
کورتە چیرۆک\ ەدنەهانەپ.. نووسینی: ئامانج شێروانی
کاروان بۆ جاری سێیەمین گوتییە دژواری تا ئاگای لە هەگبەکەی خۆی بێت، با لێی نەدزن. دژواریش وەکوو خووی پێوە گرتبوو، بەدڵساردییەکەوە سەیرێکی کرد و فڕێکی تری لە قاوەکەی بەردەمی دا. ئەوە یەکەمین جاریان بوو لە باشووری کوردستان دەربچن، جوانی و دڵڕفێنی شەپۆڵەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست، دیمەنە پڕ ئاوازەکەی شەقامەکانی بەرشەلۆنە، سەماکەر و تەنافبازەکانی کوچەوکۆڵانەکان ئەو دووانەیان سەرمەست و شەیدا کردبوو، کەوتبوونە جیهانێکی پڕ ئەندێشەی ئەفسووناوی، شەو و ڕۆژیان نەمابوو.
کاتی پارەدانێ هات و کاروان ڕووی لە دژواری کرد و تێێ گەیاند کە ئەمجارەیان نۆرەی ئەوە بۆ ئەوەی پارە بدات، دژواریش مەردانە دەستی بۆ لای هەگبەکەی برد، گەلێک دەستی گێڕا، کەچی دەستی بەر هیچ شتێک نەکەوت. سەیرێکی لای هەگبەکەی کرد، لە شوێنی هەگبەکەی مێزێکی ڕەقوتەقی بینی. شڵەژا، نەیزانی چی بکات، نەک هەر پارە و دۆسییەکانی، بەڵکوو گوزەرنامەکەشی هەر لەناو ئەو هەگبەیەدا بوو.
لەگەڵ کاروان بۆ بنکەی پۆلیسی بەرشەلۆنە چوون، هەگبەی خۆی بۆیان هەڵڕشت، پۆلیسیش پێی گوتن کە هاوینان ئەو شارە پڕ گەشتیارە، خەڵک وەکوو مێروولە دێنە نێوشار و بەجێی دەهێڵن، دۆزینەوەی شتێکی بچووکی وەک هەگبەکەی ئەو ئەستەمە. ئامۆژگاریی دژواریان کرد تا بڕوات لە باڵوێزخانەی عێڕاقی لە مەدرید گوزەرنامەیەکی نوێ دەربهێنێت. لە باڵوێزخانەی عێڕاقیش بە دژواریان گوت: ((پێویستیمان یان بە کارتی نیشتمانیی هەیە، یان بە ناسنامە و ڕەگەزنامە و پشتگیریی موختاری گەڕەکی خۆت)). هەرچەندی پێی گوتن: ((دایکتان چا، باوکتان چا من لەو دوورەوڵاتەی ئەوانەتان لە کوێ بۆ بێنم))، بەڵام ئەوان کە کەللەیان لە بەرد ڕەقتر بوو، بۆیان نەسەلماند.
چاری ناچار، دژوار بڕیاری دا سەری خۆی هەڵبگرێت و بە قاچاخ ڕێ و ڕێ بگەڕێتەوە باشووری کوردستانێ. پلیتی شەمەندەفەری کڕی، لە مەدریدەوە هەتا ناو شاری باریی لە ئیتاڵیا گیر نەبوو. لەوێشەوە پلیتی کەشتیی کڕی تاوەکوو بەرەو شاری پاتڕای یۆنانی بڕوات. شەو داهات و بەرەو بەندەرەکە ڕۆیشت و پلیتی خۆی بە ئەفسەری سنووری باری پیشان دا، ئەویش داوای گوزەرنامەکەی لێ کرد. دژوار گەلێک هەوڵی دا کە بەسەرهاتەکەی خۆی تێبگەیەنێت، بەڵام قسەکانی دژوار لای ئەفسەرەکە وەک گیزەگیزی مێشوولان بوو، دووبارە و سێبارەی دەکردەوە کە پێویستی بە گوزەرنامەکەی ئەوە. کەشتی بەڕێ کەوت و دژواریش بەجێ ما.
بەتەنها، لەبەردەم دەریای ئەدریاتیک ڕاوەستابوو، نە ئەستێرەیەک، نە مانگێک لەژێر هەورە چڕەکەی ئەو شەوە سەری دەرنەهێنابوو، سامناکیی شەپۆڵی دەریاکەش قاچەکانی دژواریان خستبووە لەرزە. ڕێگای فرسەخێک لە ئاوەدانی دوور بوو، هەتا چاو بڕی دەکرد تاریکی بوو. ئەو شەوە هەر لەسەر قەراخی دەریا نووست، یان چاکتر بڵێین هەوڵی دا بنوێت، چونکە لەگەڵ هەر شەپۆڵێکی بەخوڕ لە خەو ڕادەچڵەکی و موچڕکێکی پێدا دەهات.
سەر لە بەیانی، هەر لەگەڵ یەکەم پڕشنگی هەتاو، لە شوێنی خۆی هەڵساوە و بەرەو شار دەرپەڕی. دوای سۆراخکردن چاوی بە قاچاخچییەکی هەولێریی کەوت و هەمووی بۆ گێڕایەوە، قاچاخچیش داوای پارەیەکی باشی لێی کرد.
دژوار لەگەڵی پێک هات و بەڵێنی پێ دا هەر کە پێی نا بە خاکی باشووری کوردستانێ، پارەکەی هەموو بخاتە نێو دەستی. دوای دەردەسەرییەکی زۆر لە سواری ئەم بەلەم، بۆ پشتی ئەو گوێدرێژ، بۆ کەلاوەی ئەو گوند، هەتا ناو شاری سلۆپی گیر نەبوو. لەوێش هەر بە پێ سنووری بڕی و پەڕییەوە بەری زاخۆ. دوو ئەفسەری عێڕاقی سمێڵ زل چاویان پێی دەکەوێت و پڕی دەدەنێ. ویستی لە دەستیان ڕا بکات، بەڵام زۆر دوور نەکەوتەوە و ئەفسەرەکان کەوتنە پێشی. دژواریش بە هەناسەی سوارەوە پێیانی گوت: ((چ قەوما، کەعبە کەچ بوو؟ مەسجیدول ئەقسایە ڕووخاوە؟ ئەمن خۆم خەڵکی ئەو وڵاتەمە و گوزەرنامەکەم ون کردووە))، ئەفسەرە نەجەفییەکە، بەدەم کۆت کردنییەوە گوتی: ((بە ڕەنگتەوە دیارە کە کوردی، نەک عێڕاقی، سزای کۆچبەری نایاسایی لای ئێمە زیندانە)).
————————–
مانای وشەکان:
– ەدنەهانەپ: پەناهەندە، بەڵام بەپێچەوانەوە.
– تەناف: واتە تەل، تەنافباز: واتە تەلباز، ئەو کەسەی کە لەسەر تەل دەڕوات و نمایشت دەکات، سێرک.
– گوزەرنامە: واتە پاسپۆڕت.