Skip to Content

ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟.. بەشی یەکەم.. ئازاد حەمە

ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟.. بەشی یەکەم.. ئازاد حەمە

Closed
by حوزه‌یران 14, 2024 General, Opinion, Slider



بەشی یەکەم

پێشەکی: ڕاچڵەکان و سەمەرەیی لە وروژاندنی ئەم جۆرە پرسیارانەدا

بۆ ئێمە ئەم پرسیارە، ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟، کە مۆرێکە بە ناوچەوانی روناکبیریمانەوە و هەڵهاتنلێی ئەستەمە، دەمێکە ساتەوەختی کردنی هاتووە و بالێشیگەڕێین پرسیارەکە خۆی بە شۆڕەسواری گشت پرسیارە هزرییەکانمان بزانێت.
لە گۆشەنیگای ئەوەی لای سەرەوە خرایەڕوو، سەرەتا دەخوازین ئەوە بڵێین، کە وروژاندنی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بوێریدەوێت و توخمی پرسیارەکەش تابڵێیت دڵتەزێنە، قەبە و زەبەلاحە و تەنها بە ئێمە بچوکناکرێتەوە. دڵنیاشین لەڕێگای ئەم پرسیارەوە شاندەدەینەبەر گفتوگۆیەکی هێجگار تاقەتپڕوکێن و ناشکرێت ڕووکەشانە لەسەر ئەم پرسیارە کاربکەین و، وەڵامی سۆزاوی، کە بێ بەرهەمە، بۆدابینبکەین. .
لە پرسیارەکەدا کۆڵینکاریی بوونی هەیە. ئەمەش دەمانگەیەنێتە شوێنێک، کە زێدی سەرەکیی فەلسەفە لە وتاری ڕوناکبیرییماندا بەرباسدەخات. هەروەها لەمیانەی ئەم پرسیارەوە شتگەلێک دێنەپێشەوە، کە شایانی ڕاڤەی وورد و تێڕامانی فرەجەمسەرن. ئیدی لە دەرگای ئەم پرسیارەوە دەچینە ژوورەوە بۆناو جیهانی بیرمەندیی و نا بیرمەندییمان، کە دواتر تووڵەڕێیەکانی پرسیارەکە بەرەو شوێن و هەقایەتی دیمان دەبەن.
هەوێنی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟چییە؟ هەوێنەکە ئەوە نییە، کە فەلسەفەمان هەیە؟ یان ئەوەی، کە مێژوویەکمان لە هزر یاخود بیرکردنەوە فەلسەفیی هەیە؟ روونتر بدوێین، ئەوە دەڵێین، کە ئەم پرسیارە کێشەدارە و جەمسەری زۆریشی لێدەبێتەوە. لەوانە فەلسەفەمان هەیە؟ ئێمە سەر بە چ ئاقارێکی یان قوتابخانەیەکی فەلسەفیین؟ پێگەی ئێمە لە فەلسەفەی جیهاندا چییە؟
ئەوەی جێی سەرنجە لەم پرسیارەدا ئەوەیە، کە خۆی بە پرسیارێکی بنەڕەتی The basic question دەزانێت. پرسیاری بنەڕەتی چ جۆرە پرسیارێکە؟پرسیاری بنەڕەتی ئەو جۆرە پرسیارەیە، کە پرسیارێکی ،سەرەکیی لەخۆیدا حەشاردەدات، لە پرسیارەکەشەوە بۆ وەڵامەکەی بە شتێکی بنەڕەتیدا تێدەپەڕێت، کە ڕێشەییە. ئەوەی بیەوێت دەتوانێت لە میانەی ئەم پرسیارە بنەڕەتییەوە جێپەنجەی خۆی لە مێژوویەکدا بەجێبهێڵێت، کە مێژووی هزرە.
هەروەها پرسیارەکە تیۆریزەکردنە سەبارەت بە سەرمایەی هزری کولتوورێک، شارستانییەک. بەهۆی هەر ئەم پرسیارەوە بە پاشخانی فەلسەفیی خۆمان ئاشنادەبین؛ لە کرۆکی پرسیارەکەدا وەڵامگەلێک خۆیان پەنهانکردووە، کە داوامانلێدەکەن میراتی فەلسەفیی خۆمان بدۆزینەوە.
کۆتا گوزارەی ئەم پێشەکییە کورتە، ئەوەیە، کە ئەم بابەتە لەلایەک بە ئامانجی پێشخستنی ژیانی هزریمان و گفتوگۆکردنی ئەو ژیانە نوسراوە. لەلایەکی تر ئەم پرسیارەی بەندە ڕوناکییەکە، کە لە مەشخەڵانەکانی مێژووی ئێمەوە دەدرەوشێتەوە. داوادەکەم لە خوێنەرانی ئەم بابەتە لێگەڕێن ئەم ڕوناکییە پتر بدرەوشێتەوە و نەکەن فوی ڕقیلێنەکەن و بیکوژێننەوە.

پرسیارەکە لەڕیشەدا تایبەتە بە مێژووی هزرییمان

ڕەنگە هەندێک وەڵامی پرسیارەکە بە بەڵێ بدەنەوە و بڵێین ئەی چۆن فەیلەسوفمان نییە! ئەی نالی، ئاپۆ، مەحوی، سەید کامیل ئیمامی، خانی،حاجی قادری کۆیی، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، هەژار، مەسعود محەمەد و ….. ! ئەڵبەتە ئەم جۆرە بەڵێیە بەڵێیەکە پێداگرییە لە دڵنیایی و لە داکۆکیکردن و هیچیتر.
لەگەڵ کاتیشدا ئەوەی لەو پێداگرییەدا بەدیدەکەین زۆر وتن و درێژدادڕییە لەسەر شتێک، هێشتا ناڕوون و تاریکە. لەبەرئەوە پێویستمان بەوەیە بە تێڕوانینێکی هەمەلایەنەوە تەماشای ڕەهەندە هزرییەکانی ئەم پرسیارە بکەین. ئەگەر وانەکەین دەکەوینە ناو سەرلێشێواوی مێتۆدیی و سەرئەنجام دەکەوینە هەڵەشەوە. ئەمەش دژی بنەماکانی پرۆسەی چاکسازیی هزرییە، کە پێویستە کاری لەسەربکەین، تا وتاری هزرییمان بناسیینەوە.
ڕوانینە ئەم پرسیارە لە گۆشە نیگایەکی فەلسەفیەوە بەرەو زۆر شوێنمان دەبات. سروشتی پرسیارەکە بەو جۆرەیە، کە ناحەزە، لێ پرسیاریشە سەبارەت بە کەڵەکەبوونی مێژوویی هزریمان. پرسیارەکە پرسگەلێک و وەڵامگەلێک دەوروژێنێت بەئاسانی بەریانلێناگیرێت. هەر لەبەرئەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە درێغیناکەین لە دروستکردنی وەڵام. ئەگەرچی پرسیارەکە بۆ هەندێک ڕەنگە پێکهاتەیەکی زمانەوانی ناسادەی هەبێت، بەڵام پرسیارەکە تابڵێیت دەمبەگازندە و گوماناوییە.
ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ لەم بارەیەوە زۆر شت هەیە بۆ وتن، ڕەنگە هەندێک وەڵامی بەڵێ بدەنەوە، هەر ڕەنگیشە زۆرێک بڵێن نەخێر. بۆ ئێمە ژمارەی بەڵێ یان نەخێربێژەکان مەبەست نییە. ئەوە مەبەستە لەسەر بناغەیەکی شیکاریی ئەوەیان وتووبێت. چونکە پرسیاری ناوبراو، کە فەلسەفییە پرسیارێکی کولتووری و مێژووییشە. بۆیە پرسیارەکە چەندین وەڵامی سەیری لێدەبێتەوە. لایەنێکی ئەم پرسیارە کێشە هەڵپەسێردراوە هزرریەکانمانیش لەخۆدەگرێت؛ ئەو شتانە لەخۆدا حەشاردەدات، کە ناخوازرێت بوترێت و گفتوگۆبکرێت.
پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بەتەنها پرسیاری من نییە، پرسیاری هەموانە. پرسیارێکە لێوانلێوە لە ماف. ویست بۆ ئەم پرسیارەش ویستە بۆ دادوەریکردن بەسەر میراتی فەلسەفییمانەوە. ئەم پرسیارە ئەو پرسیارەش دروستدەکات، کە ناویددەنێین پرسیاری دایک: ئایا ئێمە فەلسەفەمان هەیە؟ ئەم پرسیارەش داوای دوو پێناسەمان لێدەکات: پێناسەی فەلسەفە چییە؟ و پێناسەی فەیلەسوف کێیە؟ کە لەدرێژەی نووسینەکەدا ئاوڕیلێدەدەینەوە.

وەڵامی ژەنگاوی بۆ ئەم پرسیارە نامناگەیێنێتە هیچ کوێ

گەر قوڵببینەوە لە پرسیارەکە دەکارین درکبەوەبکەین، کە قەیرانی هزریی ئێمە پێدەچێت بەشێکی گەورەی لە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا خۆی مەڵاسدابێت. گەر لەڕوی مێژووییەوە ئێمە لەناو فەلسەفە و بیرکردنەوەدا بووبێتین، ساناتر وەڵام بۆ ئەم پرسیارە پێکدێنین، ئەگەریش لە دەرەوەی فەلسەفە و بیرکردنەوە بووبێتین هەر دەبێت وێڵبین بەدوای وەڵامێکی شایان و پەسەند دا. بەس واقیعی ئێمە شتێکی تر دەڵێت. بۆیە پرسیارەکە، کە تامەزرۆی زۆرترین وەڵامە، لە دووتۆیی نووسینەکەدا لق و پۆپی تری لێدەبێتەوە.
زۆرێک، کە ئەم پرسیارەیان ڕووبەڕوودەبێتەوە نموونە لەسەر فەیلەسوفبوونی ئەحمەدی خانی، پیرەمێرد، هەژار، نالی، حاجی قادری کۆی، مەحوی، هێمن، مەسعود محەمەد، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دێننەوە. بەڵام ئایا ئەمانە فەیلەسوفن؟ گەر ئێمە پێمانوابێت فەیلەسوف نیین ئێمە غەدرمان لە میراتی هزریی خۆمان کردووە؟ ناهەقیمانکردووە، بەتایبەت، بەرامبەر ئەو بەشە لە میراتی هزرییمان، کە بە شیعر دەزانرێت؟
سەرباری ئەوە، ئێمە دەپرسین: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ئێمە ناپرسین ئایا نووسینی فەلسەفییمان هەیە؟ ئایا وەرگێری کتێبە فەلسەفییەکانمان هەیە؟ ئایا هۆزاننووسی بە سەلیقەمان هەیە؟ باشە گرنگیشە بزانین، ئەو جۆرە نووسینانەی دەچنە خانەی نووسینی ئایینی، زمانەوانی، میرات، یان نەتەوەییەوە نووسینی فەلسەفیین؟ نووسەرەکانی فەیلەسوفن؟ ئایا ئێمە فەیلەسوفێکی گەورەی وەک ئەریستۆ، دێکارت، لایپنێتز، ئیبن روشدمان هەیە؟
ڕەنگە بۆ زۆرێک پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ هێندە گرنگ و سەرەکیش نەبێت. بەڵام لەڕاستیدا ئەم پرسیارە زۆر بنچیینەیی و بنەڕەتییە. هەر لەبەر ئەو هۆکارە وەڵامی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ناشێت سۆزاوی بێت. وەڵامی سۆزاوی بەڵێ یان نەخێرێکی سەرپێی و ساکارە؛ وەڵامی سۆزاوی بێ بیرکردنەوەی قوڵدەوترێت و زۆریش خێرائاسا دەوترێت. هەروەها بۆ ئەوانەی وەڵامی خێرا بۆ پرسیارە سەرەکیەکەی نووسینەکەمان ئامادەدەکەن و بە بەڵێش وەڵامیدەدەنەوە لێیاندەپرسین: ئێوە لە شتێك قسەدەکەن زانینتان لەبارەیەوە هەیە؟
سەرباری ئەوە، ڕوونە، کە ئێمەی کورد نەهامەتی و بەدبەختییمان زۆر دیووە، چەند ئەمە کاریگەریی هەبووە لەسەر باشترکردنی بیرکردنەوەی هزرییمان و دەوڵەمەندکردنی هۆشی فەلسەفییمان پێویستە جێگای باس بێت. یان بەپێچەوانەوە نەهامەتی و بەدبەختییەکانمان بەشێکن لە هۆکارەکانی نەبوونمان بە بەشێک لە مێژووی هزریی مرۆڤایەتیی.
ئەوەی وتمان وادەکات لەم نووسینەدا بەدوای وەڵامیتردا بگەڕێین، جۆری تر لە وەڵام. ئەو وەڵامانەی بەئاسانی ڕێکەوتناکرێن. بۆ پرسیاری لەو جۆرە، کە داچڵەکاندنی مێژوویی و کولتووری لە ناخدا حەشارداوە تەنها بیرکردنەوەی قوڵ و وورد وەڵامدروستدەکات.

پرسیاری لەوجۆرە پرسیارێکی ماراوییە

پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ پرسیارێکە گازدەگرێت. پرسیاری لەوجۆرە پرسیارێکی ماراوییە؛ پرسیاری ماراویش پرسیارێکە مەحکومە بە پێوەدان. کردنی پرسیارەکە، بۆ هەموان، ئێشێک بەجێدێڵێت. باشە بۆ پرسیاری ناوبراو پرسیاریکی ماراوییە؟ لەبەرئەوەی پرسیارەکە دەمانخاتە حاڵەتی فڕکانفڕکانی کولتووری و مێژووییەوە. پاش پرسیارەکە لەڕووی هزرییەوە جێگا بەخۆمان ناگرین. لە مارپێوەدانیشدا جۆری ژەهرەکان جێگای باسە بۆ پزیشکانی فریاکەوتن، هاوکات چۆنێتی ئەنجامدانی فریاگوزاریی سەرەتاییش هەر بابەتی سەرنجخستنەسەرە بۆ مارپێوەدان.
پرسیاری ماراوی دەورماندەدات؛ بەدەورمانا خۆی دەکات بە پەرژین. پرسیاری وا مێژوومان لەتوپەت دەکات. پرسیارەکە سروشتی وایە، کە قەیرانی عەقڵی کوردی دەخوێنێتەوە و دادوەریشی بەسەرەوەدەکات. نەک هەر ئەوە، بگرە پرسیارەکە وامانلێدەکات، لە مێژووی فەلسەفە تێبگەین. لەوەش تێڕامێین لە کوێی ئەو مێژووەداین.
ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟دەبێت لەکاتی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە بەڵێ ئاگامان لەوەبێت، کە فەلسەفە میتۆدێکی سیستماتیک لەناویا کاردەکات. بۆیە ئەو کولتوور و نەتەوانەی وەڵامی پرسیارەکە بە بەڵێ دەددەنەوە پرسیار لەسەر دۆزی ئێستای فەلسەفەکەیان دەکەن.
پێویستە ئەوەش بزانین، کە هەر هەمان پرسیار گەر ڕوناکبیرێکی فەرەنسی یان عەرەب یاخود رووس بیکات دەبێت چ پێوەرێک بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکە بەکارببات؟ باشە ئەم ڕوناکبیرە نایەت بپرسێت: کێین بیرمەندە دیارەکانی ئێمە لە سەدە جۆراوجۆرەکاندا؟ گەر فەیلەسوفمان نییە، پێویستمان بەوە نییە بەدوای هۆکارە شارستانی و مێژوویەکاندا بگەڕێین؟ بەدڵنیاییەوە ئەو ڕوناکبیرە ئەوەش دەپرسێت، کێ لە ئێمە ناوی واڕۆشتووە کە، کار لەسەر مێژووی فەلسەفە دەکات؟
ئەی ڕوناکبیرێکی کورد؟ ڕوناکبیرێکی کورد، کە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە پێویستی بەوەیە لە بازنەی زۆر تەسکی بیرکردنەوە ڕزگاری بێت تا بتوانێت بە ڕوونی وەڵامی پرسیارەکە بداتەوە. لەبەرئەوەی پەتا گەورەکەی دۆزی ڕوناکبیریی ئێمە لەوەدایە، کە ناحەزی خۆمانین، ئەمە وایکردووە لەگەڵ بیریاریدا عیلاقەمەندنەبین. بیرمەندی لە شتەکاندا ، بۆنموونە لە سیاسەتدا، لە هونەردا، نەبینینەوە.
پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ لەخودی خۆیدا پرسیارێکی سەرسامکەر و کرۆکدژوارە، بەرهەمهێنەرە، تەڕ و پڕجوڵەشە. شوێنپێی پرسیارەکە مەرج نییە لێرە بێت مارئاسا دەڕوات، دەخولێتەوە؛ دەکرێت لەوێ بێت؛ لە شوێنێکی زۆر دوور. واشمانلێدەکات توخنی زۆر شت بکەوین: خۆناسی، خۆخوێندنەوە، گەڕان بەدوای لەمەوبەر، وێڵبوون بەدوای ڕەچەڵەک و پێشتر. بەجدی پرسیاری لەم شێوەیە پرسیارێکی ماراوییە، بە مێژوو، کولتوورمانەوە دەدات.

چییەتی پرسیاری دیدگائامێز

بۆ ئەوەی ڕەهەند و ئاقاری هزریی پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟بەسەربکەینەوە، كە دەشێت دواتر فەلسەفەیەکی زۆری بەسەرەوە بکرێت، پێویستمان بە تێخوێندنەوەیەکی جۆراوجۆرە بۆ جیهانبینیی فەلسەفیی یان تیۆریی بیرمەندان و بەشێكی زۆر لە تێكستە فەلسەفییە ڕۆژئاواییەكان. لەوێندەرێ دەگەین بەو تەماشاکردنەی، کە پرسیاری لەم شێوەیە دادوەرییە بەسەر خودی کردەی هزرەڤانیی و بیرکردنەوەی نەتەوەیەک. بەمجۆرە بێت، ئەوەی جێی سەرنجە لێرەدا ئەوەیە کردنی ئەم جۆرە پرسیارانە، کە بنەڕەتیی و وروژێنەرن، دژوارییەکی زۆریان دێتەپێش.
پێشتریش هێمامان بۆکردووە، کە پرسیارە فەلسەفییە سامدارەکان، ئەوانەی بەناخی چییەتی شت دا شۆڕدەبنەوە جارێ لەناو ڕوناکبیرانی ئێمەدا سامیان بۆ دروستنەبووە و زەمینەیان بۆ کێشمەکێشی هزریی نەڕەخساندووە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی نیگەرانیی هزریی سەبارەت بە وتاری فەلسەفەی ڕۆژئاوا و بە چۆنێتیی مامەڵەكردنی ئەم وتارە لەگەڵ پرسیاری چیەتیی فەلسەفە لەناو هۆشیاریی ڕوناكبیریماندا دروستنەبووە.
ئەو كارە تیۆرییانەیش، كە سەدە پاش سەدە لە بواری فەلسەفەدا، لە کێڵگەی تیۆریدا، تایبەت بە چیەتیی فەلسەفە نوسراون و ڕەوتی هزریی پرسیاری هزر چییە؟ و دیدی شیكاریی و ڕەخنەیی توێژینەوەكانیان تایبەت بەو شتەی، كە پێیدەڵێن فەلسەفە، گۆڕیوە و ئاقاری هزریی پرسیاری هزر چییە؟ی لە شوێنی خۆی نەهێشتوەتەوە، بۆ ئێمە هەڵگری ئاماژەی گەورە نین.
بۆ ئەوەی تۆوی ئەو تێگەیشتنە لە هۆشیاریی ڕوناكبیریماندا بچێنن، كە چیەتیی ئەم پرسیارە فەلسەفییە پشكنینە لە ڕەچەڵەكی فەلسەفە لەناو ئێمە و لەو شتەی لە جۆری هزر بوونی هەیە، بەپێویستی دەزانین لەڕێگای پرسیاری لەو جۆرەی نووسینەکەمان پێخستووەتە سەرپشت کار لەسەر پرسیاری ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بکەین. لەبەرئەوەی لەڕێگای چییەتی ئەم پرسیارەوە مێژووی کولتووریمان دەخەینەبەردەم بیركردنەوەی جیاوازەوە و ئەو سەغڵەتیی و لوغزانەش دەخەینەبەرباس، كە فەلسەفە لەناو ئێمە، لە ڕوناکبیرییماندا، لەم ڕووەوە دووچاریدەبێتەوە.
لێرەدا ئەوەش شایانی وتنە، کە زۆرێک لە خوێنەرانی فەلسەفیی و نافەلسەفیی ئەم جۆرە نووسینانە و زۆربەی نوسینە فەلسەفییەكانی تر، نە ئاستی زانینیان هاوشێوەیە و نە قووڵییەكی فەلسەفیی لە زانینیاندا هەیە. لێرەدا و تایبەت بەم لایەنە، بێ سڵەمینەوە هێما بۆ ئەو ڕاستییە دەكەین، کە ئەو جۆرە خوێنەرانەی بە زانینی فەلسەفیی ئاشنا نین، لەلایەکەوە فەلسەفەیان لەلا ئاڵۆز و دژوارە، لەلایەکی ترەوە لەلایان ناپێویستە. بۆیە مەراق و پەرۆشییە شیکارییەکانی ئەم جۆرە بابەتانە لە هەندێك شوێندا پێویستی بەوە دەبێت،زانینی پێشوەختی خوێنەر لەبەرچاوبگرێت. بۆیشە لە زۆر شوێن سادەتر و نەرمتر بابەتەکانمان وروژاندووە.
مەبەست ئێمە ئەو لایەنەمان بەهەند وەرگرتووە، كە ئێمە ئێستا لە جیهانێکدا دەژیین، بەچاوێكی گومانەوە تەماشای بەرپرسیارییەتی فەلسەفە دەکرێت، بگرە لە هەندێك كۆمەڵگەدا، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، فەلسەفە دیاردەیەکی بێئیمانییە و گێرەشێوێنئاسا دەبینرێت و لە هەندێك کۆمەڵگەی نوێیشدا فەلسەفە پێویستناكات، یان لە سەرەمەرگدایە. تێگەیشتنەكان بۆ فەلسەفە لەو جۆرە كۆمەڵگانەدا، لە شارستانییە هاوچەرخەكاندا، گەیشتووەتە ئاستێك باس لەوە بكرێت تێكنۆلۆژیای نوێ جێی زانینی فەلسەفیی گرتووەتەوە؛ ئەو زانینە تێكنۆلۆژییە نوێیەیش ڕۆژانە بەجۆرێك نەشونمادەكات، کە هەندێك پێیانوەهایە، کە ناپێویستبوونی فەلسەفەی لە كۆمەڵگەی ئێستادا سەلماندووە.
لە دۆزێكی وەهادا لاوازبوونی بێسنوری كولتووری کتێبخوێندنەوە بەگشتیی و کتێبی فەلسەفیی_خوێندنەوە بەتایبەتیی، پووچیی ڕوناكبیریی دروستکردووە و فەلسەفەیشی خستووەتە دەرەوەی نێوەند و دامەزراوەكانی كۆمەڵگەوە؛ نێوەندی سیاسیی، ڕوناكبیریی، ڕاگەیاندن، ئەكادێمیی و پەروەردەیی و… هتد. ئەمەیش كۆمەڵگە و ساتەوەختی خۆمان بیردەخاتەوە، كە فەلسەفەكردن تێیدا تامی نییە و گەڕانیش بەدوای ڕۆشنگەریدا بێ سودە و ئەمەش وایکردووە، کە لێكەوتەكانی گەندەڵیی هزریی ئەم كۆمەڵگەیە وتارە ڕوناكبیرییەكەی داتەپێنێنێت، مەشقكردنی هزریی لە سەر دیاردە ڕەوشتیی، جوانكاریی و سیاسییەكانی نەکات بە بەشێکی سەرەکیی لە ئەرکی خۆی، بۆیە کەسانی ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە نالۆژیکییانە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە، کە تایتڵی نووسینەکەمان لەخۆدەگرێت..

کرۆکی وەڵامی پرسیاری لەم جۆرە

گفتوگۆکردن لەسەر پرسێکی لەم جۆرە بەتەنها کاری ئەم نووسینە نییە و بەتەنهاش کاری ئێمە نییە. هاوکات پرسیارە فەلسەفەییەکان پرسیاری تاکەکەسێک نیین، پرسیاری هەموانن. گشت پرسیارێکی فەلسەفیی وەڵامێکی هەیە جا ئەوە ڕەوشتیی بێت یان مێتافیزیکیی، سیاسیی بێت یان ئایینیی.
بۆ ئەوەی وەڵامێکی ناسۆزاوی و لۆژیکی بۆ پرسیاری نووسینەکەمان داڕێژین پێویستمان بەوەیە،خۆمان لە کۆت و بەندی سیاسی، نەتەوەیی و ئایینی بەدووربگرین و لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئارگیومێنتەوە وەڵامبسازێنین.
وەڵامی پرسیاری ناوبراو پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردی ڕەخنەگرانەیە. بۆ؟ لەبەرئەوەی ئەم پرسیارە بمانەوێت و نەمانەوێت، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بۆ مرۆڤی ئێمە گرنگە. پرسیارەکە پێویستی بە وێنەیەکی گشتی و لۆژیکیشە لەسەر مێژووی هزرمان، ئەمەش بۆئەوەی بگەینە بەو جۆرە وەڵامانەی، کە بەڵگەئامێز و دروستن.
ئەم پرسیارە پێمامدەڵێت: فەلسەفە کارکردەی خودی مرۆڤە. شتێکی دەرەکی نییە و لەدەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤیش نییە. فەلسەفە هەیە چونکە مرۆڤ هەیە. مرۆڤ تاکە بوونەوەرە دەستی لە گەشە و کۆتایهێنانە بە فەلسەفە. فەلسەفە پێش مرۆڤ نەبووە و لەگەڵ نەمانی مرۆڤیش کۆتای دێت. تا مرۆڤ و بیرکردنەوەکانی هەبێت فەلسەفە بەردەوامە لە بوونی مرۆڤدا.
پرسیاری لەو جۆرەی نووسینەکەمان پێیتایبەت بووە، ئەوەمان فێردەکات،ئەوە مرۆڤە پرسیار دەکات، گورجیش بەدوای وەڵامەکەیدا وێڵدەبێت، بیردەکاتەوە و بیرکردنەوەکانیشی تۆماردەکات، هزری خۆی لێپێکدێنێت. ئەوە مرۆڤە دەپرسێت ئەم شتە چییە؟ئەو شتە بۆ وایە؟جیهان چییە؟دروستکەری ئەم جیهنە کێیە؟ و….هتد.
ئایا من مافی ئەوەم هەیە ئەم پرسیارە بکەم؟

ئەوەی من لەم نووسینە کورتەدا داخوازم ئەنجامیبدەم، بەرسڤدانەوەی ئەم پرسیاریە: ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ ئەم پرسیارەش نامۆ نییە. گشت شارستانییەکان بەشدارییان لە وەڵامدانەوەی دا کردووە و زۆرێک لە ڕوناکبیرانی نەتەوەکانیشی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.
ئەم پرسیارە، کە هەوێنی ڕوناکبیریمان پێکدەهێنێت، بۆ من دەمێکە بارگرانییەکی هزریی دروستکردووە. لەناو ژینگەیەکی ناکارامە و چەقبەستوو زۆرکات پێتوادەبێت ئەم پرسیارە نەکردنی باشترە. لێ زۆر جار لە سوچێکەوە شتێکی دی دەیبینیت، ئەمە واتلێدەکات خۆتکۆکەیتەوە تا زاڵبیت بەسەر ئەو دۆخە چەقبەستەوەدا. کەمکردنەوەی فشارەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی پەراوێزخوازییەکان هەڵمەتن بۆ بەڕەنگاربوونەوەی ئەو دۆخەی، کە پێییوایە ئەم پرسیارە نەکردنی باشترە.
ئایا من مافی ئەوەم هەیە بپرسم: ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ بێگومان ئەو مافەم هەیە. نەک تەنها من، بگرە گشت منێک ئەم مافەی هەیە. پرسیاری ناوبراو مافە بۆ هەموان. گشت کولتوور و نەتەوەیەک مافی کردنی ئەم پرسیارەی هەیە. بەجۆرێک لە جۆرەکان موحاسەبەیەکی راستەوخۆی خودی شارستانی گشت نەتەوەیکیشە.
گەر دانبەوەدابهێنین، کە فەیلەسوفمان نییە ئەوە ئێمە راستییەکمان دیوە، بەس زۆرێک ناخوازێت تاڵی ئەو ڕاستییە تامکات. گەر بشمانەوێ لەژێرکاریگەریی سۆزی نەتەوەیی ئەو ڕاستییە نەبینین و نکوڵیلێکەین دیارە ئێمە ئەو مێژووە کەڵەکەبووەمان دەشێوێنین، کە ئەو ڕاستییەی لەخۆیدا پەنهانداوە.

بەشێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم بەشە

ئەفسووس، لە نەبوونی کارلێکی نێوان ڕوناکبیر و ئەکادێمی قاڵبوونەوە لە پرسیاری وا بەرەو نەمان دەچێت. ئەمە وادەکات پرسیارەکە لە ڕوناکبیریی فەلسەفییماندا بەدوای ڕەچەڵەکی فەلسەفەدا وێڵنەبێت. نەک هەر ئەوە، ئەم پرسیارە، کە بەرۆكی كۆمەڵە پرسیارێکی تر دەگرێت، کە بۆ دۆزی ڕوناکبیریی و هزریی ئێمە پێویستن، لە بێ ئاگاییمان لە دۆزی ڕوناکبیریی و هزرییمان لە قورسایی پرسیارەکە ناگەین و بەو تێگەیشتنەش ناگەین، کە ئەم پرسیارە خەمی هزریی چیەتیی فەلسەفەیە لەناو ئێمە.
بەمجۆرە، ئەم پرسیارە گفتوگۆئامێزە شتگەلێکی لە ناخی خۆیدا مەڵاسداوە، کە پرسیارسازیی فەلسەفیی دروستدەکەن، چونکە پرسیاری لەم جۆرە کێشمەکێشێکی زۆری فەلسەفیی دروستدەکات، لێماندەپرسێت کوان شەپۆلە هزرییەكانمان؟ ئێمە بۆ فەلسەفە گرنگیین؟ گەر بەڵێ لە کوێی فەلسەفەدا ئێمە پێویستیین؟
بەڵێ دەپرسین ئایا ئێمە فەیلەسوفمان هەیە؟ گەر وترا بەڵێ ئەوانە کێن، کە فەیلەسوفی ئێمەن؟ زۆربەی ئەوانەی دەنووسن ئەوانن؟ ئایا ئەوانەی نووسینی مێژوویی و کۆمەڵناسیی و ئەدەبیی و تەنانەت دەروونناسی پەروەردەییانەش دەنووسن بە فەیلەسوف دادەنرێن؟ بێگومان نەخێر.

ئازاد حەمە

mm

دکتۆر ئازاد حەمە وانەبێژ بە بڕوانامەی دکتۆرا لە فەلسەفە( فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەی مێژوویی)، وانەوتنەوە لە قوتابخانەی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی سلێمانی.

Previous
Next
Kurdish