Skip to Content

رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا-4- تێکست: ستیڤان شەمزینی

رازەکانی ئەوین و هەناسەکانی دەریا-4- تێکست: ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 18, 2022 General, Poems


رازی چوارەم

تۆ لەگەڵ من بڕوانە
لە نیشتنەوەی “باز”ی غوربەت لەسەر شانم
لە هەڵوەرینی تەمەنی پەپولەیەکی بێ نەوا
لە تێپەڕین بەناو سنوورەکانی قەدەغەدا
لە جەنگە بێ بارووتەکانی عەشق
تۆ لەگەڵ من بڕوانە
لە رۆیشتن بەسەر تەنافی چارەنووسدا
لە بەربوونەوەی ئەستێرەیەکی بریندار
لە دیمەنی جوانەمەرگ بوونی گوڵە حاجیلەکان
لە ترسناکیی دیمەنی ئەو خەونانەی نایبینین


لە هەر کوێ بیت
بە چاوی شیعرێکی دڵتەڕ ئەتبینم
جۆگەلەی ئەسرینەکانم ئەمهێننەوە بۆ لات
باڵندەی هەستم بۆ کوێ بفڕێت
سەرئەنجام دەگاتەوە بە ئاسمانی روونی تۆ
لە هەر کوێ بیت
لە دووری دوورەوە ئاگرەکەت ئەناسمەوە
ئەو شیعرانە ئەتدۆزنەوە بۆت ئەنووسم
بە باڵای هەر چەمێکدا بڕوانم
سەرئەنجام ئەمباتەوە بۆ کەنار دەریای تۆ


دڵم دەکەوێتە خورپە
کاتێک ئەبینم شیعرەکانم ناتوانن
ئاگرێک لەسەر رۆحت بکەنەوە
کاتێک ئەبینم نامە بێ ئۆقرەکانم
ناتوانن پەنجەرەی دڵت بکەنەوە
کاتێک ئەبینم شەپۆلەکانم ناتوانن
بەرەو رووی کەشتی روانینت ببنەوە
دڵم دەکەوێتە خورپە
کاتێک ئەبینم ئەو شەیتانەی ناو سەرم
ناتوانێت رازی ئەوینێک بخوێنێتەوە
کاتێک ئەبینم ئەو دەستە تەزیوانەم
ناتوانن خۆیان لەبەر ئاگردانی
دڵی پەرییە ژنێک گەرم بکەنەوە
کاتێک ئەبینم پەلکەزێڕینەی ئارەزووم
ناتوانێ ژووری تاریکی تەنهایی
دەریا ژنێک رووناک بکاتەوە


کتێبی دەریام خوێندەوە
لاپەڕەکانی ئاو بوون و
بەرگەکەشی شەپۆل
کە پڕ بوو لە چیرۆکی
پاپۆڕی تێکشکاوی چارەنووس
یان حکایەتی ماسییە یاخییەکانی عەشق
پڕیش بوو لەسەربردەی ئەو دەنکە مروارییانەی
دەریا لە چاوی هەمووانی شاردۆتەوە
کتێبی ئەوینم خوێندەوە
لاپەڕەکانی ئاوریشم بوون و
بەرگەکەشی باران
کە پڕ بوو لە داستانی نەخوێندراوەی فڕین
یان گێڕانەوەی درەوشانەوە سەرمەدییەکانی نیگا
پڕیش بوو لە وەسفی ئەو دڵە غەمبارانەی
وەک سمۆرە گوێزی عەشقیان شاردۆتەوە
ئەوین کتێبێکە فرمێسک ئەینووسێتەوە


گوێ لە گۆرانییەکانم بگرە
گۆرانییەکی حەزین بۆ لاواندنەوەی
ئاوێنە شکاوەکانی ئارەزوو
گۆرانییەکی شاد بۆ سەماکردنی
گوڵە قەرسیلەکانی غەریزە
گۆرانییەکی ئارام بۆ خەواندنی من
لەنێو بەهەشتی مەمکەکانی تۆ
شیعرەکانم بخوێنەوە
شیعرێک کە لە شەوانی غوربەتیدا
ئەتباتەوە کۆڵانێکی رووناکی نیشتمان
شیعرێک لە تەمتوومانی نائومێدیدا
دەستت ئەگرێت بۆ هەسارەی تریفە
شیعرێک لە کیشوەری مەراقەوە
وەک گەردەلوولێکی رووخۆش
ئەتهێنێت بۆ ژێر ساباتی رۆحی من


هەر کاتێک تۆ بێیت
ئاسمانم پڕ دەبێت لە ئەستێرە
شەوەکانم لێوانلێو ئەبن لە بریسکە
رۆژەکانم سەراوڕێژ ئەبن لە پێکەنین
هەناسەکانم تەژی ئەبن لە گوڵاو
رێگاکانم ئەبنە فەرشی نوور
هەر کاتێک تۆ بێیت
شەقامی روانینم رووناک ئەبێتەوە
درەختی خەیاڵم شیعری نوێ ئەگرێ
نسرمی چاوەکانم پڕ ئەبن لە خۆرەتاو
بولبولی نوستووی سۆزم
ئاوازێکی خوساوەی لێک ئاڵان ئەچڕێت
تۆ کەی دێیت ئەی کازیوەی بەیان
لەوەتی لە دایکبووم هەر چاوەڕێم؟


کاتێک لە تۆ نزیکم
خەونێک ئەمبینێت،
دەریایەک پێکەنین ئەمخواتەوە
“کەو”ێک رازەکانم ئەکاتە
سەمفۆنییەک لە قاسپە
سوپایەک لە رووناکی
قەڵا تاریکەکانم داگیر ئەکات
گەردەلوولێک لە شەرابی ماچ
تا “ئۆرگازم”م ئەمبات
کاتێک لە تۆ دوورم
ئەبمە پەیکەرێکی رەنگ زەردی
زەمەنی سۆمەر
بە شەمەندەفەری مەراق
تا وێستگەی ون بوون ئەڕۆم
ئەکەومە ژێر هەرەسی
چیاکانی نائومێدییەوە
فرمێسک دێت و
چی گەنجینەی زەردەخەنەمە
وەک دەستکەوتی غەزەوات تاڵانی ئەکات


ئەگەر ئەتەوێت بمناسیت
نەوەی عەشتارم،
دواین دڵۆپە خوێنی ئاشوورم
بە ئەسرینەوە ئەمرم و
بە پێکەنینەوە زیندوو ئەبمەوە
لە دڵی خۆمدا زیندانم،
لە باوەشی ژنێکیشدا ئازاد
شۆڕشگێڕێکی بەزیوم و
کۆیلەی شۆخێک
ئەگەر ئەتەوێت بمناسیت
چیرۆکێکم بە پەڕەمووچی جوانی نوسراوم
جامێ ئاوی بەهەشتم
بە هەڵە رێم کەوتۆتە سەر زەوی
دەنگم شمشاڵی عەشقە و
مێشکم شەکردانی شیعر
پێنووسەکەم تۆفانە و
روانینە ئاگراوییەکانم جادوو

تێکست: ستیڤان شەمزینی


Previous
Next
Kurdish