
نامه‌ی نێوان ئه‌دیبان (نامه‌ی عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج بۆ سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)
گیانه‌كه‌م ره‌نجده‌ر: گشت رێز و سڵاو و سۆزم بۆ تۆ و دایكی خه‌ون و رۆڵه‌كانت، له وشه‌ی (گیانه‌كه‌م) دا خه‌ستكردووته‌وه، پترم بۆ ناوێژرێت.
دوایین كۆشیعرت: ( حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده بژیم – 2015 )، ئه‌زی به شیعرییه‌تی: (پووشكین و ئیلیه‌ت و ئۆكتاڤیۆ پاز)ه‌وه، به‌ستایه‌وه و به‌ڕاستی له كۆشیعره‌كانی دیكه‌ت ترازاویت و ده‌نگت سۆزناكتر و پاراوتر و جوداتره و ئومێدی داهێنانت له دڵی گه‌وره و به‌هێزی شیعردا دورست كردووه، به‌تایبه‌تی له كه‌ڤاڵه وشهیییهكانت و سۆفیگه‌رییه شیعرییه‌كه‌ت، تۆ هه‌شتا ساڵت بۆ ته‌مه‌نت نیشانداوه: ( 18/11/1965 – 18/11/2045 )، كه ده‌ق ده‌كاته ته‌مه‌نی ئێستای من، ئایا له‌و كۆتایییهدا، (عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج)ی مامت له‌كوێ ده‌بێت؟ پرسیارێكه خۆی له زه‌ینمدا سه‌پاندووه، وه‌ڵامی له‌لای (الهو)وه، كه كهڤاڵێكمه، به‌ڵام بێ نیگاییه كێشاومه، ببووره راسته‌وخۆ ئه‌م (شهتهحاتانه) ده‌نووسم و له فه‌رمووده‌یه‌كی (ئهلنیفهری) سۆفیدا ئاگادارت ده‌كه‌مه‌وه، كه پێمی گوت: (له تاریكی‌دا جێگیربه، كه له تاریكی‌دا نیشتم، خۆم بینی).
تۆ لێوڕێژی له هێزی خودا، له‌م شیعرانهتهوه خۆت ناسیوه و جه‌سته و گیانی ئۆقره‌گری خۆت ده‌بینی، به‌خته‌وه‌ر خۆت، ئارام خۆتی، نه‌ك وه‌كو به‌نده، له به‌رزه‌خی بڕوا و نابڕوادا، له لێواری گومان و یه‌قیندا گیرماوم، خه‌تای من نییه، خه‌تای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌یه، كه (مێشكم) و (هزرم) و (هۆشم)ی ئاوها داڕشتووه و هه‌میشه له سۆراخی كۆن و ده‌روازه و رێنمام بۆ نایدۆزمه‌وه؟ ئه‌مه‌یه ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌راسانی كردووم و به‌گوناحی خۆمی نازانم.
گیانه‌كه‌م: ئه‌و ئافریده‌ی، كه له‌سه‌ره‌وه‌یه، ئێمهگهلی ناچاركردووه كه هه‌ڵبژێرین تێم ده‌گه‌ی، كه‌وابوو، چاوه‌نۆڕی فریادڕه‌سم له باوه‌شم بگرێ و سوكنایی به گیانه ره‌وانه ناشادهكهم بدات به‌ر له‌وه‌ی (خۆڵ) دامپۆشێ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ته‌رمه پیس و بۆگه‌نه‌م ره‌گه‌زه‌كانی (خاك، با، ئاو) نهگڵاوێنێ، حه‌زم له ئاگره پیرۆزه‌كه‌یه، بمكاته زووخاڵ و خۆڵه‌كه‌وه.
كتێب له وه‌رگێڕاندا دووباره له دایك ده‌بێته‌وه: داهێنان له مانا هه‌ره تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆی داوام لێ ده‌كات و پڕ به‌گیان و دڵ حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌م كۆشیعره‌ت بكه‌مه عاره‌بی، تا عه‌ره‌ب داهێنانی داهێنه‌ری كورد ببینن. وه‌لێ ئاوها پرۆژه‌یه‌ك كۆتایی ئه‌و له 10% یه‌ی تاكه چاوێكم، ئه‌ویش چاوی چه‌پمه، گیانه‌كه‌م با قه‌رزبێت له‌سه‌ر ته‌ندروستی و ته‌مه‌ن. شانازی به‌وه بكه، جیاوازی لهوانگهل، به‌ده‌ر له پۆلی مه‌لانی ئاسایی، ناباو و پشت به رۆحی خۆت ده‌فڕیت به‌ره‌و ده‌رباری شیعر و ئارامگه‌ی سیمرغ، له‌م كۆشیعره‌تدا به‌ته‌واوی ترازاویت له پێشینه‌ی شیعری خۆت و نه‌وایه‌كی نوێ، كهڤاڵگهلێكی ده‌گمه‌ن و سۆزێكی پهرییانهت بهلاپهڕهكاندا په‌خشاندووه، هه‌ست و نه‌وایه‌كی سۆفی مهشرهبانهم له نێوان دێڕه ورشهدارهكانت بینی، به‌چاوی ناخم و هه‌م دیدی بینایینم. ئه‌وه‌ی به‌چاكیی له ڕوانگه‌ی جوانسازییه‌وه له فه‌یزی شهتهحاتهكانت بنواڕی، ده‌گاته ئه‌و ئاقاره‌ی كه بێژێ: ئه‌وه (سه‌باح ره‌نجده‌ر) په‌یتا په‌یتا كه‌وڵه هزری و هونه‌ری و جوانكارییه‌كانی دهشاخێنێ رووه‌و رۆحییه‌تی شیعر و ئێستێتیكا.
باوكی خه‌ون، تۆ و منی نائارام له گشت جێیه‌كانی ئه‌وێ و ئێره، ناشاد له گشت سات و زه‌مه‌نه‌كانی لاوی و ته‌مه‌نداری، له (زه‌مه‌ن)ێكدا به‌ڕێكه‌وت ههڵكهوتین، كه به‌نا پیرۆز ناوی ده‌به‌م، چونكه راستییه‌كان ترازێندراون و جوانییه‌كان دزێو لێدراو‌ن و ….. تاد، ئه‌ده‌به‌كه‌ش پووڵبازاڕییه. كا ره‌خنه‌ی زانستی؟ كا جوانناس و كا رێز و كا مرۆی حه‌قشوناس. به‌لامه‌وه، شاعیر گرێبهستیاری نێوان: زمان و مۆسقا و وێنه‌یه، به واتایه‌كی رۆشنتر، كه‌ڤاڵه زمانییه وشهیییهكان له سیمفۆنیای گه‌ردوون هه‌ڵده‌كێشێ، چونكه نیگاركێشی بلیمه‌ت، كه‌ڤاڵه ره‌نگییه‌كانی ئاوێته‌ی مۆسیقا و زمانێكی په‌یڤین ده‌كات، ئه‌م بۆچوون و هاوكێشه‌یه بۆ ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب، به دراماشه‌وه ….. تاد، ده‌شێت ئا لێره‌وه رۆحییه‌تی ده‌ق چون كانیله‌ی سازگار هه‌ڵده‌قوڵێت.
ئافریدهكاران، هه‌ڵگری ئاگری خودایین بۆ ئه‌وه‌ی شارستانییه‌ت دروست بكه‌ن. شیعر شیله‌ی وشه‌یه، به‌جۆرێكی دی، وته‌ی وته‌یه‌كه قۆزراوی زمانی هۆز و زمانی سه‌رده‌مه. تۆ بزانه چه‌ند سه‌رده‌مییانه‌یه، پێناسه‌ی شێخ محێدینی عاره‌بی، كه فه‌رموویه‌تی: (شیعر خۆ دابڕینه له ئاسایی باو).
بۆدلێر و رامبۆ و مالارمیه و سان جۆن پێرس و رێنی شار و نالی و مه‌حوی و گۆران و ناوی دیكه‌ش. هه‌مان رێچكه‌یان گرت، به‌بێ گوێدانه ده‌نگی ناڕه‌زایی ئه‌م و ئه‌وی سه‌رده‌مه‌كه‌یان، تۆش وه‌هابه، خۆ واتكردووه. من ئاسایی، كه نه‌كڵۆك بین له چاوی قڕێژان و گه‌مژه بیران، پانتایی داهێنان به ورشه‌ی سه‌رشانۆ و پیاهه‌ڵدانی درۆ، گیرفانمهندی و خه‌ڵاتی پهرژهوهندمهندان قهتاوتهت هه‌ڵناسه‌نگێندرێت. ئه‌وه‌ی له (بازاڕ)هكهدا ده‌یبینین، بازاڕی گه‌وهه‌رناسی نییه، به‌ڵكو بازاڕی (هه‌ڕاج) و گهندهفرۆشی و هه‌م خۆ فرۆشییه. ئه‌وه‌ی په‌نجه بخاته سه‌ر زامه‌كه، چاره‌نووسی وه‌ك چاره‌نووسی رۆمانی: ( سلیكۆك هۆكلێر)ی من ده‌بێت، بریا سه‌د بریا به‌ر له‌ماڵئاوایی ژیانم، به‌چاوی كراوه‌وه، كۆرۆمانهكانم به‌بێ هه‌ڵه ده‌بینین، خۆ ده‌زگای ئاراس له پرۆژه دابوو ئه‌م كاره بكات، به‌داخه‌وه له به‌ختی من ئه‌میش داخرا، ڕه‌شبین نیم، وه‌لێ له‌م ڕۆژگاره سه‌قه‌ته‌دا مه‌حاڵ و دژواره ….. مخابن، به‌ڵام دوای مردنم ئومێدم به خوێنه‌ری به وه‌فا زۆره.
له ئازار و موعانات و ئه‌زموونی پیرۆزی رهوتارهوه، داهێنان، ئه‌فراندن، دێته ناو كایه‌ی هونه‌رییه‌وه، ده‌تۆ وردبه‌ره‌وه له ژیانی (ڤانكۆخ) بۆ وێنه، له ژیاندا تێرهسك نه‌بوو، كه‌چی كه‌ڤاڵه‌كانی به ده‌یان ملیۆن دۆلار ده‌نرخێنرێت. زۆرانی تر وه‌كو ئه‌و له مێژووی ژیاریدا هه‌ن. له ئه‌مستردام دووباره سه‌ردانی نزیكه‌ی (50) كه‌ڤاڵی ئه‌و بلیمه‌ته‌م كردووه و رۆحمی چالاك كردووه‌ته‌وه، له ساڵی (1890) و له ته‌مه‌نی كورتی (37) ساڵیدا گولله‌ی به خۆیه‌وه ناوه، به‌ر له‌وه‌ش گوێیه‌كی خۆی قرتاندووه، بۆم ده‌ركه‌وتووه، كه زۆرینه‌ی نوێبه‌خشان و ئافریدهرانی به‌ده‌ر له‌باو و ئاسایی و ژیانی خۆیان نیمچه شێت بوون. شێتی هونه‌ر و جوانی و داد و هه‌ق.
ئه‌مه چ شێتییه‌كی جوان و پیرۆزه كاكه (ره‌نجده‌ر)، بێمه‌وه سه‌ر ده‌ق به‌واتا جوان و سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كه‌ی، به‌گوێره‌ی شاره‌زایانی (زمانی ده‌ق – Text)، حه‌فت پێوانه‌ی بۆ دیار كراوه له‌لایه‌ن (رۆبێرت دی بۆجوان) و (دریسلهر)ه‌وه، كه‌وا له‌زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كانی زماندا، دانیان پێدانراوه:
1- سه‌بك (داڕژته)، كه ده‌كاته پێبه‌ندی نه‌حوی ( گرامه‌ر – Grammar) كه به زاراوه‌ی (Cohesion) ده‌ناسرێت.
2- حه‌به‌كه (تانوپۆ)، یان تێبهندی ده‌لاله‌ته‌كان ( Coherence).
3- ئامانج، یان مه‌به‌ست له ده‌قه‌كه ( intentionality).
4- وه‌رگرتن (قبول) له‌لایه‌ن خوێنه‌ر و بیسه‌ر و گوێگره‌وه (Acceptability).
5- راگه‌یاندن به واتای (الاخباریه) (informatively).
هه‌ڵبه‌ته خاڵی یه‌كه‌م و دووه‌م گرینگ‌ترن له وانه‌ی دی، ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌فراندن و داهێنانی ئه‌فسوونی وێنه و ئه‌فسوونی زمان و چندراوی سفتوسۆڵ، ئه‌و كاره‌ی كه پێشتر گوتم: شیعر واتای، یان وشه‌ی سه‌رووی واتا و وشه‌كانه و بێجگه له‌وه‌ش، پاڵاوته‌ی زمانی بازاڕی و فه‌رهه‌نگه، رۆچوون و به‌قووڵداچوونی شاعیره له‌گه‌ڵ جیهانبینینی بۆ بوونه‌وه‌ری (الوجود) له‌هه‌ردوو دیوی (زاهیر و باتین). هه‌ڵبه‌ته به مه‌نتیقی جوانكارییه‌كی ناباو و سواو بووه‌وه. دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌زموونی وشه ئارایی و پێچراوی روئیای نیگایی و شۆڕبوونه‌وه‌ی ناخیی و ده‌روونیی، وا له‌و شاعیره ده‌كا و باڵی پێده‌گرێ بۆ هه‌ڵفڕین، له وێنه‌یه‌كی هزرییه‌وه (image) بۆ وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی ئاخڵهدارتر و كانگه‌ی ورشهدانهوه، چوون (گیا)یه‌كه‌ی رۆمانی: (سۆناتای رۆح) و دووباره‌بوونه‌وه‌ی له رۆمانی: (ئه‌ژده‌ر)دا، یان وه‌ك گیای نه‌مری گه‌لگامێش كه نه‌یگه‌یشتێ، وه‌كی دیكه، كه نووسه‌ره نه‌ناسراوه‌كه‌ی ده‌قه سۆمه‌رییه‌كه پێی گه‌یشت و به گوماناوی نه‌مره.
ئه‌م هه‌موو تێپه‌ڕاندن و داهێنان و هونه‌ره دانسقه‌یه، له‌ڕێی هێماكاری و خوازه و به ئه‌فسانه كردنه‌وه، قۆزاخه‌كه‌ی دهترهكێ و ئاوریشمی دانسقه و نه‌بیندراو خۆی نمایش ده‌كات، له چركه‌یه‌كی (ته‌جه‌للی) و زه‌ینێكی شه‌فاف و كریستاڵیی ده‌رده‌په‌ڕێ وه‌ك ماسییه نه‌رموشل و فسفۆرییهكانی هه‌ره قووڵایی و په‌نامه‌كییه‌كانی ئاوه بێگه‌رده‌كان.
نووسیوته (سوپاس بۆ ئه‌و دڵه‌ی خۆم ــــ هه‌زار رێگای هه‌یه بۆ گه‌یشتن به ناوكی رووناكی) له‌و رێیه سه‌خته‌ش، له ڕاماندا خۆبینین و خۆناسینه وه‌ك پێشتر ئاماژیهكم پێداوه. له كۆتایی ( شیعر ئه‌ی ناوی خۆم)دا، هه‌م به بۆچوونی جوانسازیی ــــ به‌راوردكاریی و هه‌م ته‌ریب بوون، ده‌بوایه له‌گه‌ڵ چوار ره‌گه‌زه دێرینه‌كانی گریكدا، چوار ده‌قی پیرۆزت نیشان دابا، نه‌ك (سێ)، بۆوه‌ی هاوسه‌نگ، هاوته‌ریب بێ له دیدی ئێستێتیكاییدا وه‌كو:
ته‌ورات ئا‌ڤێستا
زه‌بوور ته‌ورات
یان
ئینجیل ئینجیل
قورئان قورئان
باوابێ، خۆت له هه‌ڵبژاردندا ئازادی.
له ڕۆمانێكمدا (له‌یادم نه‌ماوه كامیانه) ئه‌و چوار ره‌گه‌زه‌م تاوتوێكردوون و به‌لای (ئاگر)دا شكاومهتهوه و هۆیه‌كانیشم ده‌راندووه بۆ؟ له گه‌رمیان و كه‌ركووكدا به‌و (بزنمشكه)ت ئێژن (بزنمژهك)، گوایه گوانی بزنان ده‌مژێ و له كونی گواستانان ده‌ژیت.
گیانه‌كه‌م رۆحمان ئارام ئارام له نێوان ته‌ونی نه‌گریسی جاڵجاڵۆكه‌كانه‌وه تریفه ده‌ده‌ن و بینایی گه‌نده‌ڵ ویستان لێڵ و پڕ خوێ ده‌كه‌ن، حه‌زده‌كه‌م خۆت زۆر به‌و شكڵبازی و خانه دامهیییانهوه….for mali form، خه‌ریك نه‌كه‌یت و ئه‌و چركه قۆناخه جێبهێڵه، ئه‌رێ (بازنه) به‌و نه‌مری و پیرۆزییه‌ی بۆ له لات، له كۆ شیعره‌كانت نیشته‌جێ نه‌بووه (0) خاڵ هه‌رچه‌ند كۆشا و ره‌نجی دا، ده‌رفه‌تی له‌و دیواربه‌ندییه ــــ كه سه‌ره‌تای كۆتایه‌تی و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، نه‌دۆزییه‌وه، بۆیه نافڕ هه‌ڵفڕی و له چه‌قی بازنه‌كه‌دا خۆی چه‌قاند. ده‌بزانه (0) چه‌ند مه‌زن و سه‌ره‌كییه، ئاخر گشت هێڵه‌كان : راست ــــ چه‌ماوه و شكاوه‌كان به‌و خاڵه موباره‌كه‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ن و به‌ویش كۆتایی‌یان دێت، له ده‌قێكم له یادم چووه (هه‌ی هاوار له ده‌ست و چنگی بیرچوونه‌وه‌ی ته‌مه‌ن) گوتوومه: كۆتایی جه‌سته‌یی سێ مه‌ودای ـــ درێژی ـــ پانی قووڵایی، یان به‌رزی، به‌ڕووبه‌ر ته‌واو ده‌بێ، كه ته‌نیا دوو مه‌ودای پانی و درێژی هه‌س. ئه‌م رووبه‌ره‌ش به‌هێڵ به كۆتا دێ، ئه‌گه‌ریش له هه‌موو جۆره‌كان هێڵ بن، (یه‌ك) مه‌ودای هه‌یه. كۆتایی ئه‌م جۆره هێڵانه‌ش (0) خاڵی نوقته‌یه: ئه‌وجا بزانه كه خاڵ كه‌رسته‌ی هه‌موو شیعره ئهندازهیییهكان بوو، چون مارێك، باز كلكی خۆی مژیوه و داخراوه، به‌سه‌ر جیهانی كامڵ و جاوید و نێرڤانای خۆیدا ئه‌مانه‌ت بیر ده‌خه‌مه‌وه. چونكه له ده‌قه‌كانمدا تاوتوێم كردوون و تیۆری خۆم ده‌راندووه. ئه‌مه به‌سه‌ر ڕه‌نگه‌كانیشدا ده‌سه‌پێت. تۆ خۆت چاكتر له‌من ئه‌وانه‌ت له‌یاده و ده‌شێن بۆ كاكڵه‌ی نامیلكه‌ی هزری هونه‌ری شێوه‌كاری – ئێستا هه‌نده (شت)م دێته زه‌ینه‌وه، كه‌چی هه‌تا یه‌كێكیان ڕاو ده‌كه‌م، ئه‌وانی تر له شه‌ققه‌ی باڵ ده‌ده‌ن، ئای ته‌مه‌نی پاش هه‌شتایی، خۆزگه سێوێك ده‌بوویت. بتخواردایه و ئه‌وه‌ی تر بژیابامایه، كوڕه نیو هه‌نده، قسه‌ی خۆمان بێت به چاره‌گێكی ههشتاكهش قایلم.
ڕه‌نجده‌ر گیان: هێشتا كانیله‌ی ئهفراندنم قوڵپ ده‌دا، غه‌درم لێ‌كرد به‌نامه‌یه‌ك بۆ جه‌نابت – چیمهنتۆڕێژم كرد، ئه‌وه با به نامه تۆڵه‌ی خۆم بكه‌مه‌وه، ده‌مه‌وێ ئه‌و تیترواسكهی بۆمی دۆنایدۆن بكاته‌وه بۆ كه‌وڵی مرۆیی، به‌ڵكو تینوویه‌تیم به ده‌ربڕینی بڕێ وشه‌ی ڕه‌نگاڵه و نیوه بازنه‌ی رهنگینكهوانان به‌سه‌ر زێدداچوون، خودای ئاسمانی فیرعه‌ونی سه‌یوانێك هه‌ڵبده‌م، هه‌رنه‌بێ چهترۆكهیهك.
خوداكه‌ی ناو كۆشیعری: (حه‌زده‌كه‌م ئه‌وه‌نده بژیم) ی ره‌نجده‌ر، ئاده‌ی تیشكێك بۆ دیده‌م بنێره و به‌سه ئه‌م (حاڵ)هی كه خاڵ و وێرگوڵ و كه‌وانه و ته‌نانه‌ت (پیت)ه‌كانیش به حه‌زی خۆیان له‌سه‌ر پانتایی كاغه‌زدا ده‌نیشنه‌وه و نایانبینم، سوپاس بۆ ده‌ست و په‌نجه‌م، له ئه‌زموونی زۆر و چڕه‌وه ئه‌ركمان تۆزۆكه‌یه‌ك سانا و هاسان ده‌كات. چه‌ندی ده‌كه‌م بۆم ناكرێت، بۆم ناكرێت بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر دێڕ و لاپه‌ڕه‌كان و هه‌ڵه‌چنییان بكه‌م. ئه‌وه ئه‌ركی جه‌نابته پاره‌كه‌ی دڵم، باوكی: (Yad pilot/ یاد فڕۆكه‌وان). فڕنده ئه‌وه هه‌تا دێت، هێما و وشه و دێڕه‌كان له نیگامدا كاڵ و كاڵتر ئه‌بنه‌وه، له‌وانه‌شه رۆژێك ئاوابن و ره‌شایی تاپۆ دایانپۆشێت، وای وای له‌م دۆزه‌خه‌م.
(ره‌نجده‌ر) ئازار ده‌نووسێت، به‌ڕه‌نگ و هێڵ ده‌كێشرێت، یان به‌ڕیتم و زایه‌ڵه و سه‌دا له سیمفۆنیایه‌كی نه‌مردا ده‌توێته‌وه، هه‌نووكه له‌ناو چوار وه‌رزه‌كه‌ی (ڤیڤاڵدی)دا له دره‌وشانه‌وه‌ی (رووناكیی مانگی) (بێتهۆڤن)دا پێمه‌له ده‌كه‌م خۆزیارم له ڕه‌وتی ره‌نگه راچهنیوهكانی(ڤانكۆخ)دا بخولێمه‌وه، دیاره (وشه)ی بێوه‌فا به‌هانامه‌وه نایه‌ت، بۆیه زمانی ره‌نگ و ده‌نگم كرده ئارامگه‌ی گیانم، خۆ ئه‌ز له به‌رهه‌مه‌كانمدا به ڕه‌نگ نووسیومه، به وشه نیگام كێشاوه، هێشتاكه‌ش تاسه‌م دانه‌مركاوه وه‌لێ، ده‌وامی حاڵ مه‌حاڵه وه‌ك ده‌گوترێ هه‌سته‌كان له كار ده‌كه‌ون و تاریكایی ئاكامه.
باوكی خه‌ون و یاد: ئه‌مێستا خۆم به (ئه‌بو عه‌لائی مه‌عه‌ڕی) ی زه‌مانه تێده‌گه‌م، چونكه چاڵی چاوم بۆته به‌ندیخانه‌ی نیگام، له‌شه پیسهكهم بۆته حه‌پسخانه‌ی گیانم و خانگهكهمیش تاراوگه‌ی له‌شمه، گوێبگره:
أرانی فی الپلاپه من شجونی فلا تسأل من الخبر النبیپ.
لفقدی ناڤری ولزوم بیتی وكونً النفس فی الجسد الخبیپ.
مه‌گه‌ر وه‌ك كوڕه نازداره‌كه‌ی (یه‌عقووب) له تاریكی بیره‌وه، ئه‌ستێره‌ی (بیرۆ)م لێ هه‌ڵبێ، هه‌ڵدێ؟ دڵنیام هه‌ڵبووه، ئه‌ی ئه‌وه نییه ده‌ست و په‌نجه‌كانم به دهنیگاوه ده‌په‌یڤن، ده‌نووسن، ده‌ڕه‌نگێنن و دهئاوازێنن، ئه‌وه نییه تاپۆ و تارمایی ده‌تارێنن، ئه‌مه‌یه رووناكیی له دووره‌وه، كه تۆ جوان جوان له شیعره‌كانتدا، سه‌رپۆشیان له‌سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه. له ناخدا سێبه‌ر و تارمایی و ره‌شایی هه‌رگیز نییه، چونكه ئه‌و سێیه (ره‌ش ـــ تارمایی ـــ سێبه‌ر) ره‌نگ نه‌بوونه و نابن وه‌كو له نووسینێكمدا یهكاڵام كردۆته‌وه. ( نا… هه‌رگیز، ره‌ش و سپی ره‌نگ نین) لێره‌دا سپییه‌كه واتا فزیكییهكهی مه‌به‌ستمه نه‌ك نوور و رووناكی. جا ئه‌مه شكۆمه‌ندیی و جاویدیی نییه؟ ئه‌مه بوونه سه‌مه‌نده‌ر نییه، پاش بوونه تیترواسك؟ تۆ ئاسایی نه‌ك ریخۆڵه‌ی ناوكم بووبێته په‌روازه‌ی ورد چنراوی رۆخی ده‌ف، به‌ڵكو بوومه‌ته ده‌ف و هه‌م ترپه سۆزناكهكانی له‌و پیرۆزییه‌دا، له‌گه‌ڵ له‌ره‌ی په‌نجه‌ی ده‌فژه‌ن و هه‌م له‌گه‌ڵ په‌نجه‌ی سه‌ر كونه‌كانی شمشاڵی: ( ده‌روێش عه‌بدوڵڵا)دا دهلهرێمهوه، ئای خۆ: ( قاله‌مه‌ڕه )م بیر چوو، خۆ ئه‌گه‌ر سه‌دای شمشاڵی یه‌كه‌م له شیعری: (گۆران)دا به‌ر گوێم كه‌وتووه. كه‌چی به‌هه‌ر شه‌ش هه‌سته‌كانم له توونی كوناوكونی شمشاڵه میتاڵهكهی خاڵه قاله‌دا هه‌ناسه‌ی ژیان و مردن ده‌ده‌ن، ئه‌دی به‌قا و مانه‌وه بۆ كێیه؟ بۆ یه‌زدان و جوانی و داده. گه‌یشتمه ئاكامێك له شیعره‌كانته‌وه، خودا شیعره، كه چقڵی چاوی دووپشكان و بزنمژانه. شیعر تریفه‌ی زبانه ناخییهكانه، به‌ر له‌وه‌ی له‌سه‌ر كاغه‌زی بێگه‌رددا ئۆقره بگرێ بۆ چه‌ند ساتێك، ده‌نا جیوهیییانه ئه‌و شیعره سره‌وتی بۆ نییه و ….. نییه.
شاعیر له بۆسه‌دایه بۆ راوكردنی وشه ورشه‌داره نێچیره‌كان، به تۆڕی ئاوی بووبێت، یان تۆڕی زه‌وینی. مه‌له‌وان راو بكات، یان فڕنده و باڵنده‌كانی زه‌ریای رۆحی ره‌وان. خدر زیندانه، جۆشا و خرۆشا و خۆی له كه‌ناره‌كانی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده‌ی جوانییه نزیك ده‌كاته‌وه و ته‌لیسمان ده‌پێكی، ئه‌وساكه ره‌نجده‌ر (هه‌ڵۆ) ده‌بێته (دڵ) و دڵیش ده‌بێته قه‌قنه‌سی: سووتان + به‌خشین بۆ زمانه پاراوهكهت، ده‌بێته مووچڕكی دیداری (دڵبه‌ر). ئه‌مه شكۆیه له شانه‌شینی شالیاری شێوه شینه شاهۆی شانه‌كانی هۆشدا له شه‌ققه‌ی باڵ بدات. ته‌ماشا….. ته‌ماشا، شینهكانی زمان له دۆخی (پیت)ه‌وه، كراسگۆڕی ده‌كه‌ن و ناو شینایه‌تی شینه ئاسمان و كووژه‌كه و یاقووتی شینه لاجیوهردییانهوه، ئه‌و شینانه شه‌رمنانه شه‌پۆل ده‌ده‌ن و خۆ نیشان ده‌ده‌ن به ئێمه‌گه‌ل، ئه‌مه‌شه شیعر كه ده‌خوازێ بیكه‌یته نقێمی هه‌ر ده په‌نجه‌كانت بۆ دركاندنی په‌نهان و رازه‌كانی بوونه‌وه‌ری. مه‌گین ئه‌و ده‌مه هێلكه‌ی دیوده‌ری دانسقه‌ی جوانیی بترووكێ.
ئه‌دی شوێن، بێگومان پێگه‌ی دیاری هه‌یه له پاڵ كاتدا، چونكه، یه‌كه‌م: رێگه‌ی داهێنانه، دووه‌م: كانگایهتی، سێیه‌م: رێژگه و ئه‌فراندن و ئیبداعهكهیه، ئه‌وه ده‌بینم ئه‌و جێكاته ئه‌زه‌لی و سه‌رده‌مییه له لات چڕ و خه‌ست بۆته‌وه بۆ ناو ( خود ) و له‌وێوه بڵاچه ده‌ده‌یت و ده‌دره‌وشێیته‌وه. دڵ، ده‌روون ، ناخ له كنت بۆته ئه‌لته‌رناتیڤی كۆستارهكان و یونیڤێرس universe…، ده‌ك ئافه‌رین، ئه‌و جیهانه هه‌تا هه‌تایی و زه‌به‌لاحه‌ت له‌و دڵ و رۆحهتدا هه‌ڵگرتووه، ئه‌مه كاری پێغه‌مبه‌ران و نوێبهخشانه، من ئاسایی، نه‌ك خۆم به په‌یامبه‌ر، به‌ڵكو به خودا‌ش زانیوه، ئه‌ی ئه‌ڤین به واتا رۆحییه‌كه‌ی وابزانم مه‌یی ناو سوراحییهی جوانسازیی و خهڵقاندنه. (خه‌مر) هه‌وێنی نوێبوونه‌وه‌یه چ خودایی بوو، یان خه‌مره رژاوه‌كه‌ی (خه‌یام)، چونكه هه‌ردووكیان مه‌ستمان ده‌كه‌ن و ده‌مانبه‌نه سه‌رووی واقیعی خۆم و خۆت و خۆیان ….. تاد، له‌وێوه‌ش و ئاره‌زووه دزێو و نه‌وسنه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی به پۆشاكی رۆحمانه‌وه لكابن، ئاوهایه. ده‌خۆت راوه‌شێنه و وردبه‌ره‌وه له‌و تاقیگه یهكلاییكهرهوهیهدا. هه‌ڵبه‌ته رێچكه شكاندنت و رێچكه شكاندنم، قیڕه‌ی قه‌له‌ڕه‌شه‌كانی لێ ورووژاندین و دیاره سزامان، هه‌مان سزاكه‌ی (سینمار ) ده‌بێت.
بنیاتنانی كۆشكی گهوههرنگینی جوانیی و هونه‌ر، چاوی ناحه‌زان و كورتبینان ئه‌بڵه‌ق ده‌كات، نایانه‌وێ شانه‌شینی ورشه‌دار ببینن، ره‌خنه‌ش كه‌م ده‌ست و كۆڵه‌واره له‌عاست نۆ كۆشیعری تۆ و شه‌ش كۆچیرۆكی به‌نده، مه‌گه‌ر ترووسكایییهكی كزیان به‌ركه‌وتبێت. قه‌ڵه‌مێكی بوێر لای له ڕۆمانی: ( په‌رته‌وازه‌ی ئێره و ئهوێكانی ئه‌وان) نه‌كردووه‌ته‌وه. كه موناقه‌شه‌ی هزری فه‌لسه‌فه‌ی گریكم كردووه و جیهانبینیم له زۆر رووه‌وه ده‌راندووه. كه‌وا ناچار بوومه له ده‌قی رۆمان‌دا ره‌خنه له ره‌خنه‌گر بگرم و تیۆره‌كانی ئه‌ده‌ب شی بكه‌مه‌وه. میتا رۆمانییه‌تی ده‌قه‌كانم هێشتا مافی خۆیان وه‌رنه‌گرتووه، چوون ده‌قه ناوازه‌كانی جه‌نابت. چاك له قه‌سیده‌ی: ( تاك و جووت) بۆی چوویته ( ئه‌وانگه‌ل ) له قووڵایی دڵیانه‌وه تاساون، به‌ڵام ( ئومێد ) هه‌زاران باڵی هه‌یه. له ته‌ك هه‌زاران خاڵ و تاج و باج و….. ئه‌منیش هه‌زاران پشكۆ و په‌نگر و سكڵ، كانیله‌یه‌ك له هه‌ڵقوڵان دواناخه‌ن، ئێمه جوانیناس و ماندوونه‌ناسین، ئێمه شه‌هیدی وشه‌ی ڕاست په‌رستیی و ناسكگۆین. دیاره ئاشه‌كه‌ت، له دزێویدا، له‌جیاتی گه‌نم، دانه‌وێڵه، (نمه‌ك = خوێ) ده‌هاڕێ. دهبیهاڕه، زیخ و به‌رد و ژه‌نگی رۆژگار بچێژه تامی خۆنیگاراندن و بڵاچهكردن و فه‌یزی سرووشان.
شیعر په‌یامی هه‌یه؟ وه‌ڵام: نا. خۆی له خۆیدا په‌یامه و هه‌م باڵاڕووانی ناخ و ده‌ر. هه‌تاكو ئێستا باسم له هه‌سته‌كان كردووه، ئه‌ی نه‌ست و ئه‌ودیوی هه‌سته ناسراوه‌كان. مه‌گه‌ر شیعرییه‌تی زمان له ده‌قدا لێوه‌ی نزیك بێته‌وه و وێنای بكات، بۆیه زۆرجار به‌و زمانه چڕ و وێنه‌كاری و هزر ئامێزه ده‌گوترێت زمانی نوخبه و تاكه تاكه، هه‌قیانه و زۆریش، چونكه شیعر ئامراز نییه له‌م سه‌رده‌مه‌دا، به‌ڵكو ئامانجه، ئه‌مه‌ش ڕاستییه‌كه و نكۆڵی لێ ناكرێ، واش پێشبینی ده‌كه‌م دروشمی هونه‌ر بۆ هه‌موو. له ئاینده‌دا خۆی له به‌رزه‌خی جوانیدا بشارێته‌وه. ده‌بێ شیعر جۆرێك نه‌بێت له په‌رستنی خودایی؟ وێنا كردنی ئه‌م ڕۆژانه جودایه له وێناكردنی كلاسیكی، كه (لێچوو) و (لێچوێندراو) پێكیان ده‌هێنا.
شاعیری نوێنیگای ئه‌وڕۆكه، به‌رجه‌سته‌كردنی وێناكردنهكهیان مه‌به‌سته له مه‌ودای بینین‌دا. ئه‌وه‌ته وتووته:( سه‌ره په‌نجه‌كانت گه‌رم ده‌بن ـــ ئاوازی هه‌موو گۆرانییه‌كت دێته گوێ ) + ( چاو چرای سه‌ری مرۆڤه ) به‌نموونه، یان ( كێڵگه‌ی په‌راسووت پڕ شیرترین گوڵه‌گه‌نمی هه‌ست ده‌گرێ ) و زۆری تریش له سهوزگای چاوی ناخت ده‌پشكوێن و چرۆ ده‌كه‌ن، باش بۆی چوویته كه ( نه ژیان بردنه‌وه‌یه، نه مردن دۆڕان )، به‌ڵام گه‌مه‌یه‌كی كۆمیدی – تراژیدییه‌كی هه‌ڵنه‌هێندراوه و منیش په‌یتا په‌یتا باجی ته‌مه‌نم ده‌ده‌م، به كێ؟ خۆشم نازانم، ئا، ئا، به هونه‌ر و به جوانیی، تۆ بنواڕه، سیزیفی ئه‌فسانه به‌ردی سه‌ر شانی دهههورازێنێ، كه‌چی من ئه‌و به‌رده‌مه كه به تاوتل ده‌ده‌م و غلۆر ده‌بمه‌وه به‌ره‌و نادیار. گیانه‌كه‌م، ( كه‌ڵه‌كێوی له ته‌مه‌ن درێژیدا شاخی جوان ده‌بێت) ئه‌وه بۆ هه‌ڵواسینه به‌دیواردا گولله‌ی گڕدار سینگی ده‌پێكێ، خۆزگه‌م چه‌ند باره، به‌و جوانبینییهت سه‌رسامم كه‌وا له چاوه‌ڕوانیی ( به‌خششی ئه‌شق و خه‌ڵاتی دیدار و مه‌ئوای جاویدانی و خه‌رمانی خودایی)ت، به واتایه‌كی روونتر به ئاواتی پاداشت و قه‌ره‌بوویت. ئه‌ز، به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌وم له‌خۆمدا ناسی و دوور له چاوه‌ڕوانیی ( گۆدۆ )ی بێهووده، دڵت لێم نه‌ڕه‌نجێ هه‌ی ره‌نجده‌ری داهێنه‌ر و ئازاردراوی ده‌ستی رۆح پیسه‌كان، خۆت وته‌نی: پاشخاپهرۆكهكان: ده گوێ بۆ ئه‌م چیرۆكه‌ی: ( رابیعه عه‌ده‌وی ) سۆفی هه‌ره مه‌زن بگره. سه‌تڵێ ئاو و باوه‌شێ پووشی پێ‌بوو، كه كابرایه‌ك پرسیاری لێ كرد: ها بۆ كوێ ده‌چیت؟ وه‌ڵامی دایه‌وه: به‌م ئاوه ده‌چم دۆزه‌خ خامۆش بكه‌م و به‌م پووش و په‌ڵاشه‌ش به‌هه‌شت بسووتێنم. كابرا واقی وڕمابوو، كه گزارهی كێشا: بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر په‌رستنی خودا نه له ترسی (ئاگر) بێت و نه بۆ پاداشتی (به‌هه‌شت)ی دڵارا، ته‌نیا بۆ خودی خودایی ئه‌و بێت و به‌س.
ئه‌وه‌یه مێرگی راز و هێما و شته بێناوهكان. ئه‌م جاویدییه به كێ ده‌سته‌مۆ ده‌كرێت، براكه‌م. له‌و ده‌مه‌ی تلاوتل له‌ناو ته‌ونی ته‌مه‌ندا ده‌توێمه‌وه. تۆ خاڵان بهۆنه‌وه و بیكه ملوانكه‌ی گه‌ردنی قه‌تێی گه‌رمه‌سێر و له‌سه‌ر باڵ و ژێر باڵی خاڵخاڵۆكاندا بخاڵێنه، پێشتر نه‌مگوت خاڵ پیرۆزه، چوون په‌لكه‌زێڕینه و ئاوی به‌قا. خاڵ، خاڵبوون، خۆت، خۆم…خ خ خ، خه‌ون، خودا، خزان، خه‌زان، خۆر، خه‌ڵوه‌ت، …. ئاخ، داخ، خ خ خ تۆ به تاسه‌وه (سه‌مای نووسین) بگره و منیش بیناییم هه‌ڵخستووه بۆ ترووسكه‌یه‌كی گیانبه‌خش، موژدهكانم بوونه‌ته تۆڕی ڕاوكردنی پهلكهڕهنگینهكان نه‌بادا به‌یه‌كجاری لێم ون و ئاواببن، ئه‌وسا نقوومی عه‌ده‌م و تاریكیی، بریا ئه‌م تۆزقاڵه ره‌شكه و پێشكهیهم ده‌رفه‌تی چه‌پكێ وشه‌ی تهلیسمداری بۆ ده‌ڕه‌خساندم، خۆزگه ئه‌م لاپه‌ڕانه‌ش دوا تۆمار نه‌ده‌بوون چاوه‌كه‌م ره‌نجده‌ری شیعر رۆشنا و ئارام.
باوكی خه‌ون و یاد، پێنج چیرۆكۆكهم له مێشكدایه، ناوێرم بیانخه‌مه گه‌رووی چاپخانه‌وه، نه‌بادا په‌یمان شكێن بم، تۆ كه‌سی یه‌كه‌می خوێنهریانیت:
1- سێ‌و و سیاسه‌تمه‌دار:
ده‌رفه‌تی گوێ گرتنم نه‌بوو له‌و سیاسه‌تمه‌داره سه‌ر و ریش – به بۆیاخ – قه‌ترانییه، وه‌لێ له رۆژنامه‌دا ده‌ستكه‌وتم ده‌یان هه‌ڵه‌ی زمان و رێنووس بوو، لێره‌ش له بازاڕه كراوه‌كه‌دا به فرۆشیاره‌كه‌م گوت: كیلۆی (ئۆمینا/ omena) به چه‌نده؟ گوتی: ئۆمینام نییه، په‌نجه‌م بۆ سێوه‌كان درێژ كرد و چاوی سه‌رسامیم لێنا، گوتی: ئا من (ئۆمێنا/omena)م هه‌یه، نه‌ك ئه‌وه‌ی تۆ داواتكرد، له بازاڕان وانه‌ی زمان ده‌ڵێن.
2- شاعیرێك:
برا گچكه‌كه‌ی شاعیری به‌رهه‌ڵستكار و ئاشتیخواز شانه‌ی ده‌مانچه‌كه‌ی له‌و مێردمنداڵه به‌تاڵ كرد، چونكه له خۆشی به‌فر، تۆپه‌ڵێكی له ئۆتۆمبێله‌كه‌یان گرتبوو.
3- ده‌مانچه:
له خواردنگه‌كه‌دا، ئه‌مینداری گشتی حیزبه‌كه ده‌مانچه‌كه‌ی له‌سه‌ر مێزه‌كه جێهێشتبوو، شاگرده‌كه به‌خۆشی خۆشی و هه‌ڵه‌داوان، ده‌مانچه‌كه‌ی بۆ درێژكرد، كه‌چی پاسه‌وانانی ئه‌مینداری گشتی دایانه به‌ر رێژنه‌ی كلاشینكۆف .
4- جێگۆڕكێ:
ژنه‌كه به شووه‌كه‌ی گوت: با جێگۆڕكێ بكه‌ین، پیاوه‌كه گوتی: شووه‌كه‌م چۆن؟ ژن به خۆویستی ئاماژه‌ی بۆ سه‌رووی برۆكانی و خوارووی پێیه‌كانی كرد و به ده‌نگیش گوتی: تۆ هه‌میشه له سه‌روو بوویته، ئه‌مجاره گۆڕانكاری، تۆ له خواره‌وه‌به لهسهردابهكهدا، منیش له بانه‌وه ده‌چمه بانه‌بان .
5- ته‌ورێكی ژه‌نگن:
نه‌مامێكی ناسكی جه‌نگه‌ڵه چڕه‌كه، ته‌ورێكی ژه‌نگنی له ڕێره‌وه تهسكهكهدا دی، هاوار و فیغانی به‌رز بۆوه و له‌شی خه‌ڵتانی ئاره‌قه و له‌رزین بوو! داركاژێكی به ته‌مه‌نی ئه‌زمووندار، ئاوها هێدی هێدی، هێور و ئارامی كرده‌وه. (( ئه‌گه‌ر تۆ و براله جوانمێردهكانت نه‌چنه كونه ژهنگنهكهیهوه و یاریده‌ی هه‌ڵسانی بده‌ن، هه‌رگیز ئه‌و ببڕ و بكوژ نابێت.
به‌دڵتن؟ ئاشنام بكه به ( نا.. و .. به‌ڵێ )ت، به‌هه‌ردووكیان ئاسووده ده‌بم، چونكیه ئه‌وه‌ی ده‌بوایه بمگوتبا، گوتم و خۆم خسته سه‌ر كاغه‌ز و له نه‌یار و ناهه‌ق و ناقۆڵا نه‌سڵه‌میمه‌وه. بێ ئه‌وه‌ی چاو له‌ڕێی ئافه‌رین و (مایه) و (سایه) و (پایه)بم. ئه‌وانه‌یش، كه لایه‌كیان له حهرفهكانم كردووه‌ته‌وه، ویژدانیان هانیانی داون و هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌نده‌ی له پاڵدا نه‌بووه و ناشبێت. به‌یارمه‌تی شوانی نۆبه‌ره‌م ( ز: 1958 ) وه‌ڵامی ڤیدیۆیی كاكه: (عه‌بدوڵڵا سلێمان مه‌شخه‌ڵ)م دایه‌وه و كاشكێ ده‌تبینی، هه‌روه‌ها (سه‌ربه‌ست كه‌ركووكی) له‌ڕێگه‌ی مۆبایله‌وه چه‌ند پرسیارێكی خێزانی هه‌بوو. وه‌ڵامی ئه‌ویشم دایه‌وه به‌ڕاسته‌وخۆیی له ناكارایی دیده‌مدا. ئه‌وجا شوان ده‌زانێ له كام فه‌یس بووك/Facebook دایه .
ره‌وایه گه‌ر بڵێم له‌م (80) قهسیدهیهتدا گزینگت داوه، گڕت به‌رداوه‌ته زیوانگه و دڕكهجاڕی وشهفرۆشیی و هه‌رزه‌گۆیی و ته‌نافبازیی و پیت و فه‌ڕ زینده‌به‌چاڵكردن، زینده‌به‌چاڵكردنی جوانیی، جوانیی، جوانیی ….. تاد، ئه‌وپه‌ڕی جوانیی. مه‌ودای هه‌ڵفڕینی ژهنگنووسان، دووپشكنووسان، قه‌وزه نووسان زۆر كورته و ده‌بنه خڵته و ره‌شایی ژێر مه‌نجه‌ڵ، ئه‌وانگه‌ل میدۆزا و ئه‌هریمه‌نی وێژه‌ن. هه‌موو جوانناسێك تووك و نه‌فره‌تیان لێ ده‌كات نا..نا.. ئیتر سكاڵا له شیعر مه‌كه، نه‌كه‌ی.. ئه‌وه نییه نه‌ك (پێكی ئه‌شق، بگره گۆزه‌ی پڕی بۆ هێناویت.) به تارای سرووش و تاسه‌ی وێناندن و ته‌زووی خۆدۆزینه‌وه دایپۆشیویت. له به‌رزه‌خی بوونژیان + نهبوونمردندا لایه‌لایه‌ت بۆ ده‌كات. له‌و ئانهیدا خه‌ریكی دۆنایدۆنیت بۆ بوونه: (هه‌ڵۆ مێرد)ی چوون هه‌ڵۆ قژ چه‌رمووی ڕۆمانێكم، به‌خته‌وه‌ر خۆت. تاكه جوانی له‌وه‌دایه خۆ بناسی و گوێ بۆ زه‌نگی ناخ بته‌كێنی هه‌ی به‌هره‌مه‌ندی گۆڕانكار. به سه‌د و بیست و چوار هه‌زار سروه‌ت ده‌سپێرم. گیانه‌كه‌م، له دهقێكمدا هه‌یه كه پێش وشه جوانیی هه‌بووه، ئا ئه‌وه جوانییه بێ هاوتا و بێ مانه‌نده وشه‌ی ئه‌فراندووه و وشه‌ش ئێمه‌ی هاویشتووه‌ته ناو كایه‌كه‌وه تا وه‌ك كه‌لایه‌ك بین له كریستاڵ.. ئا.. ئا.. كه‌لایه‌ك و به‌س.
له‌و گه‌مه‌یه‌دا كهلا ده‌بێته گرۆڵهبهن و په‌یتا په‌یتا غلۆر ده‌بێته‌وه هه‌تا ئه‌وسه‌ری دیكه‌ی به‌نه‌كه، به واتای ته‌جریدabstract هه‌مان دوو خاڵه‌كه‌ی ده‌سپێك و كۆتایه.
ئازیزه‌كه‌م. تۆ وته‌نی: به‌تاڵ. به‌تاڵ. به‌تاڵ. به‌تاڵ ئه‌و دوو خاڵه.
هه‌مان دووخاڵی سه‌ر جووته نوونی: (ژیان و مردن)ه‌كه‌ی: (دوا تاریكی)ته. ئا.. ئا.. خاڵه مه‌زنه‌كه‌ی و له منی بژنه‌وه: گشت ڕووه‌و ئه‌و خاڵه ده‌چین. هه‌م له خاڵه‌كه‌ش په‌یدا بووینه، تیۆری (Big Bang)یش وای گوتووه، ئه‌وجا به (ڕاستی) وه‌ربگریت، یان (نموونه‌یی).
خۆ ڕاستیشه وتووته: (جوانی هه‌موو كات هی من بووه) سه‌نگ و مه‌حه‌كه. ئه‌میش (شكۆی) پهیامهكهته.
له‌دوا ئاواتمدا ده‌خوازم له به‌نده زیاتر بژیت و (80) ساڵ تێپه‌ڕێنی. دێمه‌وه سه‌ر كرۆكی ڕۆمان، كه دامێنی ته‌مه‌نمم بۆ ته‌رخانكرد، هونه‌رێكه سه‌ربه‌خۆی خۆی. ده‌ڵێم: ئامانجی نووسه‌ره‌كه‌ی هه‌ر ئه‌وه نییه، كه بڕوا به‌و عاله‌مه‌ی بكه‌ین و له‌گه‌ڵ كه‌سێتییه‌كانی بژین، به‌ڵكو ده‌شبێ لایه‌نی: 1- چێژ. 2- سه‌رسامیی له‌لامان دروست بكات، ڕێگه‌ی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته. 1- شه‌پۆلی ئاگایی. 2- گێڕه‌ره‌وه‌ی ناوخۆی. 3- چیرۆك له‌ناو چیرۆك. 4- ده‌قئاوێزانیی له هونه‌ره‌كانی تروووو…..، چونكه هونه‌ره‌كان – له‌وانیش ڕۆمان – زه‌رووره‌تی خۆی له موغامه‌ره‌ی بێكۆتایی ده‌دۆزێته‌وه، بۆیه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك (ته‌عریف)ێكی سه‌قامگیر نییه بۆ ئه‌م هونه‌ره ڕوو له پێشه. ڕه‌گه‌زه‌كانی به‌ند ناكرێن له قاڵبی ئاسایی‌دا. شێوه له هونه‌ردا به هیچ جۆرێك پیرۆز و موقه‌ده‌س نه‌بووه و نابێت به‌مه‌رجێك، ئه‌گه‌ر ئه‌و شێوه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندیی بابه‌ت بووبێت. به‌ڵام ڕۆمان كهڵكمهند بووه له جۆر و شێوه‌ی پیته‌كان و دامه‌زراندنیان له پانتایی لاپه‌ڕه‌دا، به‌كارهێنانی وێنه و نیگار و قه‌رزكردنی ده‌قی تر و ….. تاد، وه‌ك ڕه‌خنه‌گر دكتۆر: ( یومنی العید) ده‌ڵێت: (خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی ئاگادار له په‌یكه‌ری ده‌قی نوێ، ده‌خوازێ یارمه‌تی خوێنه‌ر بدات له چێژ وه‌رگرتن و زانینی نهێنییه‌كانی گه‌مه‌كه و هونه‌ری داڕشتنه‌كان).
له‌ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی زانستی (شێوه)وه، خوێنه‌ر ده‌گاته ناوه‌رۆك و بابه‌ت و به‌هیچ پێودانگێك گه‌مه‌یه‌كی شكڵبازی نییه… نا، به نموونه: جیاوازی ئۆكسجین و ئۆزۆن له ژماره‌ی گهردیلهكانیاندا نییه، یه‌كه‌میان دوو گه‌ردیله‌یه و دووه‌م سێ گه‌ردیله‌یه، به‌ڵكو جیاوازییه‌كه له (په‌یوه‌ندی ناو خۆیی ئه‌و گه‌ردیلانه)دایه. هه‌ڵبه‌ته به زیادكردنی گه‌ردیله‌یه‌كی، ئۆكسجین نابێته ئۆزۆن. ئه‌مه‌یش له‌م بهراوردهماندا ده‌كه‌ین، ناشێت دوور له (ناوه‌رۆك) بڕوانینه ( شێوه)، چونكه له بنه‌مادا نووسین به‌رجه‌سته‌كردنی مانایه و ناشكرێ چڕی بكه‌ینه‌وه له‌و مانایه‌دا و به‌س. كه‌واته: دوو ڕه‌گه‌زی پێكهێنهرن. دابڕاندنی ئه‌و دوو ڕه‌گه‌زه، به‌لامه‌وه مه‌ودا جه‌وهه‌ریی و هونه‌رییه‌كه له ده‌ست ده‌چن، ده‌مێكه (هینری حجی) گوتوویه‌تی: (گرینگ ئه‌وه نییه چی ده‌نووسیت، به‌ڵام چۆن ده‌نووسیت.) له‌م سۆنگه‌یه‌وه (باختین) بۆچوونێكی ڕاستی ده‌راندووه: (ڕۆمان تاقه ڕه‌گه‌زێكی ناته‌واوه، واش ده‌مێنێته‌وه، ئه‌زموونێك له ئاستی شكڵدا به‌ره‌و پوختبوون (كمال) ده‌بات، ڕێگه‌ی دیش هه‌ن.) ئه‌مه‌ش وا له خوێنه‌ری ئه‌مڕۆ ده‌كات، كه واز له (بێ لایه‌نی)ی خۆی بێنێ و وه‌كو بهشدارێك ڕۆبچێته پێچاوپێچی ده‌قه‌كه‌وه، وه‌كو بهشدارێك له ته‌ك كه‌سه‌كاندا و تێهه‌ڵكێشی جێكات و (فه‌زا)كان.
حه‌زمده‌كرد دووباره به ئه‌زموونه ڕۆحی و هونهرییهكهمدا بچیته‌وه له ڕۆمانی: (ڕه‌نگستانی ئه‌فسانه، یان ئه‌فسانه‌ی ڕه‌نگستان). چاوی داهێنه‌ران ماچ ده‌كه‌م و رێزم بۆ داهێنان هه‌یه. به‌تایبه‌تی چاوی: (تۆ و ئه‌حمه‌دی مه‌لا)، هه‌ردووكتان له پله‌ی باڵای داهێنانی شیعردا و (ئه‌دیب نادر) له پله‌ی باڵای داهێنانی چیرۆكدا و: (كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور)یش له پله‌ی باڵای داهێنانی رۆمان‌دا ده‌بینم. هیوام به گه‌نج زۆره و نیشانه‌ی گۆڕانكارین.
تێبینی: من شێوه رۆمانێكم هاویشته ناو كایه هونه‌رییه‌كه‌وه،كه سه‌ربه‌خۆمه.
عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج
18/6/2016 فنلاند