ســڕڕی دارعەصــاکەی “بەشــیر” لە چیدایە؟.. فازیـل شــەوڕۆ
قەت قەت وێزە ی ئەو دارعەصـایەم لەبیر ناچیتەوە، کە ئەفسەرێکی عەرەب، پێش(٦٠) ساڵی ڕەبەق، بە ناهەق، بە بەرچاوی ئەو خەڵک و خوایە، دەیکێشا بەنێوشان و تیرەقەی پشتی باوکمدا. باوکم شیشە ئاسنێکی چەماوەی بەدەستەوە گرتبوو، لە پێش دوکانەکیدا، بە تۆغماغێک دەیەویستی، ڕاستی بکاتەوە، بێئاگا بوو، کە ئەفسەرێکی باڵا، لەسەر لاتەختێکی گازینۆی حەمەگەمیان دانیشتوە، ئەو ئەفسەر ڕەزاقورسەش، ئاماژە بە ئەفسەرێکی یاوەری دەکا، کە ئەو تەق و هۆڕەی باوکم بێدەنگ کا! ئەوەیش دەکەوێتە حەسیرمەیدانکردنی باوکم بە دارعەصـایەکەی دەستی.
دیمەنی دووەمی ئەو دارعەصـا زاڵمە، هەر لەو ساڵەدا ـ کە ١٢ ساڵان بووم، لە هی یەکەم بە ئازارترە: ئەبو عەلی، سەربازێکی قوولەڕەشی گوولەپیاوی پیچم نافرەجا، هاتە پێش گازینۆیەکەی حەمەگەمحانی و بە دارعەصـاکەی دەستی ـ کە دار حەیزەران بوو، ئاماژەی بۆ دینگە بۆیە سوورەکانی بەردەم گازێنۆیەکە کرد و بەسەر حەمەگەمحاندا شێڕاندی:”هەی حـەیـوان، ئەوە بۆ ئەو دینگانەت بە ڕەنگی سوور بۆیە کردوە، هەی کۆنە شـوعی؟” ئەوجا وەک سەگی هار و گورگی برسی، کەوتە دارکاریکردنی حەمەگەمحان، ئەوەی لە گازینۆیەکە بوو، بەسەر کورسی و مێزاندا بازیاندا و هەڵاتن، تا حەمەگەمحان لەهۆشخۆی نەچوو، ئەو نامەردە دەستی لەسەر هەڵنەگرت… دواتر، خەڵک چوون لە لای باقی حەلاق تەنتریۆ و لۆکە و کۆلۆنیایان هێنا، تا برین و زامەکانی ئەو زاتە نیشتیمانپەروەرەی پێ تیمارکەن!
لەگەڵ ئەو تێکهەڵچوون و شەڕوشۆرەی ئەو چەند ڕۆژەی دوایی سوودان، دارعەصـای دەستی ئەفسەرەکان، پرسیارێکیان لە مێشکمدا ئاگر دا: بۆچێ، لە کەلتووری سوودانییەکاندا دارعەصـا هێندە بایەخدارە؟
دارعەصـا، لە کەلتووری خڕ نەتەوەکانی دونیادا، بە درێژایی مێژوو، ، کەم تا زۆر، ڕەنگادانەوەی هەیە. بەڵام ڕەنگدانەوەکەی لە ڕۆژهەڵات تۆخترە و کاریگەرترە، لە ڕۆژهەڵاتیش، لە نێو عەرەبدا، پتر جێگیر و دیار و بەسەنگە، لە نێو عەرەبانیشدا، سوودانییەکان، پلەی یەکەم وەردەگرن لە “کەلتووری دارعەصـا لە ژیانیاندا”، باشە، ئەوە سڕرەکەی لە چ دایە؟
لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناس و ئەنتۆپۆلیژیستەکان، وای بۆ دەچن، کە دارعەصـا، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، دوای بەرد، دووەمین چەکی داهێنراوەی مرۆڤە. بە درێژایی مێژووی دێرینی مرۆڤ و سەردەمەکانی سۆمەری و فیرعەونی و یۆنانی و ڕۆمانییەکان، دارعەصـا نەک هەر پێکە و مەقامی دیاری خۆی هەبووە، بەڵکوو ئامرازێکی دیاریی بەڕێوەچوونی ژیانیش بووە. جا کە ئایینە ئاسمانییەکانیش هاتن، هێندەی دێ ڕۆڵی دارعەصـا بەرزتر نرخێندرا تا گەیشتە پلەی پیرۆزی و تەقدیس کردن. جا بەردەوامیی بایەخی ئەو دارعەصـای، تا ئەم چرکەساتەش لە هەڵكشان دایەو لە تەکنەلۆژیایی ئێستا و ئایندەشدا، پێکەی تازەتر بۆ خۆی تۆمار دەکا ــ ئەمە بۆ خۆی بابەتێکی سەرنجڕاکێشە!
ئێوە، قەت لە خۆتان نەپرسیوە، بۆچی لۆگۆی دەرمانخانە (مارێکە خۆی لە دارعەصـایەک لوول داوە و زاری بەشکردۆتەوە و زمانی دەرهێناوە؟)
بەر لە حەفت سەدە پێش زایین، گریکەکان لەو باوەڕە دابوون کە نەخۆش بە دەرمان و بە سیحر چاک دەبێتەوە. دەرمانەکە ژەهری مارە و دارعەصـایەکەش، ئەو دارعەصـایەیە کە “ئیسکیلابیەوس”ی حەکیمی گریکی بەدەستەوەی گرتوە، بیگەێنێتە جەستەی هەر کەسێکی نەخۆش، یەکسەر چاک دەبێتەوە. یان مارەکەی ئەو، زمانی لە هەر کەسێک بدا، نەخۆشی نامینێ. (بۆ سەردەمی ئێستا ئەمە ئاماژەیە کە هەر دەرمان چارە نییە، لایەنی دەروونیش چارەی دەوێ!)
لە مێژووی کەلتووری نەتەوەکاندا، دارعەصـا، پەیوەستە بە ڕەهەندەکانی کۆمەڵایەتی و ئایینی و باوەڕ و ئەنترۆپۆلۆژی و تەنانەت لایەنی بەرگریی و خەبات و سیاسیش. ئەوەندەی ئەو ئامرازە وەک “رەمز” کاریگەری هەیە، نیو ئەوەندە وەک” چەک” کاریگەری نییە. شتیەڵکارییە دەروونییەکانی هاوچەرخ ئاماژەیەکی ترسناک بۆ دارعەصـا دەکەن و دەڵێن:”ئامرازی دار عەصا، کە داهێنانێکی ئەقڵی مرۆڤە، جیهانێکی هێندە فراوان و واڵای هەیە لە ئەرک و فرمان و بەکارهێنانەکان، خەیاڵدانی مرۆڤ پەی پێنابات و سنوورەکەی بۆ دیاری ناکرێ. دارعەصـا، ئامرازێکی بەهێز و کاریگەرە لەسەر هزر و هەست و هۆش و ئەقڵی مرۆڤ، نابێ وەک بەرچیخ و سەرەڕم و مەترەق سەیر بکرێ، کەسیش نازانێ شێوە و شێوازی ئەو ئامرازە لە ئایندەدا چی لێبەسەر دێ و چۆن دەبێ. دارعەصـا ئەستونگی شارستانیەتیی مرۆڤایەتییە.”
لە مۆزەخانەکانی میسردا، بۆ نموونە، پەیکەری دەیان خوداوەند و مەلیک و شاژن دەبینی کە جۆرەها دارعەصـایان بەدەستەوەیە و هەر یەکەی هەڵگری مانا و دەلالەت و ڕەمزی خۆیەتی. دارعەصـاکەی “مەلیک نارمر” کە نەقیزەی بەسەرەوەیە، ڕەمزی سزا و عیقابە بۆ ناحەز و نەیارانی. ئەو دارعەصـایانەی لە شێوەی هیلال چەماوەنەتەوە، ڕەمزە بۆ ئەبەدیەتی خوداوەندەکانیان. ئەو کاهینانەی مشتەی دەستیشیان خسووەتە سەر دارعەصـاکانیان، دەیانەوەی بڵێن، هێز و دەسەڵات هەر هێ ئێمەیە. خۆ دارعەصـاکەی دەستی “تووت ئاموون” ئاڵتوونی خاڵسە. ئەو دارعەصـایانەش یەکەم ئامرازی کاتژمێری خۆر و سێبەر بوون لە میسری دێریندا.
لە تەوڕاتدا دارعەصـای هاڕون، وەک ڕەمزی هێز و دەسەڵات ئاماژەی پێدراوە. لە ئینجیلدا (٤) دارعەصـا هەیە، دارعەصـا موسا، بەناوبانگرتین دارعەصـایە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. لە قورئانی پیرۆزیشدا لە (١٣) ئایەتدا، ئاماژە بە دارعەصـا کراوە کە چەندان ئاماژەی مێژوویی و ئایینی و عیبرەت و ئیعجازی تێدایە ــ کە زۆر ڕاڤە و تەفسیریان بۆ کراوە.
مرۆڤ. دارعەصـای بەکارهێناوە، وەک چەک، وەک گۆپاڵ بۆ ڕۆیشتن، وەک بەرچیغ بۆ چەقاندن بۆ چەندان مەبەست، بۆ شت ڕاگرتن، شت هەڵواسین، بۆ ڕاو و شکار، وەک ڕم، لە شوانکاری و گاوانیدا، بۆ دارکاریکردن و ئەشکەنجەدان، بۆ بەرگریکردن، بۆ مارکووشتن و زیندەوەر کووشتن، لە شایی و هەڵپەرکیدا، لە یاری و چەندان جۆرە وەرزشدا، بۆ کۆڵ هەڵگرتن، نانکردن، دار ڕنین، سەوڵ لێدان، کووتان و پەڕەکردن، سەهۆڵ شکاندن، بۆ شەموولە، بۆ مەبەستی جیا جیا لە کاتی وتار خوێندنەوە بۆ جەماوەر، لە جیاتی شمشێرێش لە زیکر و تەهلیلەدا حزووری هەبووە… تاد.
لە سەدەکانی ناوەندا، لە ڕۆژاوادا، خوداپێداوەکان، پۆشاکە جوان و بەنرخەکانیان بەبی داردەستێکی گرانبەها ناتەواو بوو، وەک ڕەمزی هەبوون و دەسەڵات.
با ئێستا بگەڕینەوە سەر پرسیارەکەی ناونیشانەکە: ســڕڕی دارعەصــای دەستی ئەفسەرەکانی سوودان لە چیدایە؟”
لە گەڕان و تۆێژینەودا، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، دەگەینە ئەو ئاکامە، کە جگە لەو شتانەی لەسەرەوە دەربارەی بایەخی دارعەصـا ئاماژەمان پێکردوە، دەبینین لە لای سوودانییەکان، دارعەصـا پیرۆزییەکی یەکجار مەزنی مێژوویی هەیە، بەوەی کە سەدان ساڵە سۆفییە تەریقەتدارەکانی ئەو وڵاتە، لە شێخ و مورید و هەوادارەکانیان، دارعەصـایان، وەک ڕەمزێکی دارعەصـای مۆسا، لە زیکر و تەهلیلە و کۆر و گۆبەندەکانیاندا هەڵگرتوە و لە دەستیاندا بووە و جۆرەها جوولەی ئاماژەداری تایبەتیان پێ ئەنجامداوە. کە بە زاراوەی خۆیان پێیان دەڵێن (العرضة). بڕوانن، لە وێنەی شێخەکانیاندا، بە شیخە سیاسیەکانیشانەوە، هەمیشە دارعەصـایان لەدەست دایە. خۆ دارعەصـایەکەی صادق ئەل مهدي، ناوبانگی هەیە! جەعفەر نمێریش ـ سەرۆکی پێش پێشووتری سوودان، پەیوەندیی ڕۆحی لەگەل شێخەکانی سۆفی هەبووە، هەمیشە سەردانی دەکردن لە ولایەتەکانی باشووردا و دارعەصـاکەی دەستی ئەو دیاریی “شێخ خاتمی سوودانی” بوو و پێگوتبوو، هەر کاتێ ئەو دارعەصـایەت لە دەست نەما، حوکومرانیت لە دەستدا نامینێ.
خاڵی دووەەم، بەدرێژایی مێژوو، سوودانییەکان لە ڕاپەرین و یاخیبوون و خۆپێشاندانەکانیاندا دژ بە داگیرکەران، زۆر بەدەگمەن هانایان بۆ چەک بردوە، ئەوان هەمیشە بە دارعەصـاوە، وەک هێز و ڕەمز و پیرۆزییەکی خوداوەندی، هاتوونەتە مەیدان و خەباتیان کردوە. بەوەش سوودانییەکان بە ئاشتیخوازترین کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی ناسراون کە دژی توند و تیژی و کووشتن و بڕینن، تەنانەت لە کاتی داوەکردنی هەقی خۆشیان.
کاتێک عومەر بەشیر، بە خۆی و دارعەصـاکەی دەستییەوە، دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەو دارعەصـایە، کە لە هەموو شوێنێک هەر بە دەستیەوە بوو، کێشەی گەورەی بۆ درووست کرد. هەرچەندە دارعەصـاکەی ئەوەیش دیاری شێخانی سۆفی بوو بەڵام، یاوەرەکانی کە سەربە “بزووتنەوەی ئیسلامی” بوون، فەتوایان دەرکرد، کە جائیز نییە بەشیر ئەو دارعەصـایە بەدەستە بگرێ چونکە شتێکی “بدعەیە”. بەڵام بەشیر ئامادە نەبوو دارعەصـاکەی فڕی بدا و گوتی من وەک ڕەمزێکی فۆلکلۆری خێلەکەی خۆم لە شاری (شندی) بەدەستەوەی دەگرم کە لە باکووری سوودان ئەو کەلتوورەیان هەیە و پارستوویانە و لە شایی و هەڵپەڕکێدا بە دەستەوەی دەگرن. جا دارعەصـاکەی بەشیر لە دار ئەبەنووس درووستکراوە، کە گرانترین جۆری دارە. تا ئێستاش لە زینداندا، ئەو دارعەصـاکەی هەر پێیە.
بەشیر لە هەڕەشەکردنی دانیشتووانی کردفان لە باشوور، ئەو دارعەصـاییەی لێ ڕاوەشاندن، کە چووە پۆرتسوودان، گوتی بەو دارعەصـایە، ئاو و ئاودێریتان بۆ دەهێنم. لە کاتی هەڵسانی فڕۆکە جەنگییەکانی بۆ بۆمبارنکردنی دافۆر، دارعەصـاکەی ڕادوەشاند. لە کاتی وتاردانیشدا بۆ جەماوەر، ئاماژەی بە دارعەصـایەکەی دەکرد و دەتگوت:” ئەوە بۆ ئەڵڵایە و هی ئەڵڵایە، بۆ دونیا نییە، کار و خەباتی ئێمە!”
وا ئیمڕۆ، هەمان دارعەصـای “بەشیرەکان” لە دەستی ئەفسەرەکانی سوودان دەبینین، کە ئەوانیش ڕایاندەوەشێن و دەڵێن، ئەو شەڕەمان لە پێناو بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی سوودانە” هەرچەند گرمەی بۆمبا و زرمەی تۆپ و شریقەی دۆشکە و قرمژنی ڕەشاش و کلاشنکۆفەکان، شتێکی دیکە دەڵێن، کە زۆر جیاوازە لە وێزە وێزی دارعەصـاکانی نێو دەستیان!