Skip to Content

شاعیرێکی گومڕاو یاخی .. دەنگ هەڵبڕینێکی تر… عارف کوردە

شاعیرێکی گومڕاو یاخی .. دەنگ هەڵبڕینێکی تر… عارف کوردە

Closed
by ئاب 12, 2022 General, Literature

عبدالوهاب البیاتی دەڵێت: ئەوەندەی شیعرەکانم ستایشی مرۆڤایەتی دەکات، ئەوەندە ستایشی شۆڕشەکان ناکات.(١) گەر بڵێم شیعر مۆسیقایە ڕەنگە بەهەڵەدا نەچووبم، مۆسیقاش بەڕوحی شیعر ئەزانم و ڕووبارێکی بێکۆتاییە و زۆرجار شاعیر خۆیشی نازانێ شیعرەکەی لەچ دەریایەکی ڕوحیدا شەپۆل دەدا و لەکوێی ڕۆخی خەیاڵدا لەنگەر دەگرێ. ئەحمەد شاملۆش پێی وابوو لەم سەردەمەی ئێمەدا لەو شوێنەی قسە دادەما، شیعر دەستی پێدەکرد.)(٢) هەروەها مۆسیقاش، دەکرێ وەک دیوێکی تری شیعر چاو لێبکرێ. شیعر بەهرەیەکی شیعرییە و بەهرەکەش لەڕوحی شاعیرەوە هەڵدەەقوڵێ و زۆرتریش پەیوەندی بەئەندێشە و خەیاڵ و هەست ناسکی و جوانبینییەوە هەیە، نەوەک تەنها بیرکردنەوەی فکریی و بەستەڵەک و چەقبەستن. ئەمەش نیشانەی ئەوەنییە بیرکردنەوە و تێڕامانی شاعیر هیچ ڕۆڵێک لەدایک بوونی شیعر ناگێڕێ. لەبەر ئەوەی شیعر بیرۆکەیەکە وشە و زمان دروستی ئەکات. چونکە ئەندێشە و خەیاڵیش پێویستییان بەبیرێکی فراوان و قووڵەوە هەیە. هەروەها پێویستە هەستێکی پڕاوپڕ لەناسکی لەئێستاتیکای شیعردا لەجۆش و ورووژاندا بوونی هەبێت، سەبارەت بەو بابەتەی کە شیعرەکەی لەسەر دەنووسرێ. شیعر بەبێ هەڵچوونێکی دەروونی و ورووژێنەری دێوانە ئاسا مەحاڵە و درووست نابێت. گەلێگجار چ لەئێستاداو چ لە ڕابردوودا؛ شیعر و شاعیر یاخیبوونەو ئەم یاخیبوونەش لایەنی جۆراوجۆری گرتۆتەوە، یاخی لەیارو لەنیشتیمان، یاخی و نامۆ بەخود و بەدەورووبەر، بەیاساو ڕێسای کۆمەڵگە و داب و نەریتی کۆنەپارێزی کۆمەڵایەتی. ئەم یاخی بوونەش لەناو گۆشە و کەنارەکانی کۆمەڵگەدا ڕوودەدات. بە من وایە شیعر نابێ بەشیعر ئەگەر ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی واقیع نەبێت، یان وەک ئەحمەدی شاملۆ ئاماژەی پێدەدات پێشەکی ئەبێ شاعیر بیت ئەوسا ئەتوانی وڵام بەداخوازی و کەموکوڕییەکانی کۆمەڵگە بدەیتەوە.(٣) لێروە هەوڵدەدەم لەگەڵ ئێوەدا شۆڕببمەوە نێو جیهانی شیعریی شاعیر و نووسەر و ڕەخنەگرو مامۆستا، شەماڵ بارەوانی کە لە وێنە شیعرییە ورووژێنەر و هەستیارەکانیدا دەربارەی یاخیبوون و نامۆ لە کۆمەڵگە و لەدۆست و لەیارانی و بەهەستێکی جوان و تابلۆی پەلکە زێڕینە وێنە شیعرییەکانیمان پێ ئاشنا دەەکات.
ئەمشەو لەگەڵ بێدەنگی شەوەزەنگدا
بەدەم ژەنینی فلووتی ئازارو
بەباکردنی جگەرەی خەمەوە
شەوێکی تری تەنیایی دادەگیرسێنم
ئەمشەو ئینجانەی بەختم
لەسەر باڵکۆنی تەنیایی درز دەبات و
تەرمی خەونەکانم لەگۆڕستانی عەدەم دەچێنم.
ئەمشەو نەکۆترێک گمەی دڵخۆشی لەسەر پەنجەرەی بێتاقەتیم دەخوێنێت
نە نەغمەی بولبولێک نمەی بارانی بێزاریم دەڕەوێنێتەوە.
(لەشیعری ئەمشەو تەنیایی دادەگیرسێنم)

شاعیر لێرەدا لەگەڵ شەوێکی خامۆش و پڕ ئازار و تەنیاییدا خەوناچێتە چاوەکانی و ئومێد و ئامانجە بەدینەهاتووەکان و خەون و حەسرەتەکانی لەگۆڕستانی بێ هیواییدا لەگۆڕ ئەنێت، ئەو چاو لەڕێگەیە تاکو حەبیبەکەی لەدەرگا و پەنجەرەی ماڵی دڵی بدات و بێتاقەتی و خەمەکانی بڕەوێنێتەوە. زۆرجار شیعر و شاعیر یاخی و نامۆ ئەبن لەهەموو داب و نەریت و کەسوکار و ئەو بەرگە کۆمەڵایەتییەی کەلەبەری کراوە تووڕهەڵئەدات و دەستبەرداری ناسنامە و شوناسی خۆی ئەبێت و وەک قەرەجێکی پەڕاگەندە و بێ نیشتیمان ئەیەوێت سنوورەکان پەی بکات و وێڵ بووە و نازانێ لەباوەشی کێدا خەم و سکاڵاکانی هەڵڕێژێت. تەلعەت تاهیری شاعیر پێیوایە ئەگەر تائێستا لەهەولێر مابایە دەبوو بەفەرهاد پیرباڵێکی تر.(٤)
لەدوای تۆ بەرگی پەراگەدەییم پۆشی و
بووم بەقەرەجێکی بێ ناسنامە
لەشەقامەکانی ئاوارەییدا
لەگەڵ تەنیایی لەبازنەی وێڵیدا دەسووڕامەوە
هەر ڕێگەیەکم دەگرتەبەر
دەڕۆشتەوە سەر خەرەندی خەم و
نەمدەزانی سکاڵای ئەم دەربەدەری و
ناڵەی عەزابی کۆچەریەم بۆ کوێ بەرم.
( قەرەجێکی بێ ناسنامە)
ئەو ڕەهەندە کۆمەڵاتی و سیاسییانە وایانکردووە شاعیر وێنەی ئەو زەمەن و وەرزەمان بۆ بنەخشێنێ کە لێوانلێوە لەژن کوشتن و پەردە لەسەر ئەو فەرهەنگ و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییانە لادەدات کەبوونەتە فاکتەرێکی سەرەکی لەبەرانبەر نایەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا. تاوان و هەوسەکانی پیاو دەەبێت ژن باجەکەی بدات. شاعیر توانیویەتی تابلۆی تراژیدی ئەم دەڤەرە سۆتماکە بەوشە و زمانە شیعریەکەی بکێشێ.
لەوەرزێک لەدایک بووم
لێوانلێو بوو لەکاتژمێرەکانی ژن کوشتن
ویستم دەنگی ژن بنووسمەوە
گوتیان لەهجەی ژن عەورەتە و
ئارەزووی پیاو دەجووڵێنێت
ئۆهه خودایە من تێناگەم
بۆچی مێ باجی شەهوەتەکانی نێر بدات و
ئەو هەموو گوناهەیان لەڕەشنووسی ژن بارکرد.
( ڕەهەندەکانی ژن بوون)
ئەمیش لەئاکامی حەزێکی سەرکوتکراو عەشقێکی بەدی نەهاتوودا، کۆڵێک لەخەم و بێ هیوای لەکۆڵ دەەنێت و جارێکی دیکە دەکەوێتەوە سەرپێی خۆیی و بەگژ دیلی و وشکەساڵییەکانی ژیانی سۆزداریدا دەەچێتەوە و نایەوێت چیتر شوێن پێی تاریکی هەڵبگرێت و کەشکۆڵی یاخی بوون لەکۆڵ دەەنێ و بازێکێ گەورە و دوور هاوێژ بەسەر عەبەسیەتی ژیاندا دەەدات.
نامەوێ چیتر مودمینی سەراب بم و
زەمهەریری سەردابی ڕۆحم
بەئاوی عەبەس بشۆمەوە
نامەوێ چیتر بەخەتمی سوورەتی خەم
دەستوێژی ئایەتەکانی ئیشق بەتاڵ کەمەوە
نامەوێ چیتر شوێن پێی تاریک بکەوم و
تەمەنم لەکۆکردنەوەی برین بەهەدەرچێ
ناومەوێ چیتر وەرزەکانم دیلی و
وشکەساڵی و تژی بێت لەموناجاتی دڵ شکان.
(وشکەساڵی..)
بەم پێیە دەنگێک ، بەڵام دەنگێکی تر دەبینین یاخی و گومڕا و پڕ لە گومان و دڵشکان لەنێو بەرداشی دەریایەک لە دەنگ و ڕەنگ، دەیەوێت جیاواز دەربکەوێت و بەشدار بێت لە بەخشینی ئەو هەنگوینە لە شیعرییەت کە هەموو لەسەری ڕێککەوتوون ناوی بنێین چێژ.

“عارف کوردە”
(شاعیرو نووسەر)
تەممووزی ٢٠٢٢

————————————————–

پەراوێزەکان :
(١)عبدالوهاب البیاتي شاعر العشق و المنافي اعداد هاني الخیر
چاپی یەکەم، ساڵی 2017 – دیمەش، لاپەڕە23.
(٢)گۆڤاری پێشەنگ کانوونی هونەر و ئەدەبی کرێکاری کوردستان ژمارە ١٦ لاپەڕە ٣٣، ساڵی 1386 ی هەتاوی
Shamal Ismael Kareem
(٣)گۆڤاری پێشەنگ، کانوونی هونەر و ئەدەبی کرێکاری کوردستان ژمارە ١٦ لاپەڕە 19. ساڵی 1386ی هەتاوی.
(٤)بڕوانە پەیجی تەلعەت تاهیری شاعیر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک.

Previous
Next
Kurdish