Skip to Content

ئەوەی لە کۆتاییدا لەم جیھانەدا دەمێنێتەوە تەنیا خۆشەویستییە-10-.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ئەوەی لە کۆتاییدا لەم جیھانەدا دەمێنێتەوە تەنیا خۆشەویستییە-10-.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by حوزه‌یران 25, 2024 General, Opinion

مۆنۆلۆگی دەیەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

من: مرۆڤ وازی لە خۆشەویستی ھێناوە، چ خۆشەویستی بۆ سروشت، چ خۆشەویستی بۆ خۆی وەک مرۆڤ. ھێندە دەستی وێرانکاریی بۆ ھەموو لایەک درێژ کردووە نەک ھەر زەوی، بەڵکو خەریکە بۆشایی ئاسمان دەکەوێتە بن ھەڕەشەی دەستدرێژیی و چاوچنۆکییەکەی. تێزێک ھەیە دەڵێت جگە لە مرۆڤ ھەرچی گیانەوەرانی ترن دۆستی سروشت و ژینگەن، مرۆڤ وەھا زەوی شێواندووە، زانایان لەو باوەڕەدان دوو ملیۆن ساڵ دوای نەمانی مرۆڤ، ئینجا دەگەڕێتەوە بۆ کاتی پێش شۆڕشی پیشەسازیی. ئەمە ھەمووی ھۆکارێکی ھەیە ئەویش نەمانی خۆشەویستییە.
خۆم: دوو ملیۆن ساڵ کاتێکی زۆر نییە سەبارەت بە گەردوون، بەڵام بە بەراوورد بە تەمەنی مرۆڤ ژمارەیەکی خەیاڵییە، سەیرە مرۆڤ ھەموو پێشکەوتنەکانی خۆی لەسەر حیسابی تێکدانی رەوشی سروشت و ژیانی گیاندارانی دیکە پەرە پێداوە! نوخبەیەکی زۆر کەم نەبێت، حەوت ملیارد مرۆڤ بەشێوەیەکی دڕندانە رەفتار لەگەڵ ئەو رووبەرە ماندووەی ژیانکردن دەکەن کە ناوی زەوییە.
من: خودی گەردوون بەو پان و بەرینییە لە سەرەتادا قەبارەیەکی بچووکی ھەبووە و دواتر بەشێوەی ھەڵئاوسان زیادی کردووە، ئەوەی پێی دەوترێت تەقینەوەی گەورە “بیک بانگ” لە قەبارەیەکی بچووکدا روویداوە و پاشتر گەردوون بەم شێوەیە کشاوە کە نە سەری ھەیە و نە بن. زەوی وەک بەشێکی زۆر بچووکی گەردوون، تاکە شوێنی کەشفکراوی ژیانی زیندەوەرانە، ئەمیش ئێستا لە ژێر ھەڕەشەی لەناوچوونە. “ستیڤن ھاوکینگ” پێش مردنی وتی “رۆژەکانمان لەسەر زەوی دیاریکراون”، بۆیە پێشنیاری کۆچی مرۆڤی کرد بۆ سەر ھەسارەیەکی تر بە مەبەستی بەردەوامیدان بە ژیان. پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ لەوێش ژیان ھەمان ژیانی ئێرە دەبێت؟!. من ئێستا لە بری مەرگ، بیر لە چارەنووسی ژیان دەکەمەوە، دەمەوێت لە مێژووی ژیان و حیکمەتی بوون تێبگەم، ئەوە وەڵامی ھەموو شتێکی لە ھەگبەدا ھەڵگرتووە، ئەگەر سەرکەوتوو بم دەتوانم بە دڵنیایی بژیم، رەنگە خوێندنەوەی کتێبەکەی ھاوکینگ “کورتە مێژووی زەمەن” کتێبێک بێت لەم قۆناغەدا زیاد لە ھەر کتێبێکی تری فەلسەفیی بۆ من بایەخدارتر بێت.
خۆم: دیدە سپینۆزاییەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ژیر بیر لە ژیان دەکاتەوە نەک مردن. تەنانەت ترس لە مەرگ شتێکە زیاد لە خۆی گەورەتر کراوە. وەک خۆم لە مردن ناترسم، لە روانگەی ئەوەی ئەزموونم نەکردووە، کەسێکیش نەھاتۆتە باسی وەحشەتناکییەکەی بکات!. تەنیا ئەوەیە مردنم خۆش ناوێت، خۆشنەویستن جیایە لە ترسان. بە دیدی ئەپیکۆرس تۆقین لە مەرگ رێگەی شادبوونمان لێ دەگرێت، “ھیگل” زۆر زیاتر لەمە دەڕوات و پێیوایە ترسان لە مردن فاکتۆرە بنەڕەتییەکەی چەوساندنەوە و کۆیلایەتییە.
من: ئەگەر بە دەستی خۆم بوایە ھەرگیز رێم بە لە دایکبوونم نەدەدا، بەڵام کە بەبێ ویستی خۆم مەحکوم کراوم بە ژیان، پێ بە پێ لەگەڵیدا دەڕۆم. لە واقیعیشدا سەر زەوی خۆی گۆڕەپانێکی گەورەی ئۆپێرایە، ھەر کەسەو جۆرە گۆرانییەکی تێدا دەچڕێت، یەکێک گۆرانییەکی غەمگین، یەکێکی تر گۆرانییەکی شاد، بەڵام من تەنھا سترانی خۆشەویستی تێدا دەڵێم تاکوو ئەو چرکەساتەی مردن دێت.
خۆم: ژیان و مەرگ دوو رووداوی ناوازەن و لەگەڵ یەکتر زۆر جیاواز نین، ھیچ مەرگێک بە بێ ھەبوونی ژیان لە ئارادا نییە، بە دیوێکی تردا مەرگ دەرئەنجامی ژیانە. جارێک “ئەدۆنیس” لە پۆستەرە شیعرێکدا نوسیبووی “ژیان پۆشاک دەکاتە بەری مەرگ، مەرگ رووتی دەکاتەوە”. بەدەر لەمە ھەستکردن بە پووچێتی ژیان یان رەشبینی لە بەرامبەر ھەبووندا، مانای ئەوە نییە دەست لە ژیان بشۆین و بەدیار ھاتنی مەرگەوە ئێشک بگرین یان خۆمان بڕیار بدەین لەسەر مەرگمان. ئاخر ھەر خودی ژیان کەشتییەکە بە خۆی و سەرنشینەکانییەوە نقومی زەریای مەرگ دەبێت.
من: مرۆڤێکی رەشبینم، تاکو ئەندازەیەکی زۆریش ژیان بە شتێکی پووچ دەزانم، لەگەڵ ئەوەشدا دژی خۆ لەبەین بردنم، ئاخر خۆکوشتن ھەڵھاتنە لە باری قورسی ژیان، ھەرگیز پشتیوانی لە ھیچ ھەڵھاتنێک ناکەم، زۆرجار ئەو بیرۆکە و ختورەیە ھاتووە بە مێشکمدا، بەڵام بە خۆشەویستی ژنێک لە خۆمم دوور خستۆتەوە. لە روانگەی “ئەلبێر کامۆ”دا ھۆکارەکانی بەردەوامیدان بە ژیان چەند ھێندەی فاکتۆرەکانی خودکوژیی ماقووڵ و رەواترن، ھەرچەند ژیان زەحمەتە و تاکو لوتکەش بێمانایە، بەڵام لە ژیان بێماناتر خۆکوشتنە، بگرە خۆکوژیی لوتکەی بێماناییە.
خۆم: داتا و ئامارەکان پێماندەڵێن رێژەی خۆکوشتن لەسەرتاپای جیھاندا لە ساڵێکدا لە ٨٠٠ ھەزار حاڵەت تێپەڕیوە، دەکرێت ئەم دیاردەیە فراوانتر قسەی لەسەر بکرێت و لەو چوارچێوە تەسکەی جیھانبینی “دۆرکھایم” بھێنرێتە دەرەوە کە باز بەسەر باری دەروونی تاکی خۆکوژدا دەدات، کە ھەر ئەوەندەی لە دەستدێت بە “داڕمانی ئەخلاقی” پێناسەی بکات. پێموایە خۆکوشتن ھەمیشە ھەڵھاتن نییە لە ژیان، بەڵکو ھەڵھاتنە لەو کێشە دەروونی و کۆمەڵایەتیانەی ژیان بۆ مرۆڤی دروست دەکات. تەنانەت زۆرجار فەلسەفەش پشتیوانی ئەو کردەیەی کردووە.
من: قوتابخانەی فەلسەفەی رەشبینی ھەمیشە پشتیوانی خۆکوژیی ناکەن، وجودییەکان ژیان وەک ئازارێک دەبینن بەڵام ھانی مرۆڤ دەدەن بۆ چێژوەرگرتن لەو ماوە کورتەی لەژیاندا بەدەستییەوەتی. ھەر خۆم لە سەرەتای خوێندنەوەی فەلسەفەی ئەڵمانیدا، تووشی کەسێکی وەک “شۆپنھاوەر” بووم، ئەو فەیلەسووفێکی سەرسامکەرە، زۆر بە خێرایی سەرنجی راکێشام و کەوتمە ژێر کاریگەریی تێزەکانییەوە، ھەموو ئەو فۆرمۆڵەبەندییانەم قبوڵ کرد کە باس لە بێھودەیی ژیان و پووچی بوون دەکەن، بەڵام ھیچ کات نەمتوانی ئەو بەشە لە تێفکرینی گەوار بکەم کە ھانی کردەی خۆکوشتن دەدات. زۆر جار وا باشە مرۆڤ دەستکاریی یاسا سروشتییەکان نەکات، چ پێویست بەوە دەکات ئەو مەرگە حەتمییەی چاوەڕوانمانە لە رووی کاتەوە پێشبخەین؟.
خۆم: شۆپنھاوەر لەگەڵ ئەوەی رەشبین بوو، بەڵام کاریگەریی بەرچاوی ھەبووە لەسەر ئەدگاری فەلسەفە لە دوای خۆی، ئەو ئاتەئیست و راسیۆنال بوو، وتەزا بە ناوبانگەکەی “کێشە فەیلەسووفەکان لەوەدایە، بۆ دۆزینەوەی راستییەکانی بەردەمیان، سەیری ئاسمان و ناو ھەورەکان دەکەن”. ئەمەش داگرتنی ئیشی فەلسەفەیە لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی. جیاواز لەمە ھەستدەکەم ھەمیشە رەشبینی کردار نییە، بەڵکو پەرچەکردارە، دیاردەیەکە ھەمیشە لەناو ناھەمواریی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونیدا لەدایک دەبێت. بەڵام ئاخۆ نەوەی ئێمە ئەو رەشبینییەیان لە چییەوە بۆ ماوەتەوە؟. بۆچی ئێمە نەوەیەک بووین نەماندەتوانی پێبکەنین، تەنیا فێری فرمێسک رشتن و گریان ببووین؟.
من: ئێمە نەوەیەک بووین بەر نەفرەتی مێژوو کەوتین، چوونکە ژیانمان کەوتە بەرداشی شەڕی براکانی کورد لە شاخ و شار. حکایەتەکانمان پڕن لە گریان و کابووس، زمانمان بە خەم پژا، لەناو رەوڕەوەی نائومێدییدا پێمان گرت، داری تەمەنی گەنجیمان بەری غوربەت و سەر ھەڵگرتن لە نیشتمانی گرت، جوانترین وشەکانمان بوونە پەتی سێدارەی گەردنی ئارەزووەکانمان، بێگەردترین خەونەکانمان دەیان جار مۆتەکەی قاتوقڕی لاقەی کردن، ھەگبەی ژیانمان لێوانلێوە لە زامی قووڵ قووڵ و خاڵی خاڵییە لە رەنگە پەلکەزێڕینەییەکانی ژیان، ئێمە بە مردوویی لە دایکبووین و لە باوەشی نیشتمانی دایکدا چەند جار کوژراین، لە رەگەوە ھەڵکێشراین، تازە لەم بەردەڵانەی مەنفا چرۆ دەرناکەینەوە، ئێمە لە بەھاری رۆژھەڵاتدا وەرین، لەم خەزانە ھەمیشەییەی خۆرئاوادا سەوز نابینەوە، ئێمە نەوەیەک بووین لە ژێر دووکەڵی باروت و لە سایەی ئەژدەھاکاندا چاوەکانمان پڕ کران لە رەنگی تاریکی رەشبینی، گوێیەکانمان تەژی کران لە قریشکە و ھاوار، ئێمە نەوەیەک بووین قڕمان تێکەوت و ژیان بەھەموو شێوەیەک پشتی تێکردین. ئیدی بیانوومان ھەبوو بۆ رەشبینی کە من بۆ ئەم نەوەیە کەمترین بیانوو دەبینمەوە تاکو ژیان بە لێڵی ببینن.
خۆم: نەوەی ئێمە ھەرچەند رەشبین بوو، نەوەیەکیش بوو ھەموو پەنجەرەکانی ئازادیی بەڕوویدا داخرابوون، کەچی ھەمیشە چاومان لە ژیان بڕیبوو، تەنانەت لە ژێر دیسپۆتیزمی ئاین و ترادیسیۆندا، رەنگی خۆشەویستیمان تۆخ دەکردەوەـ، ئەوەی سەیرە ئەم نەوەیە بە رەشبینییەکی دەستکردەوە، پۆرترێتی خۆشەویستی دەشێوێنێت.
من: خۆشەویستی ھەروەک خۆی دەمێنێتەوە، ھیچ کات ناشێوێت، خۆشەویستی تاکە شتە کە قابیلی شێواندن نییە، رەنگە لەبەر چاوان ون ببێت، بەڵام ھەمیشە کۆمەڵێک ڤیگەر ھەن لە رۆحیاندا دەیپارێزن. ئەوەی لە کۆتاییدا لەم جیھانەدا دەمێنێتەوە تەنیا خۆشەویستییە، بۆیە ئازیزم ھاوشێوەی نامەکەی “شاملۆ” بۆ “ئایدا” پێنج جار پێتدەڵێم “زەردەخەنە لە بیر مەکە”. خۆشەویستی ھەرچەند تاڵیش بێت، بەڵام جگە لە زەردەخەنە ھیچ شوێنەوارێکی تر بەسەر رووخسارمانەوە جێناھێڵێت.
١-١٢-٢٠١٨
کاتژمێر: ھەژدە و سی خولەک
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress