچن.
تەنیا رێگا بۆ ئەوەی هەست بە دیالۆگێکی سروسشتی و گونجاوی نزیک لە راستییەوە بکەن و چیرۆک بۆ منداڵان بنووسن. پێویستە گوێ لە منداڵان بگرن، تا بزانن کە چۆن دەدوێن و چـۆن گفـوگـۆ لەگەڵ یەکتریـدا دەکەن. هەرگـیز لە گـوێگـرتنیان بێـزار مەبـن. چونکە راستی و دروستییەکـان لە زاری خودی منـداڵانەوە دەبیستن و وەریـان بگـرن.
خۆ ئەگەر هێشتا سەڵتن و بوخچەی نەکراوەن و هاوسەرگیریتان نەکـردووە و منداڵتان نییە و نەبـوونە بە دایـکان و باوکـان. یا پەروەردەکـار و دادە و مامۆسـتانین. یا مـام و پـوور نین. بە هـیچ شێوەیەک پەیوەندی و تێکەڵیتان لەگەڵ منداڵاندا نییە. دەتوانن بچنە هـەر شوێنێک کە منـداڵانیان لێ هـەیە، لە جیهـانە وەنەوشەییە سەیر و سەمەرەکەیان نزیک ببنەوە، کە پڕە لە خەونی سەوز و لە هـیوا و راز و نیازی پاک و بێگەرد. پڕ بە دڵتـان و بە هـەوەسی خـۆتـان گوێیـان لـێبگـرن، بزانـن کە چـۆن بە سروشتی و بەبێ رتـوش و ئارایـش دەدوێـن و گـفتـوگـۆ و ئاخـاوتن لەگـەڵ یەکـتریـدا دەکـەن.
وێنەکـێشێکی ئیتاڵی پسـپۆر لە بـواری شـێوەکاری منـداڵان، دەڵـێت: تا نەچـوومـە ناو منداڵان و وەک ئەوان لەسەر سک لەسەر زەویدا رانەکشام و بە تەباشیر وێنەم نەکێشا، لە راستی و سادەیی منداڵان و لە هونـەر و راستیی وێنەکێشانی منداڵان تێنەگەیشتبووم. بۆیـە هـێڵـێکی راسـت و چـەپـم بەسەر را و بۆچـوونەکـانی پێشترم، دەربـارەی وێنـەی منـداڵان هـێنا و لەسەرەوە دەسـتم پێ کـرد.
ئەکتەری کۆمیـدی جیهـانیش (چـارلی چـاپلن) دەڵـێت:” من میهـرەبـانی لە منـداڵێکەوە فـێربـووم. کاتێک کە بینـیم لە دەفـتەری وێنەکێشانەکەیدا، خۆری بە ڕەنگی رەش بۆیە کـردبـوو، تا بـاوەکە کریـکارەکەی لە ئیشەکەیـدا ئـارەق نەکـات”
تێکەڵبوونتان لەگەڵ منداڵان، ئەو بوارەشتان بۆ دەرەخسێنێت، کە بۆ نووسینی دیالۆگی چیرۆکەکـانتان، سـوود لە وشەکـان و لە فەرهـەنگی منـداڵان وەربگـرن. کە زمـانێکی ساکار و شیرین و نەرمی خۆیـان هەیە. بۆ نموونە: ئایا وشەی”حەپەلـۆشی کـرد” بە لاتـانەوە شـیرینتر نییە لە وشـەی”خـواردی”؟.
٢ـ رەنگە دوو منـداڵ لە زۆر رووەوە، وەکو یـەک نەبـن، بێگومان لە نێـوان منداڵانـدا جیـاوازی تاکی هـەیە، با لە تەمەنێکـشدابن. دەشێ منـداڵـێک زۆرزانتر و هـۆشیارتر و زمـان پارواتـر بێت و دانەمێنێـت، بەڵام منـداڵێکی تر زۆرزان نەبێـت و کەمـدوو بێت و فەرهەنگی وشەکانی سنوورداربن. واتا سروشتییە کە کەسایەتییەکانی چیرۆکەکانیشتان وەکو یـەک نەبـن. بەڵام پێـویسـتە زیـاتر گـشتی لە چـیرۆکەکـانتانـدا رەنگبداتـەوە، نـەک نموونـەیی و تایبـەتی.
٣ـ بۆ نووسینی دیالـۆگ، دەتـوانن سـوود لە ئەزمـوونی چـیرۆکنووسانی تر وەربگـرن، کە چیرۆکیان بۆ منـداڵان نووسیون و دەنـووسن. دەشتوانـن وەک سەرچـاوە، سـوود لە پەرتووک و تەلەفـزیۆنەکان و لە ئینتەرنێـت و لە شانـۆ و سینەمای منـداڵان وەربگرن. بەڵام پێویستە ئامـاژە بـەو سەرچـاوانە بـدەن کە کـەم یا زۆر سوودیـان لێـوەردەگـرن.
٤ـ وەکو وتمان گـرنگی دیـالـۆک لە گـرنگی رەگەزەکـانی تـری چـیرۆک کەمتـر نییە. لە نووسینی چـیرۆک بۆ منداڵان، شتە لاوەکییەکان بەڵاوە بنێن. هـێندەش مەچـنە قـووڵایی بابەتەکانەوە و منداڵان بێزاربکەن. شتی بێ سوود و زیادە مەئاخنێنە ناو چیرۆکەکانتان. تا چـیرۆکەکانتان لاواز و بێ سـوود نەبن.
٥ـ زیـادەڕۆیی بە دەمی منـداڵانەوە مەکـەن و قـسەی زل و داتـاشرا و واتاشـارەوە بە دەمیانەوە هەڵمەبەستن. پێویستە دیالۆگەکانتان بەپێی تەمەنی منـداڵان بن و گوزارشت لە بیر و توانای راستی منداڵان بکەن. ئەو وشە و رستانە بنووسن، کە لە زاری خودی منـداڵانەوە گوێتـان لێیـان بـووە. پێـویستە وەکو منـداڵان بیـربکەنەوە و دیالـۆگەکـانتان بنووسن. بۆ نموونە ئەم گۆزارشتە بە دەمی منداڵێکی (٦) ساڵانەوە کە لە باخچەکەیاندا لەبەر هەتاو دانیشتووە و تینوویەتی:” دایکە گەر ئەزێت نییە، پەرداخێک ئاوم بۆ بێنە، خەریکە لە گەرما هەڵپڕووکێم” ئەم وشانە بە دەمیی منداڵێکی ئەو تەمەنەوە، دروست و گونجاو نین و هەڵبەستراون و زیادەڕوویی تیـادایە. گەر چـیرۆکنووس بینووسیایە:
“دایکە ئاو دەخۆمەوە.. گەرمامە” پێموایە راست و گونجاو دەبوو. گەر ئەو وشانە و رستانەی بە دەمی منداڵێکی (١١) ساڵانـەوە بینووسیایە، دروست و گونجـاو دەبـوون.
٦ـ چیرۆکەکانتان بۆ منداڵان بگێڕنەوە یا بخوێننەوە. تا بزانن تا چ راردەیک بە لایانەوە پەسەنـدن و چـێژیان لێـوەردەگرن و چ کاردانەوەیەکیـان هـەیە. ئەمەش کارێـکی زیـاتر پراکـتیکییە، بە تایبەتیش لەگەڵ منـداڵانی هەراشدا، چونکە بە زۆری دەتـوانن بە را و بۆچـوونەکـانی خۆیـان، چـیرۆکەکـانتان هەڵبسەنگـێنن و تێبینی و رەخنەکـانیان پێـتان بڵـێن. تا خـاڵە بەهـێز و لاوازەکانی چـیرۆکەکـانتان بـزانن.
٧ـ ئەوە بزانن، هەر ئەوە نییە کە منـداڵان گەورە نین و منداڵـن. بەڵکو ئەوەش بزانن کە ئەوان وەکو گەورەکـان بیرناکەنەوە و وەکو ئەوانیـش نادوێـن و گـوزارشت ناکەن.
٨ـ پێویستە وشەی ئابستراکی “موجەرد” بەکار نەهـێنن. کە منداڵان توانای تێگەیشتن و لێکدانەوەیـانی نییە. لێکوڵینەوەکان دەربارەی دەروونی منداڵان، جەخت لەسەر ئەوە دەکەن، کە منداڵان لە چەمکی ئابستراکی و لە رستەی ئاڵۆز تێناگەن. منداڵان لە وشەی سـووک ئاسانی مانـا زانـراو و رسـتەی کـورت و سادە تێـدەگـەن و وەریـان دەگـرن.
٩ـ بۆ ئەوەی ئەوە بزانـن و لە منـداڵان تێبگەن، کە بیـر لە چی دەکەنەوە و چی دەڵـێن، لە تەمنـە جیـاوازەکانی منـداڵیدا. هـەر چـوار قـۆنـاغـەکەی گەشەکـردنی زانستی بـزانن. کە زانـای ناسراوی دەرونناسی منـداڵان (ژان پیـاژە) داینـاون.
مەرجەکانی دیالـۆگ لە چـیرۆکی منـداڵاندا:
١ـ پێویستە کورت و سووک و گونجـاو و بەسوودبـن. دووریشـبن لە زیـادەڕۆیی.
٢ـ پێویستە دیالـۆگەکـان لەگەڵ رەگـەزەکـانی تری چـیرۆکی منـداڵانـدا بگـونجـێن. گۆنجاویشبن لەگەڵ هەڵوێست و رووداوەکان. گوزارشت لە سروشتی کەسایەتییەکان بـکەن، نـەک لە سروشتی خـودی نووسـەران.
٣ـ نابێـت چـیرۆکنووسانی منـداڵان، لە میـانەی دیالـۆگەکانی چـیرۆکەکانیانەوە، خۆیان هـەڵبقـورتێنن و بە زاری منـداڵانەوە ئامۆژگـاری و ئاراستە و رێنمـایی بکەن. ئەگـینا بایـەخی چـیرۆکەکـانیـان لەدەسـتدەدەن و وەکو چـیرۆک چـێژیـان نامێنـێت
٤ـ پێویستە دیالۆگەکانی چیرۆکەکان بۆ منداڵان سروشتی بن. ئاڵۆز و ناپەسەند نەبن. هـزر و هـۆش و بیـری منـداڵانی گـوێگـر و خوێنـەر، ببن بە ئـیلهـامی نووسینیان.
٥ـ پێویستە چیرۆکنووسان، لە نووسینی دیالـۆگ بۆ چـیرۆکەکانی منـداڵان، رەچـاوی خاڵـبەنـدییەکـان بکـەن. گـرنگە کە بە راستی لە شوێنـەکـانی خـۆیـانـدا دایـان بنـێن.
رەزا شـوان
نەرویـج: ١٠/ یۆنـیۆ/٢٠٢١

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress