Skip to Content

چاو خشانێک بە ساڵی ژن ژیان ئازادیدا.. وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

چاو خشانێک بە ساڵی ژن ژیان ئازادیدا.. وەرگێڕانی بۆ کوردی: کاوە عومەر

Closed
by ئازار 26, 2023 General

دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقوایی

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی جەدید کۆکراوەتەوە
حەسەن ساڵحی: ساڵێک کە تێپەڕی ساڵێکی زۆر تایبەت بوو. ساڵی دەستپێکی شۆڕشێکی شکۆمەند کە ژماردنی پێچەوانەی بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەستپێکرد. شۆڕشێک کە سەرەڕای سەرکوتی توند و زیاتر لە ٥٠٠ کوژراو و هەزاران زیندانی هێشتا بەردەوامە. تەنانەت گۆڕینی ساڵی نوێش لەگەڵ دەنگدانەوەی دروشمی “مەرگ بۆ خامنەیی” لە زۆرێک لە شارەکان و هەڵپەڕکێی کچانی بێ حجاب و شادی و ئاهەنگی خەڵک لە شەقامەکاندا بوو. لە سەرەتای ساڵی نوێدا دەمانەوێت چاوێک بە ڕەوەندی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و ئاسۆکەیدا بخشێنین.
حەمید تەقوایی، یەکەم پرسیارم سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی نەورۆزی ١٤٠٢ کە زۆر بە ئاشکرا هێرشێکی بەرفراوان بوو دژی حکومەت. ئایا دەکرێت ئاهەنگی ئەمساڵی نەورۆز وەک هێمایەک بۆ هەموو گۆڕانکارییەکانی ساڵی ڕابردوو سەیر بکرێت؟
حەمید تەقوایی: بە بڕوای من ڕێک ئەو هێرش و ئاهەنگگێڕان و خۆشی ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانی کۆمەڵگە بەرامبەر بە حکومەت جارێکی دیکە لە شەوی سەری ساڵدا، لە ڕاستیدا تایبەتمەندی ئەو ئاڵوگۆڕە بوو کە لە شەش مانگی کۆتایی نیوەی دووەمی ساڵی ڕابردوودا شاهیدی بووین: کۆمەڵگە بە شێوازی جۆراو جۆر لەئاستێکی فراوانتردا هەمووبوونی کۆماری ئیسلامی خستە ژێر پرسیارەوە، بە دەنگی بەرز و بە ڕوونی ڕایگەیاند کە ئەو ئەم حکومەتەی ناوێت، تەحەمولی ناکات و قبوڵی ناکات، و دەبێت شەڕو بەڵای خۆیان بە سەر سەری خەڵکەوە کەم بکەنەوە. ئەوەی لە نەورۆز ڕوویدا لە ڕاستیدا دەرئەنجامی ئەم شەش مانگە خەباتە بوو.
بێگومان دەکرێ بگوترێ کە لە تەواوی سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا ڕێوڕەسمی نەورۆز جۆرێک بوە لە بەرەنگار بوونەوەی حکوومەت. کۆماری ئیسلامی حکومەتی ماتەمینی و پرسەیە و دژی ڕۆحی نەورۆز و شادی و زیندووییە. بۆیە هەمیشە لە شەوی سەری ساڵ و لە چوارشەممە سوری و سیانزە بەدەر وهەڵپەڕکێ و دڵخۆشی خەڵک هەمیشە چقڵێک بووە لە چاوی حکومەتدا بووە. بەڵام ئەمساڵ لەهەناوی شۆڕشی ئێستادا نەورۆز ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تایبەت و ئاشکرا بوو لەگەڵ حکومەت. خەڵک بە ئاستێکی بەرفراواندا بە دروشمی بمرێ خامنەیی و بە شادی و هەڵپەڕکێ بەبێ حیجاب لە شەقامەکانی زۆرێک لە شارەکاندا پێشوازییان لە نەورۆز کرد و گورزێکی دیکەیان لە کۆماری ئیسلامی دا. بەڕای من ئاهەنگی ناڕەزایەتی چوارشەممەی سور و جێگۆڕکێی ساڵی ئەمساڵ هێمای ئەو پێشهاتانە بوو کە لە نیوەی دووەمی ساڵی ڕابردوودا ڕوویاندا. ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە هەموو دونیا بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ناوی دەبەن.
حەسەن ساڵحی: ڕوونکردنەوە و هەڵسەنگاندنی گشتیتان بۆ شۆڕشی ئێستا چییە؟ دروشمی سەرەکی ژن ژیان ئازادی گوزارشتە لە چییە؟
حەمید تەقوایی: بە بڕوای من ئەم دروشمە گوزارشت لە قوڵایی ئینسانی و ئازادیخوازانەی ئەم شۆڕشە دەکات. ئەم سێ وشەیە لە بنەڕەتدا و لە نزیکەوە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. کاتێک خەڵک دروشمی ژن ژیان ئازادی دەڵێنەوە بەجۆرێک ژیان، ڕێز و کەرامەت، ژیان، واتە ئەو بژێوی و شکۆیەی کە کۆمەڵگا، بەتایبەتی کرێکاران و خانەنشینان و مامۆستایان، هەمیشە ویستوویانە، دەبەستنەوە بە ئازادی ژنەوە. هەروەها ئازادیی هەموو کۆمەڵگە بە پلە و پێگەی ژنەوە دەبەستنەوە و ئەم پەیوەندییە بابەتییەت و واقیعێکە بە تایبەت لە کۆمەڵگای ئێراندا. دەکرێ بگوترێ کە لە هەموو جیهاندا ئەمە وایە، بەڵام بە تایبەتی لە ئێراندا زۆر ڕوونە کە کۆماری ئیسلامی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و تاوانەکانی دژ بە ژنان وەک شمشێر و چەکێک لە دژی هەموو کۆمەڵگا بەکار دەهێنێت. حیجاب و هەڵاواردنی سێکسی سبوڵ وهێمای حیجاب سەپاندنی زەبروزەنگە بەسەر کۆمەڵگەدا. دروشمی ژن ژیان ئازادی ، دەربڕینێکی تری ئەو ڕاستییەیە کە ئازادی کۆمەڵگا پەیوەستە بە ئازادی ژنەوە. ئێمەی کۆمۆنیستەکان هەمیشە ڕامانگەیاندووە کە هیچ کۆمەڵگایەک بەبێ ئازادی ژن ئازاد نییە. بە تایبەت لە کۆمەڵگەی ئێراندا، ئەمە سەدان جار زیاتر لە هەموو کۆمەڵگایەکی دیکە ڕاست دەبێت.
لە لایەکی ترەوە وشەی ژیان لەم دروشمەدا ئاماژەیە بۆ کەرامەت و بژێوی ژیان و ژیانێکی ئینسانی گونجاو بۆ مرۆڤی سەدەی بیست و یەک. ژیان بە ئاستێکی خۆشگوزەرانی کە هەموو مرۆڤەکان بتوانن بە ئارامی بژین و پێداویستیەکانیان دابین بکەن. خەمی نان چیتر ژیان بەم شێوەیە ناگوشرێت و ژیانی هەمووان لە سەرووی “هێڵی خۆشگوزەرانی”ەوە دەبێت و چەند جارێک لە ژێر هێڵی هەژاریدا نابێت. ژیان بەم مانایە بەشێکە لە دروشمی سەرەکی شۆڕش، و بەتەواوی پەیوەستە بە کەرامەتی مرۆڤ و ئازادیی هەموو کۆمەڵگا و بەتایبەت ئازادی و مافی ژنانەوە.
بۆ ئەم شانازییە پێویستە بگوترێ کە سێ وشەی ” ژن ژیان ئازادی ” پەیوەندییەکی ڕاستەقینە و ڕەگ و ڕیشەیان لەگەڵ یەکتردا هەیە و تەواوی دروشمی “ژیانی ئازادی ژن” کە بووەتە ئاڵا و هێمای شۆڕش، بە هەموو لایەک، بە هەمووخەڵکی جیهان ڕادەگەیەنێت، کە شۆڕش لەسەر سەرچاوەی خواستە ئینسانی و ئازادیخوازانەکان دامەزراوە،. وە بە بڕوای من نهێنی ئەو هێمای ڕێز و پشتیوانییە جیهانییەی کە شۆڕش بۆ خۆی ڕاکێشاوە، سروشتی قووڵی ئینسانی و گشتگیری ئەم دروشمەیە.
حەسەن ساڵحی: سەرەڕای وەسفەکانی ئێوە بۆ ئەم دروشمە، بەڵام هەندێک کەس پێیان وایە ئەم دروشمە بە شێوەیەکی پێویست گوزارشت لە جیاوازیی ئەو هێزە جۆراوجۆرانە ناکات کە بەشدارن لە شۆڕشدا. زۆر کەس لە چەپ و ڕاستەوە دروشمی ژن ژیان ئازادی دەڵێنەوە و هەندێک کەسیش لە ڕوانگەی ئەم تایبەتمەندییە سەرتاسەرییەوە باسی شۆڕشی نەتەوەیی دەکەن. وەڵامی ئێوە بۆ ئەم تەیفە لە هەڵسوڕاوان چییە؟
حەمید تەقوایی: لە فەرهەنگی سیاسی ئێراندا، نەتەوەیی بە مانای سەرتاسەری نییە. ناسیۆنالیزم میللەت و میللەتیلەجێگای خەڵک داناوە، بەڵام جەماوەری خەڵک وێنەیەکی جیاوازیان هەیە لەسەرتاسەری بوونی شۆڕشەکەیان. ئەگەر شۆڕشی ئێستا گۆڕانکارییەکی نەتەوەیی بووایە، بە ڕوونی ئەمەی ڕاگەیاند. ئەم شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە و شۆڕشێکی نەتەوەیی ـ نیشتمانی نییە وەک ئەوەی شاخوازەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. شاخوازەکان چاویان لە ڕابردووە و لەو کارەساتانەی کۆماری ئیسلامی هێناویەتییە ئاراوە، دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ٥٠ ساڵ لەمەوبەر.
ئەم هێزانە بە مانای ڕاست و ڕەوانی وشەکە کۆنەپەرستن، چونکە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو. لە کاتێکدا ئەم شۆڕشە، بە ئاڵای نەوەی هەشتاکانەوە، هەمووی لەسەر داهاتووە. ئایندەیەک کە تەنانەت شارستانیترین وڵاتانی ئەمڕۆش تێدەپەڕێنێت. شۆڕشی ئێستا دەیەوێت ئازادی و ئینسانیەت و ژیان لە ڕەهەندی نوێدا پێناسە بکات و بخاتە بەرچاو بەدیبهێنێت. نە شۆڕشێکی نیشتمانییە، نە شۆڕشێکی ئیسلامییە، نە شۆڕشی سەربەخۆیی، نە شۆڕشی پیشەسازییە، نە شۆڕشێکە دژی ئیمپریالیزم، نە شۆڕشێکی دژە دەرەکییە. ئەمە یەکەم شۆڕشی ژنانە لە مێژوودا و شۆڕشێکە بە ئاڵای ژن ژیان ئازادیەوە. شۆڕشێکە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەیەکی سەلبییەوەوە ناوێت و دژی ئەو سیستەمەیە کە بۆ پاراستنی خۆی پێویستی بە حکومەتێکی ئینسانخۆری لەو شێوەیە هەیە. واتە ئەو سیستەمەی کە بەرژەوەندی ئایەتوڵڵا ملیاردێرەکان و کەمینە ئیمتیازدارە سەرمایەدارەکان دەپارێزێت، کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا خوێنی خەڵکی ڕژاندووە لە ژێر ئاڵای ئیسلام و پێش ئەوەش لە ژێر ناوی پاشایەتی و ئایکۆنی”خودا، پاشا نیشتمان”؛ لەگەڵ شتە پیرۆزەکانی وەک خاک پەرستی، ڕابردوو پەرستی ، خورافاتە ئیسلامییەکان، باوباپیران و هاوشێوەکانی.
سەیرکەن هەمووان بانگەشەی ئازادی دەکەن، هەمووان بانگەشەی بەرگریکردن لە دروشمی ژن ژیان ئازادی دەکەن، بەڵام شتێکی تریش بەوەوە دەبەستنەوە. وە ئەوە کێشەکەیە. کاتێک ئازادی ئینسان بە ڕێگەی فەرمانێکی پیرۆز و ئایدیاڵێکی تر پێناسە دەکەیت، لە ڕاستیدا ئامانجەکەت هەمان شتە. کەسێک کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەرگریکردن لە نیشتمان واتە بەرگریکردن لە ئازادی، لە ڕاستیدا دەیەوێت بە ناوی ئازادییەوە جەخت لەسەر نیشتمان بکاتەوە و ئێمەش دەزانین بە ناوی بەرگریکردن لە نیشتمانەوە چ شەڕێک نەکراوە. بۆ پاراستنی نیشتمان، پێویستە مرۆڤ گیانی خۆی بکاتە قوربانی، دەبێت مرۆڤ بکوژرێت یان بکوژرێت، شەڕی جیهانی لە دەوری بەرگری لە نیشتماندا کراوە، هەموو حکومەتە ستەمکار و ملهوڕ و دیکتاتۆریە سەربازی و ناسەربازیەکان، لە سوڵتان و پاشاکانەوە تا سەرکۆماری بەدرێژایی تەمەنەکان، هەمیشە بەناوی نیشتمان و میللەتەوە، سەری ئازادییان بڕیوە، ئۆپۆزسیۆنیان بە ناوی ئاسایشی نەتەوەییەوە سەرکوت کردووە، لەژێر ئاڵای بەرگریکردن لە خاک و سنوور و ژینگە، شەڕی ناوچەیی و جیهانییان دەستپێکردووە. هەر لە هیتلەر و پینۆشەوە تا ئەردۆغان و سیسی و هەموو دیکتاتۆرێکی تر هەموویان نیشتمانپەروەر بوون.
لە کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا ئیسلامی دەسەڵاتدار هەمان ڕۆڵی هەیە. قوربانیدان لە ڕێگای خودا و بکوژن و بکوژرێن چونکە ئیسلام لە مەترسیدایە. یەکێکیان دەڵێت نیشتمان لە مەترسیدایە، یەکێکی تریش دەڵێت ئیسلام لە مەترسیدایە! ئێمە دەڵێین مرۆڤایەتی خۆی لە مەترسیدایە. وە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی دەبێت خەبات بۆ خودی مرۆڤایەتی بکەیت. مەسەلەکە بەقەد ئەم سادەیە. پێویست بە ئاڵایەکی تر ناکات کە لە ڕێگەیەوە بە ڕواڵەت بتوانیت بگەیتە خەڵک، یان لە ڕاستیدا بەسەر خەڵکدا زاڵ بیت. ژن ژیان ئازادی زۆر بە ڕوونی دەڵێت شۆڕش لەسەر چییە. باسی ڕزگاری ژنە، باس لە کەرامەت و بژێوی ئینسانییەدەکات، هەروەها باسی ئازادیی هەموو کۆمەڵگە و ئادی بێ کۆت ومەرجی بیروڕا و دەربڕین و ڕێکخستن و مانگرتن و حیزبایەتی و هتد و هتد. ڕێنێسانسی دژە ئایینی، دژە دەسەرکوتگەری، دژە پیاوسالاری، دژە دەسەڵاتی سەروخەڵکی لە ڕیشەی ئەم دروشمەدایە. دژایەتیکردنی ئەو ئاڵایانە کە هەمیشە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیی لەسەد یەکەکان ، بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتداریان کردووە، کرۆکی ئەم شۆڕشەیە. وە ڕوونە کە شۆڕشێکی لەو شێوەیە بە قووڵی یەکگرتووکەرە.
ئێوە دەپرسن بۆچی دروشمی ژن ژیان ئازادی جیاوازیەکان ناڵێت؟ بەڕای من لەوە ڕونتر ناکرێت جیاوازی نێوان ٩٩٪ کان ولە ١٪ لەوە دەرببڕیت. باسەکە لەسەر جیاکردنەوەی نیشتمانپەرست و غەیرە نیشتمانپەرست یان موسڵمان و ناموسڵمان، یان ئێرانی و بیانی نییە. بابەتەکە جیاکردنەوەی کەسێک نییە کە دەستوریی دەوێت و کەسێک کە دەسەڵاتی پاشایەتی ڕەهای دەوێت، یان کەسێک کە ئازادی بە پەرلەمان و دیموکراسیەوە گرێ بدات. شۆڕش خەرێکە دەڵێ ژن ژیان ئازادی و نەک “ژن ژیان نیشتمان” یان “ژن ژیان دیموکراسیی”. هەوڵیاندا تیشک بخەنە سەر “پیاو نیشتمان ئاسایش” بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. کۆمەڵگا وەڵامی ئەرێنی بۆ ئەم جۆرە هەوڵانە ناداتەوە.
بەپێویستی دەزانم دروشمی ژن ژیان ئازادی بەبێ هیچ زیادکردن و وابەستەیەک ڕوون بکرێتەوە و ماناکەی ڕوون بکرێتەوە و ئاڵاکەی بەرز بکرێتەوە. ئەگەر دەتەوێت جاڕنامە بدەیت، ئەگەر دەتەوێت پلاتفۆرم و مانیفێستێک بۆ شۆڕش بنووسیت، تکایە لە هەمان چوارچێوەی ژن ژیان ئازادیدا قسەکانتان بکەن.
زیاتر لە سەد ساڵە کۆمەڵگای ئێران لە ژێر دروشمی “خودا پاشا نیشتمانی” لەخۆی پێچاوە. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە واتای شکاندنی ئەم ئاڵای دیکتاتۆریەت و کۆنەپەرستیە و گۆڕینی بە ئاڵای جیهانی “ژن ژیان ئازادی “. تەوەر و ئایکۆنی کۆمەڵگەی ئازاد سبەینێ ژن ژیان ئازادییە و بە دڵنیایی نەک هیچی تر.
حەسەن ساڵحی: پرۆسەی شۆڕش تا ئێستا چۆن دەبینن؟ بەڕای ئێوە دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی شۆڕش چین؟
حەمید تەقوایی: بە بڕوای من شۆڕش تا ئێستا دەستکەوت و پێشکەوتنی تەواو بەرجەستەی بەدەستهێناوە. من تەنیا مەبەستم لە دوایین پێشهاتەکانی ساڵی ڕابردووە کە دەتوانێ ڕەمزی تەواوی پڕۆسەی شۆڕش بێت.
با لە ٢٧ی بەهمەنەوە دەست پێبکەین، کە دوای ماوەیەک لە دابەزینی ڕێژەیی لە ناڕەزایەتی شەقامەکاندا، بە بانگەوازی نزیک بە ٥٠ ڕێکخراوی خوێندکاری، لاوانی گەڕەک، خوێندکار، پزیشک، ڕێکخراوەکانی ئازادی ژنان و هتد، کۆمەڵگا لە ئاستێکی بە ڕێژەیەک فراواندا هاتە گۆڕەپانەکە و دوای ئەوەی ئەو بۆنانەمان لە ١٦ی ئەسفەند و ١٧ی ئەسفەند، ڕۆژی جیهانی ژنان ئەنجامدا. ناڕەزایەتی شەقامەکان لە ١٦ی ئەسفەند بە بانگەوازی ئەنجومەنی هەماهەنگی سەندیکاکانی پەروەردەکاران وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هێرشی کیمیاوی بۆسەر قوتابخانەکان لەلایەن حکومەتەوە دروستکرا، هەروەها لە ١٧ی ەسفەند یان ٨ی مارس بۆ یادی ڕۆژی جیهانی ژنان بە بانگەوازی زیاتر لە ٥٠ ڕێکخراو کە باسم کرد. دواین جوڵانەوەی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی چوارشەممە سوری و سێشەممەی پێشووتر بانگەوازی ئەو ڕێکخراوانە بوو. هەموو ساڵێک لە چوارشەممەی سوردا، کۆمەڵگە بە جۆرێک لە جۆرەکان ناڕەزایەتی دەربڕیوە، بەڵام ئەمساڵ بە بانگەوازی تۆڕی ٥٠ ڕێکخراو، خەڵک لە ڕۆژێک پێش ئێستاوە چوون بۆ پێشوازیکردن لەم مەراسیمە و وەک ئاماژەم پێدا، بە زۆرتر و ئاشکراتر لە هەموو ساڵێک تەحەدای حکومەتیان کرد.
ئەم دوایین ئاڵوگۆڕانەی ساڵی ڕابردوو ئەوەمان بۆ دەردەخات کە شەقامەکە نەک تەنها بانگەوازکەرێکی هەیە بەڵکو ڕێبەر و ڕێکخەرانێکی خاوەن متمانەی هەیە. ئەم پێشهاتانە کە باسم کرد بێ ئامادەکاری و ڕێکخستنی پێشوەختە ڕووی نەدا. وا نەبوو ڕێکخراوەکان بە سادەیی پەیوەندی بکەن و خەڵک هاتنە سەر شەقامەکان. گروپێک لە هەڵسوڕاوان لەسەر ئاستی سەرتاسەری بانگەواز و ڕێکخستنیان کرد. وە ئەم ڕێکخراوە نەک هەر لەم ڕۆژانەی ناڕەزایەتییەکاندا بەتەواوەتی شیاوی بینینە، بەڵکو لە مانگەکانی یەکەمی شۆڕشەوە دروست بووە و بەردەوام بووە، کە لە ئەنجامدا لەسەر دیوار نوسین و دڕاندنی لافیتە و تابلۆکانی حکومەت و سووتاندنی وێنەی خامنەیی و خامنەیی. وپەیکەری قاسم سولەیمانی دەتوانن لە دروشمی شەوانەدا، لە خۆپیشاندانی گەڕەکەکاندا و هتد دەتوانرێت ببینرێت. ئەم ئامادەکاری و ڕێکخستنەو ڕێکخراوکردنە هەرچەنێک شۆڕش بەرەوپێشەوە چوو وبەرچاوتر و فراوانتر بوو لەگەڵ پێشکەوتنی شۆڕش. ئەمڕۆ بە جورئەتەوە دەتوانین باس لە تۆڕێکی سەرتاسەری ڕێکخستنی خۆپیشاندان و جۆرەها شێوەی ناڕەزایەتی مەیدانیەوە بکەین.
ئەگەر ئەو بەڵگەنامە نهێنییەتان خوێندبێتەوە کە لەم دواییانەدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی سوپای پاسداران و خامنەیی ئاشکرا بووە، بۆتان دەردەکەوێت کە ئەوان بە ڕوونی ئاماژە بە “زیاتر لە چوار سەد گروپی چەکدار، پێنج سەد تۆڕی زانیاری ناوخۆیی بۆ هەماهەنگی کۆبوونەوە و پانزە هەزار گروپی گەڕەک” دەکەن “. ئەمە دانپێدانانی حکومەتە بە دەسەڵاتی شۆڕش. ئەمە ئەو سەرمایەیەکی خەباتکارانەیەکە شۆڕش لە ڕەوتی بەرەوپێش چونەکانی خۆیدا پاشەکەوتی کردووە.
لە لایەنێکی ترەوە هەنگاوی گەورەمان بۆ پێشەوە ناوە. لە ڕووی وردبینی و ڕوونکردنەوەی ڕوونتر و هەمەلایەنەتری ئامانج و داخوازییەکانی شۆڕش. دیارە مەبەستم لەو جاڕنامەیە کە لە ٢٥ی بەهمەن بە واژۆی ٢٠ ڕێکخراوی خاوەن پێشینەی سەلمێنراو بڵاوکرایەوە. ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگی شۆڕشە. ماوەیەکی کەم دوای ئەمە و لە ١٦ی ئەسفەند و ڕۆژێک پێش ڕۆژی جیهانی ژنان، جاڕنامەی داخوازی پێشکەوتنخوازانەی ژنان لە لایەن چالاکانی دیاری بزووتنەوەی ئازادیی ژنان لە ئێران بڵاو کرایەوە. کە جۆرێک بوو لە ڕوونکردنەوە و فراوانکردنی بڕگەکانی پەیوەست بە ئازادی ژنان لەجاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراودا.
ئەمە ئاڵایەکە کە لە ڕاستیدا زۆر بە ڕوونی و هەمەلایەنە تەوەر و ئامانج و داواکارییەکانی شۆڕش دەردەبڕێت. ئێمە لەم بەڵگەنامانەدا خواستی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەبینین و بەم مانایەش ئاڵای یەکڕیزی و پێکەوەگرێدانی خەڵک. تۆڕی ڕێبەری کردەییە کە باسم کرد، کە ئەمڕۆ زیاتر لە ٥٥ ڕێکخراو لەخۆدەگرێت، پەیڕەوی لە هێڵ و ئاراستەی جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراو دەکات. لە ڕاستیدا هەڵسوڕاوانی شۆڕش لە لایەک قۆڵی خۆیان بۆ ڕێکخستن لە ئاستی مەیدانیدا کۆکردۆتەوە و لە لایەکی دیکەوە بە ڕاگەیاندنێکی ڕوون ڕاشکاو و ئاشکرای ئامانجەکانی مانیفێستی شۆڕشیان بڵاوکردۆتەوە. ئەمانە بە دەستکەوتی گرنگی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا دەزانم.
حەسەن ساڵحی: خەڵک ساڵی نوێیان بە ساڵی گواستنەوە لە کۆماری ئیسلامی ناوبرد. ئاسۆی شۆڕش لە ساڵی تازەدا چۆن دەبینن؟ بەڕای ئێوە مەرجەکانی سەرکەوتنی شۆڕش چین؟
حەمید تەقوایی: پێم وایە ئەم ناولێنانە زۆر گونجاوە. ئەمساڵ دەتوانێ و دەبێ ساڵی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بێت و تەنانەت ڕەنگە ئەمە زۆرپێش لە کۆتایی ساڵ ڕووبدات.
ئەمڕۆ ئەوەی لە خەیاڵدا نییە، بەردەوامبوونی ئەم حکومەتەیە. کەسێک لێی پرسیم ئایا دەکرێت لە ساڵی نوێدا سەرکەوتنی شۆڕش لە خەیاڵدا بێت؟ وتم پرسیاری ڕاستەقینەی وێنەکە ئەمەیە. ئایا دەکرێت خەیاڵ بکرێت کە کۆماری ئیسلامی لە پێنج شەش مانگی تردا هەر لە کاردا بێت؟ زۆر سەختە بیخەیتە بەرچاوت. هەمان بەڵگەنامەی نهێنی بەرپرسانی سپای پاسداران و خامنەیی کە باسم کرد، نیشانی دەدات کە چۆن هێزە ئەمنییەکان و هەموو خۆسپاردوەکانی ڕێژیم کە بۆ ئەو جۆرە ڕۆژانە قەڵەو و قەڵەویان کردبوو، چۆن بەرەو دابەزین دەڕوات. فەرماندەکانیان بە ئاشکرا دەڵێن کە ڕووخانی نزیکەی لەسەدا ٦٨ی هێزەکانی سوپای پاسداران و بەسیج دەستیپێکردووە. دەڵێن تەنانەت خوێندکارەکانیش ناڕەزایەتی دەردەبڕن و سەرپێچی دەکەن و جلوبەرگەکانیان لە مزگەوتەکاندا بەجێدەهێڵن. زۆرێک دەڵێن چارەسەر نییە و هیچ ناکرێ. حکومەت خۆی دان بەوەدا دەنێت کە ڕیزەکانی هەڵوەشاوە.
ئێوە لە ڕیزەکانی حکومەتدا ئەم دۆخە دەبینن، لە دیوەکەی تریشدا بەردەوامیی و فراوانبوونی خەباتی خەڵک بە شێوازی جۆراوجۆر دەبینن. کاردانەوەی کۆمەڵگا چی بوو بەرامبەر بە هێرشی کیمیاوی حکومەت بۆ سەر قوتابخانەکان؟ بۆ ماوەی چەند مانگێک کۆماری ئیسلامی بە کیمیاوی هێرشی کردە سەر قوتابخانەکان و زیاتر لە ٥٠٠ قوتابی ژەهراوی کرد و لە نەخۆشخانە خەواندنی و لانیکەم سێ خوێندکاری کوشت، بە مەبەستی ترساندنی خەڵک و بە تایبەتی لێدانی کچان، کە بە لابردنی حیجاب و کێشانی وێنەی خامنەیی و… خومەینی لە پۆلەکاندا لە هێڵی پێشەوەی شۆڕشدا بوون، پیشانیان بدەن، وایان لێبکەن لە ماڵەوە بمێننەوە و هتد. بەڵام کۆمەڵگا چۆن وەڵامی دایەوە؟ لەگەڵ سەمای کچانی ئێکبەتان! و فراوانبوونی لە زۆرێک لە شارەکاندا، لەوانەش لە قوم، لەبەردەم ناوەندە ئایدۆلۆژییەکانی حکومەتدا. وە لە مەراسیمی سەری ساڵ بە یادی شیراز و لە شارەکانی کوردستان و چەندین شاری تر. سەمای کچانی ئێکباتان هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستپێکرد کە تەنانەت ئەمڕۆ گەیشتووەتە ڕەهەندە جیهانییەکان. کچان لە هەموو شوێنێک بە یەک گۆرانی و هەمان جۆری سەما هاتوونەتە سەر شەقام. ئەمانە هەمان ئەو خوێندکارانەن کە لە ژێر کیمیاباراندان.
ئەمە وەڵامی کۆمەڵگایە بۆ نیشاندانی دەسەڵات لەلایەن حکومەتەوە. حکومەت، بەشێوەیەکی ئاژاوەگێڕانە و ئاژاوەگێڕانە، بە دژایەتی و دژایەتی و دژایەتی یەک لە دوای یەک، تاکتیکی تاوانکاری و بوختانکاری وەک ژەهراویکردنی منداڵان دەگرێتەبەر، و لەبەرانبەردا خەڵک بە یەکڕیزی و تەبایی پەلاماری دەدات و لە دەمیان دەدات.
ئەمە نیشاندەری چیە؟ ئەوە نیشان ئەوەیە کە جێگای باوەڕ نیە کە ئەم حکومەتە تا کۆتایی ئەمساڵ هێشتا لەسەر کاردا بێت. ئەوەی بە دڵنیاییەوە دەتوانرێت بگوترێ ئەوەیە کە شۆڕشی ئێمە سەردەکەوێت.
دەپرسیت،کەمەرجەکانی ئەم سەرکەوتنە چین؟ پێویستە چ هەنگاوێک بنرێت؟ ئاماژەم بە خاڵە بەهێزەکانی شۆڕش کرد، بەڵام خاڵە لاوازەکانیش بناسرێن و چارەسەربکەین. بەڕای من دوو شتی گرنگ هەن کە پێویستە ڕوو بدەن: یەکەم: ئەو دانیشتووانەی کە دێنە سەر شەقام دەتوانن زۆر گەورەتر بن. ئەگەر قەرەباڵغی خۆپیشاندانەکان کە لە بنەڕەتدا چەند هەزار کەسە، بگۆڕێت بۆ خۆپیشاندانی چەند دەیان یان سەدان هەزار کەس، دڵنیابە کە کۆماری ئیسلامی تەنانەت یەک هەفتەش ناخایەنێت. ئەگەر سەد هەزار کەس لە تاران و لە هەندێک شاری گەورەی دیکە بێنە سەر شەقامەکان، حکومەت بەچۆکدا دەهێنن.
خاڵێکی تر هێزی مانگرتنەکەیە. مانگرتنی سەرتاسەری و مانگرتنی کرێکاران و چین و توێژە جیاوازەکانی کرێکارانی کۆمەڵگا.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە میکانیزمی مانگرتنی کرێکاری جیاوازە لە خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان. کرێکاران ناتوانن بە دروشمی مەرگ لە دژی خامنەیی مان بگرن. دەکرێ مانگرتنێک لە دەوری داخوازی تایبەت پێک بێت کە جەماوەری کرێکاران لەگەڵ خۆیان بهێنن و ڕێگەیان پێبدات بەردەوام بن لە کارکردن. جێبەجێکردنی زۆرێک لە داواکارییەکانی کرێکاران پەیوەستە بە ڕووخاندنی حکومەت و ئەمەش ئەو بەستەرەیە کە مانگرتنە بە ڕواڵەت پیشەییەکانی کرێکاران بە بزووتنەوەی ڕووخاندن و شۆڕشی ئێستاوە دەبەستێتەوە. لەگەڵ گۆڕانی هاوسەنگی هێز و پێشکەوتنی زیاتری شۆڕش، مانگرتنەکان فۆرمێکی سیاسی و دژە حکومەتی وەردەگرن.
ئەمڕۆ چڕبوونەوەی گوشارەکانی ژیان لەسەر خەڵک، بەرزبوونەوەی نرخ و ڕێژەی هەڵاوسان کە چەند هێندەی ڕێژەی حەقدەستی زیادەیە کە تازە بەڵێنیان داوە و نازانرێت کەی جێبەجێ دەکرێت، زەمینەیەکی لەباریان ڕەخساندووە بۆ پێکهێنانی مانگرتن. کرێکاران لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە زیادکردنی کەمی حەقدەست لە ساڵی نوێدا و داواکارییەک لە بزووتنەوەی کرێکاریدا دەسوڕێتەوە. کرێکاران و هەروەها مامۆستایان و خانەنشینان دەیانەوێت ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بەو دۆخە خراپە ئابوورییە. ئەم بزووتنەوەیە دەتوانێت سەرەتای مانگرتنی بەربڵاو بێت.
بەم دوو شێوازە، واتە دەستپێکردنی گەورەترین خۆپیشاندانی مومکین لەسەر ئاستی چەند دەیان هەزار کەسی لە شارە گەورەکاندا، هەروەها دەستپێکردن و فراوانکردنی مانگرتنی سەرتاسەری، دەتوانین گورزی کۆتایی لە حکومەت بدەین. حکومەت هیچ وەڵامێکی نییە بۆ داواکارییە ڕەواکانی خەڵک و ناچارە تەسلیم بێت و بکەوێتە سەر ئەژنۆ. هیوادارم لە ساڵی نوێدا ئەم هەنگاوانە بنێین. نابێ گومان لەوەدا هەبێت کە بە پشتبەستن بە تۆڕی ڕێنماییکردنی خەباتی شەقام و بە پشتبەستن بەو جارنامانەی کە لە لایەن ڕێکخراوەکان و هەڵسوڕاوانی شۆڕشەوە بڵاوکراونەتەوە و قبوڵکردن و پشتیوانی بەربڵاوی خەڵک و هێزی شۆڕشگێڕی زیاتر و زیاتر لەو بەڵگەنامانە، ئەمساڵ دەتوانێت ساڵی سەرکەوتنی شۆڕشی ژن ژیان.ئازادی بێت
٢٣ی مارس ٢٠٢٣، ٣ی فرووەردین ١٤٠٢

Previous
Next
Kurdish