Skip to Content

چیرۆک شەقامە بازنەییەکان -11-… رەسوڵ بەختیار

چیرۆک شەقامە بازنەییەکان -11-… رەسوڵ بەختیار

Closed
by حوزه‌یران 17, 2022 General, Literature


بیرکردنەوە لەشەقامە بازنەییەکان، وەک ئەوە وایە بیر لەگەورەترین شاری دونیا بکەیتەوە، هەموو بازنەکانی دونیایەک خۆشی و ناخۆشی و خەم و پەژارەوە و جوانی و ئەوین و دڵداری و سەرکەوتن و شکست و بەرەو لووتکە دەنوێنێ، بەشێوەیەک ئەو شەقامانە هەموو شتێک لەخۆ دەگرێ، بێ ئەوەی رۆژێک لەرۆژان دڵی غەریبەکیان شکاند بێ، ئەو غەریبانەی روو لەشەقامە بازنەییەکان دەکەن، بەشێکیان دوای ئەوەی دەوڵەمەند دەبن، نکۆڵی لەچاکەکارییەکان دەکەن، بەکورتی سپڵە دەردەچن، لەئێش و کارەکانیان هیچ کاتێک خەڵکی شەقامە بازنەییەکان بەشدار پێ نەکرد، نەوەک رۆژێک بێ یەکێک لەو لەو لاوە باسی رابردووی بکات، لەوە دەترسن رۆژێک لەرۆژان ئەو کاتانەی بیر بێتەوە، کە پەنای دەبردە بەر خەڵکی ئەو شەقامانە، کەچی ئێستا دەوڵەمەند بووە خۆی بەمیری زەمانە دەزانێ، بەشێکی دیکەی بەپێچەوانە بوون هەردەم هیچ شتێکی شەقامە بازنەییەکان لەیاد ناکات، بەردەوام بەشانازییەوە دوێنێ و ئەمڕۆ بەیەکەوە گرێ دەدا.
هیج کاتێک شەقامە بازنەییەکان هیچ شتێکی بەچاوی هیچ غەریبێک نەداوەتەوە، نەوەک خۆی بەبچووک بزانێ ، کەچی بەکەسێکی خویان دەزانی، چونکە ئەو بازنانە هەردەم جێگەی هەمووان دەبێتەوە، بۆیە پێدەگوترێ شار دەبێ هەمووان لەخۆ بگرێ، کاسبکارێکی هیندی و بەنگالی و عەرەب و بیانییەکانی دیکە لەخۆی دەگرل، شەقامە بازنەییەکان هەردەم خۆی بەمەڵبەندی گەورەیی هەرێم و دڤەرەکان زانیووە، بۆیە جێگەی هەمووان دەبێتەوە.
هەندێک کارەسات هەیە قەد لەیادی تاکەکانی شەقامە بازنەییەکان ناچێتەوە،
لەساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستەم وڵاتەکەمان تووشی گەورەترین کارەسات بۆوە، رژێمی ئەو کات بۆ قەڵاچۆکردنی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە هەڵمەت و هێرشێکی ناڕەوای خستە سەر هەموو بارنەکانی ئەو وڵاتە و ناوی نا ئەنفال، لەتەلەفزێۆن بەشێکی نیشان دەدا گوایە ئەوانە دەستیان لەگەڵ دوژمندا گرێداوە، جگە لەوەی سەدان کەسی بێ سەر و شوێن کرد، دەیان هەزاڕ خانەوادەشی ئاوارەی دوا بازنەی شەقامە بازنەییەکان کرد،
بەهەمان شێوە زۆرێک لەپیاوانی رژێم زوربەیان خەڵکی بازنەکان نەبوون، بۆیە زۆر بەڵ رەقی دژ بەخەڵکی بازنەکان بوون، چونکە تاکەکانی شەقامە بازنەییەکان هاوکاری ئاواره و بێدەرەتان و گوند سووتاوەکان دەکرد، بەهەموو ئامرازێکی گەیاندن هاوکاریان پێشکەش دەکرد، ئەوکات خەڵکی شەقامە بازنەییەکان هەموو خەمیان ئەوەبوو چۆن بتوانن خۆیان لەسەگەکانی رژێم بپارێزن، رژێمێک بەهۆی جاش و مەفرزە خاسە و ئەمنە خۆفرۆشەکانی راوی خەڵکیان دەنا، گەنجەکان ئەوانەی کەمێک هەست و جۆش و خرۆشیان هەبوو، بۆ جوانی وڵات، بەهەند وەرگرتنی ئەو جوانی و خاکە پیرۆزە، هەبوو لەتەک لایەنەکان دەستی هەبوو، گەلێکجار لەگەڕەکە دوورەکانی بازنەکان لەسەر دیوارەکان دورشمیان دژ بەرژێم دەنووسی، هەرچۆنێک بێ با کەمێک دوور بکەوینەوە لەو کەشە باس لەم دواییە بکەین، ئێستا سەگ لەنێو هەموو بازنەکان زۆر بووە، لەبەر برسییەتی زۆرجار دەیانەوێ پەلاماری خەڵک بدەن.
لێتان ناشارمەوە، لەسەگ و حەپە حەپەکەی زۆر دەترسم، کاتێک سەگ لەسەر رێگەم بێ بەهەر شێوەیەک خۆم لاددەم، زۆرجاریش هەیە تووش دەبم سەگەکان چەند مەترێک لێم دوورن ئازایەتێ من نەبووە خۆیان لێ لاداوم، بەڵکو رێبوارێکی دیکە زۆر شارەزایانە لەخۆی دووڕخستۆتەوە، رێبوارەکە وەک ئەوەی بزانێ دەترسم، پێیدەگوتم:نابێ بترسیت ، هەرچەند رابکەیت ئەو هەر بەدواتەوەیە، بۆیە نابێ بترسیت.
بیرمە سەردمێک لەرۆژنامەیەک کارم دەکرد بارەگای رۆژنامەکەمان نزیک بازاڕ بوو، شەو نیوە شەو دیزاینی لاپەڕەکانی رۆژنامە تەواو بوو، دوایی حواحافیزی هاوکارانم ملی رێگەم گرت هاتمە ناو بازاڕ، بەڵکو تەکسییەکم دەستکەوێ بۆ ماڵەوە، هەتا نزیک بانکی رافدێن هاتم…گوێم لە حەپەی سەگ بوو ترسێک کەوتە دڵم، بەڵام هەر بەردەوام بووم لەرۆیشتن، دووسەد مەترێک هەنگاوم نا لەناکاو سێ سەگ دەوریان دام، لەترسا رامکرد دووجار بەر بوومەوە هەردوو چۆکم بریندار بوو، هەستم بەوەکرد خوێنی لێدێتە خوارێ…شەکەت بووم و راوەستام سەگەکان هەندێک پێم حەپین دواتر وازیان هێنا…لەم کاتەدا لەدوورەوە تەکسییەک هات دەیزانی هەترەشم چووە و زۆر لەو سەگانە دەترسم …گەیشتە لام ،گوتی: سواربە با رزگارت بکەم، دوایی سواربوونی تەکسییەکە…شوفێرەکە قسەی وای نەکرد…تەنیا داوای ناونیشانی ماڵەوەی لێکردم…چەند رۆژێک دواتر برینی چۆکەکانم هەر ساڕێژ نەبوون…بەڵام بڕیارمدا چیتر لەسەگ نەترسم…..ماوەیەکی دوور و درێژ تووشی سەگ و حەپە حەپی نەبوومەوە، کەچی لە چیرۆک و رۆمان، بابەتەکان و لەزۆر شوێن باس و بابەتی سەگ بەرچاوم دەکەوت وەک سەگی هار و سەگی پیس و سەگی بەوەفا و سەگی برسی، هەموو ئەمانەش بەپێی کلتووری گەلان باس دەکرا، هەردەم دەمویست شتێک بدۆزمەوە تا سەگەکان تاوانبار نەکەم، بەڵکو تەنیا ترسەکەم هۆیەکە، چەند ساڵێکێ پێچوو ماڵمان بۆ گەڕەکێکێ دوور لەسەنتەری شار باریکرد، گەڕەکە نوێیەکەمان لەگەڵ ئەوەی لە خانووی گەورە و فراوان پێکهاتبوو، بەڵام دەوروبەری چۆلەوانی بوو…یەکەم شەو گوێم لەحەپەی سەدان سەگ بوو، بەڵام ئەمجارە نەترسام و لەدڵی خۆمدا گوتم: دەبێ ئەو سەگانەی دێنە سەر رێم، بکەمە هاوڕێ …تا پێم بکرێ خواردنیان بۆ پەیدا بکەم….بەیانی کاتێک بۆ سەر کار رۆیشتم دووبارە حەپەحەپی سەگ دەستی پێکردەوە تا گەیشتمە نزیک جادەی سەرەکی و سواری پاس بووم نزیکەی دە سەگ بەدوامەوە بوون ….نەترسام و نەشلەژام بۆیە ژمارەی سەگەکان تا دەهات کەمتر دەبوون، کاتێک ئاوڕم دایەوە تەنیا دوو سەگ مابوون، تەماشم کردن لەچاوانیان دیار بوو برسییانە….دوای گەڕانەوەم لەکار نزیک گەڕەکەمان بوومەوە..بینیم سەگەکان لەو چۆڵوانییە پاڵ کەوتبوون…چەند جارێک حەپەحەپیان کرد، وەک ئەوەی بەسەگەکانیتر بڵێن: گەڕایەوە …..ئەم دیمەنە رۆژانە دووبارە دەبۆوە… زۆرێک لەشەوەکانیش کاتێک بەتەنیا دەگەڕامەوە هەر لەدوام بوون، وەک ئەوەی بیانەوەی بەسەلامەتی بمگەیەننە ماڵەوە، هەتا نریک دەرگا دەهاتن و دواتر پەرتەیان لێدەکرد.لەم ماوەیە کێشەیەکم تووشبوو و چارەسەرکردنی کەمێک ئەستەم بوو، کێشەکەشم لەلای کەس باس نەدەکرد، زۆرجار بەخەمباری ملی رێگەم دەگرت، هەستیشم بەوە دەکرد، سەگەکان دەزانن کێشەیەکم هەیە، دواجار بڕیارمدا کێشەکە بەو جۆرەی خۆم دەمەوێ چارەسەری بکەم، ئەمجارەیان هەستم بەوەکرد، سەگەکان لەدەورم دەسۆڕانەوە تا هەر نەبێ ئاماژەیەک بدەن، کە بڕیارەکەم دروستە، دوای ئەوەی بڕیارمدا کاتێک شەو، کە هاتمەوە ئەمجارەیان سەگەکانی ئەو چۆلەوانییە هەموویان دەستییان بەحەپ حەپکرد، لەلای خۆم وام لێکدایەوە سەگەکان خۆشحاڵن بەو بڕیارە.
شەوانی ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەم زۆر جیاوازە، لەگەڵ شەوانی ساڵانێ دوو هەزار و هەژدە و نۆزدە و بیست و بیست و یەک و بیست و دووی سەدەی بیست و یەک، شەوانی پێشتر هەر زوو، کە ئێوارە دادەهات هەموو خەڵکی بازنەکان بەرەو ماڵەوە دەڕۆیشتن، ئەو کات تەنیا لەبازنەی دووەم چەند چایخانەیەک هەبوو، بەڵام تەنیا ئەو کەسانەی لێبوو شەڕانی بوون، زۆربەی تاکەکان لەو سەردەمە خۆیان لەشەڕ و لاشەڕ لادەدا، گەنجەکانی ئەو سەردەمە لەوە دەترسان، لەلایەن کەسێکەوە تۆمەتێکیان بۆ داڕێژن، بۆ ئەو شەقامەی لەئێستادا بیست و چوار کاتژمێر جمەی دێ، ئەو کات لەشەواندا تەنیا تا دەوری کاتژمێر دەی شەو گەنجەکان دەچوونە ئەو چایخانانە، زۆر جار شەوان گەنجەکان لەنێوان یەکتردا بەشەڕ دەهاتن بەتایبەتی ئەو گەنجانەی شەوان لەباڕەکان دەگەڕانەوە، زۆربەیان چەقۆیان پێ بوو، ئەو کات جۆرە چەقۆیەک باو پێیان دەگوت چەقۆی بەحەلقە، زۆر بەکارامەیی دەیان توانی بیکەنەوە و رایبووەشێنن، گەلێکجار خەڵکی بێتاوانیش لەو بەینەدا برینداز دەبوون.
هەروەها لەو ساڵانەدا کەسانێک هەبوون پێیان دەگوتن “شەقاوە”، بەپێچەوانەی هەموو شەقاوەکانی شارەکانی دیکە، شەقاوەکانی ئەم بازنەیە هیچ ئازایەتییەکیان پێوە دیار نەبوو، شەقاوەی بازنەکانی یەکەم و دووەم تەنیا زۆڵمیان لەکەسانی هەژار و بێدەرەتان دەکرد، ناوی کەس ناڵێم، بەڵام ئەوانەی دەیخوێننەوە ناوەکان دەزانن، زۆرجار ئەو شەقاوانە رێگەیان لەقوتابییان دەگرت تا شتێکیان لێ بسێنن وەک چەند دینارێک، ئەگەر رووبەڕوویان ببوایەوە، خۆیان وا نیشان دەدا پارەیان پێ نەماوە، ئەگەر بتویستبوایە دەستیان لێ بووەشێنیت خۆیان لێت لادەدا و تۆیان بەئازا دەناساند و دەیانویست ببنە هاوڕێت.
دوای راپەڕین، هەموو ئەو شەقاوانەی لەژیاندا مابوون تێکەڵ بەلایەنەکان بوون، هەر ئەو پیاوە ترسنۆکانە ئەمجارەیان چەندین کەسیان بەچەکەوە لەگەڵدا بوو، ئەمجارەیان بەشێکیان دەستیان بەدزی کرد، یاخود وەک پێشتر بەسەر خاوەن و دوکان و کۆگا و کارگە و کۆمپانیاکانیان دادا تا خاوەیان لێوەربگرن، کاتێک شەڕی ناوخۆیی روویدا زۆربەی ئەوانە بوونە پاڵەوانی ئەو شەڕە و بەشێکیان لێ کوژرا.
بەشێکی دیکەیان تێکەڵ بەو کۆمپانیانە بوون، کە کەرەستەیان بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەبرد، ئەوانیش لەلایەن گرووپە تیرۆرستەکان کوژران.
هەموو ئەوانەی شەقامە بازنەییەکانیان خوێندۆتەوە، زۆر جار کاتێک دەمبینن جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەو نووسینە لەنێوەندی کتێبێکدا بەناوی رۆمان یان چیرۆک لەچاپ بدەم، بەشێک لەوانە هاوڕێمن خۆیان لەنێو ئەو بارنانە دۆزیوەتەوە، هەندێکیان بەخۆشحاڵییەوە باسی دەکەن، بەشێکی دیکەش زیاتر باس لەو رۆژگارانە دەکەن، کە لایان تاریک بووە، هەمان شێوەش دوای راپەڕین دووبارە بۆتەوە.
رۆژانی رووناک و تاریک لەشەڤامە بازنەییەکان زۆربەی رێژەییە لەیەکێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێ، ئەو رۆژانەی لەلای خەڵکێک رووناکن، لەوانەیە دۆخی ماددی و دارایی باش بوو بێ، گرنگ ئەوەیە زۆرێک لەوانە رابردووی خۆیان لەبیر نەچووە.
زۆرێک لەوانەی لەشەقامە بازنەییەکان نیشەجێن، عەرەب و گەلانی دیکەن، لەمێژە لێرەن رۆژە رووناک و تاریکەکان وەک تاکەکانی ئێرە باس دەکەن، بەبێ وشەیەک زیاد بکەن، ئاه و حەسرەتی چەندین ساڵیان لەنێوەندی چیرۆک و گێڕانەوەکانیان بەدی دەکرێ.

رەسوڵ بەختیار

Previous
Next
Kurdish