کۆڕبه‌ندی ئابوریی داڤۆس ٢٠٢٤.. هیوا ناسیح
کۆڕبه‌ندی ئابوریی جیهانی (WEF) بریتییه له کۆڕبه‌ندێک یان ڕێکخراوێکی دامەزراوەیی و لۆبیی، له ساڵی ١٩٧١ له لایه‌ن ئابوریناسی ئه‌ڵمانی کلاوس شڤابهوه دامه‌زراوه، کاتی خۆی وه‌ک (وه‌قف)ێک، رێکخراوێک یان پلاتفۆرمێکی قازانج نه‌ویست بۆ دیالۆگ له نێوان کۆمپانیاکانی ئه‌وروپا دامه‌زرا، تا له‌وێدا سیاسییه‌کان و ئابوریناسانی ئه‌وروپا گفتوگۆ له باره‌ی گرفت و کێشه دارایی و بازرگانییه‌کانه‌وه بکه‌ن، له پێناو فه‌راهه‌مکردنی که‌شێکی لێکتێگه‌شتن له نێوانیاندا، که له به‌رژه‌وه‌ندی ژیان و گوزه‌ران و دارایی خه‌ڵک و دانیشتوانی وڵاته‌کانیاندا بێت. به‌ڵام له ئێستادا گومان زۆره که ئامانجه‌که‌ی خۆی پێکا بێت یان ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر رێبازی خۆشی به‌رده‌وام بێت.
باره‌گای سه‌ره‌کی رێکخراوه‌که له ناوچه‌ی کۆلۆگنییه له کانتۆنی ژنێڤ، نوسینگه‌شی له چه‌ندان شوێنی تری جیهان هه‌یه وه‌ک له په‌کین، نیویۆرک، سانفرانسیسکۆ و تۆکیو. به‌ڵام ساڵانه کۆنفرانس یان کۆڕبه‌ندی خۆی له هاوینه‌هه‌واری داڤۆس، که له کانتۆنی گراوبیوندن له نێو شاخه‌کانی ئه‌ڵپدایه له سویسرا ساز ده‌کات، ئه‌م رێکخراوه تا ساڵی ١٩٧٨ ناوی (کۆڕبه‌ندی به‌رێوه‌بردنی ئه‌وروپا) بوو، له‌و ساڵه به‌دواوه به نێوی (کۆڕبه‌ندی ئابوریی جیهانی) ناسرا. له ساڵی ٢٠١٥ه‌وه وه‌ک رێکخراوێکی نێوده‌وڵه‌تی دانی پێدانراوه. رێکخراوه‌که خۆی وا پێناسه ده‌کات، که ناسیاسیی و بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆیه له رووی ئایدۆلۆجی و بیروبۆچوونه‌وه. پله‌ی راوێژکاریی له رێکخراوی ئاشتی و کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان دراوه‌تێ. له ژێر چاودێریی توندی وه‌زاره‌تی ناوخۆی وڵاتی سویسرادا رێکده‌خرێت.
دروشمی ئه‌م رێکخراوه (به‌ره‌و باشترکردنی ره‌وشی جیهان)ه. ساڵانه له مانگی کانونی دووه‌م یان شوباتدا کۆنفرانسی گشتی خۆی ساز ده‌کات. که به سه‌دان رۆژنامه‌وان، شاره‌زای ئابوری، سیاسه‌تمه‌دار، هونه‌رمه‌ند، زانا و که‌سایه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ناوبانگی جیهانی تێیدا به‌شداریی ده‌که‌ن. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی باس له کێشه ئابوریی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستیی و پیسبوونی ژینگه ده‌که‌ن. ئه‌م رێخکراوه ناوداره جیهانییه به‌رده‌وام له جیهاندا کۆنفرانسی تریش ساز ده‌کات و به رێکوپێکیش راپۆرت و لێکۆڵینه‌وه چاپ و بڵاوده‌کاته‌وه.
زۆر جاران له میانه‌ی سیمینار و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کانی کۆڕبه‌نده‌که‌دا ڕووداوی گرنگ ڕوویداوه، وه‌ک ساڵی ١٩٨٨ هه‌ردوو وڵاتی تورکیا و یۆنان، که گرژییه‌کی سه‌ربازی و سیاسیی زۆر له‌نێوانیاندا دروست ببوو، رێکه‌وتنیان واژوو کرد، که په‌نا بۆ شه‌ڕ نه‌به‌ن و ململانێکانیان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بکه‌ن، هه‌روه‌ها ساڵی ١٩٩٢ ئاشتیخوازی ناوداری باشوری ئه‌فریقا نیلسۆن ماندێللا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئه‌وکاتی حکومه‌تی باشوری ئه‌فریقا فره‌دریک دیکلێرک بۆ یه‌که‌مجار به ئاشکرا و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته کۆبونه‌وه. ساڵی ٢٠١٨ش سه‌رۆکی تورکیا ره‌جه‌ب ئه‌ردۆگان و سه‌رۆکی ئیسرائیل شیمعون پیرێز ده‌مه‌قاڵێی توند له نێوانیان دروست بوو، ئه‌ردۆگان وه‌ک ناڕه‌زایی مێزگرده‌که‌ی به‌جێهێشت
به‌شداربووانی کێن و کێ باربووی ده‌کات؟
کۆڕبه‌نده‌که له لایه‌ن نزیکه‌ی ١٠٠٠ که‌سایه‌تی و رێکخراو کۆمپیانیا و بانکی جیهانییه‌وه له ڕووی ئابورییه‌وه باربوو ده‌کرێت. به‌شداریی و به ئه‌ندامبوونی ئه‌مانه به ئامانجی به‌شداربوونه له نه‌خشه‌دانان و پلانرێژیی بۆ داهاتووی ئابوری و بازرگانی له سه‌رانسه‌ری جیهاندا. له ساڵی ٢٠٠٥ ه‌وه بڕیی ئابوونه‌ی ئه‌ندامانه به ٤٢ هه‌زار و پێنجسه‌د فره‌نکی سویسری (نزیکه‌ی ٥٠هه‌زار دۆلار) دیاریکراوه، وه بڕیی ئابوونه‌ی به‌شداری له کۆبوونه‌کانی دیداری سه‌رۆکه‌کانیش له کۆڕبه‌نده‌که‌دا ٢٥ هه‌زار فره‌نک (٢٩هه‌زار دۆلار) هه‌ندێک باجی زیاده‌ش ده‌چێته سه‌ری، واته به گشتی بۆ ىه‌شدارییکردن له کۆڕبه‌نده‌که‌دا بۆ کورسییه‌ک پێویسته نزیکه‌ی ٣٠ هه‌زار دۆلار بدرێت. دیاره هیچ که‌سێک له سه‌رۆکی وڵاتان داوه‌ت ناکرێن، به‌ڵکو ئه‌وه خۆیانن گه‌ر بیانه‌وێت پێویسته داواکاریی به‌شداریی پێشکه‌ش بکه‌ن و ئه‌م بڕه پاره‌یه پێشه‌کی بده‌ن، ئینجا ره‌زامه‌ندیی یان داوهتنامهیان بۆ ده‌نێرن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م وته‌یه بۆ سه‌رۆکوه‌زیران یان سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیش راسته و داوهتناکرێن، به‌ڵکو داواکاریی به‌ناویانه‌وه پێشکه‌شکراوه و ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی بۆ دراوه تا به‌شداریی بکات. به‌ڵام ده‌کرێت داوه‌ت بۆ که‌سایه‌تییه‌کی گرنگی جیهانی بنێردرێت، که له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا زۆر ناسرا بێت، یان هونه‌رمه‌ند و که‌سانێکی وا که بیانه‌وێت پاره بۆ پرۆژه‌یه‌کی خێرخوازیی و مرۆیی ببه‌خشن.
سه‌باره‌ت به تێچوونی دابنیکردنی ئاساییش و سه‌لامه‌تی ژیان و گیانی به‌شداربووان که به هه‌زاران که‌س ده‌بن، پاره‌یه‌کی زۆر و خه‌یاڵی سه‌رف ده‌کرێت. هه‌ر بۆ نمونه ساڵی ٢٠١٩ حکومه‌تی سویسرا نزیکه‌ی یانزه میلیۆن دۆلاری له‌م بواره‌دا سه‌رفکردوه، که مه‌به‌ست لێی به‌کارخستنی هه‌زاران پۆلیس و سه‌رباز و هێزی ئاسایشی تایبه‌تیی و مه‌شقپێکراو و هێلیکۆپته‌ر و ..هتد. به‌شێکی ئه‌م پاره‌یه‌ش حکومه‌تی وڵاته‌که دابینی ده‌کات. بۆ نمونه له هه‌ر پێنج رۆژی کۆنفرانسه‌که‌دا به‌رده‌وام چه‌ندان هێلیکۆپته‌ری پێشکه‌وتوو چاودێری شارۆچکه‌که و ده‌وروبه‌ری ده‌کات.
دیاره وڵاتی سویسرا سودێکی بێ ئه‌ندازه له سازکردن و به‌رێوه‌بردنی کۆنفراسی ساڵانه‌ی رێکخراوه‌که ده‌بینێت، له ڕووی بره‌و په‌یداکردن بۆ بازرگانی و گه‌شتیاریی و په‌ره‌پێدان و ناوبانگ بۆ به‌رهه‌می وڵاته‌که، که گه‌شه‌یه‌کی زۆر به ئابوریی سویسرا ده‌دات، بۆ نمونه ساڵی ٢٠١٧ ئه‌م وڵاته به گشتی له‌م باره‌یه‌وه ٩٤ میلیۆن دۆلار قازانجی کردوه.
به شێوه‌یه‌کی گشتی هه‌میشه به‌شداربووانی کۆنفرانسی سه‌ره‌کی زیاتر له هه‌زار ئه‌ندام ده‌بن، که نوێنه‌رایه‌تی، وڵاتان و رێکخراوی ناحکومی و ئاینی و کۆمپانیای میدیایی و بانک و کۆمپیانیا به‌رهه‌مهێنه‌ره جیهانییه‌کانه له هه‌موو بواره‌کاندا. هاوکات و هاوته‌ریبیش ده‌یان کۆڕ و کۆبوونه‌وه و سیمینار ساز ده‌کرێت و له په‌راوێزی ئه‌مانه‌شدا چه‌ندان کۆبوونه‌وه و دیداریی دووقۆڵی و سێقۆڵی و گروپ به جیاجیا ساز ده‌درێت، جا هی که‌سایه‌تییه دیپلۆماتی و سیاسییه‌کان بن یان خاوه‌نکار و کۆمپانیاکان.
کۆڕبه‌ندی داڤۆسی ٢٠٢٤
ئه‌مساڵ کۆڕبه‌نده‌که له ١٥ تا ١٩ ی کانونی دووه‌م واته پێنج رۆژ ده‌خایه‌نێت و گرنگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه، چونکه په‌نجاوچواره‌مین ساڵه‌ی سازکردنییه‌تی. له که‌شێکی ساردی ژێر ٥ پله‌ی سه‌دی، که داروبه‌رد و دره‌خت و خانوبه‌ره‌کان نیومه‌تر به‌فر دایپۆشیون، له داڤۆس، که وه‌ک ده‌ڵێن به‌رزترین شاره له ڕووی ده‌ریاوه له ئه‌وروپادا و ئاو و هه‌وایه‌کی سازگار و پاکی هه‌یه، هه‌ر بۆیه بۆته جێنزرگه بۆ توشبووانی هه‌ندێک نه‌خۆشی و چه‌ندان نه‌خۆشخانه و نشینگه‌ی چاکبوونه‌وه و ئاساییبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌کانی هه‌ناسه‌دان و پێست و هی تری تێدایه. نوسه‌ری ناسراوی ئه‌ڵمانی هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵ تۆماس مان کاتێک نه‌خۆشی سیلی هه‌بووه و بۆ چاکبوونه‌وه له‌وێ ژیاوه، رۆمانێکی به ناوی (شاخی ئه‌فسوناوی) له سه‌ر ئه‌م شارۆچکه‌یه و ناوچه‌یه نوسیوه، له‌وێدا باس له‌وه ده‌کات، که به هۆی جوانی و ئه‌فسوناوی ناوچه‌که و پاکی ئاووهه‌واکه‌ی ئه‌وێ، ده‌کرێت مرۆڤ دیدێکی تری بۆ ژیان و گه‌ردون هه‌بێت. جێی باسه منیش که له‌م وڵاته ده‌ژیم، زۆر جار سه‌ردانی ئه‌و شارۆچکه‌یه‌م کردوه و به سروشتی ناوازه‌ی ئه‌و شارۆچکه‌یه سه‌رسام بوومه.
کۆڕبه‌ندی ئه‌مساڵ له ژێر ناونیشانی (بنیاتنانه‌وه‌ی متمانه)دا و له پاڵ نزیکه‌ی ٢٨٠٠ میوان له سه‌رۆک و نوێنه‌رانی کۆمپانیا جۆراوجۆره‌کانی جیهان، نزیکه‌ی دووهه‌زار که‌سایه‌تی سیاسی و ئابوریناس و خاوه‌نکاری سه‌رمایه‌داری گه‌وره (بزنسمان) که ١١٩ که‌سیان ملیاردێرن، وه که‌سانی تری ناسراو له سه‌ر ئاستی جیهان به‌شداری ده‌که‌ن، که کاریگه‌ری ناوبانگ و که‌سایه‌تییان بۆ سه‌ر سیاسه‌ت و ته‌کنه‌لۆژیا و چاره‌نوسی مرۆڤ و جیهان هه‌یه. له نێو به‌شداربووانیش ٦٠٠ که‌سیان قسه‌که‌ر ده‌بن، واته وته‌یان ده‌بێت له کۆڕبه‌نده‌که‌دا.
وه‌ک حکومه‌تی سویسرا رایگه‌یاند، تێچوونی هێزه‌کانی پۆلیس و ئاسایش و رێوشوێنی پاراستنی و هاتووچۆ و گوستنهوهی (به چوار هێلیکۆپته‌ر له فڕگه‌ی زویرخه‌وه بۆ داڤۆس و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ فڕگه‌که) به‌رزه، کۆبوونەوەی کەسانی زلهێز لە هەموو جیهانەوە ئاڵهنگارییەکی گەورەیە بۆ هێزە ئەمنییەکان. بۆ نموونە سەردانەکانی سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە ئۆکرانیا، ئیمانوێل ماکرۆن لە فەرەنسا و ئیسحاق هێرزۆگ لە ئیسرائیل پێویستی بە ڕێوشوێنی توند هەیە. خاڵی پشکنین و قەناس بەدەست و ناوچەی دژە فڕین و چەند دەیان کیلۆمەتر سیاج تەنها چەند ڕێکارێکن. تا پێنج هەزار کارمەندی سوپا پاڵپشتی پۆلیس دەکەن بۆ ئەو کۆبوونەوە پێنج ڕۆژە. بەپێی ئامارەکانی حکومەتی فیدراڵی، تێچووی زیادەی ئاسایش دەگاتە نزیکەی ٩ ملیۆن فرانکی سویسری (نزیکه‌ی ده میلیۆن و نیو دۆلار)ە.
بابه‌ته‌کانی کۆڕبه‌ندی ئه‌مساڵ چین؟
له بابه‌ته گرنگه‌کانی بۆ ئه‌مساڵ دانراون باس بکرێن بریتین له:
- شه‌ڕی ئۆکراینا، زیلنسکی سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته دێت و وتاری ده‌بێت. له په‌راوێزی کۆڕبه‌نده‌که‌شدا کۆنفرانسێک به ناوی کۆنفرانسی ئۆکراینا هه‌ر له داڤۆس ساز ده‌کرێت. ڕاوێژکارانی ئاسایش لە زیاتر لە ٨٠ وڵاتەوە باس لە داهاتووی ئۆکرانیا و بەناو فۆرمولەی ئاشتی ئۆکرانیا دەکەن بە پلانێکی دە خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دەستدرێژی ڕووسیا. بەڵام ئەمانە گفتوگۆی ئاشتی ڕاستەقینە نین. چونکه نوێنه‌ری ڕوسیا لەوێ نییە. ئامانجی سەرەکی ئەم کۆنفرانسەش ئەوەیە کە هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا به یه‌کڕیزی بمێننەوە.
- ململانێی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، شه‌ڕی ئیسرائیل-غه‌ززه، هێرشی سه‌ربازی ئه‌مریکا و به‌ریتانیا بۆ سه‌ر حوسییه‌کان، له‌مباره‌وه سه‌رۆک کۆماری ئیسرائیل ئیسحاق هێرزۆگ به‌شداری ده‌کات، هه‌روه‌ها وەزیرانی قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە بە ناوبژیوان لە ململانێکان دادەنرێت. ئوردن، لوبنان، عێراق و قەتەریش یه‌کی به وه‌زیرێک به‌شداری ده‌که‌ن.
- زیره‌کی ده‌ستکرد و ئاڵه‌نگارییەکانی، چۆن دەتوانرێت ئەو تەکنەلۆژیایە بەکاربهێنرێت بۆ سوودگەیاندن بە هەمووان؟ چ ڕێسایەک پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چ مەترسییەک؟ چ داهێنانێک دەکرێت و چۆن ئه‌مه دەتوانێت کارلێک لەگەڵ بایۆتەکنەلۆژیادا بکات؟ هەروەها میوانێکیان سام ئاڵتمانە، که دامەزرێنەری ڕۆبۆتی چاته ChatGPT.
- ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای جیهانگریی نوێ
- گۆڕانی که‌شوهه‌وا
– هێرشه ئه‌له‌کترۆنییه‌کان
به‌شداربووان کێن؟
سه‌رۆکی کۆمسیۆنی یه‌کێتی ئه‌وروپا، سه‌رۆکی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان، سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسا، سەرۆکوەزیرانی چین لی کیانگ، سه‌رۆکی ئۆکراینا، سویسرا، ئیسرائیل، ئه‌رجه‌نتین به‌شداری ده‌که‌ن. به‌ڵام جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌مساڵ سه‌رۆکی ئه‌مریا جۆ بایدن وه ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیا به‌شداری ناکه‌ن، هیچ که‌سێکیش به نوێنه‌رایه‌تی روسیا به‌شداری ناکات.
له بواری ئابورییه‌وه، بانکدارە ناوەندییەکان – لەنێویاندا کریستین لاگارد لە بانکی ناوەندی ئەوروپا و تۆماس جۆردن سەرۆکی بانکی نیشتمانی سویسرا – هەروەها ١٦٠٠ سەرکردەی بازرگانی باس له ئاڵه‌نگارییه‌کان ده‌که‌ن که ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی ئابووری جیهانی بوونەتەوە، بۆ نمونه: گەشەی مامناوەند، ڕێژەی سوی بەرز، مەترسییە سیاسییەکان، کاریگەرییەکانی دوای پەتای کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی قەرزەکان. هەروەها کۆمپانیا تەکنەلۆژییە ئەمریکییەکان نوێنەرایەتییەکی باشیان هەیە: وتاردەران بریتی دەبن لە مارک بێنیۆف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پسپۆڕی نەرمەکاڵای کۆمپانیا Salesforce، سەرۆکی مایکرۆسۆفت ساتای نادێلا و ئەلێکس کارپ لە کۆمپانیای شیکاری داتا‌کان Palantir. هەروەها ملیاردێری دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت بیل گەیتس میوان دەبێت.
کۆڕبه‌نده‌که ده‌توانێت چی بکات؟
له کۆبوونه‌کانی کۆڕبه‌نده‌که‌دا قسه‌وباس و گفتوگۆ له‌سه‌ر بابه‌ته ئابورییه‌کان، هه‌روه‌ها دارایی جیهان، بازرگانی و کۆمپانیا و بانکه‌کان، ره‌وشی ته‌ندروستی جیهانی و په‌نابه‌ران و …..هتد ده‌کرێت. هه‌روه‌ها بابه‌ته‌کانی گۆڕانی که‌شوهه‌وا و پاراستنی بایۆلۆژیی جۆره‌کانی روه‌ک و گیانه‌وه‌ران، لابردنی قه‌رزه به‌رز و درێژخایه‌نه‌کان له‌سه‌ر وڵاتان، دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری جه‌نگی ته‌کنه‌لۆژی، دروستکردنی پاراستن و پردی په‌یوه‌ندی له نێوان ملیاران مرۆڤ، چاره‌سه‌ریی قه‌یرانه سیاسی و مرۆییه‌کان و …هتد قسه‌یان له‌باره‌وه بکرێت، هه‌روه‌ها باس لە نوێترین پێشنیارەکان دەکەن بۆ پێشکەوتن لە بوارەکانی ئاسایشی جیهانی، بازرگانی، گەشەی ئابووری، دامەزراندن، پاراستنی کەشوهەوا و سروشت، گواستنەوەی وزە، گۆڕانکاری تەکنەلۆژی، و خۆشگوزەرانی و تەندروستی ده‌کرێت.
ره‌خنه‌گران چی ده‌ڵێن؟
ساڵانه و له رۆژانی کۆڕبه‌نده‌که‌دا له‌و که‌شه سه‌رما و سۆڵه و سه‌خته‌دا به سه‌دان که‌س له چه‌په‌کان و نه‌یارانی سه‌رمایه‌داریی جیهانیی خۆپیشاندان له نێو شاره‌که‌دا ساز ده‌که‌ن. دیاره ئه‌مان دژی کۆنفرانسه‌که‌ن و پێیان وایه که ته‌نها سود به سه‌رمایه‌داران و بازرگانان و وڵاته زلهێزه‌کان ده‌گه‌یه‌نێت و هه‌ژاری و بێ‌کاری و بێدادی زیاتر له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت.
ره‌خنه‌گرانی کۆڕبه‌ندی ئابوریی جیهانیی داڤۆس ده‌ڵێن، که ئه‌مه ته‌نها کۆبونه‌وه‌ی توێژێکی هه‌ڵبژارده‌ی جیهانه له‌سه‌ر ئاستی ملیاردێر و خاوه‌نکاره‌کان که ئابوری و دارایی وڵاتان به‌ڕێوه ده‌به‌ن، بۆ دروستکردنی تۆڕێکی په‌یوه‌ندی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان. زانای ئابوریناس و هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵ جۆزێڤ ستیگلیتز که له‌ساڵی ١٩٩٥ ه‌وه به‌رده‌وام به‌شداریی ئه‌م کۆڕبه‌نده‌ی کردوه ده‌ڵێت: کۆڕبه‌نده‌که سه‌ره‌ڕای زیادبوونی نادادی و نایه‌کسانی له جیهاندا و گۆڕانی که‌شوهه‌وا به هه‌لپه‌رستانه به‌ره‌و پێچه‌وانه‌ی گلۆبالیزه‌یشن هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت. ناوبراو زیاتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت (له کۆڕبه‌ندی داڤۆسدا باس له دابه‌زاندن و که‌مکردنه‌وه‌ی باجی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان هه‌روه‌ها نابه‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر کێشه‌کانی جیهان ده‌کرێت).
له وڵامدا رێکخه‌رانی کۆڕبه‌نده‌که ده‌ڵێن که زۆرێک له به‌شداربووان له رێکخراوه ناحکومییه‌کانه‌وه دێن. هه‌وه‌ها نوێنه‌رانی زۆر له رێخکراوه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤیش به‌شدارن تێیدا. بۆ نمونه رێکخراوی جیهانی (ئۆکسفام)یش که بۆ نه‌هێشتنی هه‌ژاری و گه‌شه‌پێدانی ته‌ندروستی و زانیاریی له جیهاندا خه‌بات ده‌کات، به‌شداری ده‌کات، که ساڵانه راپۆرتێک له سه‌ر دۆخی نایه‌کسانی و بێدادی و هه‌ژاری له جیهاندا بڵاوده‌کاته‌وه. هه‌روه‌هاش وه‌ک داکۆکی لێی ده‌ڵێن: ئه‌مه هه‌لێکی ده‌گمه‌نه که نوێنه‌رانی رێخکراوه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و که‌سایه‌تییه ناسراوه‌کان ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ سیاسییه‌کان، ئابوری‌ناسان، ده‌وڵه‌مه‌ندان و نوێنه‌رانی کۆمپانیاکانی جیهاندا گفتوگۆ بکه‌ن.
١٣/١/٢٠٢٤
وێنه‌کان:
١. دامه‌زرێنه‌ریی کۆڕبه‌نده‌که کلاوس شڤاب
٢. دیمه‌نێک له شارۆچکه‌ی داڤۆس له کاتی زستان و سازکردنی کۆنفرانسه‌که‌دا