Skip to Content

کوژراوێک لە جادەی سی و یەک مەتری.. عومەر سەید

کوژراوێک لە جادەی سی و یەک مەتری.. عومەر سەید

Closed
by ئازار 10, 2022 General, Literature


ئەو شاعیرەی بە سەعات لە دوورەوە دەیڕوانییە چیا، هەمووی نا، هەر جارە و زوومی دەخستە سەر پنتێکی. بۆ نموونە، تولە رێیەک و وەک پیتێک وێنای دەکرد، بۆ نموونە پتی ڕ. وەک شێفێکی شارەزا، لەو تولەرێیە و پیتی درەخت و رەوەز و چڕی دەوەن و هەموو چیاکە، بەلەزەترین چێشتی ئەدەبی و شیعری دەخوڵقاند، ئەمڕۆ کوژرا.
بە تامی پونگە و رێواسی کێوان. خۆشترین بۆن، هاوشێوەی بۆنی مێخەک و رێحانەی مل و باخەڵی کیژان، یان دایکان، دەپرژان.
هەندەسەی چیا و چۆڵی، بەرز و نزمی، دوور و نزیکی دەکردە هەوێنی ئەو ماڵەی لە دڵیدا هەڵیگرتبوو و بە رۆحی ماندووی خۆی دایدەپۆشی، تا سبەی ببێتە شیعرێک، وەک ماست سپی، وەک گوڵ بە تام و رەنگ و گەشاوە.
ئەمڕۆ تیرۆرکرا.
بە شاردا دەگەڕێ و دەڕوانێ. بۆ دەسەڵات و شارەوانییەکان بووەتە بەڵا و سەرئێشە! نەنگی و ناڕێکی و پرۆژە نالەبار و پڕ عەیبەکانیان ئاشکرا دەکات و سەرلەنوێ لە ناو فەنتازیا و مەجازدا، دایدەڕێژێتەوە. ئەو باڵەخانەیە لە چوارینەیەکی باباتاهیری هەمەدانی دەچێت، بەڵام دەلاقەکانی لە رووی رێنووسەوە پڕ هەڵەن.
ئەو شەقامە، وەک چاوی حەبیبە خواروخێچە، هیچ نالییەک بۆی راستناکرێتەوە! بۆی جوان نابێتەوە. دەبێ سەرلەنوێ چاپێکی تر بکرێتەوە.
ئەم پردە، لاوازە و دیاڕە دەڕوخێت. با پردێکی وەک ئەوەی ریسالەت و غفرانی ئەبو عەڵای مەعری دروست بکەین، کە هەموان دەپەڕێنێتەوە.
کۆمەڵێک باڵەخانەی بەرز، نەشازن و ناهێڵن ئاسمانی شینی گەش بگرینە باوش.
ئەو ئەندازیاری شیعر بوو. ئەوی ساڵ، کاتێک دەیەوێت کتێبی رێبەری زانکۆ پڕ بکاتەوە. باوک و براکانی رجای دنیایی لێدەکەن کە یەکەم شوێن کۆلێژی پزیشکی بنوسێت. پێی دەڵێن، کوڕم تۆ نمرەکانت بەرزە، ئایندەی خۆت مەفەوتێنە!
ئەو وڕک دەگرێت و تەنها گوێ لە رۆحی خۆی دەگرێت. پڕ بە دنیا هاوار دەکات.
ئاو جاران روونتر و شەو سپی تر بوو.
دەقە شیعرییەکانی رێکوڕەوان رەنگدانەوەی، ئەقلە هەندەسییەکەیەتی. لە هەرەمەکانی میسر دەچێت و هەموو وشەیەک بەشی خۆیی و جێگای خۆی گرتووە.
ئەم کۆڵانە پێویستی بە کەمێک نەغمەی کۆترە. ئەم درەختە رەنگ زەردانە دڵۆپە ئاوی شیعرێکی سەیابیان پێویستە.
لێرە مەحوییەک و لەوێ لەتیف هەڵمەتێک و هۆ لەوێش شێرکۆیەک، ریتم و ئیقاعی شار ئاوەدانتر و خەلاق تر دەکات. ئەو وەک سوهراب هەمیشە دەڵێت: با ئاو ڵێڵ نەکەین. وەک ماغووت سەری لە نێو کڵاوێکدا شاردووەتەوە کە پڕە لە دنیابینی. پڕە لە رێگای واقیع و رێگای شیعر. پڕە لە جوانی و لە توڕەیی لەم دنیایە.
هەمیشە لای ئەو شەوی بەراتە و کتێب دەبەخشێتەوە. بەش بەشە وەک نەغمەی حەیات، لە یەک کاتدا لێرەیە و لە بەغداد. لێرەیەو لە بەیرووت. هەر کتێبێک تۆ دەتەوێ ئەو هەیەتی. رەنگە وەک جاحز، لە مەغریبێکی باراناویدا وەژێر کتێبەکانی بکەوێت.
تەواوی شار لە رووی وەزن و قافێوە ناسەنگە. چوارینەی گەڕەک وا نانوسرێت. هایکۆی باخ وانابێت. سەرلەبەری ئەم هەرێمە لە رووی رەوانبێژییەوە دەبێت دابڕێژرێتەوە. ئەوەی هەیە هەر هەمووی سەرابێکە و هەمووش بە خنکان دەچن! با گردەکان داپۆشین بە س سنەوبەری باڵا بەرز، ئەگەر نا رەشەبا ئەژنۆی ئەو باڵەخانە ناڕێکانە دەشکێنێ کە دەبوو بە چیچکانەوە وێنە بکێشرانایە نەک ئاوا ناقۆڵا و بەرزەپێ.
ئەم رەسیفە قافێی لەجێ چووە. ئەم یوتێرنە چاوی هێندە کزە، باش نابینێت.
بەرزی ئەم باڵەخانەیە نەشازە بە دانیشتنی دوو عاشق لە ژێر ئەم وێستگەیی چاوەڕوانییە.
شار لە بلوزی بێ رەنگی منداڵێک دەکات، نەزانانە هەڵاوەگێڕ لەبەری کرابێت. نە رەنگ هارمۆنیایە و نە هێڵ و فیگەر تەبایە!
دەچێتە کۆلێژی ئەندازیاری، بەشی بیناسازی. بەڵام ئەو لە ناو خۆیدا بەشێکی تاک و دەگمەن بۆ خۆی دەکاتەوە! لە نێو دنیای مەجازیدا، وەک تاکە خوێندکاری بەشی ئەندازیاری شیعر هەر چوار ساڵەکەی بەڕێدەکات. لە دەفتەرەکانیدا، وشەی چیمنتۆ بە چیمەن و ئاسن بە بەرد و دیوار بە درەخت دەنووسێ. نەخشەی باڵەخانە و تەواوی شار، بە فاریزە و خاڵ و کەوانە و هێماکانی رستە دەنەخشێنێ! گەڕەکەکان بە ناوی شاعیرەکانەوە دەناسێنێ. تا چاو بڕ بکات لە ئەحمەدی خانییەوە تا نالی دەشتایەکی قاقڕە. لە گۆرانەوە بۆ ئێرە ئاسمان تەنگەنەفەسە.
تەنانەت کۆتا تێز و نەخشەی دەرچوونی لە زانکۆ، ئەتڵەسی با خۆش مرورەکەی چامەکەی نالی دەبێت. بایەکی شارەزا لە ئەستەنبوڵەوە دێت، تا سەرچنار و تانجەڕۆ و خاکوخۆڵ، تا دەشتی شاری شارەزور. پنت بە پنتی رێی و شوێنی ئەو بایە لە ئەتڵەسێکدا دەنەخشێنێ و وەک تۆپی گۆی زەوی دەیبەخشێتە چوارڕیانێکی هاوڕێی ناو شار و بە گوێدا دەچرپێنێ، ئیدی تۆ ناوت دەبێ بە چوارڕەیانی چامەکەی نالی. بەڵام هەر زوو شارەوانی چاویان پێیهەڵنایە و تێکیدەدەن!
بەردەوام لەبەر قاپی شاردا، پڕ بە گەرووی دوعا دەکات، لە ناکەس عەقڵیدا خاکمان بەسەر، بە با چوو هەموو مێژوومان.
ئەم شەقامە، پڕ پڕە لە جیناسی ناقیز، ئەم باخچەیەش چ جوانە، پڕ پڕە لە جیناسی موحەڕەف، پڕە لە جیناسی تەواو لە جیناسی تەناسوب و تەرکیب. پڕە لە وەزن و قافییە، ئەما بۆن و ئازادی عیشقی گەرەک.
نابینن هەموو رۆژێک ئەم بازاڕە لەبەر ناڕێکی دەبورێتەوە. لە ترسی تاڵانی زەرد هەڵگەڕاوە. نابینن تەقەڵی ئەم دوورمانانەی نێوان ئەم شارۆچکە و گوندانە، چەند پڕ تاسە و هەڵدێرن.
نوسخەی ئەم وێنەیە و لەم شوێنەدا چ نەشازە، هەموو نوسخەکانی کۆبکەنەوە و لە مەعجونەکەی وێنەی ئاو بنەخشێنن کە بە نێو چیادا پیاسە دەکات.
ئەم وشەی خۆشەویستییە ئیزافە بکەنە سەر ناونیشانی هەموو گەڕەکێک.
ئەم رەسیفە بۆ خەتی شکستە نییە؟! ئەم بەلاغەی خانووانە بۆ واشێواوە؟!
دارشەق بخەنە ژێر باڵی ئەم منارانە. شوێنی پەڕینەوەی پیاسەی شار لەم شوێنەدا، نەشازە. هەوری پڕ باران، ئاوا بانگ ناکرێت. مێژو و کۆنە ساڵی شار وا لە چوارچێوە ناگیرێت. وێنەی ئاوەدانی لەم گۆشەیەوە بەس نییە، زاوێیی زوومی کامیراکە بگۆڕە.
سەیرە، خەڵک بۆ دڵ نادەن بە درەخت! بۆ گوێ نادەنە ئامۆژگاری پایز! بۆ بەر لە کەسابەت، پرسوڕا بە دەشتودەر ناکەن!
تریفە مرد هێندە خۆی گووشی، ئاوەنگ بێزار بوو هێندە خۆی بشواتەوە! شاخ هەزار جار وتی، بەس هێندە بە تاریکی پێستم بڕوشێنن! مردم هێندە بە تۆزی گزنگ و لیکی ئەستێرە پێستی رووشاوم چەور بکەم!
ویستی ناوچەکە لە نەزیفی خوێنی رەش راگرێت و بە لەفافی گزنگ تیماری بکات. ویستی بە خاولی شنە و شەونم، تای درەختەکان داگرێ و لەوە زیاتر پەتا سیسیان نەکات.
دەیویست ئاگر لەوە زیاتر گەرم و بەفر لەوە زیاتر سارد نەبێت. رێگا هێندە کورت نەهێنێ و تریفە هێندە گەڕ نەبێت و ئەم هەموو کاژە فڕێبدات. مانگ لەگەڵ بێکەسدا، هێندە لە بێکەسیدا نەخۆنەوە، سبەی بۆنی دەمیان بێت. باران هێندە دوور نەبێت، خەڵک قوربانی بۆ بکات.
ئەو کە کوژرا، لەسەر رێگای با بوو و پڕ بوو لە پرسیار. تازە خەریک بوو دوو مەمکی هەڵدەخەڵەتان تا بە دەم لایلایەوە چیرۆکی لێوی بۆ بگێڕنەوە.
ئەو کە مرد، هێشتا لە لێکۆڵینەوی ئەوەدا بوو، کە بۆچی باڵای ئەو گردە کورتە. ئەو جۆگەیە بۆ هێندە کزە، ئەو رێگایە بۆ هێندە تەنگە! ئەو سوارە بۆ هێندە سەرسامی کوێرەڕێیە. ئەی بۆ هەنگاونانی ئەسپەکەی هێندە ناڕێک و نا پووختە!
ئەو مرد، یا تیرۆر کرا؟
لە پرسەکەیدا باوکی هاواری کرد: کوڕم ئەم هەموو بایەت بۆ شەنوکەو کرد! بۆ بەم هەموو بزنە ڕێیەدا پیت و وشەت رشت! بۆ سەرت بە هەموو هەندەسەی مێژوودا کرد، بۆ وەک ئاو نەسرەوت بوویت؟! بۆ ئەم هەموو پڕسیارەت لە خودا کرد؟! بۆ وەک رەوە مێگەل، بڕوات بەم شەریعەتی ژیانە نەکرد؟! چیتدابوو لە نەریتی باڵندەی تاقتاقکەرە. چیتدابوو لەوانەی بە تەقە بڵاوە بە باران دەکەن و پەرشوبڵاو دەیڕێژن بە کۆڵانەکاندا!
دواجار ئەم دەنوک وەشاندن و هەڵکۆڵینە، ئەوەتا سینگی هەڵکۆڵیت.
براکەی بەسەر گۆڕە تەڕەکەیەوە وتی: دەیویست و خەونی بوو، زەوییە رووکنەکان بکاتە باخچە. مۆڵەکان کووشتیان. دەیویست دەرمانخانەکان بکاتە دووکانی گوڵ و کتێب، نەخۆشە نەخوێنەوارەکان کوشتیان. دەیویست دووبارە باخە باغەییەکان بکاتەوە بە دەشتی بە پیتوبەر. ئاخ تۆ چیت دابوو لەو وڵاخانەی کێڵگە سەوز و ئاوە کەوسەرەکە جێدەهێڵن بۆ بەرازە کێوییەکان و لە دوورەوە باسی گوندەکانیان دەکەن!
خوشکە روومەت قوپاوەکەی، بە پرچی لە قوڕ سواغدراوەوە شیوەنی دەکرد:
تۆ دەتویست بزانی بۆ ئەو گردە هێندە رووبەرەکەی کورت بووەتەوە! بۆ ئەو دەریایە بووەتە ئەم جۆگە نزمە! بۆ کەس گوێ بە فەرمانی کارگێڕی ئەستێرە و باو باران نادات! تا ئاوا تەرزە بارانی ئەو هەموو بۆیە بەسەرتا داباری و لە شێوەی فیشەکی ژەنگ گرتووی جەهل، هەناوتی وەک خاکی بە پەڵەی ژێر تیخی گاواسن، شەقار شەقار کرد.
دایکی، ژنەی روومەت و چەناگە پڕ خاڵی کوتراوی نەگبەتی و بێ کەسی، هێمن فرمێسکی دڕشتی دەڕشت و لە ژێر لێوەوە دەیوت:
بزێوی منداڵی سەری خواردی. شیری پاکی من کردتییە قوربانی پیسی و چڵکی ژیان. ساوا بوویت بە کۆڵمەوە، بەدەم بەرخۆڵەکانەوە پێدەکەنیت و روو گرژ بوویت بۆ بەرانەکان. منداڵ بوویت بە خۆرئاوا دەتریقایتەوە، بە باران دەگەشایتە. بە هەرزەکاری، ئاسکەکان لە نێو لەپتا گەنمیان دەخوارد. منداڵێکی ئاسایی نەبوویت و دەمزانی ئاسایی نامریت. رۆحی تۆ دەسپێرم بە رەوە کۆترەکان، با ئەوان رێنمایت بکەن بۆ نەمری. ئەوان دەبێ ئەوەیان لەبیر بێت کە چەند پەلەت بوو مەڕوماڵاتەکان زوو ئاو بخۆنەوە و گۆلەکان بۆ ئێوە جێبهێڵن. کوڕم، هێندەی ئەو هەموو پەلەکردنت، پەلە مردی و زوو رۆیشتی! ئۆۆف لە دنیایی سەیروسەمەرەی تۆ ئۆۆف. پەلەت بوو و دەگریایت و دەتوت، بۆ کیسەڵ خاوە! بۆ باوکم و باپیرم وەک کەرۆیشک تیژ نەبوون! بۆ کەو هەم تیژ و هەم خائینە!
کوڕەکەم دەیویست بە خەیاڵ، چڵی بەڕووی هەزار ساڵە راستکاتەوە! دەیویست بە شنەبای باکور نەک باشور تەیمووم بکەین. بۆ کوشتتان، بۆ فووتان کردە ئایندەی بەخت و ناوچەوانتان. هەر نەبێ ئێستەش پێمباشە
لە بری بیابان، روو بکەنە کێلی ئەو، خۆڵی گۆڕەکەی ببێژنە سەر حەشامات. مشتێ لە خۆڵی ئەو، پڕ پڕە لە رۆحی نالی و مەحویی و گۆران، خۆڵی سەر گۆڕی ئەو، شێدارە بە فرمێسکی هەزاران ساڵەی دایکانی جگەر سووتاو. کوڕەکەی من، تەنها شیعری بۆ عشق و ئەندازە و رێیەکی راستوڕەوان دەهۆنییەوە. دەیویست هۆڕمۆنی خۆشەویستی بدۆزێتەوە. دەیویست تاریکی لە دەسکەوانەکەی مندا بهاڕێ و ئاردەکەی بکات بە رووناکی و چیمەنی بەختەوەری سبەی پێ ئاو بدات.
کوشتیان و پرۆژەکانی بە نیوەچڵ و تەواونەکراوی مانەوە. پرۆژەی شێلانی رەچەڵەک، پرۆژەی ئاوڕدانەوە بۆ پێشەوە. کۆکردنەوەی وردە با و وردە رووداو. گەڕانەوە بۆ شێوە زاری کانی و بنەتۆی متمانە.
ئاخ مەرگ رێی نەدا شەونامەی شەوانی سەرما و زوقم و هەڵلەرزان بنوسێتەوە. چیرۆکی دۆڕانی پاڵەوان و حیکایەتی بردنەوەی جاش و خۆفرۆشان بنوسێتەوە.
هاوڕێ شاعیرەکەی، بە هەواڵی مەرگی تاسا و راستەوخۆ ئیلهامی شیعری پژا.
وتم گفت مەدە و تۆ ناتوانی لەم دنیا خۆر گەرمەدا، رۆژانی زەمهەریر و تەزین و بەستەڵەک تۆمار بکەیت. گفت مەدە و لێناگەڕێن تۆ، سینارۆی تەفرەدان بۆ هەموو خەڵک نمایش بکەیت. ئەوان ناهێڵن مەدالیای دۆڕان لە سینەی جنەڕاڵ هەڵواسی و ئەتکوژن. تۆ گفتتداو بڕیا لە قسەی خۆت پەشیمان دەبوویتەوە، وەک چۆن هەموومان پەشیمانی ژیانی تاڵ کردووین. پێموتی ناوی خۆت بگۆڕە تا زۆر بژیت و نەتکرد. دۆڕانەکانت بگۆڕایە بە سەرکەوتن، براوە دەبوویت. بۆ پاڵت بە نا ئومێدییەوە نەناو پڕ بە دنیا شیعڕت بۆ بەختەوەری نەوت! ئەو هەموو حیکایەت و بەختەوەرییە ساختەیەت بۆ نەکرد بە شیعر و بۆ خۆت ئاوا رەنجەڕۆ کرد! چیت دابوو لە وشک کردنەوەی دیواری تەڕی هەزار ساڵە! چیتدابوو لە دوورینەوەی ئەو هەموو هەورە دڕاوە! هەزار ساڵە فرمێسک بە شێوەی باران دەباڕێ، بۆ دەتویست بە شێوەی فرمێسکی بەختەوەری ببارێ! پێمنەوتی ئاگادار بە دەتکوژن، کەچی تۆ تا لێیاندەدایت زیاتر جــوان دەبویت و پڕ تر ڕەنگت دەڕشت!
دواجار، ڤایرۆسی کۆرۆنا نەیهێشت تەنانەت پرسەشی بۆ دابنێن. جیا لەوەش، دونیا تۆف و سەرمایە، کڕێوەی بەفر و کزەی بایە. خەڵک هەموو بە نیازن تا دوانیوەڕۆش هەڵنەسن!
تەنها ژوەرەکەی نەبێت، کەلوپەلەکانی، کتێب و نەخشە و شیعرەکانی نەبێت. کەس کەس بۆ پرسەکەی نایەت.
لە ژوورەکەیدا و لە بەردەم وێنەکەیدا، کە تیایدا دەیڕوانییە رێگای هەڵکشاوی دامێنی چیا، چەند مۆمێکیان داگیرساندبوو.
کتێبەکان لە فرمێسکدا، تەڕ تەڕ ببوون. پێخەفە پەرشوبڵاوەکەی سارد سارد. فڵچەی ددان و ریشتاشینەکەی دەگریان و هەڵدەورین. قاپوقاچاخەکانی، فنجانی قاوەکەی، پەرداخی مەییەکەی، شینیان دەگێڕا.
چۆلەکەی بەر پەنجەرەکە، کوکوختی سەر دارتێلەکە، پشیلەی بەر دەرگاکە، دەیانجریواند و دەیانخوێند و دەیانمیاواند. بە کۆرس و پڕ بە شار، بە زوبانی حاڵ دەیانووت.
لەعنەت لە بەدترین مەخلوق
لەعنەت لە پیسترین مەخلوق
لەعنەت لە ئینسان بێ.

تێبینی: لە ژێر کاریگەری و خوێندنەوەی دەقە شیعرییەکانی تەیب جەبار نووسراوە.

Previous
Next
Kurdish