بە سادەیی، باسەکە هاتنە مەیدانە بەرامبەر گرانی و برسێتی!.. کامل احمد
گرانی و برسیەتی، ئەو مۆتەکەیەی کە هەر ڕۆژە بەسەر سەری خەڵکی تەواوی گۆی زەویدا دەخولێتەوەو قوربانییان لێدەگرێت. تەواوی دانیشتوانی جیهان کەوتوونەتە بەر ئەم هێرشە تۆقێنەرەی نیزامی سەرمایەداری و هەموویانی لە دڵەڕاوکێیەکی قووڵدا ڕاگرتووە لە بەرانبەر ئایندەی خۆیان و خێزانەکانیان و تەنانەت مانەوی فیزیکیشیان لە هەندێک شوێنی جیهاندا.
قەیرانی ئابووری سەرمایەداری جیهانداگرە، هەر بۆیە دەرهاتە و پێشهاتەکانیشی جیهانگیردەبێت و بووە، بەڵام ئەوەی کە لە قەیرانی ئەم جارەدا و بە تایبەتی لە کاتی پەتای کرۆنا و دوواتریش شەڕی ڕووسیا و ئەمریکا و ناتۆ لە ئۆکرانیادا دەبینرێت ئەوەیە کە قووڵبوونەوەی ئەزمەکە و کاردانەوەکانی تەنها بە ووڵاتە بە ناو هەژارنشینەکانەوە نەوەستاوە، بەڵکو خودی ووڵاتانی زلهێز و بە تایبەتیش خۆرائاوا، بەشی شێریان بەردەکەوێت. هەر بە پێی ئەو ئامارانەی کە بورژوازی و دامودەزگاکانی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، ئەم ڕێژەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە و لە هەندێک ووڵات لە ١٠ ٪ نزیک بۆتەوە و بە هاتنی زستان و قووڵبوونەوەی قەیرانی گاز و سووتەمەنی واچاوەڕواندەکرێت کە ئەم ڕێژەیەش تێپەڕێنێت.
ئەم قەیرانە لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە دەستی پێکردووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تووندتردەبێتەوە. بە هاتنی پەتای کرۆنا و شەڕ لە ئۆکرانیادا قووڵتردەبێتەوە و بورژوازی جیهانی دەیەوێت بە ئارایشی جیۆسیاسی تازەوە لێی بێتە دەر بۆ ئەوەی تێیپەڕێنێت. هاوکات ئەوەی کە دەبینینین جیهانی یەک جەمسەری نەماوە و سەرانی سەرمایەداری خۆشیان ئامادەنین کە مل بەم یەک جەمسەرییە بدەن و جەمسەرەکان لە حاڵەتێکی مۆلەقەییدان و هێشتا خۆیان ساغ نەکردۆتەوە بە تەواوەتی کە لە نێوان دوو گەورە زلهێزی ئەمڕۆی جیهاندا، چین و ئەمریکا، سوکانەکەیان بە چ لایەکدا وەردەرچەرخێنن. ئەمەش دەکرێت وەکو یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەمڕۆی جیهانی سەرمایەداری سەیربکرێت کە قۆناغێکی ڕاگوزەرە. هەردوولایان لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەو ووڵاتانە بەلای خۆیاندا ڕابکێشن کە قورساییەکی زیاتریان هەیە.
ئەوەی کە زیان لێکەوتووی یەکەمە لەم هەلوومەرجەدا پڕۆلیتاریای جیهانە کە بە دەست برسیەتی و گرانی لە ڕادەبەرەوە دەناڵێنێت و توانای کڕینیان کەمبۆتەوە تەنانەت بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیشیان چ جای دەگات بە خۆشگوزەرانیەکان. هەموو ئەم هێرشە دڕاندانە و بەربەریەی سەرمایەداری جیهانی لە ژێر ناوی هەڵئاوسان و وەڵامدانەوە بەم هەڵئەوسانە بەڕێوەدەچێت کە دەیان تیۆرییان بۆ داتاشیوە و دەیان زوڕناژەن و شیکەرەوەی ئابوری و سیاسییان بۆ هێناوە کە هەموویان لە سەری دارایی یەوە شیکاری بۆ دەکەن و لێکی دەدەنەوە کە جگە لە هەڵەوەڕییەک هیچی تر نییە. لە یەک ووشەدا پڕۆلیتاریا ناتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی لە بازاڕی سەرمایەدا بکڕێت و بورژوازیش ناتوانێت کڕیاری تەواو بۆ کاڵاکانی پەیدابکات. بۆیە باسی سەرەکی بۆ پڕۆلیتاریا کرێ یە بۆ ئەوەی بتوانێت وەڵامی گرانی و برسیەتی پێبداتەوە کە بەرۆکی گرتووە.
وێڕای شاردنەوە و بچووکردنەوە و بە کەم نیشاندنانی ناڕەزایەتییە جیهانییەکان لە لایەن میدیاکانی بورژوازییەوە، بەڵام هێشتا ناتوانرێت نادیدە بگیردرێت. هەر لە چاوی میدیاکانی خۆیانەوە ئێمە گەواهی لەسەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هەفتانە و بەردەوامین لە چەندین شار و پایتەختی جیهان و بە تایبەتیش لە ئەوروپا کە یەکێکە لە زیانلێکەوتووە ڕاستەوخۆکانی شەڕ لە ئۆکرانیادا. هەفتە و ڕۆژ تێناپەڕێت کە پڕۆلیتاریای ئەوروپا لەبەرامبەر ئەم گرانی و برسیەتیەدا بە ڕیزی هەزاران و ملیۆنی خۆی نەیەتە مەیدان. هاتنەمەیدانەکانیش ئەگەر شێوازی جیاواز بگرێتەبەر و لە هەر شارو ووڵاتێکدا بە شیعارێکەوە بێتە مەیدان، جارێک دژی شەڕ و جارێکی تر دژی گرانبوونی نرخی ووزە و سووتەمەنی و جارێکی تریش داوا بکات کە وڵاتە گەورەکانی وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ناتۆ بکشێنەوە یان کرێکارانی مەیدانە جۆراوجۆرەکان مانگرتن ڕادەگەیەنن، هەر هەمووی هاتنە مەیدانە لە بەرامبەر گرانی و برسیەتی دا.
کەواتە بزووتنەوەیەکی پڕۆلیتەری گەورە لە مەیداندایە و لە زۆر جێگای جیهاندا خۆی نیشانداوە و دەتوانین بڵێین کە هیچ کاتێک پڕۆلیتاریا بەم بە هێزییە خۆی نیشان نەداوە و نە هاتۆتە مەیدان، بەڵام پرسیارە گەورە و گرێییەکە ئەوەیە کە بۆ تا ئێستا بە جێگایەک نەگەیشتووە؟ ئەگەر پڕۆلیتاریا نەتوانێت، خۆی ڕێکخراو یەکگرتوو بکات و هاوچارەنووسی ئینتەرناسیۆنالیستی و چینایەتی خۆی دەستەبەر بکات، خەباتی ئەمڕۆی ئەگەر ببێتە هۆی ڕووخاندنی حکومەتەکانی ئەوروپاش -نەک دەوڵەت- ناتوانێت دەستکەوتێکی گەورە بۆ پڕۆلیتاریا دابین بکات. بەڵام ئامانجێکی ئاوەها پێویستی بە بەدەستهێنانەوەی ئەو ئاگاییە سۆشیالیستییەیە کە بە تێپەڕینی کات لێی سەندراوەتەوە و لێی زەوتکراوە. ئاگاییەک کە ئەگەر تەنانەت لە چەند ووڵاتێکیشدا بێت بتوانێت کۆمەڵەیەکی سۆشیالیستی لە دەوری ئەم خواستە سەرتاپاگیرییەی خۆی پێکبهێنێت و بچێتە شەڕی یەکلاکەرەوەی خۆی لەگەڵ سەرمایەداریدا جا لە هەر یەکێک لە ووڵاتە گەورە سەرمایەدارییەکاندا بێت. ئەگەر نا، ئەوا وێڕای بە دەستهێنانی هەندێک خواست و سەپاندنی پاشەکشەیەکی کاتی بە سەر سەرمایەداریدا ناتوانێت پرۆڤەی دەسەڵاتی خۆی بکات وەک لە کۆمۆنەدا بینیمان.
خۆرئاوا و بە تایبەتی ئەوروپا خۆریان لە ئاوابوون نزیکبۆتەوە، ئەگەر ئەم ئاوابوونە لە سەر دەستی پڕۆلیتاریای یەکێک لەم ووڵاتانە و بە یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی لەگەڵ پڕۆلیتاریای جیهاندا بچێتە پێش ئەوا تروسکاییەک بۆ ژیانێکی باشتر و شایستە بە ئینسان لە تەواوی جیهاندا دەستبەردەبێت. قۆناغی ئەمڕۆی شۆڕش تەنها شۆڕشی پرۆلیتاریایە و هیچی دیکە. هێزی پڕۆلیتاریای یەکگرتوو پێشڕەو پێویستە ڕیزی چینایەتی خۆی لە تەواوی بزووتنەوە بورژوازییەکان بە لیبراڵ و دیموکراسی و دیموکراسی ڕۆژئاوایی و ناسیونالیزم وئیسلامیزم جیابکاتەوە. بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو و ڕیکخراوی ئاوەها پێویستی بە حزبی پڕۆلیتاریا خۆیەتی . ئەمڕۆ لە هەمانکاتدا هەم شۆڕش بۆتە مەسەلەیەکی بابەتی ئەم قۆناغە و هەم پێکهێنانی حزبەکەی، یەک ئامانج و یەک جیهانبینی. لەم نێوەدا ئەرکی ڕۆشنبیرانی پڕۆلیتاریە و هەموو ئەوانەی کە خۆیان بە پارێزەی بەرژەوەندییە چینایەتیەکانی پڕۆلیتاریا دەزانن، کە لەم نێوەدا و بۆ ئەم مەبەسەتە، وە تەنها بۆ ئەم مەبەستە، ڕۆڵی دیاریکراو و مێژوویی خۆیان ببینن.
٢٥.٠٩.٢٠٢٢