Skip to Content

بۆچی دەبێت شارەزای فەلسەفەی مۆڕاڵ بین؟..  ئازاد شکور

بۆچی دەبێت شارەزای فەلسەفەی مۆڕاڵ بین؟.. ئازاد شکور

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 19, 2021 General

فەلسەفەی مۆڕاڵ(ئەخلاق) لقێکی فەلسەفەیە، کە ئەرکی گرنگیدان و توێژینەوەو وردبوونەوەیه لە پرسە ئەخلاقییەکان. زاڵبوونی مرۆڤ بەسەرتەواوی زیندەوەرەکانی ترو دەخالەتی مرۆ لەسەر سروشت ئەرکێکی هەنووکەیی بوو، بەڵام “فەلسەفەی ئەخلاق” هەوڵ دەدات تێگەیشتنێک بخاتە گەڕ تاکو بەر بەکۆمەڵێک بەریەککەوتن بگرێت.

فەلسەفەی ئەخلاق بە ئەرکی خۆی دەزانێت دەستێوەردان بکات لەو پرسانەی پەیوەستن بەهەڵسوکەوتی تاک و کۆمەڵگا بەشێوەیەکی تەندروست، هەرچەند لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا؛ لەسەر دوو بنەما پرسە ئەخلاقییەکان دیاریکراوە، ئەوانیش: (دین و نەریت)ن، بەڵام سنوری فەلسەفەی ئەخڵاق فراوانترە و فرە کایەو فرە ڕەهەندیشە. سەرباری ئەمەش هەندێک بنەمای هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە بەڵام ڕێژەییە و جیاوازیشیان زۆرە.

فەلسەفەی ئەخڵاق لەسەر بنەمای “هیومانیستی و لۆژیک” بنیات نراوە، پێویستە شارەزایی فەلسەفەی مۆڕاڵ بین، کردارەکانیشمان لەسەر بنەمای هەمان فەلسەفە بێت، چونکی مۆڕاڵ بیرکردنەوەمان لەمەڕ مەسەلە بنچینەییەکانی ژیان دەگۆڕێت و ئیدی بەوردبونەوەوە و تێڕامانەوە ڕووبەڕووی مەسەلەکانی ژیان ئەبینەوە. بۆ بیرکردنەوە لەهەرکارێکی مۆڕاڵی، دەبێت ڕێبازە مۆڕاڵیەکان لەبەرچاوبگرین.

ڕەهەندەکانی کاری مۆڕاڵی یان ئەخڵاقی

ڕەهەندی سیاسی و ئاینی و ئابوری کۆمەڵایەتی لە بەشە گرنگەکانی فەلسەفەی مۆراڵن. دەبێ بزانین کێبڕکێ و ململانێی نێوان چینەکان شتێکی حەتمییە، بەو مەرجەی سنوری ئەخلاق تێ نەپەڕێنێت و ململانێیەکی شەریفانە بێت، دواجاریش کاریگەری سلبی دروست نەکات. بۆ نمونە: لەکاری سیاسیدا ئەگەر هاتوو هەموڕێگایەکی دڕکاوی گیرایە بەر، تەنها لەپێناو ئامانجێکی سیاسی و حزبێکی دیارکراو؛ گەر پەنا بۆ تیرۆری جەستەیی و مەعنەویی برا بەبێ گوێدان و ڕێزگرتن لەدامەزراوەو پیرۆزیەکان، ئەوە لەچوارچێوەی ئەخلاق جێگەی نابێتەوە هەرشتێک بێت ئەخلاق نییە.

بەداخەوە زۆرجار دەبینین ئەم حاڵەتە شۆڕ دەبێتەوە بۆ ڕەهەندە جڤاکیەکەش، کە تێیدا هەموو هەوڵێک پەیڕەو دەکرێت تەنها بۆ شکاندنی نەیار، هەڵبەت ئەمە پاڵنەرێکی ئابوری هەیە کە زۆرجار ئەمە لەنێوان خودی کاسپکاران ڕوونتر بە دیار دەکەوێت، بە تایبەتتر لەنێوان کاسپکارە نزیکەکانی یەکتر، بۆ مل شکاندن و یەکتر لەناوبردن. هەوڵ ومنافەسەکە بەشێوەیەکە کە ئامادەن زیانی مادی و دەرونیش لەخۆیان بدەن تەنها بۆ ئەوەی ئیفلاس بەبەرانبەرەکان بێنن. زۆر جار دەبینی ئەمانە خەڵکانێک ئەنجامی دەدەن کەبارگراوندێکی ئاینیشیان هەیە، بێ خەبەر لەوەی ئاین دژە لەگەڵ ئەم ڕەفتارەی ئەوان، چونکە ململانێکە شەریفانە نییە و زیاتر ڕەگەزەکانی بوغزو کیبر و کینەو بێ ویژدانی تێیاندا زاڵە!

پیسکردنی ژینگەو سەرچاوە سروشتیەکان ئەویش بۆ خۆی لەدەرەوەی فەلسەفەی ئەخلاقە، وڵات فرۆشیی و میللەت فرۆشیی و دۆشینی سامانی میلەت لەلایەن دەست ڕۆشتووەکان، ئەمیش خاڵییە لەکاری مۆڕاڵیی. قورسکردنی ئەرکی نێوان تاکەکان ئەویش بۆخۆی لەدەرەوەی ئەو فەلسەفەیەدایە.

جا بۆ ئەوەی ڕۆحییەتی ئینسانیی و کاری مرۆیی لەزیهنی تاکدا بەرجەستە ببێ پێوستمانە شارەزای فەلسەفەی مۆڕاڵ بین. “سۆقرات”ی فەیلەسوفی یۆنانی هەرچەند بەناحەق ژەهرخوارد کرا، بەڵام ئەوئامادەبوو وەک ئەرکێکی ئەخلاقی کوپە ژەهرەکە بخواتەوە، ئەو بەم کارەی تەنها ویستی بیسەلمێنێ کە ڕێز لە بڕیاری دادگا ئەگرێت، ڕێزگرتن لەدامەزراوەکان ئەوپەڕی پلەی ئۆرگانیزمی ئەخلاقە پێچەوانەکەشی ڕاستە.

ئازاد شکور

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish