Skip to Content

کۆمەڵگاى بەبارمتەکراو.. د. زیرەک عەبدولڵا

کۆمەڵگاى بەبارمتەکراو.. د. زیرەک عەبدولڵا

Closed
by ئاب 31, 2023 General, Opinion, Slider


ئەم وتارە تەرخانە بۆ قسەکردن لەبارەى دیاردەى بەبارمتەکردنى کۆمەڵگای کوردستانى لەلایەن حکومەتى عێراقییەوە. تیایدا جەخت لە سیاسەتى بڕینی قووتى کوردستانیان لەلایەنى دەسەڵاتدرانى شیعەی عێراق، بەمەبەستى چۆکدادان بەدەسەڵاتدارانى هەرێمی کوردستان و لەباربردنى خەونەکانى کوردستانیان دەکرێت. هەروەک تیشک دەخاتە سەر خاڵە لاوازەکانى پارتەکانى دەسەڵات لە کوردستان لەم پرسەدا.
لە سادەترین مانایدا، بەبارمتەکردن بریتییە لە دەستبەسەرکردنى کەسێک، یان گرووپێک لە خەڵک، بەئـامانجى ناچارکردن بۆ بەئەنجامگەیاندنى رێککەوتنێک، کە بەرژەوەندیى لایەنى بارمتەکارى تێدا بەدیدێت.
بەبارمتەکردن رەفتارێکی نایاساییە، هۆشیارى مافیاگەریی لەپشتە، بەوەى دەست بۆ مافە سەرەتاییەکانى مرۆڤێک، یان گرووپێک دەبات، لە هەندێک دەستکەوت، یان ئازادییەکانى بێبەشی دەکات، لەگەڵیشیدا ناچار بە هەندێک رەفتار و بڕیاری دەکات، کە لەبارى ئاساییدا نایەوێت بیکات.
بەبارمتەکردن لە دوو جەمسەرى ململانێکار و بووێک (کەس، یان کەسانێک)ی بەبارمتەکراو پێکدێت. زۆرجاران کەسانى بەبارمتەکراو هیچ کەمتەرخەمییەک و بێیاساییەکیان نەکردووە، هیچ پێوەندییەکى راستەوخۆیان بە ململانێکەوە نییە، بەڵکوو تەنها کەسانى نزیک لە یەکێک لە جەمسەرەکانى ململانێکەن.
دیاردەى بەبارمتەکردن لە زۆربەى کۆمەڵگاکانى گێتیدا، لە کایەکانى رامیارى، شۆڤاریدا، ئیداریى، ئابوورى و کۆمەڵایەتی، بەئاست و جۆرى جیاواز هەیە.
ئەگەر دیاردەى بەبارمتەکردن لە کۆمەڵگاکانى گێتیدا بەسەر تاک، یان گرووپێکى بچووک بەرجەستە بکرێت، ئەوا لە کوردستاندا لەپاڵ ئەوجۆرە بەبارمتەکردنە، بەبارمتەکردنێکی دیکە بوونى هەیە، ئەویش زۆرینەى ئەندامانى کۆمەڵگایە. بە لەبەرچاوگرتن و دەرهێنانى چەند توێژێکی دیارکراو، دەشێت بڵێین کە لە کوردستاندا بەبارمتەکردنى کۆمەڵگا لەئارادایە.
لە کوردستاندا جەمسەرەکانى بەبارمتەکردن چیتر دوو نین، بەڵکو زیاترن، بەڵام دەشێت بەسەر دوو تەوەرى ناوەخۆ و دەرەوە پۆلین بکرێن. ناوەخۆ بریتییە لە قەلەمڕەوى (یەکێتى) و (پارتى) بەجیا، دەرەوە بریتییە لە حکومەتى عێراقى (کە هەمیشە بە داردەستى ئیران ناوزەدى دەکەم)، لەگەڵ وڵاتانى وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و..تاد. جەمسەرەکانى بەبارمتەکردنى کۆمەڵگاى کوردستانى هەرچەند بن، لەوێدا یەکدەگرنەوە کە هەموویان سەر بەتوێژی سیاسەتکارانن، ئەو توێژەی خەیاڵپلاوانە خۆیان بەهۆشیارتر و زۆرزانتر لە خەڵک دەزانن، خۆیان بە سەروەر و خەڵکیش بە پاریا دەبینن.

دیاردەى بەبارمتەکردن لە زەمەنى دەسەڵاتداریى رژێمى بەعس و لە ململانێ لەگەڵ سەرکردایەتى شۆڕشدا لە زۆر رووداودا بەرجەستە دەکرێت. لەوبارەیەوە مێژوونووسان و شۆڕشگیران بە نموونە دەتوانن تیشک بخەنە سەر دەیان رووداو، بەڵام دواى رووخانى بەعس و سەرهەڵدانى دەسەڵاتى شیعەکان، قەبارەى ئەو دیاردەیە گەورەتر بوو، بەتایبەتى لە ٢٠١٤ لەگەڵ بڕینی قووتى خەڵکى کوردستان بۆ مەبەستى چۆکدادان بە دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان، لە بەرانبەر هەندێک پرسى ستراتیژی و گرینگ.
راستە رژێمى بەعس قووتى خەڵکى نەدەبرى، بەڵام مرۆڤى دەکردە بارمتە، تا نزیکەکانى دەستگیر بکات و لەناویان ببات، کەچی دەسەڵاتدارانى شیعەی ئێستا لە دژی دەسەڵاتداران و خەڵکی سەربەخۆخوازیى کوردستان، دەست بۆ چەکێکى زۆر نامرۆڤانە دەبەن، ئەویش بەبارمتەکردنى کۆمەڵگای کوردستانییە، لەپێناو خۆبەدەستەوەدان و قبووڵکردنى بندەستى و داننان بەگەورەیی و سەروەریی دەسەڵاتى شیعە بەسەر کوردستان. بەمانایەکی دیکە لەپێناو دانان بەسەنتەرى ئەوان و پەراوێزی ئێمە، ئەمەش لە میانەى بڕینی قووت و بژێوی ژیانیان. ئەوەی لەنێوان ئەو دوو رەفتارەى بەعس و دەسەڵاتى شیعی هاوبەشە، بریتییە لە هزرى دژە کوردستانى بوون.
دەسەڵاتى شیعە لە عێراقدا تێکەڵەیەکە لە درێژکراوەى ئەخلاقى رەگەزپەرستى بەعس و هزرى دوژمنکاریی دەسەڵاتى ئیران دژ بەخەڵکى کوردستان. لەهەر شوێنێکدا کوردێک، یان بزووتنەوەیەکى کوردایەتى سەرهەڵبدات، شیعەى عێراق ئامادەی یارمەتیدانى دوژمنى کوردانە. بینیمان بەمەبەستى یارمەتیدانى ئێران چۆن هێزیان بۆ لەناوبردنى خۆپیشاندەرانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەنارد.
حکومەتى عێراق بەراوێژکاریی ئێران خەریکی زەلیلکردنى کۆمەڵگاى کوردستانییە، بەوەى کۆمەڵگای کوردستانیان کردووتە بارمتە، بۆ سەپاندنى مەرجەکانیان بەسەر پارتى و سەربەخۆخوازان، نەک یەکێتى، چونکە یەکێتى لە خەندەقی حکومەتى عێراقدایە. بەدڵنیاییەوە ئەگەر یەکێتى نەبێت، دەسەڵاتى شیعەى عێراق ئەوەندە بەهێز نین ئەو رەفتارە بکەن.

حکومەتى عێراقى لەو پرسەدا مافیائاسا لە دژى کوردستانیان رەفتار دەکات، بەڵام پۆلیتیلۆگەکان دەبێت لەخۆیان بپرسن: چۆن دەبێت حکومەت وەکو مافیا هەڵسوکەوت بکات؟ حکومەت دامەزراوەیە، بەیاسا رەفتار دەکات. فیلۆسۆفیی حکومەتداریى بریتییە لە خزمەتکردن، سەپاندنى جێگیرى، پاراستنى کەرامەت و بەرژەوەندیى هاوڵاتیان، نەوەکو ئیهانەکردن و بەبارمتەکردنیان، چونکە دەسەڵاتدارنى بەدەنگى هاوڵاتیان لەو پێگەیەدان. بەو رەفتارانە، شیعەى عێراق سەلماندوویەتى، کە لە ئەگەر هەبوونى دەسەڵاتدا، زۆر لە رژێمی بەعس توندوتیژتر دوژمنکارانەترە لە بەرانبەر کوردستانیان.
بێگومان ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنساش دەستییان لەو رەوشەدا هەیە، ئەوەش دەبەستنەوە بەریفراندۆم. ئەوان دەخوازن خەڵکى کوردستان لەلایەنى ئابوورییەوە رەوشی خراپ بێت، کە ئەمە کاریگەرى لە کۆى رەهەندەکانى ژیانى سۆسیۆکولتوورى دەکات. ئامانجیش بریتییە لە دورخستنەوەى کوردستانیان لە بیرى سەربەخۆخوازیی. ئێمە هۆکارێک بۆ دژبوونى ئەو وڵاتانە بۆ مافى هەڵبژاردنى چارەنووسى کوردستانیان شک نابەین. بۆچی لای ئەمریکییەک، بەریتانییەک و فەڕەنسییەک، عەرەب لە کوردستانیان گرنگترە؟
هەرچەندە دەڵێن کوردستانى بەهێزیان دەوێت، بەڵام ئەو قسەیە فریوەدەر. ئەوان بەو قسەیە ماسکێک دەپۆشن کە تەنها سیاسەتکاریی کورتبین دەتوانێت باوەڕی پێبکات. پرسەکەش بریتییە لە دژبوونیان لە گۆڕینى نەخشەى جیۆپۆلیتیکى ئەو ناوچەیە، چونکە ئیدارەى سیستەمى جیهانى دەکەن و جێگیریی ئەو سیستەمەیان لەلادا مەبەستە.
دیاردەى بەبارمتەکردنى کۆمەڵگاى کوردستان، فاکتەرى یارمەتیدەرى ناوەخۆیشی هەیە، کە بریتین لە رەفتارەکانى یەکێتى و پارتى.
یەکێتى نیشتمانى لەلایەک خەڵکی سلێمانى و دەڤەرى ژێر قەلەمڕەوی خۆى بەبارمتەکردووە، کە بەشێکن لە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، لە دژى حکومەتى هەرێم بەکاریان دەهێنێت، ئەمەش لەمیانەى ئەو چەکدار، میدیاکار و دادوەرانەی کە بەپارەى دزراو دروستیکردوون. هێزی یەکێتى لەهێزى پارەى دزراو دایە. لەلایەکی دیکەش تەواوى خەڵکی کوردستانى بەبارمتەکردووە، بەوەى رێگا لە بەهێزبوونی کوردستان دەگرێت بۆ بڕیارى سەربەخۆخوازانە. یەکێتى بەشێکە لە شکاندن و لاوازکردنى کوردستان. زەبری گورچکبڕی ١٦ ئۆکتۆبەر بەرچاوترین نموونەی لاوازکردنى کوردستانە. ئەگەر خەڵک بیانەوێت سەربەخۆبن و لە ژێر دەسەڵاتى شیعەى عێراقدا قوورتاریان بێت، وەک ئەوەی لە ریفراندۆمدا تێبینیمان کرد، ئەوا هێشتا یەکێتى لێناگەڕێ ئەوە رووبدات. هەر بۆیە کومەڵگاى کوردستان بارمتەى خیانەتەکانى یەکێتییە.
خاڵێکی دیکەى نەرێنی لەو بەبارمتەکردنەى کۆمەڵگای کوردستانى بریتییە لە پارتى و هەڵسوکەوتەکانى بەشێک لە بەرپرسەکانى. پارتى لەلایەک ناتوانێت خۆى و کوردستان بەهێز بکات، ناتوانێت بەتەواوى خەڵک لەخۆى کۆبکاتەوە، باوەڕیان پێبێنێت کە دوونیابینی و سیاسەتى ئەو راستتر و نیشتیمانپەروەرانەترە لەوانی دیکە، چونکە ئەوانی دیکە لەبوارى راگەیاندندا زۆر لە پارتى بەهێزترن. ئەوان ماوە ماوە لەوڵاتی ئیران خوولیان بۆ دەکرێتەوە، بۆ مەبەستى بێبەهاکردنى کوردستان و سیمبوولەکان و پرسە رەواکەی، بۆ شووشتنەوەى مێشکى گەنجان و برەودان بە تیرۆرى هزرى لە دژی سەربەخۆخوازان.
لەلایەکی دیکەدا دەردە گەورەکە بریتییە لە گەندەڵى و چاوچنۆکى هەندێک لە بەرپرسانى پارتى بۆ بازرگانیکردن و پارەکۆکردنەوە. لەپاڵ خیانەت، ڤیرۆسی شێرپەنجەی جەستەى کوردستان بریتییە لە گەندەڵى و بێدادى، لەمەشدا هەندێک لە بەرپرسانى پارتى بەشی شێریان بەردەکەوێت. گەندەڵى هۆکارێکی گرنگى لەناوبردنى هەستى کۆیی و پێکبەستنى هاوڵاتیانە بەیەکتر و بەکوردستان. لەوکاتەى یەکێتى بەخیانەت (بێگومان گەندەڵى و دزیش) بەندیوارى خەڵکی کوردستان لاواز دەکات، ئەوا هەندێک لە بەرپرسانى پارتى بە گەندەڵى لەو پرسەدا بەشدارن.
ئەگەر پارتى دەخوازێت بەهێز بێت، دەبێت دەستى ئەو گەندەڵانە ببڕێت کە پارتى و پۆستە ئیدارییەکان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکاردەهێنن. ئەو گەندەڵانە خەڵک هەم لەپارتى و هەمیش لە نیشتیمانپەروەرى دووردەخەنەوە.
پارتى نە ئەوەندە لاوازە هەموو داخوازییەکانى دەسەڵاتدارنى شیعەی عێراق قبووڵ بکات، نە ئەوەندەش بەهێزە بەیەکجارى لێیان جیابێتەوە و سەربەخۆیی رابگەیەنێت، ئەوەش خەڵکى لە مۆڵەق راگرتووە.
پرسیارى رژد لەو پرسەدا، پێوەستە بە رۆڵى رۆشنبیرانى کوردستان. ئایا ئەو توێژە گرینگە چ رۆڵێک دەگێرێت لە دروستکردن، یان لەناوبردنى دیاردەى بەبارمتەکردنى کۆمەڵگاى کوردستانى؟ هەر شتێک لە کۆمەڵگادا رووبدات، جا هەر کۆمەڵگایەک بێت، ئەوا رۆشنبیرەکانى لێی بەرپرسن، بەو پێیەى ئەوان هزر بەرهەمدەهێنن، کە بزوێنەرى ستایلى ژیانى کۆمەڵگا و دیاردە سۆسیۆکولتوورییەکانیەتى. رۆشنبیرانى کوردستان لە ئاست ئەو پرسەدا زۆر کەمتەرخەمن. ئەوان بەشدارن لە دروستکردنى جاش و ناپاک بە نیشتیمان، لە دروستکردنى گەندەڵ و دز و بەهەدەرچوونى سامانى کوردستان، ئەوان بەرپرسن لە سەرهەڵدان و بەردەوامبوونى دیاردەکانى نادادپەروەیی و بێیاسایی و..تاد. رۆشنبیران بەرپرسن لە زەلیلبوون و ئیهانەکردنى تاکى کورد لەلایەن سیاسەتکارانى ناوەخۆ و دوژمنانى دەرەوە. رۆشنبیرى راستەقینە نابێت رێگا بدات کۆمەڵگا لەلایەن توێژێکی سیاسییەوە بەبارمتە بکرێت. دەبێت لەپاڵ دامەزراوە مەعریفییەکان، بەشداری چالاک بکات لە بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیاریى سۆسیۆپۆلیتیکى هاوڵاتیان، تاوەکو هیچ سیاسەتکارێک ئازایەتى ئەوەی نەبێت کۆمەڵگا بەبارمتە بکات. لەئەگەرى بەهێزبوونى ئاستى هۆشیارى ئەندامانى کۆمەڵگا بەبارمتەکردن، گەندەڵى، خیانەت و..تاد، دیاردەیەکى قبووڵکراو نابێت لە کۆمەڵگادا، بەڵام کێشەى رۆشنبیرى ئێمە، کێشەى کەسییە (رێژەییە، بەڵام زۆرینەیە)، نەک نیشتیمان. وەرگرتنى بڕێک پارە، مووچەیەکی ژێربەژێر، پارچەیەک زەوی و ئۆتۆمبێلێک بەسە، تا بێدەنگى هەڵبژێرێت لە ئاست کۆى ئەو دیاردە نەرێنییانەى لە کۆمەڵگادا هەیە. رۆشنبیرانێک هەن حەوجەى سڵاوێکی کوڕێکی بەرپرسێکى دزی وڵاتن. هەیانە تائێستا واسیتە دەکات تا دیدارێک لەگەڵ ناپاکێک، گەندەڵێک، دزێک، پیاوکوژێک بکات و وێنەیەکى لەگەڵ بگرێت. کە رۆشنبیر خۆى ئەوەندە بچووک بکاتەوە، سیاسەتکاریش خۆى لێدەگۆڕێت، ئیدی پێی وایە کە بەکردەیی ئەو کەسێکى گرینگە لە کۆمەڵگادا.
بەرەنجام: کۆمەڵگاى کوردستانى بەهۆی ئەو رەوشە ئابوورى و سۆسیۆپۆلیتیکییەی تێیکەوتووە، بەبارمتەکراوە. قووتى ئەندامانى زەوتکراوە و یاری بەهەست و ژیانى دەکرێت. زەرەرمەندەکان بریتیین لە کۆمەڵگاى کوردستانى، کەمتەرخەمەکانیش تەنیا سیاسەتکارانن، ناوەخۆ و دەرەوە پێکەوە.


د. زیرەک عەبدولڵا- ئەڵمانیا

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish