Skip to Content

لە میانی واژۆکردنی سیانەی تارماییەکانی بیاباندا… عبدالقادر سعید

لە میانی واژۆکردنی سیانەی تارماییەکانی بیاباندا… عبدالقادر سعید

Closed
by حوزه‌یران 19, 2022 General, Literature

سێ نۆڤلێتی پڕ تراژیدیا

ئەم کتێبەی هونەرمەند و ڕۆمانووس، عومەر سەید، پێویستی بە ڕامان و هەڵوێستەکردنە. چ وەک بابەتێکی حەساس، چ وەک گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێش.
عومەر سەید، پێشتر ئەزموونی چوار ڕۆمانی تری هەیە. واتە لە ژیانی ئەدەبی خۆیدا، جەختی لەسەر نووسینی ڕۆمان کردووەتەوە. وەک ژانرێکی ئەدەبی شارستانی کە ڕۆمان خۆی لە دایکبووی شار و شارستانییەتە. ئەوەی ئەم ڕۆماننووسە لە هاوڕێکانی جیا دەکاتەوە. دەست بردنە بۆ گێڕانەوەی کارەسات و جینۆسایدە گەورەکان، ئەو کارەساتانەی ئێمەی کوردی بە دونیای دەرەوە ناساندووە. هەر لە ئەنفال و ڕەوی بە کۆمەڵ و جینۆسایدی بە کۆمەڵی کورد. واتا ئەزموونی ئەم نووسەرە، تێکەڵەیەکە لە تراژیدیایی جەستەیی و ڕۆحی. لە کلتورێکدا کە پێشتر ئەزموونی دورودرێژی مێژوویی هەیە لەم کۆمەڵکوژییە لە سەر ئاستی هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا. بەڵام ئەم نووسەرە خوێندنەوەیەکی نوێی و جیاوازیان بۆ دەکات. کە دەڵێم جیاواز، واتە ئازایەتی لە دەربڕین و بوێری لە ڕاڤەکردنەکانیدا. بێ گوومان هەر کارەساتێک ڕوویدابێ یا ڕووبدات، هۆکار و ئامانجی سیاسیانەی لە پشتەوە بووە. دەستبردن بۆ ئەو هۆکار و ئامانجانە نووسەر دەخاتە ژێر تاقیکردنەوە و بەرپرسیارێتی مێژوویی، جا چ وەک بابەت، چ وەک هونەری گێڕانەوەی کارەساتەکان لە ناو خەیاڵ و زمان و پێکهاتە و ڕەگەزەکانی تری ڕۆمان. هاوکات جۆرە بەرنگاربوونەوەیەکیشە بەرامبەر نەیاران و ئەو دۆستانەشی کە لە قەبارەی کارەساتەکان کەمدەکەنەوە.
عومەر سەید، دەنگێکی زوڵاڵە کە بە ئاشکرا دەدوێ و بە ئاشکرا یار و نەیار، قوربانی و جەلاد لێک جیادەکاتەوە.
لە ڕووی هونەریشەوە، ناکرێت لە جوانی بە کارهێنانی وشە و ڕستە و دەستەواژەکانی لە سیاقی گێڕانەوەی ناو ڕۆمانەکانی قسە نەکەین. کە چەند ورد توانیوێتی چنینی دراماتیکی ڕووداوەکان و کارەساتەکان بچنێ و بەرجەستە بکات. بۆیە هەر کاتێک کە قسە لەسەر گێڕانەوەی تراژیدیایی کوردی بکرێت. دەبێت بەشێ لەو ئەرکە قورسە لە سەر شانی ئەم نووسەرە پێبزانین. هەڵبەت ڕۆمانەکانی ستایشی هیچ لایەن و حیزب و دەستەوتاقمێک ناکات. بەڵکو ڕەخنەی جدی هەیە لەو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی ئەو ڕۆژگارەی کارەساتەکانی تێدا خوڵقاون. ئەو بە گشتی حیکایەتی قوربانییەکان دەگێڕێتەوە و تاقە لایەن ئەوانن کە سەرلەنوێ دەیانهێنێتەوە ناو ژیان و ڕەوایەتی بە هەڵوێست و دیالۆگەکانیان دەدات.
لە ڕاڤەیەکی خێرادا بۆ کتێبی شەوانی فرانکشتاین، کە سێ نۆڤلێتی پڕ کارەساتی عومەر سەیدە. کە ئەوانیش بریتین لە( نۆڤلێتی شەوانی فرانکشتاین، لە شەست و پێنج لاپەڕەدا. هەڵوەدای بیابان، لە چل و پێنج لاپەڕەدا. گوڵەکانی پیرەمەگرون، لە سی و چوار پەڕەدا) هەر سێ نۆڤلێتەکە، گێڕانەوەی کۆمەڵکوژی و نووشستی کورد و ڕووداوە خوێناوییەکانی کوردوستانن لە ساڵانی پێشووتردا کە ڕوویانداوە.

ئەم سێ دەقە، سێ دیدگای ڕەخنەئامێزی لە خۆیدا هەڵگرتووە. ڕەخنە لە هۆکار و ئەنجامی ئەم مەرگەساتانە. کە هەر یەکێک لەو سێ دەقە، هەڵگری میتۆدی ڕەخنەگرانەی بارگاوییە بە هونەری ئاوێتەکردنی زمان بە هێڵێکی هاوتەریبی دراماتیکانە. واتا نووسەر لەم سێ تێکستەدا، سێ تراژیدیا دەگێڕێتەوە. کە دیارە باگگراوندێک و ئاگاییەکی قووڵی مێژوویی و ئاشکرا و هەستپێکراوی هەیە و هۆشمەندانە ئەم سێ بابەتە گرنگە هەڵدەبژێرێت بۆ بە ئەدەب کردنی. سێ بابەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کلتوری و تا ئێستاش سەرسوڕماوی ئەو وەڵامەین کە پرسیاریان دەربارە کراون و هێشتاش بێ وەڵام ماونەتەوە.دیارە دەقە غەمگینەکانی عومەر سەید، چەند دەمانهێنێتە گریان. هێندەش ئامادەمان دەکات بۆ هەڵوێست وەرگرتن و تەنانەت بەشداری کردنیش لە خەمخۆری هۆکار و ئەنجامی تراژیدیاکان.
نووسەر لەم سێ دەقەدا، لەسەر شتە زۆر پەراوێزخراوەکانیش قسە دەکات و وەک فاکت و بەڵگە دەیانخاتە خزمەتی گێڕانەوەکەی بە ئاستێک کە هەموو کەرەستە و پێکهاتە پەراوێزخراوەکان دواجار هاوتەریبی ڕۆحی قوربانییەکان، دەبنە بەشێکی سەرەکی دەقەکان و ڕۆح وەبەر مردوو و شتەکاندا بکاتەوە و جارێکی تر بیانگێڕێتەوە ناو ژیان. لە داڕشتنێکی چڕی ئەدەبیدا کە ئەم چڕی و کورت بڕییە بە یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانی ڕۆمانی نوێی و سەردەمیانە ئەژمار دەکرێت.
لە شەوانی فرانکشتایندا، نیشتمان، لە وێنەیەکی وەهمی و پەیکەرێکی قسەکەردا بەرجەستە دەکات. تا ڕادەی گێڕانەوەی بەسەرهات و چیرۆکە غەمگین و جیاوازەکان لە سەرکەوتن و شکستدا. نیشتمانی قسەکەر کە بە هۆی زوڵم و ستەمی دوژمنانەوە هاتۆتە گۆ. لە بارەی هەموو تراژیدیا و جینۆسایدەکان، هەر لە ئەنفال و کیمیاباران کردن و کوشتن و لەسێدارەدانەکاەوە دەدوێ. تەنانەت پەردە لەسەر نیشتمان فرۆشانیش هەڵدەداتەوە. جا بە هەر هۆیەک، نیشتمان هەمووی یان نیوەیان فرۆشتبێت بەرامبەر بە ڕازیکردنی دوژمنە زۆرەکانمان. هاوکات ڕەخنەگرتن لە شۆڕشی چەکداری کە لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی بیستەوە لە دنیادا کۆتایی هاتووە. بەڵام ئێمەی کورد هەر خەریکی ئەزمونکردنی بووینە و ڕەنگە یەکێک بووبێت لە هەرە هۆکارەکانی ئەو هەموو مەرگەسات و تێکشکان و برینە قووڵانە بووبێت. ئەم تێکستە ئەدەبییە لە پەنجا و شەش لاپەڕەدا، توانیوێتی مێژوویەکی دوور و درێژ بگێڕێتەوە. شۆڕشە چەکدارییەکانی باشوری کوردوستان و ڕۆژهەڵات و جینۆسایدی دەرسیمی باکور، تا دەگات بە بەرخودانی ڕۆژئاوا و شۆڕشی ژنانی کورد کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بێ وێنە و کەمهاوتایە و کە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە. کۆکردنەوەی ئەم هەموو تراژیدیایە لەو بڕە پەڕانەدا، جێی هەڵوێستەی خوێنەر دەبێت، کە ئەمە بە هەرە دیارترین خەسڵەتی ئەدەبی پۆست مۆدێرنە ئەژمار دەکرێت. بە دەست گرتنەوە لە زەمەن و شوێن و زمان و داڕشتن، بە پەنا بردنە بەر وێنەی چڕ و پڕ مانا. هاوکات ئەم چڕکردنەوەیە کارێکی تری گرنگ بە ئەنجام دەگەیەنێت. کە ئەدەبی کوردی و بە تایبەتی ڕۆمانی کوردی ئاسانتر دەچێتە نێو ئەدەبی جیهانەوە و ڕۆمانی کوردی لەگەڵ ڕۆمانی دنیایی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لێکنزیک دەکاتەوە.

تێکستی دو
ەم، یان با بڵێین نۆڤلێتی دووەم. (هەڵوەدای بیابان) چیرۆکی خێزانێکی کوردە کە پاش نسکۆی ساڵی ١٩٧٥، کۆچی زۆرەملێیان پێ کراوە بۆ ناسرییەی باشوری عێراق. شوێنێکی گەرم و پڕ عەجاج. دایکێک هەر لە سەرەتای تێکەڵبوونی بەو کۆمەڵگا غەیرە کوردە و بەو دنیا نامۆیە کە زمانیشیان تێناگاو نایزانێ. دەکەوێتە سەر ژانی منداڵبوون و لە خەستەخانەی ئەوێ منداڵی دەبێ. تا ئێرە مەسەلەکە زۆر ئاساییە. بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە، پاش سی ساڵێک، ئەم منداڵە بە هۆیی شێوەی قێزەون و دزێوێوە و نیشانە نامۆکانییەوە وەک، لچێکی ئەستوور و قژێکی لوول و ناشرینەوە، لووتێکی ناقۆڵا و پێ زل و ڕەشتاڵییەکەیەوە، لە گەڕەک و کۆڵاندا وەک کەسێکی نامۆ سەیر دەکرێت و بە زۆڵی دەزانن، تەنانەت لە ناو خانەوادەکەی خۆیشیدا بە قەرەج بانگی دەکەن. بەڵام چیرۆکی سەیری ئەم پاڵەوانە، گۆڕانێتی لەگەڵ کورپەیەکی عەرەبدا. دایکی پێی دەڵێت. ئەو ڕۆژەی تۆم بوو حەوت ژنی عەرەبیش منداڵیان بوو. تۆ لەگەڵ کۆرپەیەکی عەرەبدا گۆڕاوی. ئیدی گەڕانی ئەم پاڵەوانە بۆ دۆزینەوەی خۆی دەست پێدەکات و دەگەڕێتەوە هەمان شوێنی لە دایکبوونی و عەوداڵی دۆزینەوەی خۆی دەبێت. بە واتایەکی تر، عەوداڵی گەڕانە بە دوای شووناسی خۆیدا لە ناو بیابانەکانی باشوردا.
هەرچی نۆڤلێتی سێهەمیشە، (گوڵەکانی پیرەمەگروون) یان چیرۆکی حەوت کچە ئەنفال کراوەکان، ئەوچیرۆکەی تراژیدیای کورد لەقوربانی بەدیوێکداو خیانەت بەدیوێکی تردا دەگێڕێتەوە. تێکەڵ کردنی دوو هێڵی تەریب پێویستی بەدوو ئاراستەی جیاوازە لەهەڵوێست وەرگرتن و دەنگۆی خۆبکەم زانینی بەشێک لەنەوەیەک تاڕادەی داڕمان. نوسەر لەنێوان بەرەنگاری و داڕماندا، قسەی نوێی هەیە. بۆیە کارەساتی ئەنفالکردنی حەوت کچە ئەنفال، وەک ڕەخنەیەکی جدی لەکلتوری سیاسی و کۆمەڵایەتی بەگرنگ دەزانێت، ئەم بەشە بۆخۆی بەشێکی گرنگە لەو سێ کوچکەیەی نوسەر بەسیانەی تارماییەکانی بیابان، کە لە کتێبێکدا بڵاویکردووەتەوە. خوێندنەوەی هەرسێ نۆڤلێتەکە پێکەوە هاوبەشن لەکۆی مەرگەساتە مێژووییەکانی کورد لەباشوری کوردستاندا. گرنگی کۆی بەرهەمە ئەدەبیەکە تێکەڵ کردنی زمانێکی باڵایە بەکارەساتێکی باڵاترەوە . کە ئەمە بۆخۆی یەکێکە لەپایە گرنگەکانی ئەدەبی زیندوو و بەستنەوەی بە ئەدەبی جیهانیەوە. کە گەواهیدەری مێژووی قۆناغێکی سەخت و هەستیارە.


عبدالقادر سعید
سلێمانی حوزیرانی 2022

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish