رانانی کتێبی “کاتی خەیانەت کردن هاتووە،” لە نووسینی رەزا خەلیلی.. ئیدریس ئەحمەدی
رانانی کتێب: “کاتی خەیانەت کردن هاتووە”
Reza Khalili, A Time to Betray: The Astonishing Double Life of a CIA Agent inside the Revolutionary Guards of Iran (New York: Threshold Editions, 2010), pp. 340.
ماوەیەک بوو تامەزرۆی خوێندنەوەی ئەم کتێبەی رەزا خەلیلیم دەکرد. چەند مانگێک لەمەوپێش، بۆ ئەوەڵ جار رانانی ئەم کتێبەم لە رۆژنامەی واشنتن پەۆستدا خوێندەوە. لە بەر دوو هۆ سرنجی ڕاکێشام. لە بەر ئەوەی باس لە ژیانی ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسدارنی ئێران دەکا، کە دواتر دەبێ بە سیخوڕی ئاژانسی هەولڵگری ئەمریکا (CIA)، لە خۆیدا کتێبێکی بێ وێنەیە. هەروها ویستم بزانم هیچ باسێکی سەبارەت بە تیرۆری رێبەرانی کوردی تێدایە.
“رەزا خەلیلی” ناوێکی خۆازراوە، چوونکە نووسەر لە ترسی کۆماری ئیسلامی ئێران، نەیوێراوە ناوی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا بکا. چەند ساڵێک پێش بەرپابوونی شۆرشی ئێران، باوکی رەزا، بە مەبەستی خوێندن، ڕەوانەی ئەمریکای دەکا. رەزا لەوێ شەهادەیەک لە زانستی کۆمپیوتەردا وەدەست دێنێ و دواتر، کاتێک کە دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، دەست دەکا بە ئیش کردن بۆ سوپای پاسداران.
ئەم کتێبە تایبەتمەندی باشی زۆرن. یەکێکیان بریتییە لە خستەنە ڕووی پەیوەندی چینایەتی لە سەردەمی حکومەتی رەزا شادا. نووسەر تابلۆیەک لە بەسەرهاتی سێ دۆست و چارەنووسی سیاسییان دەکێشی، کە لەوێدا مەسەلەی چینایەتی بە ڕوونی دیارە. رەزا سەر بە بنەماڵەیەکی مامناوەندی ئەو کاتی ئێران بووە. یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی دەورانی منداڵی رەزا، کە لە کتێبەکەدا ناوی “ناسری” بۆ داناوە، لە یەک گەڕەک گەورە دەبن. دۆستێکی دیکەی نزیکی رەزا و ناسر، بە ناوی “کازم،” سەر بە بنەماڵەیەکی دەست کورت و لە گەڕەکێکی هەژاری تاراندا ژیان بە سەر دەبا، بەڵام هۆگریی هەرسێکیان بە فوتباڵ، دەیانکا بە دۆست. هەر لە منداڵییەوە سۆز دەدەن کە هەمیشە دۆست بمێننەوە.
ناسر لە رێکخراوەی ئیسلامی-مارکسیستی موجاهدینی خەڵک نزیک دەبێتەوە و دواتر، پاش دەستگیرکرانی و ئەشکەنجەیەکی زۆر لە زندانی ئەڤیندا، ئێعدام دەکرێ. خوشکێک و برایەکی ناسر، بە هۆی چالاکی سیاسی برا گەورەکەیان، بەرەوڕووی هەمان چارەنووس دەبن. پێش ئێعدامکرانی خوشکەکەی ناسر، لە زیندانی ئەڤین تەجاوەزی پێ دەکرێ بۆ ئەوەی، بە پێی روانینی ئیسلامی رێژیمی تازە لە ئێراندا، ڕێگای ڕوویشتنی بەرەو “بەهەشت” لێ ببڕن. ئەم ڕووداوانە ئەوەڵین و گرنگترین هۆکار دەبن کە پاڵ بە رەزاوە بنێن کە، وەک لە سەردێری کتێبەکەیدا هاتووە، بەو قەناعەتە بگا کە ئیدی کاتی خەیانەتکردن بە کۆماری ئیسلامی هاتووە.
کازم، بە پێچەوانەی رەزا و ناسر، دەبێتە ئیسلامییەکی رادیکال. ناوبراو هەروها دەبێ بە ئەندامی سوپای پاسداران و بە هۆی باوەڕی قوڵی بە شۆرشی ئیسلامی، دەبێ بە جێگای متمانەی بەرپرسانی و دواجار لە بەشی هەوڵگری سوپادا کار دەکا.
کاتێک کە رەزا بڕیاری هاوکاری لە گەڵ CIA دەدا، کازم دەبێ بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە چالاکی نههێنی و تیرۆریستی سوپا و هەروها پاڵپشتێک بۆ ئەوەی بتوانێ چەند جارێک سەفەر بکا بۆ ئەمریکا و بریتانیا.
کازم دواتر لە لایەن موجاهدینی خەڵکەوە تیرۆر دەکرێ و رەزا دەڕوا بۆ لەندەن بۆ سەردانی ژن و منداڵەکەی، کە پێشتر، بە مەبەستی پاراستنیان لە هێرشە موشەکییەکانی عێراق بۆ سەر تاران، ڕەوانەی بریتانیایانی کردبوو. سەفارەتی ئێران لە لەندەن داوا لە رەزا دەکەن کە لەوێ هاوکارییان بکا. بە دوای ئەوەدا، کازم و ژن و منداڵەکەی، لە کۆتایی ساڵانی هەشتا، دەڕۆن بۆ ئەمریکا و لەو کاتەوە لەوێ دەژین.
ئەوەی کە لەم کتێبەدا لە هەموو شتێک زیاتر سرنجراکێشە بۆ خوێنەرێکی کورد، باس کردنی تیرۆری د. قاسملووە، هەر چەند بە کورتیش بێ. یەکێک لەو ئەرکانەی کە سەفارەتی ئێران لە لەندەن بە رەزای دەسپێرن، چاوەدێری کردنی ئیرانییەکە کە لەوێ مامۆستای زانکۆیە. سەفارەت ئەو مامۆساتایە بە دژی شۆرشی ئیسلامی لە قەڵەم دەدەن و دەیانهەوێ رەزا و کەسێکی دیکە بە ناوی “رەسوڵ،” چاوەدێری بکەن بۆ ئەوەی بزانن لە گەڵ چ کەسانێکدا پەیوەندی هەیە. لەو کاتەیدا کە لە شوێنێک بەرانبەر بە ماڵی مامۆستا ئێرانییەکە خەریکی چاوەدێرکردنی دەبن، رەسوڵ بە کازم دەڵێ سیاسەتی تیرۆرکردن لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەڵەیە. رەسوڵ لەو پەیوەندییەدا دەڵێ: “دەزانی کە حکومەتی خۆمان بە سیخوڕەکانمانیان راسپاردبوو کە پەیوەندی لە گەڵ قاسملوو، رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، بگرن بۆ گرتنی کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی پێشنیارکردنی ئاشتی؟ ئەوجار خۆی و هاوکارانیان کوشت.” (لا. ٣٠٠-٣٠١)
بێ گومان، بۆ حیزبی دێموکرات و ڕای گشتی کوردی، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە کۆماری ئیسلامی د. قاسملوویان تیرۆر کرد. گرنگی باس کردنی تیرۆری د. قاسملوو لەم کتێبەدا لەوەدایە کە لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئینکاری ئەوە دەکا د. قاسملووی تیرۆر کردبێ، ئێستا لە زمانی ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسدارانەوە، دان بەم مەسەلەیەدا دەنرێ و ڕای گشتی رۆژئاوا لێ ئاگادار دەبن.
مەسەلەیەکی دیکەی سرنجراکێش ئەوەیە کە رەزا ئاشکرای دەکا کە “ڕێکەوتنێکی نەنووسراو” (unwritten pact) لە نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ئەوروپی، بە تایبەتی فەرەنسە، بریتانیا و ئاڵمان، هەبووە کە، بە مەرجێک ئێران هاووڵاتی ئەوروپی نەکوژن، بۆیان هەیە لە سەر خاكی ئەوروپا، بە بێ ئەوەی دەزگا ئاسایشییەکانی ئەو وڵاتانە دەستتێوەردان بکەن، رێبەران و ئەندامانی ئوپۆزیسیۆن تیرۆر بکەن. رەزا دەڵێ کە بە دوای ئەم ڕێکەوتنەدا، سوپای پاسداران دەستیان کرد بە کوشتنی سەدان کەس لە رێبەران و ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن لە ئەوروپا و لە وڵاتانی دیکەدا. (لا. ٢٢٥-٢٢٧)
بێ گومان، ئەم زانیاریانەی رەزا خەلیلی تیشکی تازە دەخەنە سەر تیرۆری د. قاسملوو، چوونکە پۆلیسی ئوتریش نەک تەنها تیرۆریستەکانیان رەوانەی ئێران کردەوە، بەڵکوو وا پێ دەچێ کە، ئێستاشی لە گەڵ بێ، بڕیارێکی سیاسی هەبێ کە ڕێگا نەدەن بە کردنەوەی کەیسی تیرۆری د. قاسملوو. لە گەڵ ئەوەی پاش تیرۆری د. شەرەفکەندی کوشتنی رێبەرانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ئەوروپا راگیران، بەڵام مەرج نییە کە وڵاتانی ئەوروپی دیسان “رێکەوتنی نەنووسراو” لە گەڵ کۆماری ئیسلامی نەبەستن و چاوپۆشی لە تیرۆری ئەندامانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی نەکەن. هەروها لە جێی خۆیەتی بگوترێ کە ڕوون نییە کە هۆی ڕاگرتنی تیرۆر لە ئەوروپا پەیوەندی بەوەوە بوو کە بکوژانی د. شەرفەکەندی دەستگیر کران و درانە دادگا، یان ئەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ خۆی، بە هەر هۆیەک بێ، تیرۆری لە ئەوروپا ڕاگرتووە؟ هەرچۆنێک بێ، رێبەرانی کورد و باقی رێبەرانی ئوپۆزیسیۆن، دەبێ، لە کاتی سەفەرکردنیان بۆ ئەوروپا، زۆرتر پەرۆشی ئاسایشی خۆیان بن.
ئیدریس ئەحمەدی
سهرچاوه:
http://atimetobetray.com