Skip to Content

جەلالی میرزا کەریم: ده‌نگێکی نوێخواز له‌ناو بێده‌نگیدا.. سامی شۆڕش

جەلالی میرزا کەریم: ده‌نگێکی نوێخواز له‌ناو بێده‌نگیدا.. سامی شۆڕش

Closed
by حوزه‌یران 27, 2023 General, Literature

سەرەتای ساڵی 1970 جەلالی میرزا کەریمم ناسی، ئەوسا من قوتابی ساڵی یەکەمی زانکۆ بووم لە بەغدا. دەستی شیعرنووسینیشم هەبوو، بەڵام زۆر تازە بووم لە شیعرنووسین. ئەوسا بەغدا ناوەندێکی گەورەی بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی کوردی بوو، بەتایبەتی دوای ڕێککەوتننامەی یانزەی ئازار جموجۆڵێکی ڕۆشنبیری ء ئەدەبی ء هونەریی فراوانی کوردی کەوتە بەغدا، لەناو گەرمەی ئەو چوست ء چالاکییە رۆشنبیری ء ئەدەبییەی بەغدا، هەر زوو جەلالی میرزا کەریمم ناسی، چونکە ئەوسا شاعیرێکی تازەخواز و کارا و چالاک بوو. ناسینی بۆ یەکێکی وەکو من کە تازە دەستم دابووە شیعرنووسین، کارێکی گەورە و سەرەتای ئەزموونێکی گەورەی دروست دەکرد. ئەوکات هێشتا (شێرکۆ بێکەس و حوسێن عارف)م نەناسیبوو. تازە ڕۆژنامەی هاوکاری دەستی بە دەرچوون کردبوو، چەند ژمارەیەکی لێ دەرچووبوو، ئەوەبوو من لەگەڵ ئەزموونی خوێندنم لە زانکۆ، یەکەم بەرهەمی شیعریی خۆمم لە هاوکاری بڵاوکردەوە، یەکسەریش دوای بڵاوبوونەوەی شیعرەکە، کەوتمە ئیش لەناو ستافی رۆژنامەکەدا. جەلالی میرزا کەریم ئەوسا سکرتێری نووسینی رۆژنامەی هاوکاری بوو، ئەو کارکردنەی من لە رۆژنامەی هاوکاری زەمینەی ئەوەی لەبەردەم خۆش کردم، کە زۆرتر بیناسم و دواتر (شێرکۆ بێکەس ء حوسێن عارف)یشم ناسی، ئەوانیش دوو هەڵگری ئەزموونی نوێخوازی بوون لەناو رۆشنبیریی کوردیدا، بۆیە بۆ من لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی یەکەمی خوێندنی زانکۆم، دەستپێکی گەورەی رۆشنبیریش کرایەوە لە رێی جەلالی میرزا کەریم، ئەوەندەی من ناسیم بیروڕایەکی زۆر قووڵ ء گەرمی هەبوو لەبارەی نوێخوازی، ئەوسا بەغدا ببووە مەڵبەندی نوێخوازی نەک هەر لەناو شیعر و ئەدەبیاتی کوردیدا، بەڵکو لەناو شیعر و ئەدەبیاتی عەرەبیش. عەرەبی عیراق بەتایبەتی شاعیرانی ئەدەبی عیراقی: (سەرگۆن پۆڵس و فازل عەزاوی ء ئەنوەر غەسانی ء سەڵاح فایەق)ء کۆمەڵێکی دیکە، ئەوانیش لە باری خۆیانەوە خەریکی داڕشتنی سەرەتای شیعرێکی تازەبوون، دەستپێکی شیعری تازە لەناو شیعری عەرەبی، ئەوانیش پەیوەندی ء یەکتردیتن ء گفتوگۆی هاوچەرخانەیان هەبوو لەگەڵ ئەو کۆمەڵە نوێخوازەی مەیدانی شیعری کوردیدا کە جەلالی میرزا کەریم دیارترینیان بوو، ئەوەی زۆرتریش ئەو پردەی دروست کردبوو لە بەینی هەردوولا، هەر ئەوبوو، چونکە لە وەزارەتی راگەیاندنی بەغدا لە بەشی وەرگێڕان کارى دەکرد، ، لە رێی وەزارەتی راگەیاندنەوە پەیوەندی ء هاموشۆ ء یەکتردیتنی لەگەڵ شاعیرە نوێخوازە عەرەبەکان زۆر گەرم بوو. من لە رێی جەلالی میرزا کەریمەوە تێکەڵاوی ئەو ئەزموونە بووم، تێکەڵاوییەکەش تێکەڵاوییەکی ڕاستەقینەبوو، چونکە جەلال پیاوێکی زۆر خۆڕسک ء دڵسۆز بە شیعر و ڕۆشنبیری ء خوێنگەرم بوو. لە رۆژنامەی هاوکاری بووە سکرتێری نووسین، دواتر ئەو رۆژنامەیە چەندین هەنگاوی گەورەی بەخۆیەوە دی، وای لێهات لە ماوەی ساڵێکدا بووە قیبلەی رۆژنامەگەریی لاوانی کورد. ئەوکات رۆژنامەکە هەفتانە بوو، کە دەهاتە بازاڕ خەڵک ریزیان بۆی دەگرت، لە سەعاتی یەکەمی بڵاوبوونەوەیدا نەدەما، بێگومان ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە جەلالی میرزا کەریم هەوڵی بۆ دەدا، بەرهەمی ئەدەبی لاوان ئاسۆ و ڕەهەند نوێخوازی لەبەردەم رۆژنامەکە بکاتەوە، هەرچی زۆرترین خەڵکی لاو هەبوو لە دەوری رۆژنامەکەدا کۆی دەکردنەوە، باسی شیعری تازە و ئەزموونی تازەی بۆ دەکردن، هەوڵی دەدا لە خەڵک بگەیەنێ کە شیعری تازە زادەکی خۆرسک و سروشتى گۆڕانە کۆمەڵایەتی ء رۆشنبیرییەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردییە، شتێکی نامۆ نییە سەپێندرابێ بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا، وەک ئەوسا رێچکەیەکی دیکەی کۆنخواز هەبوو، هەموو دەم هەوڵیان دەدا ئەوە لە خەڵک بگەیەنن کە ئەو نوێخوازییەی تازە داهاتووە شتێکی هێنراوە، شتێکی سەپێنراوە لە دەرەوە بەسەر ئەدەبیات ء شیعری کوردیدا، بەڵام جەلالی میرزا کەریم زۆر بە زمانێکی پاراو، بە بەرهەمی بەهێز و کاریگەر، بە تاقیکردنەوەی قووڵ ء رەسەن، بە کاری رۆژنامەگەری، بە نووسین و شیعر و چالاکی هەوڵی دەدا ئەوە بگەیەنێ، نەخێر ئەو نوێخوازییە شتێکی سەپێنراو نییە، بەڵکو شتێکی خۆڕسکە و کارێکی سروشتییە لەناو هەموو کۆمەڵگایەک، کە ڕووەو گۆڕان ء بەرەوپێشچوون بچێت، شیعری تازەش دێتەپێش، زۆر شتی تازە دێنە پێش لە مەیدانی ژیاندا و ئەو شیعرە نوێیەش یەکێکە لەو شتە تازانە. من ئەوە لەوەوە فێربووم. من زۆر نزیکی جەلالی میرزا کەریم بووم، نەک هەر لە رۆژنامە کارم لەگەڵی دەکرد، بەڵکو بەیەکەوە لە یەک خانوودا دەژیاین. بۆ ماوەی چەندین ساڵ، لەڕێی ئەو تێکەڵاوییەم زۆر شتی لێوە فێربووم، یەک لەو شتە باشانەی کە فێری بووم ئەوەبوو، تێکەڵاوی ژیانی رۆشنبیری ببم. من ئەو کات کە تازە چووبوومە بەغدا، زۆری نەبرد کەوتمە ژیانی رۆژنامەگەرییەوە، لە ئەنجامیشدا هەر ئەو بوو زۆر هەوڵی لەگەڵم دەدا، هانی دەدام کە کاری گەرم بکەم لەناو رۆژنامەکەدا، وای لێهات ساڵێکی نەبرد منی تازە دەست پێ کردوو بوومە لێپرسراوی لاپەڕەی (ئەدەب ء ژیان) لە هاوکاری و هەتا ساڵی 1974 بەڕێوەم دەبرد. ئەو کات هاوکاری ببووە مەڵبەندی نوێخوازی لەناو رۆشنبیری ء کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەو هەوڵ ء تەقەلایانەی جەلالی میرزا کەریم لە حەقیقەتدا زۆر قووڵتر بووەوە، کاتێک توانی لەگەڵ (شێرکۆ بێکەس و حوسێن عارف) بەیەکەوە هاوکارییەکی ئەوتۆ بکەن کە بزووتنەوەی (روانگە) دروست بکەن، ئەو نوێخوازییەیان لە قاڵبی پەرت ء بڵاوی دەرهێنا، خستیانە ناو قاڵبێکی گونجاو، قاڵبێکی بەبەرنامە. جەلالی میرزا کەریم زۆر کارا و چالاک بوو لەناو بزووتنەوەی روانگەدا. لە دەوری ئەو شاعیر و ئەدیب ء چیرۆکنووسە گەورانەدا، ئێمەش کۆمەڵێَک لاو بووین دەورمان دابوون. (من و سەڵاح شوان و رەفیق سابیر و ئەنوەر قادر محەمەد و سەلام محەمەد) بووین، لەولاوەش: (لەتیف هەڵمەت و فەرهاد شاکەلی) ئەوانە هەر هەموومان هەریەک بەشێوەیەک دەوری ئەو بزووتنەوەی روانگەیەمان دابوو، بە بەرهەم و نووسین و ئیشی رۆژنامەگەری هەوڵمان دەدا پەیامەکەی بگەیەنین، لەو پانتاییەدا جەلالی میرزا کەریم بەخۆی ء ئەزموون ء بەرهەمە شیعرییەکانییەوە مامۆستایەکی زۆر گەورەبوو، کار و کاریگەرى ئەو قەت لە بیر ناکرێ لەناو تاقیکردنەوەی نوێخوازیی شیعری کوردیدا. هەرچەندە جەلالی میرزا کەریم یەکێکە لە داهێنەرانی گرووپی روانگە، یەکێکیشە لە داینەمۆکانی ئەو گرووپە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ (شێرکۆ بێکەس و حوسێن عارف)دا کەمتر ناوی دێت، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە، هۆکاری یەکەم ئەوەیە، کە جەلالی میرزا کەریم بەپێچەوانەی شێرکۆ بێکەس و حوسێن عارف، ئەو کات لە سەرەتای دروستبوون ء گەڵاڵەبوون ء خەمڵانی بزووتنەوەی روانگەدا چەند کارێکی دیکەشی دەکرد، کەسێکی سەرقاڵ بوو، لە وەزارەتی رۆشنبیری (راگەیاندن)ی بەغدا کاری دەکرد، ئیشی وەرگێڕانی کوردی ء عەرەبیی دەکرد، سەرباری ئیشی وەزیفی، سکرتێری نووسین بوو لە ڕۆژنامەی هاوکاری، کە ئەوەش وەختێکی زۆری دەویست، بەڵام لە بەرامبەردا حوسێن عارف ء شێرکۆ بێکەس دەستبەتاڵتربوون، هەر خەریکی یەک ئیش بوون ء خەریکی شیعر و چیرۆکنووسین بوون. جگە لەوە جەلالی میرزا کەریم زۆرتر خەریکی رێکخستنی بزووتنەوەکە بوو، کۆبووونەوە کردن، لە کوێ دادەنیشن؟ باسەکان چین؟ چی بنووسرێتەوە؟ بەیانەکان چۆن بنووسرێن؟ واتا وردەکاریی روانگەی دەکرد، بێجگە لە ئیشە رۆژنامەگەرییەکەی خۆی، هەروەها ئیشێکی گرنگی دیکەشی لە ئەستۆ بوو، ئەویش ئەوە بوو، دەربڕینى پەیامى بزووتنەوەی روانگەبوو لە رووی رۆژنامەی هاوکارییەوە. ئەوسا مەیدانی بڵاوکردنەوە لەبەردەم بزووتنەوەی روانگە زۆر تەسک بوو، بەتەنیا رۆژنامەی هاوکاری هەبوو، دەبووایە کارێک بکرێ ئەو ڕۆژنامەیە دەرگایەک بکاتەوە بەسەر ئەو بزووتنەوەیەدا هەتا ڕوانگە بتوانێ دەنگی خۆی بگەیەنێ، ئەوەی زەمانەتی بەردەوامبوونی کرانەوەى ئەو دەرگایەی هاوکاری دەکرد لە بەردەم روانگەدا، جەلالی میرزا کەریم بوو، ئەوەش کارى کردەنى و ماندووبوونی دەویست، لەبەر ئەمانە کەمتر کاتی هەبوو خەریکی شیعرنووسین بێت. لەو رووەوە جەلالی میرزا کەریم داینەمۆ بوو. بیرم دێ شێرکۆ بێکەس لە سلێمانی بوو، لەوێوە جارجار دەهاتە بەغدا، بۆ ئەو ئیشوکارانەی روانگە، حوسێن عارف لە بەغدا بوو، بەڵام بارودۆخى سیاسی رێگربوو کە بتوانێ بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو کارا و چالاک بێَ لەناو بزووتنەوەکەدا، ئەوەی مابووەوە لە بەردەست کە زۆر کارا و چالاکانە دەجووڵایەوە و ئیشەکانی رادەپەڕاند، جەلالی میرزا کەریم بوو. نابێ ئەوەمان لە بیرچێ کە هەردوو برادەرەکەی تر (حوسێن عارف ء شێرکۆ بێکەس) دوو ئەدیبی گەورە بوون، شێرکۆ شاعیرێکی گەورە بوو، حوسێن چیرۆکنووسنێکی گەورە بوو، ئەوانیش لە مەیدانی ئیشەکانی خۆیاندا هەوڵیان دەدا لە رێی بەرهەمەوە پەیامی روانگە بگەیەنن، لە رێی شیعر و چیرۆکەوە پەیام بگەیەنن، بەڵام جەلالی میرزا کەریم دەیویست لە رووی شیعر و ئیشی رۆژانە و خۆشکردنی زەمینە و رێگا لە بەردەم بزووتنەوەی روانگەدا ئەو پەیامە بگەیەنێ.
پێم وایە جەلالی میرزا کەریم لە ماوەی ئەو نوێخوازییەی لە قۆناغی روانگەدا توانی کەسایەتییەکی شیعریی کاریگەر و زۆر سەربەخۆ بۆ خۆی دابمەزرێنێ، پێش روانگە جەلال شاعیرێکی دیار نەبوو، شاعیرێک نەبوو دەست ء پەنجەی خۆی بەسەر پانتایی بزووتنەوەی شیعرەوە زەق کردبێتەوە، بەڵام لە قۆناغی ڕوانگەدا ئەوەی پێ کرا، لەبەر کۆمەڵێک هۆ.
یەکەم: توانی زمانێکی شیعریی تایبەتی بۆ خۆی دابڕێژێ، ئەگەر بەرهەمەکانی جەلالی میرزا کەریم بخوێنینەوە دەبینین ئەو تاقیکردنەوە شیعرییە، خاوەنی زمانی تایبەتی خۆیەتی، بۆ نموونە زمانێکی زۆر راستەوخۆ بوو، بەڵام راستەوخۆیەکی قووڵ و ڕوون، کە عەرەب پێی دەڵێن (السهل الممتنع).
دووەم: ئەو زۆرتر بایەخی بەوە دەدا لە خەم ء ئازار و ژانی سیاسیی میللەتەکەی خۆی نزیک بێتەوە، لەناو روانگەدا هەوایەک دروست ببوو، کە ئەویش ئەوەیە دەکرێ شاعیر و ئەدیب ء چیرۆکنووس زۆرتر خەریکی خەمە تایبەتییەکانی خۆیان بن، خەریکی خەمە مرۆییەکانی خۆ بن، خەریکی وردەکارییەکانی پانتایی ژیان بن، نەک هەر سیاسەت. جەلالی میرزا کەریم خەسڵەتەکەی ئەوەبوو لە رێی شیعری تازەوە هەوڵی دەدا لە ژان ء خەمی کۆمەڵگە نزیک بێتەوە. ئەگەر شیعرەکانی ئەو قۆناغە بخوێنینەوە، دەبینین هەمووی باسی بارودۆخ ء حاڵی میللەتەکەیەتی، بەڵام بە زمانێکی تازە، ئەوەش زۆر سەخت بوو، بە کەم کەس دەکرا، لەبەر ئەوەی شیعری تازە دوورکەوتبووەوە لە ژانی کۆ و کۆمەڵگا، زیاتر خۆی نزیک کردبووەوە لە ژانی تاکە کەسى، بەڵام جەلالی میرزا کەریم توانی ئەو پەیوەندییە بپارێزێ.
سێیەم: توانی شتێکی زۆر گەورە بکات، ئەویش ئەوەیە، بێگومان شێرکۆ و حوسێن عارفیش پێیان کرا، بەڵام جەلال زۆر بەزەقی توانی بیکات، تێکەڵاوکردنی تاقیکردنەوەی تازەگەریەتی لەناو عەرەب لەگەڵ شیعری کوردیدا، چونکە جەلالی میرزا کەریم لەناو رۆشنبیرانی عەرەبدا بوو، زۆر ئاگاداری تاقیکردنەوەکانی ئەوان بوو، زۆر ورد و وردەکار بوو، بەدواى کار و داهێنانیانەوە دەچوو، دەیزانی وردەکارییەکانی تاقیکردنەوەی نوێخوازی لەناو شیعری عەرەبیدا چییە و چی نییە، بۆیە ئەو ئەزموونەی بەشێوەیەکی زۆر کوردییانە دەگواستەوە ناو شیعری نوێی کوردی، ئەوەش تایبەتمەندییەکی جەلالی میرزا کەریم بوو. ئەگەر تەماشا بکەین لە ماوەی روانگەدا، جەلالی میرزا کەریم چەندین شیعرى نووسی، ئەو شیعرانەی ئەو دەینووسین جێپەنجەیان دیاربوو، لە بەرهەمی کەڵە ئەدیبەکانی ناو روانگە کاریگەر و باڵاتربوو، بەڕاستی جەلالی میرزا کەریم تاقیکردنەوەیەکی زۆر قووڵ ء بەرفراوانی بزووتنەوەی روانگە بوو. هەر کاتێک، هەر کەسێک بیەوێت لە بزووتنەوەی روانگە تێ بگات، یان لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بنووسێت، لە ئاسۆکانی وردبێتەوە، بەبێ وردبوونەوە و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی شیعرەکانی جەلالی میرزا کەریم، ئەو کارە ناکرێ و مەحاڵە، چونکە ڕوانگە لە شیعرەکانی جەلالی میرزا کەریمدا زۆر بەزەقی ڕەنگی دابووەوە، لە هەمووان زیاتر ئازاری لەپێناویدا چەشت، بەڵام پشوو درێژ بوو، کارێکی کرد ڕوانگە هەتا ئێستا بەزیندوویی بمێنێتەوە، ئەگەرچی ئێستا ئێمەومانان بەشکڵێکی پێویست هەقی خۆی نادەینێ، بەڵام جەلالی میرزا کەریم لە رێی بەرهەمەکانییەوە قۆناغێکی زۆر گرنگە لە شیعر و ئەدەبیاتی تازەی کوردیدا.

سەرچاوە:
گۆڤارى ئایندە، ژمارە (79) 2008، ل: 19- 22.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish